رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پرۆسەی دەستووریی سووریا و ئایا دەشێت فیدرالیزم دەرچەیەک بێت بۆ دەربازبوون لە قەیرانی سووریا؟

21-02-2022


رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پرۆسەی دەستووریی سووریا و ئایا دەشێت فیدرالیزم دەرچەیەک بێت بۆ دەربازبوون لە قەیرانی سووریا

رۆژی شەممە، 19ی شوبات 2022 ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بەهاوبەشی لەگەڵ سەنتەری ئەورووپی بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی چالاکییەکی لەبارەی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا، پرۆسەی دەستووریی لەو وڵاتە، هەروەها پرسیاری ئەوەی ئایا دەشێ فیدراڵیزم دەرچەیەک بێت بۆ دەربازبوون لە قەیرانی سووریا ئەنجامدا. لە چالاکییەکەدا، زیاتر لە 170 کەسایەتی رۆشنبیر و سیاسەتمەدار لە رۆژئاوا و پارچەکانی دیکەی کوردستان بەشداربوون. هەریەک لە د. ئیڤا ساڤیلسبێرگ، سەرۆکی سەنتەری ئەوروپی بۆ لێکۆڵینەوە کوردی، کلیمنتس سیمتنەر، کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر و،مەحموود بابان، لەناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو گوتاریان پێشکێشکرد ، لەچالاکییەکەدا  پرۆفیسۆر ئیڤا ماریا بیلسیر- بەڕێوەبەری هاوبەشی پەیمانگەی فیدراڵ/ فریبۆرگ/ سویسر، بابەتێکی بەناونیشانی دەستوورییەکی گونجاو بۆ سووریایەکی فیدڕاڵ و  د. زورین کایل، پارێزەری دەستووری و سەرۆکی پەیمانگەی فیدراڵی زانکۆی فریبۆرگیش بابەتێکی بەناونیشانی فەشەلی فیدڕاڵی، بۆچی ناکرێت مۆدیلی عێراقی ببێتە مۆدێلێک بۆ سووریا پێشکێشکرد.

لە ساڵی 2011دا، کاتێک شۆڕش لە سووریا دەستیپێکرد، زۆربەی شارەزایان گریمانەی لەکارخستن یان دەستلەکارکێشانەوەی بەشار ئەسەد لە چەند مانگێکی کەمیان خستەڕوو و، پێیانوابوو ئەو شۆڕشە پێشهاتێکە هاوشێوەی ئەوەی لە تونس یان لە میسر روویدا. لە راستیدا، دەرکەوت بابەتەکە جیاوازە – تاوەکو ئێستا، کە لە شوباتی ٢٠٢٢داین و، پاش 11 ساڵ لە دەستپێکی شۆڕشی سووریا، هێشتا بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا ماوە هیچ ئاماژەیەکیش نییە لەماوەیەکی کورتخایەندا بۆ ئەوەی گۆڕان لەوەدا ووبدات.

لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وردە وردە خۆی لە سووریا کێشایەوە، کاتێک سەرۆک ئۆباما دەسەڵاتی گرتە دەست، رووسیا لە ساڵی 2015ەوە لای بەشار ئەسەدی گرت، لە کاتێکدا کە 75%ی خاکی سووریا لە ژێر کۆنترۆڵی دژبەرانی رژیم بوو. بەشار ئەسەد بە هاوکاریی سەربازیی رووسیا توانیی نزیکەی هەموو ئەو ناوچانە بگێڕێتەوە. بڕیاری 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییش کە لە دیسەمبەری 2015دا دەرچوو نەیتوانی ئەمە بگۆڕێت. بڕیاری 2254 گوزارشتی کرد لە پشتیوانیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێگەرد و پێکهێنانی حکوومەتێکی راگوزەر و، داڕشتنی دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا. بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا باسی ئەم خاڵەی دواییکراوە و لیژنەیەکی دەستووری پێکهات کە تاوەکو ئێستا شەش گەڕی دانوستاندنی لە ژنێڤ ئەنجامداوە – بەبێ ئەوەی هیچ ئەنجامێکیان هەبێت و شاندەکانی حکوومەت و ئۆپۆزسیۆن و سێیەکی ناوین نەیانتوانی لە سەر یەک بنەما بۆ دەستووری داهاتووی سووریا رێکبکەون.

بۆچی دەسەڵات بەخشینەکەی نەتەوەیەکگرتووەکانی پەیوەست بە سووریا نەیتوانی ببێتە مایەی پێشکەوتنێکی ئەرێنی لە وڵاتەکەدا؟ ئەو سیاسەتانە چی بوون کە هەر یەکێک لە چوار نێردەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا نوێنەرایەتیی دەکرد؟ لە سایەی کەشی گشتیی سیاسەتدا و، پاش هەموو ئەوەی روویدا، هیچ هەلێکی بەردەوامبوونی پرۆسەی دەستووری لە ئارادا هەیە؟

لە سەرەتای چالاکییەکە دا. ئیڤا ساڤیلسبێرگ، سەرۆکی سەنتەری ئەوروپی بۆ لێکۆڵینەوە کوردی لە گوتارێکدا گوتی ” ئەم پانێڵە لە چوارچێوەی پرۆژەیەکمان بەڕێوەدەچێت، یەک دەستوور بۆ هەموو سوورییەکان کە ئاسانکاری بۆ پرۆسەی ئاشتی لە سووریا دەکات، کە پرۆژەیەکی سوورییە و لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و یەکێتی ئەورووپاوە پاڵپشتی دارایی دەکرێت”

© ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو

د. ئیڤا ساڤیلسبێرگ ئاماژەی بەوەشکرد کە پرۆژەیەکە دەمێکە هەیە، و لە 2016 دەستیپێکردووە، کاتێک نەتەوەیەکگرتووەکان پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی کرد لە سووریا و لە ژنێڤ دەستیانپێکردەوە. ئەوکات کارمان کرد لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا لەسەر دیدگاکەیان لەبارەی داهاتووی سووریایێکی دیموکرات. زۆر جیاواز لە ئەندامانی نێو ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریا هەڵگری بیرۆکەی سووریایێکی فیدڕاڵ و هەرێمێکی فیدڕاڵین بۆ کورد. لەبەرئەوەی بۆ ئەوان فیدڕاڵی مانایەکی ئەرێنی هەیە و بەواتای خۆبەڕێوەبەر و سەربەخۆ دێت، بەمانای مافەکانی مرۆڤ و کولتووری و سیاسی دێت. لەلاکەی دیکەوە فیدڕاڵی بۆ زۆربەی لایەنەکانی نێو ئۆپۆزیسیۆن بەمانای جوداخوازیێکی کوردی دێت. هەردوولا هەرێمی کوردستان بە نموونە دەهێننەوە، ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا، هەرێمی کوردستان بە مۆدێلێکی ئۆتۆنەمی دەهێننەوە، بەڵام لەوڵاتەوە عەرەبە ئۆپۆزیسیۆنەکان عێراق بە نموونەی دەوڵەتێکی شکستخواردوو دەهێننەوە، دەنگۆی ئەوە دەکەن کە عێراقی فیدڕاڵ لە هیچ لایەنێکی سیستەمی فیدڕاڵی رەنگی نەداوەتەوە لەڕووی بەشکردنی دەسەڵات یاخود لەڕووی ئاشتی کۆمەڵایەتی، وای بۆدەچن کە ئەجێندای شارەوە لە پشت فێدڕاڵیزم دەوڵەتێکی کوردی و فیدڕاڵییە یان جوداخوازی کوردی.

هەروەها، ئێمە لەوێوە لە 2016 پڕۆژەکەمان دەستپێکرد و لەنێوان 2017و 2021 چەند وۆرکشۆپێکمان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا رێکخست. باسمان لە چەندین سیستەمی فیدڕاڵی لە وڵاتانی دیکە کرد، بە ئەڵمانیا و سویسڕا دەستمان پێکرد و بە هیندستانیش کۆتایی پێنایەت. بیرۆکەکە ئەوەیە، کام سیستەم گونجاو دەبێت بۆ سووریا. ئەمڕۆ دوو نموونەی کارەکانمان لەماوەی 6 ساڵی رابردوو دەخەینەڕوو.

لەدرێژەی قسەکانیدا ئیڤا ساڤیلسبێرگ گوتی ” دکتۆر زوخن کایک یەکێکە لەو کەسانەی هەر لەسەرەتاوە پشتگیری لە پرۆژەکە کرد. سەرنج دەخاتە سەر نموونەی عێراق وەکو دەوڵەتێکی فیدڕاڵی دوایش دەیخەینەڕوو کە بۆچی ناشێت نموونەی عێراق جێبەجێبکەین بەسەر سووریا. دواتریش پرۆفیسۆر ئێمافاخیا بێلتز، ئەویش یەکێکی دیکەیە لەو شارەزایانەی لە 2016ەوە پشتگیری لەو پڕۆژەیە دەکات، رەشنووسێکی دەستوورتان لەسەر سووریا بۆ باس دەکات، کە بەیەکەوە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ئامادەمان کردووە، لەگەڵ سەرجەم ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆن ئامادەمان کردووە، لە 2018شدا لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری سووریا کارمان لەسەری کردووە.

لەکۆتاییدا، ئیڤا ساڤیلسبێرگ  ئاماژەی بە جیاوازی ئەو سیستمەی فیدڕاڵییە کرد کە بۆ سووریا پێشنیاز کراوە لە رەشنووسی دەستوورە نوێیەکەدا و گوتی ” رەشنووسەکە دەستوورێکی فیدڕاڵییە بەڵام زۆر جیاوازە لە نموونەی عێراق و ئێمە باوەڕمان وایە نموونەیەکی باشتری سیستەمی فیدڕاڵییە کە بۆ سووریای پێشنیازدەکەین”.

لە گوتاری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو، مەحموود بابان ئاماژەی بەوەکرد کە کارەکانی ئەنجومەنی دەستووری سووریا دوای شەش گەڕی دانوساندن هیچ ئەنجامێکی نەبووە و گوتی “ئێمە هەموومان دەزانین کە کارەکانی ئەنجوومەنی دەستووری سووریا دوای شەش گەڕی دانوساندن ئەنجامێکی ئەوتووی لێنەکەوتەوە و نەتونرا   دەستوورێکی نوێ بۆ گەلی سووریا  تێدا بەرهەمبهێنرێت، بەڵام هەوڵەکان لەڕێگەی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی زلهێز لە قەیرانی سووریا بە ئاراستەی جیاواز بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا بەردەوامە”.

© ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو

هەروەها، یەکێک لە پرسە گرنگەکانی ئەمڕۆی سووریا ئەوەیە کە وڵاتانی زلهێز دەیانەوێت جۆرە سەقامگیرییەک و جۆرە هیوربوونەوەیەک بۆ رەوشی سووریا و بهێنتە ئاراوە، لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە هەوڵی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتیش نەتەوەیەکگرتووەکان چ دەبێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا، لە کاتێکدا هیچ دەوڵەتێک یاخو لایەنێک نەیتوانی بەتەنیا قەیرانی سووریا بەو شێوەی خۆی دەیەوێت یەکلابکاتەوە.

لەدرێژەی قسەکانیدا، مەحموود بابان ئاماژەی بەوەکرد پرسی سووریا ئێستا بەشێوەیەکە کە وڵاتانی عەرەبی وڵاتانی دیکە باسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەشار ئەسەد دەکەن، لەلایەکی دیکەوە بەرۆژەڤبوونی دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا هاتووەتە ئاراوە کە ئەمانەش پێکەوە پێماندەڵیت دەبێت ئامادەکارییەکانی باش بۆ گوڕانکارییەکانی ئەم قۆناخە و ئەم مانگانەی دوای بکرێت، لەلایەن کوردەوە. پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە داهاتووی سووریا و نیزامی حکومڕانییەکەی چۆن بێت؟ ئایا کۆپێکردنی ئەزموونی عێراق و نیزامی فیدڕاڵی بۆ سووریا یاخود دەبێت بەدوای مۆدیلێکی دیکەدا بگەڕێن؟

لەدرێژەی قسەکانیدا گوتی “لەڕاستیدا پرسی کورد لە سووریا و داهاتووی رەوشی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، ئەمە مژارێکی گەلێکی گرنگە، کە دەخوازین ئەمڕۆ لەم چالاکییەدا گەنگەشە بکرێت و گفتوگۆ لەسەر بکرێت “.

لەکۆتاییدا مەحموود بابان گوتی “هیوادارم گفتوگۆکانی ئەمڕۆ ببێتە هۆی تیشک خستنەسەر رۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکان لە پرۆسەی دەستووری نوێ سووریا و دۆزینەوەی چارەسەرێک و گەنگەشەکردنی فیدڕاڵیزم وەک دەرچەیەک بۆ دەربازبوون لە قەیرانی سووریا، لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە پرسی کورد و جێگە و پێگەی کورد لە دەستووری نوێ سووریا و مۆدیلی فیدڕاڵیزم چۆن دەبێت؟ “،

یەکێکی دیکە لە گوتارەکان لە چالاکییەدا، گوتاری کۆنسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان بوو، کە سوپاسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو و سەنتەری ئەورووپی بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی کرد بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکە.

© ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو

لەسەرەتای قسەکانیدا، کلیمنتس سیمتنەر، کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان تیشکی خستەسەر دوایین بڕیاری دادگای باڵای عێراق لەبارەی نەوتی هەرێمی کوردستان و گوتی ” ناونیشانی ئەو کۆنفرانسە گوزارش لە سووریای دراوسێمان دەکات. چەند هاوڕێیەکی سووریمان لێرەن، دەمەوێ بەو پەڕێ رێزەوە پێشوازیتان لێبکەم. بەڵام ئەگەر هەرکەسێک پەرۆشبێت کە بۆچی ئەم بابەتە زۆر پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە، بەتایبەتیش هەرێمی کوردستانی عێراق. دەبێت سەیری دوایین بڕیارەکەی دادگای باڵا لە بەغدا دەربارەی یاسای نەوت بکەین. وەکو دیپلۆماتکارێکی بیانی من دەستخۆشی لە بیرۆکەی ئەم بڕیارە یاخود لە کاتی بڕیارەکە ناکەم. ئەو بڕیارە تەنیا ئەمە نیشاندەدات کە چەندە پێویستە چارەسەر بۆ پرسە کێشە لەسەرەکان بدۆزینەوە کە پەیوەندیان بە حکومەتی فیدڕاڵی و هەرێمەکان و حکومەتەکانەوە هەیە”.

هەروەها، کلیمنتس سیمتنەر ئاماژەی بەوەکرد، هەرێمی کوردستانی عێراق و خەڵکەکەی پێویستیان بە دڵنیاییە لەبارەی ئەو پرسانە بۆ ئەوەی بتوانن داهاتووێکی خۆشگوزەران بونیادبنێن. من تەنیا هیوادەخوازم حکومەتەکەی بەغدا چارەسەری کۆنکریتی بۆ ئەم پرسانە بدۆزێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، گفتوگۆکردن دەربارەی کۆتاییهێنانی دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان زۆر واتادارە، دەستووری عێراقی ماف دەدات بە هەرێمەکان بۆ ئەوەی دەستووری تایبەت بەخۆیان هەبێت. ئەمە تەواونەکراوە. دەستوورێکی ئیقلیمی دەتوانێت خەڵكی کورد یەکبخاتەوە، هاوکات دەتوانێت هەندێک کێشە کراوەکانیش لەنێوان هەولێر و بەغدا شیبکاتەوە.

لە درێژەی قسەکانیدا کۆنسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان گوتی “خۆشک و برایانی ئازیز زۆر خۆشحاڵم کە بەشێکم لەو بۆنەیە، چونکە چەندین ساڵە چاودێری قەیرانی سووریا دەکەم. هاوکات دەمێکیشە چاودێری کارەکانی سەنتەری ئەورووپییەکە و شارەزایانی دەکەم. وەزارەتەکەم، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا پاڵپشتی لەو کارە گەورانە دەکات، چونکە ئەمە دەتوانێت رۆڵێکی واتاداری لە گفتوکردن دەربارەی دەستووری سووریا. بە تێگەیشتنی خۆم، من ئاگداری هیچ پرۆژەیەکی دیکە نیم بەقەد ئەمەیان پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیبێ لە خستنەڕووی رەشنوسێکی روون بۆ دەستوور.  هەروەها، ئێمە نازانین ئەنجامەکانی ژنیڤ چۆن دەبن، ئەمە ئەگەر ئەنجامێکی هەبێت لەڕاستیدا زۆر لە سیاسەتڤان و چالاکڤانە دیموکراتخوازەکان بەشداریان لەم پرۆژەدا کردووە، دەزانن کە دەستوور چۆن سەرکەوتوودەبێت، ئەم راستییە خۆی لە خۆیدا سەرکەوتنێکی گەورەیە. ئێستا خەڵکی سووریا دەزانن لە چ مافێک بێبەشکراون. خەڵکی سووریا ئێستا داواکارییەکانیان لە دامەزراوە دیموکراتییەکان دەزانن. دەشزانن چ پرسیارێک بکەن کاتێک بابەتەکە دێتە سەر مافی تاکەکەس، کەمینەکان، هەروەها هەرێمەکان”

لەکۆتایشدا کلیمنتس سیمتنەر ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو راگەیێندراوانەی لە ئامادەبووانتان گوێتان لێیدەبێت، رەنگدانەوەی تێڕوانینی خۆیانن نەک حکومەتی ئەڵمانیا. ئێمە تەنیا دەمانەوێت ئاسانکاری بۆ ئەم پرۆسەیە بکەین، ئەویش بە دابینکردنی ئامرازەکان. خەڵکی سووریا خۆیان پێویستە باشترین وەڵامەکان بۆ ئەم پرسانە بدۆزنەوە

لە بەشی یەکەمی چالاکییەدا  دیبەتێک  بە بەشداریی ،  پرۆفیسۆر ئیڤا ماریا بیلسیر (بەڕێوەبەری هاوبەشی پەیمانگەی فیدراڵ/ فریبۆرگ/ سویسرا)و  د. زورین کایل و پارێزەری دەستووری و سەرۆکی پەیمانگەی فیدراڵی زانکۆی فریبۆرگ بەڕێوەچوو.



© ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو

سەرەتا،   پرۆفیسۆر ئیڤا ماریا بیلسیر رووکارە سەرەکییەکانی ئەو پرۆژە دەستوورەی کە ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و کۆمەڵگەی مەدەنی لەنێوان ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٩ دایانڕشتووە خستەڕوو و گوتی ” ماوەیەکی زۆرە و لەڕاستیدا چەند ساڵێکە بەدواداچوون بۆ دەستووری نوێ سووریا دەکەم، هەروەها ئەمڕۆ من باسی ئەوە دەکەم کە چۆن دەکرێت دەستوورێکی فیدراڵی بۆ سووریا بنیاتبنرێت. هەروەکو هەموومان دەزانین کە رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی هەبوو باسی لە ئاشتی بۆ سووریا لەرێگەی نووسینەوەی دەستووریکەوە دەکرد. ئەو بڕیارەی کە نەتەوەیەکگرتووەکان داینابوو بۆ ئەوەبوو کە نەخشە رێگایەک هەبێت بۆ دانوستاندن لەنێوان لایەنەکاندا بهێتە ئاراوە بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ لە سووریا و دەوای ئەویش هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت”.

لەدرێژەی قسەکانیدا  پرۆفیسۆر ئیڤا ماریا بیلسیر گوتی “ئێمە هەموو دەزانین کە ئەو پرۆسەیە کێشەی زۆری لە بەردەمدایە و هەرچەندە بۆماوەی چەند ساڵێک بەردەوام بوو، بەڵام ئێستا راگيراوه. لێرەدا کاتێک تەماشای دەکەین، راستە دەبینین وەستاوە، بەڵام لەخاڵێکی دیکەوە و لەکۆتاییدا دەبێت دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا بنوسرێتەوە و هەبێت. هەروەها بۆچی خەڵک بیردەکەنەوە کە دەبێت ئەو دەستوورە نوێیە فیدراڵی بێت؟ ئەمە لەڕاستیدا پەیوەندی بەو راستییەوە هەیە کە فیدراڵیزم ئەو میکانیزمانە دەخاتەگەڕ کە وڵاتێک بەڕێوەبەرێت لەرێگەی دیموکراسییەوە، کە رەنگە لەڕووی زمان، کلتوور و لەڕووی ئاین و ئابوورییەوە جیاواز بێت. هەروەها، بەردەوام هەرێمەکان گلەیی ئەوە دەکەن کە پەراوێزخراون لە دابەشکردنی سامانە سرووشتییەکان  و پەرەپێدانی ئابووریدا. هەروەها فیدراڵیزم  ئامڕازێکی گشتگیر و تەواوە بۆ هەردوو دەوڵەتی هاوبەش پێکەوە وەک خاکێکی یەکپارچە و سەقامگیر لە سیستمێکی پارێزراودا، کە ئەمەش نموونەیەکی گرنگە بۆ پاراستن و بەرزکردنەوە و دابینکردنی جیاوازەکان. لەکۆتاییدا دەستوورێکی فیدراڵ بۆ وڵاتێکی وەک سووریا دەبێتە نموونەیەکی زۆرباش، بەڵام هەندێک تەگەرە دێتەپێش، یەکەمیان ئەو هەنگاوەیە کە ببینرێت جیاوازییەکان چین و لەڕاستیدا لە عێراق ئەمە چارەسەر نەکراوە. بۆ نموونە لە عێراق سنووری نێوان هەرێمەکان بەتەواوەتی یەکلانەبووەتەوە و ناکۆکی لەسەر هەیە، هەروەها وەک دەبینین بنچینەکانی فیدراڵی ونن.

© ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو

پرۆفیسۆر ئیڤا ماریا بیلسیر ئاماژەی بەوەکرد ئەگەر بمانەوێت لە سووریا سیستمێکی فیدراڵی دابمەزرێنین ئەوا پێویست دەکات وڵاتەکە دابەش بکەین بەسەر چەند هەرێمیکدا کە ئەو هەرێمانە سنوورەکانیان دیار بێت و هەریەکێک لەو هەرێمانە دیدی خۆیان هەبێت بۆ ئەوەی چۆن بەڕێوەیاندەبەن. بۆ ئەوەش، پێش ئەوەی سیستمەکە دابمەزرێت، پێویستە دامەزراوە فیدراڵییەکان دابنرێن و ئەمەش زۆر زۆر گرنگە. لەلایەکی دیکەوە کاتێک باسی سنووری نێوان هەرێمەکان دەکەێت، دەبینێت لەوەشدا ناکۆکی هەیە، کاتێک تەماشای ئەو ناکۆکیانە دەکەیت کە رەنگە لە سووریا بێنە پێشەوە لەکاتی کێشانی ئەو سنوورانەدا. بەڵام سەیری ئەمە بکەن، بۆ نموونە ئەگەر تۆ کوردێک بێت لە ناوچە عەرەبییەکان بژێت یاخود عەرەبێک بێت لەناوچە کوردییەکان بژیت، ئایا وەک تاکە کەس مافەکانت پارێزراو دەبێت؟ ئەمەش خاڵێکی زۆر گرنگە و پێویستە باسی لەسەربکرێت. لەکاتێکدا ئەمە هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت کە کێشانی سنووری نێوان هەرێمەکان یەکێکە لەبنچینەییترین بەردەکانی بناخەی فیدڕاڵیزم لە هەر وڵاتیکدا. هەروەها کاتێک باسی ناوچە کوردییەکانی سووریا دەکەین، ئەوە تەنیا عەرەب نین بە تاکە کەس لەوی دەژین، بەڵکو پێکهاتەکانی دیکەش لەوی دەژین.

هەروەها، بابەتێکی دیکە کە زۆر گرنگە، ئەوەیە  ئایا پێناسەی هاونیشتمانی چ دەبێت و چۆن دەبێت؟ چونکە سوورییەکانیش نایانەوێت ئەو ئەزموونە دووبارە بکەنەوە کە لە عێراق روویداوە، نایانەوێت ناسنامەیەک بێت کە دژ بەیەک بێت. دەمەوێت بگەڕێینەوە بۆ 2005 کاتێک دەستووری عێراق نوسرایەوە، لەو کەسانە بپرسین کەو ئەو دەستوورەیان نووسی، ئایا ئەمە ئەوە بوو کە ئێوە نووسیتان؟ رەنگە بڵێن زۆر جیاوازە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە جێبەجێکردندا جیاواز بووە. هەموو ئەمانەش بەهۆی دابەشکردنی دەسەڵاتەوەیە لە نێوان هەرێمەکان و حکومەتی ناوەندیدا، کە پێکەوە دەبێت بڕیاری لەسەر بدەن، ئەم بڕیارانەش وەک پلانی ستراتیژی وڵاتەکە، ئاسایشی وڵاتەکە چۆن دەپارێزرێت، پەیوەندی وڵاتەکە بە وڵاتانی دیکەوە چۆن دەبێت، لەم کاتانەشدا پاراستنی فرە رەنگی گرنگترین خاڵ دەبێت.

پرۆفیسۆر ئیڤا ماریا بیلسیر گوتیشی خاڵیکی دیکەی گرنگ لە فیدراڵیزم بریتییە لە “دابەشکردنی سەرچاوەکان، بەتایبەتیش سەرچاوە سرووشتییەکان، بێگومان دابەشکردنی دەسەڵات، دابەشکردنی سەرچاوەکانیش دەگرێتەوە. پێویستە هاوسەنگییەک درووستبکرێت، ئەویش بەوەی ئەو هەرێمانەی کە سەرچاوەی سرووشتیان هەیە و بەکاری دەهێنن و بەچ میکانزمیک لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا بۆ بەشکردنی سەرچاوە سرووشتییەکان رێکدەکەون، ئەمەش بۆ درووستکردنی هاوسەنگییەک و درووستبوونی یەکسانی بهێتە ئاراوە. ”

لەلایەکی دیکەوە، ئیڤا ماریا لەبارەی رەشنووسی دەستووری نوێ سووریا گوتی ” ئەو دەستوورە یاخود ئەو رەشنووسی دەستوورەی بۆ سووریا ئامادەکراوە، هەوڵدراوە وانەیەک لە دەستووری عێراق وەربگرێت، کاتێک تەماشای دەستووری عێراق دەکەیت و بەتایبەتیش ئەو ماددەیەی باسی دابەشکردنی سەرچاوەکان دەکات ماف دەدات بە حکومەتی ناوەندی، هەرێمەکان و پارێزگاکان، لەکاتێکدا لێرەدا روون نییە کە ئەم سەرچاوانە کێ بەڕێوەدەبات و کێ خاوەنداری دەکات. لەبەرئەوە بۆ دەستووری نوێ سووریا و کورد لە سووریا بیرمان لەوە کردووەتەوە کە دەستوور بەشێوەیەک بنوسرێتەوە کە دیار بێت ئایا دیمەشق بەڕێوەن دەبات و خاوەنیەتی دەکات یاخود هەرێمەکان بەڕێوەیان دەبەن و خاوەندارێتی دەکەن، چونکە لەوانەیە کوردێک وابیربکاتەوە کە ئەمە لە لایەن دیمەشقەوە لە دژی بەکاربهێنرێت، لەم کاتەشدا کوردێک لەوانەیە بپرسێت بۆچی بەشی بکەین لەگەڵ ئەواندا، لەبەر ئەم مژارانەیە کە ئەو رەشنووسەی ئێستا بۆ سووریا هەیە روونترە و گرنگترە کە هەموو داهاتی نەوت و گازی وڵاتەکە و دەچێتە سندوقیکەوە کە پێی دەگوترێت سندوقی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و لەو سندوقەوە دووبارە دابەشدەکرێتەوە”.

ئیڤا ماریا ئاماژەی بە ئاڵینگارییەکی دیکە لە دەستووری فیدراڵیزمدا کرد، کە بریتییە لە دیزاینکردنی دامەزراوەکانی وڵاتێکی فیدراڵی. چۆن دەتوانرێت ئەو وڵاتە هەمووی پێکەوە و بەیەکەوە بەڕێوەببرێت، لە ئەم کاتەشەدا رێز لە فرە رەنگی و فرە رەهەندی نیشتمانەکە بگیرێت، ئەنجومەنێکی نیشتمانی لە وڵاتەکەدا دەبێت کە هی هەموو وڵاتەکە بێت، ئەنجومەنێکی دیکە کە گوزارشت لە فرە رەهەندی نیشتمانەکە بکات و رەنگبداتەوە، چۆن رێگایەک بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی خەڵکی سازش بکەن لە دانوستاندنەکاندا کاتێک کە تەنیا یەک پەرلەمان هەبێت و کەسەکان ئەو کەسانە بن دانراون. ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەوانەی پێکهاتەی بچووک بن چانسی بەشداریکردن لە دەستدەدەن. هەربۆیەش لێرەدا دەبینین ئەو رەشنووسەی ئامادەکراوە بۆ سووریا بەهەمان شێوەیە دەبینین کە کەڵکی لە ئەزموونی دەستووری عێراق وەرگرتووە، هەرچەندە لە دەستووری عێراق باس لە ئەنجومەنی هەرێمەکان دەکرێت، بەڵام جێبەجێنەکراوە. لە حاڵەتێکی لەم شێوەیەدا دەردەکەوێت بۆچی گرنگە کە ئەنجومەنێکی دیکە هەبێت و پێدەگوتریت ئەنجومەنی هەرێمەکان کە زامنی سیستمی فیدراڵی لە وڵاتەکەدا بکات و پێویستە لە دەستووری سووریا جێگیر بکرێت.  لەهەمان کاتدا هەوڵمانداوە فیربین لە ئەزموونی فیدراڵی وڵاتان کە دامەزراوەکان پێکەوە دەبەستێت، کە بەرزترین دەسەڵات دادگایەک بێت وەک ناوەندێکی بێلایەن و دادگەر بێت لەنێوان هەرێمەکان و دەسەڵاتی ناوەندی دا، نەک بەشێک بێت لە سیستمی حکومەتە ناوەندییەکە. لە سیستمی فیدراڵیدا دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بەشێوەەیەک کە هەرێمەکان توانای هەبێت میکانیزمی ئەوە بخەنەگەڕ کە دەسەڵاتەکان لای خۆیان کۆ بکەنەوە و تەنانەت دەستووری خۆیان هەبێت، هەربۆیەش کوردەکانی سووریا خۆیان ئامادەکردووە بۆ سووریایەکی فیدراڵی و دەستووریکیان نووسیوەتەوە بۆ خۆیان کە هەموو ئەو بژاردانەی دینە پێشەوە ئەمان بتوان وەڵامیان بۆیان هەبێت و گرنگیدان بە مافی کەمایەتییەکان لەو ناوچانەدا زۆر زۆر گرنگە. لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە  باشترە هاوئاهەنگی لەنێوان ئەم هەرێمە (هەرێمی کوردستان)  و هەرێمی داهاتووی کوردستانی سووریا بکرێت.

د. زورین کایل – پارێزەری دەستووری و سەرۆکی پەیمانگەی فیدراڵی زانکۆی فریبۆرگ لەبارەی فیدراڵیزم و بۆچی فیدڕاڵیزم سەرناکەوێت و ئایا دەتوانین نموونەی عێراق لە سووریا بەکاربهێنن بابەتێکی پێشکێشکرد و گوتی “لەڕاستیدا ئەرکێکی قورس خراوەتە سەرشانم لەبارەی ئەوەی کە لەسەر عێراق قسە بکەم و ئەو وانانەی لەبارەی عێراق فیربووین چین، لەکاتێکدا کە هەموو بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق لەبارەی هەرێمی کوردستان دەزانین. لەلایەکی دیکەوە ئەوەی ئەمەوێت ئاماژەی بۆ بکەم ئەوەیە کە عێراق لەلایەن چەند گرووپێکەوە بەکارهێنراوە. لەناو ئۆپۆزسیۆنی سووریا زۆریک لە گرووپەکان دەڵین سەیری نموونەی فیدڕاڵی عێراق بکە، کە نموونەیەکی سەرکەوتوو نییە و بزانە عێراق لە چ بارودۆخێکی خراپدایە. هەروەها، کوردەکان ئەو فیدڕاڵیزمە بەکاردەهێنن بۆ جیابوونەوە! هەندێکی دیکە دەڵین سەیری سووریا بکە، کە چۆن کوردەکان توانیویانە ئەو فیدڕالیزمە بەکاربهێنن بۆ خزمەتگوزاری و دابینکردنی ئاسایش و سەقامیگیری خۆیانی پێی جێبەجێبکات. ئا لێرەوەیە هەموو دەبینن کە هەموو ئەمانە دەبنە هۆی بەهێزکردنی ناسنامەی کورد لە سووریا.

© ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو

لەبارەی سیستمی فیدڕاڵیزم لە عێراق و چۆنیەتی روونکردنەوەی فیدڕاڵیزم لە دەستووری هەمیشەیی عێراق د. زورین کایل ئاماژەی بەوەکرد “من لێرەدا نموونەیەکتان پێدەدەم کە دەتوانێن بڵین دەستووری عێراق نموونەیەکی جوان و رووناکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها نموونەیەکە بۆ وڵاتێکی دیموکراسی، عێراق تاڕادەیەک هەڵبژاردنێکی ئازادانەی هەیە و جۆرێک لە گۆڕینی حکومەت و حکومڕانی هەیە. هەروەها،  دەتوانین بڵین بنەمایەکی هەیە بۆ حکومڕانییەکی باش، بەڵام ئەگەر قسە لەسەر ئازادی رادەربڕین بکرێت لە عێراق، لەوانەیە پرسیاری گرنگی لەسەر بێت، هەرچەندە تاڕادەیەک باشە.

خاڵیکی دیکە ئەوەیەم کە عێراق وەک وڵاتێکی فیدڕاڵی و خاوەن سەروەری پێناسە کراوە لە ماددەی 1ی دەستووردا هاتووە، عێراق تەنیا وڵاتە لە وڵاتانی عەرەبی کە خۆی پابەند کردووە بە فیدڕاڵیزم، نموونەیەک هەیە لە ئیماراتی عەرەبی، بەڵام نەک لەسەر بنەمای دیموکراسی. هەروەها، یەمەن نموونەیەکی دیکەیە لەو وڵاتانەی لەناوچەکەدا کە شکستی هێناوە، بەڵام ئەو وڵاتەی خۆی پابەند کردووە بە دەستوورەکەی ئەوا عێراق.

دواجار کاتێک دەستووری عێراق دەخوینیتەوە نموونەیەکی جوان دەبینرێت لە فرە رەهەندی و فرە رەنگی ، لە بڕگەی 2دا لەبارەی ئیسلام و ئاینەکانی دیکەی وەک کریستانی، ئیزدی و سائبی و مەندائی و ئاینەکانی دیکەدا هەیە. هەروەها، لە دابەشکردنی هێزەکان لەنێوان دامەزراوەکاندا وەک سەرۆکی وڵات کوردە، سەرۆکوەزیران شیعەیە و سەرۆکی پەرلەمان سوننەیە. لێرە دەبینین هێزەکان ناچارن پێکەوە کار بکەن و هێزەکانیان دابەش بکەن. لە لایەکی دیکەوە لە بڕگەی 3دا داننان بە ناسنامە و ئاینە جیاوازەکان و پێکهاتە جیاوازەکان و زمانی عەرەبی و زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی دانی پێدانراوە، کە هەموو ئەمانە لە دەستوور هەیە و دەبینێت و دەڵیت واو ئەمە چ دەستووریکی مەزن! لەبارەی سەقامگیری و ئاسایش دوای ئەوەی کە وڵاتانی شکستخواردووی وەک سووریا، یەمەن و فەڵەستین دەبینیت و دەزانێت کە بنەمایەکی فیدڕاڵیزم لە عێراق هەیە، بەڵام کاتێک دێتە هەولێر و دەبینێت جیاوازییەک هەیە، هەمان کات لە بەغدا لەگەڵ عەرەبەکان لەبارەی فیدڕاڵیزم قسە دەکەیت دەبینێت جیاوازییەکی دیکە هەیە.

لەبارەی ئەوەی بۆچی خەڵکی عێراق بە کورد و عەرەبیشەوە خۆشحاڵ نییە بە سیستمی فیدڕاڵیزم،  د. زورین کایل گوتی ئەوەی دەمەوێت لێرەدا روونی بکەمەوە، ئەویش بریتییە لە سێ بۆ چوار کیشە لەنیو دەستووری هەمیشەیی عێراق، کە ئەویش ئەوەیە دەستوور پرۆسەیەکە و بەردەوامە. هەروەها دەستووری عێراق چۆن دانراوە و چۆن رەشنووسەکەی داڕێژراوە، ئێمە دەزانین و هەمووان دەزانن کە لەدوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و بەغدا لە 2003وە. هەروەها ئێمە دەزانین کە دەستوورێکی کاتی هەبوو لەلایەن ئەمریکییەکانەوە دانرابوو، لەلایەکی دیکەشەوە ئەوە دەزانین کە دەستووریی هەمیشەیی عێراق لەژێر فشاری کاتدا نوسرا، ئەوکات دەوترا دەبێت بە زووترین کات ئامادە بکرێت، هەمووانیش دەزانن کە ئەم دەستوورە نەیتوانی هەموو شتەکان بگرێتەوە.

لەبارەی پێکهێنانی دەسەڵاتەکان لە سیستمی فیدڕاڵی،  د. زورین کایل ئاماژەی بەوەکرد نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە دەستوور لە عێراق لەکاتێکدا نوسرایەوە کە سەدان هەزار سەربازی بیانی لە عێراق جێگیربوون. هەربۆیەش وێنای ئەو عێراق گشتگیرە چییە و  لەسەر بنەمای سازان و بنیاتنان لەنێوان گرووپە جیاوازەکاندا کە تەوافوق بۆ پێکەوە ژیان لەژێر مەرجە نوێیەکاندا دەدزۆنەوە. ئەمەش لەکاتی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق رەنگی داوەتەوە. لەدواییدا بووە هۆی ئەوەی دوو ئەنجامی لێبکەویتەوە کە بڕیارە سەرەکییەکان لە شوێنێک و دەستوور لە شوێنێکی دیکە بێت. هەروەکو چۆن هاوکارەکەم ئاماژەی بۆ کرد دەستوور بڕگەی سەرەکی هەیە کە ئەمە بە یاسا رێکدەخرێت، بۆ نموونە لە بڕگەی دووەمدا کۆمیسونی فیدڕاڵی کە لەسەر دادگای باڵاوەیە، بەڵام بڕیاری خراپی لێکەوتەوە لە رێگەی دوو پەڕەگرافی سادەوە.

لەدرێژەی قسەکانیدا، د. زورین کایل ئاماژەی بەوەکرد کاتێک سەیری رەشنووسەکە دەکەیت، سەرسام نیت کە هەڵگەڕانەوەکان بەهۆی کەموکوڕی زۆرەوەیە، کە کەموکورتییەکان لە ئەرزی واقیعدا بەردەوامبوون لە جێبەجێکردن. هەروەها، زۆر ئاسانیشە لۆمەی ئەوەبکرێت کە روویداوە لەنێوان 2003-2005، بەڵام ئێمە لە ساڵی 2022ین، کەواتە دەبێت لەخۆمان بپرسین کەچی روویداوە لە ساڵی 2005وە تاوەکو ئەمڕۆ کەموکورتییەکان بەردەوامە. لە دەستوورەکەدا هاتووە کە پێویستی بە ئەنجومەنی نوێنەران کەبڕیاری سەرەکی بدات لەبارەی چەند ماددەیەکی دەستوورەوە، بۆ نموونە ماددەی 117 کە هاوکارم ئاماژەی بۆ کرد کە هەرێمی کوردستان و زۆر روون و ئاشکرایە کە ناوچەکانی دیکە دەتوانرێت دابمەزرینرێت و پرۆسەیەکیش بۆ پێکهێنانی کۆنفیدڕاڵی پێکبهینرێت، بەڵام هەموو هەوڵێک و هەوڵیکی سیاسەتمەداران بۆ پێکهێنانی هەرێمێکی نوێ لە لایەن حکومەتی ناوەندی شکستی پێهینراوە.

هەروەها، ماددەی 65 دەستووری عێراق باسی ئەنجومەنێکی فیدراڵی دەکات کە نوێنەرایەتی هەرێمەکان و پاریزگارەکان تێدا دادەنیشن کە وەک دووەم ئەنجومەن چاوی لیدەکرێت، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ ئەم ئەنجومەنە و ئەنجومەنی فیدراسیۆن بوونی نییە، بۆچی؟ چونکە ماددەی 65 وادەکات ئەنجومەنی نوێنەران یاسایەکی بۆ دەربکات بۆ دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنە کەرووی نەداوە، بۆچی رووینەداوە، چونکە هاوکارەکەم ئاماژەی بۆ کرد.

لەڕاستیدا ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئایا ئەنجومەنی نوێنەران دەسەڵاتەکانی خۆی سنووردار بکات، هیچ بەرژەوەندییەکی نییە لە ماددەی 90 و ماددەی 92دا کە پێویستی بە دامەزراندنی دەسەڵاتێکی باڵای دادورەی و دادگای فیدڕاڵی هەیە، بێگومان وەک هەمووتان ئاگادارن ئەوانەی ئەمانە بەتەواوی جێبەجێ نەکراون لەسەر بنەمای ئەو یاسایانەی کە بنەمای تەوافوق هەموو ئەوانەی بەشدارن و بەتایبەتیش بۆ دادوەری و دەستنیشانکردنیان.

پێشتریش هاوکارم ئاماژەی بەوەکرد، کە گرنگە دامەزراوە و دەزگا هەبێت، چونکە زۆرینەوەی سادە و ئەوان وەک سیاسی نابینن و وەک دادگەرییەکی بێلایەن دەبینرین و وەک بەرزترین دەسەڵات تەماشا دەکرێن، چونکە ئەوان بڕیار دەدەن ئەوە باشە، لەوانەیە تۆ حەز بە بڕیارەکە نەبێت، بەڵام دەبێت لەگەڵیدا بژیت، بەڵام کاتێک تۆ متمانەت بە دادگا هەیە کە بڕیارەکە سیاسییە و ئەوکات دەبێت لەرووی یاساییەوە ئیشەکان لێکبدرێتەوە. هەر لەبەر ئەمەش بوو، کە من پێشتر ئاماژەم بەوەکردووە کە دەستووریش پڕە لە دژایەتی، من تەنیا دوو نموونەت بۆ دەهینمەوە، چونکە لیستەکە دوور و درێژە و ئێمە بۆ ماوەیەکی زۆر لێرە نابین.

ماددەی 13 لە دەستووردا باسی بەرزترین یاسای وڵات دەکات لە عێراق، ئەویش ئەوەیە کە دەستوور دەسەڵاتێکی باڵاترە، بەڵام هیشتا کاتێک لەو پەڕەگرافە بەردەوامین باس لە پێشبڕکی هاوبەشەکان دەکات. کە ئەمەش بۆخۆی  لە لابردن و دەستبەکاربوونی پارێزگاری پارێزگاکاندا دەریدەخات  کە دەستوور دوایین دەسەڵاتی باڵا نییە. هەروەها، جۆرێک لە گونجان هەیە وەکو لە ماددەی 14دا لەژێر سایەی بەشی ماف و ئازاییەکانی مرۆڤدا باس لەوە دەکات جیاکاریکردنی خەڵک لەسەر بنەمای ماددەی رەگەزی قەدەخەیە و ئازادی ئاینی لە وڵاتدا پارێزراودەبێت.  من دڵنیام کە هەمووتان دەزانن کە ئیسلام بەئاینی فەرمی دەوڵەت ناودەبرێت و هەروەها باس لە ئیسلام دەکات وەک چوارەمین دەسەڵاتی یاسادانان. هەروەها هەموومان دەزانین تەنیا لە دەستوورەکەدا کەموکورتی نییە، بەڵکو لە جێبەجێکردندا کەموکورتی هەیە.

هەروەها، نەک تەنیا یەکجار، بگرە بە هەمیشەیی دەستوورەکە پێشیلکراوە. لەلایەکی دیکەوەا بەتەنیا هەرێمی کوردستان زیاتر لە 50 پێشیلکاری لە دەستووردا هاتووە، ئەویش بەهۆی چەند راستییەکی جیاوازەوە کە لەلایەن حکومەتەوە حسابی بۆ کراوە. بۆ نموونە زۆر بەسادەیی بیر لەناوچە جیناکۆکەکان لە دەستووردا بکەوە کە بڕیارەکە بەم شێوەیە ( ئەم بڕیارە بۆ ئەو ناوچە جێناکۆکان دەبێت لە 31ی کانوونی یەکەمی 2007 کە لەدەستوور هاتووە پێویستە یەکلابکرێتەوە، هەروەها بەوادەی دیاریکراو ماددەی 140 ئەو بڕیارە تاوەکو ئەمڕۆ نەدراوە. هەروەها بۆچی بڕیار نەدراوە؟ بەهۆکاری سیاسی و زۆر نەتوانراوە بڕیار بدرێت کەواتە چوارچێوەی یاسایی ئەوەندە ناڕوونە کە بنەمایەک دابین ناکات کەبتوانێت چوارچێوەیەکی باش بۆ حکومەت دابین بکات. کە ئەمەش دەبێتە هۆی پێشیلکردنی یاساکانی دیکە بۆ هەمیشە و پێشیلکردنی وەک ئەوەی باسمکرد کە فیدراسیۆنەکە ئەمانە دەهێڵێتەوە و جێبەجێ ناکات.

لەکۆتاییدا بە دوو بۆ سێ وشەی دیکە بڵیم وەک ئەنجامێک ئەوەی لە عێراق دەیدۆزینەوە دەستوورێکی ناتەواو و پرۆسەیەکە بە خراپی جێبەجێکراوە و رێزی لێناگیرێت، لەکاتێکدا وەک دەستوورێک و بەڵگەنامەیەک بۆ خۆی خودی دەستوورەکە پڕە لە نادڵنیایی و پرە لە کەموکرتی و ناڕێکی یاسایی. کە هەموو ئەمانەش لە ئەنجامی پرۆسەیەکی ناتەواو نوسراوە سەرچاوە دەگرێت، کە هەمووی دانوساندنی لەسەر کراوە وئەمەشە  لەساڵی 2005وە جێبەجێدەکرێت.

هەروەها، پێشیلکردنی دەستوور لە عێراق لە لایەن هەموو بەشداربووەکانەوە نەبووە و لە چەندین لاوە رووینەداوە، بەڵام لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئەکتەرە جیاوازەکانەوە روودەدات لەنیوخۆی عێراق و دەرەوەی عێراق کە دەستوور بۆ بەرژەوەندی خۆیان و بۆ زیاترکردنی نفوسی بوونی خۆیان بەکاربهێنن. لەڕاستیدا ئەوە دادگاکان کە پارێزەری دەستوورە و و دەتوانێت گرەنتی پاراستنی دەستوور بدات و پاسەوانی دەستوورە، چونکە ئەوان لەوین بۆ لێکدانەوە و ئەوان لەوێن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر رووداو و مەودایەکدا.

خاڵیکی دیکە بەلای د. زورین کایل کیشەکە ئەوەیە کە شێوازی دانانی دادوەرەکان لە دەستوور  بۆ دادوەریی لە عێراق بۆخۆی دەرگا دەکاتەوە بۆ سیاسەتکردن، چونکە بەرزترین دادگای وڵات بەتایبەتی دادگای باڵا بەپێی دەستوور دانەمەزراوە بەڵکو بە یاسایەکی ئەنجومەنی نوێنەران دامەزراوە، بەمەش دەستبەجێ کردنەوەی بواری سایسی بۆ دامەزراندنی ئەوەی کە دەبێت بە بەرزترین ئاستی باڵای دەسەڵاتی دادگا ببینرێت، لەکاتی ئەنجامدانی ئەم کارەشدا بێگومان ئەوە راستە ئەو بڕیارە سیاسی دەبینرێن و رەنگە سیاسییەکان بەهۆی سرووشتی پێکهاتن و چۆنیەتی پێکهاتنیان و دامەزراندنی دادگا رەنگبداتەوە.  هەروەها، ئەمەش بەهۆی نەبوونی سەربەخۆییەوە، کە  لە دەستووری عێراق ئەمەش نەهاتووە و دانەمەزراوە. خاڵیکی دیکە ئەوەیە، کە کیشەکە تەنیا لە دامەزراندنی دادوەری و لە بەرزترین ئاستی باڵادا کەموکورتی نییە، بەڵام ئەوەیە کە دەستوور بەڵگەنامەیەکی ناتەواوە، هەرکەسێک هەوڵدەدات بەو شێوەیەی خۆی دەیەوێت جێبەجێبکات.

لەکۆتاییدا، د. زورین کایل گوتی “بۆ نموونە تێدەکوشن و هەوڵدەدەن جارێکی دیکە وردەکاری زیاتر لەسەر بەڕێوەبردنی سەرچاوە نەوتییەکان بدۆزینەوە و ماددەی 110 و 111 لە لیستی تایبەتی حکومەتی نیشتمانی پێبەخشیوە و ماددەی 114دا هەیە کە ئەو لایەنە هاوبەشەیە لە بەڕێوەبردنی نەوت و ماددەی 112 نکۆڵی لەو خاڵە دەکات!لەڕاستیدا ئەمە بەمەبەست لەنێواندا نوسراوە، کە زۆر قورس دەکات بۆ گوتن، ئەوە هێ کوێیە؟ هەروەها رێگەیەکی گەمژانە دەداتە دادگا بۆ ئەوەی بڵێت باشە من بەم شێوەیە لێکی دەدەمەوە، چونکە ئەو خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی من یان بەرژەوەندی ئەو خەڵکە دەکات. ئالیرەوەیە کە خزمەتی ئەم ناڕوونییە یاساییە دەکەن و دەیکات بە پرۆسەی پرۆژەیەکی زۆر قورس و دەستوورێکی زۆر قورس بۆ جێبەجێکردن. ئەمەش وادەکات قورس بێت، چونکە زەحمەتە بتوانین چاکسازی بکەین و  یەکێکیش وەک چاودێرێکی بیلایەن بێت، ئایا بەڕاستی دەکرێت ئەم دەستوورە چاکسازی تێدابکرێت یاخود ئاسانتر نییە بگەڕێنەوە بۆ تەختەی وێنەکیشان و بڵێن هەندێک لەبنەماکانی فیدڕاڵیزمی دیموکراسی و پاراستنی کەمینەکانی تێدا چاککبکرێت؟ هەروەها لەسەر ئەم بنەمایانە ئێمە ئێستا دەستوورێکی نوێ دەنووسین، کە دەستوورێکی باشتر، روونتر و زۆر ئاسانتر بێت بۆ سووریا.

© ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو

لە بەشی دووەمی چالاکییەکەدا و لەکۆتاییدا لەلایەن بەشداربووانەوە چەند پرسیارێک لەسەر رۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نووسینەوەی دەتسوورێکی نوێ بۆ سووریا و شێوازی فیدڕاڵیزم بۆ سووریا و رۆژئاوای کوردستان، چۆنیەتی هاوبەشیکردن و بەشداریکردنی ئەکتەرە سەرەکییەکانی پارچە جیاوازەکانی سووریا لە لایەن ئامادەبووان کرا ، لەکۆتاییدا وەڵامی پرسیارەکان لە لایەن ،  پرۆفیسۆر ئیڤا ماریا بیلسیر  د. زورین کایل وەڵامدرایەوە.

Share this Post