کاتی خۆی ماک داوڵ (McDowall) جوگرافیای کوردستانی وەک هێڵێکی بەریەککەوتنی جیۆپۆلەتیکی لە نێوان سێ ناوەندی هێزی ناوچەیی لە دەشتی میزۆپۆتامیا، بانی ئەنادۆڵ و بانی ئێرانی ناوبردبوو، بە واتایێکی دیکە هەر کاتێ ئەو هێزانە بەریەکبکەون، ئەوا پریشکی شەڕەکە کوردستانیش دەگرێتەوە. لەراستیدا ئەمە بۆ شەڕە کۆنەکانی دیکە وەک ئێران و رۆم و ئێران و یۆنانیش هەروابووە و شەڕی ٢٠٢٦ی ئێرانیش جارێکی دیکە ئەوەی بیرخستتینەوە، کە هەندێکجارجوگرافیا حوکم دەکات، نەک تەنیا بڕیاری سیاسی.
شرۆڤەی ژمارەیی و ناژمارەیی هێرشەکان
هێرشەکانی سەرهەرێمی کوردستان وەک دیار دەبێت لە دوو قۆناخدا زیاتر بووە، بەڵام بەگشتی بەرز و نزمییەکی تێدا بە دی دەکرێت. لەوانەیە هەڵبەز و دابەزی هێرشەکان بۆ کەمیی هاوئاهەنگی لە نێوان ئێران و گرووپەکان بگەڕێتەوە، بەڵام ئەوەش دەردەخات کە هێشتا توانایان بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان بەرزە.
هەر کاتێکیش ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی زیادیان کردبێتە سەر ئێران، ئەوا هێرشەکانیش لە هەرێمی کوردستان زیادیان کردووە.
لە هەفتەی یەکەمدا کە باسەکانی ئەگەری ئۆپەراسیۆنی وشکانی لە دژی ئێران گەرم بوو، ١٢١ هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام لە سێ هەفتەی دواتردا ژمارەی هێرشەکان هەفتانە لە خوار ٨٠ دانە ماوەتەوەو تەنەنات لە هەفتەی چوارەمدا تەنیا ٣٤ دانە بووە. لەوانەیە هۆکارێکی دابەزینی ژمارەی هێرشەکان لە ماوەی نێوەڕاستدا، بۆ چڕیی هێرشەکانی ئەمریکا/ئیسرائیل بگەڕێتەوە. لە کاتیکدا ژمارەی هێرشەکانی ئەمریکا/ئیسرائیل بۆسەر گرووپە چەکدارەکان و لیواکانی حەشەی شەعبی لە هەفتەی یەکەمی شەڕدا ٣٥ دانە بووە، بەڵام لە سێ هەفتەی دواتردا بەگشتی ١١٠ دانە بووە. بێجگە لەوەش زیادبووی رێوشوێنەکانی حکومەتیش لە بەغدا لە دژی هەندێک لەوگرووپانە دەتوانێ هۆکارێک بووبێت. ئێستا دووبارە هێرشەکان زیاد بوونەتەوە و ئەمش دەریدەخات یان ئێران خۆی زۆرتر لە جاران دەیکات، یان گرووپەکان رێگایەکی زیاتریان دۆزیوەتەوە، کە حکومەت ناتوانێ بەسەریاندا زاڵ بێت.
هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان لەم قۆناخانەی دواییدا، بەتایبەتی لە هەفتەی پێنجەمەوە، کە دووبارە باسی ئەگەری فراونکردنی شەڕ گەرم بووەتەوە، بۆ ١١٣ دانە زیادیان کردو لە چوار رۆژی هەفتەی شەشەمیشدا ٥٣ دانە بووە.
لە نێو ١٣ وڵاتی قەڵەمڕەودا، کە ئێران و گرووپەکانی لایەنگری لە ماوەی شەڕی ٢٠٢٦دا تا ئێستا هێرشیان کردووەتە سەری، هەریمی کوردستان لەگەڵ ئیمارات، سعودی، کوەیت، قەتەر و بەحرین لە ریزی ئەو ٦ شوێنەدایە، کە زۆرترین هێرش کراوەتە سەریان. لانیکەم سوپا و ئەرتەشی ئێران بۆ خۆیان لە ١٠ جاردا گوتوویانە کە هێرشیان کردووە و لانیکەم ٥ گرووپی چەکدار باسی ئەوەیان کردووە، کە هێرشیان کردووەتە سەر هەریمی کوردستان، کە ئەوانیش کەتائیبی حیزبوڵلا، سەرایا ئەولیا دەم، ئەسحابولکەهف، جەیشولغەزەب و ئەولیائوڵڵان، کە دەشێ هەندێکیان تەنیا ناوێک بن بۆ شاردنەوەی بکەری راستەقینەی هێرشەکان.
ئامانجی هێرشەکان
ئەو هێرشانەی کە ئێران و گرووپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئەنجامی دەدەن، بە دوو جۆر لە میدیاکاندا باسیان لێوە کراوە: یەکەم ئەوانەی بە فەرمی رادەگەیەنرێن و باس دەکرێن. دووەمیش ئەوانەی کە بەتایبەت لە سەرەتاکانی شەڕدا بێدەنگییان لێ کراوە، بەو هیوایەی کە هێرشی کەمتر بکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و بارودۆخەکە گرژتر نەبێت.
بۆ نموونە، لانیکەم 5 جار هێرش کراوەتە سەر بارەگای سەرۆک بارزانی، بەڵام رانەگەیەنراوە. هەروەها لانیکەم 2 جار هێرش کراوەتە سەر بنکەکانی تورکیا لە بامەڕنێ لە سنووری پارێزگای دهۆک، بەڵام لە میدیاکاندا رەنگدانەوەی کەمی هەبووە. هەر ئەمەش وای کردووە، کە ئاماری جیاواز لەبارەی ژمارەی هێرشەکانەوە بڵاو بکرێتەوە.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە "ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو" لە رۆژی 28ی شوباتەوە تاوەکو نیوەڕۆی 7/4/2026 تۆماری کردووە، لانیکەم 474 مووشەک و درۆن ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون. ئەمە بێجگە لەوەی کە لە 8 هێرشدا ژمارەی درۆن و مووشەکەکان نەزانراوە. ئەمەش واتای ئەوەیە کە دەشێت ژمارەکە زۆر زیاتر بێت لەوەی لێرەدا تۆمار کراوە، بەڵام ئەم داتایانە زانیاریی گرنگمان لەسەر ئاراستەی هێرشەکان و تەکتیکی پیشاندەدات.
دابەشبوونی جوگرافیی هێرشەکان بەجۆرێکە، کە زیاتر لە 78%یان لە هەولێر، .16%یان لە سلێمانی و نزیکەی 5%یشیان لە دهۆک بوون. ئەوی دیکەش لەو شوێنانە بوون کە بە فەرمی لە سنووری ئیداریی ئەو پارێزگایانەدا نین، وەک مەخموور. بە شێوەیەکی گشتی، 28 شوێنی جیاواز لە هەولێر، 11 شوێن لە سلێمانی، 10 شوێن لە دهۆک، 1 شوێن لە هەڵەبجە و 3 شوێنیش لە سنووری پارێزگای نەینەوا کراونەتە ئامانج.
کەتائیبی حیزبوڵڵا، وەک یەکێک لە گرووپەکانی "موقاوەمە"، چەندین جار بەڕوونی باسی لەوە کردووە، کە سنووری هەولێر زیاتر دەکەنە ئامانج. لە کۆی 474 درۆن و مووشەک، بە تەواوی نازانرێت ئامانجی 37%یان چی بووە، ئەمەش لەبەر ئەوەی بەرلەوەی بگەنە شوێنی مەبەست یان زووتر خراونەتە خوارەوە. بەڵام 33%یان (واتە 156 دانەی) بەر شوێنی سڤیل کەوتوون. بەگشتی تاوەکو ئێستا 16 کەس شەهید بوون و سەرووی 90 کەسیش بریندار بوون.
هەروەها 18%ی کۆی گشتیی درۆن و مووشەکەکان ئاراستەی کەمپی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کراون، کە بنەماڵە و کەسوکاریشیانی تێدا نیشتەجێ بوون. لە کۆی ئەو 86 درۆن و مووشەکەش کە بۆ سەر حیزبەکانی رۆژهەڵات تۆمار کراون 45%یان بۆ کۆمەڵە بووە لە سنووری سلێمانی، 44% یان بۆ حیزبی دیموکرات بووەو 8% یشیان بۆ پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) بووە، بەشەکەی دیکەیشی بۆ رێکخراوی خەبات بووەو تاوەکو ئێستاش هیچ هێرشێکی ئێران بۆ سەر پەژاک تۆمار نەکراوە. رەنگە هۆکارێکی ئەم جیاوازییە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، کە بەشێکی زۆری ئەو هێرشانەی لە سنووری هەولێر دەکرێن، لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە پووچەڵ دەکرێنەوە (هەر بۆیە ژمارەی ئامانجە نادیارەکان زیاترن)، بەڵام لە سلێمانی کەمتر درۆن و مووشەکەکان دەخرێنە خوارەوە.
لە کۆی گشتیی 474 درۆن و مووشەک، 12%یان ئاراستەی 8 ئامانجی سەربازیی کراون. لەوانیش لانیکەم 5 بنکەی هێزی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراونەتە ئامانج، کە بەشێک نەبوون لە شەڕەکە. لە راستیشدا ئەمە دەریدەخات کە هێرشی سەر بارەگانی پێشمەرگەی کوردستان رووداوێکی هەڵە یان هەڵکەوت نەبووە.
لە راستیدا شەڕی ئێران بەشێکە لە هەوڵەکانی ئەندازیاری ئەمنی نوێی ناوچەیی و وەک پیشتریش لە هەڵسەنگاندنێکدا باسم کردبوو، کورد ئێستا لە دووڕیانێکی مێژووییدایە، ئەویش مانەوە لەسەر "باڵانسێکی لەرزۆک"، یان خۆیەکلاکردنەوەیە لە نێوان بەرە دژبەیەکەکانی ناوچەکە. داهاتووی پرسی کوردیش رێک بەوەوە بەستراوەتەوە، کە لە نێو بەرداشی جەمسەرەکانی هێزدا، کورد بەکام لایدا دەشکێنێتەوە. دۆخی هەسەدە/ رۆژئاوا لە مانگی یەکی ئەم ساڵ و دۆخی هەرێمی کوردستان و حیزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتیش لەم شەڕەی ٢٠٠٦ی ئێراندا دەریخست کە لێرە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، لە گەمەی هێزە گەورەکاندا تەنانەت" بێلایەنی"ش کارێکی ئاسان نییە، هەرچەند کە لایەنداربوونیش باجی هەیە. ئەمەش ئەو مەتەڵەیە کە جوگرافیا بۆ کوردستانی دروست کردووە، کە هەم دەرفەتی پێدەدات هەمیش مەترسی!