بڵاوکراوە

ژانی ژنانی ئێزدی "لە پێناو ژیاندا"

03-08-2020


جووتیار قارەمان
 
“لەپێناو ژیاندا” کتێبێکی عەرەبیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداوە کە باس لە بەسەرهاتی ئافرەتێکی کوردی ئێزدیی رزگاربووی دەستی رێکخراوی داعش دەکات بە ناوی “حەلا مووسا” کە 312 رۆژ لە کۆیلایەتی و تووندوتیژیی سێکسی دەگێڕێتەوە و “حەسۆ هۆرمی” ئامادەی کردووە. کتێبەکە بە زمانی عەرەبی بە ناوی “من أجل الحیاة”ـەوە چاپ و بڵاوبووەتەوە.
“حەلا مووسا” کە لە دەستی داعش رزگاری بووە، ئەوەی رێکخراوەكە بەسەریان هێناوە و لە دەستیانی دیوە، بۆ ئامادەکاری کتێبەکەی گێڕاوەتەوە. بۆیە ئەم کتێبە لە بواری خۆیدا بە بەڵگەنامەیەکی گرنگی تاوانەکانی شەڕ دادەنرێت، بەتایبەتی تاوانەکانی داعش بەرامبەر بە کوردانی ئێزدی کە لە زاری کەسێکەوەیە خۆی لەنێو رووداوەکاندا بووە.
لە کتێبەکەدا وردەکاریی کات و شوێنی رووداوەکان بەشێوەیەکی دراماتیکی خراوەتەڕوو و ناوی گوند، شار، کەسایەتییە تاوانبارەکانی داعش و رێکەوت و ژمارەکان بۆ مێژوو تۆمارکراون.
سەربوردەی “حەلا مووسا” دانەیەکە لە سەربوردەی هەزاران کچ و ژنی کوردی ئێزدی. ئەو کچ و ژنانەی کە لەنێو خێزانەکەیاندا بە بەرچاوی باوک و برا و مێرد و کەسیانەوە رفێنران، بە کۆیلە کران، فرۆشران و لەلایەن چەندین کەسی نێو داعشەوە وەک کاڵایەکی بازرگانی دەستاودەستیان پێدەکرا. لەنێو ماڵە داعشەکاندا وەک کۆیلە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکرا و لە پێناوی ئارەزووبازیی سەرکردە و ئەندامانی ئەو رێکخراوەدا رووبەڕووی قێزەونترین تاوان دەبوونەوە: تووندوتیژیی سێکسی.
وێڕای ئەوەی کۆمەڵگەی عێراقی چەندین کۆت و بەندی کۆمەڵایەتیی بەسەر کچان و ژناندا سەپاندووە و بەو هۆیەوە ناتوانن بە ئاشکرا گوزارشت لە ئازار و ژانەکانیان بکەن کە چەشتوویانن، بەڵام “حەلا مووسا” زۆر ئازایانە توانیویەتی ئەو هەموو زنجیرانەی پێی بپسێنێت و تەواوی کۆتەکانی گەردنی بشکێنێت و بە دەنگێکی زوڵاڵ و ئاشکرا لە بڵندگۆی ئەم کتێبەوە بانگی پەردەهەڵماڵین لەسەر تاوانەکانی داعش بدات. هەرچەندە ئەوە ناتوانێت هۆی ئەو هەموو چەرمەسەری و چۆرتمانە بداتەوە کە بەسەریدا هاتوون، بەڵام بوێرییەکەی بۆ زاڵبوون بەسەر دەمگۆی نێو کۆمەڵگە و قسەوقسەڵۆک و تانە و تەشەری خەڵکدا دەبێتە مایەی ئەوەی ئاوێک بەسەر گڕی بڵێسەداری نێو کوورەی دەروونیدا بکات و دوای ئەو ماوە زۆرە لە چەوساندنەوە ئاهێکی بەبەردا بێتەوە و دەستێکی ئاسوودەیی بەسەر دڵیدا بهێنێت. لەم لایەنەوە هەر حەلا ڕچەشکێن نەبووە، بەڵکو چەندین دەستەخوشکی دیکەی لە رزگاربووانی دەستی داعش بەبێ ئەوەی لە روو دابمێنن لە کۆڕ و مێزگردە جیهانییەکاندا چوونەتە سەر سەکۆ و لە دوانگەدا وەک شۆڕەژنێکی کورد بە دەنگێکی دلێرانەوە نەهامەتییەکانی خۆیان و تاوانەکانی داعشیان بە گوێی دنیادا داوە و بانگەوازیان بۆ ئاشتی و ئازادی کردووە.
تاوانی دەستدرێژیی سێکسی لە ریزی پێشەوەی تاوانە قێزەونەکانی داعشدایە کە بەرامبەر بە ئافرەتانی کوردی ئێزدیی کردووە. ئەو رێکخراوە ئەو ئافرەتانەی رفاندوون و کردوونیەتە کەنیزە و بە زۆری زۆرداری بە مێردی داون و زۆربەیان چەکدارانی رێکخراوەکە وەک دیاری و پشکی قوربانی بۆ تێرکردنی تۆڵازی و ئارەزووە سێکسییەکانیان بەسەر یەکدیدا بەخشیونیانەتەوە یان لە بازاڕی کۆیلەکادا فرۆشتوویانن.
بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە بۆت دەردەکەوێت کە کاریگەریی تووندوتیژییە سێکسییەکان تەنیا لەسەر لایەنی جەستەیی نامێننەوە، بەڵکو لە لایەنی دەروونییەوە بە ناخی چەوسێنراوەکاندا ڕۆدەچێت و جێیان ناهێڵێت و شەوانە چەندین مۆتەکە بەربینگیان دەگرێت و لە ترساندا ڕادەچڵەکێن. یان وای لێکردوون زیاتر ئارەزووی گۆشەگیری بکەن و دوورەپەرێز بن.
حەلا 312 رۆژ لە دەستی داعشدا بووە. بە شنگال، بعاج، کۆچۆ، تەلەعفەر، موسڵ و قزل قیودا براوە. باس لەوە دەکات کە چۆن لە هاوژینەکەی و کەسوکارەکەی دابڕێنراوە. ژیانی رۆژانەی و ئازارەکانی هەر لە دەستدرێژیی سێکسییەوە تاوەکو کۆیلایەتی و فرۆشتنی لە بازاڕەکاندا دەگێڕێتەوە. دواتریش باسی چۆنیەتیی رزگارکرانی و شاد بوونەوەی بە کەسوکارەکەی دەکات.
هەر بەشێکی ئەم کتێبە کە کەتوار(واقیع)ـی ژیانی تاڵی حەلا و دەستەخوشکانی لەو ماوەیەدا دەگێڕێتەوە، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگری مێژووییە لە کتێبخانەی مرۆڤایەتیدا و تاوانەکانی رێکخراوی داعش بۆ جیهان دەسەلمێنێت.

تاگەکان

Share this Post

بڵاوکراوە