شرۆڤە

گرێی كازمی لای گرووپە چەكدارەكان

10-11-2021


 

RRC |

یاسین تەها

 

لەدوای هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی لەرێگای هێرشی درۆن بۆ سەر ماڵەکەی، پەیوەندی گرژی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و گرووپە وەلائییەکان پێی نایە قۆناخێکی نوێ لە ئاڵۆزی و پێکدا هەڵپژان. هەرچەندە ئێستا هاوپەیمانی فەتح و گرووپە چەكدارە شیعەكان، كازمی بە هۆكاری سەرەكی پاشەكشەی بەرچاوی كورسییەكانیان دەزانن، بەڵام بێزاری و توڕەیی ئەوان لە ناوبراو تەنیا بۆ هەڵبژاردنی 10ی تشرین ناگەڕێتەوە، راستە لە سایەی ویلایەتە 15 مانگییەكەی كازمیدا كورسییەكانی فەتح (باڵە سیاسییەكانی حەشد) لە 47 كورسییەوە دابەزی بۆ 17 كورسى، كەتیبەكانی حیزبوڵڵاش تەنیا یەك كورسییان بۆ مسۆگەر كرا، بەڵام سەرەتای بەریەككەوتن لەگەڵ كازمی، بەر لەوەرگرتنی پۆستەكەیەتی و لەوكاتەوە دەست پێدەكات تۆمەتباركرا بە هاوكاریكردنی ئەمەریكییەكان لە كوشتنی ژەنەراڵ قاسمی سلێمانی و تەواوكەرە عێراقییەكەی؛ ئەبو مەهدی موهەندیس (كانونی دووەمی 2020).

سەرەتا كازمی وەك رۆژنامەڤان، توێژەر و ئەرشیڤیست كاری كردووە، یەكەمجار لە رێگەی عەبادییەوە هاتووەتە ریزی بەرپرسانی حكومەتی عێراق و سەرۆكایەتی دەزگای هەواڵگریی وەرگرتووە (2016)، جگە لەوەی كازمی برای یەكێك لە هاوەڵزاواكانی حەیدەر عەبادییە (صباح مشتت)، هەردووكیان لەسەر ئەو بەرەیە ئەژمارن كە پێی دەگوترێت “میانڕەوی شیعی” و پەیوەندی باشیان لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا بەتایبەت ئەمەریكا و بەریتانیا هەیە، لە ساڵانی شەڕی داعش و دواتر (2016_2020) كازمی تۆڕێك پەیوەندی لەگەڵ ئەو جەمسەرانەی ناوچەكە دروستكردووە كە مایەی بێزارین بۆ گرووپە چەكدارەكانی شوێنكەوتەی ئێران، زۆر هاوڕێیانە لەگەڵ بن سەلمانی شازادەی جێنشینی سعودیە مامەڵە دەكات. هەروەها، تاوەکو رادەی تۆمەتباركردن بە كاركردن بۆ بنەماڵەی حوكمڕانی ئیمارات، نزیكە لە ئەبوزەبییەوە، دۆستایەتی تایبەتی لەگەڵ سیسی سەرۆكی میسر و شا عەبدوڵڵای پادشای ئوردن هەیە، بایدن دەرگای كۆشكی سپی بۆ كردەوە و رێزێكی شاهانەی لەخۆی و شاندەكەی گرت (تەمموزی 2021)، لە كاتێكدا ئەمە بۆ عادل عەبدولمەهدی پەسەندكراوی گرووپە چەكدارەكان نەكرا و لە ویلایەتە یەك ساڵییەكەیدا بانگهێشت نەكرا بۆ دیداری سەرۆكی ئەمەریكا، پاپای هێنایە عێراقەوە، شێخی ئەزهەری بانگهێشت كردووە، ئەم پەیوەندییانەی كازمی هەمیشە مایەی ترس و دڵەخورتێ و بێزارین بۆ ئەو بەرەیەی پێیانوایە عێراق جگە لە ئێران نابێت هیچ پەیوەندی و رووگەیەكی دیکەی ستراتیژی درێژخایەنی هەبێت.

جگە لە ناكۆكی لەسەر شوناسی دەوڵەت و پەیوەندییە دەرەكییەكانی عێراق، كازمی چەند جارێك چووەتە رووبەڕووبوونەوەی دەستەو یەخە لەگەڵ گرووپە چەكدارەكان، لە حوزەیرانی 2020، گرووپێك چەكداری حیزبوڵڵای دەستگیركرد بە تۆمەتی موشەك هاویشتن بۆ ناوچەی سەوز، هەرچەندە لەم هەنگاوەیدا سەركەوتوو نەبوو بەوپێیەی دواتر لە ژێر گوشار و گەمارۆی ناوچەی سەوز ناچاربوو بەوەی ئازادیان بكات، بەڵام ئەمە بازدانێكی گەورەبوو بەسەر سیاسەتی عەبادی و عەبدولمەهدی لە مامەڵەكردن لەگەڵ چەكدارەكان، یەكەمیان (2014_2018) لەبەر ئەوەی لە شەڕی داعشدا بوو. هەروەها، وەك سەركردەیەكی حیزبی دەعوە پەیوەست بوو بە هاوكێشەی ئیسلامی سیاسی شیعیەوە، زیاتر هەڵكردنی لەگەڵ میلیشیاكاندا هەڵبژارد و لە كۆتاییەكانی ویلایەتەكەشی هەندێك هەڵمەتی راگەیاندنی دژ بەسەركردەكانیان كرد، كەچی دواتر تا ئاستی هاوپەیمانی لێیان نزیك بوویەوە و لیستێكی هاوبەشی شكستخواردوویان بۆ هەڵبژاردنی 2018 راگەیاند!، هەرچی عادل عەبدولمەهدیشە، سەردەمەكەی بە بەهاری میلیشیاكان لە قەڵەم دەدرێت چونكە لە بن دەستی ئەوەوە جگە لە دەستخستنی بودجە و شەرعیەت، لە بن دەستی ئەوەوە گروپە چەكدارەكان كەوتنە كوشتاری خۆپیشاندەران (تشرینی 2019).

لەپاش حیزبوڵڵا كازمی لە كۆتایی ساڵی رابردوو، لەگەڵ بزوتنەوەی عەسایبی قەیس خەزعەلی تێكگیرا بەهۆی ئەوەی كادرێكی باڵای سەربازیی ئەم بزوتنەوەیەی بەتۆمەتی هێرش بۆسەر ناوچەی سەوز دەستگیركرد، گرژی نێوان عەسایب و حكومەت گەیشتە بڵاوكردنەوەی هێزی هەردوولا لە هەندێك گەڕەكی بەغدا، چەند مانگێك پاش ئەوەش فەرماندەی لیوای “الطفوف”، قاسم موسڵیحی بەتۆمەتی كوشتنی چالاکڤانان ئیهاب وەزەنی، دەستگیركرد (ئایاری 2021)، ئەمەش دەرگای كردەوە بۆ ئەگەری بەریەككەوتنی گەورە لە ناوچەی سەوزی بەغدا و مانۆڕی سەربازی رەبعوڵڵا لە نزیك سەرۆكایەتی حكومەت، بەر لە هێرشی سەر ماڵی سەرۆكوەزیرانیش ئەمە بەگەورەترین پشێلی شكۆی دەوڵەت ئاماژەی بۆ دەكرا.

لەو ساڵ و چەند مانگەی كازمی سەرۆكوەزیران بووە، زۆرجار میلیشیاكانی توڕەو بێتاقەت بوون لە هەنگاوەكانی و هەستیان بەئارامی نەكردووە لەگەڵی، كەڵكی لە دۆخی پاش قاسم سلێمانی وەرگرتووە، بۆ دروستكردنی پرد لەگەڵ باڵی ئیتلاعات لە ئێران، شوناسی بكوژانی رۆژنامەوان ئەحمەد عەبدولسەمەد و سەفا سەرای هاوكاری و هەروەها توێژەر هیشام ئەلهاشمی ئاشكرا كرد كە سەرجەمیان لینكیان لەگەڵ گرووپە چەكدارەكان هەبوو، جاران ئەم تاوانانە بێدەنگییان لێ دەكرا و چەكدارەكان پێیان وابوو دەوڵەت لەوە لاوازترە ئەم نهێنییانەی ئەوان بخاتە بەردەست میدیاكان و لەبەرچاوی خەڵك و دنیاش هێندە ئیحراج و پەڕگیر و ناچار بە روونكردنەوە و رەتكردنەوەیان بكات.

ئێستا، گرووپەكانی حەشد و لەگەڵ ئەوانیشدا نوری مالیكی هەموو قورسایی خۆیان خستووەتەسەر ئەوەی رێگە نەدەن كازمی ببێتەوە بە سەرۆكوەزیران، مالیكی بەدوای دەسكەوتی خۆی دەگەڕێت و سیاسییەكی بەناوبانگە لە لەمپەر دروستكردن بۆ ئەوانەی ناچنە عەقڵییەوە، بەڵام حەشد و حیزبوڵڵا پێیان وایە ئەگەر 15 مانگی كازمی درێژ ببێتەوە بۆ چوارساڵی داهاتوو ئەوە بە پاڵپشتی سەدر و وڵاتانی دەرەوە، بەتەواوی كار لەسەر بەرتەسككردنەوەی پێگە و هەژموونی حەشدی وەلائی دەكات، تەنانەت ئەوە زۆر باوە كە دەڵێن هادی عامری سەرۆكی فەتح وتوویەتی “بەسەدرییەكی پەتی رازی دەبم ببێتە سەرۆكوەزیران، بەڵام بە كازمی نا”، لەپاش گرژییەكانی هەینی رابردووش لە ناوچەی سەوز ئەبو ئالائی وەلائیی ئەمینداری كەتیبەكانی سەیدولشوهەدا، لە تویتێكدا جەختی كردەوە ناهێڵن كازمی نەك سەرۆكوەزیران بەڵكو پۆستی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری ـ ش وەربگرێتەوە، بەدوای ئەوەشدا قەیس خەزعەلی ئەمینداری عەسایب بە سیفەتی “شروگییەكی رەسەن” كۆمەڵێك هەڕەشەی توندی لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا بۆ رەوانەكرد و سوێندی خوارد جێبەجێیان بكات.

جگە لەمانەش لە بەرچاوی وەلائییەكان، لەپشت كازمییەوە تارمایی سەدر ئامادەییەكی گەورەی هەیە، ئەویش كە ئێستا بووەتە یەكەم (74 كورسی)، دنیایەك كێشەی كەڵەكەبووی لەگەڵ باڵە چەكدارە ئێرانییەكان هەیە، بەشێك لەوان لە بن عەباكەی خۆیەوە هاتوونەتە دەرەوە و جیابوونەوەكانیان بووە بە كێشەیەكی كەسێتی، بەشێكی تریان شەڕی دەسەڵات و كاریگەریی لەگەڵدا دەكەن و تێكەڵ بە هەستی عێراچێتی و پاشكۆیەتی ئێرانیش بووە، لەم كێشمەكێشەدا كازمی بە ئاشكرا  لەبەرەی سەدرە و بەئاشكرا گوتوویەتی “سەید موقتەدا رێبەری موقاوەمەیە بە عینادیی ئەوانەی نكولی دەكەن”، لەپاش هێرشكردنە سەر كازمیش سەدر یەكەم كەس بوو پەیوەندی پێوەكرد و تویتی بۆكرد، بەم پێیەش بەشێك لە كەین و بەینی نێوان كازمی و چەكدارەكان شەڕی پشت پەردەی سەدر و وەلائییەكانە لە رێگای وەكالەتەوە.

 

 

 

 

 

Share this Post

شرۆڤە