حەشدی شەعبی بەر لەهەڵبژاردن كاری خۆیان كرد
16-09-2021
RRC |
یاسین تەها|
پاش مشتومڕێكی زۆر، سەرەنجام عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی وەزیری دارایی كابینەكەی كازمی، رەزامەندی دا لەسەر گواستنەوەی 42 ملیار و 489 ملیۆن دینار لە بودجەی حەشد بەمەبەستی گێڕانەوەی 30 هەزار چەكداری دابڕاوی حەشدی شەعبی بۆ ئەو دامەزراوەیە كە پێیان دەوترێت “المفسوخة عقودهم”. دۆسییەی ئەم چەكدارانە كە بەهۆكاری جیاواز لەنێوان ساڵانی 2015 _ 2018 دابڕاون یان لە شەڕەكانی دژی داعش هەڵهاتوون، ماوەیەكی زۆرە بووەتە كارتێكی گوشار. گفتی گێڕانەوەشیان بۆ كاری پێشوویان بەر لە 2020 و لە سەردەمی ئەبومەهدی موهەندیسی جێگری پێشووی سەرۆكی حەشدەوە وەك مژدە بە جەماوەری گروپە شیعەكان دەدرێت، كەچی جێبەجێكردنەكەی بۆ 27 رۆژ بەر لە هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكەی 10 تشرینی یەكەمی 2021 دواكەوت.
لە رواڵەتدا گێڕانەوەی ئەم 30 هەزار چەكدارە پرۆسەیەكی كارگێڕی و داراییە و، فەرمانەكەش لە وەزیری داراییەوە دەرچووە و سەرۆكایەتی حەشدیش بەدواداچوونی یاسایی بۆ كردووە، بەڵام هەنگاوەكە لەناواخندا هەڵگری كۆمەڵێك پەیام و پێشهاتیشە كە هەندێكیان ئەمنی و ئەوانیتریان سیاسی و ستراتیژین. لە گفتوگۆ گەرمەكانی بودجەی 2021 دا لەلایەنە شیعەكانەوە هەوڵی زۆردرا لەناو دەقی یاساكەدا گێڕانەوەی ئەو چەكدارانە بكرێتە بڕگەیەكی یاسایی، بەڵام لەبەر لێكەوتەی سیاسی و ترس لە كاردانەوەی دەرەكی بەتایبەت ئەمەریكی، پەرلەمانتارە شیعەكان ئەمەیان بۆ نەچووە سەر و ئەوەش بەسەركەوتنی بەرەی نەیاری فراوانكردنی حەشد لێكدرایەوە. ئێستاش كە لە دەرەوەی پەرلەمان گوشارەكانی حەشد بودجەیان بە حكومەت دابینكردووە، تەنیا گورزێك نابێت بۆ ئەوانەی كە كاتی خۆی رێگرییان لێ دەكرد، بەڵكوو بووەتە رەخنە لەسەر نوێنەران و بەرپرسە پەرلەمانییەكانی شیعەكان و لە ناوەندە پەڕگیرەكانی شیعە تانەی ئەوەیان لێ دەدرێت. ئەوەی ئەوان لەناو پەرلەمان نەیانتوانی بیكەن، ئەبو فەدەك (سوپا سالاری حەشد) و گروپە چەكدارەكانیتر لەدەرەوەی پەرلەمان كردیان و دەسكەوت و چاكەی گێڕانەوەی حەشدە دابڕاوەكانیش هی پەرلەمانتارەكانی شیعە نییە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكان، لەپاش گەڕانەوەی ئەو 30 هەزار چەكدارە، میلاكی حەشدی شەعبی هەڵكشاوە بۆ سەروو 190 هەزار و 200 كەس. ئەمە لە كاتێكدا بەردەوام بۆچونێك و پێداگرییەك هەیە كە پێیوایە پێویستە حەشد هەڵبوەشێتەوە و بەسەر دەزگا ئەمنییەكانی دیكەدا دابەش بكرێت، بەوپێیەی لەگەڵ كۆتاییهاتنی شەڕی داعشدا ئیتر بارودۆخی پێكهێنانی حەشدی شەعبیش گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە. دەكرێت ئەم گەورەكردنی قەبارەیەش لەم كاتەدا، وەها بخوێنرێتەوە كە ئایندەی حەشدی شەعبی مسۆگەرتر دەكات و لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوە یان دابەشكردن و تێكەڵكردن دوورتری دەخاتەوە، وەك چۆن پێشتر و لەساڵی 2016 بە یاسای ژمارە 40 ئەم هێزە ئەمنییە تێكەڵەیە كرایە دەزگایەكی دەستوری كە بە رواڵەت ملكەچی فەرمانی سەرۆكوەزیرانە.
قەبەكردنی قەبارەی حەشد لە كاتێكدایە كە هێشتا نەخشەی هێزی قۆناخی داهاتوو یەكلایی نەبووەتەوە، هیوا هەیە لەپاش هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەم دەموچاوی نوێ لە پارێزگاكانی سەر بەحكومەتی فیدراڵی بێنە پێش، بەپێی ئەم گەشبینیانە كە جێگەی گومان و گفتوگۆی زۆرن، دەرفەت هەیە لە پەنا حیزبە سیاسییە تەقلیدییەكانی شیعە، بەرەیەكی بەربڵاوی هێزە سوننەكان لەنێوان 70_ 80 كورسیدا، هەروەها ژمارەیەك كاندید و كەسایەتی سەربەخۆ و مەدەنی سەربكەون بۆ پەرلەمانی داهاتوو. بەر لەوەی ئەم ئەگەرە ببێتە راستی لایەنگرانی حەشد دەستپێشخەری خۆیان كرد و قەبارەی دامەزراوەكەی خۆیان قەبەتركرد چونكە، گرەنتی ئەوەیان نییە بتوانن لە بودجەی 2022 یان لە كابینەی داهاتوودا هەنگاوی لەم شێوەیە بە ئاسانی تێپەرێنن.
لایەنگرانی حەشدی شەعبی بەم گێڕانەوەیە جگە لە جێبەجێكردنی داواكارییەكەیان، كارتێكی بەهێزی بانگەشەی هەڵبژاردنیشیان دەسكەوت. بەوپێیەی هەریەك لەو 30 هەزار كەسە چەند دەنگدەرێكی پێوە پەیوەستە و سروشت و جۆری بڕیارەكەش بۆ سەرجەم شیعەكانی دۆست و جەماوەری حەشد گرنگە، ئەوەشی زۆر خۆی لەم دەسكەوتە دەكاتە خاوەن هاوپەیمانێتی فەتحی حەشدە لەگەڵ ئەو لیست و هاوپەیمانییانەی خۆیان لەبەرەی حەشد دەزانن لەچەشنی مالیكی، لەبەرامبەریشدا بۆ حكومەتەكەی كازمی ئەگەرچی لە سەپاندن و بڕیاری نا بەدڵ دەچێت، بەڵام دەكرێت وەك نیشانە و ئاماژەی نیازپاكی سەرۆكوەزیرانی ئێستاش بەرامبەر حەشد لێكبدرێتەوە و ببێتە باڵانس بۆی لەو كاتەی كێبڕكێ لەنێوان كاندیدانی سەرۆكوەزیریدا گەرم دەبێت.
دەسكەوتەكەی حەشدی شەعبی و گەیشتنی دامەزراوەكە بە نزیكەی 200 هەزار پلەی وەزیفی، هاوكاتیشە لەگەڵ پێشهاتێكی تری گرنگ كە هەوڵەكانی گێڕانەوەی یاسای بە سەربازیگرتنی زۆرەملێیە. ئەم یاسایە كە 18 ساڵە و لەپاش 2003 راگیراوە، جارێكیتر لەلایەن كابینەی كازمییەوە وەك چارەسەر دەبینرێت بۆ پاراستنی هاوسەنگی بۆ سوپاو هێزە ئەمنییەكان كە ئێستا زیاتر مۆركی مەزهەبی و تایفی و شوناسی لاوەكییان بەسەریدا زاڵە. لەمەشدا سوننەكان و كوردەكان لەگەڵ كازمیدا هاوڕان بۆ دروستكردنی هاوسەنگی لە ریزەكانی سوپا و گرنگی پێدانی زیاتری ئەم دامەزراوەیە، بەڵام ئەمە هیچ بەدڵی شیعەكان نییە و زۆر لەگەڵیدا نین، لەلایەك لەبەر حەزی پاوانخوازی و یەكلاییكردنەوەی شوناسی شیعیانەی دەوڵەت، لە لاكەیتریش لەبەر ئەوەی ئەزموونی 2014 و كەوتنی و موسڵ و سەلاحەدین و ئەنبار بەدەستی داعش و هەرەسی دەزگا ئەمنییەكان لەوكاتەدا دەریخست كە سوپای موچەی بێ عەقیدە ناتوانێت پارێزەر و شەڕكەرێكی باش و دڵنیاكەر بێت. شیعە عەقیدەییەكان لە پەیامە ناڕاستەوخۆكانیاندا سورن لەسەر ئەوەی بەبێ ئایین و ئاینزا عەقیدە بۆ سوپا دروست ناكرێت، بەڕای ئەوانیش چارەسەر و رزگاركەری ئەوان و عێراقیش تەنها حەشدی شەعبییە كە هێزێكی عەقیدەیی ملكەچ و وابەستەیە بە بەرژەوەندییە باڵاكانی شیعەوە، بەتایبەت پاش ئەوەی نازناوی “پیرۆز” یشی پێدراوە و، پشت ئەستور بە فەتوایەكی مەرجەعیەتیش دامەزراوە.
گێڕانەوەی 30 هەزار چەكدار بۆ ریزەكانی حەشد لە ساڵێكی دارایی سك گوشیندا (2021) كە هیچ پلەیەكی دامەزراندن لە بودجەكەیدا نییە، جارێكیتر توانای كارتێكەرە بەهێزەكانی شیعە دەردەخات لە ئاراستەكردنی دەوڵەت، ئەگەرچی بریارەكەش بەڕووكەش كارگێڕی و داراییە، بەڵام زیاتر لە نیشانە و ئامانجێكی لە كاتێكی هەستیاردا پێكاوە و پێشكەوتنی ئەگەرەكانی هەڵبژاردنی داهاتووە كە دەشێت لەسەر ئاستی عێراق بەڕووی زیاتر لە ئەگەرێكدا كراوە بێت.