بەرایی
کۆتاییەکانی مانگی حوزەیران و سەرەتای تەممووزی ئەمساڵ هۆڵی پەرلەمانی عێراق جمەی دەهات لە پەرلەمانتاران بۆ پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی 2023 و دوو ساڵی داهاتوو. گفتوگۆکانی نێو پەرلەمان چڕ و درێژخایەن بوون و چەندین رۆژ تاوەکو بەرەبەیان بەردەوام بوون، بەڵام بەپێی یاساکە بێت، لەوانەیە گفتوگۆکان هێندەی سیاسی بووبێت، ئەوەندە ئابووری و وردبوونەوە لە ژمارەکان نەبووبێت. بۆ نموونە بەتەنیا لە کۆی گشتی خەرجییەکاندا جیاوازی 1 تریلیۆن و 258 ملیار دینار هەیە. ئەمەش بەسەر وەزارەتی دارایی، لیژنەی دارایی پەرلەمان، ئەنجومەنی باڵای ئابووریی عێراق و 327 پەرلەمانتاردا تێپەڕیوە(ل60-63). لەمەش سەرنجڕاکێشتر جیاوازی خەرجی پارێزگای ئەنبارە کە نەدەبوایە بەسەر سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانتارانی سوننە لە لیژنەی داراییدا تێپەڕێت، چونکە کۆی خەرجییەکانی پارێزگای ئەنبار بە 466 ملیار دینار دانراوە، بەڵام کاتێ کۆکراوەتەوە 436 ملیار دیناری بۆ نوسراوە. واتە تەنیا لە کۆکردنەوەی بودجەی تەرخانکراوی ئەم پارێزگایەدا 30 ملیار دینار جیاوازی هەیە!
بەپێی بودجە سێ ساڵییەکە، خەرجییەکانی عێراق لە 2023 دا 198 تریلیۆن دینارە، واتە لەنیوەی یەکەمدا 99 تریلیۆن دینار خەرج دەکرێت، بەڵام لە شەش مانگی رابردوودا نیوەی ئەوەش خەرجنەکراوە. تەنانەت لەوانەیە ئەو کورتهێنانەی لە یاساکەدا باسدەکرێت روونەدەات، چونکە بەپێی راپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی لەبارەی خەرجی و داهاتەکانی عێراق بەپێی وەزارەتەکان، تاوەکو کۆتایی حوزەیرانی 2023، کۆی خەرجییەکانی بەکارخستن و وەبەرهێنان گەیشتووەتە 47 تریلیۆن دینار و داهاتی نەوتی و نانەوتی لەسەرووی 54 تریلیۆن دینار بووە، واتە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 7 تریلیۆن دینار زیاددەی جیاوازی نێوان داهات و خەرجی بووە لە عێراق.
هەروەها، بەپێی بودجە پەسەندکراوەکە بۆ 2023، دەبوایە داهاتی نەوت رێژەی 87% و داهاتی نانەوتیش رێژەی 13%ی کۆی گشتی داهات پێکبهێنێت، بەڵام بەپێی راپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی، لەنیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، داهاتی نەوتی رێژەی 99.2% و داهاتی نانەوتیش تەنیا رێژەی 0.8% کۆی گشتی داهاتیان پێکهێناوە!
خاڵیکی دیکەی پەیوەست بە داهاتی نەوتییەوە، جیاوازی نێوان راپۆرت و بڵاوکراوەکانی وەزارەتی نەوت و وەزارەتی داراییە لەبارەی ئەم داهاتەوە. بەشێوەیەک لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، داهاتی نەوت لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە 44.4 ملیار دۆلار، واتە 59.4 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام بەپێی وەزارەتی دارایی تەنیا 53.8 تریلیۆن دینار بووە . ئەمەش واتای ئەوەیە کە حەقدەستی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەر لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق، سەروو 5.5 تریلیۆن دینار بووە، ئەمەش بەبێ خەرجیەکانی وەزارەتی نەوت کە لەو شەش مانگەدا 728 ملیار دینار بووە.
لەکاتێکدا، بەپێی پرۆژەیاسای بودجە دەبوایە داهاتی نەوتی 57.6 تریلیۆن دینار بووایە، بەڵام 3.8 تریلیۆن دینار کەمترە لەو بڕەی کە بۆ عێراق ماوەتەوە، ئەمەش سەرەڕای فرۆشتنی بەرمیلێک نەوت بە تێکڕای 74.6 دۆلار لەو شەش مانگەدا، کە نزیکەی 5 دۆلار زیاترە وەک لەوەی لە بودجەدا هاتووە. هەربۆیەش بەدڵنیاییەوە نەبوونی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان و بەشدارینەکردنی لە پڕ کردنەوەی ئەو بڕەی لە بودجەدا هاتووە، وایکرد تێکڕای هەناردەکردنی رۆژانە لەو ماوەیەدا 3.29 ملیۆن بەرمیل بیت لە جیاتی 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوت کە لە بودجە دا دانراوە.
لێرەدا و بە وردبوونەوە لە ژمارەکانی نێو بودجەی 2023، راپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی و راپۆرتەکانی وەزارەتی نەوت هەڵوەستەیەک لەسەر جیاوازییەکان لە داهات و خەرجییەکان دەکەین.
خەرجییەکان بەپێی بودجە و وەزارەتی دارایی لە نیوەی یەکەمی 2023 دا
رۆژی 12ی حوزەیرانی 2023، پەرلەمانی عێراق پرۆژەیاسای بودجە سێ ساڵییەکەی پەسەندکرد، کە بەپێی یاسای بودجەی 2023ی عێراق 198.9 تریلیۆن دینارە، کە نزیکەی سەرووی 64 تریلیۆن دیناری کورتهێنانی هەیە و بە قەرز پڕ دەکرێتەوە، ئەم یاسایە رۆژی 26ی حوەزەیران لە رۆژنامەی فەرمی عێراق بڵاوکراوەتەوە و ئەم داتایانەی لێرەدا خراوەتەڕوو لەوێیەوە وەرگیراوە.
لە لاپەڕە 60-63 دا، خەرجییەکان لەسەر ئاستی 65 دامەزراوە، وەزارەت و پارێزگا بۆ 2023 خراونەتەڕوو، ئەوەی جێگەی سەرنجە کە لە کۆی گشتی بودجەی خەرجکراودا، 1 تریلیۆن و 258 ملیار دینار جیاوازی هەیە. زۆرترین جیاوازیش لەکۆی بودجەی بەرنامەی تایبەتە کە دەگاتە 477 ملیار دینار.
هەروەها نەک تەنیا لە کۆکردنەوەی گشتییەکەدا جیاوازی هەیە، بەڵکوو لەو بودجەیەی بۆ پارێزگای ئەنباریش تەرخانکراوە جیاوازی هەیە، بۆ نموونە بۆ پارێزگای ئەنبار 198.4 ملیار دینار وەک بودجەی بەکارخستن، 105 ملیار وەک بودجەی بەرنامەی تایبەت و 162 ملیار وەک بودجەی سەرمایە دانراوە، کە کۆی ئەم سیانە پێکەوە دەکاتە 466.3 ملیار دینار، بەڵام لە بودجە بڵاوکراوەکەدا تەنیا 436 ملیار دینار نوسراوە( ل 63).
ئەم جیاوازییانەی ژمارەکان کە لە یاسادا هەیە، پرسیارێکی جەوهەری دەوروژێنێت کە ئایا لە عێراق کار بە یاساکە دەکرێت؟ ئەگەر کاری پێدەکرێت، لەسەر چ بنەمایەک و بەکام ژمارە دەبێت، چونکە جگە لە جیاوازی و جیاکاری لە دابینکردنی پێداویستی و شێوازی تەرخانکردنی پارە بۆ دامەزراوە و وەزارەتەکان، ئەوا ژمارەکانیش یەک ناگرنەوە! (بڕوانە خشتەی یەکەم لە خوارەوە)
لەڕووی خەرجییەکانەوە، چەند ژمارەیەکی سەرنجڕاکیش هەیە کە وەک خەرجی لەماوەی 2023دا لە یاسادا هاتووە، بۆ نموونە کۆی خەرجییەکانی کۆمەڵەی زانستی عێراق کە لە چوارچێوەی بودجەی سەرۆکایەتی کۆمار دایە، ساڵانە 6 ملیار دینارە، دوو دەستەی وەک دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی نەزاهەش پێکەوە 223 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە. لەسەروو ئەمانەشەوە، دادگای باڵای فیدراڵی 15 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە، کە بەپێی راگەیاندراوێ لەم رۆژانەدا یەک لەسەر سێ ئەو پارەیەی بۆ کڕینی ئۆتۆمبیل تەرخانکرووە، واتە بە بەهای 5 ملیار دینار خەرجییەکانی بۆ ئۆتۆمبێلە لە 2023 دا.
بەپێی یاسا بێت، ئەوا عێراق ئەمساڵ 198.8 تریلیۆن دینار خەرجدەکات، بەڵام ئەگەر خەرجییەکان خێرا نەکرێن، ئەوا ئەو 198.9 تریلیۆن دینارەی لەبودجەدا هاتووە نیوەشی خەرج ناکرێت، چونکە لە چوار وەرزی ساڵ تەنیا وەرزێکی ماوە و، لە 11ی تەممووز دا ئەنجومەنی وەزیران رێنماییەکانی بودجەی پەسەندکرد و لە 7ی ئابی 2023دا لە رۆژنامەی فەرمی بڵاوکرایەوە.
جیاوازییەکی دیکەش، خەرجییەکانە لەنێوان یاساکە و راپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی بۆ دامەزراوە، وەزارەت و پارێزگاکان کە هەندێکیان وەک ئەوەی لە بودجەکەدا هاتووە بەنزیکەیی خەرجکراوە، هەندێکی دیکەشیان نەک نیوە بگرە هیچی بۆ خەرجنەکراوە. بۆ نموونە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا دەبوایە 99 تریلیۆن دینار خەرج بکرایە، کەچی 47 تریلیۆن دینار خەرجکراوە، هەربۆیەش ئەگەر خەرجییەکان وەک ئەوەی پرۆژەیاسای بودجە بێت، ئەوا دەبێت لەنیوەی دووەمی ئەمساڵدا خەرجییەکان نەک دوو هێندە بەڵکوو سێ هێندە بکرێت.
خشتەی 1: خەرجییەکان بەپێی پرۆژەیاسای بودجە 2023 بۆ دامەزراوە، وەزارەتەکان و پارێزگاکان /هەزار دینار
بەپێی راپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی تاوەکو کۆتایی حوزەیران 2023، کۆی خەرجییەکان گەیشتووەتە 47.8 تریلیۆن دینار، کە 41 تریلیۆن دینار بودجەی بەکارخستن (تشغیلی)ی بووە و 6 تریلیۆن دیناری بودجەی وەبەرهێنان بووە، وەکو لە خشتەی 2دا هاتووە. لەماوەی شەش مانگی رابردوودا زۆرترین پارەی تەرخانکراو لە بودجەی بەکارخستن لەدوای وەزارەتی دارایی کە 10.8 تریلیۆن دینار بووە، وەزارەتی ناوخۆ بە بڕی 5.9 تریلیۆن دینار بەپلەی دووەم و وەزارەتی پەروەردە بە 4.6 تریلیۆن دینار بەپلەی سێیەم دێت.
خشتەی 2: خەرجییەکان بەپێی راپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی تاوەکو کۆتایی حوزەێران 2023 بە دینار
لەم شەش مانگەدا زۆرترین خەرجی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بووە کە بڕەکەی 1.2 تریلیۆن دینارە، ئەمەش لەکاتێکدا بەپێی یاسای بودجەی 2023، جگە لە دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و مەکتەبی سەرۆکوەزیران، 20 شوێنی دیکە بە گوژمەی 7.9 تریلیۆن دینار پارەی بۆ تەرخانکراوە، لەنێویاندا نوسینگەی سەرۆکوەزیران 229 ملیار، دیوانی ئەنجومەنی وەزیران 920 ملیار و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران 1.2 تریلیۆن دینار. هەربۆیەش لەنێو ئەو 45 شوێنەی کە وەزارەتی دارایی خەرجییەکانی بۆ شەش مانگی رابردوو بڵاوکردووەتەوە، ئەنجومەنی وەزیران تاکە شوێنە کە لەکۆی 5.9 تریلیۆن دینار، توانیویەتی 4.3 تریلیۆن دینارلەنیوەی یەکەمی ئەمساڵدا خەرج بکات، واتە بەڕێژەی 72% بودجەکەی بووە. بڕوانە گرافیکی یەکەم.
خاڵێکی دیکەی زۆر سەرنجڕاکیش پەیوەستە بە خەرجییەکان کە لە پرۆژەیاسای بودجە و راپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی هەیە، پەیوەستە بە هەرێمی کوردستان کە لەنێو ئەو 45 شوێنەدا تەنیا ئەو پشک و بەشەی بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە لە وەزارەتی دارایی سفرە یاخود هیچ بڕە پارەیەکی بۆ شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ بۆ خەرج نەکراوە، کە هیچ نەبوایە دەبوایە نیوەی بودجەی بەکارخستنی لەو شەش مانگەدا بۆ خەرجبکرێت، بەتایبەتیش بۆ چارەکی دووەم یاخود بۆ مانگەکانی 4-5-6 کە هەناردەکردنی نەوت راگیرابوو.
گرافیک 1: خەرجی چەند دامەزراوە و وەزارەتێک لەنێوان بودجە و وەزارەتی دارایی بۆ شەش مانگی یەکەمی 2023
داهاتەکان بەپێی بودجە، وەزارەتی دارایی و وەزارەتی نەوت لە نیوەی یەکەمی 2023 دا
7 سەرچاوەی داهات لە بودجە و راپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بۆ کراوە، بەڵام لەڕاستیدا و بەپێی ژمارەکان، داهاتی عێراق تەنیا لە نەوتەوە دێت و، بەپێی راپۆرتی وەزارەتی دارایی رێژەی 99% کۆی گشتی داهاتی لە شەش مانگی یەکەمی 2023 بۆ عێراق لەو سەرچاوەیەوە هاتووە، بۆیەش داهاتەکانی عێراق وەک خەرجییەکان فرەچەشن و ئاڵۆز نییە، بەڵکو بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنی نەوت و وەرگرتنەوە پارەکەیە بە دۆلار، کە دوای دەرکردنی حەقەدەستی کۆمپانیاکان و گۆڕینەوە بە دینار لە بانکی ناوەندی بۆ وڵات دەمێنێتەوە.
بەپێی راپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 53.8 تریلیۆن داهاتی نەوت بووە، کە لە بودجەدا وادانراوە داهاتی نەوت 58.6 تریلیۆن دینار بێت، ئەمەش بەواتای کورتهێنانی 4.7 تریلیۆن دینار دێت، کە بەدڵنیاییەوە ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەوت لە سەرووی ئەو نرخەوە نەبوایە کە لە بودجەدا هاتووە، جیاوازییەکە چەند هێندە دەبوو. خاڵی سەرەکی ئەم جیاوازییەش بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوەیە، کە لە بودجەکەدا بە بەشداریی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە هەژمارکراوە، بەڵام لە 25ی ئاداری 2023وە تاوەکو ئێستا راگیراوە.
لەڕووی داهاتی نانەوتییەوە لەماوەی شەش مانگی رابردوودا، بەپێی بودجەکە دەبوایە داهاتی نانەوتیی عێراق 8.6 تریلیۆن دینار بووایە، بەڵام لەو ماوەیەدا داهاتی نانەوتی عێراق ناقس(-) بووە، بەهۆی زیانی ئاڵۆگۆڕی دراو. کۆی گشتی داهاتی نانەوتی 1.9 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام وەزارەتی دارایی نیشانەی کەمکردنی لە بەردەم داهاتی گۆڕینەوەی دراو داناوە و لەوماوەیەدا 2.14 تریلیۆن دینار بووە، لەکاتێکدا لە بودجەکەدا دەبوایە 413 ملیار دینار لە داهاتی ئاڵۆگۆڕی دراوە بهاتبایەتە سەر داهاتی نانەوتی، وەکو لە خشتەی 3 دا هاتووە.
خشتەی 3: داهاتی نەوتی و نانەوتی لەنیوەی یەکەمی 2023 دا بەپێی وەزارەتی دارایی و بودجەی 2023
لەڕاستیدا، بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوت، کۆی گشتی داهاتی نەوتی عێراق لەماوەی نیوەی یەکەمی 2023دا گەیشتووەتە 59 تریلیۆن دینار، واتە سەررێژی ئەوەی کردووە کە لە بودجەدا هاتووە، بەڵام ئەوە پێش خەرجی بەرهەمهێنانی کۆمپانیا خزمەتگوزارییەکان و خەرجییەکانی دیکەی پەیوەست بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوە بووە.
لەماوەی نیوەی یەکەمی 2023 دا، کۆی داهاتی نەوت کە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق گەڕاوەتەوە، تەنیا 53.8 تریلیۆن بووە، واتە داهاتی پووختی دەوڵەت بووە لە نەوت و کانزاکانەوە، لەکاتێکدا بەپێی وەزارەتی نەوت، کۆی داهات لەو ماوەیەدا 44.4 ملیار دۆلار بووە کە دەکاتە 59.4 تریلیۆن دینار، بەشێوەیەک لەماوەی ئەو شەش مانگەدا عێراق 595 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە، بەتێکڕای رۆژانەی 3.29 ملیۆن بەرمیل و نرخی هەر بەرمیلێک 74.66 دۆلار بووە، وەکو لە خشتەی 4دا هاتووە.
خشتەی 4: وردەکارییەکانی داهاتی نەوت بەگوێرەی بڵاوکراوەکانی وەزارەتی نەوت لەنیوەی یەکەمی 2023
سەرچاوە: وەزارەتی نەوتی عێراق، بڵاوکراوەیە مانگانە لەبارەی هەناردەکردن، داهات و نرخی نەوت
تێبینی : نرخی دۆلار بۆ دینار لە مانگی 1 تاوەکو 7ی شوبات بە 1450 دینار، لەو رۆژە بەدواوە بە 1310 دینار دانراوە بۆ گۆڕینی دۆلار بە دینار.
نزیکەی 5.5 تریلیۆن دینار جیاوازی لەنێوان راپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی نەوتی عێراق لەماوەی شەش مانگی یەکەمی 2023 دا هەیە، بەشێوەیەک بەرزترینی لە نیسانی 2023دایە کە 1.6 تریلیۆن دینار بووە و نزمترینی لە شوبات بووە کە 596 ملیار دینار بووە.
خشتەی 5: جیاوازی داهاتی نەوت لەنێوان راپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی نەوتی عێراق لەنیوەی یەکەمی 2023 دا
ئەگەر ئەو جیاوازییەی نێوان وەزارەتی نەوت و وەزارەتی دارایی بە حەقدەستی کۆمپانیا خزمەتگوزارییەکان و تێچووی بەرمیلیک نەوت دابنێین، ئەوا لەماوەی شەش مانگی رابردوودا تێچووی بەرمیلێک نەوت لە عێراق لە 7.1 دۆلار بۆ 7.8 دۆلار بووە، لەکاتێکدا ئەم بڕە جیاوازە لەو خەرجییەی لە بودجەی 2023دا بۆ وەزارەتی نەوت دانراوە کە بڕەکەی 23.2 تریلیۆن دینارە و بەتەنیا لە بودجەی بەکارخستندا 7.4 تریلیۆن دیناری بۆ دانراوە!
لەسەروو ئەمانەشەوە، لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە دەرەوەی ئەو بڕە پارەیەی لەسەرەوە ئاماژەی بۆ کراوە، لەنیو راپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی بڕی 728 ملیار دیناری دیکە خەرجی وەزارەتی نەوت بووە، کە کە 422 ملیار بۆ بودجەی بەکارخستن و 305 ملیار بۆ وەبەرهێنان بووە.
لە یاسای بودجەی 2023دا کە بۆ دوو ساڵی داهاتووشە، داهاتی نەوتی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە بە 117.2 تریلیۆن دینار دانراوە، کە وادانراوە عێراق رۆژانە 3.5 ملیۆن بەرمیل هەناردە بکات. بە جۆرێک 3.1 ملیۆن بەرمیلی لەلایەن بەغدا و 400 هەزار بەرمیلی لەلایەن هەولێرەوە بێت، بەڵام دوای راگرتنی هەناردەکردن و نەگەشتنە رێککەوتنی ئەنقەرە و بەغدا، پێناچێت ئەم 400 هەزارە بەشداری لە هەناردەکردن بکات وەکو ئەوەی لە بودجەدا هاتووە کە بۆ شەش مانگی رابردوو 72.4 ملیۆن بەرمیل و بۆ چارەکی دووەمی ساڵ واتە مانگەکانی 4-5-6 نزیکەی 36.4 ملیۆن بەرمیل نەوت.
بەگشتی و لەو شەش مانگەدا بەپێی بودجەکە و بەپێی تێکڕای نرخی نەوتی هەناردەکراوی عێراق، بە بڕی 5.4 ملیار دۆلار زیان بەر بودجەی عێراق کەوتووە، ئەگەریش بەپێی نرخی نەوت لە بودجەدا بێت، ئەوا 5.04 ملیار دۆلار زیان بەر عێراق کەتووە، هەرچەندە تاوەکو ئێستاش کە نزیکەی دوو مانگ و 10 رۆژ لەنیوەی دووەمی ساڵ تێپەڕێوە، نازانرێت هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە یاخود نا؟ بڕوانە خشتەی 5 لەبارەی داهاتی نەوت بەگوێرەی بودجەی 2023ی عێراق.
خشتەی 6: داهاتی نەوتی عێراق بەپێی پرۆژەیاسای بودجە لەنیوەی یەکەمی 2023
کۆتایی
خەمڵاندنەکان یاخود پشتبەستنەکانی خەرجی و داهاتەکانی عێراق وەک ئەوەی لە بودجەدا هاتووە لە گەڵ ئەوەی جێبەجی دەکرێت جیاوازی گەورەی تێدایە، سادەترین نموونە بڕی هەناردەکردنی نەوتی رۆژانەیە کە 3.5 ملیۆن بەرمیلە، بەڵام بەتێکڕا توانراوە 3.29 ملیۆن بەرمیل هەناردە بکرێت.
لەڕووی داهاتەوە، بەتایبەتی داهاتی نانەوتی نەک هەر زیاد نەکراوە بەڵکوو قەرزی هاتووەتە سەر. لەکاتێکدا لەیاساکەدا چاوەڕواندەکرا 13% داهاتی نانەوتی کۆبکرێتەوە، بەڵام لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا خوار 1% داهاتی نانەوتی هاتووە و 99% لە داهاتی نەوتەوە بووە.
ئەم جیاوازییانەی داهات و خەرجییەکان وەک ئەوەی لە بودجە ولە راپۆرتەکانی وەزارەتی داراییدا هاتووە لەلایەک و ئەو جیاوازییەی لە ژمارەکانی یاساکەدا هەیە، کە بەگشتی سەروو 1 تریلیۆن دینارە و بەتەنیاش لە بەشە بودجەی پارێزگای ئەنبار 30 ملیار دینارە، بەدڵنیاییەوە ئەگەر وردەکارییەکانی ئەو 65 دامەزراوە، وەزارەت و پارێزگایانەش وردتر بکرێتەوە شتی نوێ دەبینین.
لە کۆتاییدا، ئێستا باس لەوە دەکرێت کە بەغدا 6 دۆلاری بۆ خەرجی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان داناوە، لەکاتێکدا لە دەرەوەی پارەی تەرخانکراوی ساڵانە بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتی عێراق کە بڕەکەی 15 تریلیۆن دینارە، تیچووی هەر بەرمیلێک نەوت لە عێراق 7 بۆ8 دۆلارە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە هەمووان دەزانن پێکاتە و تیچووی بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان زۆر جیاوازترە لە عێراق، نەوەکو تەنیا بەهۆی کاری کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەڵکوو بەهۆی پێکاتەیی جیولۆجی بیرە نەوتییەکان و ژینگەی تایبەتی کێڵگە نەوتییە دۆزراوەکان لە هەرێمی کوردستانە کە تیچووەکەی ئەو بڕە نییە و نزیکیش نییە لەو بڕەی کە عێراق بۆ بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت باسی دەکات.