سێ قۆناخی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران: لە دیپلۆماسییەوە تا چالاکییە نهێنییە زەوینییەکان
08-03-2026
٠٦-٠٣-٢٠٢٦
پوختە
ئەم راپۆرتە بەشێوەیەکی سەرەکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٦ دەخاتە ژێر لێکۆڵینەوە و پەرەسەندنی ئەم ململانێیە لە چوارچێوەی سێ قۆناخی سەرەکی جیاوازدا دەخاتەروو: قۆناخی دیپلۆماسیی پێش جەنگ، قۆناخی کەمپینی بەردەوامی هێرشی ئاسمانی، و قۆناخی چالاکییە زەوینییە نهێنییەکان، کە لەو بەستێنەدا بەشداریی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردیش لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەخاتە بەر باس.
بە پشتبەستن بە راپۆرتەکان و هەواڵە میدیاییەکان، ئەم وتارە هەوڵ دەدات پەیوەندی و کارلێکی ستراتیژی نێوان دیپلۆماسی و کردەی سەربازی روون بکاتەوە و نیشانی بدات کە چۆن هەردوو ئامراز و رەگەزی دانوستان و ئامادەکارییە نهێنییەکان بۆ جەنگ لە ئاراستەکردنی ئەم جەنگەدا رۆڵیان گێراوە. شیکارییەکە ئەم گەشەسەندنانەی سەرەوە دەخاتە نێو چوارچێوەی ئەدەبیاتی دیپلۆماسیی زۆرەملێ، زۆرلێکردن، و جەنگی بە وەکالەت و لەو رێگەیەوە جەخت دەکاتەوە لەسەر ئاڵۆزی و ناروونی ئامانجە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لەم جەنگەدا. هەروەها لەلایەکی دیکەوە تیشک دەخاتە سەر سیاسەتی بەکارهێنانی لایەنی سێیەم لە بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژییەکان، بە شێوەیەک کە تێچووی راستەوخۆی دەستێوەردان کەم بکاتەوە.
لە هەمان کاتدا، راپۆرتەکە فشارە هەرێمی و نێوخۆییەکانیش بەوردی گەنگەشە دەکات، لەوانە وەڵام و بەرپەرچدانەوەکانی ئێران، نیگەرانییەکانی تورکیا، و بۆچوون و رای گشتی لە ئەمریکا. هەموو ئەم رەهەند و رەگەزە جیاوازانە پێکەوە داینامیکێکی ئاڵۆزی سیاسی و سەربازی دروست دەکەن کە کاریگەریان لەسەر ئاراستە و ماوەی بەردەوامی ئەم جەنگە هەیە.
پێشەکی
لە کۆتایی مانگی شوباتی ٢٠٢٦دا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رووبەڕووی قەیرانێکی نوێ و گەورە بووەوە کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل کەمپینێکی سەربازیی هاوبەشیان دژ بە ئێران دەستپێکرد. بەپێی هەندێک راپۆرتی میدیایی، ئەم کەمپینە بە گەورەترین چالاکیی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا دادەنرێت، (ئەی بی سی نیوز، ٢٠٢٦).[i] ئەو قەیرانە سەرەتا بەشێوەیەکی بنەڕەتی لە چوارچێوەی دانوستانە دیپلۆماسییەکان دەربارەی بەرنامەی ناوکی ئەتۆمی ئێران، گەشەپێدانی مووشەکی بالیستی و تۆڕی گرووپە پرۆکسییەکان دەستی پێکرد، بە خێرایی بۆ ململانێکی سەربازیی و جەنگێکی فراوانی سەرتاپاگیر گۆڕا. بەپێی هەندێک سەرچاوەی هەواڵ، تائێستا سەتان کەس لە ئەنجامی ئەم ململانێیەدا کوژراون و ناوچەکەش زیاتر تووشی ئاڵۆزیی سەربازی و سیاسی بووەتەوە بەشێوەیەک جەنگەکە بەشێوەی موگناتیسئاسا خەریکە چەندین ئەکتەری دیکەی هەرێمی راپێچی نێو جەنگەکە دەکات.
ئەم راپۆرتە لە دەلاقەی سێ قۆناخی جیاوازەوە تاوتوێ ئەم جەنگە دەکات: یەکەم، قۆناخی شکستی هەوڵە دیپلۆماسییەکان؛ دووەم، دەستپێکردنی کەمپینی بەردەوامی هێرشی ئاسمانی دژ بە ئێران؛ و سێیەم، بەشداریی مشتومڕهەڵگری گرووپە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان لە چالاکییە زەوینییەکان دا. بۆ تێگەیشتن لە لۆژیکی ستراتیژی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەم شیکارییە لەرێگەی تیۆریی دیپلۆماسیی زۆرەملێ، رێگریکردن و جەنگی بەوەکالەت هەوڵی روونکردنەوەی بابەتەکان دەدات؛ ئەو تیۆریانەی کە لەلایەن توێژەرانی وەک جۆرج (١٩٩١)، شێلینگ (١٩٦٦)، پەیپ (١٩٩٦)، و بایمان و وەکسمان (٢٠٠٢) پەرەیان پێدراوە.[ii]
قۆناخی یەکەم: دەستپێکی دیپلۆماسی و ئامانجەکانی دانوستان
دانوستاندنەکانی ژنێڤ و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پێش جەنگ
پێش دەستپێکردنی جەنگ، حکومەتەکەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ستراتیژییەکی دیپلۆماسیی دوو ئاراستەی پەیڕەو دەکرد کە بریتیبوو لە ئاراستەی دیپلۆماسیەتی پاڵپشت بە هەرەشەی سەربازی. لەکاتێکدا کە ئەمریکا نوێنەرانی خۆی بۆ دانووستان لەگەڵ ئێران بۆ ژنێڤ و عومان دەنارد، لە پشت پەردەشدا، پلان داڕێژەرانی سەربازیی ئەمریکا ە ئیسرائیل لە کارکردن بەردەوام بوون کە چەند مانگ بوو بە شێوەیەکی نهێنی پلانەکان ئامادە دەکران بۆ کەمپینێکی سەربازی چڕ کە دواتر بە ناوی «ئۆپەرەیشنی ئێپیک فیووری» ناسرا کە لە کاتیکدا بەپێی هەندێک سەرچاوە، بڕیاری دەستپێکردنی هێرشە سەربازییەکە چەند هەفتەیەک پێشتر درابوو، (زە ڤایبس،٢٠٢٦) [iii]
ئەم ستراتیژییە دوو ئاراستەییە نیشاندەری ئەوەبوو کە لە ناو حکومەتی ئەمریکا دا گومانێکی قووڵ هەبوو دەربارەی ئەوەی ئایا دیپلۆماسیەت دەتوانێت بە تەنیا چارەسەری کێشەکە بکات یان نا. لە روویەکی دیکەوە، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەردەوام بوون بۆ گەیشتن بە چارەسەری سیاسی، بەڵام هاوکات ئامادەکارییە سەربازییەکان وەک بژارەیەکی راستەقینە هەر لەسەر مێزەکان بوون.
بەرنامەی ناوکی ئەتۆمی ئێران و ئامانجی رێگریکردن، یەکێک لە سەرەکیترین ئامانجەکانی واشنتۆن رێگریکردن بوو لەوەی ئێران بتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت. سەرۆک دۆناڵد ترامپ ئەم مەترسییەی، "وەک هەڕەشەیەکی جیدی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بۆ گەلی ئەمریکا پێناسە دەکرد" ( ئەی بی سی نویز، ٢٠٢٦)
ئەم ئامانجە بە شێوەیەکی روون جیاواز بوو لە رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ لەنێوان ئێران و وڵاتانی (٤+١) کە بە ناوی پلانی هاوبەشی کردەیی ناسرا ( جەی سی پی ئۆ ئەی). ئەو رێککەوتنە هەوڵی سنووردارکردن و چاودێریکردنی چالاکییە ناوکییەکانی ئێرانی دەدا، بەڵام سیاسەتی نوێی ئەمریکا لەسەردەمی ترامپ دا ئاستی داواکارییەکانی بەجۆرێک بەرزکردەوە کە واشنتۆن داوای هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ژێرخانی ئەتۆمی ئێران بکات.
بەرنامەی مووشەکی بالیستی، بابەتێکی دیکە کە جێگای سەرنجی زۆری لە سیاسەتی ئەمریکادا هەبوو، بەرنامەی مووشەکی بالیستیی ئێران بوو. واشنتۆن داوای لەناوبردنی کۆگا و ژێرخانی مووشەکی و هەروەها توانای بەرهەمهێنانی مووشەکی نوێی لە ئێران کرد. ترامپ جەختی لەوە دەکردەوە کە ئەم ئامانجە بە شێوەیەکی بەردەوام و هەنووکەیی بەدواداچوونی بۆ دەکرێت، تەنانەت ئەگەر کەناڵە دیپلۆماسییەکانیش بەکراوەیی بمێنن، ( ئەی بی سی نیوز، ٢٠٢٦)، چونکە حکومەتی ئەمریکا بەرنامەی مووشەکی ئێران-ی وەک هەرەشەیەکی راستەوخۆ سەیری دەکرد نەک تەنیا بۆ ئیسرائیل، بەڵکوو بۆ هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کەنداوی عەرەبیش.
پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ گرووپە پڕۆکسییەکان و کاریگەرییە هەرێمییەکان، یەکێکی دیکە لە بابەتە سەرەکییەکانی دانوستانەکان پەیوەست بوو بە پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ گرووپە پڕۆکسییە چەکدارەکان لە سەرانسەری رۆژهەلاتی نێوەڕاست، لەوانە: حیزبوڵڵا لە لوبنان، حوسییەکان لە یەمەن و هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق. ئەمریکا ئەم تۆڕە وەک ئامرازێکی ستراتیژی بۆ زیادکردنی کاریگەریی هەرێمیی ئێران دەبینێت،هەربۆیە واشنتۆن داوای لە تاران کرد کە واز لە پشتیوانیی چەکی، دارایی و راهێنانی ئەم گرووپانە بهێنێت، ( ئەی بی سی نیوز، ٢٠٢٦)
رۆڵی نەتانیاهۆ لە شێوەپێدانی ستراتیژی پێش جەنگ
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە ئاراستەکردنی گفتوگۆ ستراتیژییەکان و قایلکردنی حکومەتەکەی ترامپ بەرەو ئاراستە و هەنگاوە سەربازییەکان. نەتانیاهۆ لە ماوەی ساڵانی پێشوودا بە شێوەیەکی ئاشکرا دژی رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ بوو کە لەسەردەمی ویلایەتی دووەمی باراک ئۆباما ئەنجامدرا و بە توندی رەخنەی لە سیاسەتی سەرۆک باراک ئۆباما گرت. دوای گەرانەوەی ترامپ بۆ دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٢٥، کەسیکی هاوفکر و نزیکی نەتانیاهۆ دەسەلاتی گرتەوە دەست، (بی دی نیوز ٢٤، ٢٠٢٦).[iv]
دوای ئەوەی کە ترامپ بۆ دووەم جار بە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵبژێردرایەوە و دەسەڵاتی گرتەوە دەست لە ساڵی ٢٠٢٥ دا، نەتانیاهۆ تائیستا ٧ دیداری لەگەڵ ترامپ دا هەبووە و ، هەروەها بەردەوام لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە هەوڵی داوە سەرنجی ترامپ لە سەر جەنگی ئیسرائیل لە غەززە لابدات و بەرەو خواستەکانی ئێران لە بەرەوپێشچوونی توانای مووشەکە بالیستیەکانی ئاڕاستە بکات و دەسەڵاتدارەکانی ئێران وەکو دوژمنێکی هاوبەش وێنابکات، (بی دی نیوز ٢٤، ٢٠٢٦).
دوایین کۆبوونەوەی گرنگی پێش جەنگ لە یازدەی شوباتی ٢٠٢٦ لە کۆشکی سپی روویدا. ئەم دانیشتنە نزیکەی سێ کاتژمێر درێژەی کێشا و بەشێوەیەکی نائاسایی دوور لە چاوی کامێراکان بەڕێوەچوو. تەنیا یەک رۆژ دوای ئەم دانیشتنە کەشتی جەنگی ئەمریکی، "یو ئێس ئێس جێراڵد فۆرد" لە کاریبەوە بەرەو دەریای سپی نێوەراست بەڕێکەوت، (بی دی نیوز ٢٤، ٢٠٢٦).
نەتانیاهۆ دواتر ئەم فشارە دیپلۆماسیەی وەکو ئەنجامی ساڵانێک لە هەوڵی بێوچان وێنا کرد و گوتی کە، "ساڵانێک هەوڵی داوە حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی ئەمریکا قەناعەت پێبکات کە دەبێت هەنگاوێکی توندتر بنێن، و بەپێی وتەی ئەو سەرۆک ترامپ ئەو هەنگاوەی نا، ( زە ڤایبس، ٢٠٢٦).
قۆناخی دووەم: کەمپینی هێرشی ئاسمانی و گۆڕانی ئامانجەکانی جەنگ
دەستپێکی هێرشەکان و ئامانجە سەرەتاییەکان
هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل لە بیست و هەشتی شوباتی ٢٠٢٦ بە کەمپینێکی هێرشی ئاسمانیی گەورە دەستی پێکرد کە ئامانجی رووخانی ژێرخانە سەربازی و ستراتیژییەکانی ئێران بوو. رێبەری باڵای ئێران، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، لەیەکەم دەستپێکی هێرشەکاندا کوژرا؛ رووداوێک کە دۆناڵد ترامپ لە چاوپێکەوتنەکانی دواتردا بە شانازییەوە باسی کرد و بانگەشەی ئەوەی کرد کە، "هێرشەکە ئەوەندە سەرکەوتوو بووە کە نەوەک تەنیا خودی رەهبەر بەڵکو زۆربەی بەربژێرانی شایستە بۆ جێگرەوەی رەهبەر لەناوبرد"( بی بی سی نیوز، ٢٠٢٦)[v]
لە لێدوانە سەرەتایی و بەراییەکانیدا دوای هێرشەکە، ترامپ ئامانجەکانی کەمپینە سەربازییەکەی دیاریکرد، بە شێوەیەک کە زۆر لە شرۆڤەکاران پێیان وابوو ئاماژەیەکی ناراستەوخۆی سەبارەت بە گۆرینی رێژیم تێدایە. لە هەمان رۆژدا، داوای لە ئێرانییەکان کرد کە وڵاتەکەیان «بگەرێننەوە»، دەربرینێک کە بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک بانگەوازێک بۆ سەرنگوونکردنی رێژیمی ئیسلامی لێکدرایەوە، (بی بی سی نیوز، ٢٠٢٦).
هەروەها، سەرۆک ئاماژەی بەوە کرد کە بۆمبارانەکان دەتوانن بارودۆخێک دروست بکەن کە لەناوەوە، هەلی زیاتر بۆ گۆرانکاریی سیاسی بدات، و کەمپینە سەربازییەکەی وەک هەوڵێکی «رزگارکردن» وێناکرد، نەک تەنیا وەک هێرشێکی ستراتیژی.
دەربڕینی فەرمیی ئامانجەکانی جەنگ
لەگەڵ تێپەربوونی چەند رۆژێک لە هێرشە بەراییەکان، حکومەتی ئەمریکا هەوڵی دا ئامانجەکانی جەنگ بە شێوەیەکی روونتر دیاری بکات. لە یەکەم دەرکەوتنی فەرمیی ترامپ لە کۆشکی سپیدا لە دووی ئاداری ٢٠٢٦، چەند ئامانجێکی سەربازی دیاریکرا کە لە ناوەرۆکیاندا ئاماژەیەکی راشکاو بە گۆرینی رێژیم نەبوو ( ئەی بی سی نیوز، ٢٠٢٦).
لەو لێدوانانەدا ترامپ جەختی لەسەر وێرانکردنی کۆگای مووشەکی بالیستیی ئێران و توانای بەرهەمهێنانی مووشەکی نوێ کردەوە، و گوتی ئەم ئامانجە بە شێوەیەکی بەردەوام لە رێگەی هێرشە ئاسمانییەکانەوە هەر کاژێر جارێک دەکرێتە ئامانج. هەروەها گوتی کە هێزە دەریاییەکانی ئێران لە هێرشەکاندا زیانێکی گەورەیان پێگەیشتووە و هەندێک کەشتی جەنگی «لەکارخراون» یان «لە بنی دەریادان». سەرۆک ترامپ دووبارە جەختی لەسەر ئامانجی ستراتیژیی سەرەکی کردەوە کە بریتی بوو لە رێگریکردن لەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت. هەروەها، داوای وەستاندن و کۆتاییپێهێنانی پشتیوانیی ئێران لە گرووپە چەکدارە پڕۆکسییەکان لە ناوچەکەدا دووبارە کرایەوە.
ئەمەلەکاتێکدا، پیت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە هەمان رۆژدا لە پرێس کۆنفرانسێکدا ناکۆکی دژیەکیەکی وجودی نێوان پەیامەکانی حکومەت و سەرۆکی دەرخست کاتێک گوتی: "ئەمە جەنگی گۆرینی رێژیم نییە وەک ئەوەی خەڵک باسی لێوە دەکەن، بەڵام ئیستا رژێمەکە بە دڵنیاییەوە گۆراوە" (بی بی سی نیوز، ٢٠٢٦).
ئەم جیاوازییە لە نێوان ، نکۆڵیکردن لە ئامانجی گۆرینی رژێم و دانپێدانان بە گۆرانی دیفاکتۆی رژێمەکە، نیشانەی ئەوە بوو کە حکومەتی ئەمریکا هێشتا لە شێوازی دەربرینی ئامانجەکانی جەنگدا یەکدەست نیە.
پەیامی تێکەڵ و کۆتاییەکی ناڕوون
ناڕوونی دەربارەی ئامانجەکانی جەنگ بەردەوام بوو بەدرێژایی هەفتەی یەکەمی جەنگ. ترامپ ستراتیژییەکی پەیامی نائاسایی بەکارهێنا و ژمارە و جۆری هێرشەکانی لە رێگەی ڤیدیۆ و پۆستەکانی سۆشیاڵ میدیا، وەکو " ترووس" بڵاودەکردەوە و پاشان بەدرێژایی کۆتایی هەفتە داوای لە هەندێک لە ریپۆرتەرەکان دەکرد کە بێن و چاوپێکەوتنی کورتی لەگەڵ ئەنجام بدەن کە لەزۆربەیاندا قسەی جیاواز و هەندێک جار پێچەوانەی سەبارەت بە ماوە و ئامانجەکانی جەنگ دەردەبڕی (بی بی سی نیوز، ٢٠٢٦).
لە یەکێک لەو چاوپێکەوتنانەدا، کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا ئەمریکا لە دەرەوەی هێرشە سەربازییەکاندا هەوڵی زیاتر دەدات بۆ یارمەتیدانی گەلی ئێران بۆ گەڕاندنەوەی کۆنترۆڵی وڵاتەکەیان، ترامپ لە وەڵامی "سی ئێن ئێن" دا گوتی، "بەڵێ" بەڵام لە هەمان کاتدا بەرپرسانی باڵای حکومەت بەردەوام پێداگرییان لەسەر ئەوە دەکرد کە گۆرینی رێژیم ئامانجی فەرمیی ئەمریکا نییە.
ئەم جۆرە لە پەیامی تێکەڵ و جیاواز لەنێوان ترامپ و بەرپرسانی باڵای حکومەتەکەی رەخنەی زۆری لە لایەن یاسادانان و شرۆڤەکارانی سیاسییەوە لێگیرا. یەکێک لەوانە، ئادەم سمیس، ئەندامی باڵای دیموکراتەکان لە لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، ئاماژەی بەوە کرد کە، "حکومەتی ترامپ هێشتا هیچ وردەکارییەکی روونی نەداوە سەبارەت بەوەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران لە چ ئاستێکدا بووە و هەروەها گوتی هیچ زانیارییەکی تایبەت و باوەڕپێکراو نەخراوەتەروو کە بتوانرێت لەسەر بنەمای ئەوە بانگەشەی هەڕەشەیەکی جیدی لە لایەن ئێرانەوە بۆسەر ئەمریکا بکرێت" (بی بی سی نیوز، ٢٠٢٦).
هەروەها، جنراڵ دەیڤد پێترییەس، بەرێوەبەری پێشووی "سی ئای ئەی" نیگەرانی خۆی نیشاندا لە مەترسییەکانی هاندانی گەلی ئێران بۆ راپەرین و ئاماژەی بەوە کرد کە هێزە ئەمنییەکانی رژێمەکە نزیکەی یەک ملیۆن کەسن و "پێشتر نیشانیان داوە کە ئامادەن بۆ پاراستنی رژێمەکە تووندترین رێکارەکان بگرنەبەر" ( بی بی سی نیوز، ٢٠٢٦).
کاتی جەنگ و فراوانبوونی بازنەکەی
ترامپ لە سەرەتادا پێشبینی کرد کە کەمپینە سەربازییەکە نزیکەی چوار بۆ پێنج هەفتە بخایەنێت، بەڵام دواتر لە لیدوانی شێوە لاستیکی دەدا سەبارەی بەماوەی جەنگەکە و ئاماژەی بەوە دا کە دەکرێت جەنگەکەکە «هەرچەندە پێویست بێت» درێژە بکێشێت، (ئەی بی سی نیوز، ٢٠٢٦). هەروەها ترامپ گوتی، " شەپۆلی هێرشە گەورەکان" بەڕێوەن و هێشتا نەهاتوون، ئەمەش مانای ئەوە دەدات کە هێرشەکانی سەرەتا بەشێکن لە سەرەتاکانی کامپەینێکی درێژخایەنی جەنگ، (ئەی بی سی نیوز، ٢٠٢٦).
لە رۆژی چوارەمدا، جەنگەکە بە شێوەیەکی بەرچاو فراوانبوو. ئیسرائیل هێزی زەمینی بۆ باشووری لوبنان نارد وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی حیزبوڵڵا و تەقینەوەکان لە تارانی پایتەخت ( شیلۆنگ تایمز، ٢٠٢٦).[vi] رێکخراوی مانگی سووری ئێران لەراپۆرتێکدا ئاماری کوژراوانی بڵاوکردەوە کە بە لایەنی کەم حەوت سەد و هەشتا و حەوت کەس لە ئێراندا کوژراون، لە کاتێکدا یازدە کەس لە ئیسرائیل لە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران دا کوژران. هەروەها ژمارەی کوژراوانی هێزەکانی ئەمریکا گەیشتە شەش کەس، لەگەڵ هەندێک قوربانیانی زیاتر لە ئیمارات، کوەیت و بەحرەین ( شیلۆنگ تایمز، ٢٠٢٦).
قۆناخی سێیەم: پەرەسەندن بەرەو چالاکی و هێرشی زەوینی و بەشداریی کوردەکان
پرسیار دەربارەی هێزە زەوینییەکان
لە درێژەی قۆناخی سەرەتایی جەنگەکەدا، حکومەتی ترامپ هەڵوێستێکی ناروونی هەبوو سەبارەت بە ئەگەری دابەزاندنی هێزە زەوینییەکانی ئەمریکا. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نیویۆرک پۆست، ترامپ گوتی ناردنی هێزی زەوینی بە تەواوی رەت ناکاتەوە "ئەگەر پێویست بێت." هەروەها گوتی ترسی لە ناردنی هێزی زەوینی نییە بە پێچەوانەی ئەو سەرۆکانەی دیکەی ئەمریکا کە دەڵێن «هیچ هێزێکی زەوینی نانێرین»، بەڵکوو دەڵێت ئەگەر پێویست بوو، ئەو بژاردەیە لەبەردەست دەبێت.
ئەم جۆرە هەڵوێست و لێدوانانە تەواو دژی هەڵویستەکانی پێشوو بوو کە دەریان بڕیبوو چونکە ئەوەی جێگای پرسیار بوو ئەوەیە کە ئایا ئەمریکا تاچەند بازنەی بەشدارییەکانی لەجەنگەکەدا فراونتر دەکات. جنراڵ دان کەین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا، هەڵسەنگاندنێکی وریایانەتری پێشکەش کرد و گوتی، "بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئەمریکا کاتی دەوێت و لە هەندێک حاڵەتدا کارێکی سەخت و دژوار دەبێت." هەروەها، ئاماژەی بەوە کرد کە "ئەمریکا پێویستە چاوەروانی زیانی زیاتر بێت" ( شیلۆنگ تایمز، ٢٠٢٦).
گرووپە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان و پێکهاتەی هێزی زەوینی
لەگەڵ زیادبوونی کەمپینی هێرشی ئاسمانی، هەندێک راپۆرت باسیان لەوە دەکرد دەستیان کرد کە لەئەگەری هێرشی زەوینی ئەوا رەهەندی هێرشی زەوینی جەنگەکە بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا یان ئیسرائیل-ەوە ئەنجام نادرێت، بەڵکوو زیاتر لەلایەن گرووپە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان ئەنجام دەدرێت کە بنکەکانیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق-ە.
پێکهێنانی هاوپەیمانی پێش جەنگ،لە بیست و دووی شوباتی ٢٠٢٦دا، تەنیا چەند رۆژێک پێش دەستپێکردنی جەنگەکە، چەند حزبێکی ئۆپۆزسیۆنی کوردی رۆژهەڵات هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانیان پێکهێنا. ژمارەی ئەو حزبانەی کە هاوپەیمانیەتەکەیان پێکهێنا بریتیبوو لە پێنج حزبی کوردی رۆژهەڵات ئەوانیش؛ حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ژیانی ئازاد(پژاک)، پارتی ئازادی کوردستان (پاک)، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێری کوردستان.
راپۆرتەکان دەربارەی چالاکییە زەوینییەکان، دوای دەستپێکردنی جەنگ، راپۆرتی دژیەک سەبارەت بەوەی ئایا ئەم هێزە کوردییانە بە شێوەیەکی راستەوخۆ چالاکیی زەوینییان لە ناو ئێران دەستپێکردووە یان نا دەرکەوتن. کەسێکی باڵا لە هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بە "ئای ٢٤ نیوزی" راگەیاند کە " جوڵانەوە سەربازییە زەوینییەکانی هێزە کوردییەکان دژ بە ئێران پێشتر و لە نیوەشەوی دووی ئادار ەوە دەستیان پێکردووە (سۆفکس، ٢٠٢٦).[vii] بەپێی هەندێک لەو راپۆرتانە، هێزەکانی حکومەتی ئێران لە سێی ئاداردا لە مەریوان کشانەوە و سەربازە کوردەکان هەندێک لەو بەرزاییانەیان گرت کە لەلایەن هێزەکانی حکومەتی ئێران-ەوە چۆڵکرا بوون (سۆفکس، ٢٠٢٦).
راگەیاندنی دژیەک، بەڵام لە هەمان کاتدا، هەندێک سەرچاوەی میدیا و بەرپرسانی کورد راپۆرتەکانی پێشرەوی زەوینییان بە تەواوی پشتراست نەکردەوە و ئەمەش دەرخەری ئەو ژینگە تەماوی ئاڵۆزەی زانیاری بوو کە لە دەوری چالاکییە سەبازییە زەوینییەکان دەسوڕانەوە (ئەنادۆڵ ئەیجێنسی، ٢٠٢٦).[viii]
پەیوەندییەکانی ترامپ لەگەڵ سەرکردەکانی کورد
هەندێک راپۆرت ئاماژەیان بە پەیوەندییە راستەوخۆکان لە نێوان دۆناڵد ترامپ و هەندێک لە سەرکردە کوردەکانی کوردستانی باشوور و حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، لەوانە پەیوەندی تەلەفۆنی ترامپ لەگەڵ مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، و هەروەها سەرۆکایەتی هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ( ئۆریەنتاڵ دەیلی، ٢٠٢٦؛ [ix] حوریەت، ٢٠٢٦). وا دەرکەوت ئەم پەیوەندییانە لەلایەن بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رێگەیان بۆ خۆش کراوە و ئاسانکاری کراوە، ئەوەش نیشانەی یەکخستنی دیپلۆماسیەت، ستراتیژیی سەربازی، و گرووپی پرۆکسیە لە جەنگدا ( حوریەت، ٢٠٢٦).[x]
"سی ئای ئەی" و باسەکانی دابینکردنی چەک
"سی ئێن ئێن" ی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەدا کە " سی ئای ئەی" دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا کار بۆ چەکدارکردنی هیزە کوردییەکان دەکات بۆ هەڵگیرسانی راپەڕینێکی نێوخۆی لە نێو ئێران دا (دەیلی ئێکسپرێس، ٢٠٢٦). ئەمە لەکاتێکدا حکومەتی ئەمریکا بەشێوەیەکی گشتی سەرلەبەری ئەم هەواڵانەی رەتکردەوە کاتێک وەزیری جەنگی ئەمریکا، هیگسێت گوتی، " ئامانجەکانی ئەمریکا لە جەنگەکەدا پەیوەست و وابەستەی یارمەتی یان چەکدارکردنی هیچ هێزێک نیە" ( دەیلی ئێکسپرێس، ٢٠٢٦).[xi]
کاردانەوە هەرێمییەکان و ئاڵۆزییەکان
باسەکانی بەشداریی هێزە کوردییەکان چەندین کاردانەوەی هەرێمی بەدوای خۆیدا هێنا:
-ئێران فشاری دیپلۆماسیی لەسەر بەغدا زیاد کرد بۆ ئەوەی پەرینەوە و جوڵەی هێزە کوردەکان سنووردار بکرێت (سۆفکس، ٢٠٢٦).
-سوپای پاسداران هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان زیادتر کرد (سۆفکس، ٢٠٢٦).
- نیگەرانی تورکیای لێکەوتەوە سەبارەت بەبوونی هێزی کوردی میلیشیا بەدرێژایی سنووری وڵاتەکەی (سۆفکس، ٢٠٢٦).
-وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان نیگەرانی خۆی سەبارەت بە هێرشەکان بۆسەر دامەزراوەکان دەربڕی (سۆفکس، ٢٠٢٦).
شیکاری سێ قۆناخەکە لە چوارچێوەیەکی ستراتیژیدا
پەیوەندیی نێوان دیپلۆماسی و کردە سەربازییەکان
گۆڕانی قۆناخەکان و گواستنەوەیان لە دیپلۆماسییەتەوە بۆ کەمپینی هێرشی ئاسمانی و دواتر بۆ چالاکی زەوینی، زیاتر نیشانەی ستراتیژییەکی ئامادەکراوە تا پەرەسەندنێکی کاتی و بێ پلان. بابەتی ئەوەی دانوستانە دیپلۆماسییەکان هاوکات بوون لەگەڵ پلاندانانی هێرشی سەربازی، لەگەڵ ئەوەی بریاری هێرشە سەربازییەکە چەند هەفتەیەک پێش دەستپێکردنی شەڕ درابوو، ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی کە حکومەتی ترامپ بە شێوەیەکی سەرەکی دیپلۆماسی وەک ئامرازێک بۆ کات کڕین، و داپۆشینی ئامادەکارییە سەربازییەکانی، یان هەڵسەنگاندنی هەڵوێستی ئێران سەیری دەکرد، نەک وەک رێگایەکی سەرەکی بۆ چارەسەری سیاسی ( زەڤایبس، ٢٠٢٦)
لە روانگەی تیۆرییەوە، ئەم شێوازە لەگەڵ ئەوەی لە ئەدەبیاتی سیاسی و ستراتیژیدا لەگەڵ دیپلۆماسیی زۆرەملێ هاوشانە و دێتەوە. لەم ستراتیژیەدا هەوڵ دەدرێت دوژمن بە فشار، هەڕەشەی هێز، یان بەکارهێنانی سنوورداری هێز ناچار بکرێت کە رێزی داواکارییەکان بگرێت، بەبێ ئەوەی شەڕێکی تەواو بە شێوەیەکی چڕ ئەنجام بدرێ ( جۆرج، ١٩٩١؛ شێلینگ، ١٩٩٦).[xii] لە هەمان کاتدا، هەنگاونان و بەرەوپێشچوون لە هێرشی ئاسمانییەوە بۆ چالاکیی گرووپی پرۆکسی لەگەڵ تیۆریی زۆرلێکردن دەگونجێت، چونکە لەو تیۆرییەدا دەوڵەتەکان هەوڵ دەدەن فشارەکان لەسەر دوژمن زیاد بکەن بۆ ئەوەی بە کەمترین تێچوو و بێ ئەوەی خۆیان لە شەڕێکی فراواندا تێوەبگلێنن، ئامانجە ستراتیژییەکانیان بەدەستبهێنن ( پاپ، ١٩٩٦؛ [xiii] بیمان & واکسمان، ٢٠٠٢).
بەرەوپێشچوونەکانی ئامانجەکانی جەنگ
گۆران و ئاڵۆزییەکان لە دەربڕینی ئامانجە فەرمییەکانی جەنگ دا، لە لایەکەوە نیشانەی نادڵنیایی و ناروونیی ستراتیژیی ناوخۆیی حکومەتەکەیە، و لە لایەکی ترەوە هەوڵێکە بۆ ئەوەی زمانێکی سیاسیی جیاواز بەکارهێنرێت بۆ جیاکردنەوەی ئامانجی فەرمی و ئەو ئاکامە سیاسییانەی کە لە مەیدانی شەڕدا دەتوانن بەدەست بهێندرێن. لێدوانەکەی پیت هێگسێس، وەزیری جەنگ، کە گوتی «ئەمە جەنگی گۆڕینی رژێم نییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە خۆی لەئێستادا رژێم گۆراوە» ( بی بی سی، ٢٠٢٦)، بە ڕوونی ئەو ئاڵۆزیە دەردەخات کە لەنێوان نکۆڵیکردنی فەرمی لە گۆرینی رژێم و دانپێدانان بە گۆڕانی بارودۆخی رژێمەکەدا هەیە.
ئەم جۆرە ناڕوونییە لەگەڵ ئەو تیۆریانەی لە ئەدەبیاتی ستراتیژیی هێزی سەربازیی سنوورداردا هەن، هاوتایە کە تیایدا، ئامانج لە بەکارهێنانی هێز بۆ ئەوە نییە کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ سەرکەوتنێکی تەواو لەمەیدانی جەنگدا بەدەستبهێنرێت، بەڵکوو بۆ ئەوەیە کە هەژمونی سیاسی و حساباتە ستراتیژیەکانی دوژمن بگۆڕدرێت و ناچار بکرێت رەفتارەکانی بگۆڕێت ( ئارت، ٢٠٠٣).[xiv]
رەهەندی کوردی: دەرفەت و مەترسی
مشتوومڕی بەشداریکردنی گرووپە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان لە چالاکییە زەوینییەکان دا هەم دەرفەتە و هەم مەترسی. لە رووی ستراتیژییەوە، ئەم هێزانە دەتوانن بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل سوودبەخش بن چونکە رێگە بەردەوامیی فشار لەسەر رێژیمی ئێران دەدەن و تێچووی مرۆیی و سیاسی خۆشیان کەم و سنووردار دەکەن. بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەم رەهەندە ئاڵۆزییەکی هەرێمیی نوێ دروست دەکات چونکە بەشداریی هێزە کوردییەکان نەوەک تەنیا کاردانەوەی توندی ئێران-ی لێدەکەوێتەوە، بەڵکوو نیگەرانییەکانی تورکیاش زیاتر دەکات چونکە ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی هەستیار سەیری هەر جۆرە پەرەسەندنێکی چەکداری کورد لە دەوروبەری سنوورەکانی دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم پرسە بابەتی چارەسەری دوای شەر و رێکخستنی ناوچەکانیش زۆر ئاڵۆزتر دەکات ( بیمان & واکسمان، ٢٠٠٢).
فشارە نێوخۆییەکان و کاریگەرییان لەسەر درێژەی جەنگ
بارودۆخی نێوخۆیی لە ئەمریکا و هەروەها سنووردارییە ئابوورییەکانیش وەکو بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی دەتوانن رۆڵێکی گرنگ لە ئاراستەکردن و ماوەی جەنگدا بگێڕن. ناڕەزایی خەڵک بە گشتی لە شەڕی درێژخایەن، و خەسڵەتی قووڵی نیگەرانی کۆمەڵگەی ئەمریکی بەرامبەر بە دەستێوەردانە سەربازییە درێژخایەنەکان، هەموویان دەبنە فشارێکی سیاسی لەسەر سنووردارکردن کاتی جەنگەکە. ئەو راپرسییانەی لە کۆتایی هەفتەی یەکەمی جەنگ کران تەنیا رەزامەندیی نزیکەی بیست و پێنج لە سەدی دانیشتوانی کۆمەڵگەی ئەمریکی نیشاندەدات سەبارەت بەهەڵگیرسانی جەنگ ( بی بی سی نیوز، ٢٠٢٦).
ئەنجام
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران بە سێ قۆناخی جیاوازدا تا ئێستا تێپەڕیوە، کە هەریەکەیان دەبیتە بناخە بۆ قۆناخی پاش خۆی لەگەڵ هێنانەئاراوەی ئاڵۆزی زیاتر و لایەنی نوێ. قۆناخی یەکەم بریتیبوو لە قۆناخی دیپلۆماسی کە سەرنجی لەسەر بابەتەکانی گەشەپێدانی ناوکی ئەتۆمی، مووشەکە بالیستییەکان، و گرووپە پڕۆکسییە چەکدارەکان بوو، کە دواتر شوێنی خۆی بۆ قۆناخی دووەم چۆڵکرد کە بریتیبوو لەکەمپینێکی هێرشی ئاسمانی وێرانکەر لەگەڵ گۆڕانی ئامانجەکانی جەنگدا. لە پاشاندا قۆناخی سێیەم—بەشداریی مشتوومڕهەڵگری گرووپە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان لە چالاکییە زەوینییەکاندا.
جەنگەکە جۆرێک لە یەکخستنی دیپلۆماسی زۆرەملێ، هێزی سەربازی سنووردار، و ستراتیژی بەکارهێنانی گرووپی پڕۆکسی چەکدار نیشان دەدات، کە رەنگدانەوەی چەندین مانگ پلاندانان و کاریگەری ستراتیژی نەتانیاهۆی-ە. بەڵام لەکۆتایدا ئەوەی جێگای پرسیارە ئەوەیە کە ئایا جەنگ ئامانجەکانی خۆی بەدەست دەهێنێت—یان کۆمەڵیک هێز بەرهەم دەهێنێت کە لەدەرەوەی توانای کۆنتڕۆڵکردنی خودی ئەمریکا و ئیسرائیل-ش دەبێت، کە ئەمەش جەخت لەسەر کارلێکی نێوان کردەی سەربازی، دیپلۆماسی، و سیاسەتی هەرێمی دەکاتەوە.
[i] ABC News Australia (2026) 'Trump lists four objectives of US-Israel strikes on Iran', ABC News Australia, 3 March. Available at: https://www.abc.net.au/news (Accessed: 5 March 2026).
[ii] Byman, D. and Waxman, M. (2002) The Dynamics of Coercion: American Foreign Policy and the Limits of Military Might. Cambridge: Cambridge University Press.
George, A.L. (1991) Forceful Persuasion: Coercive Diplomacy as an Alternative to War. Washington, DC: United States Institute of Peace Press.
Pape, R.A. (1996) Bombing to Win: Air Power and Coercion in War. Ithaca, NY: Cornell University Press.
[iii] The Vibes (2026) 'Netanyahu says Israel-US conflict with Iran will be limited in duration', The Vibes, 3 March. Available at: https://thevibes.com (Accessed: 5 March 2026).
[iv] bdnews24.com (2026) 'Netanyahu's war alliance with Trump faces test as Iran crisis widens', bdnews24.com, 4 March. Available at: https://bdnews24.com (Accessed: 5 March 2026).
[v] BBC News (2026) 'Trump's Iran endgame unclear after mixed messaging on war aims', BBC News, 2 March. Available at: https://www.bbc.com/news (Accessed: 5 March 2026).
[vi] The Shillong Times (2026) 'War escalates as Iran hits US Embassy in Saudi Arabia; Israeli troops enter Lebanon', The Shillong Times, 4 March. Available at: https://theshillongtimes.com (Accessed: 5 March 2026
[vii] SOFX (2026) 'Iranian Kurdish Opposition Reports Ground Operations Inside Iran as Cross-Border Offensive Takes Shape', SOFX, 5 March. Available at: https://www.sofx.com (Accessed: 5 March 2026).
[viii] Anadolu Ajansı (2026) 'US media outlet retracts report on alleged Kurdish ground offensive in northwestern Iran', Anadolu Ajansı, 5 March. Available at: https://www.aa.com.tr (Accessed: 5 March 2026).
[ix] Oriental Daily (2026) '傳特朗普與庫爾德族領袖通話' [Reports of Trump's phone calls with Kurdish leaders], Oriental Daily, 5 March. Available at: https://www.orientaldaily.com.my (Accessed: 5 March 2026).
[x] Hürriyet (2026) 'Trump, Iraklı Kürt liderlerle İran'ı konuştu: Netanyahu'nun görüşmeye aracılık ettiği iddiası' [Trump discussed Iran with Iraqi Kurdish leaders: Claims that Netanyahu mediated the meeting], Hürriyet, 3 March. Available at: https://www.hurriyet.com.tr (Accessed: 5 March 2026).
[xi] Daily Express (2026) 'First shots of Iran ground war fired as Tehran hits back at CIA-backed Kurdish bases', Daily Express, 4 March. Available at: https://www.express.co.uk (Accessed: 5 March 2026).
[xii] Schelling, T.C. (1966) Arms and Influence. New Haven: Yale University Press.
[xiii] Pape, R.A. (1996) Bombing to Win: Air Power and Coercion in War. Ithaca, NY: Cornell University Press.
[xiv] Art, R.J. (2003) A Grand Strategy for America. Ithaca: Cornell University Press.