شرۆڤە

بژاردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە لە ئامادەنەبوونی سەدردا

18-06-2022


ئێوارەی 15ی حوزەیران، لە دیداری پەرلەمانتارەکانیدا لە نەجەف، سەدر هەموو ئەو گومانانەی کۆتایی پێهێنا کە لەبارەی ئەگەری پاشگەزبوونەوەی لە بڕیاری کشاندنەوەی فراکسیۆنەکەی هەبوون. بەم پێیەش “چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە” کەوتە بەردەم ئەرک و بەرپرسیارێتی هەڵسووڕاندنی قۆناخی داهاتوو، لەكاتێكدا پێشتر شەڕی بۆ بەشداریکردن دەکرد. جگە لە كۆمەڵێک شرۆڤە و لێکدانەوە، گوتەبێژان و قسەکەرەکانی ناو رەوتی سەدریش زۆر جەخت لەوە دەکەنەوە، کشانەوەکە گۆڕەپان چۆڵکردن و وازهێنانی کاتی (ئیعتیکاف) نییە، هەشیانە باس لە زیندووکردنەوەی “سوپای مەهدی” دەکات. هەندێکی دیكە پێداگرن کە سەدر “حوسێنی سەردەمە”، وەک ئاماژەیەک بۆ روودانی شۆڕشێک لە داهاتوودا، کە ئەمەش بژاردەکانی بەردەم چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە قورستر دەکات و هەندێکیان نایشارنەوە كە “کشانەوەکەی سەدر لە بۆسەیەك دەچێت”.

بەو پێیەی قەبارەی “چوارچێوەی هاوئاهەنگی” لە پەرلەمان، دەوروبەری 120 کورسییە لە ئێستادا و، لە ماوەی داهاتووشدا ژمارەیەک لە یەدەگەکانی کورسییە بەتاڵەکانی سەدر پڕ دەکەنەوە، ئێستا ئەوان “گەورەترین لیست”ن و دەتوانن ناوی سەرۆکوەزیران پێشکێش بکەن، بەڵام بەگوێرەی “یاریی ژمارەکان” و بە هەمان لۆژیکی “سێیەکی پەکخەر”، ئەگەر پارتی و هاوپەیمانی سیادەی سوننە تەبا بن و بیانەوێت، ئەگەر هەیە بتوانن بە یارمەتی هەندێک لە سەربەخۆکان هەمان سیناریۆی پەکخستنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دووبارە بکەنەوە، وەک ئەوەی “چوارچێوەی شیعی” بەرامبەر ئەمان کردیان، بەمەش بەرامبەرەكەیان ناچاری نەرمی نواندن دەکەن، بەڵام چوارچێوەی شیعی زۆر لەم ئەگەرە ناترسن چونکە لە سایەی زۆرینەی ئەواندا پێگەی حەلبوسی لە سەرۆکایەتی پەرلەمان لەقە و پێویستی بە پاڵپشتی ئەوانە بۆ مانەوە لە پۆستەکەی و، ئەگەر لەگەڵ پارتیدا ئەوە بکەن، ئەوا لادانی لە سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەگەرێکی کراوەیە.

لەپاش کشانەوەی سەدر، چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەندێک دیداری ناوخۆییان ساز کردووە، بەڵام جگە لە چەند بەیاننامەیەکی کورت و دووبارە، هێشتا دیدێکی روونیان لەبارەی قۆناخی داهاتوو پێشکێش نەکردووە. زانیارییە دزەپێکراوەکان و ئاماژە بەردەستەکانی پاش دیدارەکانیش ئەوە نیشان دەدەن كە بەرەی رکابەری سەدر بەسەر دوو تێڕوانیندا دابەش بوون؛ یەکەمیان کە مالیکی و تاڕا دەیەک خەزعەلی و هەندێک لە گرووپە چەکدارە ئێرانییەکان نوێنەرایەتی دەکەن و، بە جۆرێک لە جۆرەکان، شاگەشکەن بە دوورکەوتنەوەی سەدر لە گۆڕەپانەکە و چاویان لە زیادبوونی کورسییەکانیان و بەهێزبوونی پێگە حکومییەکانیانە. دووەمیشیان کە زیاتر عامری و حەکیم و فەیاز پاڵپشتی دەکەن، هێشتا لە دڵەڕاوکێ و وردوکردی مەترسییەکانی کشانەوەی سەدر و ئەگەرەکانی داهاتوودا دەژین و، هیوایان لەسەر ئەوە هەڵدەچنن کە سەدر بگەڕیتەوە بۆ ناو گەمە سیاسییەکە، بەمەش لە پەنابردن بۆ شەقام قورتاریان دەبێت، بەتایبەت کە سەدر خاوەنی باڵێکی سەربازی گوێڕایەڵیشە.

لە غیابی سەدردا سیماکانی قۆناخی داهاتوو لەسەر چۆنیەتی مامەڵەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ دۆخەکە وەستاوە، بەڵام ئەم بەرەیە کە بەرهەڵستیکردنی سەدر کۆی کردبوونەوە، ئێستا لە دابەشکردنی دەستکەوتەکانی کشانەوەیدا خۆیان لەبەردەم بژاردەی قورس و جیاجیادا دەبیننەوە، لەوانەش پڕکردنەوەی کورسییەکەی حاکم زاملی (جێگری یەکەمی پەرلەمان) و دواتر دیاریکردنی سەرۆکوەزیران. لەمەش گرنگتر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دوو هاوپەیمانەکەی سەدر (پارتی و سیادەی سوننە) کە سەرباری ژمارەی کورسییەکانیان (نزیکەی 100) لە هاوکێشەی پێکهاتەیشدا دوو جەمسەری بنەڕەتی و گرنگن (هەولێر و ئەنبار).

لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ناوبەناو باس لە کەسایەتی بەهێز دەکەن بۆ سەرۆکایەتی وەزیران تا بتوانێت لە ئاست ئاڵنگارییەکانی دۆخەکە بێت، ئەمەش چاوەکان دەباتەوە سەر مالیکی و عامری و تاڕادەیەکیش عەبادی، بەڵام بە هەڵوەستەکردن لەسەر پێدراوەکان و پێشینەکان، ئەوە روونە كە ناوی مالیکی هەستیاری زۆری لەسەرە و لەگەڵ ئاماژە بۆ کردنیدا، بریکارێکی سیستانی بە ناڕاستەوخۆ هێرشی کردە سەری، بەر لەوەی دواتر بڵێت “رای تایبەتی خۆم بووە.” جگە لەمەش، هێنانە پێشەوەی مالیکی بەریەککەوتنی راستەوخۆیە لەگەڵ سەدر. سەبارەت بە هادی عامریش ئەوە حکومەتەکەی یەکسان دەبێت بە کابینەیەکی ئەمنی ئێرانی. ئەگەرچی لەگەڵ سەدردا “تاڵە مووی مەعاویە”ی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەمریکا و ئەورووپا و گەنجانی راپەڕیوی تشریندا بەر یەک دەکەوێت. هەرچی بژاردەی عەبادیشە کە ئەزموون و پەسەندیی دەرەکی لەوانی تر زیاترە، گومان هەیە مالیکی رێگەی بدات دەست کراوە بێت. جگە لەوەش ئەگەر لەلایەن چوارچێوەی شیعییەوە پێشکەش بکرێت، لە رق و تووڕەیی سەدر پارێزراو نابێت و ئەگەر هەیە بە هەمان سیناریۆی ساڵی 2016 بڕوات کە پەرلەمان و حکومەت بوونە کاروانسەرای خۆپیشاندانی سەدرییەکان.

بژاردەی دووەمی چوارچێوەی شیعی پێشکێشکردنی کەسایەتییەکی ریزی دووەمە. لەم میانەیەشدا هەندێکی وەک محەمەد شیاع سودانی و ئەسعەد عیدانی و محەممەد عەلاوی و لەو ناوانەن ئاماژەیان بۆ دەکرێت کە کاندید بکرێن بۆ سەرۆکایەتی وەزیران، بەڵام ئەم کەسایەتییە بێ میلیشیا و بێ حیزبانە کە لە سێبەری ڕێبەرەکانی تردا دەبن، یەکسانن بە هەمان ئەزموونی عەبدولمەهدی کە حیزبەکانی شیعە وەک ماسک و داهۆڵێک بەکاریان هێنا و دواتریش، کۆتاییەکی خوێناوی و ناخۆشی هەبوو.

بژاردەی سێیەم و کۆتایی بەردەم چوارچێوەی هاوئاهەنگی گۆڕانکارییە لە بیرکردنەوەی حیزبییانەی “چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە”، ئەویش لەڕێگای دروستکردنی حکومەتێکی خزمەتگوزار یان سەربەخۆ و تەکنۆکرات کە دەستبەجێ کار لەسەر چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی عێراق بکات و مەسەلەی کارەبا و ئاوی پاک و ژینگە و دۆزینەوەی هەلی کار بخاتە ئەجێندای خۆی، بەڵام ئەمە لەگەڵ کارنامە و مێژووی هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا نامۆیە و ئەوان زیاتر لەگەڵ سیستەمی “زبائنی” راهاتوون کە بەشبەشێنە و دید گای حیزبی و بە دەرفەت تەماشاکردنی غیابی سەدرە بۆ ماشینەوەی ئیمتیازاتی زیاتر بۆ حیزبەکانیان، بەتایبەت کە ئێستا بەهۆی گرانبوونی نرخەکەی و لێکەوتەکانی شەڕی ئۆکراینا پارەیەکی مۆڵی فرۆشی نەوت بەردەستە.

هەر کام لەو سیناریۆیانە سەربگرن چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە دوو پێشهات دەرباز نابن، یەکەمیان چۆنیەتی رازیکردنی پارتی و سوننەکانە پاش هەشت مانگ لە تەخوین و ململانێ و گرژی ئەمنی و دادگا گرتن لە هاوپەیمانی سێقۆڵی، دووەمیشیان تارمایی پەنابردنی سەدرە بۆ شەقام و جموجۆڵی جەماوەری، بەتایبەت پاش ئەوەی ئامۆژگاری پەرلەمانتارەکانی کرد “کەرت و پەرت نەبن” و هەندێک ئاماژەی پەخش کرد کە دڵنیاکەر نین. رەنگە ئەم جارەش سەقفی داواکاری لە “چاکسازی” و “پێداچوونەوە”وە، بۆ گۆڕینی سیستم و کەڵک وەرگرتن لەو هەموو کەلێن و درز و عەیبانەی کە لە پەیکەری سیاسی عێراقدا هەن بەرز بکاتەوە. ئەم پەرلەمانەی کە ئێستا ماوەتەوە بەفەرمی نوێنەرایەتی دەوروبەری 30%ی دەنگدەران دەکات و شیکار و لێکدانەوەی تر هەن دەڵێن زۆر لەوە کەمترە، چونکە لە بنەڕەتەوە ڕێژە فەرمییەکە زۆر بە زیادەوە هەژمار کراوە و ئەمەش دۆخەكە لێڵتر دەكات.

Share this Post

شرۆڤە