هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق؛ هەڵسەنگاندنێكی بەرایی!
13-10-2021
RRC|
زریان رۆژهەڵاتی|
بەرایی
دواجار هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عێراق كرا بەڵام وەك پێشبینی دەكرا، هەر لە دەركەوتنی شەپۆلێكی ناڕەزایی لە ئەنجامە سەرەتاییەكان، ئەویش دوای رۆژێك بێدەنگی و متبوون، هەتا بگرە و بەردە چاوەڕوانكراوەكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، وادیارە هەویری ئەم هەڵبژاردنە ئاوی زیاتر هەڵدەكێشێ!
ئەنجامە سەرەتاییەكان چیمان پێدەڵێن؟
بەشێوەیەكی گشتی دەتوانین لەوانەی تا ئێستا راگەیەنراون ئەم ئەنجامانە دەربخەین:
یەكەم: باڵی سیاسی هێزەكانی حەشد تووشی شۆك بوون و لەوەشدا، رێكخراوی بەدر لە هاوپەیمانیی فەتح زەرەرمەندی یەكەمە. فەتح بۆ ئەم هەڵبژاردنە 73 كاندیدی هەبوو، لە زۆرێك لە بازنەكانیشدا تەنیا كاندیدێکی دانابوو بۆ ئەوەی چانسی بردنەوەیان زیاتر بێ، بەڵام بە شەش لایەنەوە كە عەسائیبی ئەهلی هەقیشی تێدایە و پێشتر نزیكەی 15 پەرلەمانتاری هەبوو، لە نێوان 15-20 كورسییان بردۆتەوە. لە كۆی كورسییەكانی فەتح لە هەڵبژاردنی پێشوودا، بە تەنیا 18 دانەیان هی بەدر بوون و ئێستا بە شەش لایەنەوە، ئەوسا ژمارەیەكی لەودەورەیان دەستخستووە كە بەشێكی كورسییەكانیش بەهۆی پێكهاتە شیعییە غەیرە عەرەبەكانی نێو بەدرەوە دەستكەوتوون!
كەتائیبی حیزبوڵڵا بە زیاتر لە 32 كاندیدەوە دەیویست خۆی تاقیبكاتەوە بەڵام دانەیەك یان دووانی بردۆتەوە. دۆڕاوێكی دیكەی ئەم هەڵبژاردنەش، فالح فەییاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی بوو كە بە هاوپەیمانییەكی 7 لایەنی شیعی و سونییەوە، 81 كاندیدی دانابوو، بەڵام كارنامەیەكی سەركەتووی پیشاننەدا.
هەڵبەت مەرج نییە كەمكردنی ژمارەی كورسییەكانی ئەم گرووپانە واتای كەمبوونەوەی كاریگەرییان لە مەیدانی سیاسی عێراق بدات، چونكە هێزی چەكداری و كەرەستەی گوشاری بەهێزیان لەبەردەستدایە تا وەك ئەكتەریكی سیاسی بمێننەوە.
دووەم: گرووپە پرۆ-ئێرانییەكان لە عێراق لە پاشەكشەدان بەڵام، بەرزبوونەوەی ژمارەی كورسییەكانی نوری مالكی- دەوڵەتی یاسا هاوسەنگییەكی بۆ ئەوان دروستكردووە.
سێیەم: سەركەوتنی سەدر شتێكی چاوەڕوانكراو بوو. ئەو رەوتە لە بەغدا، بەسرە، میسان و زیقار جێپێی خۆی زیاتر لە جاران قایم كردووە. هەڵبەت ئەم بردنەوەیە واتای ئەوە نییە كە گوتاری “چۆنم بوێ دەتوانم حكومەتی داهاتوو پێکبێنم” سەردەگرێت. سەدر ئەگەر بە تەمای حوكمڕانی بێت، دواجار دەكەوێتەوە پرۆسەیەكی دانووستاندن لەگەل گرووپە پرۆ-ئێرانییەكان، ئەگینا ناتوانێت حكومەتێكی سەقامگیر بنیات بنێت. خاڵێكی دیكەش ئەوەیە كە سەدر ئەوەندەش لە گرووپەكانی نزیك لە ئێران دوور نییە. پێكەوە لە قوم لەگەڵیان بەیاننامەی بەرەی موقاوەمەی خوێندەوە، دواجاریش دوای كۆبوونەوەیەك لەگەڵ عەمار حەكیم و هادی عامری بوو كە لە بڕیارەكەی خۆی بۆ بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردن پەشیمان بووەوە. قوتبوونەوەی ركابەرێكی وەك مالكیش ناچاری دەكات كە دواجار لە دەرگای رێككەوتن لەگەڵ ئەو گرووپانە بدات.
چوارەم: بەشدارینەكردنی نزیكەی 60%ی دەنگدەران رووداوێكی ئاسایی نییە، وەك چۆن ئەوەی كە لە 2018شدا روویدا ئاسایی نەبوو. تەنانەت داواكارییەكەی ئایەتوڵڵا سیستانیش ئەو كاریگەرییە بەهێزەی نەبوو تا خەڵك بێنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و رێژەی بەشداری هەر بە كەمیی مایەوە. دەنگی زۆربەی حیزبەكانیش لە ژێر كاریگەری ئەم بایكۆتەدا كەمیی كردووە، هەرچەند لەوانەیە كورسییەكانی هەندێكیان زیادیشی كردبێت. ئەمە بۆ كۆمەڵگایەكی وەك عێراق كە زۆربەی خەڵكەكەی بە جۆرێك سەریان بۆ سیاسەت دەخورێ، تەنیا بەشدارینەكردن نەبوو، بەڵكوو ناڕەزاییەكی پێوەدیارە و، لە ئەگەری هەر قەیرانێكی گریمانەییدا، پوتانسییەلی تەقینەوە و دەركەوتنی هەیە.
پێنجەم: درەوشانەوەی گرووپێكی وەكوو ئیمتیداد لەم هەڵبژاردنەدا هیوایەك درووستدەكات بۆ ناڕازییەكان تا لە قۆناخەكانی داهاتوودا رێگای هەڵبژاردن تاقیبكەنەوە. بەرلە هەڵبژاردن كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ ژمارەیەك لە نوێنەرانی تشرینییەكان لە ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو رێكخست. ئەوان بە گشتی دوودڵ بوون لەوەی كە بتوانن بە هەڵبژاردن گۆڕانكاری دروستبكەن و، زیاتر وەك پرۆسەیەكی درێژخایەن سەیریان دەكرد. هەڵبەت ئەنجامەكەی ئیمتیداد دەتوانێت گۆڕانی ئەو بۆچوونە خێراتر بكات. بێجگە لە تشرینییەكان دەرچوونی نزیكەی 25-30 كاندیدی سەربەخۆش، كە زۆربەیان لە ناوەڕاست و باشووری عێراقن، دیاردەیەكی دیكەی ئەم هەڵبژاردنەیە كە شایانی ئەوەیە لێی ورد ببینەوە.
شەشەم: هەندێك لە هاوپەیمانییەكان گرتی وهەندێكی دیكەش نەیانگرت. هاوپەیمانیی یەكێتی و گۆڕان لە نێو كورد بە قازانجی یەكێتی شكایەوە بە تایبەت دوای ئەو رووداوە نێوخۆییانەی كە بەرلە هەڵبژاردن لەو حیزبەدا روویاندا. هاوپەیمانیی حەكیم-عەبادی لە نێو شیعەكان و، هاوپەیمانیی عەزم لە نێو سوننەكان لەو هاوپەیمانییانە بوون كە لانیكەم خێری بۆ هەموو لایەنە بەشداربووەكان نەبوو. لە بەرامبەردا، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا جارێكی دیكە بەهێز بووەتەوە. ئەمە پێگەی نوری مالكی لە نێو حیزبی دەعوەش بەھێزتر دەكاتەوە كە لە دوای 2008وە بەدەست چەندین دابڕان و ناكۆكیی نێوخۆیی حیزبی دەعوەوە ناڵاندوویەتی. دەشێ بێژین كە محمەد حەلبووسیش سەرۆكایەتیی هاوپەیمانییەكی سەركەوتووی لە نیو سوننەكان كرد و لەم هەڵبژاردنەدا خۆی وەك لیدەرێكی بەرچاوی سوننە دەرخست.
حەوتەم: هێڵەكانی سیاسەت لە عێراق جارێكی دیكە بۆ سێ هێڵی شیعی، سوننی، كوردی گەڕایەوە. ئەمیش دوای ئەوەی كە بە هۆی شەڕی داعش و رووداوەكانی پاش گشتپرسی، گوتاری گشتیی عێراقی بە تایبەت لە 2018 برەوی سەندبوو. سیاسەتی هەندیك لە حیزبە شیعییەكان بۆ ئەوەی لە سەرتاسەری عێراق بە دیاریكراوی لە ناوچە شیعی و سونییەكانیش دەمڕاست بن، سەرینەگرت. ئەوەی عەبادی، حەكیم، و فەتح لە هەڵبژاردنی رابردوودا لە ناوچە سونییەكان كردیان ئەمجارە سەرینەگرت و حەلبووسی گوتی من هەم! پێشتر لە كوردستانیش خۆ تاقیكردنەوەی گرووپە شیعییەكان سەرینەگرتبوو.
هەشتەم: لە كوردستان زیاتر لە هاوپەیمانیی، بەشداریكردنی حیزبی بە تاقی تەنیا زیاتر وەڵامی داوەتەوە. ئەمە لە نموونەی پارتی و نەوەی نوێ دا دەركەوتووە. بە پێی ئەنجامەكان، گوتاری ئیسلامگەرایی بە گشتی پاشەكشەی كردووە، بەڵام گوتاری چاكسازی- دژایەتی گەندەڵی و لەگەڵ گوتاری نەتەوەگەرایی یان تێكەڵاوێك لە گوتاری ئیسلامی – نەتەوەیی وەك نموونەی كاندیدەكانی یەكگرتووی ئیسلامی رەواجی هەیە.
كۆتایی
هەرچەندە لەسەرەتاكاندا گەلێك لایەنی ناوخۆیی و دەرەكی باسی ئەوەیان دەكرد كە پرۆسەی دەنگدانەكە بە باشی بەڕێوەبراوە بەڵام، ئەو ئاڵۆزییەی كە لە راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەكان دەركەوت، لێدوانەكانی سەدر لەبارەی دەستوەردان لەكاری كۆمیسیۆن، ناڕەزایی گرووپە چەكدارییەكان لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، رووداوەكانی كەركووك، ئاڵوگۆڕی دەنگی لایەنەكان و پرسی نەگەڕانەوەی بەشێك لە ئەنجامەكان، دەریخست كە هەم ئیدارەی هەڵبژاردن ئەو باشە نەبوو كە باسی لێوەدەكرا، هەم وەكوو، جارێ ئەستەمە تەنیا دەنگدانی خەڵك هەموو شتێك ببڕێنێتەوە! راستە هەڵبژاردن دەكرێ بەڵام تەنیا ئەوە نییە و دامەزراوەی ناهەڵبژاردنیی ناوخۆیی و دەرەكی، رۆڵێكی حاشا هەڵنەگریان لە دیاریكردنی ئاراستەی رووداوەكانی پاش هەڵبژاردن هەیە.