شرۆڤە

مستەفا كازمی عێراق بەرەو كوێ دەبات؟

31-08-2020


 

RRC |

زریان رۆژهەڵاتی|

بەرایی

زیاتر لە 60 كۆبوونەوەی نێوخۆیی و دەرەكی لە ماوەی 2 مانگی رابردوودا[1]، ئەمە بۆ مستەفا كازمی، ئەویش لە وڵاتێكی وەكوو عێراق، كارنامەیەكی پڕجووڵەیە. هەڵبەت زیاترلە كردارو جووڵە، نێوەڕۆك و ئەنجامەكانی بایەخی هەیە. كازمی گەلێكجار ئاماژەی بە سیاسەتی بێلایەنی لە دەرەوە و نیشتمانی بوون لە نێوخۆ كردۆتەوە. دۆخی گشتی سیاسەتی جیهان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەرفەتێكی باشی بۆ ئەو رەخساندووە تا ئەگەر بۆ ماوەی كاتیش بێت هاوسەنگییەك رابگرێت و بەرهەمەكەی بچنێتەوە. لە سیاسەتی نێوخۆشدا، هەرچەند زووە بەڵام تا ئێستا گۆڕانێكی جەوهەری بەدی ناكرێت.

كازمی و كێشەكانی عێراق!

سەرۆكوەزیران لە كارنامە وەزارییەكەی خۆیدا ریفۆرم، چارەسەركردنی تەگەرە ئابووری و داراییەكان، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و راگرتنی هاوسەنگی لە سیاسەتی دەرەوەی وەك گرنگترین بنەماكانی كاری خۆی داناوە.[2]هەڵبەت بەشێوەی كرداری زیاتر بایەخی بە پرسەكانی ئەمن و سیاسەتی دەرەوە داوە. لە كۆی 60 دیدار و كۆبوونەوەی دوو مانگدا، 22 دانەی بۆ كاروباری سیاسەتی دەرەوە و 38 دانەی بۆ كاروباری سیاسەتی نێوخۆ تەرخانكردووە كە لەوانەشدا هەندێكیان كۆبوونەوەی ئاسایی حكومەتن. هەندێكیان دیداری بنەماڵەی قوربانییەكانن كە لەوانەیە بایەخێكی جەماوەری بۆ سەرۆكوەزیران هەبێت. زیاتر لە 10 دانەشیان تایبەت بوون بە كاروباری ئەمنی و سەردانی بنكە و بارەگاكانی پۆلیس. ئەمەش بایەخی كاروباری ئەمنی- سەربازی لای سەرۆكوەزیران زەقدەكاتەوە. بێگومان كەڵەكەبوونی پرسە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان وادەخوازێت كە بایەخی زیاتر بە بوارەكانی ئابووری، پەروەردە و تەندرووستی بدرێت بەڵام، ئەوانە لە خشتەی كۆبوونەوەكانی سەرۆكوەزیردا نزمترین پلەیان هەیە و هەریەكەیان، 1 یان 2 كۆبوونەوەی بۆ تەرخانكراوە و بۆ پەروەردەش هەرهیچ تەرخان نەكراوە.

هەرچەند ناكرێ ناهەقی لە مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران بكرێت، چوونكە سوكانی دەسەڵاتێكی وەرگرتووە كە كێشەكانی نزیكەی 2دەیەی رابردووی بەسەریەكدا كەڵەكە كردووە. كاتەكەكەیشی هێشتا زووە بۆ ئەوەی نمرەیەكی هەق بە كارنامەی كازمی بدرێت، بەڵام ئەگەر ماوەی داهاتووش وەك ئەو دوو مانگە بڕوات، رەنگە ئەویش دواجار پرسە سەرەكییەكان تەنیا حەواڵەی كات و كەسێكی دیكە بكات.

 خاڵی سەركەوتنی سیاسەتی دەرەوەیە؟

عێراق جەرگستانی كێشمەكێشێكی ناوچەیی و جیهانییە. پێگەكەیشی دەرفەتی پێداوە هەتا بتوانێت  ئەگەربۆماوەیەكی كاتیش بێت لەسەر پەتی جیاواز یاری بكات. كازمی لە ماوەی رابردوودا چووە ئێران، دوای ئەوەش سەردانێكی ئەمریكای كرد وهەر دوای گەڕانەوەیشی رووی لە كۆبوونەوەی سێقۆڵی میسر و ئوردن و عێراق كرد و دواتریش، دەرگای بۆ وەزیرانی ئەورووپی و خەلیجی كردەوە. وادیارە لە دوو مانگی داهاتووشدا، كۆبوونەوەی عێراق و ئەنجوومەنی هاوكاری كەنداو دەكرێت. بۆیە ئەو، رۆژانێكی پڕجووڵەی لە سیاسەتی دەرەوەدا هەیە و ئەمەش هەم پێگەكەی وەك سەرۆكوەزیر بەهێزتر دەكات، هەم دەتوانێ بە كردەوە بە كەڵكی عێراقیش بێت. بۆنموونە كارەبا بابەتێكە كە ئەو دۆخەی سیاسەتی دەرەوە و باری نێوخۆیی عیراقی پێكەوە گرێداوە. ركابەرییە ناوچەیی و جیهانییەكان دەرفەتێكی باشی بۆ عێراق رەخساندووە تا هیوای بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی كارەبا بە یارمەتیی دەرەكی زیاتر بێت. كۆمپانیای جەنراڵ ئەلكتریك رایگەیاندووە كە ئەوان تۆڕی كارەبای عێراق و ئوردن پێكەوە گرێدەدەن.[3] ئێران جەختی كردۆتەوە كە ئەوان گەورەترین ویستگەی كارەبا لە بەسرە درووستدەكەن[4] و تا 2021یش گرێبەستیان لەبارەی كارەبا لەگەڵ عێراق كردووە. وابڕیارە تۆڕی كارەبای عێراق بە كارەبای خەلیجیش ببەسترێتەوە و لەوێشەوە 500 میگاوات كارەبای پێبگات.[5] توركیاش ئامادەیی دەربڕیوە كە لە ملی باكوورەوە كارەبا بە عێراق بدات و بۆئەوەش باڵیۆزی ئەنكەرە لەبەغدا لەگەڵ وەزیری كارەبای عیراق كۆبوونەوەی كردووە.[6]

ئەمە دەتوانێت بۆ بابەتەكانی وەكوو شەڕی دژی تیرۆر و زیادكردنی سەرمایەگوزاری بیانی لە وڵاتیش بەوجۆرە بێت، هەتا ئەو كاتەی كە عێراق هەوڵبدات بەكردەوە لە نێوان جەمسەرە جیاوازەكاندا بێلایەن بێت. هەڵبەت ئەگەر بتوانێت! دنیا بە قۆناخێكی گوزەردا دەڕوات و هەتا ماوەیەك وڵاتێكی وەك عێراق دەتوانێ لە بەینی لایەنە جیاواز و دژەبەرەكاندا بێت و بچێت، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە كە دۆخی نێوخۆیی عێراق و دنیا تا چەند رێگە بە درێژەكێشانی ئەوە دەدەات؟

كەڵكەكەی لیستی هەڵبژاردنی

یەكێك لە بابەتە گرنگەكانی سیاسەتی نێوخۆ چارەنووسی ناڕوونی بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەخت و ئەگەری درووستبوونی لیستی نوێی هەڵبژاردنییە. هەڵبژاردن بەربەستی تەكنیكی و سیاسیی لەبەردەمدایە وسەرۆكوەزیرانیش گوتوویەتی كە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو خۆی كاندید ناكات، بەڵام لە رستەی دوای ئەوەدا باسی لەوە كردووە كە بەپێی توانا پشتیوانی لە “هێزی نیشتمانی” دەكات.[7] ئەمەش ئەو گریمانەیە رەتناكاتەوە كە لەوانەیە بە تەمای درووستكردنی لیستێك بێت. زانیاری جیاجیا، جموجۆڵی سەرۆكوەزیر بۆ باسكردن لە لیستێكی هەڵبژاردنی لەگەڵ هەندێك لەو سیاسییانەی كورد و سوننە كە پێگەی جەماوەریی بەهێزی نیوخۆییان نییە پشتڕاست دەكەنەوە، بەڵام دیار نییە كە ئایا دواجار بە كردەوە ئەمە دەكات یان تەنیا وەكوو كارتێكی گوشار لەبەرامبەر كوتڵە پەرلەمانییەكانی ئێستا بەكاری دێنێت؟

هەرچۆنێك بێت پرسی سەرەكی لەعێراق درووستبوونی كوتلەیەكی سیاسی نوێ نییە. ئەمە دەتوانێت كێشەی نێوخۆیی شیعی وتەنانەت كێشەی نێوخۆیی كوردیش زیاتر قووڵ بكاتەوە. لەوانەیە درووستكردنی لیست، هەقی سەرۆكوەزیران و هەر كەسێكی دیكەش بێت بەڵام، پرسی جەوهەری لەم وڵاتە گەشەكردنی خێرای نفووس، بێكاری و لاوازی پەروەردە و كەڵەكە بوونی گرفتە ئابووری و كۆمەڵایەتی و ئیداری و سیاسییەكانن كە تا ئێستا روانگەیەكی ورد و روون بۆ چارەسەركردنیان لە ئارادا نییە.

 ئەنجام

چاوەڕوانییەكی زۆر لە كازمی بۆ ئەوەی كە دۆخی گشتی عێراق چاك بكات، گەندەڵی نەهێڵێ، چەك بە تەواوی بخاتە دەستی دەوڵەت و دیموكراسی و فیدراڵییەتی راستەقینە بەرقەراربكات لە جێدا نیە. ئەو بۆخۆی دواجار بەرهەمی تەوافقێكی نێوخۆیی شیعییە ئینجا تەوافقی نێو پێكهاتەكانی عێراق. بۆخۆیشی هەروا دەجوڵێتەوە. بۆیە بۆ نموونە بەرلەوەی كە بچێتە ئەمریكا لەگەڵ سەركردە شیعییەكان كۆدەبێتەوە وكاتێكیش گەڕایەوە هەر لەگەڵ ئەوان كۆبووەوە! بێجگە لەوە، ئەو بەرهەمی رەزامەندیی بایەتییانەی هەردوولای ئێران و ئەمریكایشە. بۆیە چاوەڕوانیكردنی گۆڕانی بنەڕەتی لە هێڵەكانی سیاسەتی عێراق زەحمەتە.

عێراقی سەردەمی كازمی دەتوانێت بۆ ماوەیەكی سنووردار سوود لە جەمسەربەندییەكانی سیاسەتی نێودەوڵەتی وەربگرێت. بەڵام هێشتا ئاماژەیەكی بەهێزنییە بۆ ئەوەی كە بتوانێت كێشە بنەڕەتییەكانی نێوخۆ چارەسەر بكات.

 

[1] -زانیارییەكانی وێبسایتی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە ماوەی نێوان 29-6-2020 تاوەكوو 29-8-2020 بە نموونە وەگیراوە.

[2] -https://www.pmo.iq/press2020/6-5-202002.htm

[3] -https://www.mawazin.net/Details.aspx?jimare=120025

[4] -https://www.skypressiq.net/2020/8/29/%D8%A7%D8%A8%D8%B1%D8%B2-%D9%85%D8%A7-%D8%AA%D8%AD%D8%AF%D8%AB-%D8%A8%D9%87-%D8%A7%D9%84%D8%B3%D9%81%D9%8A%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%A5%D9%8A%D8%B1%D8%A7%D9%86%D9%8A-%D9%84%D8%AF%D9%89-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82-%D8%A7%D9%8A%D8%B1%D8%AC-%D9%85%D8%B3%D8%AC%D8%AF%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D9%8A%D9%88%D9%85

[5] -https://rawabetcenter.com/archives/113591

[6] -https://www.turkpress.co/node/71668

[7] -https://www.rudaw.net/arabic/middleeast/iraq/2708202017

Share this Post

شرۆڤە