شرۆڤە

کۆدەکانی دووجەمسەری

20-10-2018


 

RRC |

مامەند رۆژە |

 

لەم هەڵبژاردنەدا بەشیوەیەکی ئەندازیاری بۆ کراو، هەوڵی بەدووجەمسەری کردنی پرۆسەی سیاسی کوردستان دەدرێت. ئەم پرۆسەیە ئەوەندە زەق بووەتەوە کەوا بۆنی گوتاری سەردەمی جەنگی ناوخۆییشی لێدێت. ئەم دۆخە بە هەموو حسابێک پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بەسەر دوو جەمسەری سەرەکی سەوز و زەرددا دابەشدەکات. ئەمە چی واتایەک هەڵدەگڕێت؟ ئەم واتایە هەڵدەگڕێ کەوا نیگەرانی هەندێک لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەراست وەردەگەڕێت: لە سیاسەتی دووجەمسەرگیریدا دەنگدەرانی نەریتی یەکێتی و پارتی زیندوودەبنەوە و بەشێکیان کە بەسەر دەنگە خۆڵەمێشییەکاندا رۆکرابوون، دیسان بۆ مەرجەعی سەوز و زەرد دەگەڕێنەوە. لەمەدا تەنی ئۆپۆزیسیۆن باریک هەڵدەگەڕێت.

سیاسەتی دووجەمسەرگیری زیاتر بەسوودی یەکێتی دەبێت. لەلایەکیش پارتی سوودی لێوەردەگرێت. ئەگەری هەیە ئەم بابەتەش یەکێک لە ئەندازیارییە سەرکەوتووەکانی گەنجە بڕیاربەدەستەکانی ی.ن.ک بێت. ئەوان لەو رێسایە گەیشتوون کەوا چەندی لە پ.د.ک نزیکدەبنەوە، ئەوە رووبەرووی تووڕەیی دەنگدەرانیان دەبنەوە. لەئەنجامدا بەشیكی زۆر لە دەنگەکانیان لەدەستدەدەن. ئەم دەنگانە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٣ بەشی زۆری بۆ بزووتنەوەی گۆڕان چووە. بەڵام هەرکاتێک لەگەڵ پ.د.ک رووبەرووی تەنگژە و بەریەک کەوتن بووبێتنەوە، ئەوە دەنگێکی زۆریان لێ خڕبووەتەوە. بۆ نموونە لە هەڵبژاردنەکانی ٣٠ نیسانی ٢٠١٤دا، کاتێک سەمایەکی هاوبەش لەنێوان پارتی و گۆڕان هاتبووەکایەوە، یەکێتی هەستی بە مەترسی دەکرد و لەمەشدا بەتوندی لەرووی پارتی و گۆڕان وەستایەوە. ئەمەش رێژەی دەنگەکانی یەکێتی هەڵکشاند. لەم هەڵبژاردنەدا دۆخێکی هاوشیوە هەست پێدەکرێت!

دەتوانین کۆدەکانی ئەم دووجەمسەرگیرییە لە گوفتاری سەرکردە گەنجەکانی یەکێتیدا بخوێنینەوە. ئەوان لە سەردەمی گشتپرسی و ١٦ ئۆکتۆبەریشدا بەردەوام جەختیان لەوە دەکردەوە کەوا تەرازووی هێز لە هەرێمی کوردستان بەزیانی یەکێتی تێکچووە و پێویستە هاوسەنگی بۆ هێزە سەرەکییەکان بگەڕێتەوە. بۆیە کاتێک لە جفرەکانی گوفتاریان ورددەبینەوە تێدەگەین: ئەوان لەوە نیگەران بوون گشتپرسی لەلایەک بەریەک کەوتنی جیددی لەنێوان یەکێتی – عێراق بهێنێتەکایەوە و لەمەشدا یەکێتی بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی نفوزی لەدەستبدات. لەلایەکیش لەئەگەری سەرکەوتنی پرۆژەی گشتپرسیدا پارتی جومگە ستراتیژییەکانی پرسی کورد قۆڕغ بکات. بۆیە بەهەموو شێوەیەک لە هەوڵدا بوون گشتپرسی دوابخرێ یاخود ناوبژیوانی نێودەوڵەتی قبوڵبکرێت.

لەم سەردەمەشدا سەرکردە گەنجەکانی یەکێتی، دەیانەوێ بە هێنانەوەی بەرهەم ئەحمەد ساڵح، تای تەرازووەکە بەسوودی یەکێتی بشکێننەوە. ئەوان دەیانەوێ بەم هەنگاوە لەسەر ئاستی عێراقیش وەکوو هێزێکی سەرەکی کوردستانی رۆڵیان لە داڕشتنی سیاسەتەکاندا هەبێت. بۆیە کاتێک جفرەکانی گوتاریان دەخوێنینەوە، دەزانین کەوا هەم و خەمیان ئەوەیە تای تەرازووی هێزەکان لە کوردستان راست بکەنەوە. ئەوان هەموو ریزبەندییەکانی خۆیان بەپێی پارتی پێناسەدەکەن و هۆکاری نیگەرانییەکانی پارتیش لەمەدا خەوتووە. بۆیە ئەویتری پارتی ئیستا عێراقە و ئەویتری سەرکردە گەنجەکانی یەکێتی لە حاڵی حازردا پارتییە.

پارتی کەوا سەرمەستی سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانی ١٢ ئەیلوولە و بە یەکەمی کوردستان و یەکەم حزبی عیراق دەرچووە، دەیەوێ بە هەرشێوەیەک بووە بەرهەمی ئەم سەرکەوتنە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی هەرێمی کوردستاندا بچنێتەوە. بۆیە جەختی لە بەرێوەبردنی هەڵبژاردنەکان دەکردەوە. لەلایەکیش لەوە نیگەرانە سەرکردە گەنجەکانی یەکێتی بیانەوێ بەرەیەک لەدژی پارتی پێکەوەبنێن. ئەم فۆبیایە هەتا ئێستاش لای هەردوو هێزەکە هەیە. لای یەکێتی پارتی-فۆبیا هەیە و لای پارتیش یەکێتی–فۆبیا هەیە. بۆیە هەردوو هێزەکە متمانەیان بە یەکتری نییە و هەر جووڵەیەکی پێچەوانەی لایەکیان ئەولاکەی تر رادەچڵەکێنێت.

بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دوودڵە و سەرباری ئەمەش بەشداری هەڵبژاردنەکانی کردووە. بەڵام گۆڕان لەوە نیگەرانە دیسان رووبەرووی گێچەڵی گەورە ببێتەوە. ئەوان هەست بەوە دەکەن هەندێک هێزی دەرەکی دەیانەوێ لەسەر حسابی ئەوان یەکێتی بەهێز بکەن. یەکێتی کەوا بێ کەرکووک، لە کوردستان دەست و بازووی لەدەستدەدا، لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەترسێ مەبادا رووبەرووی نوسخەی تازەی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٣ ببێتەوە. بۆیە بەپەلە لە هەوڵدایە بەرهەم ئەحمەد ساڵح بۆ ناو ریزەکانی بگێڕێتەوە. گۆڕانیش بۆ راستکردنەوەی تای تەرازووەکەی ١٢ مایس، دەیەوێ بە مەیل نەرمی بەلای پارتیدا فشارێک بخاتەسەر یەکێتی. راستییەکەشی یەکێتی لەوە دەترسێ دیسان لە کوردستان گٶڕان پلەی دووەم بەدەست بهێنێ، بۆیە نهێنی دژایەتییەکانی بۆ پارتی لەمەدا خۆی مەڵاسداوە.

هەرچی بەرەی بەرەو ئیسڵاحە، بە نابەدڵی و بەئارامی پشێوازییان لە هەڵبژاردنەکان کردووە. ئەوان بەتایبەت یەکگرتوو باجی بەشداریکردن و پشتیوانیکردن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و گشتپرسی دەدەن. لەبەر ئەمە بەشێکی زۆر لە دەنگەکانی خۆیان لەدەستداوە. بەڵام کۆمەڵ دۆخێکی جیاوازتری هەیە و هەست بەوە دەکرێ تۆزێک دەنگ بەدەستبخات. کۆمەڵ کەوا گوفتارێکی رادیکاڵی بەرامبەر بە حکومەت هەبووە، دەیەوێ بەری ئەم گوفتارەی لە مەزرای سیاسەتدا بچنێتەوە.

ئەوەی دەگوترێ کەوا تاجی سورپرایز و سەیروسەمەرەکان پێکدەهێنێ هێزێکی تازەیە. هەندێک لە پسپۆڕان لەو بڕوایەدان نەوەی نەوێ رێژەی دەنگەکانی بەرزدەکاتەوە. هەندێکیش پێیانوایە ئەمە روونادات و بگرە کەمیش دەکات. بەهەرحاڵ نەوەی نوێ لە دەنگەکانی گۆڕان بەرخۆدەکات. ئەگەری هەیە نەوەی نوێ بەهەردوو حاڵەتی ئەرێنی و نەرێنیش سەمەرە بخوڵقێنێت. بەڵام لە هەموو ئاشکراتر ئەوەیە کەوا پارتی دەنگەکانی زیاددەکات و ئەمەش لە مەزرای سیاسەتی کوردستاندا رەنگدەداتەوە.

ئاکام: ئەم هەڵبژاردنە لە ئەزموونی دیموکراتاندن و بەشداری سیاسی هەرێمی کوردستاندا بە خاڵی وەرچەرخان دەناسرێت. گەلێک دیاردەی دڵخۆشکەر هەن کەوا دەلێن ئەم هەڵبژاردنە  تارادەیەک تای تەرازووی هیزەکان دەگۆڕێت. بەڵام هەندێک ئاماژەش پێماندەلێن رێژەی بەشداری هاووڵاتیان بەتایبەت لە سلێمانی و گەرمیان دادەبەزێ و لەوە خراپتریش سەردەمێکی دووجەمسەری بەرێوەیە کەوا بە فاکتەری ناوچەیی بارگاویدەکرێت. ئەمەش ئەگەری هەیە هەموو کایە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە بازنەی دووجەمسەری سەرەکیدا گلبداتەوە کەوا لەم حاڵەتەدا ناوقەدی  ئۆپۆزیسیۆن تەسک دەکاتەوە. لە حاڵێکدا هەرێمی کوردستان لە رۆژگارێکدایە کە پێویستی بە “یەکێتی دژەکان” هەیە. تەنها سەرکردەی گەورەش دەتوانێ لەم یەکێتی دژانە تێبگات و یەکیانبخات. واتە: هەرێمی کوردستان لەم رۆژگاردەدا هەم دەسەڵاتێکی بەهێزی پێویستە و هەم ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز. تەندروستی پرۆسەی سیاسیش بەمەوە بەندە.

Share this Post

شرۆڤە