بەرایی
رۆژی 19ی ئاب 2024 کۆمپانیای دانەگاز بەفەرمی و بە بەیاننامەیەک[i] لە بازاڕی دارایی ئەبوزەبییەوە (ADX)وە کۆتایی بە گرێبەستی کارکردنی کۆمپانیای ئینەرفلێکسی کەنەدی هێنا کە کاری لە تەواوکردنی پرۆژەی گازی کۆرمۆر KM250 دەکرد، بەڵام تاوەکو ئێستا باسنەکراوە کێ پرۆژەکە تەواو دەکات و کەی تەواو دەکرێت؟
پرۆژەی زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لەلایەن دانەگاز و هاوبەشەکانییەوە لە کێڵگەکانی کۆرمۆر و چەمچەماڵ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2019 لەکاتی واژۆکردنی "رێککەوتنی 20 ساڵەی فرۆشتنی گاز"[ii] لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەهۆی کۆرۆنا و بەردەوامی هێرشە درۆنییەکانەوە چەندین ساڵە کارەکانی راگیراوە و تەواوناکرێت، دوایین هێرشی درۆنی کە لە نیسانی ئەمساڵدا بوو، بووەهۆی کشانەوەی کۆمپانیاکە[iii]، چونکە جگە لەزیانی ماددی بووەهۆی گیانلدەستدانی چەند کرێکارێکی کۆمپانیاکەش.
پرۆژەیەکی سەروو 800 ملیۆن دۆلاری کەوا سێ لەسەر چوار کارەکانی تەواوکراوە بەجێبدەهێڵدرێت یان لە ئەمساڵدا تەواودەکرێت، لێرەدا هەڵوەستە لەسەر زیادبوونی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان دەکەین و بەدوای ئەوەدا دەگەڕین کە ئایا زیادبوونی ئەم بەرهەمە کە لەنێوخۆ و بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان خواستی لەسەر هەیە دەرفەتە یان ئاڵینگارییە لەم ناوچەیە و لە داهاتوودا.
پرۆژەی KM250 و چیرۆکی ئیکیستران و ئینەرفلێکسی کەنەدی
پرۆژەی KM250 لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە گوژمەی 806 ملیۆن دۆلار دروستدەکرێت، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕی 250 ملیۆن دۆلاری وەک قەرز بۆ دابینکردووە کاتێک لە کانوونی یەکەمی 2020دا دەستکرا بە پرۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای ئیکستیرانی ئەمەریکییەوە. دواتر لە 2022دا ئەم کۆمپانیایە لەلایەن ئینەرفلێکسەوە کڕدرایەوە دووبارە دەستکرا بەتەواوکردنی پرۆژەکە[iv]. پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین کەوا لەسەرەتاوە هەردوو کۆمپانیای بیلستەر و هاڤاتیکی تورکی وەک بەڵیندەری دووەم لەگەڵ ئیکستیران کارەکانیان جێبەجێدەکرد.
ئێستا، پرۆژەکە سێ لەسەر چواری زیاتر تەواوکراوە، کە ئەگەر ئەو کارانەی دیکەی ماویەتی تەواوبکرێت ئەوا رۆژانە بەرهەمهێنانی 250 ملیۆن پێی سێجا گازی دیکە لە کێڵگە گازییەکانی کۆرمۆر و چەمچەماڵەوە زیاتر دەبێت، کە ئەمەش بڕێکی زۆرە هەرچەندە پلانی فراوانبوونەکە لەسەرەتادا بۆ 500 ملیۆن پێی سێجا گازی رۆژانە بووە بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە هەرێمی کوردستان بگەیەنرێتە 1 ملیار پێی سێجا لەرۆژێکدا.
بەپێی زانیارییەکان لەماوەی رابردوودا کارکردن لە پرۆژەکەدا بەردەوام بووە لەلایەن دانەگاز و هاوبەشەکانییەوە، بەڵام کارەکان وەک ئەو رۆژانە نییە کەوا لەسەروو 1500 کریکاری کۆمپانیای ئینەرفلیکس و بەڵیندەرەکانی کاریان لە بنیاتنانی پرۆژەکەدا دەکرد؛ هەرچەندە ئینەرفلێکس ئاماژە بەوەدەکات کە رێژەی 85% کاری پرۆژەکەی تەواوکردووە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان رێژەکە لەسەروو 75% وەیە و کارەکانی وەک بیناسازی، دانانی ئامێر و کەرەستەکانی پرۆسەی بەرهەمهێنانی گاز، کڕینی ئامیرەکان تەواوبووە، لەکاتێکدا کاری زۆر وردی وەک بەستنەوەی کێبڵ و وایەر و کارەبایی پرۆژەکە ماوە، کەئەمەش هەم وردە و هەمیش کاتی دەوێت بۆ ئەنجامدان و تەواوکردنی هەرچەندەش رێژەیەکی زۆریش نەبێت.
کۆمپانیای ئینەرفلێکس لە راپۆرتی چارەکی یەکەمی 2024دا[v] ئاماژە بە کەمبوونەوەی داهاتی کۆمپانیاکە دەکات بەهۆی دواکەوتن و زیادبوونی خەرجی پرۆژەی گازی KM250ی کوردستان، کە بە EH Cryo ناسراوە. کۆمپانیاکە لەو بارەیەوە دەڵێت "کۆمپانیاکە پێشبینی زیادبوونی تێجووی خەمڵینراوی تەواوکردنی پرۆژەکە دەکات و ئەمەش وادەکات کە 41 ملیۆن دۆلار زیانیان لێبکەوێت".
لەلایەکی دیکەوە باس لە هاتنی کۆمپانیای هاڤاتیکی تورکی دەکرێت بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە، کە پێشووتریش بەڵیندەری دووەمی جێبەجێکردن بووە لەم پرۆژەیەدا. ئەگەر ئەم کۆمپانیا تورکییە راستەوخۆ پرۆژەکە لە دانەگاز و هاوبەشەکانیەوە وەربگرێت، ئەوا نابێت ئەوەش نادیدە بگرین کەوا کۆمپانیای هاڤاتیک لەساڵانی رابردوودا بنیاتنەری هەر سێ ویستگەی کارەبای هەولێر، سلێمانی و دهۆک بووە ونزیکەی ساڵێک زیاتریشە میکانیزمی نوێی پارەدان بۆ ئەو گازەی ویستگەکان بەکاریدەهێنن و کۆمپانیای دانەگاز دابینی دەکات هاتووەتە ئاراوە.
زیادبوونی بەرهەمهێنانی گاز لە هەرێمی کوردستان دەرفەت یان ئاڵینگارییە؟
زیادکردنی بەرهەمهێنانی 250 ملیۆن پێی سێجا گاز لەماوەیەکی زەمەنی لەوشێوەدا ئەگەر کارەکانی تەواوبکرێت ئەوا بەمانای یەک لەسەر شەشی کۆی ئەو پرۆژانەی عێراق دێت بۆ بەرهەمهێنانی گاز لەگەڵ تۆتاڵ ئینرجی فەڕەنسی، بەیکر هیوزی ئەمریکی و سی ئین پی سی چینی و کۆمپانیای نیوخۆی کردوویەتی کە لەماوەی ساڵی رابردوو و چوار ساڵی داهاتوودا بڕیار وایە بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەمەش سەرەڕای بەردەوامی چیرۆکی سوتانی گاز و پیسکردنی ژینگەکەی بەو گازەی لەگەڵ نەوتدا بەرهەمدێت کە ئێستاش رێژەی 35% کۆی گازی بەرهەمهێنراوی عێراق پێکدەهێنێت و رۆژانە بڕی 1.19 ملیار پێی سێجا گاز بەفیڕۆدەدات، کە لەوڕووەشەوە دووەم وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان.
زیاتر لە دوو دەیەیە عێراق نەیتوانیوە و نەشهێڵدراوە پەرە بەرهەمهێنانی گاز بدات، سەرەڕای دەیان واژۆ لەگەڵ گەورە کۆمپانیا جیهانییەکان و گۆڕێنی شێوازی گرێبەستەکان، بەڵام درێژەی بە هاوردەکردنی گاز داوە و گازەکەی خۆی بەفیڕۆ داوە، کە ئەگەر ئەم شێوازە بەردەوامبێت و گرووپە چەکدارەکان نەهێڵن پرۆژەکان تەواوبکرێن ئەوا حیکایەتی پشت بنیاتنانی ویستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە گاز پێش بیرکردنەوە لە دابینکردنی سەرچاوەی گاز لەساڵانی رابردوو بەڕوونی ئاشکرا و دەردەکەوێت.
هەرێمی کوردستان قۆناخێکی نوێ لە بەرهەمهێنانی گاز و سوود وەرگرتن لەگازی هاوەڵ هێناوەتە ئاراوە، هەربۆیەش دامەزراوەی کاپیترۆ کە یەکێک لەو دامەزراوانەی سەرنجیان لەسەر کەمکردنەوەی دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن و یارمەتیدەری حکومەت و کۆمپانیاکانە بۆ کەمکردنەوەی سووتانی گازی هاوەڵ باس لە نموونەکەی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی حەسیرە لە گەرمیان دەکەن و راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی "کەمکردنەوەی سووتانی گازی هاوەڵ لە وڵاتانی عەرەبی"[vi] ئاماژە بەوەدەکات کەوا هەرێمی کوردستان بە گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێنان ،سووتانی گازی هاوەڵی قەدەخەکردووە.
بەپێی داتاکانی دامەزراوەی زانیاری وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (2024)eia، لەڕووی گازەوە هەرێمی کوردستان پشکی گەورەی لە کۆی بەرهەمهێنانی گاز لە عێراق بەردەکەوێت و پێکدەهێنێت کە ئێستا دەگاتە یەک لەسەر چواری کۆی گازی هاوەڵی بەرهەمهێنراو لە هەموو عێراق. هەروەها، ئەگەر ئەم پرۆژەیەش تەواوبکرێت و ئاستی بەرهەمهێنانی بگاتە ئەو ئاستەی کە کۆمپانیاکە پلانی بۆ داناوە، ئەوا لەماوەیەکی دیاریکراودا نیوەی کۆی گازی بەرهەمهێنراوی عێراق لە هەرێمی کوردستانەوە دەبێت. هەموو ئەمانەش لەکاتێکدایە عێراق بەردەوامە لە سووتانی گازی هاوەڵ و تاوەکو ئێستا نەتوانراوە سەرنجی وەبەرهێنانی بیانی بۆ وەبەرهێنان لەم سێکتەرەدا رابکێشێت بە قازانجی رێژەی سەروو 32% بۆ کۆمپانیاکان وەک لەگەڕی پێنج پڵەس و شەشەمی گرێبەستە نەوتی و گازییەکاندا بینیمان و بڕیاری سەردانی وەزیری نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا بۆ هێنانی سەرمایەگوزاری ئەمریکی بۆ 10 کێلگەی گازی لە داهاتوودا.
کۆتایی
بڕیاربوو پرۆژەکە لە نیسانی 2023دا تەواوبێت، بەڵام خرایە نیسانی 2024دا وە و دواتریش خرایە نیوەی دووەمی ئەمساڵەوە و ئێستاش باس لەکۆتایی 2024 دەکرێت، هەرچۆنێک بێت پرۆژەکە لەرابردوودا بەهۆی هێرشی میلیشیاکانەوە دواکەوت، بەڵام ئێستا پرسیارەکان ئەمەیە، ئایا لە عێراق کێ دژی تەواوکردن و زیادکردنی بەرهەمهێنانی گازە بۆ هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق؟ ئەمریکییەکان کە 250 ملیۆن دۆلاریان بە قەرز داوە بە دانەگاز دەست لەتەواوکردنی هەڵدەگرن؟ پێدانی پرۆژەی بەرهەمهێنانی گاز و نەوت لەنێوەڕاست و باشووری عێراق بە کرێسینت پێتڕۆڵیوم چ کاریگەرییەکی لەسەر تەواوکردنی پرۆژەکە و فراوانبوونی لە داهاتوودا دەبێت؟ تەواوکردنی ئەم پرۆژەیە تا چ رادەیەک پەیوەندی بە وادەی نزیکبوونەوەی نوێکردنەوەی گرێبەستی نێوان ئێران و تورکیا بۆ گاز هەیە؟ ئایا دانەگاز چ دەکات بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە، خۆی بەمشیوە خاوەی ئێستا تەواوی دەکات یان هاوبەشی دیکە دەهێنێت بۆ تەواوکردنی کارەکانی لە ئەم ساڵدا؟
لەکۆتاییدا، ئینەرفلێکس ئاماژە بەوەدەکات کە سەرەڕای هەڵسەنگاندنی رەوشەکە و هەموو بژاردەکان بۆ کارکردن بەڵام شوێنی پرۆژەکە سەلامەت نییە و ئەمەش دەرئەنجامێکە کەلەلایەن شارەزایانی ئەمنییەوە پاڵپشتی دەکرێت، کەواتە چ دەکرێت بۆ رەواندنەوەی ئەو ترسە ئەمنییە و رەخساندنی رەوشێکی وەها کۆمپانیاکان بتوانن پرۆژەکە تەواو بکەن، باچاوەڕوان بین؟
سەرچاوەکان:
[i] News details. (n.d.). https://www.adx.ae/english/pages/NewsDetails.aspx?viewid=20240820093531-DANA 19 Aug 2024
[ii] https://www.danagas.com/operations/kri/
[iii] Iraq Business News. (2021, April 26). Dana Gas resumes $600m expansion in Iraq | Iraq Business News. Iraq Business News | All the Latest Business News From Iraq. https://www.iraq-businessnews.com/2021/04/27/dana-gas-resumes-600m-expansion-in-iraq/
[iv] Exclusive: Attacks on major Iraqi gasfield drive out U.S. contractors | reuters. (n.d.). https://www.reuters.com/business/energy/exclusive-attacks-major-iraqi-gasfield-drive-out-us-contractors-2022-08-30/
[v] EnerĔex Ltd., E. (2024). Q1 Quarterly Report. In Management’s Discussion and Analysis (pp. 20–24). https://www.enerflex.com/wp-content/uploads/2024-Q1-MDA-and-Financials.pdf
[vi] Reducing Gas Flaring in Arab Countries a Sustainable Development Necessity Shared Prosperity Dignified Life.