شرۆڤە

خەرجکردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە؛ لە سفرەوە بۆ سفر

20-11-2023


بەرایی

رۆژی 14ی نۆڤەمبەری 2023 وەزارەتی دارایی  عێراق راپۆرتی دارایی خەرج و داهاتەکانی نۆ مانگی رابردووی بڵاوکردەوە، کە بەپێی راپۆرتەکە لەو نۆ مانگەدا هیچ دینارێک بۆ هەرێمی کوردستان خەرجنەکراوە و، ئەوەی ناردوویەتی بە قەرز و لە بانکەکانەوە بووە.

بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی، کۆی خەرجییەکان لە نۆ مانگی رابردوودا 78.25 تریلیۆن دینار بووە و کۆی داهاتی نەوتی و نانەوتی 95.84 تریلیۆن دینار بووە، واتە 17.59 تریلیۆن دینار داهاتی عێراق لە خەرجییەکانی زیاتر بووە. لەکاتێکدا بەپێی پرۆژە بودجەی 2023 دەبوایە قەرز بکات بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکانی ئەمساڵ.

لەڕاستیدا، ئەم سەرڕێژییەی داهاتی عێراق لەم نۆ مانگەدا پەیوەندی بە چەند خاڵێکی سەرەکییەوە هەیە وەک: درەنگ پەسەندکردنی بودجە، بەرزی نرخی نەوت، دواکەوتنی خەرجی پرۆژەکان، لەسەروو هەمووشیانەوە نەناردنی پشکی هەرێمی کوردستان. بۆ نموونە ئەگەر بەپێی بودجە بوایە، دەبوو سەرووی 10 تریلیۆن دینار خەرجبکرایە نەوەکو 4.7 تریلیۆنی بە قەرز بۆ بنێردرێت.

جیاوازییەکی دیکەی خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە پەیوەستە بە کابینەکان یاخود قۆناخی سەرکوەزیرانەکانەوە لە عێراق، بۆ نموونە لەماوەی پێنج ساڵی رابردوو بەپێی سەرۆکوەزیرانەکان خەرجکردنی پارە لە بودجەی گشتی عێراق بەرزی و نزمییەکی زۆری کردووە و ئەوەش پەیوەندی بە هەناردەکردنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە نەبووە.

بۆ نموونە لە 2019 و لە سەردەمی عادل عەبدولمەهەدی دا، لە نۆ مانگدا بەغداد 4.08 تریلیۆن دیناری بۆ هەرێمی کوردستان خەرجکردووە، بەڵام ئەمساڵ وەک سەردەمی عەبادی (2016 و 2017 )، لەو نۆ مانگەدا هیچ بۆ هەرێمی کوردستان خەرجنەکراوە. هەرچەند لە ئەمساڵدا جیاواز لەو دوو ساڵە، بە قەرز پارە دەنێردرێت ئەویش دوای راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 25ی ئادار 2023.

هەروەها، ژمارەکانی هەشت ساڵی رابردوو دەریدەخەن کە رۆژ بە رۆژ خەرجییەکان لەعێراق زیاد دەبن. بەتایبەتیش خەرجی بەکارخستن و لەنێو بەکارخستنیش دا خەرجی مووچەی فەرمانبەران، کە لەماوەی تەنیا 8ساڵ دا سەرووی 10 تریلیۆن دینار زیادیکردووە. لەکاتێکدا و لە 2016دا مانگانە  تەنیا 20 تریلیۆن دینار بوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە سەروو 30 تریلیۆن دینار!، ئەمە سەرەڕای کەمبوونەوە یاخود نەبوونی پلانی زیادکردنی خەرجی وەبەرهێنان لەو ماوەیەدا.

لێرەدا بە کۆکردنەوەی داتاکان و خستنەڕوویان هەڵوەستەیەک لەسەر داهات و خەرجییەکانی عێراق لە نۆ مانگی یەکەمی 8 ساڵی رابردوودا دەکەین و گۆڕانکارییەکانی دەخەینە بەرباس. فۆکووسی سەرەکیش لەسەر خەرجییەکانە نەوەکو قەرز بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە.

داهاتی نەوتی و نانەوتی عێراق لە نۆ مانگی یەکەمی هەشت ساڵی رابردوودا

بەپێی داتا بڵاوکراوەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا رۆژ بە رۆژ داهاتی نانەوتی کەمیکردووە و پەیوەست نەبووە بە بەرزی و نزمی کۆی داهاتەوە. تەنانەت تاڕادەیەک پەیوەست نەبووە بە داهاتی نەوتەوە.  بۆ نموونە لە 2016دا کۆی گشتی داهات 35.7 تریلیۆن دینار بووە، کە 29.6 تریلیۆن دیناری داهاتی نەوتی و 6.06 تریلیۆن دیناریشی داهاتی نانەوتی بووە. بەڕێژەش داهاتی نەوتی 83% و داهاتی نانەوتی 17% بووە، بەڵام لە 2023دا لەهەمان نۆ مانگی یەکەمدا کۆی گشتی داهات 95.84 تریلیۆن دینار بووە، کە 91.46 تریلیۆن دیناری داهاتی نەوتی و 4.38 تریلیۆن دیناری داهاتی نانەوتی بووە، واتا داهاتی نەوتی 95% و داهاتی نانەوتی 5% بووە. لەو ماوەیەدا داهاتی نانەوتی بە بەراورد بە نەوت بەڕێژەی 12% کەمیکردووە، بە دیناری عێراقیش لە سەرووی 6 تریلیۆنەوە کەمیکردووە بۆ 4.3 تریلیۆن دینار!

لەڕوویەکی دیکەوە، ئەم کەمبوونەوەیەی داهاتی نانەوتی ئاماژەیەکی روونە بۆ کۆنەکردنەوەی داهاتەکانی دەرەوەی نەوت وەک باج، رسومات، داهاتی دەروازە سنوورییەکان و بەشداریی کەرتی گشتی وەک نەخۆشخانە، هاتوچۆ و هتد.

هەروەها وەکو لە گرافیکی دووەمدا هاتووە، تاڕادەیەک کۆکردنەوەی داهاتی نانەوتی پەیوەندی بە داهاتی نەوتییەوە نەبووە، بۆ نموونە لە 2020دا داهاتی نەوتی تەنیا 35.31 تریلیۆن دینار بووە، لەکاتێکدا لە 2018دا داهاتی نەوتی 69.05 تریلیۆن دینار بووە، کەچی لە بەرامبەردا داهاتی نانەوتی لە 2020دا 3.12 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام لە 2018دا 7.33 تریلیۆن دینار بووە. ئەگەر بەڕێژەش تەماشا بکەین لە 2018دا داهاتی نانەوتی رێژەی 10%ی کۆی داهات بووە، بەڵام داهاتی نانەوتی لە 2020دا دابەزیووە بۆ 8%.

هەروەها، لەماوەی 8 ساڵی رابردوودا، داهاتی عێراق بەرز و نزمییەکی گەورەی کردووە، لەکاتێکدا لە جیهان دا و لەڕووی ئابوورییەوە دەبوایە ساڵ بە ساڵ داهاتەکەی زیاتر بوایە، بەڵام لە عێراق کۆی گشتی داهاتەکان بەشێوەیەکە کە لە سێ چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی سێ هێندەی 2016یە، لەکاتێکدا لە 2023دا 95.84 تریلیۆن دینارە، لە بەرامبەردا لە 2016دا تەنیا 35.72 تریلیۆن دینار بووە!

گرافیک 1: رێژەی بەشداریی داهاتی نەوتی و نانەوتی لە 2016 -2023 لە عێراق لە نۆ مانگی یەکەمدا

سەرچاوە: مەڵپەڕی فەرمی وەزارەتی دارایی عێراق، بەشی راپۆرتی مانگانە 14-11-2023.

گرافیک 2: داهاتی نەوتی و نانەوتی عێراق لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵ لەماوەی نێوان 2016-2023

سەرچاوە: مەڵپەڕی فەرمی وەزارەتی دارایی عێراق، بەشی راپۆرتی مانگانە 14-11-2023.

خەرجییەکانی نۆ مانگی یەکەمی ساڵ لە 2016 بۆ 2023 لە عێراق

لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا خەرجییەکانی عێراق بەڕێژەی 73% زیادیکردووە، لەکاتێکدا لە 2016دا کۆی خەرجییەکان لە نۆ مانگی یەکەمدا 45.19 تریلیۆن دینار بووە، لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بۆ 78.25 تریلیۆن دینار بەرزبووەتەوە. لەکاتێکدا ئەم زیادبوونە بۆ وەبەرهێنان نەبووە، چونکە لە 2016دا کاتێک کۆی خەرجییەکان 45.19 تریلیۆن دینارە، خەرجی بەکارخستن 36.7 تریلیۆن دینار و خەرجی وەبەرهێنان 8.4 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام لە 2023دا کۆی خەرجییەکان دەگاتە 78.2 تریلیۆن دینار، خەرجی بەکارخستن دەگاتە 69.8 تریلیۆن دینار، بەڵام وەبەرهێنان هەر 8.4 تریلیۆن دینارە وەکو لە گرافیکی سێیەمدا هاتووە.

لەڕاستیدا، ئەم زیادبوونەی خەرجییەکان لەعێراق پەیوەستە بە خەرجی مووچەوە، بۆ نموونە لە 2016دا و لەنێو خەرجی بەکارخستن خەرجی مووچەی فەرمانبەران و قەرەبووکردنەوەیان 23.33 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام لە 2023دا ئەوە بەرز دەبێتەوە بۆ 33.49 تریلیۆن دینار، واتا لەماوەی 8 ساڵی رابردوو خەرجییەکانی عێراق بۆ مووچەی فەرمانبەران بەڕێژەی 43% یاخود سەروو 10 تریلیۆن دینار زیادیکردووە.

خاڵیکی دیکەی سەرنجڕاکیش جیاوازییەکانی ئەمساڵ و ساڵی رابردووە لە نۆ مانگی یەکەمدا، سەرەڕای کەمبوونەوەی داهات، کەچی خەرجییەکان وەک یەک بووە. بۆ نموونە لە 2022دا کاتێک کۆی گشتی داهات سەرووی 122 تریلیۆن دینارە، خەرجییەکان 78.75 تریلیۆن دینارە، کەچی ئەمساڵ کۆی گشتی داهات دابەزیووە بۆ 95.8 تریلیۆن دینار، کەچی کۆی گشتی خەرجییەکان 78.25 تریلیۆن دینار بووە.

 ئەم زیادبوونەی خەرجییەکان لە عێراق پەیوەست نەبووە بە وەبەرهێنانی پارەوە لە بوارەکانی پیشەسازی، کشتووکاڵ و هتد ، بۆ نموونە خەرجی وەبەرهێنان لە 2017دا 10.3 تریلیۆن دینار بووە، کەچی لە 2023دا کەمبووەتەوە بۆ 8.43 تریلیۆن دینار، واتە 1.87 تریلیۆن دینار کەمتر بووەتەوە، لەکاتێکدا لە 2017دا کۆی خەرجییەکان 52.2 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام لە 2023دا کۆی خەرجییەکان 78.25 تریلیۆن دینار بووە.

گرافیک 3: خەرجییەکان لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵ لەماوەی نێوان 2016-2023

سەرچاوە: مەڵپەڕی فەرمی وەزارەتی دارایی عێراق، بەشی راپۆرتی مانگانە 14-11-2023.

تێبینی، مووچەی فەرمانبەران لەنێو بودجەی بەکارخستن دایە، تەنیا بۆ جیاوازیکردن و پیشاندانی جیاوازی زیادبوونی مووچەی مووچەخۆران لەعێراق دانراوە.

خەرجکردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدادەوە؛ لە سفرەوە بۆ سفر

بەبێ گەڕانەوە بۆ ساڵانی دوای 2003، بەڵکوو بە گەڕانەوە تەنیا بۆ ماوەی 8 ساڵی رابردوو کە داتاکانی بەردەستە و لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بڵاوکراونەتەوە، حکومەتی عێراقی لەساڵی 2016دا هیچ یان سفر دیناری لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵ دا بۆ هەرێمی کوردستان خەرجکردووە، ئەمساڵیش بەهەمان شێوەیە وەکو لە گرافیکی 4دا هاتووە.

پەیوەست بە پشکی هەرێمی کوردستان لەکۆی داهاتی عێراق، ئەگەر بەپێی دوایین پرۆژەیاسای بودجە بێت، ئەوا سەروو 16.6 تریلیۆن دینارە یاخود 12.67% لە کۆی گشتی بودجەی عێراقە، ئەویش دوای دەرهێنانی خەرجییەکانی سیادی و حاکیمە و گەشەپێدانی هەرێمەکان.

لەڕاستیدا، ئەگەر بەراوردەکە نەبەینەوە بۆ پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی بودجەی عێراق و چۆنیەتی خەرجکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی گشتی داهاتی عێراق، ئەوا راستییەکی روون دەردەکەوێت کە لەماوەی 8 ساڵی رابردوودا، نەوت هەناردە کرابێت و نەکرابێت، پارەی خەرجکراو لە بەغدادەوە بۆ هەرێمی کوردستان رۆژ بە رۆژ کەمبووەتەوە.

هەروەها، لەڕووی سەردەمی سەرۆکوەزیرانەکانیشەوە بەپێی داتاکان، لە 2019دا و سەردەمی سەرۆکوەزیرانی عادل عەبدولمەهدی باشترین بووە کە لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵەکەدا 4.08 تریلیۆن دیناری سەرەڕای هەناردەکردنی نەوت بۆ هەرێمی کوردستان خەرجکردووە، بەڵام لە سەردەمی محەممەد شیاع سوودانی سفر یاخود هیچ دینارێک جگە لە قەرز بۆ هەرێمی کوردستان خەرجنەکراوە.

لەکاتێکدا لە ئەمساڵدا ( 1-1-2023 تاوەکو 30-6-2023 ) ئەو بڕەی بە حەوت جار هاتووە بۆ هەرێمی کوردستان 2.59 تریلیۆن دینار بووە! کە بەپێی راپۆرتی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی بەغدا 1.6 تریلیۆن وەک قەرز و 998 ملیار وەک پشکی هەرێمی کوردستان هاتووە، بەڵام لە راپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژە بە هیچ بڕێک نەکراوە کە لە ئەمساڵدا تاوەکو مانگی نۆ بۆ هەرێمی کوردستان وەک بودجەی بەکارخستن و بودجەی وەبەرهێنان خەرجکرا بێت. هەروەها، رۆژی 17ی ئەیلوول 2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا کەوا 2.1 تریلیۆن دینار دیکە وەک قەرز بۆ مانگەکانی (9-10-11)ی 2023 بنیرێت، کە تاوەکو ئێستا دوو گوژمەی هاتووە و 700 ملیاری دیکەی ماوە. 

گرافیک 4: خەرجکردنی پارە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان لە نۆ مانگی یەکەمی 2016-2023

سەرچاوە: مەڵپەڕی فەرمی وەزارەتی دارایی عێراق، بەشی راپۆرتی مانگانە 14-11-2023.

کۆتایی

رەنگە ئەمساڵ کۆی داهاتی نەوتی عێراق بگاتە سەرووی 100 ملیار دۆلار، واتە بەدیناری عێراقی و بەنرخی فەرمی بانکی ناوەندی سەرووی 130 تریلیۆن دینارە. ئەگەر داهاتی نانەوتیش وەک ساڵی رابردوو کۆبکاتەوە ئەوا 5 تریلیۆن دینارە، واتە کۆی گشتی بەتێکڕا سەرووی 135 تریلیۆن دینارێک دەبێت. ئەگەر خەرجییەکانیش لەم دوو مانگەدا وەک ساڵی رابردوو بەردەوام بێت، وەک چۆن لە نۆ مانگی رابردوو نزیک بووە لە نۆ مانگی ساڵی رابردوو، ئەوا کۆی خەرجییەکان دەگاتە 116 تریلیۆن دینار، ئەگەر قەرزەکانی هەرێمی کوردستان بکرێتە خەرجی کە تاوەکو ئێستا نزیکەی 4.7 تریلیۆن دینار، ئەوا کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق لە 2023دا بەتێکڕا دەگاتە 120.7 تریلیۆن دینار، واتە هێشتا 79 تریلیۆن دینار کەمترە وەک ئەوەی لە بودجەی 2023دا هاتووە و داهاتەکەشی کە لە نەوتەوە دێت، بڕی سەروو 14.3 تریلیۆن دینار سەرڕێژی لە خەرجییەکان دەبێت.

لەڕاستیدا، ئەوەی لە ژمارەکانەوە دەردەکەوێت ساڵ بە ساڵ لەجیاتی زیادکردنی داهاتی نانەوتی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوتی، کەچی لەماوەی 8 ساڵی رابردوودا داهاتی نانەوتی لە کۆی گشتی داهات لە 17% بۆ 5% کەمیکردووە، واتە داهاتی نەوتی لە 83% بۆ 95% وەک داهاتی گشتی دەوڵەت بەرزبووەتەوە، ئەمەش کارەساتەکەی لە نزمی نرخی نەوت و سەردەمی وزە نوێبووەکاندا بەڕوونی دەردەکەوێت. 

خاڵیکی دیکەی گرنگ کە لە ئابوورییەوە بە سووتانی سامانی دەوڵەت ناودەبرێت و وڵات دوور دەخاتەوە لە بەرهەمهێنان و بەرەو داڕمانی ئابووری و رووخانی سیستمی ئابوورییەکەی دەبات، بریتییە لە زیادبوونی کارمەندی کەرتی گشتی و نەبوونی چالاکی کەرتی تایبەت، کە لە ژمارەکانی نۆ مانگی هەشت ساڵی رابردوودا دەردەکەوێت کە ساڵ بە ساڵ خەرجییەکانی زیادیکردووە. لەو ماوەیەدا سەرووی 10 تریلیۆن دینار زیادیکردووە.

لەکۆتاییدا، بەپێی ئەنجامی سەردانەکەی ئەمدواییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و جێگرەکەی بۆ کاروباری وزە، رەنگە بەغدا نەیەوێت وەک ساڵانی یەکەمی 2003 دۆلار یان دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، هەربۆیەش ئێستا باس لە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەکرێت، چونکە دەرکەوت هەرێمی کوردستان نەوتیش هەناردە نەکات بەغدای نوێ ئامادە نییە وەک ساڵانی سەرەتای دوای 2003 پشکی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لە بودجەدا دێت بنیرێت. لە 2014وە بڕی تەمویلنەکراو یەکسان بووە یان نزیک بووە لەو بڕەی وەک  پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا دادەنرێت، لە 2016 و 2017 دا هیچ پارەی خەرج نەکردووە و ئەمساڵیش تاوەکو ئێستا هیچی وەک خەرجی نەناردووە، هەرچەندە گوژمەیەک وەک قەرز بە دەیان مەرجەوە دەنێرێت.

Share this Post

شرۆڤە