شرۆڤە

یەک داهات و دوو ژمارەی جیاواز؛ ژمارەکانی داهاتی نەوت لە عێراق

04-02-2024


بەرایی

جیاوازییەکی ملیار دۆلاری لەنێوان راپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق و راپۆرتەکانی سۆمۆ و وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ داهاتی نەوت هەیە، بەشێوەیەک کە ئەو جیاوازییە لەساڵی 2023دا دەگاتە سەرووی 4 ملیار دۆلار، ئەمە سەرەڕای جیاوازییەکی 48 ملیۆن دۆلاری لەنێو داتای سەرەتایی و کۆتایی خودی سۆمۆ بۆ داهاتی نەوتی هەناردەکراو. 

رۆژی 28ی کانوونی دووەمی 2024 وەزارەتی نەوتی عێراق، داتاکانی کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی 2023ی بۆ نەوتی هەناردەکراو و بڕی داهاتەکەی بڵاوکردەوە، بەوەش لە ساڵی رابردوودا کۆی نەوتی هەناردەکراو بەبێ هەرێمی کوردستان 1 ملیار و 232 ملیۆن و 170 هەزار و 321 بەرمیل بووە، کە کۆی گشتی داهاتەکەی بە دۆلار 97 ملیار و 569 ملیۆن دۆلارە، بەڵام بەپێی وەزارەتی دارایی، کۆی داهاتەکانی نەوت و سامانە سرووشتییەکان 121 تریلیۆن دینار یان 93 ملیار و 416 ملیۆن دۆلار بووە، واتە جیاوازی ئەم دوو وەزارەتە بۆ داهاتی نەوت  4 ملیار و 153 ملیۆن دۆلارە.

ئەم جیاوازییەی سەرەوە ئەگەر بە دیناریش لێکدانەوەی بۆ بکەین، ئەوا بۆ ساڵی رابردوو بەپێی وەزارەتی نەوت کۆی گشتی داهاتەکە (ئەگەر یەک دۆلار بە 1300 دینار  دابنێین) سەروو 126 تریلیۆن دینارە، واتە لێرەش دا سەرووی 5 تریلیۆن دینار جیاوازی هەیە.

داهاتی نەوت رێژەی  95% داهاتی دەوڵەتی عێراق پێکدەهێنێت و بەپێی راپۆرتە فەرمییەکانی خودی حکومەتی فیدراڵیی عێراق، جیاوازی گەورەی لەو ژمارانەدا هەیە کە وەزارەتی دارایی لە راپۆرتی داهات و خەرجییەکانی مانگانەدا بۆ نەوت دەیخاتەڕوو. بۆ نموونە بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ مانگی ئەیلوولی 2023، داهاتی نەوت سەروو 6 ملیار دۆلار زیاترە لەوەی کە وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ ئەو مانگە بڵاویکردووەتەوە. 

جیاوازیی ژمارەکانی سۆمۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق

کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)،  هەموو مانگێک لە سەرەتا و نێوەڕاستی مانگەکەدا داهاتی نەوت و بڕی نەوتی هەناردەکراو و نرخەکەی بۆ هەر بەرمیلێک(بۆ مانگی پێشوو) بڵاودەکاتەوە. بۆ نموونە بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق و (سۆمۆ) لە 2023دا و لە راپۆرتی سەرەتایی مانگانەدا، کۆی نەوتی هەناردەکراو 1 ملیار و 232 ملیۆن و 170 هەزار و 321 بەرمیل بووە، داهاتەکەی 97 ملیار و 521 ملیۆن دۆلارە، بەڵام لە راپۆرتی کۆتایی کۆی نەوتی هەناردەکراو تەنیا 195 بەرمیل نەوت کەمیکردووە، کەچی بە دۆلار 48 ملیۆن دۆلار کەمیکردووە، وەکو لە خشتەی یەکەم دا هاتووە.

خشتەی 1: بڕی نەوتی هەناردەکراو و داهاتەکەی بەپێی سۆمۆ لە راپۆرتی سەرەتایی و کۆتایی بۆ 2023.

سەرچاوە: وەزارەتی نەوت 29-1-2024،

خاڵێکی دیکە لە داتاکانەوە، جیاوازی نێوان وەزارەتی دارایی و وەزارەتی نەوت بۆ ژمارەکانی داهاتی نەوت، ئەمە سەرەڕای جیاوازی داهاتەکە ئەگەر بە دۆلار یان دینار بێت. بۆ نموونە وەکو لە گرافیکی خوارەوەدا هاتووە جیاوازییەکە بەشێوەیەکە هەموو مانگێک لەنێوان 500  ملیۆن دۆلار بۆ 2 ملیار دۆلار دایە.

ئەوەی بەڕوونی لە ژمارەکان دەردەکەوێت بەردەوام داهاتی وەزارەتی نەوتی عێراق زیاتر بووە لە وەزارەتی دارایی، بەڵام لە مانگی ئەیلوول دا، بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی داهاتی نەوت بەرزدەبێتەوە و دەبێتە 15.11 ملیار دۆلار، لەکاتێکدا لەو مانگەدا بەپێی وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی نەوت  9.42 ملیار دۆلار بووە.

گرافیک 1: داهاتی نەوت لەنێوان وەزارەتی دارایی و داتاکانی سۆمۆ و وەزارەتی نەوتی عێراق دا لە 2023

سەرچاوە: وەزارەتی دارایی عێراق، 27-1-2024

تێبینی 1: نرخی 1 دۆلار بە 1300 دینار دانراوە لە تەواوی مانگەکانی 2023دا، بەڵام مانگی یەک نرخی 1 دۆلار 1450 دینار وەک بانکی ناوەندی دانراوە.

تێبینی 2: * خەمڵاندن بۆ داهاتی نەوت و سامانە سرووشتیەکان بۆ مانگی 12 لە داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، چونکە وەزارەتی دارایی عێراق هێشتا راپۆرتی داهات و خەرجییەکانی مانگی کانوونی یەکەمی 2023 بڵاونەکردووەتەوە.

کۆتایی

راستە داتاکان لە عێراق بەردەستن و دەخرێنەڕوو، بەڵام لێکدانەوەیان قورسە، چونکە دوو هێندەبوونی داهاتی نەوت و سامانە سرووشتییەکان لە مانگی ئەیلوولی 2023 وەک لە راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی عێراق دا هاتووە هەڵەیەک نەبووە و لە مانگەکانی دیکەدا راستکرابێتەوە یاخود دوو مانگ پێکەوە هەژمار کرابێت، بەڵکو بەهەمان شێوە لە راپۆرتەکانی مانگی 10 و مانگی 11دا هاتووەو، نازانرێت ژمارەکانی خەرجی و داهات لە راپۆرتی مانگی 12دا چۆن دەبێت.

لێرەدا بە 1300 دینار وەک بانکی ناوەندیی هەژمار کراوە و بەراوردی داتاکان کراوە, ئەگەر بگوترێت وەزارەتی نەوت خەرجییەکانی کۆمپانیا خزمەتگوزارییەکانی لێ دەردەکات ئینجا ئەوەی وەزارەتی دارایی وەک سافی لە داهاتی نەوتەوە بۆ خەزینەی دەوڵەت دەگەڕێنێتەوە، ئایا ئەو خەرجییە نابێت لەنیو راپۆرتی خەرجییەکانی وەزارەتی دارایی هەبێت؟ ئەگەر بەوشێوەیە بێت ئەی ئەو 2.3 تریلیۆن دینارە بۆ کوێ رۆیشتووە کە تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی 2023 بۆ وەزارەتی نەوت خەرجکراوە؟

گرافیک 2: جیاوازی داهاتی نەوت لە نێوان داتاکانی وەزارەتی نەوت (سۆمۆ) و وەزارەتی دارایی لەساڵی 2022 و 2023

سەرچاوە: وەزارەتی نەوت و  دارایی عێراق، 31-1-2024

تێبینی: خەمڵاندن بۆ داهاتی نەوت و سامانە سرووشتیەکان بۆ مانگی 12 لە داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە،

جیاوازییەکە تەنیا لەنێوان ژمارەی وەزارەتەکان دا نییە و تەنیا بۆ ساڵی رابردوو نەبووە، بەڵکو لەساڵی 2022 دا جیاوازییەکە سەروو 9.62 ملیار دۆلارە و لەساڵی 2023دا کەمبووەتەوە بۆ 4.4 ملیار دۆلارە.  

لە راستی دا، پێویستە وەزارەتی دارایی عێراق وەڵامی ئەو جیاوازییانە بداتەوە و لیژنەی دارایی پەرلەمانیش بەدواداچوونی بۆ بکات، ئەمەش سەرەڕای راستکردنەوەی داهاتی نەوت و سامانە سرووشتییەکان لە راپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی. پێویستە ژمارەکان تەنیا بۆ بڵاوکردنەوە نەبێت و جیاوازی سفرەکان، خانەکانی دەیان، سەتان و هەزارانی تێدا رەچاوبکرێت.

ئەگەر هەڵەی ژمارەکان بێت، ئەوا وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا لە داهات و خەرجییەکانیشدا ئەم هەڵەیە نییە کە خراوەتەڕوو، بەڵکو لە بودجەی 2023 بە تریلیۆن دینار جیاوازی هەبوو. سەرەڕای ئەوەی کە ئەوانەش خرانەڕوو، بەدواداچوون و راستکردنەوەی بۆ نەکرا. ئەگەر ئەو جیاوازییەی لە بودجەدا هەبوو بەسەر هەموارەکەی ئەمساڵیشدا لە وەزارەتی دارایی و پەرلەمان تێپەڕێت، ئەوا ئەو گوتەیە راست دەبێت کە دەگوترێت بودجەی عێراق تەنیا لەسەر کاخەزە، چونکە بڕیاربوو لە 2023 دا سەروو 199 تریلیۆن دینار خەرجی بێت، کەچی دوای 11 مانگ 109 تریلیۆن دینار بووە.

لەکۆتاییدا، ئەم جیاوازییە بۆ هەر هۆکارێک بگەڕێتەوە ئەوا پێویستە لە راپۆرتەکانی وەزارەتی نەوت یان وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بۆ بکرێت، چونکە جیاوازییەکە چەند سەد دینار و دۆلارێک نییە، بەڵکو باسەکە ملیاران دۆلار و تریلیۆن دینارە.

Share this Post

شرۆڤە