ئازادی ئایینی لە عێراق و هەرێمی کوردستان

27-04-2022


 

RRC|

ئا: ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو

رۆژی 25ی نیسان، کۆمسیۆنی ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتی(USCIRF) سەربە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی رەوشی ئازادی ئایینی لە جیهاندا بڵاوکردەوە، كە تێیدا داوایكردووە عێراق بخرێتە لیستی چاودێری تایبەتی وەزارتی دەرەوەی ئەمریكا بەهۆی پێشێلكردنی لەڕادەبەدەری ئازادی ئایینی.

بە گوێرەی راپۆرتەكە لە 2021دا تەگەرەکانی ئازادی ئایینی لە عێراق بەردەوام بووە و چەندین كەسی ئێزدی، مەسیحی، موسڵمانی عەرەبی سوننە و کەمینە ئایینی و ئەتنیکیەکانی دیکە لە ئاوارەییدا ماونەتەوە، کە لەساڵی 2014وە لە عێراق و سووریا لەبەر توندوتیژیی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریا (داعش) هەڵهاتبوون. بێجگە لەوەش، لە گەڕانەوەیان بە پارێزراوی بۆ زیدی خۆیان، رووبەڕووی تەنگ و چەڵەمەیەكی بەردەوام دەبنەوە.

نەبوونی توانای جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شەنگال و باشکردنی بارودۆخی ئەمنی، وەك هۆكارێكی رێگر لەبەردەم گەڕانەوەو ئاسایشی ئێزدییەکان  هەژمار كراوە. سەرەڕای ئەوەش راپیۆرتەكە پێیوایە كە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر یەپەشە كاریگەری خراپی لەسەر کۆمەڵگەی کەمینە ئایینی و ئەتنییەكانی دیکەی باکووری عێراق هەبووە.

هەر لە راپۆرتەدا ئاماژە بە بێزارکردنی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان لە باکووری عێراق لەلایەن گرووپەکانی حەشدی شەعبی كراوەو ئاماژە بەوە دراوە كە ” هێزەکانی حەشدی شەعبی بێ هیچ سڵەمینەوەیەک، لە دەشتی نەینەوا و شەنگال چالاکییان كردووە و پێشێلکاری زۆر خراپیان بەرامبەر ئەم کۆمەڵگەیانە ئەنجامداوە.”

ئازادی ئایینی لە عێراق و هەرێمی کوردستان 

بەپێی راپۆرتەکەی کۆمسیۆنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئازادیی ئایینی ” دۆخی ئازادیی ئایینی لە عێراق، جگە لە باکوری عێراق (هەرێمی کوردستان) ، بە خراپی  ماوەتەوە. هەروەها لە ساڵی 2020دا، دۆخی ئازادیی ئایینی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە ساڵی پێشتر وەک خۆی مایەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەزارەتێکی نوێی بە ناوی وەزارەتی هەرێم بۆ کاروباری پێكهاتەکان دروستکردوە.”

بەپێی راپۆرتەکەی USCIRF زۆرینەی دانیشتووانی عێراق موسوڵمانن و بەم شێوەیەی خوارەوە دابەش بوون:

  • نزیکەی 64-69 لە سەدی موسوڵمانی شیعەن.
  • 34-29 لە سەدی موسوڵمانی سوننەن.
  • نزیکەی زیاتر لە 200 هەزار مەسیحی هەن کە سەر بە چەندین رێبازی جۆراوجۆرن.
  • نزیکەی 700 هەزار ئیزدی نیشتەجێی ئەم  وڵاتەن، کە زۆرینەیان وەک ئاوارەی نێوخۆیی ماونەتەوە.
  • نزیکەی 150 هەزار کاکەیی لە عێراق هەن.
  • کۆمەڵگەیەکی بچوکی جولەکەش لە بەغداد و هەولێر نیشتەجێن.

راسپاردەکان بۆ حکومەتی ئەمریکا

لە راپۆرتەکەی (USCIRF) چەند راسپاردەیەکی بۆ حکومەتی ئەمریکا خراوەتەڕوو، کە یەکەمیان ئەوەیە عێراق بخاتە ناو لیستی چاودێریی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەهۆی بەشداریکردن یان رێگەدان بە پێشێلکردنی لەڕادەبەدەری ئازادیی ئایینی بە پشتبەستن بە یاسای ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتی (IRFA(. دووەمیان “لە چوارچێوەی پەیوەندییە دووقۆڵییە گرنگەکاندا، هانی حکومەتی عێراق بدات سیاسەتی راگەیێندراوی خۆی پەیوەست بە جڵەوكردن و دانانی سنوور بۆ حەشدی شەعبی جێبەجێبکات، بە تایبەتی ئەو هێزانەی كە بەردەوامن لە نانەوەی ئاژاوە و برەودان بە تووندووتیژیی تایفی و، ئاستەنگ بۆ گەڕانەوە و بووژاندنەوەی ئێزدییەکان و مەسیحیەکان و عەرەبە موسوڵمانە سونییەکان و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکە لە باکووری عێراق درووستدەکەن. سێیەمیان پەیوەندی دیبلۆماسی و رێگا بەردەستەکانی دیکە بەکاربهێنێت بۆ هاندانی حکومەتی  فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی ناوچە کێشە لەسەرەکان بەپێی ماددەی 140-ی دەستوری عێراقی و بەشداریپێکردنی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان لەم پڕۆسەیەدا و جێبەجێکردنێکی رێكکەوتنی شەنگال. چوارەمیان سزای دیاریکراو بەسەر ژمارەیەکی زیاتر لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی بسەپێنێت کە میلیشیاکانیان دەکەن بۆ پێشێلکردنی ئازادیی ئایینی ئاراستە دەكەن.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی راپۆرتەکە و وردەکارییەکانی بە زمانە جیاوازەکان بڕوانە:

بۆ زمانی کوردی (سۆرانی)

بۆ زمانی کوردی (کورمانجی)

بۆ زمانی عەرەبی

Share this Post