بەکارهێنانی ئینتەرنێت و سۆشیالمیدیا لە هەرێمی کوردستان

12-01-2023


بەپێی ئەنجامەكانی راپرسی كاریگەری پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەكان، هەر تاكێك لە هەرێمی كوردستان، رۆژانە 4.7 كاژێری خۆی بۆ بەكارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەكان تەرخان دەكات. ئەمە بە نزیكەی زیاتر لە دوو ئەوەندەی ئەو كاتە تێكڕاییەیە كە لە جیهاندا بۆ ئەوە تەرخان دەكرێت.   فەیسبووك بە رێژەی 88.86٪ لە لووتكەی ریزبەندیی ئەو پلاتفۆرمە دیجیتاڵییانەدایە كە لە هەرێمی كوردستان بەكاردەبرێن. دوابەدوای ئەو، مەسنجەر بە 73.22٪، ئینستاگرام بە 70٪ و، سناپچاتیش بە رێژەی 65.64٪ دێن. کەمترین رێژەی بەكارهێنانیش بۆ لینکدینە کە 1.50٪ بووە.

بەکارهێنانی ئینتەرنێت و سۆشیالمیدیا

بەپێی داتایەکی دەستەی گشتی ئاماری هەرێمی کوردستان (2018)، نزیکەی 71.2٪ی ماڵەکان لە هەرێمی کوردستان ئینتەرنێت یاخود توانای دەستگەیشتنیان بە هێڵی ئینتەرنێت هەیە، ئەمە لەکاتێکدایە، بەپێی هەمان سەرچاوە، ئەو رێژەیە لە ناوچەکانی دیكەی عێراق 50.1٪ بووە. بەپێی راپۆرتێکی GALLUP BBG لەبارەی بەکارهێنانی  میدیا و سۆشیالمیدیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ( 2015) لە عێراق، لە پێنج کەس دوو کەس (بە رێژەی 40.3٪) ئینتەرنێتیان بەکارهێناوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان لە چوار کەس، سێ کەسیان (بە رێژەی 75٪) ئینتەرنێتیان بەکارهێناوە ([4]). هەروەها، بەپێی ئامارێکی دیکە (2020) ، ژمارەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە سەرووی 3 ملیۆن بەشداربوو. ژمارەی ئەو كۆمپانیایانەش كە لەم بوارەدا كاردەكەن گەیشتووەتە سەرووی 60 کۆمپانیا ([5]) بەتەنیا ژمارەی بەشداربووانی کۆمپانیای فاست لینک کە یەکێکە لە دابینکەرانی هێڵی ئینتەرنێت لە پارێزگاکانی

هەرێمی کوردستان، گەیشتووەتە سەرووی یەک ملیۆن بەشداربوو ([6]).

بەکارهێنانی ئینتەرنێت لەنێو خێزان لە هەرێمی کوردستان

لەم راپرسییەدا لەبارەی ژمارەی ئەندامانی خێزان پرسیار لە بەشداربووان کراوە و بەگشتی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ژمارەی ئەندامانی خێزان بە نزیکەی 6 کەس دانراوە. ژمارەی ئەوانەی لەسەروو تەمەنی 18 ساڵییەوەن و ئینتەرنێت بەکاردەهێنن 3.4 بووە، ئەوانەشی لە خوار تەمەنی 18 ساڵەوەن بەڵام ئینتەرنێت بەکاردەهێنن 1.1 کەس بووە، ئەمەش واتای ئەوەیە كە بەگشتی لە هەر خێزانێکی شەش کەسیدا، زیاتر لە چوار کەس ئینتەرنێت بەکاردەهێنن.

 لە راپرسییەکەدا بەرزترین ژمارەی ئەندامانی خێزان لە پارێزگای دهۆک تومارکراوە، هەروەها بەرزترین رێژەی ئەوانەی لە خوار تەمەنی 18 ساڵەوە ئینتەرنێت بەکاردەهێنن لە پارێزگای سلێمانی بووە (1.3) ، لەکاتێکدا بەرزترین ژمارەی ئەوانەی کەوا لەسەرووی تەمەنی 18 ساڵانەوە ئینتەرنێت بەکاردەهێنن لە پارێزگای دهۆکە (3.7). هەروەها بەرزترین ژمارەی ئەوانەی لەسەرووی تەمەنی 18 ساڵ و خوار تەمەنی 14 ساڵەوە ئینتەرنێت بەکاردەهێنن هەر لە زاخۆ  بووە.

گرافیک 1: ژمارەی ئەندامانی خێزان و بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لەخوار و سەرووی تەمەنی 18 ساڵەوە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.

  کاژێرەکانی بەکارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان

بەپێی دوایین راپۆرتی دیجیتاڵ پۆرتاڵ و کۆڕبەندی ئابووریی جیهان WEF ، کاژێرەکانی بەکارهێنانی سۆشیالمیدیا لە جیهاندا بەتێکڕا 2 کاژێر و 27 خولەکە ([7])، بەرزترین کاژێری بەکارهێنانی سۆشیالمیدیا لە نەیجیریا 4:07 کاژێر و کەمترینی لە ژاپۆن 0:51 خولەک بووە، لەکاتێکدا بەپێی ئەنجامەکانی ئەم راپرسییە، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، بەتێکڕا 4.7 کاژێر، واتە 4 کاژێر و 42 خولەک بۆ پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان تەرخانکراوە وەکو لە گرافیکی 2 دا هاتووە.

گرافیک 2: تەرخانکردنی کات بۆ بەکارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان

لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بەرزترین ئاستی تەرخانکردنی کات بۆ پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان لە پارێزگای دهۆکە بە 5.8 کاژێر، بەدوای ئەویشدا ئیدارەی سۆران بە 5.7 کاژێر، ئینجا ئیدارەی زاخۆ بە 5.6 کاژێر هاتووە. هەروەها، نزمترین ئاستی کاتی تەرخانكراویش بۆ پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان لە ئیدارەی گەرمیانە بە 3.2 کاژێر، ئینجا پارێزگای سلێمانی بە 3.8 کاژێر دێت. لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، بەتێکڕا 4.7 کاژێر بۆ پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان تەرخانکراوە وەکو لە گرافیکی 3 دا هاتووە.

گرافیک 3: تەرخانکردنی کات بۆ بەکارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بەپێی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان

کاتی بەکارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان (بەیانیان، شەوان، هەرکاتێک دەرفەت هەبێت، ئێوان و هەموو کاتێک)

ئەگەر بەتێكڕا رۆژانە هەر تاکێک نزیکەی 5 کاژێر تەرخان بکات بۆ بەكارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان، ئەوا بێشك کاتی بەکارهێنانەکەیشی دەتوانێت کاریگەری لەسەر تەواوی چالاکییەکانی رۆژانەی تاک دابنێت. لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، بەرزترین رێژەی کاتی بەکارهێنان لە شەواندا بە رێژەی 52٪، بە رێژەی 25٪ هەرکات دەرفەت هەبێت، 11٪ هەموو کاتێک، 9٪ نیوەڕوان و 5٪ بەیانیان پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بەکاردەهێنن.

گرافیک 4: نیشاندەری کاتی بەکارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان

بەکارهێنانی پلاتفٶڕمەکان (سۆشیالمیدیا و ماڵپەڕەکان) لە هەرێمی کوردستان

ژمارەی بەکارهێنەرانی سۆشیالمیدیا لە جیهاندا رووی لە بەرزبوونەوەیە و، لەمانگی تەممووزی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 4.7 ملیار كەس. لەماوەی ساڵیکیشدا 227 ملیۆن بەکارهێنەری نوێ زیایکردووە[8]. لە عێراق، ژمارەی بەکارهێنەرانی فەیسبووک تاوەکوو سەرەتای ئەمساڵ گەیشتووەتە 18.82 ملیۆن کەس، ئەو ژمارەیە بۆ ئینستاگرام گەیشتووەتە 15.45 ملیۆن کەس، بۆ مەسنجەر 16.15 ملیۆن کەس، لینکدئین 1.40 ملیۆن کەس، سنەپچات 13.8 ملیۆن کەس و، بۆ تویتەریش 1.90 ملیۆن کەسە. دیارە ئەم ئامارانە هەرێمی کوردستانیش لەخۆ دەگرێت. لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەکارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بەشێوەیەکە کەوا رێژەی بەکارهێنانی فەیسبووک 88.9٪، بە پلەی دووەم مەسنجەر بە رێژەی 73.2٪، بە پلەی سێیەمیش ئینستاگرام بە رێژەی 70٪ هاتووە. هەروەها، نزمترین رێژەی بەکارهێنانی پلاتفۆرمی دیجیتاڵی لینکدین بووە بە رێژەی 1.5٪، بەدوایدا ماڵپەڕەکان هاتوون کە 11.2٪ بووە.

گرافیک 5: نیشاندەری بەکارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان (سۆشیالمیدیا و ماڵپەڕەکان) لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان

چالاکبوون یاخود زیاتر بەکارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان

لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان ، چالاکبوون (ئەکتیڤ) لەنێو پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان، لەدوای فەیسبووک تاڕادەیەکی زۆر کەم دەبێتەوە. بەشێوەیەک لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، لە فەیسبووک بە رێژەی 60.8٪ چالاکن، بەدوای ئەویشدا زۆر کەم دەبێتەوە و دەبێتە نیوە. رێژەكە بۆ سنەپچات دەبێتە 36.3٪، ئینجا ئینستاگرام بە رێژەی 29.6٪، ئینجا تیکتۆک بە رێژەی 28.8٪. کەمترینیشی لینکدین بە رێژەی 0.2 و ماڵپەڕەکان بە رێژەی 0.8٪ بووە.

گرافیک 6: چالاکبوونی بەشداربووانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان

کلیل لێرە بکە بۆ دابەزاندنی پووختەی راپۆرتەکە


[1] https://datareportal.com/reports/digital-2022-july-global-statshot

[2] https://datareportal.com/reports/digital-2022-iraq

[3] https://brandkri.com/the-snapshot-kurdistan-ict/

[4] https://www.usagm.gov/wp-content/media/2015/03/Iraq-brief-FINAL.pdf

[5] https://brandkri.com/the-snapshot-kurdistan-ict/

[6] https://www.fast-link.com/fastlinktelecom

[7] https://datareportal.com/global-digital-overview

[8] https://datareportal.com/reports/digital-2022-july-global-statshot

[9] https://www.postbeyond.com/blog/revenue-per-social-media-user/

Share this Post