شرۆڤە

ئاگر لە بەغدا و دووكەڵ لە ئەنبار؛ گوشاری نوێ بۆ تەنیاخستنی سەدر

27-04-2022


 

RRC |

یاسین تەها*|

بنبەستی سیاسی لە عێراق بەردەوامە. دوای شکستهێنانی دووەم هەوڵی هەڵبژاردنی سەرۆکكۆمار (26ی ئادار) و پاش ئەوەی سەدر 40 رۆژ مۆڵەتی دایە ركابەرەكانی تاوەكو حكومەت پێكبێنن (1ی نیسان)، هیچ بەرەوپێشچوونێكی سیاسی گەورە رووینەداوە، بەڵام لە پارێزگای ئەنباری پایتەختی ئێستای بڕیاری سوننە، هەوڵەکانی پەرتکردنی هاوپەیمانی سێقۆڵی لەسەر ئاگری دادگا و چەك دانراوە.

ئەنبار زێدی هەندێک لە ئەستێرە سیاسییەکانی ئێستای سوننەیە لەوانەش محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان و خەمیس خەنجەری سەرۆکی گەورەترین هاوپەیمانی سوننەکان «السیادة». لە هەمان کاتیشدا رێڕەوی گەیشتنی قووڵایی ئێرانی و شیعییە بە خاکی سووریا و لەوێشەوە بۆ حیزبوڵڵای لوبنان و حەوزی دەریای نێوەڕاست، بەهۆی ئەوەی یەکێکبووە لەو پارێزگایانەی کەوتە بندەستی رێکخراوی قاعیدە و داعش، لە کۆنترۆڵکردنەوەدا (کانوونی یەکەمی 2015)، هەندێک ناوچەی ستراتیژیی کەوتنە دەست گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی وەك قۆناخەكانی دواتری نەینەوا و سەلاحەدین. بەم هۆیەشەوە ئەم پانتایییە سوننەیە کە لە دوای كەوتنی بەغدا (9 نیسانی 2003) ماوەیەک پەناگەی سەددام و خێزانەکەی بووە، ئێستا یەکێک لە مۆڵگەکانی گرووپە چەکدارەکانی حەشدی وەلائییە و، بەهۆی ئەوەی دراوسێی کەربەلایە و لەنێوان هەر دوو پارێزگاکەدا هەندێک ناوچەی کێشە لەسەریش هەن (نخێب و رەحالییە)، چاوی زیاتری لەسەرە.

بارودۆخی داعش رێگەی بۆ هەژموونی حەشد لە رۆژئاوای عێراق كردەوە، كە ئێستا بووەتە یەکێک لە میکانیزم و کارتەکانی دەستی “چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە” بۆ لێدانی حەلبووسی و ناچارکردنی هاوپەیمانی سیادەی سوننە بە کشانەوە لە هاوپەیمانی سێقۆڵی. بەو پێیەی لە پاش بەغدا و مووسڵ، ئێستا ناوەندی بڕیاری سوننە کەوتووەتە ئەنبارەوە، لەم میانەیەشدا شیعەکان لە زیاتر لە قۆڵێکەوە کاریان لەسەر کردووە. لەوانەش، ئازادکردنی رافیع عیساوی وەزیری پێشووتری دارایی لە زیندان و پشتیوانیکردن لە “ستام ئەبو ریشە”، کە یەکەمیان ئەستێرەیەکی ئەنباریی ناسراوتر و دێرینترە لە خەنجەر و حەلبوسی، دووەمیشیان “دژبەرێکی نەوعی” سەرۆکی پەرلەمانە و کاتێکیش کە هێزی سەربازی چوون بۆ دەستگیرکردنی (لەسەر تویتە تووندەکانی 31ى ئادار) بینیمان دەوروبەری دیوەخانەکەی بە هەمەر و چەکداری كەتیبەكانی حیزبوڵڵا تەنراوە و لە پارێزگاریی ئەواندایە!

گوشارەکانی سەر حەلبوسی کە جوڵاندنی هێزەکانی حەشدیشی بە ئاراستەی ئەنبار و بەری رۆژئاوای عێراق تێکەوت، بەدواشیدا هەڕەشەی هەندێک لە هۆزەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەیان هات. لە نوێترین پێشهاتدا گەیشتووەتە گێڕانەوەی “دژبەرێکی دیکەی” حەلبوسی کە شێخ عەلی حاتەمی، ئەمیری هۆزەکانی دلێمـە.

شێخ عەلی حاتەم کە خاوەن پێگەیەکی کۆمەڵایەتییە لە ئەنبار، هەشت ساڵ پێش ئێستا کە سەرۆکایەتی چەند گرووپێک لە چەکدارە خێڵەکییەكانی ئەنباری دەکرد، لەگەڵ مالیکی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەدا نێوانی تێکچوو. لە پەرچەکرداریشدا کەوتە پێداهەڵدانی داعش و لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆیتەرز(ئابی 2014) باسی لەوە کردبوو كە ئامادەیە دەست بخاتە ناو دەستیان و سەردەمێکیش دروشمی “بەڕێوەین بۆ بەغدا” ی وەک هەڕەشە بەرز کردبووەوە. لەسەر ئەوەش فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووبوو، بەڵام ئێستا بە پاسەوانی چەند یەکەیەکی چەکدار کە دەگوترێت لە کەتیبەکانی حیزبوڵڵان، گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی وەک رافیع عیساوی وەزیری دارایی سەردەمی مالیکی، ئەویش بگەڕێتەوە بۆ ئەنبار. بەمەش رێبەرایەتی بنکە جەماوەرییەکانی سوننە، لانیکەم لە ئەنباردا لەلایەن خەنجەر و حەلبوسی قۆرخ نابێت. پاش گەیشتنی بۆ بەغدا، عەلی حاتەم کەوتە تەقە لە حەلبوسی و سەدر و، لە تویت و دەرکەوتنەکانیدا لایەنگیرییەکەی بۆ پڕۆژەکەی “چوارچێوەی هاوئاهەنگی” کە “سازانە”، بە ئاشکرا دیاربوو.

بەکارهێنانی سیستەمی دادوەری و دۆسیەکانی دادگا بۆ شکاندنی رکابەرە سیاسییەکان، تەکنیکێکی کۆن و ناسراوی نووری مالیکییە. لە ویلایەتەكانی ئەودا (2005_2014) مادەی 4ی تیرۆر تایبەت بوو بە رکابەر و بەرهەڵستکارانی سوننە، ئێستاش کە چاوپۆشی لە دوو کەسایەتییان کراوە و باس لە ناوی دیكەش دەکرێت، خەریکە سیحر بەسەر سیحربازەکەدا هەڵبگەڕێتەوە، چونكە شەقامی شیعەی خرۆشاندووە، بەتایبەت کە ساڵانێکە لەسەر بە شەیتانکردنی ئەوانە پەروەردە دەکرێن و هەندێکیشیان لە شەڕەكانی ئەنباردا قوربانییان داوە. هەر لەبەر ئەمەش، مالیکی و عامری و زۆر لە گرووپەکانی دیکەی حەشد ناچار بوون، بە ژێر لێوەوە سەرکۆنەی سپیکردنەوەی دۆسیەی داواکراوە سوننەكان بكەن و خۆشیان بێبەری کرد لە ئاگاداربوون یان رێخۆشكردن بۆ گەڕانەوەی شێخ عەلی حاتەم.

چڕکردنەوەی هەوڵی «چوارچێوەی هاوئاهەنگی» لە ئەنباردا بەدوای ترسی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی سەدر و دەست و پێوەندەکەیدا دێت. هەروەها لە دوای ئەم بێ هیوابوونە لە گۆڕینی هەڵوێستی بارزانی لە هاوپەیمانی سێقۆڵی. ئەم پارێزگایەش كە قووڵایی ستراتیژیی بەهێزی نییە، پاڵێوراوە بۆ ئەوەی لە رۆژانی داهاتوودا بكەوێتە بەر گوشار و شڵەژانی زیاتر، لەپێناو ئەوەی یەکێک لە پایەکانی سێکوچەکەی “رزگاری نیشتمان” بڕووخێت. هەرچەندە خەنجەر و حەلبوسی زۆر بە تووندی و زبری بەرگری ناکەن، بەڵام ئاماژەی پەشیمان بوونەوەش پیشان نادەن و هەر بە هاوپەیمانییەكەوە پابەندن.

بۆچوونێکی بڵاو هەیە کە ئەوەی ئێستا لە ئەنبار روودەدات گێمی دووەمی یارییەکانی مووشەکبارانکردنی هەولێر (13ی ئازار) و سووتاندنی بارەگای پارتی بێت لە بەغدا (28ی ئادار)، بەتایبەت کە ئێرانییەکان سەردانێکی چاوەڕوانکراو و پلان بۆ دانراوی حەلبوسیشیان بۆ تاران هەڵوەشاندەوە، بۆ ئەوەی لە گەرمەی کێشمەکێشیدا لەگەڵ باڵە ئێرانییەکانی عێراق، وا دەرنەکەوێت کە لە تاران کاراکتەرێکی قبووڵ کراوە(26ی ئادار).

بە گریمانەی سەرکەوتنی هەوڵەکانی گرووپە شیعەکانیش بۆ دەرکردنی حەلبوسی و خەنجەر لە هاوپەیمانی سێقۆڵی کە قسە و دزەپێکردن لەهەر دوو لاوە زۆرن کە گفتوگۆی ئێرانی و ئیماراتیشی بۆ ئەو مەبەستە تێکەوتبێت، هێشتا ماڵی شیعە هەر لەبەردەم گرێی سەدردا دەمێنێتەوە، چونکە هەر حکومەت و هاوپەیمانییەک بەبێ بەشداری سەدر و رەوتەكەی، چارەنووسەکەی رووبەڕووبوونەوەی گرژی و خۆپیشاندان و هەرا دەبێت، وەك ئەوكاتەی هەڵیکوتایە سەر پەرلەمان و حکومەت و، خۆیشی لە 2016 خێوەتی بردە ناوچەی سەوز.

*یاسین تەها، شارەزای کاروباری عێراقە و ئەم وتارەی بەتایبەت بۆ ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو نووسیوە.
Share this Post

شرۆڤە