شرۆڤە

سازش لەسەر دۆسییەی تیرۆرەکەی کازمی دەکرێت؟

10-11-2021


 

RRC|

زریان رۆژهەڵاتی|

بەرایی

چارەنووسی دۆسییەی هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی کازمی چی دەبێت؟ ئایا وەک خۆی و هەندێک لە راوێژکارەکانی گوتوویانە، حکومەت ناوەستێ هەتا تۆمەتباران رادەستی دادگا دەکات یان وەک چەندین کەیسی گرنگی پێشوو هەوڵەکانی حکومەت سەرناگرێ و دواتر خۆی لێ کەڕ دەکات؟ ئاماژەی گوتەکانی کازمی کە دەیگوت ئەوانە دەناسم کە هێرشەکەیان کرد لەگەڵ بەیاننامەکەی ئەنجومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانی، بۆ ئەوە بوون کە گرووپی چەکداریی رێکخراو لە پشتی هەوڵی تیرۆرەکەوە بوون، بەڵام ئایا حکومەت گرووپێکی دیاریکراو تۆمەتبار دەکات یان تەنیا کەس یان چەند کەسێک وەک بکەری تاک دەداتە دادگا؟

کێ کردی؟

ئەو بەیاننامەیەی کە ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی لە دوای هەوڵی تیرۆرکردنی کازمی بڵاوی کردەوە رستەیەکی سەرنجڕاکێشی تێدابوو، ئەویش ئەوەبوو کە گرووپە چەکدارە تاوانکارەکان دانبەخۆداگرتنی حکومەت و هێزە چەکدارەکان بە نیشانەی لاوازی هەژمار دەکەن. ئەم قسەیە یەکەم واتای ئەوەبوو کە حکومەت هەر لە ساتەکانی یەکەمەوە گومانێکی هەبووە کە چ لایەک هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمیی داوە، چوونکە لەڕێی باسی دانبەخۆداگرتنەوە، ئاماژەی بە ئەزموونی رابردووی لەگەڵ ئەو لایەنانە کردووە. رۆژی دواتر خودی مستەفا کازمیی گوتی ئەوانە دەناسێت کە هێرشەکەیان کردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، هێشتا حکومەت بەڕەسمی هیچ لایەکی بە هەوڵی تیرۆرکردنی کازمی تۆمەتبار نەکردووە!

بەشداریکردنی کازمی لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە سەرانی کەتائیبی حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی هەقیشی تێدابووە کە لە رۆژانی رابردوودا زۆرجار چاویان لەکازمی سوور کردبووەوە و لە هەندێک سەرچاوەی میدیاییشدا وەک بکەرانی رووداوەکە ناویان هاتبوو، لەگەڵ بێدەنگیی حکومەت لە ئاشکراکردنی بکەرانی رووداوەکە ئەویش لەکاتێکدا کە سەرۆکوەزیران خۆی گوتبووی دەزانم کێن، بۆنی سازشێکی لێدێت.

ئەمەش دوای هاتنی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپای قودس بۆ عێراق واتایەکی زیاتر پەیدا دەکات.

بەیاننامەی کۆبوونەوە لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی

بەیاننامەی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی( ماڵی شیعی بەبێ سەدر) لەگەڵ بەرپرسانی پلەبەرزی عێراق لەوانەش مستەفا کازمی، سەرەداوی دیکەش لەسەر چارەنووسیی ئەو کەیسە دەردەخەن:

یەکەم: ماددەی یەکەمی بەیاننامەکە بۆ کەیسی تەقەکردن لە ناڕازییەکانی ئەنجامی هەڵبژاردن تەرخانکراوە کە وا مەزەندە دەکرێت زیاتر لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی بن و کەیسی هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی سەرۆکوەزیرانیش خراوەتە پلەی دووەم و لە خاڵی دوای ئەوەدا باسکراوە. واتا بابەتی هەرە لە پێش نییە و خودی کازمیش بەمە رازی بووە!

دووەم: بەستنەوەی کەیسی تەقەکردن لە ناڕازییەکانی ئەنجامی هەڵبژاردن و هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی کازمیی، واتای ئەوە دەدات کە دەبێ «دان» و «ستاندنێک» هەبێت، واتا بێ بەرامبەر نییە. بەڵێنی لایەنەکان بۆ هاوکاریکردن و رادەستکردنی بەرپرسانی ئەو رووداوە بە حکومەت، بۆخۆی ئەو پرسیارە دروستدەکات کە ئایا لانیکەم هەندێک لەو لایەنانەی کە لەو کەیسەدا تۆمەتیان لەسەرە، لەکۆبوونەوەکەدا بەشداربوون؟ دانیشتنی کازمیش لەگەڵیان، نیشانەی ئەوەیە کە وەک کەیسەکانی پێشتر، دەسەڵاتێکی زۆری نییە و زیاتر مەیلی بۆ ئەوەیە لەگەڵیان سازش بکات.

سێیەم: خاڵی چوارەمی بەیاننامەکە بەشێوەی ئاشکرا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەخاتە ژێر پرسیار کە بە شتێکی ناپیشەیی ناوی بردوە، ئەویش لە کاتێکدا کە حکومەت بە پرۆسەیەکی پاک و بێگەرد ناوی دەبات! راستییەکەی، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن یەکێک لەو هۆکارانەیە کە بەشێک لە گرووپەکانی حەشد لەبەر ئەوە لە کازمی لالووتن!

خاڵی جەوهەری ئەوەیە کە لەو کۆبوونەوەیەدا کە کازمی تێیدا بەشداربووە بەیاننامەیەک دەرچوو کە تێیدا نەک هەر ئەنجامەکان دەباتە ژێر پرسیار، بەڵکوو باس لە گەڕان بۆ چارەسەرێکی یاسایی و بانگهێشتکردنی کۆبوونەوەیەکی نیشتمانی بۆ چارەسەرکردنی «قەیرانی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن » دەکات. ئەمە بەر لە هەر شتێ، درزێک دەخاتە بەینی کازمی لەگەڵ سەدر کە لەماوەی رابردوودا پشتیوانیی سەرەکیی مانەوەی حکومەتەکەی بوو!

سەدر بە ئەنجامەکان رازییە و بانگەشەی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە دەکات کە رەنگە بە ئاسانیش بۆی نەلوێ.

چوارەم:لەخاڵی پێنجەمی بەیاننامەکەدا باس لە چارەسەرکردنی «هەموو کێشەکان» دەکرێت، ئەویش لەکاتێکدا لەخاڵەکانی پێشتردا باسی کەیسی تەقەکردن لە ناڕازییەکانی ئەنجامی هەڵبژاردن، دۆسییەی تیرۆرەکەی کازمی و بابەتی هەڵبژاردن کراوە. بێشک، بێجگە لەو سێ پرسە، گەلێک کێشەی دیکە لەنێوان کازمی و گرووپە چەکدارەکان دا هەیە. هەر لە کەیسی گیراوەکانی حیزبوڵڵا، نمایشی سەربازی رەبعەڵڵا و هەڵکوتانە سەرناوچەی سەوز و سەرپێچی کردن بە فەرمانی فەرماندەی هێزە چەکدارەکان و… تاد دەرکەوتووە کە گرفتەکانیش قووڵن.

لەسەرەتاکانی ئەم مانگەدا چوار موشەک گیرابوونە گەڕەکی مەنسوور لەبەغدا کە یەکیان لە نزیک بنکەیەکی دەزگای هەواڵگری کەوتووەتە خوارەوە و هەندێک سەرچاوەی میدیاییش گوتوویانە ئەوە رێک لەو رۆژەبوو کە مستەفا کازمی سەردانی دەزگای هەواڵگری کردووە. هەرچەندە حکومەت ئەمەی رەتنەکردۆتەوە بەڵام هیچ بڵاوکراوەیەکیشی لەسەری نەبووە. با ئەمە لەجێی خۆی بوەستێ، ئەبوئالا وەلائی سەرکردەی کەتائیبی سەیدوشوهەدا لە رۆژانی رابردوودا گوتبووی ناهێڵین کازمی بگەڕێتەوە سەر کارەکەی جارانی خۆی کە دیارە مەبەست سەرۆکایەتی دەزگای هەواڵگرییە! مستەفا کازمیش لە درێژەی کاردانەوەکانیدا لەدژی هێرشە درۆنییەکە گوتبووی «دەستی دادپەروەری دەگاتە بکوژی شەهید عەقید نبراس فەرمان، ئەفسەری دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق»، عەقید نبراس یەکێک لەو ئەفسەرانەی دەزگای هەواڵگرییە کە ساڵی ٢٠٢٠ تیرۆر کرابوو. ئەم باسە زیاتر لەگەڵ ئەو هێرشە میدیاییەکانەی رۆژانی رابردوو زیاتر واتاداردەبێت کە تێیدا ناڕاستەوخۆ کازمی بەوە تۆمەتبار دەکرا کە وەختێک سەرۆکی دەزگای هەواڵگری بووە، دەسی لە رووداوی کوژرانی فەرماندەی پێشووی سوپای قودس و ئەبومەهدی موهەندیس دا هەبووە!

لێرەدا چ شتێک هێرشە درۆنییەکە، تیرۆرکردنی ئەفسەرانی دەزگای هەواڵگری و رۆڵی مستەفا کازمی لە دەزگای هەواڵگری بەیەکەوە گرێدەدات؟ بۆچی لەم وەختانەدا ئەوەندە باسی ئەو دەزگایە دەکرێ؟

رەنگە وردەکارییەکان هەر لە تاریکیدا بمێننەوە، بەڵام لەوانەی کە دەرکەتوونەتە ناو میدیاکان، دەکرێ کێشەی دەزگای هەواڵگریش لەسەر گرفتەکانی دیکەی نێوان کازمی و گرووپە چەکدارەکان کەڵەکە بکرێت.

کۆتایی

ئەگەر رەفتارەکانی رابردووی لەبەرچاو بگرین، دواجار هەر رێگای سازشی کازمی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان دیار دەبێت. ئەو ناچاربوو تۆمەتبارانی هێرشە موشەکییەکان بەربدات کە دواتر هاتن و وێنەکەشیان سوتاند. نەک هەر ئەوە، نمایشی سەربازییان کردو، هەڕەشەیان لە سەرۆکوەزیرانیش کرد و …تاد. دواجار لە هەموو ئەوانەدا حکومەت بە گوتەی خۆی «دانی بەخۆیدا گرت»، یان دەکرێ بێژین سازشی کرد. لە بابەتی هێرشە موشەکییەکانیشدا هەر رێگای رێککەوتنێکی رانەگەیەنراوی گرتەبەر. بەوەش لە مانگی ٧ وە تا کۆتایی هەڵبژاردن هێرشێکی جیدی نەکرا و جۆرێک ئاگربەست کرا.

رەنگە بۆ دۆسییەی هێرشە درۆنییەکەش هەروا بێت. بەشێکی ئەمە لەبەر ئەوەیە کە سەرۆکوەزیران کوتلەیەکی سیاسیی نییە تا پشتی بگرێت. بەڵام ئەوە هەموو شت نییه.

رەنگە کەسانێک وەک بەرپرسانی رووداوەکە ناوببرێن بەڵام لە شتێکی ئەستەم دەچێ، لانێکم جارێ کازمی بێت لایەنێکی سیاسیی- چەکدار تۆمەتبار بکات و بیداتە دادگا.

چونکە ئەگەر وابێت ئەوا ئاسۆی شەڕێکی ناوخۆیی روونتر دەبێ و جارێ حکومەتیش لاوازترە لەوەی کە بتوانێت بەرگەی یاخیبوونێکی ئاشکرای هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان بگرێت.

بەدەر لەوە، لەوانەیە شاراوە هێشتنەوەی لایەنی سەرەکیی پشت هەوڵی تیرۆرەکە، کارتەکانی دەستی کازمی بۆ وەرگرتنی ئیمتیاز لە هەندێک لەو لایەنانەش زیاتر بکات کە نایانەوێت ئەو بۆ جاری دووەم ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران، دیارە ئەگەر بەتەمای مانەوە بێت!

Share this Post

شرۆڤە