شرۆڤە

کورد لەبەرزەخی شەڕ و سوڵحی ساردی ئەمریکا و ئێران دا

29-04-2026


شەڕی ٢٠٢٦ی ئێران یەکێکە لەو رووداوانەی کە توانای ئاراستەکردنی جیۆپۆلەتیکی چارەکی دووەمی سەدەی ٢١ی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە و هاوکات دەتوانێت روخساای پرسی کوردیش بگۆڕێت. هەرچەندە شەڕەکە بە فەرمی کۆتایی نەهاتووە، بەڵام ئەمریکا و ئێران لە بەرزەخی "ئاشتییەکی سارد" یان ئەگەری گەڕانەوە بۆ پێکدادانی سەربازیدا ماونەتەوە. دەرەنجامی ئەم ململانێیە هەرچییەک بێت، جەنگی ٤٠ رۆژە کاریگەرییە بنەڕەتییەکانی خۆی جێهێشتووە؛ بە جۆرێک نە ئێرانی داهاتوو دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ و نە هاوسەنگییەکانی ناوچەکەش وەک خۆیان دەمێننەوە. لەم هاوکێشەیەدا، کورد وەک بەشێکی دانەبڕاوی شەڕ دەرکەوت، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی کە بە فەرمی بێلایەنیی خۆی راگەیاندبوو! لە راستییدا، بۆ جوگرافیایەکی وەک کوردستان، بێلایەنی بژارەیەک نییە کە تەنیا بە ئیرادەی ناوخۆیی دیاری بکرێت، بەڵکو پێویستی بە دانپێدانانی لایەنە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانیش هەیە؛ بەڵام ئاراستەی رووداوەکان دەریخست کە ئەم بێلایەنییە لەگەڵ بەرژەوەندیی هیچ کام لە جەمسەرەکانی شەڕدا نەدەگونجا/ ناگونجێت. لەم نێوەندەدا، دۆخی هەرێمی کوردستان و پرسی کورد لە رۆژهەڵات، بەرەو قۆناخێکی نوێ و جیاواز هەنگاو دەنێت.

کورد لە ستراتیژی شەڕی ئەمریکا وئیسرائیل دا

ئەمریکا لە شەڕی ٤٠ رۆژەدا ئێرانی لاوازکرد بەڵام نەیتوانی لە ناوی بەرێت. هەرچەندە بەرەی ئەمریکا-ئیسرائیل باڵادەستیی ئاسمانی و هەواڵگرییان هەیە، بەڵام هێشتا ئامانجە ستراتیژییەکانیان — وەک لەناوبردنی ٤٤٠ کگم یۆرانیۆمی پیتێندراوی ٦٠٪ و لاوازکردنی کردنی توانای موشەکی و نفوزی ناوچەیی — بەدی نەهاتوون و رژێمی سیاسییش نەگۆڕاوە.

 فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکاش(سێنتکۆم) باسی لە پێکانی سەرووی ١٣ هەزار ئامانج لە ناوخۆی ئێران کردووە و هەر لە سەرەتاکانی شەڕیشەوە پرسی کردنەوەی بەرەی کوردیی شەڕ بووە باسێکی میدیایی. لە راستیدا ئەمە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر تەکتیکێکی فریودانی ئێران بوو نەک پلانێکی سەربازیی تۆکمە کە بەتەمای سەرخستنی بن. هەرەوها دەشێ رێکارێکیش بووبێت بۆ راگرتنی تورکیا لەوەی کە راستەوخۆ یارمەتیی ئێران بدات. ئەوان بە دزەپێکردنی ئەم زانیارییە، بەشێک لە سەرنجی سەربازیی ئێرانیان بۆ بەرەی وشکانی راکێشا، لەکاتێکدا دوای ٤٠ رۆژ دەرکەوت کە هیچ پلانێکی کردەنیی لەو شێوەیە لە ئارادا نەبووە.

هەر لە بنەڕەتدا، دزەپێکردنی ئەم بابەتە لە میدیاکانی ئەمریکاوە نیشانەی ئەوە بوو کە پلانێکی فریودانە نەک هێرشی راستەقینە؛ چونکە ئەگەر پلانێکی سەربازی بۆ بەکارهێنانی بەرەی کوردی وەک مەیدانێکی شەڕ هەبوایە، بە بێدەنگییەکی تەواوەوە جێبەجێ دەکرا. باسکردنی ئەم بابەتە لەگەڵ چەند ئەکتەرێکی جیاوازی کوردی —ئەگەر راست بێت— سەلمێنەری ئەوەیە کە واشنتن هەر لە سەرەتاوە نەیویستووە ئەمە بە کردەوە سەر بگرێت تەنانەت ئەگەر باسیشی کردبێت، چونکە درکاندنی پلانێکی "نهێنی" لەگەڵ چەندین لایەنی جیاواز، کە ئایدیا، بەرژەوەندی و پەیوەندییەکی ناوچەیی جیاوازیان هەیە، واتای ئەوەیە کە  ویستوویانە نهێنییەکە ئاشکرا بێت! هاوکات، بەپێچەوانەی هەندێک پروپاگەندەی میدیایی، ترەمپ راستەوخۆ لەگەڵ هیچ سەرکردەیەکی حیزبەکانی رۆژهەڵات بۆ ئەم بابەتە قسەی نەکردبوو.

هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێک بۆکردنەوەی بەرەیەکی کوردی لە دژی ئێران پێویستی بە هێرشێکی ئاسمانی چڕو بەردەوام  لە ناوچە کوردییەکان هەبوو،  وەک لە ئاماری هێرشەکانیشەوە دەردەکەوێت ئەمە تاڕادەیێک روویداوە بەڵام لە چوارچێوەی هەوڵێکی گشتی بۆ لاوازکردنی توانانی جەنگی و توانای بەڕێوەبردنی ئێران بووە نەک ئەوەی کە شتێکی تایبەت بە ناوچەی کوردنشین بووبێت.

لەماوەی نێوان ٢٨ی شوبات هەتا ١١ی ئەپریل دا ACLED بە گشتی ٢٩٥٨ رووداوی تەقینەوە و  توندوتیژی رێگای دووری(Explosions/Remote Violence) لە ٣٢ شوێن لە ئێران تۆمار کردووە کە بەپێی شیکردنەوەی ئامارەکە، وا مەزنەندە دەکرێت کە نزیکەی ٨٦٪یان بەهۆی درۆن و موشەک و هێرشی ئاسمانییەوە بووبێت. لەکۆی گشتی هێرشەکاندا ٨.٨٥٪ی لە چوار پارێزگای کوردنشینی کرماشان، ئیلام ، کوردستان(سنە)، ئازەربایجانی رۆژائاو(ورمێ) روویانداوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ٢١٪ی هێرشەکان لە ٨ شوێنی باشووری ئێراندا بوون. تاران  بە ٣١٪ەوە لە هەموو شوێنێک زیاتر بۆردومان کراوەو دەوری ١٧٪ لە ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێران بوون.

لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی شەڕدا ٥٥٣ هێرش کراوەتە سەر ئیران کە تەنیا ٢٥ دانەی لە چوار پارێزگا کوردنشینەکە بوون ولەوەشدا، نزیکەی نیوەی لە کرماشان بووە. ئەویش وامەزەندە دەکرێت کە بەهۆی هەبوونی لانیکەم ٥ سایتی موشەکی گرنگەوە بووبێت. کاتی خۆی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران باسی لە چەمکی " چیای پڕچەک"ی کردبوو وەک ئاماژەیەک بۆ گرنگی چیاکان لە دانانی سایتی موشەکی و سیستەمەکانی بەرگری و هێرشکردندا. بەو پێیەی کە زنجیرە چیای زاگرۆس بە ناوچە کوردییەکانەوە بەرەو خواروی ئێران شۆڕ دەبێتەوە، ئەم ناوچانە لە چەقی ستراتیژی سەربازی ئێران و ئەمریکا وئیسرائیلیشدا بوون.

 لەلایەکی دیکەوە جگە لە ئامانجی پەرتکردنی توانای سەربازیی ئێران، دەشێ ئامانجێکی دزەپێکردنی ئەو بابەتی کردنەوەی بەرەی کوردی، ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر- بەغدا بووبێت. بێشک یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئێران، کەڵک وەرگرتن لە توانای گرووپە چەکدارەکانی" موقاوەمەی ئیسلامی عێراق" لە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل بوو، بەڵام بە هۆی سەرقاڵییانەوە بە پرسی کورد کەمتر ئەوەیان بۆ کرا. بەپێی ئامارێکی حکومەت هەتا لە ٢٨ی شوباتەوە ٢٠ی نیسانی ئەمساڵ٨٠٩ دانە درۆن و موشەک ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون کە نزیکەی ٨٧٪یان درۆن بوون و بەشێکی زۆری ئەوانەش لەناوخۆی عێراقەوە تەقێندراون.

دەشێ رێگرتن لە هاوکاری تورکیا- ئێرانیش ئامانجێکی دیکەی ئەم "تەکتیکی دزەپێکردنە" بووبێت. تورکیا زیاتر لە ئێران نیگەرانی جموجۆڵی هێزە کوردییەکان بوو. بێگومان ئەنکەرە "ئێرانێکی لاواز" بە قازانجی خۆی دەزانێت، بەڵام نایەوێت ئیسرائیل ببێتە باڵادەستی ناوچەکە، بۆیە ئەگەری هاوکاریی تورکیا بۆ ئێران لە ماوەی شەڕەکەدا شتێکی چاوەڕوانکراو بوو. لێرەدا، پێدەچێ ئەمریکا/ئیسرائیل هەستیاریی تورکیایان بەرامبەر پرسی کورد وەک "کارتێکی پێشگیرانە" بەکارهێنابێت؛ چونکە ئەمە بە کردەوە رێگری لەوە کرد کە تورکیا لەم شەڕەدا هاوکاریی ئێران بکات.

مانەوەی پرسی کورد وەک بابەتێکی زیندوو، لە قۆناخی 'سوڵحی سارد'دا وەک پێویستییەکی ستراتیژی بۆ واشنتن دەمێنێتەوە. بێدەنگیی سیستەمەکانی بەرگری بەرامبەر بەشێکی بەرچاو لەو زیاتر لە ٣٠ هێرشەی کە دوای ئاگربەست کراوەتە سەر بنکەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵات، نیشانەیەکی خواستی ئەمریکایە بۆ 'بەڕێوەبردنی تەنگژە' لەگەڵ ئێران. لەم نێوەندەدا، هەرێمی کوردستان نەک تەنیا بۆ ئەمریکا، بەڵکو بۆ وڵاتانی کەنداو و تورکیاش دەبێتە چەقی هاوسەنگی؛ بۆ رێگریکردن لە هەژموونی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق. تورکیا پێشبینی گرژییەکی زیاتر لەگەڵ ئیسرائیل دەکات بۆیە لەوانەیە هەوڵی پەرەپێدانی پەیوەندییەکی زیاتر لەگەڵ کورد بدات.

بەرەی کوردی و خواستی ئێران

هەم هەرێمی کوردستان هەمیش حیزبە کودییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تاران لەناوچەقی ستراتیژی شەڕو دوای شەڕی ئێراندان. شەڕ پەیوەندییەکانی "کورد-ئێران-بەغدا"ی بردووەتە قۆناخێکی ئاڵۆزو، بەڵکو گوشارێکی بێوێنەشی لەسەر کورد دروست کردووە. لە راستیدا پرسی هێرشی وشکانی و ئەگەری رۆیشتنی هێزە کوردییەکان، هەر لە سەرەتاوە بۆ ئێرانییەکانیش، کارتێکی پڕوپاگەندەیی بە‌کەڵک بوو بۆ ئەوەی هەستی نەتەوەگەرایی لایەنگرەکانیان بە تایبەتی لەنێو فارس و ئازەرییەکاندا گەشەپێبدەن و هەستێکی پان –شیعی لە عێراق و ناوچەکە ببزوێنن. رەنگە هۆکارێکی دیکەی بەردەوامیدان بە هێرشکردنە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵات لە دوای ئاگربەست ودانوستاندنیش لەگەڵ ئەمریکا، هەر زیندووهێشتەوەی ئەو هەستە بێت کە رەنگە تاران بۆ قۆناخی دوای شەڕیش پێویستی پێی بێت.

ئەگەرشەڕدەستپێنەکاتەوە، ئەگەری دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندان و دەرکەوتنی ناکۆکی نێوخۆیی نوخبەی دەسەڵاتدار لەو وڵاتە شتیكی نامۆ نابێت، وەک ئەوەی کە لە دوای شەڕی ١٢ رۆژە لە ٢٠٢٥دا روویدا. حکومەتی ئێران بە فەرمی باسی لە ٢٧٠ملیار دۆلار وەک زیانی شەڕ کردووە کە بە زیاتر لەنێوەی داهاتی ناپوختەی نەتەوەیی(GDP) ئەوە وڵاتە هەژمار دەکرێ. سندوقی نێودەوڵەتی دراویش پێشبینی کردووە کە ئابووری ئێران بە لانیکەمەوە سەرووی ٦٪ بچووکتر بێتەوە وئامارەکانی خودی ئێرانیش لە گەشبینانەترین سیناریۆدا، تا کۆتایی ساڵ باسی هەڵاوسانێکی سەرووی ٥٠٪ی دەکەن؛ ئامارێک کە نەک هەر لە ئێران بەڵکو لەهەر شوێنێکی دیکەی دنیاش بێت وەک زەوینەەیەکی دەرکەوتنی ناڕەزایی سەیر دەکرێت بە تایبەتی لە ناوچە پەراوێزییەکان.

لەلایەکی دیکەوە هێشتا دیارنییە کە داینامیکی ململانێی نێوخۆیی دەسەڵات لە ئێران چۆن دەبێت بەڵام هەندێک نیشانە هەن کە دەریدەخەن لەوانەیە هەروا بی گرفت نەبێت. جارێ بەر لە هەموو شتێک دەشێ بڵێین کە لەماوەی شەڕدا، پرسی مانەوەی رژێمی سیاسی بەشێکی زۆرلە هێڵەکانی ناکۆکی نێوان نوخبەی دەسەڵاتداری ئێرانی بە ریفۆرمسیت و موحافزەکار، پیاوی ئایینی و سوپاییەوە پڕکردۆتەوە، بەڵام مەرج نییە لەگەڵ نەمانی دۆخی شەڕدا ئەمە بەوجۆرە بمێنێتەوە. سەرنجڕاکیشە کە لە دوای ئاگربەستەوە تاران لە نێوان دوو روانگەی دژبەیەکدا دێت و دەڕوات؛ لەلایەکەوە رێککەوتنی دەوێت و لەلایەکی دیکەشەوە سوورە لەسەر هەڵوێستی خۆی. هەرچەندە بەرەی ئەمریکا-ئیسرائیل باڵادەستیی ئاسمانی وهەواڵگرییان لە شەڕدا هەبوو، بەڵام هێشتا ئامانجە ستراتیژییەکانیان — وەک لەناوبردنی ٤٤٠ کگم یۆرانیۆمی پیتێندراوی ٦٠٪ و لاوازکردنی کردنی توانای موشەکی و نفوزی ناوچەیی ئێران — بەدەست نەهێناوە و رژێمی سیاسییش نەگۆڕاوە. ئەمە بێجگە لەوەی کە ئاگربەستێک کراوەو هێشتا جۆرێک دانوستاندان لە ئارادایە. رەنگە ئەمەش ئەو روانگەیەی لای نوخبەی دەسەڵاتداری ئێران دروست کردبێت کە ترسی رووخانی رژێم نەماوە بۆیە هەبوونی جۆرێک لە ناکۆکی ناوخۆیی بەئاسایی بزانن.

لەکاتی دانوستاندنەکانی ئسیلامئاباددا ئاژانسی هەواڵی فارس بابەتێکی کورتی بڵاوکردوە لەبارەی ئەوەی کە حوسێنی تایب کە کاتی خۆی فەرماندەی هەواڵرگی سوپای پاسداران بووە، رێگەی لە رێککەوتنی تیمی دانوستاندن گرتووە کە "بە تەما بوون هەموو شتێک بدەن بێئەوەی هیچ وەربگرن." لە ئەنجامی ئەو رەخنانەی کە لێی دەگیران، محەمەد باقری قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی کرد و گوتی کە "بەوجۆرە نییە کە پاشەکشەمان لە داواکانی خۆمان کردبێ" و دانی بەوشدا نا کە  ئەمریکا و ئیسرائیل لەڕووی سەربازییەوە لە ئێران بەهێزترن و ئەزموونیان زیاترە، بەڵام گوتیشی کە ستراتیژەکەیان هەڵە بووە و ئەوەی ئێران کاریگەرتر بووە. وێبسایتی ئینتخاب باسی لەوە کردووە کە بەرەی پایداری و لایەنگرانی سەعیدی جەلیلی ئامادەنەبوون بەیاننامەیەکی پەرلەمان بۆ پشتگیری کردن لە قاڵیباف و تیمی دانوستاندنکار واژۆ بکەن. هەر لەوچوارچێوەیەدا هەردوو وێبساتی رەجا نیوز و ئاژانسی تەسنیم لە دژی یەک نوسینیان بڵاوکردۆتەوە کە شتی وا نموونەی کەم بووە. ئەو کاتەش کە عێراقچی وەزیری دەرەی ئێران باسی کردنەوەی گەرووی هورمزی کردبوو، هێرشێکی میدیایی زۆری کرابووە سەر، ئەمە بێجگە لەوەی کە بەردەوام گوتاری دژی رۆحانی- زەریف لە ناوخۆی ئەو وڵاتە بڵاو دەکرێتەوە. هەڵبەت کات دەریدەخات کە ئەمانە دەبنە هەوێنی ناکۆکییەکی قوڵتری دەسەڵات یان وەک شتێکی کاتی دەمێننەوە، بەڵام  ئەمە لەگەڵ گوشارە سیاسی و ئابوورییەکانی شەڕدا وا دەکەن کە زیندووهێشتنەوەی پرسی حیزبەکانی رۆژهەڵات هەم پاساوی ئەمنی کردنەوەی ناوچە کوردییەکان دروست بکات کە زۆرجار ئامادەیی خۆپیشاندان و ناڕەزاییان تێدایە، هەمیش "ترسی جوداخوازی کوردی" وەک هۆکارێک بۆ کەمکردنی ناڕەزایی لە شوێنەکان دیکە بە کەڵکی حکومەت بێت.

سەبارەت بە هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتیش، تاران لە سەرەتادا هەوڵ دەدات وەک مۆدێلی "موجاهیدینی خەلق" هێزە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستان دەرپەڕێنێت، بەڵام بە ئەگەرێک لەدوای شەڕ ناچار دەبێت بۆ رێگەیەکی دیکە بگەڕێت؛ یان گەڕانەوە بۆ رێککەوتنیکی دیکەی ئەمنی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، یان پەنابردن بۆ دانوستانێکی هاوشێوەی ئەوەی لە نێوان تورکیا و پەکەکە روودەدات.

ئەگەر شەڕ دەستپێنەکاتەوە، بە ئەگەری زۆر ئێران هەوڵ دەدات، نفوزی خۆی لە عێراقیش زیاتر بکات، بەڵام ئەمە تەگەرەی زۆری لەبەردەم دایە. عێراق خەسارەتباری یەکەمی ململانێی ئێران و ئەمریکایە و دیارنییە تاکەی دەتوانێت باجی گەورە بۆ ئەوە بدات. واچاوەڕاندەکرێت کە دوای پێکهێنانی حکومەت، بەرەو هەڵوێستێکی نەرمتر لەگەڵ ئەمریکا بڕوات و ناچار بێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەولێر لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە رێک بخاتەوە. هەرچەندە "هەستی پان-شیعی" لە کاتی شەڕدا گەشەی کرد، بەڵام ئەمە کاتییە؛ چونکە پاڵپشتییە داراییەکانی پێشووی ئێران لە گرووپەکانی عێراق کەم بووەتەوە و ئێستا زیاتر رۆڵی پەیوندییەکی ئایدۆلۆژی- دینی لە پێشە، کە ئەمەش ناتوانێت بەرگەی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان لە ناوخۆی عێراق بگرێت کە رەنگە لەگەڵ هاتنی وەزری هاویندا زیاتربن. بۆیە دواجار ئەگەری سستبوونی پەیوەندییەکانی شیعەی عێراق لەگەڵ ئێران (هاوشێوەی خۆپیشاندانەکانی تشرین) زۆر بەهێزە. ئا لێرەشدایە کە پێویستی ئابووری- سیاسی ئیران بە هەرێمی کوردستان زیاد دەکاتەوە.

هەرێمی کوردستان دەتوانێت دەرفەتێکی گرنگ بێت بۆ عێراقیش بۆ بەڕیوەبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکاو وڵاتانی کەنداو کە بەهۆی ئەم شەڕەوە زیانی زۆری پێگەیشتووە. بە گشتیش عێراق لە ٢٠٠٣ وە  تا ئێستا دەرفەتێکی گەورەی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی کە ببێتە دەوڵەتێکی مۆدێل لە پرسی کورددا و لە جیاتی ئەوەی کورد وەک هەڕەشە سەیر بکات، بیکاتە هۆکارێکی بەهێزبوون و هەستانەوەی جیۆپۆلەتیکی خۆی، بەڵام هێرشی گرووپە چەکدارەکان و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی هەرێم و بە کار‌هێنانی سیاسییانەی بودجە و پرسی ناکۆکی نێوخۆیی کوردان، کە لەوانەیە بۆ هەندێک لایەنی عێراقی شتێکی سەنجراكێش و کارتێکی بەهێزە بێتە بەرچاو، خەریکە تەگەرەی گەورە بۆ ئەوە دروست بکات. عێراق بە مودێلی دەستووری ٢٠٠٥وە دەتوانێت بە هۆی کوردەوە هەستانەوەیەکی جیۆپۆلەتیکی گەورە بکات بەڵام لەڕێی لاسایی کردنەوەی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە وهەوڵدان بۆ ئەمنی کردنەوەی پرسی کورد، تووشی تەڵەیەکی مێژوویی دەبێت کە لەوانەیە بەرەو ناسەقامگیرییەکی درێژخایەنی دیکەی ببات.

کۆتایی

پرسی کردنەوەی "بەرەی کوردی" لە شەڕی ئێراندا، بابەتێکی دووفاقەیە کە بە شێوەیەکی جیاواز خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوو لایەنی دژی یەک دەکات. لە لایەکەوە، بۆ هەرێمی کوردستان، مانەوەی ئێران بە لاوازی —بە جۆرێک کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن ئاڵۆز بێت— وەک باشترین بژارەی ستراتیژی دەبینرێت؛ لە لایەکی دیکەشەوە، حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات گۆڕینی رەفتاری رژێم یان گۆڕینی خودی سیستەمە سیاسییەکە بە ئامانجی سەرەکیی خۆیان دەزانن.

لەگڵ ئەوەشدا لە رووی سەربازییەوە، هەر لە سەرەتاوە ئامادەییەکی کردەیی بۆ کردنەوەی بەرەیەکی کوردی لە ئارادا نەبوو. هەرێمی کوردستان بەهۆی دۆخی شپرزەی ناوخۆیی، وابەستەیی بودجە، نەبوونی سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی تۆکمە و هەبوونی بەرەیەکی پشتەوەی کراوە لەبەردەم هێرشی گروپە چەکدارەکان، هەرگیز لە پێگەیەکدا نەبووە کە بەشداری شەڕێکی لەو شێوەیە بکات. هاوکات، ئەزموونی شەڕەکانی حەماس، پەکەکە و هەسەدە، ئەو راستییەی بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵاتیش سەلماندووە کە دەستپێکردنی جەنگێکی بێبەرنامە تەنیا وێرانکاریی زیاتر بۆ ناوچە کوردنشینەکان بەدوای خۆیدا دەهێنێت؛ بەتایبەت کە پێگە و کەمپەکانیان بە تەواوی ئاشکران و لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکانەوە وازیان لەشەڕی چەکداریی پێشمەرگانە دژی تاران هێناوە. بە ئەگەرێکی زۆر، قۆناخی دوای جەنگ کۆتایی بەو مۆدێلەی کاری حیزبەکان دەهێنێت کە لە چەند دەیەی رابردوودا هەبووە.

لەلایەکی دیکەوە ناڕوونیی پلانی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئێران، وەک "مەتەڵێکی سیاسی" کاریگەریی لەسەر زۆرێک لە لایەنەکان هەبوو. لە کاتی خۆپیشاندانەکانی کۆتایی ساڵی رابردوو و سەرەتای ئەمساڵدا، بەڵێنەکانی ترەمپ بۆ پاڵپشتیی خۆپیشاندەران جێبەجێ نەکران و خەڵکێکی زۆر بوونە قوربانی. جێی سەرنجە کە لەو خۆپیشاندانانەدا، ئاستی بەشداریی کورد بەراورد بە جارانی پێشوو کەمتر بوو، ئەمەش هاوتەریب لەگەڵ هەڵوێستی حیزبەکان لە کاتی جەنگدا، پێویستی بە وردبوونەوەی زیاتر هەیە.

لە داهاتوودا، هەڵوێستی تاران لە نێوان دوو بژارەدا دەمێنێتەوە: یان کردنەوەی دەرگای سازانێکی سیاسی -ئەگەر مۆدێلی دانوستاندنی تورکیا و پەکەکە سەربگرێت- یان گرتنەبەری رێکارێکی ئەمنی و سەربازیی توندتر. لێرەدا ئەوە روونە کە تەنیا بەکارهێنانی هێز بەس نییە بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان؛ چونکە بزووتنەوە کوردییەکان رەنگە لە قۆناغێکدا سەرکوت بکرێن، بەڵام لەناو ناچن و مێژوو دەریخستووە کە بە هێزێکی زیاترەوە سەرهەڵدەدەنەوە.

شەڕی ٢٠٢٦ی ئێران جارێکی دیکە ئەو راستییەی پشتڕاست کردەوە کە باڵادەستیی سەربازی بە تەنیا ناتوانێت رەفتاری ئەکتەرەکان بگۆڕێت. لەم جەنگانەدا، تەنانەت لایەنە لاوازەکانیش دەتوانن لەڕێگەی "ستراتیژیی بەرگریی ناهاوسەنگەوە"خۆیان رابگرن. ئەمە خەسڵەتێکی دیاری جەنگە هاوچەرخەکانە؛ وەک چۆن رووسیا لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە نەیتوانیوە شەڕی ئۆکرانیا یەکلا بکاتەوە، و ئیسرائیلیش لە ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤دا نەیتوانی کۆتایی بەحەماس و حیزبوڵڵا بهێنێت.

Share this Post

شرۆڤە