شرۆڤە

بەشی حەوتەم : خاوەنداری، سیستمی باج و کەرتی خانووبەرە لەهەرێمی کوردستان

01-02-2022


 

 

RRC|

مەحموود بابان* –ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو |

بەرایی

لە یاسای وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ژمارە 4ی ساڵی 2006، ماددەی 4، بەشی 3دا هاتووە،” ئه‌و زه‌وییانه‌ی كه‌ بۆ پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان ته‌رخانكراون، به‌پێی ئه‌م یاسایه‌، به‌ نرخێكی هانده‌ر كه‌ ده‌سته‌ پێشنیاری ده‌كات یان به‌خۆرِایی به‌ناویان بكات، به‌مه‌رجێك سروشت و گرنگیی ئه‌و پرۆژانه‌ و، پێویستیه‌كانی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی له‌ كاتی به‌ناوكردندا له‌به‌رچاو بگیرێت. ئه‌مه‌ش به‌ده‌ر له‌ حوكمه‌كانی یاسای فرۆشتن و به‌كرێدانی سامانه‌كانی میریی كارا له‌ هه‌رێمدا”[1]. لەم بڕگەوەیە چەند کێشەیەکی سەرەکی بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی خانووبەرەدا دێتە پێش، کە ئەوانیش بریتین لە موڵکیەت (خاوەنداریتی یەکەکان )  و سیستمی کۆکردنەوەی باج و  لە هەرێمی کوردستان. لە بەشی حەوتەمی ئەم زنجیرە هەڵسەنگاندنەدا هەڵوەستە لەسەر کێشەکانی ئێستا و داهاتووی موڵکیەت و سیستمی کۆکردنەوەی باج وەرگرتن دەکەین.

بەپێی یاسای وەبەرهێنان، پرۆژەکانی وەبەرهێنان و لەنێویاندا پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بەناوی وەبەرهێن دەکرێن یاخود لەوانەشە بە موڵکیەت زەوی پرۆژەکە هێ وەبەرهێنەر خۆی بووبێت و موڵەتی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار یان وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن وەرگرتبێت. واتە لە هەردوو رەوشەکەدا خاوەن موڵک خاوەنی پرۆژەکەیە، هەرچەندە هەندێک لە پرۆژەکان دوای تەواوبوونیان وەکالەت کراوەتەوە و دەکرێت بەناوی کڕیارەوە.

 

خاوەنداری و کێشەکانی بەناوکردن لە داهاتوودا

ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجە بەناوکردنی خانوو و شوقەکان لەلایەن کۆمپانیا و نووسینگەکانی خانووبەرەوە یان نووسینگەکانی سەر بە وەبەرهێنەر ۆمەڵێك مەترسیی هەیە، کە لە بەشی چوارەمی ئەم زنجیرەیەدا، بەکورتی ئاماژەمان بە جیاوازی و  بەشێك لەمەترسییەکانی کرا، بەڵام ئەوەی لێرەدا ئاماژەی بۆ دەکەین مەترسییەکی گەورەترە، ئەویش بۆ نموونە ئەگەر خانوویەک یان شوقەیەک بەناو کڕیارەوە بکرێت، ئەوا بەتەنیا لەلایەن کۆمپانیا و نووسینگەکانی خانووبەرە دەبێت، بەتایبەت لە پرۆژەکانی نیشتەجێبووندا، کە ئەمەش واتای ئەوە دەدات كە لە ئەگەری مایەپووچبوون یاخود داخستنی کۆمپانیاکاندا مەلەفی بەناوکردنی ئەو موڵکە لە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا تۆمارنەکراوە و، هێشتا بەناوی وەبەرهێنەرەوەیە و نەگوڕدراوەتە سەر ناوی ئەو کڕیارانەی یەکەکانیان کڕیوە. ئەمەش مەترسییەکی جیدییە لە ئێستا و داهاتوودا، هەربۆیەش ئەوانەی یەکەکانی فلۆریا ستی و پرۆژەکانی دیکەیان کڕیوە دوای چەند ساڵێک لەماوەی یاسایی کاتی تەواوکردنی پرۆژەکان ناتوانن هیج سکاڵایەک تۆمار بکەن و مافەکانیان وەربگرنەوە.

بابەتێکی دیکەی خاوەنداری لەم پرۆژەیەدا بریتییە لە تۆمارنەکردنی موڵکەکان و وەرگرتنی بڕی پارەیەک لەلایەن وەبەرهێنەر و کۆمپانیاکانی عەقاراتەوە لەکاتی کڕین و فرۆشتندا كە لە هەردوو لایەن وەردەگیرێت، بەتایبەتیش لە پارێزگای سلێمانی، هەروەها ئەم بڕە پارەش دیار نییە لەجیاتی تاپۆ کردن یاخود تەنیا بەناوکردن لەنیو فایلی کۆمپانیاکاندا کە بڕەکەشی لە پرۆژەیەکەوە بۆ پرۆژەیەکی دیکە جیاوازە، ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجە، ئەگەر لە داهاتوودا دامەزراوەی حکومەت بەناوکردنی خانووی پرۆژەکان بکات، دەبێت کڕیار دووبارە پارەی بەناوکردن بدات یاخود ئەو بڕەی دراوە بە کۆمپانیا و خاوەن عەقاراتەکان لەکاتی کڕین و فرۆشتندا ئەژمار دەکرێت، چونکە ئەو بەناوکردنەی ئێستا تەنیا لەلایەن کۆمپانیای وەبەرهێنەرەوەیە و لەدەرەوەی فەرمانگەکانی تاپۆیە.

کۆکردنەوەی باج و پرۆژەکانی نیشتەجێبوون

خاڵیکی دیکەە گرنگ بابەتی کۆکردنەوەی باجە. بۆ نموونە ئەگەر دەوڵەمەندێک چەند خانووی لە دەرەوەی پرۆژەکان هەبێت، ئەوا سەرجەمیان لە 12 مانگی کرێ، یەک کرێیان بۆ دەوڵەت دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەگەر هەمان کەس لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون چەند خانوویەکی هەبێت، ئەوا هیچ کرێیەکی لە کرێی ساڵانە بۆ دەوڵەت ناگەڕێنێتەوە و دەتوانێت چەند تاوەرێک بە کرێ بدات، چونکە لە فەرمانگەکانی حکومەتدا یەکەکان بەناوی وەبەرهێنەرەکەیە نەك خاوەنی ئێستای یەکەکان!

هەروەها، ئەم کێشەیەی خاوەنداری و بەناوکردنەی خانوو و شوقە کێشە بۆ کۆکردنەوە باج لە لایەن فەرمانگە حکومییەکانیش دروستدەکات. بەپێی دوایین بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی باجەوە، لە خاڵی پێنج ئاماژە بەوەکراوە کە “حکومەتی هەرێمی کوردستان هەریەکە لە وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری / بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری و بازرگانی و پیشەسازی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان رادەسپێرێت بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو پرۆژانە کە لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتی کارکردن و وەبەرهێنانیان هەیە، بەپێی یاسا و رێنماییە بەرکارەکان لێخۆشبوونی گومرگی و باج دەیانگرێتەوە و لە هەمان کاتدا سوودمەندن لە رێکارەکانی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی، بەمەبەستی دیاریکردنی میکانیزمێکی گونجاو بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ لە ئەستۆگرتنی بەشێک لە پابەندییە داراییەکان بەرامبەر بە حکومەت”[2].  کە لێرەشدا پرسی چۆنیەتی کۆکردنەوەی باج لە کۆمپانیا و نووسینگەکانی خانووبەرە دیارینەکراوە و بەشێوەی خەمڵاندن، کە هەرچەندە هەندێک لە کۆمپانیاکان وەک کۆمپانیای گەورە باجدەر تۆمارکراون، بەڵام ناتوانرێت بەشیوەیەکی یەکسان و بەرەچاوکردنی داهاتی ساڵانە و چالاکییەكانی کۆمپانیاکان باج وەربگیرێت و کۆبکرێتەوە.

هەروەها روویەکی دیکەی کێشەکان بریتییە لەوەی هەندێک لە تاوەری باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون، لەکاتی دەستکردن بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە، سەرمایەدارێک بەقیست دەیکڕێتەوە، بەڵام لە بازاڕدا هەندێکیان بە کاش دەفرۆشێتەوە، لەوانەشە لە داهاتوودا ئەمەش کێشەیەکی دیکەی خاوەنداری بێت، چونکە یەکەکە هێشتا پارەی لەسەر ماوە، لەکاتێکدا کڕیار هەموو پارەی خۆی داوە، هەربۆیەش ئەگەر لە ئێستاوە حکومەت سەرپەرشتیاری نەکات و میکانیزمێکی گونجاو دانەمەزرینێت، کیشەکان زووتر دەردەکەون، چونکە بە لەناوچوونی کۆمپانیایەک لایەنی فەرمی لە نێوان کڕیار و فرۆشیار ون دەبێت.

ئەنجام

لەکۆتاییدا کێشەکانی موڵکیەت و بەناوکردنی تۆماری خانووبەرە و فراوانبوونی ئەم سێکتەرە پێویستی بە رێکخستنەوە و پێداچوونەوە و بەستنەوەی بە داتابەیسیکی نیشتمانی لە لایەن حکومەتەوە هەیە، کە کاتی دەستکردن بە پرۆژەکەوە تاوەکو  تۆمارکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون و تۆماری کڕین و فرۆشتن لە نووسینگە و کۆمپانیاکانی خانووبەرەوە لەخۆ بگرێت. لەم رێگەشەوە کێشەی بەناوکردن و وەرگرتنی باج لە کۆمپانیاکانی خانووبەرە و وەبەرهێنەرانی نیو سێکتەرەی خانووبەرە بەشێوەیەکی هاوچەرخ چارەسەر دەكرێت. دەتوانرێت توێژینەوەی بەسوود لەسەر ئاراستەی بازاڕی ئەم کەرتە بکەوێتە دەست حکومەت و بتوانێت ئاراستەی بازاڕ بە قازانجی گشتی وهاونیشتمانیان و کەمکردنەوەی کیشە وگرفتە یاساییەکان لە ئێستا و داهاتوو دیاری بكات.

 

سەرچاوەکان

[1] https://services.gov.krd/so/content/

[2] https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/11012021

تاگەکان

Share this Post

شرۆڤە