شرۆڤە

دیالۆگی ئەمریکاو عێراق: دەرفەت و ئاڵنگارییەکان

05-06-2020


 

RRC |

 بەهرۆز جەعفەر*

پێوەندییەکانی ئەمریکاو عێراق دوو قۆناغی بڕیوە. قۆناغی یەکەمیان لە ساڵی (٢٠٠٣) و رووخاندنی رژێمەکەی سەددام حوسەینەوە دەست پێدەکات بۆ ساڵی (٢٠١١) کە کشانەوەی رێژەیی هێزەکانی ئەمریکایە لە عێراق. قۆناغی دووەمی ئەم پێوەندییە لە ساڵی (٢٠١٤) ەوە دەست پێدەکات کە بەهاوکاری و سەرپەرشتی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ شەڕی دژ بە داعش بو تا گەیشتە ناوەڕاستی (٢٠١٧).
لەو ماوەیەدا زۆر گۆڕانکاریی لە عێراق دا هاتونەتە ئاراوە کە ئێران تیایدا لایەنێکی سەرەکیە. بۆیە عێراق و ئەمریکا قۆناغی سێهەمی پێوەندییەکانیان دەست پێدەکەن:

رێکخستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق

بونی ئەمریکا لە عێراق پێویستی بە پێناسەیەکی دیارو رێکخستنەوەیە. بەتایبەت دوای کوژرانی سەرۆکی سوپای قودسی ئێران «قاسم سولەیمانی» و جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی « ئەبومەهدی موهەندیس»، مووشەکبارانکردنی سەربازگە ئەمریکیەکان و دواتریش دەنگدانی پەرلەمانی لە ٢٠ ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ بۆ دەرکردنی هێزە بیانیەکان لە عێراق و لە سەرووهەموشیانەوە هێزەکانی ئەمریکا، ئەو پێویستییە زیاتر بووە.
دەرئەنجامی نەبونی کەشێکی گونجاو بۆ هێزەکانی ئەمریکاو، سەرباری ئەوەش تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆنا لەسەرانسەری جیهاندا. ئەمریکا لە (٢٠ی ئازاری ٢٠٢٠) بڕیاری کشانەوەو چۆڵکردنی له هەریەکە لە بنکەی قائیم و بنکەی رۆژئاوای گەیارەو بنکەی ئاسمانی کەی وەن -K-1ی دا. هەروەها چوار بنکەی سەربازی دیکەش کە لە دەورووبەری فڕۆکەخانەی بەغدا جێگیرکرابون چۆڵکران. بۆ ئەم مەبەستەش هەریەکە لە بنکەی ئاسمانی «عین الآسد» ی لەسەر سنوری سوریاو بنکەی هەریر لە هەولێر و سەربازگەی « تاجی» بونەتە بەشێکی چڕ لە پلانی رێکخستنەوەی کاروباری سەربازی و ئەمنیی ئەمریکا لە عێراق.

سنوردارکردنی جموجوڵەکانی ئێران

لە پەراوێزی مووشەکبارانکردنی سەربازە ئەمریکیەکانەوە، رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە ٢٧ ی ئازاری ٢٠٢٠ دا راپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە؛ Mark Mazzetti and Eric Schmitt: Pentagon Order to Plan for Escalation in Iraq Meets Warning From Top Commander. تیایدا بەڕوونی باس لەوە دەکات کە پنتاگۆن بڕیاری وێرانکردن و لەناوبردنی « کەتائیبی حیزبوڵڵا» ی لە عێراق داوە. چونکە بۆی یەکلابۆتەوە ئەوان لە پشت موشەکبارانکردنی سەربازە ئەمریکیەکانەوە بون لە عێراق. لەم سۆنگەیەشەوە ئەمریکا مووشەکی پاتریۆت لە هەولێر و عەین ئەسەد جێگیر دەکات. لەگەڵیشیدا سیستەمێکی بەرگریی نزیک مەودا لە سەربازگەی تاجی دادەنێت. ئەمەش ئەو بژاردەیە جێگیر و پشتڕاست دەکاتەوە کە بونی ئەمریکا لە عێراق بونێکی جێگیر و ستراتیژییە. هەروەک لە (٧ی نیسانی ٢٠٢٠) دا وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە نێو بینای وەزارەتی دەرەوە رایگەیاند: داوای گفتوگۆیەکی یەکلاکەرەوەمان لەگەڵ عێراق کردووە. پاڵپشتی هەموو حکومەتێکی عێراقی دەکەین کە دوور بێت لە کاری تایەفی کۆن و کۆتایی بە تیرۆر و گەندەڵی بهێنێت.

غازی سروشتی …دەرفەتێکی نوێ

ئەمریکا لە ئایاری ٢٠٢٠ دا، دەرفەتی (٦) مانگی بە عێراق دا کە کۆتایی بە کڕینی غاز لە ئێران بهێنێت. بە پێی رووپێوی و ئەنەلایزەکانی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی-MIRS، عێراق خاوەنی (١١٢) تریلیۆن پێ سێجا غازی سروشتیەو، رۆژانە پێویستی بە بەکارھێنانی (٧٠٠) ملیۆن پێ سێجایە. ئەگەرچی لە ساڵی (٢٠١١)دا عێراق و ئێران رێککەوتن کە ئێران رۆژانە (٥٠) ملیۆن مەتر سێجا بەعێراق بفرۆشێت بەڵام، بە بڕوای وتەبێژی فەرمی وەزارەتی کارەبای عێراق « ئەحمەد عەبادی » لەبەرئەوەی پێداویستییە نێوخۆییەکانی ئێران زیادیکردووە، ئەم بڕە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتوە. بۆیە لە ئایاری ٢٠٢٠ دا رۆژانە (٣) ملیۆن مەتر سێجا غاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت!
ئەگەر هاوردەی غازی ئێران بوەستێنرێت، عێراق بێ بەش لە (٤٠٠٠) هەزار مێگاوات کارەبا بێبەش دەبێت. دەکرێتجێگرەوەی ئەم پێداویستیەش کێڵگەی عوکاز بێت لە پارێزگای ئەنبار کە دەکەوێتە باشووری شارۆچکەی قائیم و، بە گەورەترین کێڵگەی غازیی عێراق دادەنرێت کە مەزەندە دەکرێت (٥.٣) تریلیون پێ سێجا غازی سروشتی تێدا بێت. بە شێوەیەکی گشتی عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە غازی سروشتی بەتایبەت کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان. لە کاتێکدا ئێران بە پێنج هێندەی زیاتر لە نرخی ئاسایی بازاڕ غاز بە عێراق دەفرۆشێت، دەکرێت عێراق غاز لە هەرێمی کوردستان و لەنێوخۆی خۆیدا بکڕێت و، ئەمەش دەبێتە فاکتەرێکی سەقامگیریی سیاسی نێوخۆیی و بەرژەوەندی هاوبەشی کوردو بەغدا. لەهەرێمی کوردستان دا کێڵگەی گەورەی غازیی هەن، کێڵگەی بیناباوی (٤.٩) تریلیۆن پێ سێجاو خورمەڵە (٣.٦) تریلیۆن پێ سێجا و کۆرمۆر (٤.٤) تریلیۆن و چەمچەماڵ (٣.٤) تریلیۆن و میران (٣.٥) و کوردەمیر (٢.٣) تریلیۆن پێ سێجا غازی سروشتیان هەیە. جگە لە کێڵگەکانی دیکەی وەکو ئەتروش و تاوکێ و سومەیل و شێخ عادی و …تاد. کە کێڵگەی نەوتن و کەمینەیەک غازیان لێوە بەرهەم دێت.
غازی سروشتی، وەک دیاردەیەک سەرچاوەی رێککەوتن و ناکۆکیە هەرێمایەتیەکانیشە. تورکیا ساڵانە بایی (٤٥ بۆ ٦٠) ملیار دۆلار غاز لە رووسیا و ئێران و ئازەربایجان و نەیجیریاو جەزائیر دەکڕێت. ئەگەرچی لە ساڵی (٢٠١٩) بۆڕی غازیی نێوان ئێران- تورکیا تەقێنرایەوە، لە کۆتایی ئایاری ٢٠٢٠ حکومەتی تورکیا رەتیکردەوە بۆڕییەکە چاک بکەن!چونکە پێیانوایە کە ئێرانیەکان لە مینای بەسرەوە هێڵێکی غازی سروشتی بۆ سوریا ڕادەکێشن تا هاوکاری بەشار ئەسەد بکەن. بە شێوەیەکی گشتی کوتلەو حەوزەکانی غازی سروشتی لەناوچەی قەزوین، کەنداو، دەریای نێوەڕاست لە کێبڕکێی سیاسی و مانۆڕی سەربازیی دان بۆ پاراستنی ناوچەکانی بەرژەوەندییان. لەو نێوەندەدا عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەت پێویستە پێگەو قووڵایی ستراتیجی خۆیان بدۆزنەوە.

هەرێمی کوردستان: چاکسازیی یان دابەشبون؟

پێگەی کورد لەناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا رووی لەهەڵکشانە. بەڵام کورد خۆی هێزێکی ئامادەو لەسەر پێ نیە بۆ ئەوەی هەڕەشەکان بکات بە دەرفەت و بەکاریان بهێنێت. شەڕی داعش، شانزەی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و نەمانی دەسەڵاتی کورد لە کەرکوکدا، دابەزینی نرخی نەوت، نەبونی دامەزراوەی دارایی و ئابوریی لەهەرێمی کوردستان، دیارنەمانی داهات، لەسەروو هەموشیانەوە مامەڵەکردنی راستەوخۆی ئیدارەی ئەمریکاو وڵاتانی دیکە لەگەڵ حکومەتی مەرکەزیی بەغدا، وای دەردەخەن کە پێویستە هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە بۆ مەرکەز کە بەغدایە. گەڕانەوەی هەرێمی کوردستان بۆ حکومەتی مەرکەزیی بەغدا لەڕووی سیاسی و ئابوری و سەربازی و دیپلۆماسییەوە، چانسی جۆراوجۆر دەدات. سەرەکیترینیان ئەوەیە کە کورد لە دیالۆگی ئەمریکی – عێراقی دا ئامادە دەبێت. هەروەها هیچ وڵاتێکی دراوسێ هەوڵنادات لەڕێگەی حیزبە کوردییەکانەوە ئاشوبی نێوخۆیی درووستبکات و هەرێمی کوردستان لەت بکات ( کە ئێستا هەرێمی کوردستانی عێراق لە بەردەم مەترسی دابەشبوندایە بەهۆی ململانێکانی ئێران و ئەمریکا لەلایەک و ململانێی نێوخۆیی حیزبەکان). هەروەها هەرێمی کوردستان لەو سکاڵا جۆربەجۆرانەی کە کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق و دادگای فیدراڵی لە ماوەی رابردودا لە دژی تۆماریان کردووە، قورتار دەکات.
بەکورتی، هەرێمی کوردستان کەوتۆتە بەرمەترسیەکی گەورە کە دابەشبونی ئەگەڕێکی چاوەڕوانکراوە. ئەوەش لەلایەک بەهۆی ئەوەی ئێران پێیوایە غازی سروشتی هەرێم جێگرەوەی غازی ئێرانە بۆ تورکیا. لەلایەکی دیکەش بەهۆی جێگیرکردنی سیستەمی موشەکیی پاتریۆت لە هەریری نزیک هەولێر.

کۆرۆنا ڤایرۆس: ئاڵنگاری گەورەی بەردەم عێراقیەکان

کۆرۆنا، پەتایەکی کوشندەیە، هەڕەشەیەکی کاتیی نییە. تەنها لەڕووی ئابورییەوە لە (٣) مانگی یەکەمدا (٦) ملیار یۆرۆ زیانی لە ئەوروپا داوە. هەڕەشەی ڤایرۆسەکە خەریکە رۆژهەڵاتی نێوەراست نقومی مەترسیی مرۆیی دەکات. لە تورکیا (١٦٦.٤٢٢) توشبو تا ئەم چرکەیە هەیەو (٤٦٠٩) کەسی کوشتوە. لە ئێران ( ١٦٠.٦٩٦) کەسی توشبو هەیەو (٨٠١٢) کەسی کوشتوە. جگە لەوەی ناشەفافی لە بڵاوکردنەوەی داتاکاندا هیچی لە نەخۆشیەکە کەمتر نیە. بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز هەموو ئەو ئامارانەی حکومەتی عێراق لەبارەی کۆرۆناوە بڵاوی دەکاتەوە ناڕاستن. حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی عێراق پێشبینی دەکات رۆژانە (٦٠٠ بۆ ٨٠٠) کەس لە عێراق تووشی کۆرۆنا بن. ئەمەش رێژەیەکی زۆرە بۆ وڵاتێک کە سیستەمێکی سیاسی و ئابوریی و تەندروستی دواکەوتوی هەیە و ژمارەی دانیشتوانەکەی (٣٨ ) ملیۆنە ( بە پێی وەزارەتی پلاندانان). هەروەها پێش ئەوەی ڤایرۆسەکە ببێتە مەترسیەکی گەورە نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق و دامەزراوە فەرمیەکان پشتڕاستیان کردەوە کە رێژەی هەژاری لە عێراقدا گەیشتوەتە (٤٠٪). بەردەوامی و گەشەکردنی مەترسی ڤایرۆسەکە ئەم رێژەیە لە دوو هێندە زیاتر دەکاتەوە و، حکومەت و خەڵک تووشی رووبەڕووبونەوە و حاڵەتی داخران (Clouser ) دەکاتەوە.

ئەنجام

عێراق مەیدانێکی سیاسی و ئایدۆلۆژی و ئابوریی و ئەمنی گرنگە بۆ ئێران. ئەمریکا دویەوێت بونێکی پێناسەکراو و دیاریکراوی خۆی هەبێت لە عێراق. کەواتە کێبڕکێکانی ئێران و ئەمریکا لە عێراق زیاتر دەبێت. بۆیە عێراق و ئەمریکا دیالۆگێکی ستراتیجی لەگەڵ یەک ئەنجام دەدەن. کە لە ئەنجامدا لەلایەک پێگەی سەربازیی و ئەمنی ئەمریکا بەهێزتر دەکرێت و لەلایەکی دیکەش مەشق و راهێنان بە هێزە عێراقیەکان دەکەن تا رۆڵی حیزب و میلیشیاکان لاوازتر بکرێت. ئەمریکا پێیوایە ئێران و تورکیا دەستوەردان لەکاروباری عێراق دەکەن، لە عێراقدا چەک بەدەست دەوڵەتەوە نیە بەڵکو بەدەست میلیشیاکانەوەن یان بە دەست سەرۆک خێڵەکانەوەن. هەروەها مەترسی گەشەکردنی شانەکانی داعشیش لە ئارادایە. لەلایەکی دیکەوە بونی گەندەڵی مەترسیەکی گەورەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان. بۆیە پێویستە لە پاڵ جێگیرکردنی سیستەمی پاتریۆت، پێویستە ئیدارەی ئەمریکا بە مەرجی چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پاڵپشتی هێزە کوردییەکان بکات. چونکە بە هەبوونی گەندەڵی، سەقامگیریی هەرێمەکە تێکدەچێت و دەبێتە هۆی دەستوەردانی ئێران و تورکیاو سەرهەڵدانی گروپی یاخی و توندڕەوی و بڵاوبونەوەی هەژاری لەناوچەکەدا.

* بەهرۆز جەعفەر/ بەڕێوەبەری ئینستیتیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، خوێندکاری دکتۆرا لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتیەکان.

Share this Post

شرۆڤە