پێوەندییەکانی ئەمریکاو عێراق دوو قۆناغی بڕیوە. قۆناغی یەکەمیان لە ساڵی (٢٠٠٣) و رووخاندنی رژێمەکەی سەددام حوسەینەوە دەست پێدەکات بۆ ساڵی (٢٠١١) کە کشانەوەی رێژەیی هێزەکانی ئەمریکایە لە عێراق. قۆناغی دووەمی ئەم پێوەندییە لە ساڵی (٢٠١٤) ەوە دەست پێدەکات کە بەهاوکاری و سەرپەرشتی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ شەڕی دژ بە داعش بو تا گەیشتە ناوەڕاستی (٢٠١٧).
پرسی کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەتا بێت زیاتر لە کردارەوە نزیک دەبێتەوە. زیاتر لە دەیەیەکە ئەم پرسە لە ئارادایە. سەرجەم بەڵگە حکومییەکانی دەوڵەتی ئەمریکا هەوڵیان داوە دۆخی پەیوەندی ئەمریکا لە گەڵ عێراق و پرۆسەکەی لە داهاتودا روون بکەنەوە.