لێکۆڵینەوە

ململانێی "پیرۆز"؛ دەسەڵاتی مەرجەعییەت و گرژییە نێو خۆییەكانی شیعە لە عێراق

19-01-2023


پووختە

لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە عێراق، ململانێیەكی ئاشكرا و شاراوەی نێوان هێزە شیعییەكان لەسەر ئەو دەسەڵاتدارییەی كە لەدوای 2003وە دروستبووە کاریگەری لەسەر رووداوەکانی ئەم وڵاتە داناوە. ئەو ململانێیە كە لە شێوەی گرژی، تەنانەت پێكدادان و گۆڕینی هاوپەیمانییەوە دەركەوتووە، كاریگەرییەكی راستەوانەی لەسەر دۆخی سیاسی و ئاسایشی عێراق هەبووە. گرژییەكان لەماوەی زیاترلە دوو دەیەی رابردوودا بەردەوام تەشەنەی كردووە. هەر لە هەواڵە دژیەكەكانی سەبارەت بە گەمارۆدانی ماڵی ئایەتوڵڵا سیستانی لە ساڵی 2003دا  و پێكدادانی نێوان لایەنگرانی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە 2022شدا لە نموونە دیارەكانی ئەو گرژییانەن. هەرچەندە دوای گرژییەكانی ساڵی(2022) لەسەر پێكهێنانی حكومەت، كشانەوەی لەناكاوی موقتەدا سەدر لە پرۆسەی سیاسی و دواتر بێدەنگییە لەناكاوەكەی لە هەوڵەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رێگای بۆ هێوربوونەوەی گرژییە نێوخۆییەكانی شیعە كردەوە، بەڵام ئەمە لە ئارامیی پێش رەشەبا دەچێت و بەهۆی ركابەرییە نێوخۆییەكانی شیعە، هاتنی نەوەیەکی نوێی سەركردایەتی و لە هەمووشی گرنگتر بەهۆی كەمبوونەوەی كاریگەریی مەرجەعییەتی دینی لە چاو ساڵانی رابردوو، ئەستەم نییە پێشبینی ئەوە بكەین كە ئەو گرژییانە دووبارە سەرهەڵبدەنەوە. بەو پێیەی كە شیعەكان بە كردەوە، هێزی زاڵی سیاسەتی عێراقن، تێگەیشتن لە سروشتی ناكۆكییەكانیان بایەخێكی زۆری هەیە. ئەم بابەتە تیشك دەخاتە سەر هێڵە سەرەكییەكانی ململانێی نوخبەی دینی –سیاسی شیعە لە عێراق و وای دادەنێت كە لەدوای 2018وە لاوازبوونی پێگەی دوو جەمسەری سەرەكی دەسەڵاتی دینی شیعە(نەجەف- قوم) رێگای بۆ زیاتربوونی گرژییە نێوخۆییەكانی نوخبەی شیعی خۆشكردووە و پێدەچێت لە ساڵانی داهاتووشدا بەردەام بێت.

پێشەكی

لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی رابردوودا، دوو رووداوی گرنگ رێگەیان بۆ گەشەكردنی شیعەگەرایی سیاسی كردۆتەوە: یەكێكیان شۆڕشی 1979ی ئێران لە سەروبەندی جەنگی سارد و، ئەوی دیكەیشیان جەنگی 2003ی عێراق بوو كە لەسەردەمی لوتكەی هێزداری ئەمریكا لە جیهان روویدا. ئێستا نەزمی جیهان خەریكە بەرەو گۆڕانێك دەچێت. چین وەک رکابەرێکی بەهێزی ئەمریکا دەرکەوتووە وچەندین هێزی وەک رووسیا، کۆریای باکوور و ئێران تەگەرە بۆ نەزمی جیهانی بە پێشەنگایەتی ئەمریکا درووست دەکەن. خواستی ئەمریکا بۆ گرنگیدانی زیاتر بە ململانێی هێزە گەورەکان و کەمکردنەوەی بایەخدانی بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە ماوەی زیاتر لە یەک دەیەی رابردوودا رێگای بۆ شکڵگرتنی هاوپەیمانی نوێ، کێبڕکێی چەکەمەنی لە سیاسەتی دەرەوەی گەلێک وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردۆتەوە. دیارترینیان رێککەوتنی ئابراهام یان نزیکبوونەوەی وڵاتانی کەنداو لە چین و رووسیا، یان رێککەوتنی 25 ساڵەی ئێران و چین و...تاد. پاڵنەری سەرەکی ئەو رەفتارەی سیاسەتی دەرەوە، پاراستنی رژێمی سیاسییە کە دەکرێ بە هۆی گۆڕانی نەزمی جیهانەوە ئەولەویەتی زیاتری بۆ کاربەدەستانی وڵاتانی ناوچەکە پەیدا کردبێت. هەڵبەت رەهەندێکی دیکەی ئەو وەرچەرخانەی کە خەریکە لە ناوچەکە روودەدات، باردۆخی ناوخۆیە کە بەهۆی گەلێک هۆکاری وەک پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیای پەیوەندی، گەشەکردنی دانیشتوان و...تاد، لە گۆڕانێکدایە. هەروەها، بە پێچەوانەی سەردەمی شەڕی سارد کە ئایدۆلۆژیا و دین لەگەڵ سەرکردە کاریزماتیکەکان سیاسەتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان ئاراستە دەکرد، ئەمڕۆ رەنگی ئایدۆلۆژیاکان کەمتر بووە و ناکۆکی لە نێو نوخبەی دەسەڵاتدار لە گەلێک شوێنی ناوچەکە دەبیندرێت.

هاوشانی ئەو گۆڕانە گشتییەی کە لە جیهان و لەناوچەکەدا لە ئارادایە، دۆخی سیاسەتی شیعی لە عێراق و ناوچەكەش لە وەرچەرخانێکدایە. لە ساڵانی رابردوودا بە تایبەتی لە 2018 بەدواوە، شەپۆلێكی بەهیزی ناڕەزایی جەماوەری لە دژی دەەسەڵاتدارانی شیعی لە ئێران، عێراق و تەنانەت لوبنانیش هەڵیكرد. بیجگە لەوەش، ناكۆكیی نێوخۆیی نوخبەی دەسەڵاتداری شیعی بوو بە دیمەنێكی دیاری سیاسەتی ناوچەكە. ناكۆكیی نێوان ریفۆرمیست و موحافزەكارەكان لە ئێران، هەروەها ناكۆكیی نێوان سەدرییەكان و گرووپە شیعییەكانی دیکەی عێراق لە رێزی گرنگترین گرژییە ناوخۆییەکانی شیعین لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

رکابەری نێوان حەوزەی نەجەف و حەوزەی قوم، رکابەری سەدر لەگەڵ گرووپە شیعییەکانی دیکە. ئینجا هەر لە ئایەتوڵڵا سیستانییەوە بگرە هەتاوەکو گرووپەکانی لایەنگری ئێران کە مەرجەعییەتی عەلی خامنەیی قبوڵ دەکەن. هەروەها، هەوڵەکانی عەممار حەکیم بۆ زیندووکردنەوەی پێگەی بنەماڵەکەی لە گرنگترین رکابەرییە نێوخۆییەکانی نوخبەی شیعین لەسەر رۆڵ و دەسەڵاتی دینی- سیاسی. هاوشانی ئەوەش، ململانێی هێزە شیعییەکان لەسەر بەشکردنی دەسەڵاتی سیاسی وەک لە نموونەی دوای هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری 2021دا دووبارە بووەوە و هەتا ئاستی پێکدادانی چەکداریش رۆیشت، وەک بەشێکی بەرچاوی دیمەنی سیاسی عێراقی لێهاتووە.

بێجگە لە ركابەریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی هەردوو حەوزەی قوم و نەجەف، پێگە و ئاستی هێزدارییەكەی ئەوانیش وەك فاكتەرێكی دیكە كاریگەری لەسەر جۆری ململانێی نێوخۆیی شیعەكان داناوە. ئایەتوڵڵا سیستانی تاوەكوو 2018، لە عێراق رۆڵیكی یەكلاكەرەوەی هەبوو، بەڵام لە دوای 2018وە ئیدی وەك فاكتەرێكی یەكلاكەرەوە نەما هەتا ئەو کاتەی کە ململانێی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە گەیشتنە ئاستی پێکدادانی چەکداری. بەهۆی رۆڵی لە باڵانسی هێزداری ناخۆیی شیعە، لایەنەکان ناچاربوون داواکەی سیستانی بۆ راگرتنی شەڕ قبوڵ بکەن. ئەمە لەکاتێکدا بوو کە پێشتر لە بابەتی خۆپیشاندانەکاندا، گوێ لە داوکانی ئەو سەبارەت  بە خۆپیشاندان و نەکوشتنی خۆپیشاندەرانیش نەگیرابوو. بە هەمانشێوە رۆڵی رابەری ئێرانیش لە عێراق، بە تایبەتی لەدوای كوژرانی قاسم سولەیمانی وەك جاران نەما و، کەمبوونی توانای ئێران بۆ قەناعەتپێكردنی موقتەدا سەدر لە ساڵی 2022 بۆ رێككەوتن لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی، یەكێك لە نیشانەكانی ئەوە بوو. هەڵبەت دواجار سەدر بە لەونێك رازیبوو كە حكومەت پێكەوە بنرێت و دەكرێ فاكتەری خۆپیشاندانەكانی 2022ی ئێران كاریگەر بووبێت لەوەی كە سەدر رێگە بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بدات تا حكومەت پێكەوە بنیت. چونكە دواجار سەدریش هاوشێوەی پیاوانی ئایینی ئێران، سەر بە هەمان ئەو رەوتە فیكرییەیە كە خوازیاری دەستوەردانی راستەوخۆی پیاوانی ئایینییە لە سیاسەت، تەنانەت ئەگەر سەبارەت بە بەرژەوەندییەكانی جیاواز لە بەرپرسانی تارانیش بیربكاتەوە. ئەگەری رووخانی دەسەڵاتی دینیی لە ئێران دەتوانێت کاریگەری لەسەر کەمکردنی رۆڵی پیاوانی ئایینی شیعە لە ناوچەکەش دابنێت و ئەمەش دوایین شتێکە کە مەلایەکی تازە پێگەیشتوو (سەدر) خوازیاری بێت تەنانەت ئەگەر دەسەڵاتی زۆری پیاوانی ئایینی لە ئێرانیش لە عێراق بە هەڕەشەیەک بۆ خۆیشی بزانێت.

پاشخان

هەردوو پرەنسیپی "ئیمامەت" و "غەیبەت" سەرچاوەی بەهێزن بۆ شیعیزمی سیاسی. بڕواکردن بەوەی کۆمەڵگەی ئیسلامی پێویستی بە کەسێکی موجتەهید هەیە تاوەکو بنەما ئایینییەکانی بۆ روون بکاتەوە، جۆرێک لە بڕواهێنانە بەوەی کەسێک لە سەربنەمای ئایینی سەرکردایەتی کۆمەڵگا بکات. لە مەزهەبی شیعەی 12 ئیمامیدا کە زۆرترین لایەنگری لە نێو شیعەکانی جیهان هەیە، باوەڕێکی دیکەش ئەوەیە کە ئیمامی دوانزەیەم کە لە دەورانی "غەیبەت" دایە و، رۆژێک  نەزمی ئیسلامی لە جیهان زاڵ دەکات. لە حەوزەی نەجەفدا ئەو بیرکردنەوانە لە شێوەی مەرجەعی باڵا گەشەیانکردووە و، لە ئێران و حەوزەی قومیش وەک بیرۆکەی ویلایەتی فەقێ لایەنگری هەیە. هەردوو حەوزەی قوم و نەجەفیش خاڵێکی هاوبەشیان سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی شیعە لە جیهان هەیە. حەوزەی قوم زیاتر لایەنگری "هەناردەکردنی شۆڕشە" بۆ دەرەوە و لە چوارچێوەی زانکۆی ئایینی، نوێنەرایەتی دینی و هەوڵی سیاسی و سەربازی بۆ ئەوە کار دەکات. حەوزەی نەجەفیش بە شێوەیەکی هێمنانەتر و لە چوارچێوەی حەوزە و نوێنەرایەتیی مەرجەعەکاندا ئەو کارە دەکات.

عەلی خامەنەئی و عەلی سیستانی

بەشێوەیەكی گشتی سێ دیدگای جیاواز سەبارەت بە پەیوەندی نوخبەی ئایینی شیعە و سیاسەت لە گۆڕێدایە. یەکەمیان پێیوایە کە دوو دەستەییەکی وەک دوورە پەرێز- ئەكتیڤیست (quietism-activism) لە ئارادایە . بەو واتایەی کە دو رەوتی فیكری لەنێو پیاوانی ئایینی شیعەدا سەبارەت بەجۆری تیكەڵاوبوونیان لەگەڵ سیاسەت و دەسەڵات هەیە و، دەستەیەكیان کە بە دوورەپەرێزەکان دەناسرێن و كەسانی وەك ئایەتوڵڵا ئەبولقاسم خوئی و ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی لە خۆ دەگرێت، ئەوانەن کە نایانەوێ تێکەڵاوی سیاسەت بن. ئەمەش زیاتر لە كەسایەتی حەوزەی نەجەف دا كاراكتەریزە بووە. لەبەرامبەر ئەوەشدا، رەوتێكی دیكەش هەیە كە نایانەوێ بە بێدەنگی بمێننەوەو بە ئاكتیڤیستەكان دەناسرێن. نموونەی ئەمەش كەسانی وەك محەمەد باقری سەدر، خومەینی و رابەری ئێستای ئێرانن کە جەخت لە پێویستی دەستوەردانی راستەوخۆ لە سیاسەت و كاروباری بەڕێوەبردنی وڵات دەكەن و ئەمەش ئەمڕۆ لەلایەن حەوزەی قومەوە لە ئێران پێشەنگایەتی دەكرێت کە بەرگری لە تیۆری ویلایەتی فەقێ دەکات. دیدگای دووەم جەخت لە هەبوونی دەستوەردانێکی سنوورداری نوخبەی ئایینی شیعە لە سیاسەت دەکات و دیدگای سێیەمیش دابەشکاری ئاکتیڤیزم- کویتیزم رەتدەکاتەوە پێیوایە کە هەرکاتێک دەرفەت رەخسابێت، پیاوانی ئایینی دەستیان لە سیسەت وەرداوە. ئەم دیدگایە بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی مێژوویی و پراكتیكی زیاتر لە دوو دەیەی رابردوو لە عێراق، پێیوایە كە تەنانەت ئایەتوڵڵا سیستانیش مەیلی دەستوەردانی لە سیاسەت هەبووە. ئایەتوڵڵا سیستانی هەر لە بابەتی دەستووری عێراقەوە بگرە هەتاوەكوو دەستنیشانكردنی سەرۆكوەزیرەكان و چەندین بابەتی دیكە، رۆڵێكی گرنگی لە سیاسەتی عیراقیدا گێڕاوە. رەوتیكی شیرازییەكانیش كە زیاتر لە حەوزەی كەربەلان، بەجۆریك بڕوایان بە دەستوەردان لە سیاسەت هەیە، بەڵام پێچەوانەی لایەنگرانی تیوری ویلایەت فەقێ، لە جیاتی یەك مەلا، بڕوایان بە پێویستی هەبوونی دەستەیەك هەیە بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری وڵات. هەڵبەت بەشێوەیەكی گشتی كاریگەرییەكی ئەوان بەسەر سیاسەتی عێراقەوە، هاوشێوەی كاریگەری حەوزەكانی نەجەف و قوم نییە.

بەهەمان شێوە و بەشێوەیەکی گشتی، دەکرێ باسی سێ دیدگای سەرەکی بۆ روونکردنەوەی رۆڵی نوخبەی سیاسی وڵاتان لە ململانێ و گرژییەکان بکرێت: یەکیان لەسەر بنەمای "دەرفەتی سیاسی" هەوڵدەدات ئەو گرژییانە ررونبکاتەوە کە لە نێوان نوخبەی وڵاتان دا روودەدەن. هەڵبەت ئەمە بڕوای بە داینامیک بوونی پێگەی نوخبە هەیە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە کاتی گۆڕانکارییەکان دا، کاتێک دەرفەتەکانی جێگۆڕکێی نوخبەی دەسەڵاتدار پەیدا دەبن، ئەگەری بەریککەوتن و پێکدادانی نوخبە زیاتر دەبێت. روانگەی دووەم، ئەوەیە کە ململانێ و پێکدادانی نێوان-نوخبە بە توانستی دەوڵەت رووندەکاتەوە. بەو واتایەی کە هەرکاتێک رژێمی سیاسی گۆڕا یان لاواز بوو، ململانێ و بەریەککەوتنی نوخبەی سیاسی زیاتر دەبێت.هەڵبەت ئەم دیدگایە کە رۆڵێکی ناوەندی بە دەوڵەت داوە، رەخنەی ئەوەی لێ گیراوە کە لەگەڵ پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ناگونجێت. چوونکە لێرە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سنوورەکانی دەسەڵاتی فەرمی و نافەرمی زۆر روون نین و، چەندین بازنەی جیاجیای دەسەڵات لە ئارادایە کە کاریگەری لەسەر دەسەڵات و سیاسەت دادەنێت. لە کاتێکدا کە روانگەی کلاسیکی بۆ نوخبەی دەسەڵاتدار، وەک چینێکی یەکدەست و ئۆتۆنۆم  باسی نوخبە دەکات کە بە هۆی بیرۆکراسی و دابەشبوونی کارەوە پەیدا بوون دیدگایەكی دیکە یەکدەستیی نێوخۆیی نوخبە رەتدەکەنەوە (س.پ).  هەروەها، بەگوێرەی ڤۆڵکەر نوخبەی سیاسی ئەوانەن کە  بڕیاری ستراتیژی لە ئاستی نیشتمانی دەدات یان تێیدا بەشدار دەبێت. ئا لێرەوە ئەگەر پێوەرەكە بەشداری لە بڕیاری ستراتیژی بێت لە سەرئاستی نیشتمانی، ئەوسا دەکرێ نوخبەی دینی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش، لانیکەم لە وڵاتانی وەک عێراق و ئێران سیاسی بن، چونکە هەندێکیان سەرەڕای نەبوونی پۆستێکی فەرمی رۆڵی کارایان لە بڕیاری سیاسی وڵاتەکانیاندا هەیە. مەهدی خەلەجی چەند نموونەی وەك شۆڕشی توتن لە ئێران (1815)، شۆڕشی مەشروتەی ئێران(1905-1911) و شۆڕشی 1920ی عێراق وەك چەند نمونەیەكی مێژوویی لە رۆڵی نوخەبی دینی شیعە لە پرسە سیاسییەكاندا باس دەكات.

روانگەی سێیەم جەخت لە رۆڵی دین لە گرژی و ناکۆکییەکاندا دەکات. رووداوی 11ی سێپتەمبەری 2001، سەرنجی راكێشایەوە سەر رۆڵی"دین" و"ئایدیا" لە پەیوەندییە نیودەوڵەتییەكان و پرسەكانی ئاسایش. لە نموونەی عێراقیشدا دەركەوتنی داعش، هەروەها كاریگەری هێزە میلیشاكانی شیعە لەسەر سیاسەتی عێراق بە دیارترین نموونەكانی كاریگەری دین لەسەر سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەكی هەژمار دەكرێن. دین دەتوانێت پێكدادانەكان كەم یان زیاد بكات، كاریگەری لەسەر بەهاكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوەكان دابنێت و تەنانەت كاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەوەی وڵاتیش دابنێت. بەشێوەیەكی مێژوویی دین رۆڵێكی بەرچاوی لە زۆرێك لە ركابەرییە سیاسی و پێكدادانەكانی دنیا گێڕاوە. لە رۆژئاوا، ئەم رۆڵە لەگەڵ هاتنی نەزمی ڤێستڤالیایی و دەركەوتنی دەوڵەتی مۆدێرنی نوێ بەهۆی دوو پرۆسەی گرنگی مۆدێرنیزەیشن و سیكۆلاریزەیشنەوە كەمتربوو. هەڵبەت ئەو پێشبینییەی تیۆرییەكانی مۆدیرنیزەیشن بۆ ئەوەی گۆڕانی كۆمەڵگاكان بەرەو كۆمەڵگای ئاڵۆز، لەڕێی سیكۆلاریزەبوون، عەقڵانی بوون و فەرمی بوونی دامەزاروەكانەوە رووبدات، بۆ هەموو دنیا وەك یەك نەبوو. هەڵبەت نەک تەنیا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڵكوو لە هەموو جیهانش بە جۆرێك كاریگەری دین لەسەر سیاسەت بەدیدەكرێت. دین دەتوانێت رۆڵی لە کەمکردنی ناکۆکییەکاندا هەبێت و دەشتوانێت رۆڵی لە زیادکرنی گرژی و ناکۆکییەکانیشدا هەبێت بە تایبەتی ئەو کاتانەی کە دەبێتە بەشێک لە تێگەیشتنی ناکۆکی و گرژییەكانی لەسەر بنیات دەنرێت. ئەم دیدگایە رۆڵی دین لە گرژی و ناکۆکییەکاندا، بە توانای دینی لە گلێركردنەوەی جەماوەر دەبەستێتەوە و جەخت لەوە دەکات کە خەڵك تەنیا لەبەر هۆکارە بابەتییەکانی ناڕەزایی، پاڵپشتی لە کردەوەی توندوتیژ ناکەن بەڵکوو، تێگەیشتن و شێوازی بیرکردنەوەکانیش لەوەدا رۆڵیان هەیە و ئەوەش بە زۆری لە لایەن نوخبەی دینییەوە ئاراستە دەکرێت. ناسنامەی ئایینی، ئایدیا و رێکخستن، سێ رەهەندی سەرەکی دینن کە لە مەزهەبی شیعەدا بەهۆی چەمکی مەرجەعییەتەوە لە لایەن نوخبەی دینییەوە ئاراستە دەکرێن. نوخبەی دینی یان لە بەرئەوەی کە پێوایە بۆچوونە دینییەکەی راستە، یان لەبەر بەرژەوەندی، هەوڵی زیادکردنی نفوز و دەسەڵاتی خۆیان دەدەن. گەلێک نموونەی توندوتیژی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەن کە دەریدەخەن چۆنچۆنی تێگەیشتنێکی دینی دیاریکراو رێگای بۆ توندوتیژی کردۆتەوە کە بێگومان هەمووی بە بەرژەوەندی روون ناکرێتەوە. هەڵبەت بەرژەوەندی شەخسی نوخبەش وەک بابەتێکی گرنگ هەژمارکراوە. دیدگایەکی دیكەش، ناکۆکی نێوخۆیی نوخبەی شیعی لە عێراق بە سێ فاکتەری لاوازی سەرکردایەتی شیعی، لاچوونی قۆناخ بە قۆناخی دوژمنی هاوبەش و خواستی ئێران بۆ پەرتکردنی شیعەی ئەو وڵاتە دەبەستێتەوە کە پێیوایە سوودی بۆ تاران هەیە.

سەبارەت بە کاریگەری مەرجەعییەتەکان لەسەر سیاسەتی عێراق، هەریەک لە مەعموری و خەلەجی باسیان لە رکابەری نێوخۆیی شیعەیان کردووە. بە تایبەتی ئەو رکابەرییەی کە لەنێوان هەر دوو حەوزەی قوم و نەجەف دا هەیە. لێکۆڵینەوەی زیادیش هەن سەبارەت بە کاریگەری ئایەتوڵڵا سیستانی لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق. ئەلقراوی جەخت لەوە دەکات کە پێگەی نافەرمی سیستانی بە كردە وبە یاسا لە عێراق فەرمی بووە. لێکۆڵینەوەی زۆریش سەبارەت بە کاریگەری ئێران و مەرجەعییەتی دەوڵەتیی تاران لەسەر سیاسەتی عێراق لە ئارادایە.لێكۆڵینەوەیەك، لە روانگەی تیۆری "پیاوی گەورە"وە تیشکی خستۆتە سەر ئەو تەگەرانەی کە موقتەدا سەدر بۆ دەسەڵاتی سیستانی و ئێران دروستی کردوون. هەروەها یەكێكی دیكە، لەڕێی باسی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراقەوە، باسەکانی پەیوەست بە رکابەری نێوخۆی شیعە و رۆڵی بنەماڵەی حەکیمی خستووەتە بەر باس. ئەم بابەتەش لە سروشتی ناکۆکییە نێوخۆییەکانی شیعە لە عێراق دەکۆڵێتەوەو رەهەندە جیاوازەکانی دەخاتە بەرباس.

 چوارچێوەی تیۆری

ناکۆکی و ململانێی نێوخۆیی شیعە دابڕاو نییە لەو گۆڕانە گشتییەی کە لە نەزمی جیهانی و ناوچەکەدا خەریکە روودەدات. جەنگی سارد و دواتریش هەژمونی ئەمریکا لە جیهان، دەرفەتی گەشەکردنی شیعیزمی سیاسییان زیاترکرد. ئەمەش بە هۆی شۆڕشی 1979ی ئێران و جەنگی 2003ی عێراق. ئێستاش جیهان بە قۆناخێکی گوزەردا دەڕوات. نەزمی ناوچەکەش لە گۆڕاندایە کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر سیاسەتی شیعە هەیە. لەلایەکی دیکەوە، جۆزێف نای لە وەرگۆڕانی هێز باسی رۆڵی روو لە زیادبووی ئەكتەرە نادەوڵەتییەكان لە سیاسەت دەكات. ئەمەش دەتوانێت دەرچەیەک بکاتەوە بۆ تێگەیشتن لە رۆڵی نوخبەی دینی لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. دین دەتوانێت شكڵ بە ئەكتەرێكی دەوڵەتی بدات و نوخبەی دینی، لە نموونەی ئێراندا لە فۆرمی سەرۆک و کاربەدەستی دەوڵەت دەردەکەوێت، بە شێوەی گشتی دەتوانێت لە چوارچێوەی ئەكتەری نادەوڵەتیدا بەسێ شێوەی" تاك، بزووتنەوە و دامەزاروەكان" رۆڵ بگێڕێت. بۆ نموونە ئەو رۆڵەی کە ئایەتوڵڵا سیستانی لە عێراق دەیگێڕێت رۆڵێکی سیاسیە بە بێ ئەوەی کە ناوی لێ بنرێت یان پۆستێكی سیاسی هەبێت. 

 نەریتی دینی شیعە لەسەر بنەمای رێبەرایەتیكردنی كەسانیكی نموونەیی كە لە تەقوا و زاناییەوە رەوایی خۆیان وەردەگرن، رێگا خۆش دەكات بۆ ئەوەی كە لە مەزهەبی شیعەدا، رۆڵی تاك بەرجەستە بێت. بۆیە لێرەدا تیۆری "پیاوی گەورە" كە دەسەڵاتەكەی لە پێگە كۆمەڵایەتیییەكەوە دێت، دەتوانێت سوودبەخش بێت. نوخبەی دینی لەڕێگای شیكردنەوەی بنەما نەگۆڕەكانی دین بۆ خەڵك و لایەنگرەكانیان دەتوانن كاریگەری لەسەر گرژی و پێكدادانەكان دابنێن، هەرچەند ئەمە دەتوانێت بە دوو شێوازی زیادكردن یان كەمكردنەوەی ناكۆكیی پێكدادانەكان بێت. ئا لێرەدا بە پلەی یەكەم رۆڵی هەریەك لە عەلی سیستانی و عەلی خامنەیی و هەردوو بنەماڵەی سەدر و حەکیم لەسەر سیاسەتی شیعی لە عێراق لە پێش چاواندایە. لێرەدا، سێ جۆر دەسەڵاتی سەرەکی دینی شیعی لە عێراق بە دیدەکرێت: ١.دەسەڵاتی خودبنیات( لەسەر بنەمای هەڵی شەخسی بنیاتنرابێت، وەک سیستانی) ٢. دەسەڵاتی دینیی دەوڵەت-بنیات( خامنەیی) و٣. دەسەڵاتی دینیی میراتی(سەدر و حەکیم).

هەوڵدان بۆ زیادکردنی هەژموون و دەسەڵاتی دینی هۆکارێکی سەرەکی رکابەری و ناکۆکییە نێوخۆییەکانی شیعەن. نموونەی مێژوویی زۆر هەن کە دەیسەلمێنن کەوا جیاوازییەکان لەسەر دیدگای دینی و لەسەر بەرژەوەندی، ئاراستەی بەو رکابەری و ململانێیانە داوە.  ناکۆکییەکان تەنیا لەسەر بابەتی ئایینی نین و هەموو ئەکتەرە سەرەکییە دینییەکانی شیعە تەنانەت بە ئایەتوڵڵا سیستانیشەوە چالاکی سیاسی، سەربازی و ئابوورییان هەیە.

ئەم بابەتە جەخت لەسەر رۆڵی نوخبە، واتا مەرجەعییەتی دینی لە گرژی و ناكۆكییە ناوخۆییەكانی شیعەدا دەكات لە عێراق. پێیوایە كە سەرەڕای ئەوەی چەندیدن فاكتەری سیاسی و كۆمەڵایەتی جیاواز كاریگەرییەكان لەسەر زیادبوونی گرژییە نیوخۆییەكانی شیعە هەبێت، فاكتەری گرنگ و یەكلاكەرەوە پەیوەندی بە ركابەرییەكانی مەرجەعییەتەوە هەیە. زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکانی پێشوو جەختیان لە رکابەری لەسەر زیادکردنی دەسەڵات و هەژموون ، وەک فاکتەری سەرەکی ململانێکان کردۆتەوە و، گریمانەی ئەم بابەتەش ئەوەیە کە لاوازی مەرجەعییەتە باڵاكان، بەتایبەت لە دوای 2018وە، هۆكاری سەرەکی زیاتربوونی گرژییە نێوخۆییەكانی شیعەن.

نوخبەی شیعی و رکابەریی هەژموونیک

لەدوای رووخانی رژێمی بەعس، رکابەری نێوان گرووپە جیاوازەکانی شیعە لەسەر سەرکردایەتی، تەنیا روویەکی ئایدۆلۆژی و سیاسی نەبووە، بەڵکوو رەهەندێکی ئەمنی و سەربازیشی وەرگرتووە. بە نزیکەیی هەموو گرووپە سەرەکییەکانی شیعە هێزی چەکداریان هەیە و، لە دوای شەڕی داعشیش، ئەو رەهەندەی رکابەری نێوخۆیی شیعە بە هێزتر بووە. دەیان گرووپی چەکدار لەژێر ناوی جیاجیا بە ناوی حەشدی شەعبی خۆیان رێکخستووە کە بە سەر سێ گرووپی سەرەکی حەشدی عەتەباتی سەر بە سیستانی، حەشدی وەلائی و سەرایا سەلامی سەر بە موقتەدا سەدر دابەش دەكرێن. بەو پێیەی کە لە تەنیشت هەوڵە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکان بۆ زیادکردنی دەسەڵات و نفوز، فاکتەری بەکارهێنانی هێز و توانای چەکداریش لە رکابەری نێوخۆیی شیعەدا گەشەیکردووە، دەتوانین ئەو رکابەرییە بە رکابەرییەکی هەژمونیک ناو بەرین. بەگشتی دەتوانین بێژین، لە قۆناخی سەرەتایی دوای رووخانی رژێمی بەعس هەتاوەکوو ساڵی 2018، سەرەڕای هەبوونی  رکابەرییەکی بەهێزی نێوخویی، پێکدادانی چەکداری گرووپە شیعییەکان زیاتر روویەکی دەرەکی هەبووە. رۆڵی سوپای مەهدی لە شەڕی تایفی لە عێراق بە پاساوی شەڕی دژی وەهابییەت، شەڕی دژی داعش و گوتاری دژە ئەمریکی خاڵی هاوبەشی زۆربەی گرووپە شیعییەکان بوو. سەدر و گرووپەکانی نزیک لە ئێران ئەمریکایان بە داگیرکەر دەزانی و تەنانەت ئایەتوڵڵا سیستانی بە هەمان هۆکار راستەوخۆ دیداری لە گەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە نەدەکرد. خاڵی جیاواز لەو قۆناخەدا رەفتاری بنەماڵەی حەکیم بوو. ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی کە لە ژێر دەسەڵاتی بنەماڵەی حەکیمدا بوو، دوای گەڕانەوە لە ئێران لە ساڵی پاشگری شۆڕشی لە خۆی کردەوە و بوو بە ئەنجومەنی باڵای  ئیسلامی عێراق. حەکیم بۆ خۆی سەردانی ئەمریکای کرد و لە ئاستی نێوخۆشدا وەك بەرگریكاری فیدراڵیی ناوچەكانی باشووری عێراق دەردەدەكەوت وهەوڵیدەدا دیمەنێکی جیاواز لە شیعەکانی دیکە پیشانبدات. هەموو ئەو رەفتارانەی ئەکتەرە شیعییەکان هەر هۆکارێکی دەرەکیی هەبێت، دەکرێ رەهەندێکی بەهێزی رکابەری نێوخۆیشی لەگەڵدا بێت.

بنەماڵەی حەکیم زیاتر خۆی لە سیستانی نزیككردەوەو، ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە 2007دا ئایەتوڵڵا سیستانیی وەك مەرجەعی خۆی دەستنیشانكرد، ئەویش لە كاتێكدا كە ساڵانیك لەوەوبەر لە ئیران دامەزرابوو. بە پێچەوانەی ئەو، لەوكاتانەدا نێوانی سەدر لەگەڵ سیستانی باش نەبوو. ئەو رەفتارانەی ماڵی حەکیم بوونە هۆی زیادبوونی ناڕەزایی گرووپ و کەسە پرۆ-ئێرانییەکانی ناو ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی. رێکخراوی بەدر وەک باڵی سەربازی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، لە ساڵی 2007دا بەشێوەیەكی نافەرمی لەو رێکخراوە جیا بووەوە و خۆی لە نوری مالکی نزیككردەوە کرد کە پشتیوانیی موقتەدا سەدری هەبوو. ساڵی 2009، عەبدولعەزیز حەكیم بەهۆی سەرەتانەوە كۆچی دوایی كرد و نەمانی ئەویش وەك كوڕی ئایەتوڵڵا موحسن حەكیم، گڕی لە پڵیتەی ناكۆكییەكانی نێوان بەشێك لە سەركردەكانی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و عەممار حەكیم بەردا. ئەو ناکۆکییانەش هەتاوەکوو جیابوونەوەی عەممار حەکیم و دامەزراندنی رێکخراێکی دیکە بە ناوی رەوتی حیکمە بەردەوام بوو. دواتر حەکیم لە ساڵی2021 لەگەڵ حەیدەرعەبادی کە سەرکردایەتی باڵێکی ناڕازیی لە نوری مالکی  لە حیزبی دەعوە دەکرد، بە لیستی هاوبەش بەشداری هەڵبژاردنی کرد کە هەردووکیان خوازیاری پەرەپێدانی پەیوەندی زیاتر لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و جیهانی دەرەوە بوون. هەڵبەت ئەنجامی هەڵبژاردن بۆ حەکیم-عەبادی  کە تەنیا 4 کورسییان هێنا مەترسی سڕانەوەی لە سیاسەتی عێراق دروستکرد. بێجگە لەوە، بەهێزبوونی موقتەدا سەدر کە لە قۆناخی دوای 2018وە سیاسەتی نزیکبوونەوە لە گرووپە پرۆ-ئێرانییەکانی گۆڕی و رووی لە گەشەپێدانی پەیوەندییەکی زیاتر لەگەڵ خۆپیشاندەران و ئایەتوڵڵا سیستانی کردبوو، مەترسییەکی دیکە بوو لەسەر رۆڵی بنەماڵەی حەکیم لە سیاسەتی عێراق. بۆیە عەممار حەکیم لە نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەدا کە رکابەری سەدر بوو، بەشداریکرد. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە گوتبووی بەشداری لە کابینەی نوێی حکومەت دا ناکات. گرووپە پرۆ- ئێرانییەکانیش لەڕێی بردنی رێوڕەسمە مەزهەبییەکانی چلەی ماتەمینی حسێنی بۆ بارەگاکانی حەکیم لە ساڵی 2022، رۆڵی ئایینی بنەماڵەی حەکیمیان لەبەرامبەر موقتەدا سەدر بەرجەستە کردەوە. ئەمەش چەندەی مەراسیمێکی مەزهەبی بێت، ئەوەندەش نیشانەی گۆڕانی هاوپەیمانی و رکابەرییەکی بەهێزی نێوخۆیی شیعە بوو.     

هەرلەدوای 2003وە چەندین هەواڵ سەبارەت بە گەمارۆدرانی ماڵی ئایەتوڵڵا سیستانی لە نەجەف لە لایەن لایەنگرانی رەوتی سەدر بڵاوكرایەوە  كە دواتر رەتكرایەوە. هەڵبەت لە دوای مردنی ئایەتوڵڵا ئەبولقاسم ئەلخوئی لە ساڵی ١٩٩٢ کە رەخنەی لە  نەریتی تێکەڵاوبوونی پیاوانی ئایینی لە سیاسەت دەگرت کە محەمەد باقری سەدر و سەدری دووەم بەرگرییان لێدەکرد، سیستانی پێگەیەکی بەهێزی لە جیهانی شیعیدا پەیداکردبوو. ئەو یەکێک لەو نموونە دەگمەنانە بوو کە مۆڵەتی نوسراوی ئایەتوڵڵا خۆئی بۆ ئیمامەت وەرگرتبوو، بۆیە ئەستەم بوو کە سەدر بتوانێت ئەو لە سیاسەتی عێراق بسڕێتەوە، بە تایبەتی کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پەسەندکراویش بوو. هەر لە ساڵی 2003دا عەبدولمەجید خوئی کوڕی ئایەتوڵڵا خوئی لە نەجەف کوژرا بەڵام، سیستانی رۆژ لە دوای رۆژ وەک بەهێزترین کەسایەتی سیاسی عێراقی لێدەهات، لە کاتێکدا کە موقتەدا سەدریش کە باوکی لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە لە سێدارە درابوو، خوازیاری رۆڵی زیاتر بوو. راگەیاندنی شەڕی دژی وەهابییەت لە لایەن سەدرەوە چەندەی رکابەرییەکی نێوان سوننە و شیعە بووبێت، ئەوەندەش رکابەریكردن لەگەڵ سیستانی و حەكیم بوو کە پێگەییکی بەهێزی ئایینی و سیاسییان دەستەبەر کردبوو. سەدر دەویست وەک پاڵەوانی بەرگریکار لە شیعە و کەسێکی دژە "داگیرکەر" دەرکەوێت. سەرەڕای پەیوەندییەکی بەهێز لە گەڵ ئێران، سەدر گۆتاری ناسیۆنالیستیشی برەو پێدەدا. لەوانەیە بەشێکی ئەمەش پەیوەندی بەو رکابەرییەوە هەبێت کە لەگەڵ سیستانی و حەكیم هەیبوو. زۆربەی مەرجەعە باڵاكانی عێراق لە مێژووی نزیكدا کە بە دوای یەک ئەو پلە و پایە دینییەیان وەرگرتوە، بە رەچەڵەك ئێرانی بوون، بۆیە زیندوو راگرتنی هەستی ناسیۆنالیستی بابەتێکە کە لەوانەیە لە رکابەریی نێوخۆیی شیعەدا بە کەڵکی سەدر بێت. تەنانەت ئەو کاتەی کە ئایەتوڵڵا کازمی حائری لە گەرمەی ناکۆکییەکانی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا رەخنەی توندی لە موقتەدا سەدر گرت و داوای لە لایەنگرانی کرد کە مەرجەعییەتی خامنەیی قبوڵ بکەن، سەدر لە وەڵامدا جەختی لەوە کردەوە کە نەجەف مەرجەعە و لەوەشدا ناوی سیستانی نەهێنا، هەرچەند کە بۆ راگرتنی باڵانسی هێزداری، پەیوەندییەکانی خۆی لە گەڵ سیستانی باشتر کردبوو. سەدر بە تایبەت لە دوای 2018وە، کاتێک رێی خۆی لە گرووپە پرۆ- ئێرانییەکان جیاکردەوە، بابەتی عێراقیبوونی وەک کەرەستەیەکی بەهێز لە دژی ئێران و گرووپەکانی لایەنگری بەکارهێنا. لەم ساڵانی دواییدا، سەدر چەندین جار"گرووپەکانی مقاوەمە"ی بە گرووپی"مقاوەلە" ناوبردوە وەک ئاماژەیەك بەوەی کە کار بۆ ئێران دەکەن و دژایەتی دەستوەردانی ئێرانی لە عێراق کردووە.

لایەنگرانی سەدر

 گومانی تێدا نییە کە هەریەک لە عەلی سیستانی وەک مەرجەعی باڵای حەوزەی نەجەف و عەلی خامنەیی رابەری ئێران لە کاریگەرترین سەرکردە دینی-سیاسییەکانی شیعەن. رکابەرییەکی ناڕاستەوخۆ لە نێوان ئەو دووانەشدا یەکێک لە گرنگترین ناکۆکییە نێوخۆییەکانی شیعەیە کە هەر سێ رەهەندی ئایینی-سیاسی، ئەمنی و ئابووری هەیە. بەر لە هەموو شتێک، سیستانی وەک شاگردی ئایەتوڵڵا ئەبولقاسم خوئی کە ویلایەتی سیاسی پیاوانی ئایینی بە بیدعە دەزانی، لەگەڵ سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا سەبارەت بە ویلایەتی فەقێ ناکۆکە. سیستانی سەر بە رەوتێکی فیکری شیعەیە کە دەسەڵاتداری، تەنیا بە مافی پێغەمبەر و ئیمامەکان دەزانێت. لە کاتێکدا کە قوتابخانەی فیکری کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای ویلاتی فەقێ بنیات نراوە. خاڵێکی رکابەری نێوان هەردولا لەسەر ئەوەیە کە کام لایەن بتوانێت دامەزراوە شیعییەکان کۆنترۆڵ بکات. لەعێراق، قوتابخانە دینییەکان و بەڕێوەبەرایەتی مەزارگە پیرۆزەکان(عەتەبات) لە گرنگترین دامەزراوە ئایینەکانن. بەڕێوەبەرایەتی عەتەبات سەر بە دەوڵەتە و هاوشێوەی مەزارگەی ئیمام رەزا لە مەشهەدی ئێران، چەندین کۆمپانیا، نەخۆشخانە و دامەزراواەی جۆراوجۆری دیكەی داناوە. لە ساڵی 2022شدا دوای هاتنە سەرکاری سوودانی، حەشدی شەعبی کومپانیایەکی بە ناوی موهەندیس دانا کە بە هۆی باڵادەستی گرووپەکانی نزیک لە ئێران لە دامەزراوەی حەشدی شەعبی، دوورنییە ببێتە بەشێک لە رکابەری ئابووری نێوان خامنەیی و سیستانی لە عێراق.

هاوشێوەی ئێران کە لە دوای شەڕی داعشەوە رووی لە بەهێزکردنی گرووپی چەکداری وەفاداری خۆی کرد، ئیدارەی هەرچوار مەزارگە پیرۆزەکانی شیعەش، هەر یەکەو لیوایەکیان دامەزراند، کە سەرەڕای بانگەشەکان بۆ تێکەڵاوبوون بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق، هێشتا رێکخستنی تایبەت بە خۆیان ماوە و بگرە لە دوای شەڕی داعش، کۆنفرانسی تایبەت بە خۆیشیان ساز کردووە. لەوانەیە هۆکارێکی سەرەکی ئەمەش ئەوە بووبێت کە گرووپە پرۆ- ئێرانییەکانی ناو حەشدی شەعبی زیاتر ویستوویانە وەک نموونەی سوپای پاسدارانی ئێران، وەک دامەزراوەیەکی هاوتەریبی سوپا و پۆلیس بمێننەوە. بە هۆی ئەو بەخششانەی کە زیارەتکاران  لە چوارچێوەی زەکات و خومس دەیدەن. هەروەها، بەهۆی ئەو یارمەتییانەی کە لە دەوڵەت وەریدەگرن ئەویش لەبەرئەوەی وەک دامەزراوەیەکی رەسمی لە ساڵی 2005 یاسای بۆ دەرکراوە، عەتەبات دامەزراوەیەکی گرنگی ئابووری، ئایینی - سیاسی و سەربازییە و پێگەی ئەوانەش کاریگەری لەسەر رکابەرییە ناوخۆییەكانی شیعە دادەنێت. هەرچەندە دانانی هەر بەڕێوەبەرێک بۆ عەتەبەکان پێویستی بە رەزامەندی ئایەتوڵڵا سیستانی وەک مەرجەعی باڵای نەجەف هەیە، بەڵام کۆنترۆڵی دامەزراوەکانی دەوڵەت و حکومەت، دەتوانێت دەرفەت بۆ گرووپەکانی رکابەری سیستانیش بڕەخسێنێت کە لە سەر ئەو دامەزراوە ئاینییانە قسەیان هەبێت.عەلی خامنەیی لە 2003وە تاوەکو ئێستا لانیکەم 100 قوتابخانەی دینی سەر بە خۆی لە عێراق داناوە و لە هەریەک لە شوێنەکانی وەک نەجەف، کەربەلا، سامەرا و کازمییە کە مەزارگە پیرۆزەکانی لێیە، نوێنەری هەیە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە سیستانیش لە تەواوی عێراق 600 نوێنەری هەیە و لە قوم و لوبنانیش نوسینگەی هەیە، و نێوانی لەگەڵ پیاوانی ئایینی نەریتی و بگرە ریفۆرمیستەکانی ئێرانیش باشە. سیستانی لە ماوەی رابردوو دیداری لەگەڵ کەسایەتی سیاسی جۆراجۆر کردووە و لەگەڵ کەسانی وەک رەفسەنجانی و روحانی دیداری  کردووە بەڵام،"خۆی دوور گرتوە لەوەی کە لەگەڵ کاربەدەستە موحافزەکارەکانی ئێران وەک ئەحمەدی نەژاد، شاهروودی و ئیبراهیم رەئیسی دیدار بکات کە لە خامنەیی نزیکن" یان نزیکبوون و سەردانی عێراقیان کردبوو. ئەحمەد جەنەتی ئیمامی جومعەی تاران لە ساڵی 1994، سیستانی وەک کارمەندی دەوڵەتی بەریتانیا ناوبردبوو. سیستانیش لە ساڵی 2004 لەکاتی گەڕانەوەی لە گەشتێکی بەریتانیا بۆ تەندروستی، چوو بووە لوبنان، بەڵام رێگەی نەدابوو حەسەن نەسروڵڵای سەرۆکی حیزبوڵڵا پێشوازی لێبکات.

لە دوای رووخانی رژێمی بەعس، ئێران زیاتر سیاسەتی رێککەوتن و سازانی لە گەڵ سیستانی گرتەبەر و لەوانەیە هۆکارەکەی ئەمەش زیاتر سیاسی بووبێت. ئیدارەی بوش، ئێرانی لە گەڵ عێراق و کۆریای باکووور وەک وڵاتانی میحوەری شەڕ ناوبردبوو، بۆیە نیگەرانی ئێران لە ئەگەری هێرش یان گوشاری ئەمریکا، فاکتەرێکی گرنگ بوو لەوەی کە خامنەیی لە ساڵانی سەرەتای دوای سەدام، رکابەرییەکی بەهێزی سیستانی نەکات. بەڵام لە دوای شەڕی داعش ستراتیژی سەرەکی ئێران بۆ کاریگەری دانان لەسەر سیاسەتی شیعی رەهەندێکی ئەمنی وەرگرت و قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی سوپای قودس وەک فیگەری سەرەکیی سیاسەتی ئێران لە عێراق دەرکەوت و لە ئەنجامی ئەوەشدا، گرووپە چەکدارییەکانی شیعە و گرووپەکانی "بەرگری" گەشەی زیاتریان کرد.

لاوازی مەرجەعییەت و هەڵکشانی ناکۆکییە نێوخۆییەکانی شیعە

لەدوای 2018وە  نیشانەکانی لاوازی دەسەڵاتی مەرجەعییەتی دینی شیعە زیاتر دەرکەوتن، ئەویش دوای ئەوەی کە عەلی سیستانی و عەلی خامنەیی سەردەمێکی زێڕینی دەسەڵاتداری خۆیان تاقیکردبووەوە. فاکتەرەکانی وەک دەرکەوتنی ناڕەزایی نێوخۆیی و زیادبوونی رکابەرە نێوخۆییەکانی نوخبەی دەسەڵاتدار، هۆکاری سەرەکی ئەو لاوازییە بوون.

تاوەکو بەر لە 2018 لە دیاریکردنی سەرۆکوەزیرەکانی عێراق ئایەتوڵلا سیستانی فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە بوو. هەر ئەو بوو کە رێی لە ویلایەتی سێیەمی مالکی گرت و بگرە پێشتریش رۆڵی لە دروستكردنی لیستی هاوبەشی شیعەکان بۆ هەڵبژاردن هەبوو وەک ئەوەی لە 2005 کردی. هەڵبەت لە دیاریکرانی کازمی و سودانیدا ئەو رۆڵەی نەبوو. سەرەڕای ئەوەی کە لە گەرمەی ناکۆکییەکانی سەدرو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا، چەندین جار داوی لێکرابوو کە ناوبژیوانی بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام تاوەکوو ئەو کاتەی کە مەترسی پێکدادانی سەربازی نێوان هەردوولا لە مانگی ٨ی 2022دا زیادی نەکرد، دەستوەردانی نەکرد و هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە سیستانی لە چەند ئەزموونێکی پێشتردا بۆی دەرکەوتبوو کە وەک جاران گوێی لێناگیرێت. ئەو لە 2018 داوی لە خەڵک کردبوو کە بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن بەڵام سەرەڕای ئەوەش، هەم لەو هەڵبژاردنە و هەمیش لە هەڵبژاردنی دوای ئەوەش، ژمارەیەکی کەمتر لە 40%ی خەڵک بە تایبەت لە پارێزگاکانی باشووری عێراق بەشداری هەڵبژاردنیان کردبوو. ئەو داوای هێمنی لە خۆپیشاندانەکانی تشرینی 2019 کردبوو، هەروەها داوای کردبوو کە خۆپیشاندەران نەکوژرێن بەڵام نە خۆپیشاندەران و نە حکومەتیش، كەسیان گوێیان لە داواکەی نەگرت. دەرکەوتنی خۆپیشاندانی تشرینییەکان لە دژی ئەو سیستەمە سیاسییەی کە لە دوای 2003 وە ئایەتوڵڵا سیستانی یەکێک لە ئەندازیارەکانی بوو. هەروەها، بەهێزبوونی پێگەی سەدر لە هەردوو هەڵبژاردنی 2018 و 2021، لەگەڵ بەهێزبوونی سەربازییانەی گرووپەکانی نزیک لە ئێران و خواستی تاران بۆ نفوزی زیاتر لە عێراق، پێگەی سیستانییان لاواز کردبوو.

بەهەمان شێوە، دەسەڵاتی عەلی خامنەییش لە ئێران لانیکەم لە دوای 2009وە توشی تەگەرەی گەورە بوو. سەرەتا تەگەرەی باڵی ریفۆرمیستەکان و دواتریش ئەو تەگەرەیەی کە لایەنی موحافزەکارەکارەکانی وەک رەفسەنجانی، رۆحانی و تەنانەت ئەحمەدی نەژاد بۆی دروستکرا، ناکۆکێکانی نێوان نوخبەی دەسەڵاتداری ئێرانی بردە قۆناخێکی دیکە. هەروەها، هاوشێوەی ناڕەزاییەکانی تشرینییەکان لە عێراق، لە ماوەی 5 ساڵی رابردوودا هەموو ساڵێک خۆپیشاندان لەدژی حکومەت لە ئێران کراوە کە ساڵ بە ساڵ قەبارە و جوگرافییەکەی گەورەتر و فراوانتر بووە. هەڵبەت سەرەڕای ئەو لاوازییەی کە لە ئاستی نێوخۆییدا توشی بوو، یەکێک لە گەورەترین هۆکارەکانی لاوازی ئێران لە عێراق، دەرکەوتنی خۆپیشاندانەکانی تشرین بوو کە تێیدا چەندین جار کۆنسوڵخانەکانی لە باشووری عێراق سووتێندران و دیدگایەکی دژی دەستوەردانی ئێرانی دەرخست کە دواتر لەلایەن موقتەدا سەدریشەوە  پەرەی پێدرا. خواستی وڵاتانی عەرەبی و کەنداو بۆ رۆڵگێڕانی زیاتر لە عێراق، هاتنی ترەمپ و کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەتننامەی ئەتۆمی و گەمارۆی نوێی ئەمریکا، دەرفەت و توانای ئابورری ئێرانی بۆ چالاکییە ناوچەییەکان کەمکردەوە. ئەو ئێرانەی کە جاران یارمەتی دارایی گرووپە شیعییەکانی دەدا، لەم قۆناخەدا پێویستی بە عێراق بوو وەک بازاڕ و دەرچەیەک بۆ خۆپاراستن لە گەمارۆکانی ئەمریکا. ئەمەش بیەوێت یاخود نەیەوێت کاریگەری ئەو وڵاتەی لە عێراق کەمکردەوە. بۆ نموونە، لەوانەیە بێدەنگیی درێژخایەنی ئێران لە رکابەریی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی، یان پاراستنی پەیوەندیی لەگەڵ کازمی، سەرەڕای ناڕەزایی گرووپەکانی لایەنگری خۆی، لەو پێویستیە ئابورییەوە سەرچاوەی گرتبێت کە بە بێ رەزامەندی حکومەت و سەدر بۆی مەیسەر نەدەبوو. وەک نموونەی گرێبەستەکانی کڕینی گازی سروشتی و کارەبا یان بابەتی پێدانەوەی قەرزەکانی ئێران کە کابینەی کازمی کارئاسانی بۆ کردبوون. لە لایەکی دیکەوە، کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودس و ئەبومەهدی موهەندیس لە ساڵی 2020 کە وەک بازووی ستراتیژییەتی کاریگەری لەڕێی تۆڕی گرووپە پرۆکسییەکانەوە بوون، خاڵێکی دیکە بوو کە پێگەی خامنەیی لە عێراق لاوازکرد. سەردانە بەردەوامەکانی فەرماندەی نوێی سوپای قودس بۆ رازیکردنی موقتەدا سەدر بۆ رێککەوتن لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی بێ ئەنجام بوون. تەنانەت نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ئایەتوڵڵا کازمی حائریش وەک مەرجەعی پێشووی سەدرییەکان کە رەخنەی توندی لە سەدر گرتبوو، نەیتوانی سەدر رازی بکات. بەڵام داوایەکی سیستانی لە دوای دەرکەوتنی گرژییەکانی مانگی 8ی ئەمساڵ سەبارەت بەوەی

"چاکسازی لە دەرەوەی حکومەت ناکرێت"

عەلی سیستانی

لەگەڵ دەرکەوتنی خوپیشاندانەکانی ژینا دوو هۆکاری گرنگ بوون کە سەدر رێگا بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بدات تاوەكو حکومەت پێکەوە بنێت. بنەماڵەی سەدر بەشێوەی نەریتی لایەنگری حکومەتی پیاوانی ئاینین و ئەگەری رووخانی حکومەتی ئیسلامی لە ئێران دەتوانێت کاریگەری لەسەر عێراقیش دابنێت. هەربۆیە دوای فراوانبوونی خۆپیشاندانەکان، لایەنگرانی سەدر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وازیان لە پاڵپشتی خۆپیشاندەران هێنا کە بە شۆڕشگێڕ ناویان دەبردن و خودی سەدریش هۆشداری دا لە گەشەکردنی رەوتی دژایەتی پیاوانی ئایینی لە عێراق هاوشێوەی ئەوەی لە ئێران روویدا.

هۆکارێکی دیکەی لاوازی پێگەی خامنەیی و سیستانی بابەتی تەمەن و تەندروستییە کە لەم ساڵانەی دواییدا زۆرتر باسدەکرێن. خامنەیی تەمەنی 83 ساڵە و چەند جارێکە باسی نەخۆشییەکەی لە میدیاکاندا دەکرێت. سیستانی تەمەنی92 ساڵە و چەند ساڵێکە بابەتی شوێنگرەوەی هەردووکیان لە رۆژەڤدایە.

رکابەری لەسەر دەسەڵات شتێکی سروشتییە و شیعەکانی عێراقیش وەک گەورەترین پێکهاتەی ئەم وڵاتە کە 60٪ن نفوسەکەی پێکدەهێنن، لەدوای 2003وە دەرفەتی زیادکردنی دەسەڵاتی خۆیان بۆ رەخسا و لەگەڵ ئەوەشدا رکابەریی ناوخۆیی لەسەر دەسەڵات گەشەیکرد. تەنیا لە ماوەی دوو دەیەی دوای رووخانی رژێمی بەعسدا، لانیکەم 5 دابەشبوونی گەورە لە نێو سێ لایەنی سەرەکی سیاسی شیعی لە عێراق، واتا حیزبی دەعوە، ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و رەوتی سەدر روویداوە.

خشتەی 1: جیابوونەوە و لیکترازانی نیو حزبە شیعییەکان لە عێراق

لایەنی جیابووەوەحیزبساڵ
عەسائیبی ئەهلی هەقسەدر- سوپای مەهدی2006
رێکخراوی بەدرئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق2007 و دابڕانی کۆتایی2012
چاکسازی نیشتمانی- جەعفەریحیزبی دەعوە2008
رەوتی حیکمەئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق2017
لیستی نەسر- عەبادیحیزبی دەعوە2018

لە تەنیشت ئەوانەشدا چەندین دابەشبوونی بچووکی دیکەش روویانداوە و ئەوەش بەرزیی ئاستی رکابەرییە سیاسییەکانی ناوخۆی شیعە دەردەخات. لەو کاتانەدا کە پێگەی سیستانی و خامنەیی  لە ئێستا بەهێزتر بوو، ناکۆکی نێوخۆیی شیعەکانی عێراق، جگە لە چەند نمونەیەکی سنووردار لە ساڵی 2003نەبێت، زیاتر لە چواچێوەی گۆڕانی هاوپەیمانی و رکابەرییەکان بوو. بەڵام لە دوای شەڕی داعش، بە تایبەت لە دوای 2018 وە ئەو ناکۆکی و گرژییانە زیاتر ئەمنی بوون و توندوتیژی زیاتری تێکەوت. خۆپیشاندانەکانی تشرین بە شێوەیەکی خوێناوی سەرکوتکران و بە پێی ئامارەکان لانیكەم 319 كوژراو و 15 هەزار برینداری لێکەوتەوە. یاخیبوونی گرووپە چەکدارییەکانی شیعە لە حکومەت گەیشتە ئاستی هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکوەزیران و هێرشی بەردەوام بۆ سەر کاروانی لۆجستیکی هێزی هاوپەیمانان و بنکە سەربازییەکان و هەرێمی کوردستان. هەروەها، پێکدادان لە نێوان رەوتی سەدر و عەسایبی ئەهلی حەق لە میسان و بەسرە زۆرتربوون و پێکدادانی لایەنگرانی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە 2022، ژمارەی 22 قوربانیی لێکەوتەوە.

لایەنە شیعە دابەشبووەکان دوای هەڵبژاردنی ئەکتۆبەری 2021

کۆتایی

دەكرێ گەلێك هۆكاری جیاجیای سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئابووری لە پشت ناكۆكیی نێوان لایەنە شیعییەكانەوە بێت بەڵام خاڵێكی هاوبەش هەیە كە دەتوانێت هەموو ئەو رەهەندانەش لە خۆ بگرێت؛ ئەویش رکابەری لەسەر دەسەڵاتی (ئۆتۆریتە) دینییە کە توانیویەتی ئاراستە بەو ململانێ و گرژییانە بدات. دەسەڵاتی دینی شیعی، تەنیا بابەتیكی ئاییینی نییە كە دووربێت لە سیاسەت و باسەكانی پەیوەست بە دەسەڵات. بەڵكو فۆرمێكی دەسەڵاتە كە دەتوانێت گەلێك رەهەندی سیاسی، ئابووری و كۆمەڵاتیشی هەبێت و، ئەزموونی مێژوویی دەریخستووە کە هەرکاتێک دەرفەتی بۆ رەخسابێت بە ئاسانی بەسیاسی بووە.

بە شیوەیەکی گشتی، سروشتی ململانێی هێزە شیعییەکان دوو رەهەندی ئایینی و ماددی هەیە. لەلایەک لە سەر زاڵکردنی دیدگای دینی و بابەتی مەرجەعییەتی دینی لە رکابەریدان و لەلاکەی دیکەش، لەسەر دەسکەوتی سیاسی و ماددی لە کێشمەکێش دان کە مەرجەعییەت لەوەشدا رۆڵێکی کارای هەیە. گۆڕانی سیستەمی سیاسی عێراق لە 2003 و هاتنی سیستەمێكی دیموكراتی ئەو دەرفەتەی بۆ شیعەكان رەخساند تا لەسەر بنەمای زۆریی هەژموون، بتوانن وەك كاریگەرترین هێزی سیاسی لە عێراق دەركەون و رۆژبەرۆژ ئەو كاریگەرییەش زیاتر بكەن. ئەكتەرە سیاسییە دیارەکانی شیعە لە عێراق، باكگراوندێكی ئیسلامییان هەیە و بێجگە لە رەوتی تشرینییەكان كە دەكرێ وەك رەوتێكی مەدەنی نوێ ناوزەد بكرێن، ئەوانی دیكە، راستەوخۆ كاریگەری دەسەڵاتی ئایینی بەسەریانەوە هەیە. دەسەڵاتی دینی واتای هەبوونی توانای ئاراستەپێدانی گۆڕانکارییە ستراتیژییەکانی وڵات دەدات.

بۆیە، لێرەوەیە كە گۆڕانكارییەكان لە پێگەی دەسەڵاتی دینی و بە دیاریکراوی پێگەی هەریەک لە عەلی سیستانی(حەوزەی نەجەف) وعەلی خامنەیی (حەوزەی قوم) دەتوانێت ئاراستە بە جۆری ململانێی ئەو هێزانەش بدات. یەکیان مەرجەعییەتێکە کە لە چەند دەیەی رابردوودا وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی ئاراستەی بە سیاسەتی عێراق داوە و ئەوی دیکەشیان، نوێنەرایەتی ئەکتەرێکی دینی - دەوڵەتی دەکات کە هەوڵی زیادکردنی کاریگەری خۆی لە عێراق دەدات.

لەکۆتاییدا، وەک لەڕێی نموونە و هۆکارە جیاوازەکانەوە پیشاندرا، دەسەڵاتی ئایینی- سیاسی هەریەک لە عەلی سیسیتانی و عەلی خامنەیی لەو ساڵانەی دواییدا بە هۆکاری زیادبوونی رکابەریی ناخۆیی، هۆکاری تەمەن، ململانێی جیۆ-سیاسی دەوڵەتان لە عێراق کەمیکردووە و ئەمەش وەک هۆکارێکی گرنگ کاریگەری لەسەر ململانێ ناخویی نوخبەی شیعە لە عێراق داناوە.

Share this Post

لێکۆڵینەوە