هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانی باشبوونەوەی ئابووری لەسەر خواست بۆ وزە لە جیهان و دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن لە ٢٠٢١دا

 

RRC |

و:مەحموود بابان|

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە [i]IEA راپۆرتێكی لەبارەی بەشە جیاجیاكانی كەرتی وزەی جیهان لە 2021 بڵاوكردووەتەوە، لەوانەش: نەوت، گازی سرووشتی، كارەبا، وزە بەردەوامەکان، وزەی ئەتۆمی و دەردانی دووانەئۆكسیدی كاربۆن.

لەراپۆرتەکەدا پێداچوونەوە بە داتاکانی خواست وخستنەڕوو بۆ نەوت، گازی سرووشتی و خەڵوز و دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لە ئەمساڵدا کراوە و دەرکەوتووە خێراکردنی کوتانی  قورچکە ڤاکسینی کۆڤید19 لە زۆربەی وڵاتانی گەورە ئابووری جیهان و وەڵامدانەوەی قەیرانە داراییەکان بووەتە هۆی گەشەکردنی ئابووری جیهان و هەڵگەڕانەوەی خواست بۆ جۆرە جیاوازەکانی وزە لە 2021 بە بەراورد بە ساڵی رابردوو.

جیهان، ساڵی دووەمی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-19وجۆرە گۆڕاوەکانی کۆرۆنا بەڕێدەکات، کە کاریگەری تەواوی لەسەر خواست بۆ وزە لەسەر ئاستی وڵاتانی تازە گەشەکردوو و وڵاتانی گەورەی ئابووری جیهاندا هەیە. شەپۆلی سێیەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بووەتە هۆی سەپاندن و درێژکردنەوەی هاتووچۆی سنووردار لە وڵاتاندا و کاریکردووەتە سەر زیادبوونی خواست لەسەر وزە، بەڵام پاکێجەکانی هاندانی ئابووری و خێراکردنی دابەشکردنی قورچکە ڤاکسین لەجیهاندا هیوایەکی بۆ جیهانی وزە گەڕاندووەتەوە.

لە 2021دا هەنگاوەکانی خێراکردنی کوتانی جیهانی (ڤاکسینی کۆڤید-19)، ئەگەرەکانی دەرکەوتنی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەبارەی پاکێجی هاندانی ئابووری بەیەکەوە، نەخشەی خواست و خستنەڕووی وزە دادەڕێژن و دەرئەنجامی جیاوازی بۆ جۆرەکانی وزە دەبێت.

بەپێی داتاکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، لە وڵاتانی تازەگەشەکردوودا خواست بۆ وزە دەگەرێتەوە بۆ پێش ساڵی 2019 و بگرە 0.5%یش زیاتر دەبێت. پێشبینیدەکرێت لە ئەمساڵدا بڕی خواست بۆ بەکارهێنانی وزە بە رێژەی 4.6% زیادبکات، کە ئەمەش تەواو پێچەوانەی ئەو رێژەیەی ساڵی 2020ە، کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆڤید-19 بەرێژەی 4% خواست بۆ وزە کەمیکرد، واتە (-4%). ئەو زیادبوونەی خواست بۆ وزە لەسەر ئاستی جیهان لە2021دا بەرێژەی 70% دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتانی تازە گەشەکردوو و وڵاتانی جیهانی سێیەم، کە لەو وڵاتانە بەڕێژەی 3.4% خواست بۆ وزە لەسەروو 2019وە دەبێت، بەڵام بە پێچەوانەوە، لە ئەمساڵدا لە وڵاتانی پێشکەوتووی ئابووریدا، خواست بۆ وزە  بە رێژەی 3% کەمترە لەپێش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-19دەبێت.

بەپێی دوایین راپۆرتی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی IMF[ii] کە پێشبینییەکانی بۆ گەشەکردنی ئابووری جیهان خستووەتەڕوو، لە 2021دا ئابووری جیهان بەڕێژەی 6% گەشەدەکات، کە ئەمەش دەبێتەهۆی گەشەکردنی گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی جیهان GDP بەجۆرێك كە رێژەی 2% زیاتر لە ساڵی 2019بێت.

بەپێی داتاکانی چارەکی یەکەمی ئەمساڵ، کە پێشبینییەکانی بۆ تەواوی 2021 لەسەر بنیاتنراوە، دەردەكەوێت کە قەدەخەی هاتووچۆ هەڵگیراوە و چالاکییە ئابوورییەکان دەستیان پێکردووەتەوە.  لەکاتێکدا هیواکان بۆ باشبوونی ئابووری جیهان و گەڕاندنەوەی خواست بۆ وزە وایکردووە دەردان یاخود بڵاوبوونەوەی دووانەئۆکسیدی کاربۆن لە ئەمساڵدا بگاتە ئاستێکی پێوانەیی، لە ئەمساڵدا دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن بەڕێژەی 5% یاخود 33 ملیار تۆن زیاد دەکات، کە ئەمەش بە دووەم گەورەترین زیادبوونی دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لە مێژوودا دادەنرێت.

لە ئەمساڵدا خواست بۆ وزە لەسەر ئاستی جیهان بە رێژەی 4.6% زیاد دەکات و قۆناغی پێش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-19 تێدەپەڕێنێت. ساڵی 2020، خواست بۆ وزە بە رێژەی 4% (-4%) دابەزی، کە لە جەنگی جیهانی دووەمەوە گەورەترین دابەزینی خواست بۆ وزە بوو. هەروەها گەورەترین دابەزینیش بوو بەو شێوازە بەرچاوە. بەپێی دوایین ئامارەکانی خواست بۆ وزە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا هێشتا کاریگەرییەکانی پەتای کۆڤید-19 لەسەر بەکارهێنانی وزەی جیهان بەرجەستەیە و بەردەوامە.

لە راستیدا، ئاسۆی  2021 ی وزەی جیهان بەندە بەچەند ناجێگیرییەکەوە، لەوانەش کوتانی جیهانی (کوتانی ڤاکسینی کۆرۆنا)، رێکارەکانی قەدەخەی هاتووچۆ، کە مەترسییە بۆ سەر ئابووری، هەروەها قەبارە و کاریگەرییەکانی پاکیجی هاندانی وڵاتان. بەپێی دوایین پێشبینییەکان بۆ ئابووری جیهان دەردەكەوێت، کە گەشەکردنی بەرهەمی ناوخۆ GDP  لەسێ رووەوە ئاستی 2019 تێدەپەڕێنێت. ئەوانیش: خواست بۆ بەرهەمەکان، خزمەتگوزاری و وزە. لەگەڵ ئەوەشدا، چالاکی گواستنەوە، بەتایبەتیش گەشتی ئاسمانی و فڕۆکەوانی لەژێر کاریگەرییەکاندا دەمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر گەشتە ئاسمانییەکان بگاتەوە پێش قۆناخی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-19، ئەوا خواست بۆ وزە لە جیهاندا بەرێژەی 2% لەسەروو ئاستی 2019وە دەبێت، کە ئەمەش زیادبوونێکی فراوانە لەگەڵ گەڕانەوە و ئاساییبوونەوەی چالاکی ئابووری لە جیهاندا.

چاوەڕواندەکرێت خواست بۆ زۆربەی جۆرە جیاوازەکانی وزە لە ئەمساڵدا بگاتە ئاستێکی نموونەیی و گەشەکردنێکی بەرچاو بەخۆووە ببینێت. چاوەڕواندەکرێت خواست بۆ خەڵوز بەرێژەی 60% بە بەراورد بەسەرجەم جۆرەکانی وزە بەردەوامەکان زیاتر بێت، کە ئەمەش بە رێژەی 5% یاخود 1500 مێگا تۆن لە ئامانجی کەمکردنەوەی ساڵانەی دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن لە جیهاندا دوورمان دەخاتەوە. لەراستیشدا ئەم زیادبوونە دەبێتە هۆی پێچەوانەکردنەوەی نزیکەی 80% لەو کەمبوونەوەی لە 2020دا روویدا. لە ئەمساڵیشدا دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن تەنیا 1.2% یاخود 400 مێگا تۆن بە بەراورد بە 2019 کەمتر دەبێت.

 

نەوت لە 2021دا چی لێدێت؟

نەوت قورسترین گورزی لە 2020دا بەرکەوت و خێراترین گەشەکردنیش لە 2021 دا بەخۆوە دەبینێت. کەمبوونەوەی خواست بۆ وزە لە 2020دا بەیەکسانی و بەهەمان کاریگەریی بەسەر جۆرە جیاوازەکانی وزەدا دابەش نەبوو، هەر بۆیە نەوت گەورەترین گورزی بەرکەوت و زۆرترین رێژەی خواست بۆی روویدا. ئەویش بەهۆی رێکارەکانی قەدەخەی هاتووچۆ و کەمبوونەوەی چالاکییەکان لەسەر ئاستی جیهان. هەر بۆیەش لەو ساڵەدا خواست بۆ سووتەمەنی لە سێکتەری گواستنەوەدا بەڕێژەی 14% بە بەراورد بە 2019 کەمیکرد، تاوەکو ئەوەی لە مانگی نیسانی 2020دا خواست بۆ نەوت لەسەر ئاستی جیهان بەرێژەی زیاتر لە 20% لە خوار ئاستی پێش قەیرانەکانەوە بوو. لە تەواوی 2020یش خواست بۆ نەوت بەرێژەی 9% کەمیکرد.

لە ئەمساڵێشدا پێشبیندەکرێت خواست بۆ نەوت بەڕێژەی 6% زیاد بکات، ئەو زیادبوونەش خێراتر و  زیاترە لە هەموو جۆرەکانی دیکەی سووتەمەنی. دوایین جاریش، کە خواست بۆ نەوت بەم شێوەیە زیادی کردبێت لە ساڵی 1976دا بووە. سەرەڕای ئەو خێراییە لە زیادبوون و گەڕانەوەی خواستە بۆ نەوتی خاو، بەڵام هیشتا بەڕێژەی 3% یاخود 3.1 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا لەخوار ئاستی ساڵی 2019وەیە. یەکێک لە هۆکارەکانیش بەهۆی چالاکییەکانی گواستنەوەیە، چونکە تاوەکو ئێستاش لەژێر کاریگەری رێکارەکاندا ماوەتەوە و چاوەڕواندەکرێت بەدرێژایی ئەمساڵیش بەردەوامبێت، بەڵام ئەگەر هەیە لە مانگەکانی کۆتایی 2021 بۆ ئاستی پێش قۆناخی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید- 19 بگەڕێتەوە. خواستی گواستنەوەی ئاسمانییش لەئەمساڵدا لەسەر رێچکەی خۆی بەردەوامدەبێت و لەخوار ئاستی 2019وە دەمێنێتەوە. بەتەنیاش لە کیشوەری ئاسیا و بە بەرچاوتریش چین، خواست بۆ نەوت بە بەراورد بە قۆناخی پێش کۆڤید- 19 بە باشی زیاد دەکات.

خواست بۆ نەوت لە ئەمساڵدا بەرێژەی 3% لەخوار ساڵی 2019وە دەبێت، ئەویش سەرەڕای زیادبوونی ساڵانە بە رێژەی 6.2% لە ئەمساڵدا. یەکێک لە هۆکارەکانی  نەگەڕانەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لە ئەمساڵدا بە بەراورد بە 2019 دەگەرێتەوە بۆ هۆیەکانی گواستنەوە، چونکە لە ئەمساڵدا چاوەڕوانناکرێت بەکارهێنانی نەوت بۆ گواستنەوە بگاتەوە پێش بڵاوبوونەوەی کۆڤید-19. بەکارهێنانی نەوت بۆ فڕۆکەوانی وادادەنرێت بەرێژەی 20% لە 2019 کەمتر بێت و خواستی ساڵانەش بە رێژەی 30% کەمتر بێت لە پێش بڵاوبوونەوەی کۆڤید-19. گەڕانەوەیەکی تەواو بۆ بەکارهێنانی نەوت وەک پێش 2019 بەواتای زیادبوونی 1.5% دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن زیاترلە 2019 دێت.

لەنێو جۆرە جیاوازەکانی وزە، لە ئەمساڵدا خواست بۆ گازی سرووشتی گەورەترین ئاست تۆماردەکات، بەشێوەیەک كە دەگاتە ئاستی سەروو 2019. لە ئەمساڵدا خواست بۆ گازی سرووشتی بەرێژەی 3.2% زیاد دەکات، کە هۆکاری سەرەکی ئەم زیادبوونەش بەهۆی وڵاتانی هەر دوو کیشوەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا لەگەڵ رووسیادایە. ئەم زیادبوونەی خواستیش بۆ گازی سرووشتی بەمانای 1% زیاتر لە ئاستی2019 دێت. ئەویش لەکاتێکدایە، کە لە ئەمریکا بەیەکێک لە گەورەترین بازاڕەکانی گازی سرووشتی لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت، خواست بۆ گازی سرووشتی بە بڕی 20 ملیار پێ سێجا یاخود 20% بە بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمدەکات. لەراستیشدا هۆکاری سەرەکی ئەم کەمبوونەوەیەش دەگەڕێتەوە بۆ سێ هۆکار: بڕیارەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا، پەرەپێدان و زیادبوونی بەردەوامی وزە بەردەوامەکان و گرانبوونی نرخی گازی سرووشتی. بەنزیکەی سێ چارەکی گەشەکردنی خواست بۆ گازی سرووشتی لە 2021دا دەگەڕێتەوە بۆ هەردوو کەرتی پیشەسازی و باڵەخانەکان، لەکاتێکیشدا بەرهەمهێنانی کارەبا لە گازی سرووشتی لەخوار ئاستی 2019 دەمێنێتەوە.

دەردانی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لە 2021دا

ساڵی 2020 دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن بەڕێژەی 5.8% یاخود 2 گێگا تۆن کەمیکرد، کە ئەمەش بە گەورەترین کەمکردن لە دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن لە میژوودا هەژمارکرا و  پێنج هێندەی ئەو کەمکردنەوەیە بوو بەهۆی قەیرانی دارایی جیهان لە 2009دا روویدا. كەمكردنی دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن زیاترلە خواست بۆ وزە دەرکەوت، ئەویش بەهۆی رێکارەکانی بڵاوبوونەوەی پەتای جیهانی (پاندێمیک)، کە بووە هۆی کەمبوونەوەی خواست بۆ نەوت و خەڵوز و زیادبوونی خواست لەسەر وزە بەردەوامەکان. هەرچەندە ساڵی 2020 دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن کەمیکرد، بەڵام لەو ساڵەدا دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن کە پەیوەندی بە وزەوە هەبێت 31.5 گێگا تۆن بوو، کە ئەمەش بە بەرزترین رێژەی ساڵانەی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لە کەشوهەوای ژینگەدا دادەنرێت، کە دەکاتە 412.5 بەش بۆ هەر ملیۆنێک لەو ساڵەدا و نزیکەی 50% بەرزتر لە قۆناخی دەستپێکردنی شۆڕشی پیشەسازی لە جیهاندا.

لە ئەمساڵدا، پێشبیدەکرێت دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن بەرێژەی 4.8% زیادبکات، ئەویش بەهۆی زۆربوونی خواست بۆ خەڵۆز، نەوت و گاز بەهۆی دەستپێکردنەوەی چالاکییە ئابوورییەکان لە جیهاندا. دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لە 2021 بگاتە 1 هەزار و 500 ملیۆن تۆن، کە ئەمەش بە گەورەترین زیادبوون دادەنرێت لەدوای قەیرانی ئابووری جیهان و باشبوونەوەی ئابووری. دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لە 2021دا 400 ملیۆن تۆن یاخود 1.2% لەخوار ساڵی 2019وە دەبێت.

سەرەڕای زیادبوونی چالاکییە ئابوورییەکان وزیادبوونی خواست بۆ وزە لە 2021 لەسەروو ئاستی   2019ە، بەڵام پێشبیندەکرێت ئاستی دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن نەگاتەوە ئاستی پێش بڵاوبوونەوەی کۆڤید-19. تەنانەت لەگەڵ زیادبوونی دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لە بەکارهێنانی نەوتەوە لە ئەمساڵدا بگاتە 650 ملیۆن تۆن. ئەوا دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لە بەکارهێنانی نەوتەوە نیوەی کەمبوونی 2020دەبێت، کە دەکاتە دەردانی 500 ملیۆن تۆن دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لەخوار ئاستی 2019وە، ئەویش بەهۆی بەردەوامی رێکارەکانی بڵاوبوونەوەی کۆڤید-19 و سنووردارکردنی چالاکییەکانی گواستنەوە لە 2021دا. لە ئەمساڵدا، دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لە گواستنەوەی ئاسمانی نێودەوڵەتییەوە 200 ملیۆن تۆن ، واتە یەک لەسەر سێ لەخوار ئاستی پێش بڵاوبوونەوەی کۆڤید-19وەیە. لەکاتێکدا لەئەمساڵدا بە بەراود بە 2019، دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لە گواستنەوەی زەوینی و گواستنەوەی ئاسمانی ناوخۆیی بە رێژەی 5% یاخود  300 ملیۆن تۆن کەمتر دەبێت.

ئاساییبوونەوەی تەواوی گواستنەوەی جیهان دەبێتە هۆی زیادبوونی دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لە بەکارهێنانی نەوتەوە بەرێژەی 1.5% لەسەروو ساڵی 2019، بەڵام دەردانی دووانە ئۆکسید کاربۆن لە بەکارهێنانی خەڵۆزەوە دەبێتە هۆی دەردانی 640 ملیۆن تۆن، واتە دەردانی 14.8 گێگا تۆن یاخود 0.4 % زیاترلە ئاستی 2019. ساڵی 2014 بەرزترین ئاستی دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لە بەکارهێنانی خەڵۆزەوە تۆمارکراوە. ئەگەر بەکارهێنانی خەڵۆز بەوشێوەیەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە بۆ 2021 کردوویەتی ئەوا دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن 350 ملیۆن تۆن لەخوار ئەو ئاستەوە دەبێت.

وزە بەردەوامەکان تاکە چیرۆکی سەرکەوتووی قۆناخی بڵابوونەوەی پەتای کۆڤید-19، لە ساڵی بڵاوبوونەوەی پەتای جیهانیدا (پاندێمیک) خواست بۆ وزە بەردەوامەکان بەرێژەی 3% زیادیکرد و چاوەڕوانیشدەکرێت بەهەمان شێوە و بگرە زیاتریش ئەم زیادبوونە لە هەموو سێکتەرەکان بۆ وزە بەردەوامەکان لە 2021 بەردەوامبێت. بەتەنیاش لە ئەمساڵدا خواست بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا  بە رێژەی 8% یاخود 8 هەزار 300 تێراوات لە وزە بەردەوامەکان زیادیکردووە، کە بە گەورەترین گەشەکردنی ساڵانە دادەنرێت. چاوەڕواندەکرێت لە ئەمساڵدا وزە بەردەوامەکان نیوەی ئەو زیادبوونەی لە خواست بۆ بەکارهێنانی کارەبا هەیە پڕبکاتەوە. هەروەها، پێشبیندەکرێت وزەی خۆر و با بەشداریی لە 2 لەسەر 3ی گەشەکردنی وزە بەردەوامەکان بکات. لە 2021دا بەرێژەی 30% وزە بەردەوامەکان بەشداریی لە زیادبوونی بەرهەمهێنانی کارەبا دەکەن، کە ئەمەش لە دوای شۆڕشی پیشەسازییەوە بەگەورەترین بەشداریی وزە بەردەوامەکان دادەنرێت لە بەرهەمهێنانی کارەبا و بە رێژەی 27%  بەراورد بە 2019 زیاد دەکات. پێشبیندەکرێت لە ئەمساڵدا بەرهەمهێنانی کارەبا لە خۆرەوە بەرێژەی 18% یاخود 145 تیراوات لە کاژێرێکدا زیاتر بێت.

وڵاتی چین بەتەنیا نزیکەی نیوەی کۆی زیادبوونی جیهان لە بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزە بەردەوامەکانی بەردەکەوێت، پێشبیندەکرێت لە ئەمساڵدا چین زیاتر لە 900 تیراوات لەکاژێرێکدا کارەبا لە وزەی خۆرەوە بەرهەمبهێنێت، بەدوای ئەویشدا وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا بە 580 تیراوات لەکاژێرێکدا و ئەمریکاش بە 550 تێراوات لە کاژێریدا بەشداریی زیادبوونی بەرهەمهێنانی کارەبا لە خۆر و با دەکەن.

ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە خواست بۆ کارەبا لەسەر ئاستی جیهان زیاتر دەبێت، لە ئەمساڵدا خواست بۆ کارەبا بەرێژەی 4.5% یاخود 1 هەزار تێراوات زیاد دەکات، ئەمەش پێنج هێندەی ئەو کەمبوونەوەیە کە لەساڵی رابردوودا بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆڤید-19وە روویدا. رێژەی زۆری ئەم زیادبوونەش، کە دەکاتە 80% بەهۆی وڵاتانی تازە پێشکەوتوو وگەشەکردوو بووە. بەتەنیا چین نزیکەی نیوەی ئەم زیادبوونەی بەردەکەوێت و وڵاتانی گەشەکردووی ئابووریش لەخوار ئاستی 2019وە دەمێنێتەوە.

لە ئەمساڵدا پێشبیندەکرێت خواست بۆ بەکارهێنانی خەڵوز و خەڵوزی بەردین بگاتەوە ئاستی 2014 و ئاستی 2019 تێپەرێنێت. بەپێی پێشبینییەکان لە 2021دا، خواست بۆ خەڵوز بەرێژەی 4.5% زیاد دەکات، کە نزیکەی 80% ئەم زیادبوونەش بەهۆی کیشوەری ئاسیاوە دەبێت. بەتەنیاش چین بەرپرسیارە بە رێژەی 50% لەم زیادبوونەی بەکارهێنانی خەڵۆز لە ئەمساڵدا. لە ئەوروپا و ئەمریکاش بەکارهێنانی خەڵۆز زیاددەکات، بەڵام ناگەرێتەوە پێش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-19. سێکتەری کارەبا بەرێژەی 50% بەشداریکرد لە کەمکردنەوەی دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لە 2020، کە سەرچاوەکەی بەکارهێنانی خەڵۆز بوو، بەڵام لە ئەمساڵدا بەرێژەی 80% لەزیاتر دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لە جیهاندا بەشداریدەکات.

لە کۆتاییدا، ئاسۆی وزە لە 2021 بەندە بە رێکارەکانی وڵاتان بۆ رێگریکردن لە شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای گۆڕاو، پەسەندکردنی پاکێجی هاندانی ئابووری وڵاتان و دەستپێکردنەوەی چالاکییە ئابوورییەکان. رەنگە گەڕانەوەی خواست بۆ جۆرە جیاوازەکانی وزە هەرگیز وەک پێش سەردەمی کۆرۆنای لێنەیەتەوە و جیهان ئاراستەیەکی دیکە لە بەکارهێنان و بەرهەمهێنانی جۆرە جیاوازەکانی وزە لە ئەمساڵ و ساڵانی داهاتوودا بگرێتەبەر.

 

 

[i] https://www.iea.org/reports/global-energy-review-2021

[ii] https://www.imf.org/en/Publications/WEO/Issues/2021/03/23/world-economic-outlook-april-2021

 

Leave a Reply

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *