نەخشەی گرنگترین هاوپەیمانییەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختە

 

RRC |

یاسین تەها|

هێشتا نزیكەی دوو هەفتە ماوە بۆ كۆتا وادەی پێشكێشكردنی ناوی هاوپەیمانیی و حیزبە سیاسییەكان بە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، بەڵام بەوپێیەی دواوادەی پێشكێشكردنی ناوی كاندیدەكان سەرەتای هەفتەی داهاتووە، هەندێك لە سیما سەرەكییەكانی نەخشەی دابەشبوونی هێزەكانی بەشدار لە هەڵبژاردنی پێشوەختە لەناو دەوروبەری ئەو 250 حیزبەی كە مۆڵەتی كاركردنیان وەرگرتووە، وردە وردە لە دەركەوتن و ئاشكرابووندایە.

هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەوێتە مانگی تشرینی یەكەمی 2021 كە دووەم ساڵیادی خۆپیشاندانەكانی تشرین و لەدایكبوونی تەوژمێكی نوێی ناڕازی و توڕەی مەدەنی و عەلمانییە بەناوی ئەم مانگەوە لەهەناوی ئەو كۆمەڵگایانەی پێكهاتەی شیعە زۆرینەی پێكدەهێنن، بەڵام هێشتا ئەو چالاكی و حیزب و گردبوونەوانەی بەناوی تشرین دروستكراون و نوێنەرایەتی خوێن و خەونی قوربانییەكان دەكەن (600 كوژراو و هەزاران بریندار) لەمشتومڕی ئەوەدان ئایا بەشداری هەڵبژاردن بكەن یان وەك رەوتێكی ناحیزبی و تەوژمێكی رەخنەگری دەرەوەی پەرلەمان بمێننەوە و لەمبارەیەشەوە نەگەیشتوونەتە كۆدەنگی، هەندێك بەشداریكردنیان پێ باشە، هەندێكیتر پێیانوایە بەشداری بكەن زۆرینە نابن و ئەبنە ژمارەیەكی بچوك و سنووردار و لاواز.

لە دەرەوەی رەوتی تشرین هێزە سیاسییە دەسەڵاتدارەكانی پاش 2003،  كە خاوەن ئەزموون و میكانیزمی جۆراوجۆرن (دەزگاكانی دەوڵەت، چەك، پارە، مەزهەب، تایفە، عەشایەر و نەتەوە) سەرقاڵی خۆ ئامادەكردنن، هەندێك لەوانەش بۆ شاردنەوەی رابردوویان پەنایان بۆ هەڵبژاردنی ناوی نوێ بردووە بۆ حیزب و هاوپەیمانیییەكانیان یان حیزبی سێبەریان دروستكردووە بۆ ئەوەی سەرجەم هێلكەكانیان نەخەنە یەك سەبەتەوە.

سەدرییەكان كە یەكەمی خولی چوارەمی ئێستان (54 كورسی)، سوورن لەسەر ئەوەی بەتەنها بەشداری هەڵبژاردن بكەن، چاویشیان لەسەر پۆستی سەرۆكایەتی وەزیرانە بەوپێیەی پێیانوایە زۆرینە بەدەست دەهێنن، لەبەرامبەر ئەوانیشدا لە شەقامی شیعی دوو هێزی ركابەری سەدرییەكان لەجموجوڵدان كە یەكەمیان هاوپەیمانیی فەتحی حەشدی شەعبی و دووەمیان دەوڵەتی یاسای نوری مالیكییە. ئەم دوو هاوپەیمانیییەی دوایی كە دەچنەوە سەر یەك گوتار و یەك بیركردنەوەی سیاسی و لە دۆستان و شوێنكەوتەكانی تارانن، تا ئێستا بەجیا خۆیان تۆماركردووە و رەنگە یەكگرتن یان هاوپەیمانیی بخەنە پاش كۆتاییهاتنی هەڵبژاردن بەتایبەت كە مالیكی چەندجارێك خواستی بەهێزی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ سەرۆكایەتی وەزیران ئاشكراكردووە. لەناو هێزە ئێرانییەكانیشدا هیچ كەسایەتییەكی سیاسی و ئەزموونداری لە چەشنی مالیكی تا ئێستا دەرنەكەوتووە و سەرباری دوورخستنەوەشی لە پۆستەكەی هەر وەك جەمسەرێكی سیاسی و دەمڕاستێكی گروپە چەكدارەكان رۆڵی بینیوە.

وا پێ دەچێت مالیكی تەنها بەكارتی حیزب و هاوپەیمانیییەكەی خۆی نەوەستێت و سەرقاڵی دروستكردنی لیست و حیزبی سێبەر بێت. لەم میانەیەشدا زانیارییەكان ئاماژە بە دروستكردنی لیستێك دەكەن بەناوی (قادرون) كە باڵی سیاسی گروپی چەكداری ئیمام مەهدییە. حەسەن حەسناوی كە سەركردایەتی حیزبی (الثقة)ش دەكات لەسەر باڵی مالیكی لەناو حیزبی دەعوە هەژمارە. جگە لەم هاوپەیمانیییەش باوەڕ وایە محەمەد شیاع سودانی پەرلەمانتاری ناسراوی شیعە و وەزیری پێشووی كاروباری كۆمەڵایەتی، دواتر هەر بچێتە بەرەی مالیكی، بەوپێیەی خواستی وەرگرتنی پۆستیی سەرۆكوەزیرانی لەپاش عەبدولمەهدی هەبوو بۆیە ناچاری دەستلەكاركێشانەوەی رووكەشییانە لە دەوڵەتی یاسا بوو.

دووبەرەیی هێزە پڕۆ ئێرانییەكانیش لە هەڵبژاردن بەواتای كۆتاییهاتنی هاوپەیمانیی (البناء) دێت كە بۆ ركابەریكردنی (الإصلاح) ی عەبادی و هێزە میانڕەوەكانیتری شیعە لەپاش هەڵبژاردنی 2018 بەپەلەپڕوزە دروستكرا. دواتر خۆیان بەزۆرینەی ناو پەرلەمان دەزانی بەر لەوەی بەرژەوەندی جیاواز بەسەر جەمسەری جۆراوجۆردا پەرتیان بكات و تەمەنی لەچەند مانگێك زیاتر بڕی نەكرد.

لەناو پێكهاتەی شیعیدا كە زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان پڕ دەكەنەوە، جگە لە سەدری و حەشدییەكان، هێزگەلیتر هەن چاویان لە هاوپەیمانیی فراوان “نیشتمانی” یە كە سنوری تایفەو نەتەوە ببەزێنێت، لەم میانەیەشدا حەكیم و حەلبوسی چوونەتە یەك بەرەوە، لە كوردستانیش داوایان لە پارتی و یەكێتی كردووە بچنە پاڵیان، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستن زیاتر لەیەكێتییەوە نزیكترن، هەرچی پارتیش هەیە لەگەڵ سەدرییەكان سەرقاڵی دانوستانی چڕن لەسەر ئەو بنەمایەی هەردووكیان پێیانوایە زۆرینەی شیعە و زۆرینەی دەنگەكانی كورد بەدەست دەهێنن. بۆ هاوپەیمانیی هیواش هەندێك لە شیعەكان پێیانوایە بەهۆی فرە ئاراستەییانەوە گرەویان لەسەر ناكرێت.

لەناو سوننەكان گرێی گەورەی لیستە ركابەرەكان، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانە. هەندێك لە سەركردە ناسراوەكانیش لە هاوپەیمانیییەكدا كۆبوونەتەوە (العزم) بۆ ركابەریكردنی سەرۆكی ئێستای پەرلەمان، لەوانەش خەمیس خەنجەر و سەلیم جبوری و كەربولییەكان و باسی راكان جبوری پارێزگاری كەركوك و خالید عوبەیدیش هەن، بەڵام ئەمانە تەنها ركابەری حەلبوسی نابن كە لەهەموو جێگایەك گوشاری بۆ هێزە سونییە ناوچەییەكان هێناوە، بەڵكو لە سەلاحەدینیش موسەننا سامەڕایی جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و مشعان جبوری پەرلەمانتاری پێشوو، باسی هاوپەیمانیییەك دەكەن بەناوی (الصقور _ هەڵۆكان) بەڵام بەو پێیەی ناوچەییە، رەنگە توانای ركابەریكردنی حەلبوسی یان بەرەكەی خەنجەری نەبێت (العزم). لەدەرەوەی ئەم هێزە سوننانەش بنەماڵەی نوجێفی و سوننەكانی نزیك لە عەلاوی هەن، “حیزبی جەماوەری” ئەبو مازنی پارێزگاری پێشووی سەلاحەدینیش لە نێوان تكریت و حەویجەدا سەرقاڵی جموجوڵ و كۆكردنەوەی دەنگدەر و جەماوەرە.

ئەگەرچی ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەیە بەدەمەوەچوونی داواكاری خۆپیشاندانی تشرینی 2019 یە و بەهیوای ئەوەش لەحكومەت و سەرۆكایەتی كۆمار و وڵاتانی رۆژئاواوە پاڵپشتی تەواوەتی ئەم پرۆسەیە كراوە كە گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی لە نەخشەی هێزدا دروست بكات، بەڵام زۆرێك لەهێزە تشرینییەكان بێهوان لە بازدانی گەورە و گۆڕانكاریی بنەڕەتی، لەبەر كۆمەلێك هۆكار، لەوانەش:

مانەوەی هەژموونی چەك و بەشداریكردنی ئەو حیزبانە لەهەڵبژاردن كە باڵی چەكداریان هەیە.

گۆڕانی پرەنسیپی سەرپەرشتی نێودەوڵەتی هەڵبژاردن بۆ چاودێریكردن وەك ساڵانی رابردوو.

ئاشكرانەكردنی سەرچاوەی دارایی حیزبەكان وەك ئەوەی لە یاسای رێكخستنی كاری حیزبەكاندا هاتووە.

ئەمە جگە لەوەی هێزە سیاسییە دەسەڵاتدارەكان كارامەن لە بەتاڵكردنەوەی كۆمسیۆن و دادگای باڵای فیدراڵی لە مانا و ئەركی دیاریكراوی خۆیان كە لەڕووی تیۆری و پرەنسیپەوە، سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنێكی پاكو بێگەرد و دادگەرانەی جیاوازە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو.

 

Leave a Reply

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *