رەئیسی و کێشە کەڵەکەبووەکانی سیاسەتی ناوخۆیی!

 

RRC|

کاردۆ بینەر|

سەدەمین رۆژی دەستپێکردنی سەرۆک کۆماریی ئیبراهیم رەئیسی تەنیا چەند رۆژێکی نەماوە، دەوڵەتێک کە چاوەڕواندەکرا  پاش یەکپارچەبوونی دەسەڵات لە دەستی بناژۆخوازاندا بتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات یان لانیکەم دایانبەزێنێت، بەڵام لەم ماوەیەدا کێشە و ناتەباییەکانی ناوخۆی ئێران نەک تەنیا چارەسەر و کەم نەبوونەتەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، لە هەندێ بواردا قووڵتر بوون. لەم یادداشتەدا گرنگترین ئاڵنگارییە ناوخۆییەکانی دەوڵەتی رەئیسی لە بواری سیاسەتدا تاوتوێ دەکرێن.

قەیرانی بەشداریکردن و شەرعییەت

یەکێک لە گرنگترین کێشە بنەڕەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵانی رابردوودا، دابەزینی بەرچاوی بەشداریکردنی خەڵکە لە هەڵبژاردنە جیاوازەکاندا. ئەم پرسە بووەتە هۆی خەوشدارکردنی رادەی شەرعییەت و کاریگەریی دەسەڵات لەنێو توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا و هەروەها کەمکردنەوەی متمانەی گشتی لەلایەک و  سامانی کۆمەڵایەتیی دەسەڵات و دەوڵەت لەلایەکی دیکە. یەکێک لە سەرەکیترین ئاڵنگارییەکانی رەئیسی چارەسەرکردنی ئەم کەلێنە قووڵەی نێوان نەتەوە و دەوڵەت (رژێم)ە، بابەتێک کە بە لەبەرچاوگرتنی پێکهاتەی دەسەڵاتدارێتی زاڵی ئێران، دامەزراوە جیاواز و هاوتەریبەکان، چۆنیەتی بەدەسەڵات گەیشتنی رەئیسی لە هەڵبژاردنێکی بێ ركابەردا و جێگەی رەخنەدا، واپێدەچێت بە دژواری بتوانرێت پێشڤەچوون و راستکردنەوە بەخۆیەوە ببینێت.

بیرۆکراسیی بەرین و ناکارامە

یەکێکی دیکە لە کێشە پێکهاتەیی و  قورسەکانی دەوڵەت، بیرۆکراسیی بەربڵاو، پڕتێچوو و ناکارامەیی ئیداری و بەڕێوەبەرایەتیی ئێرانە. ئەم بیرۆکراسییە هەر ساڵ بەشێکی زۆر لە بودجەی وڵات سەرف دەکات. دەوڵەت لانیکەم ٨.٥ ملیۆن مووچەخۆری هەیە، ئەم رێژەیە لەگەڵ رێکخراو و دامەزراوەکانی سەر بە دیکەی دەسەڵاتەکانی دەرەوەی دەوڵەت، دەگاتە نزیکەی ١٥ ملیۆن کەس. وەها بیرۆکراسییەکی بەرین و درێژ بەشێکی زۆر لە کات و وزەی سەرۆک کۆمار و  دەوڵەت داگیر  و  سەرقاڵی خۆی دەکات. شێوازی هەڵبژاردن و دانانی وەزیرەکان و بەڕێوەبەران لە سێ مانگی رابردوودا، کە کەمتر لەڕووی شیاوی و پسپۆڕییەوە بووە و زیاتر لە پەیوەندیی سیاسی و بەرەیی و تەنانەت بنەماڵەیی سەرچاوەی گرتووە، گرفتێکی دیکەیە کە بێ هیوایی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کێشە پێکهاتەیی و جێگیرەکانی کۆماری ئیسلامی قووڵتر کردووەتەوە.

بەرزبوونەوەی ئاستی چاوەڕوانی لە دەسەڵاتی یەکدەستکراو

لە دوو ساڵی رابردوودا، سەرچاوەکانی دەسەڵات لە ئێراندا بە تەواوی یەکدەست کراون. سەرەتا لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا(٢٠١٩) ئەنجوومەنی پاراستنی یاسا بە رەتکردنەوەی شایستەیی زۆربەی بەربژێرە ناسراوەکانی بەرەی ریفۆرمخواز و رەخنەگر، بواری بۆ سەرکەوتنی بناژۆخوازان بە سەرکردایەتیی محەممەد باقر قاڵیباف رەخساند و پاشتر بە دووپاتکردنەوەی هەمان سیناریۆ لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی (٢٠٢١) سەرۆکایەتی کۆماردا، ئیبراهیم رەئیسی لە هەڵبژاردنێکی بێ رکابەر و ئەندازیاریکراودا، کە تەنانەت خۆیشی دانی بەبێ ‌ململانێبوونی دانا، گەیشتە کورسیی سەرۆکایەتیی کۆمار. لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی نوێی دەسەڵاتی داد، یەکێکی دیکە لە بناژۆخوازە ناسراوەکانی نزیک لە دەوڵەتە. رێکخراوە سەربازییەکانی وەک سوپای پاسدارانیش، بەردەوام لەژێر فەرمان و سەرکردایەتیی هێزە کۆنەپارێز و بناژۆخوازەکاندا بوون. کۆی ئەمانە لەگەڵ پاساوی لایەنگرانی رەئیسی کە رایاندەگەیاند، یەکدەستبوونی دەسەڵات رێگەی چارەسەری کێشەکان و پێشکەوتنی وڵاتە! بوونەتە ئەو هۆکارانەی تاوەکو ئاستی چاوەڕوانیی لە دەوڵەتی ئیبراهیم رەئیسی بەرز ببێتەوە، لەکاتێکدا کە وا دەردەکەوێت بارستایی و قورسایی کێشەکان بە رادەیەکە کە تەنانەت ئەگەر قەیرانی ئەتۆمی و گەمارۆکانیش بسڕێنەوە، دەوڵەت ناتوانێت هێندە لە باری کێشە و گرفتەکان کەم بکاتەوە.

ئەنجام

کۆی کێشە باسکراوەکانی سەرەوە، لە تەنیشت قەیرانە چاوەڕواننەکراو و کتوپڕەکانی وەک؛ هێرشی سایبێری بۆ سەر بەنزینخانەکانی سەرانسەری ئێران، وای دەردەخەن کە لە بواری سیاسەتی ناوخۆییدا، دەوڵەتی ئیبراهیم رەئیسی لەگەڵ کۆمەڵێك قەیرانی چاوەڕوانکراو و چاوەڕواننەکراودا دەستەو یەخەیە. پەیوەستبوونی سەرجەم کێشە ناوخۆییەکان بە ئاریشە ناوچەییەکان و سیاسەتی دەرەوە، ئاڵۆزیی قەیرانەکانی سیاسەتی ناوخۆیی بۆ ئیران زۆرتر کردووە و لە ئاکامدا دەبێت چاوەڕوان بیت و بزانیت سەرۆک کۆماری هەنووکەی ئێران کە لە پاڵپشتیی تایبەتیی رێبەری شۆڕشی ئێران بەهرەمەندە، لە هەمبەر بارگرانیی کێشە کەڵەکەبووەکان چ رێگە چارە و داهێنانێکی هەیە؟ ئایا لانیکەم دەتوانێت خۆراگربێت و لە قورساییان کەم بکاتەوە؟ یان ئەویش وەک سەرۆک کۆمارانی پێشووتر، لەوانە مەحموود ئەحمەدی نەژاد، دەکەوێتە بەر رق و غەزەبی دەسەڵات و حکومەت و هەروەها دەکەوێتە بەر رەخنە و گازندەی خەڵك؟!

 

Leave a Reply

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *