چالاکی

سەمیناری کۆنسوڵی گشتی کۆریای باشوور لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو

03-10-2022


رۆژی سێشەممە، 27ی ئەیلوولی 2022، ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو  لە هەولێر بە ناونیشانی “هەرێمی کوردستان و ئەزموونی کۆریای باشوور” سەمینارێکی بۆ چۆ کیجۆنک، کۆنسوڵی گشتی کۆماری کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی لێکۆڵینڤانان، شرۆڤەکارانی سیاسی و بەرپرسانی دامەزراوە جیاوازەکانی حکومەت، مامۆستایانی زانکۆ و خوێندکاران بەڕێوەبرد.

سەمینارەکە بە گوتاری ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تۆڕی میدیایی رووداو دەستیپێکرد و بەگرنگییەوە ئاماژەی بە ئەزموونی کۆریای باشوور کرد و گوتی “ئەزموونێکە کە وڵاتانی وەکو ئێمە زۆر باش دەتوانن سوودی لێوەربگرن، ئەگەر لێی بکۆڵینەوە و وردبینەوە لەوەی ئەوان چۆن سەرکەوتن.”

هەروەها، ئاکۆ محەممەد ئاماژەی بە بیرەوەرییەکانی لی میونگ، سەرۆکی پێشووتری کۆریای باشوور کرد و گوتی ” کاتێک من بیرەوەرییەکانی لی میونگ خویندەوە، باس دەکات کە خۆی و خوشکەکەی جاری واهەبووە نەیانتوانیوە هیچ بخۆن، چونکە هیچیان دەستنەکەوتووە، ئەوەندە هەژار بوونە، بەڵام ئێستا ئەو وڵاتە دەیەمین ئابووری جیهانی هەیە، وڵاتێکە بۆ پێشکەوتن یەک لەو وڵاتانەیە کە ئێمە هەموومان وەک مرۆڤایەتی سوودمەندین لە پێشکەوتنی ئەو وڵاتە، لەو عەقڵ و پێشکەوتنەی ئەوان بە مرۆڤایەتی دەبەخشن”.

لەدرێژەی گوتارەکەیدا، بەڕێوەبەری گشتی گوتی “ساڵانە زۆرترین پارە کە بۆ لێکۆڵینەوە خەرجدەکرێت لە جیهان لە کۆریای باشوورە، هەر لەبەرئەوەشە ئەوەی بەجیهانی دەبەخشن یەکجار زۆرە، هەر هۆیەشەوە بووە، وڵاتیکی نەخویندەوار، کەخەڵکەکەی  نەخویندەوار بووە، ئێستا 80% خەڵکەکەی دەرچووی زانکۆن، تەمەنی خەڵکی ئەو وڵاتە 55 ساڵ بووە، ئێستا رێژەی تێکڕای تەمەن 80 ساڵ”.

لە سەمینارەکەدا، کۆنسوڵی کۆریای باشوور لە چوار تەوەری جیاوازەوە ئەزموونی گەشەسەندن و پێشکەوتنی کۆریای باشووری بۆ ئامادەبووان گێڕایەوە،

  • ئەزموونی کۆریای باشوور لە سەقامگیری پیشەسازی و گەشەسەندنی ئابووری
  • پتەوکردنی بنەماکانی دیموکراسی و بابەتی ماف و ئازادییەکان
  • پەلهاوێشتنی کلتووریی کۆریای باشوور
  • پێوەندییەکانی کۆریای باشوور و هەرێمی کوردستان  گیڕایەوە.

چۆ کیجۆن،  کۆنسوڵی گشتیی کۆریای باشوور سەرەتای سەمینارەکەی بە پرسیارێک دەستپێکرد و گوتی “چەند کەس لە ئێوە سەردانی کۆریای کردووە؟ ئەها یەک، دووان، هەندێک لە ئێوە، زۆرباشە و لەوانەیە زانیارییەکانی زۆرباشتان هەبێت لەبارەی وڵاتەکەمەوە، هەروەها دەمەوێت ئەوە بپرسم کەوا ئێوە بیرتان لەوەکردووەتەوە کە مەرجەکانی خۆشبەختی چین؟ ئەو مەرجانە چین؟ رەنگە زۆر مەرج هەبن، بەڵام بۆ من ئەم مەرجانە بریتین لەوەی کە لە باشترین شوێن و لە باشترین کات بەدەستبهێنرێت، بۆ نموونە چ بەسەر مندا دەهات، ئەگەر من لە کۆریای باکوور گەورە بومایە! من تەنانەت ناتوانم بیریشی لێبکەمەوە”.

هەروەها،  کۆنسوڵی گشتیی کۆریای باشوور باسی لە قۆناخەکانی مێژووی نیمچە دوورگەی کۆریای دوای جەنگی دووەمی جیهانی کرد و هەروەها باسی لە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد.

ژینگەی جیۆسیاسیی کۆریای باشوور

چۆ کیجۆنگ ئاماژەی بەوەکرد کە وڵاتەکەی لە سەرەتای دروستبوونیدا هەلومەرجی خۆشبەختیی نەبوو، “بەڵام خۆشبەختانە” کۆرییەکانی باشوور “توانییان لە ماوەی شەش دەیەدا ئەو مەرجانە دروستبکەن و خۆیان بەرەوپێشببەن،” ئەمە وێرای ئەوەی لە رووی جیۆسیاسییەوە ئەو وڵاتە بەهۆی پێکهاتەی جوگرافییەوە کە دەکەوێتە نیمچەدوورگەیەک “لە دۆخێکی جیۆسیاسیی ئاڵۆز و مەترسیدار”ـدا بوو.

کۆنسوڵی گشتیی کۆریای باشوور گوتی، هەڵکەوتەی جوگرافیای نیمچە دوورگەی کۆریا وایکردووە لە مێژووی خۆیدا 700 جار لە لایەن وڵات و نەتەوەکانی دیکەوە داگیربکرێت، بۆیەش وڵاتێکی وەکو کۆریای باشوور کە خاوەن 51 ملیۆن دانیشتوو و ئابوورییەکی زەبەلاحە کە ئێستا دەیەم گەورەترینی جیهانە، پێویستە بەردەوام و لە هەموو کاتەکاندا لە خەمی مانەوەی خۆیدا بێت.

چۆ کیجۆنگ گوتی ” من چیرۆکەکەم بەوە دەستپێدەکەم کە چۆن خەڵکی کۆری سەرکەوتوو بوون لە گوڕینی ئەم دۆخە خراپانە بۆ باشترین رەوش، ئەویش لە ریگەی فۆکووس خستنەسەر چوار رەهەندی مێژووی لە سەمینارەکەمدا:گەشەی ئابووری، بەدیموکراسیکردن، خۆشگوزارنی کولتووری، ئاشتی و سەقامگیری.

گەشەی ئابووریی کۆریای باشوور

ساڵی 2018 کۆماری کۆریا یان کۆریای باشوور بووە حەوتەم وڵاتی خاوەن سەرووی 50 ملیۆن دانیشتوو کە ساڵانە داهاتی نیشتمانیی GDP گشتییان دەگاتە سەرووی 30 هەزار دۆلار بۆ هەر کەسێک.

لە ساڵی 2020دا ئابووریی کۆریای باشوور بووە دەیەمین گەورەترین  ئابووری جیهان کاتێک کە کۆی گشتیی داهاتی نێوخۆی گەییشتە یەک ترلیۆن و 630 ملیار دۆلار.

لە ساڵی 2020 کۆریای باشوور بووە حەوتەم گەورەترین هەناردەکاری جیهان بە قەبارەی 512 ملیار دۆلار و نۆیەم گەورەترین هاوردەکار بە قەبارەی 468 ملیار دۆلاری ئەمریکی.

هەروەها لە ساڵی 2021 لە ریزبەندیی داهێنانی بلومبێرگ، ئەو وڵاتە وەکو یەکێک لە داهێنانکارترین وڵاتانی جیهان دەستنیشانکرا.

مێژووی ئابووریی کۆریای باشوور

چۆ کیجۆنگ گوتی: “کاتێک لە ساڵی 1945 کۆریای باشوور لەژێر دەستی داگیرکاریی ژاپۆن رزگارکرا، زۆربەی دامەزراوە پیشەسازییە دەگمەنەکان لە باکووری نیمچە دوورگەکە بوون کە دواتر بوو بە کۆریای دیموکراتی میللیی کۆریا (کۆریای باکوور).”

بە گوتەی خۆی، جەنگی نێوخۆیی کۆریا لە ساڵی 1950 تا 1953 “بە وێرانکردنی ئەو ژێرخان و سامانەی کە هەبوو، دۆخە خراپەکەی تەنانەت خراپتر کرد،” بە جۆرێک کە “یەکسەر لە دوای جەنگەکە، کۆریای باشوور بووە یەکێک لە هەژارترین وڵاتەکانی جیهان کە هیچ سەرچاوەیەکی سرووشتی ژێرخان بۆ ئابووریی نەبوو و بازاڕی نێوخۆیشی وەکو پێیوست نەبوو.”

کیجۆنگ سەرەتای گەشەی ئابووریی وڵاتەکەی گەڕاندەوە بۆ ساڵی 1962 کاتێک کە پلانێکی پێنج ساڵەی گەشەپێدانی ئابووری جێبەجێکرا.

بە گوێرەی ئامارەکانی کۆنسوڵی گشتیی کۆریای باشوور، کۆی گشتیی بەرهەمی نێوخۆی وڵاتەکەی لە ساڵی 1960 تەنیا چوار ملیار دۆلاری ئەمریکی بوو، بەڵام تاوەکو ساڵی 1990، 60 هێندە زیادی کرد بۆ 283 ملیار و تا ساڵی 2020یش 400 هێندە گەشەی کرد و گەییشتە یەک ترلیۆن و 630 ملیار دۆلار. بەو جۆرەش کۆی گشتیی بەرهەمی نێوخۆی وڵاتەکە بە گوێرەی دانیشتووان لە 80 دۆلار لە ساڵی 1960 بەرزبووەوە بۆ 31 هەزار و 881 دۆلار بۆ هەر کەسێک لە ساڵی 2020.

چوار قۆناخی گەشەی ئابووریی کۆریای باشوور

قۆناخی یەکەم لە ساڵانی 1960ـەکاندا بوو، کە پشتی بە هەناردەکردنی پیشەسازیی سووک، وەکو چنین دەبەست.

قۆناخی دووەم لە ساڵانی 1970 تا هەشتاکانی سەدەی رابردوو بوو کە تێیدا وەبەرهێنانی گەورە لە پیشەسازیی قورسی کیمیاییدا کرا و چەندین کۆمپانیا لە کەرتی پیشەسازیی جیاجیای وەک ئاسن، پیترۆکیما، ئۆتۆمبێل، کەشتیسازی، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دەستیان بەکارکردن کرد.

قۆناخی سێیەم لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا بوو کاتێک کە کۆریای باشوور داهێنانی گەورەی لە بواری پیشەسازیی قورسی کیمیاییدا بەخۆیەوە بینی و لە هەمانکاتدا دەستیکرد بە بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئاست بەرز.

قۆناخی چوارەم لە ساڵانی 2000ـدا دەستیپێکرد کاتێک کە خزمەتگوزارییەکان، تەکنەلۆجیا و کەرتە سەرمایەبەرزەکان هەنگاوی گەورەیان بەرەو پێش نا. لەم قۆناخەدا، پیشەسازییەکانی نیمچەگەیێنەرەکان، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و پیشەسازیی بەرگری گەشەیان کرد.

پاڵنەرەکانی گەشەی ئابووریی کۆریای باشوور

لە درێژەی سەمینارەکەدا، چۆ جیدۆنگ، کۆنسوڵی گشتی کۆریای باشوور گەشەی ئابووریی وڵاتەکەی بەستەوە بە، پاڵنەرانەی خوارەوە:

– ویستی خەڵک بۆ سەرکەوتن و متمانەیان بە پەروەردە وەک مسۆگەرترین رێگە بۆ سەرکەوتن.

– دایکان و باوکان هەرگیز دوودڵ نەبوون پارەیان لە پەروەردەی منداڵانیان خەرج بکەن.

– بازرگانەکان بە گیانی ‘دەتوانین بیکەین’ رکابەرایەتییان دەکرد.

– حکومەت شەش پلانی پێنج ساڵەی یەک بە دوای یەکی جێبەجێکرد.

– دەستڕاگەیشتن بە بازاڕەکانی ئەمریکا، ئەوروپا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

بەدیموکراسیکردنی کۆریای باشوور

کۆنسوڵی گشتیی کۆریای باشوور ئاماژەی بەوەکرد لەگەڵ گەشەی ئابووری، “کۆریا گەشەی گەورەی لە بواری سیاسەتیشدا بەخۆیەوە بینیوە،” ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە نیمچەدوورگەی کۆریا بە درێژایی مێژووی خۆی هیچ ئەزموونێکی لەگەڵ دیموکراسیدا نەبوو تا ئەو کاتەی کە لە ساڵی 1948 یەکەمین حکومەت بە هەڵبژاردن دەستنیشانکرا.

بەهۆی ئەوەی دیموکراسی شتێکی نوێ بوو بۆ کۆرییەکان، “ئەوان بە چەندین تەنگژەدا تێپەڕین. دوای چەندین تەنگژە، گۆڕینی دیموکراسییانەی دەستوور بە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی سەربازی لە ساڵی 1987ـدا بەدەستهات. لەو کاتەوە، دەستاودەستکردنی دەسەڵات هەمووی ئاشتییانە بووە.”

چۆ کیجۆنگ ئەوەشی خستەڕوو کە ئێستا کۆرییەکانی باشوور مافەکانیان بە “سیستمێکی پتەوی دیموکراسی و سەروەریی یاسا پارێزراون.”

مێژووی بەدیموکراسیکردنی کۆریای باشوور

کۆنسوڵی گشتیی کۆریای باشوور   ئاماژەی بەوەشکرد کە تاوەکو کەوتنی ئیمپراتۆریەتی کۆری لە ساڵی 1910، کۆریا هەر سیستمی پاشایەتی پەیڕەودەکرد. ئەگەرچی لە ساڵی 1948 دوای هەڵبژاردنێکی گشتی، حکومەتێکی دیموکرات پێکهێندرا، ئەو وڵاتە بە چەندین گرژیدا دەربازبوو “چونکە سیستمەکە نوێ بوو بۆ خەڵک.”

لە ساڵی 1960 یەکەمین سەرۆک بە شۆڕشێکی سڤیل لەکارلادرا. چۆ کیجۆنگ لەو بارەیەوە دەڵێت: “بەداخەوە، ئەو حکومەتەی دوای شۆڕشە سڤیلەکە پێکهێندرا بۆ ماوەیەکی درێژ نەمایەوە و حکومەتێکی سەربازی شوێنی گرتەوە،” ئەوەش دوای ئەوەی کە جەنەڕاڵ پارک چونگ هی لە ساڵی 1961 دەستوەردانی سەربازی کرد.

لە ساڵی 1979، وەکو کۆنسوڵی گشتی ئاماژەی پێکرد، بە کوشتنی سەرۆک پارک، سیاسەتی کۆریای باشوور بە قۆناخێکی دیکەدا دەربازبوو. دوای کوژرانی ئەو سەرۆکە، کودەتایەکی دیکەی سەربازی لە کۆتایی ساڵی 1979ـدا روویدا. دوای ئەوەش، بزوتنەوەی دیموکراسیخوازی کوانگجوو دروستبوو کە خۆپێشاندانیان دژی دەسەڵاتی سەربازی لە ساڵی 1980 ئەنجامدا. بە گوتەی چۆ کیجۆنگ، “سەدان خەڵکی سڤیل” لە کوانگجو بە دەستی سوپا کوژران.

لە حوزەیرانی 1987، سەدان هەزار خوێندکار بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی دەسەڵاتی سەربازی چوونە سەر شەقامەکان. چۆ کیجۆنگ باس لەوە دەکات کە “خەڵکی سڤیل رۆژانە دەچوونە نێو خۆپێشاندانە ئاشتییانەکانەوە تاوەکو رژێمی سەربازی خۆی بەدەست خوێندکاران و خەڵکی سڤیلەوە دا؛ چەندین گۆڕانکاری دەستووری راگەیاند، لەوانەش، هەڵبژاردنی راستەوخۆی سەرۆک لەلایەن خەڵکەوە.” ئەمەش کۆتایی دەسەڵاتی سەربازی بوو لە کۆریای باشوور و لاپەڕەیەکی نوێ بە هەڵبژاردنی سەرۆکێکی سڤیل هەڵدرایەوە.

پاڵنەرەکانی بەدیموکراسیکردنی کۆریای باشوور

سەرۆکی تیمی دیپلۆماسیی کۆریای باشوور لە هەولێر، بەدیمکوراسیکردنی وڵاتەکەی بۆ ئەم پاڵنەرانەی خوارەوە گەڕاندەوە:

– خواستی “نەبەزێنراوی” خەڵک بۆ بەدیموکراسیکردن.

– پێداگریی خوێندکاران.

– مانگرتنی بزووتنەوەی کرێکاران.

گەشەی کولتووریی کۆریای باشوور

دەستەواژەی هالیوو یان شەپۆلی کۆریای باشوور بۆ ئاماژەکردن بە گەشە و پەلهاوێشتنی کولتوور و فەرهەنگی کۆریای باشوور بەکاردێت.

بە گوتەی کۆنسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە، ئەوەی وایکردووە کە وڵاتانی جیهان زیاتر ئاشنای کولتووری وڵاتەکەی بن، هەبوونی ژمارەیەکی زۆری سەرچاوەی بەسەرهات و چیرۆکەکانە کە بە “باشی تۆمارکراون.”

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان، هەبوونی مێژوویەکی هاوچەرخی پڕ لە گۆڕانکارییە، لەوانەش قۆناخی ژێردەستەیی کۆریا لە سەردەمی داگیرکاریی ژاپۆن، جەنگی نێوخۆیی کۆریا، پڕۆسەی گەشەی ئابووری و بەدیموکراسیکردن.

چۆ کیجۆنگ هەروەها باسی لەوە کرد کە هەبوونی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان بیروباوەڕە جیاوازەکانی وەکو بودیزم، کۆنفۆشیزم، کاسۆلیک و پرۆتێستانتیزم خزمەتیان بە فرەچەشنکردنی سەرچاوەی چیرۆکەکانی کۆریای باشوور کردووە.

هەروەها هەبوونی ئازادیی رادەربڕین وایکردووە کە هونەرمەندان بتوانن ئازادانە ئەو چیرۆک و بەسەرهاتانە بگێڕنەوە.

چۆ کیجۆنگ جەختدەکاتەوە کە “بێ گەرەنتیکردنی ئازادیی رادەربڕین، گەشەی کولتووری هەرگیز رووینەدەدا،” دەشڵێت، شەپۆلی کۆری لە دوای پڕۆسەی بە دیموکراسیکردن لە ساڵانی 2000 گەییشتە ئاستی پێگەیشتووی خۆی.

یەکێکی دیکە لەو پاڵنەرانەی کە بەشداریی کارای لە ناساندنی کولتووری کۆریای باشوور بە جیهاندا کرد، “گەشەسەندنی توانا دیجیتاڵییەکانی” کۆریای باشوور بوو کە “بە خێرایی هایڵووی بە سەرانسەری جیهاندا بڵاوکردەوە،” لەسەر ئەوەش، کۆنسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە زنجیرە درامای سکوید گەیم بە نموونە دەهێنێتەوە کە ساڵی 2021 لە نێتفلێکس ژمارەی پێوانەیی بینەری تۆمارکرد.

ئاشتی و سەقامگیریی کۆریای باشوور

هێشتنەوەی ئاشتی و سەقامگیری لە نیمچەدوورگە بە لای چۆ کیجۆنگەوە “رەهەندێکی گرنگی” مێژووی هاوچەرخی نیمچەدوورگەی کۆریاییە کە “یەکێکە لەو شوێنانەی جیهان کە زۆرترین چەکی تێدایە.”

لە دوای جەنگی کۆریاوە، “بۆ ماوەی حەوت دەیە، ئاشتی و سەقامگیری لە نێوان کۆریای باکوور و کۆریای باشوور پارێزراوە، وێڕای گرژییەکانی نێوانیان.”

لە ساڵی 1948 حکومەتێکی “دیموکراسی” وەکو کۆنسوڵی گشتی ناوی دەبات لە کۆریای باشوور و یەکێکی کۆمۆنیست لە کۆریای باکوور دروستبوو، وێڕای هەوڵی ناسیۆنالیستەکان کە دەیانویست یەک حکومەتی یەکخراو بۆ نیمچەدوورگەی کۆریا پێکبهێنرێت.

تەنیا دوو ساڵ دوای ئەوە، جەنگی کۆری لەنێوان باکوور و باشووری نیمچەدوورگەکەدا لە ساڵی 1950 دروستبوو، بەڵام ئەو جەنگە “نەبووە هۆی شکستهێنانی تەواوەتیی هیچ لایەنێک بەهۆی دەستوەردانی ئەمریکا لە بەرژەوەندیی باشوور و چینیش لە بەرژوەندیی باکوور. بە پێچەوانەوە، جەنگەکە بووە هۆی جەمسەردارکردنی هەموو نەتەوەکە و درێژەکێشانی دابەشبوونەکە.”

دوای واژۆکردنی ئاگربەست لە تەممووزی 1953، کۆریای باشوور خێرا هاوپەیمانیێكی سەربازیی لەگەڵ ئەمریکا پێکهێنا. کۆریای باکووریش هەمان شتی لەگەڵ چین و یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی 1961 کرد.

رکابەرایەتیی هەردوو کۆریا

لە کۆتایی جەنگی کۆرییەوە بۆ کۆتایی جەنگی سارد، کۆریای باشوور و کۆریای باکوور کەوتنە نێو رکاربەرایەتییەکی سەختی سیستمەکانی سەرمایەداری و کۆمۆنیزم. ئەگەرچی تا سەرەتای ساڵانی 1970، کۆرییەکانی باکوور دۆخیان لە کۆرییەکانی باشوور باشتر بوو، کۆنسوڵ دەڵێت: “رکابەرییەکە بوو بە شتێکی بێمانا، چونکە گەشەی ئابووریی کۆریای باشوور لە حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابردوودا هێندە بەرچاوبوو کە کەلێنەکەی نێوان هەردووی کۆریاکەی لە بەرژەوەندیی باشووردا فراوانکرد.”

دوای رووخانی دیواری بەرلین لە ساڵی 1989، هەردوو کۆریاکە رازیبوون لە ساڵی 1991 ببن بە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، “بەڵام هەردوو کۆریاکە هێشتا بە رێچکەی تەواو جیاوازدا رۆشتن.”

لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا “کۆریای باشوور بەردەوام بوو لە بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووری لە رێگەی تەرخانکردنی سەرچاوە داراییەکان بۆ کەرتی ئابووری، لە کاتێکدا کۆریای باکوور بەردەوامبوو لە بەهێزکردنی سوپاکەی”.

چۆ کیجۆنگ وێنەیەکی مانگی دەستکردی نیمچە دوورگەی کۆریای پیشانی ئامادەبووانی سەمینارەکە دا و گوتی، ئەگەر بڕواننە دیمەنی رووناکیی گڵۆپەکانی نیمچەدوورگەکە لە شەودا “دەتوانن بە ئاسانی جیاوازیی گەورەی نێوان هەردوو کۆریاکە لە رووی گەشەی ئابوورییەوە ببینن.”

لە ساڵی 1990 بە دواوە، باکوور و باشووری نیمچە دوورگەکە لە بواری سیاسەتی ئاسایشیشدا، دوو رێچکەی تەواو جیاوازیان گرتەبەر. “کۆریای باشوور بە پشتبەستن بە سەرکەوتنە ئابوورییەکەی، وەبەرهێنانی لە تەکنەلۆجیای سەردەمیانەی سەربازییدا کرد و ستافی سەربازیی کەمکردەوە، لە کاتێکدا کۆریای باکوور بەردەوامبوو لە دروستکردنی سوپایەکی گەورە، بەڵام لە رووی دروستکردنی چەکەوە رووبەڕووی بەربەست بووەوە”.

بەگوتەی کۆنسوڵی گشتیی کۆریای باشوور، ئێستا حکومەتی وڵاتەکەی توانای دروسکتردنی فڕۆکەی جەنگیی جۆری ئێف 50، تانکی کەی2، تانکی کەی 9، تۆپی خۆکار، ژێردەریایی و زۆر کەرەستەی دیکە هەیە، بەڵام “کۆریای باکوور لە پاراستنی چەکە کۆنەکانییدا رووبەڕووی بەربەست دەبێتەوە.”

چۆ کیجۆنگ باس لەوەش دەکات، بەهۆی ئەوەی کە کۆریای باکوور “درکی بە جیاوازیی ئاستی هەردوو وڵاتە لە رووی بەرگرییەوە کردووە،” ئەوە وڵاتە هەوڵدەدات لە رێگەی پشخستنی توانای ئەتۆمییەکەیەوە قەرەبووی جیاوازییەکە بکاتەوە.

تاگەکان

October - 2022
Monday
03
03:00 PM
-
04:00 PM
Share this Post

چالاکی