RRC |
د.هەڵمەت غەریب-
راوێژكار لە ناوەندی لێكۆلینەوەی رووداو|
ده‌ستپێك
له سیسته‌می سیاسی‌دا بۆ چاره‌سه‌ركردنی ململانێ سیاسییه‌كان وسفركردنهوهیان، وەكوو چارەیەك پەنا بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ده‌برێت. به‌تایبه‌ت ئه‌وكاته‌ی كه ناكۆكی دەكەوێتە نێوان سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت و په‌رله‌مان، زۆرجار سه‌رۆكوه‌زیران و سهرۆككۆمارپێكهوه، په‌نا ده‌به‌نه به‌ر هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌رله‌مان و راگه‌یاندنی هه‌ڵبژاردنێك، پێش واده‌ی دیاریكراوی خۆی كه یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان وده‌ستوور دیاریكردوه.
هه‌رچی تایبه‌ت بێت به هه‌ڵبژرادنی پێشوه‌خت له عێراقدا، ده‌توانین بڵێین ئەمە یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌یه كه لە پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا بڕیاری لێدراوە. له دوای 2006وه، یه‌كه‌مجاره ناكۆكییه سیاسیه‌كان ده‌گاته ئه‌و راده‌یه‌ی كه‌وا په‌نا بۆ هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌خت ببرێت. ئه‌گه‌ر چاوێك به یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2019 و ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقدا بخشێنین، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت یاسا و یاسادانه‌ری ده‌ستووری، بابه‌تی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌یان رێكنه‌خستووه. واته هیچ جیاوازیه‌كیان له نێوان هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت و هه‌ڵبژاردنی كاتی ئاسایی نەكردووە. بۆیه ده‌بینین زۆرترین ناكۆكی و بیروبۆچون له‌سه‌ر كاتی هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی عێراق درووستبووە. لێره‌دا تیشك ده‌خه‌ینه سه‌ر هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت، وه‌ك چاره‌سه‌رێك بۆ ده‌رچوون له‌و قه‌یرانه قووڵه‌ی كه تووشی پرۆسه‌ی سیاسی بووەو، ئه‌وه‌ش روون ده‌كه‌ینه‌وه كه ئایا ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ده‌بێتە فریادڕه‌سی عێراقییەكان و كۆتایی بە گرفته‌كان دێنێت یاخود، به‌فۆرمی نوێی سیاسی دووبارە دەبێتەوە؟هەروەها تیشك ده‌خه‌ینه سه‌ر گرنگترین به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م ئه‌و هه‌ڵبژاردنه.
هه‌ڵبژاردن كێشه‌یه یان چاره‌سه‌ر
هەڵبژاردنێكی نوێی پێش واده‌ی یاسایی خۆی، یه‌كێك بوو له داخوازی خۆپیشانده‌رانی گۆڕه‌پانه‌كانی عێراق كه له كۆتایی مانگی ئۆكتۆبه‌ری 2019 ده‌ستی پێكرد. خۆپیشانده‌ران پێیانوابوو كە بۆ راستكردنه‌وه‌ی رێڕه‌وی سیاسی له عێراقدا، پیویسته ئه‌و سیسته‌مه هەڵبژاردنه هه‌ڵبوه‌شێته‌وه كه ئه‌م په‌رله‌مانه “بێده‌سه‌ڵاته”ی به‌رهه‌مهێناوه كە ناتوانێت له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌جیندای حزبی وسیاسی، هیچ پرۆژه‌یه‌كی نیشتمانیی هه‌بێت، به‌لام بیریان چوو كه هەڵبژاردن ناتوانێت پرۆسه‌ی سیاسی له عێراقدا به نیشتمانی بكات. بۆیه هه‌ردوو سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێرداوی شكستخواردوو (زورفی وعەلاوی) به‌لێنی ئه‌وه‌یان دابوو كه هەڵبژاردنی پێشوه‌خت له پێشینه‌ی كاره‌كانی كابینه‌كه‌یان بێت ئه‌گه‌ر متمانه به‌ده‌ست بێین، به‌ڵام هیچیان نه‌یانتوانی ئه‌و متمانه‌یه به‌ده‌ست بێین. مسته‌فا كازمیش كه ئێستا سه‌رۆكوه‌زیرانه، یه‌كێك له به‌رنامه‌كانی كاری كابینه كاتیه‌كه‌ی، وەكوو ئه‌نجامدان وسه‌رپه‌رشتیكردنی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد و پیشوه‌ختی دور له ده‌ستوه‌ردانی بیانی و هه‌رێمی دانابوو. كازمی له ژێر فشاری خۆپیشانده‌ران و شه‌قامی ناڕازیی عێراقی واده‌ی هەڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی دیاریكرد به‌ڵام، پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كە هەڵبژاردنێكی نوێ چی له بابه‌ته‌كه ده‌گۆڕێت؟ به‌ڕای من، هەڵبژاردنه‌كان ناتوانێ وڵات له قه‌یرانه قووڵه‌كانی رزگار بكات، چونكه هەڵبژاردنه‌كه له باشترین شێوه‌یدا، له هەڵبژاردنی رابردوو پاكتر نابێت. ئەمەش بریتیه له دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌مان رێبازی سیاسه‌تكردن به‌ڵام، به‌ڕێگایه‌كی تۆزێك جیاوازتر!
گرفته سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه پێشوه‌خته‌كه
له راستیدا دیاریكردنی كاتی هەڵبژاردنه‌كه زۆر دوور نیه له كاتی یاسایی خۆی كه مانگی 5ی 2022ه. واته ته‌نها 11 مانگ هەڵبژاردنه‌كه پێش ده‌خرێت به‌لام، ئه‌م هەڵبژاردنه چوار رێگری گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌مدایه كه ئه‌نجامدانی له‌و واده‌یه‌دا ئه‌سته‌م ده‌كات. ئەوانیش بریتین له:
1-ته‌واونه‌كردنی یاسای هەڵبژاردنه‌كان: یه‌كێك له گرنگترین به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م ئه‌نجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، ته‌واونه‌كردنی یاسای هەڵبژاردنه‌كان و یه‌كلایی نەبوونهوهی ئه‌و ناكۆكییه قووڵه سیاسیهیە كه لەباره‌ی بازنه‌ی هەڵبژاردنه‌كان لە ئارادایە. ئەم بابەتە بۆ گفتوگۆی لایه‌نه‌كان و گه‌یشتن به ریكه‌وتنێك بۆ ته‌واوكردنی یاساكه جێهێڵراوە، چونكه دوو بیروبۆچوون له‌باره‌ی بازنه‌ی هەڵبژاردن هەن كه یەكیان داوای فره‌بازنەیی له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاكان دەكات و ئەوی دیكەشیان له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی داوای فرە بازنەیی دەكات، واته هه‌ر پارێزگایه‌ك بازنه‌یه‌كی هەڵبژاردن بێت. به‌بێ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م ناكۆكییه، ئه‌سته‌مه حكومه‌ت بتوانێت له‌و واده‌یه‌ی كه دیاریی كردووه هەڵبژاردن بكات.
2-هه‌لوه‌شانه‌وه‌ی په‌رله‌مان : یه‌كێكی دیكە له به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م هەڵبژاردن، هه‌ڵسوكه‌وتكردنه له‌گه‌ل په‌رله‌مانی ئێستا. بۆ هەڵبژاردنی پێشوه‌خت، پێوسته ئه‌م په‌رله‌مانه‌ی ئێستا هه‌ڵبوه‌شێته‌وه و له‌ماوه‌ی 60 رۆژدا كاتی هەڵبژاردنه‌كان دیاریبكرێت، به‌ڵام ئێستادا ناكۆكییه‌كی توند له‌نێوان سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان به‌گشتی و خودی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوینه‌ران بە تایبەتی لەگەڵ سه‌رۆكوه‌زیراندا هەیە لەباره‌ی شێوازی دیاریكردنی كاتی هەڵبژاردنه‌كان. محەمەد حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران پێیوایه، رێگای ده‌ستووری بۆهەڵبژاردن، بریتیه له مادده‌ی 64ی ده‌ستوور، به‌ڵام سه‌رۆكوه‌زیران به پشتبه‌ستن به مادده‌ی (7/2)ی یاسای هەڵبژاردنه‌كان، كاتی هەڵبژاردنهكەی دیاریكردووە. ئه‌مه‌ش ناكۆكییه‌كانی قووڵتركردۆتهوه كه بوه‌ته رێگر له‌به‌رده‌م ئه‌نجامدانی هەڵبژاردن. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كە زۆرێك له ئه‌ندامانی په‌رله‌مان دژی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی پهرلەمانن چونكه، ترسیان هه‌یه له‌به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی كورسیه‌كه‌ی خۆیان له هەڵبژاردنی داهاتوودا. بۆیه هه‌تا پێیان بكریت، به‌ربه‌ست درووست دەكه‌ن تا هەڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا نه‌كرێت و ئه‌م خوله‌ی خۆیان ته‌واو بكه‌ن. ئه‌وه‌ی لیره‌دا گرنگه بگوترێت، ئه‌وه‌یه كه پاش په‌سه‌ندكردنی یاسای هەڵبژاردنه‌كان، ده‌كرێت سه‌رۆككۆمار و سه‌رۆكوه‌زیران پێكه‌وه په‌رلەمان ههڵبوهشێننهوە و، كاتی هەڵبژاردنه‌كه یه‌كلایی بكه‌نه‌وه. به‌ڵام به‌بێ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی یاسای هەڵبژاردنه‌كان، ئه‌سته‌مه په‌رله‌مان هه‌لبوه‌شێته‌وه و هەڵبژاردنیش بكرێت.
3-ته‌واو كردنی شه‌رعیه‌تی دادگای فیدرالی یاخود ده‌ركردنی یاسای دادگای بالای فیدراڵی: دادگای باڵای فیدراڵی تاكه لایەنە كه به‌پێی ده‌ستوور تایبه‌ته به په‌سه‌ندكردنی ده‌رئه‌نجامی هەڵبژاردنه‌كان. بەڵام گرفته‌كه له‌وه‌دایە كە ئه‌م دادگایه‌ی ئێستا به‌پێی ده‌ستوور درووست نه‌بووه. به‌ڵكو پیش نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوور، له‌ڕێگه‌ی ده‌ركردنی سیسته‌مێك له‌لایه‌ن حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ری عێراقەوه له سالی 2004دا درووستبووە. بۆیه پێویست بوو یاسایه‌كی نوێ بۆ دادگای فیدراڵی ده‌ر بكرێت كه پێكهاته و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی له ده‌ستووردا دیاریكراوه. بەڵام تا ئێستا ئه‌و یاسایه به‌هۆی ململانێی نێوان هێزه سیاسیه‌كان ده‌رنه‌چووه و دادگاكه وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه. هەڵبەت ئه‌م دادگایه گرفتێكی دیكەیشی بۆ درووست بووه كە ئه‌ویش خانه‌نشین بوونی یه‌كێك له ئه‌ندامانی دادگاكه‌یه كه تا ئیستا جێگاكه‌ی پڕنه‌كراوه‌ته‌وه. ئه‌مه‌ش كێشه‌ی شه‌رعی بوون یان نه‌بوونی بۆ دادگاكه درووست كردوه.
4- گرفتی تەكنیكی : سه‌ره‌ڕای هەبوونی چه‌ندین به‌ربه‌ستی جه‌وهه‌ری كه ئاماژه‌مان به هه‌ندێكیان كرد، هه‌ندێك به‌ربه‌ستی تەكنیكیش له‌به‌رده‌م ئه‌و هەڵبژاردنه‌دا هه‌ن كە گرنگترینیان بریتیه له دابینكردنی بودجه‌ی هەڵبژاردنه‌كان. ئه‌مه له‌كاتێكدایه كە عێراق به قه‌یرانێكی قووڵی ئابووریدا گوزه‌ر ده‌كات كه ته‌نانه‌ت توانای دابینكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیشی نیه دەیەوێ له‌ڕێگه‌ی یاسای قه‌رزی گشتییه‌وه روبه‌ڕووی ئه‌و قه‌یرانه ببێته‌وه. ئه‌مه سه‌رەڕای بڵاوبونه‌وه‌یه‌كی خراپی په‌تای كۆرۆنا له‌سه‌رتاسه‌ری عێراق و خەرجكردنی بودجهكی زه‌به‌لاح بۆ روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه. هه‌روه‌ها گرفته‌كانی كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنهكانیش له‌هه‌ردوو رووی لۆجستی و مرۆییه‌وه هەن كە تا ئێستا چارەسەرنەكراون. ئه‌و كۆمیسۆنه تائیستا متمانه‌ی په‌رلەمانی وه‌رنه‌گرتوه و هه‌یكه‌لی كۆمیسۆنهكهش ریكنهخراوه. ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی كە پێوستی به ژماریههكی زۆری كارمه‌ند بۆ راهینان و شاره‌زابوون له‌سه‌ر هەڵبژاردنه‌كه هەیە. چونكه به پێی یاساكه بێت، هەڵبژاردنێكی جیاوازه و پێوستی به‌راهێنانی كارمه‌ند هه‌یه بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی هەڵبژاردنه‌كه.
كورد وه‌ك ته‌ماشاكه‌ر
تا ئیستا كورد و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی كه خۆی له دامه‌زراوه‌كانیدا ده‌بینێته‌وه، هیچ قسه‌یه‌كی له‌سه‌ر هەڵبژاردنی پێشوه‌خت نه‌كردووه. ئه‌مه‌ش مانای وایه كە گرفتیكی ئه‌وتۆی نیه ئەگەر هەڵبژاردن پێش بخرێت یان له‌كاتی خۆیدا بكرێت. ئه‌وه‌ی به‌نیسبه‌ت هیزه سیاسیه‌كانی كوردستانه‌وه گرنگه، یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی یاسای هەڵبژاردنهكانه به‌گشتی و دیاریكردنی بازنه‌ی هەڵبژاردنهكانه. پێناچێت هه‌ردوو هێزه سیاسیه سهرهكیهكەی هه‌رێم (پارتی و یه‌كێتی) حه‌ز به فره‌بازنەیی له‌سه‌ر ئاستی پاریزگاكان بكەن. بۆیه به‌لایانه‌وه گرنگه ئەوە یهكلایبكهنهوه نه‌ك مه‌سه‌له‌ی پێشخستن و پاشخستنی هەڵبژاردنه‌كان. خاڵێكی دیكەی جێگه‌ی بایه‌خی كورد، هه‌رچه‌نده تا ئێستا كه‌مته‌رخه‌مییان لێ كردووە، مه‌سه‌له‌ی یه‌كلایكردنه‌وه‌ی باری ناهه‌موارو نائاسایی ناوچه جێی ناكۆكییه‌كانه. ئەو ناوچانە ئێستا له‌به‌رده‌م سڕینه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌رخۆی دیموگرافیدان. بۆیه پێویسته به‌ر له هەڵبژاردن كۆتایی به‌و بارودۆخه بهێنرێت كه له‌وناوچانه‌دا هەن. بۆئه‌وه‌ی زۆرترین كورد به‌شداری لههەڵبژاردنهكهدا بكه‌ن و ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه ناوچه‌كانیان و ده‌سه‌ڵاتی شاره‌كانیش ته‌سلیم به ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نی بكرێت و باری سه‌ربازی له‌و ناوچانه كۆتایی پێبهێنریت. چونكه ئه‌گه‌ر باره‌كه به‌رده‌وام بێت، پێگه‌ی كورد لاوازتر ده‌بێت و دووریش نیه ئه‌و پێگه‌یه بكرێته بنه‌مایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له ئاینده‌دا كە بێگومان ئه‌وه‌ش به زیانی كورد ده‌شكێته‌وه. گرنگیشه پارتی و یه‌كیتی به‌ر له هەڵبژاردن گرفتی پۆستی پاریزگاری كه‌ركوك یه‌كلایی بكه‌نه‌وه، تا كاریگه‌رییه‌كی ئه‌رێنیی له‌سه‌ر هەڵبژاردنه‌كان هه‌بێت.