RRC |
پ.د. بیلال سامبوور |
له‌و كاته‌ی هێڵه سه‌ره‌كییه‌كانی سیاسه‌تی ئه‌مریكا له سووریا ده‌ركه‌وت، له‌م رۆژانه‌دا توركیا له‌شكركێشی زۆر گه‌وره‌ی كرده سه‌ر عه‌فرین. پلانی له‌شكركێشی بۆ سه‌ر عه‌فرین لەبەر ئەوەی كراوه‌ته به‌شێك له دۆخی جه‌نگی ستراتیژیی، ده‌مێكه ئاماده‌كاری بۆ ده‌كرێت. له ده‌سپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرینەوە، سه‌رۆككۆماری توركیا و بڕیاربه‌ده‌ستانی ئه‌م وڵاته له چه‌ندین بۆنه‌دا به‌ڕاشكاوی جه‌ختیان كردووه‌ته‌وه، له‌شكركێشی سوپای توركیا ته‌نیا له ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین سنووردار نابێت، به‌ڵكوو دواتر به‌ره‌و منبج و رۆژهه‌ڵاتی فرات درێژه‌ی پێده‌درێت. توركیا بۆ ده‌رخستنی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی، له ناوچه‌كانی وه‌ك منبج و ره‌ققه و بۆ له‌ناوبردنی كانتۆنه‌كانی عه‌فرین، جزیرێ، كۆبانێ و كۆتاییهێنان بهفیدرالیەتی باكووری سووریا، ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرینی ئه‌نجامدا.
توركیا هه‌م له‌رێگه‌ی سه‌ربازییه‌وه و هه‌م له‌رێگه‌ی گوشاری دیپلۆماسییه‌وه ده‌یه‌وێ رۆژئاڤا كۆنترۆڵ بكات و له‌سه‌ر ئاستی پلاتفۆڕمی نێوده‌وڵه‌تی رێگری له رۆژئاڤا بكات بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێته رۆژه‌ڤی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی. عه‌فرین بووه‌ته ئامانجی سه‌ربازیی و دیپلۆماسیی توركیا. سوپای توركیا و سوپای سووریای ئازاد یهكدهستبوون و به‌هێرشی زه‌مینی و ئاسمانی ئۆپه‌راسیۆن به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن. توركیا بۆ مانه‌وه‌ی خۆی، ئۆپه‌راسیۆنی فراوانی هاوشێوه‌ی قه‌ڵغانی فرات و ئێستاش چڵه زه‌یتوون ئهنجامدەدا و ئەمەش بابه‌تێكی زۆر روون و ئاشكرایە کە هه‌ر ده‌كرا ئه‌نجام بدرایه. زۆرینه‌ی رایگشتیی توركیا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ر عه‌فرین ئه‌نجام بدرێت و بۆ ته‌واوی رۆژئاڤا درێژه‌ی پێبدرێت.
حكومه‌تی توركیا پشتیوانی سه‌داسه‌دی رایگشتیی به‌ده‌ستهێناوه بۆ ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه. هه‌ده‌په، تاكه لایه‌ن و پێكهاته‌ی سیاسییه، سه‌ركۆنه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه ده‌كات و ره‌خنه‌ده‌گرێت. به‌هۆی هه‌وڵه‌كانییه‌وه بۆ رێگریكردن و سه‌ركۆنه‌كردنی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین، هه‌ده‌په كه‌وتووه‌ته ژێر گوشارێكی زۆر سه‌خت و لەرادهبهدهر و به‌چاوی گروپێكی تیرۆریستی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت. ده‌توانین بڵێین بێكاریگه‌ر ده‌كرێت و هه‌وڵی دوورخستنه‌وه‌ی له سیاسه‌ت بووه‌ته مژارێكی گه‌رمی ناوخۆی ئه‌م وڵاته.
توركیا له ساڵی 1984ه‌وه له‌دژی په‌كه‌كه ده‌جه‌نگێت. به‌هۆی جه‌نگی سووریا، سیاسه‌تی توركیا له‌دژی په‌كه‌كه و كورده‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی خۆی رادیكاڵتر و توندئاژۆتر بووه‌ته‌وه. هه‌ر له‌سه‌ره‌تای جه‌نگی سووریا، توركیا هه‌وڵه سه‌ربازی و دیپلۆماسییه‌كانی چڕكردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كورد له باكووری سووریا واتە له رۆژئاڤا، هیچ ده‌سكه‌وتێكی ئیداری و سیاسی ده‌ستنه‌كه‌وێت. بۆ ئه‌مه‌ش، رێوشوێنی توندی جۆراوجۆری گرتووه‌ته‌به‌ر. دوای ئه‌وه‌ی په‌یه‌ده هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر باكووری سووریا سه‌پاند و كارگێڕی كانتۆنه‌كانی جزیرێ، كۆبانێ و عه‌فرینی دامه‌زراند و به‌پشتیوانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی به‌زۆرینه‌ی پێكهاته‌ی یه‌په‌گه‌ی رێكخست و سوپایه‌كی به‌هێزی بۆ دامه‌زراند، توركیا مه‌ترسی لێنیشتهوه به‌وه‌ی په‌كه‌كه له باشووری سنووره‌كانیدا ده‌وڵه‌ت پێكده‌هێنێت.
له رۆژانی 6/8ی تشرینی یه‌كه‌م رووداوه‌كانی كۆبانێ و ئۆپه‌راسیۆنی خەندەقەكان، ناوبانگ و رۆڵی رۆژئاڤا به‌شێوه‌یه‌كی خێرا ره‌نگیدایه‌وه و له‌و كاته‌دا توركیا بیرۆكه‌ی هێرشكردن و نه‌خشه‌رێگای ده‌سوه‌ردانی داڕشت. توركیا دۆخه‌كه‌ی به‌ڕادده‌یه‌ك قووڵكردهوه، ئه‌م پرسه‌ی كرد بە پرسی ئاسایشی نیشتمانیی و هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ر سنوور و سه‌روه‌ریی وڵات. به‌مه‌ش توركیا هه‌موو توانایه‌كانی خسته‌گه‌ڕ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌كه‌كه له‌ناوخۆی توركیا و ئاماژه‌یه‌كی راسته‌وخۆشی بۆ ده‌سپێكردنی هه‌مان ئۆپه‌راسیۆن له سووریاشی نیشانداوە. ئۆپه‌راسیۆن بۆ سه‌ر عه‌فرین به‌جیهاد و “سێوی سوور” ناسێندراوە وبە سورەی فەتح دەستیپێکراوە. ده‌هۆڵی نه‌ته‌وه‌په‌رستی و نەژادپەرستی لێدرا و ده‌ستكرا به به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشمی سێوی سوور كه ئاماژه‌یه‌كه بۆ خه‌ونی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌ی تورك كه ئامانج یه‌كێتیی و یه‌كگرتنی قه‌واره‌ی توركه‌كانی هه‌موو جیهانه. له سه‌رده‌می ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی‌دا، كۆنترۆڵكردنی رۆما یان ڤیه‌ننا به سێوی سوور ناسێندراوە. ئه‌وسا كۆی رایگشتیی، جموجۆڵ و له‌شكركێشی سوپای توركیان به‌جیهاد و جه‌نگی سه‌ركه‌وتن په‌سندكرد و پشتیوانی ته‌واویان لێ‌كرد.
توركیای ئه‌مڕۆش به به‌كارهێنانی چه‌مك و مێتافۆری جیهاد و سێوی سوور، هه‌ستی ئایینی و نیشتمانپه‌روه‌ری بۆ لووتكه به‌رزكرده‌وه. ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرینه گه‌یشته پێگه‌یه‌ك كه له‌رووی ئایینی و نیشتمانپه‌روه‌رییه‌وه هه‌رگیز قابیلی تاوتوێكردن و باسكردن نابێت و پێویسته بۆ سه‌رخستنی، هه‌موو شتێك بكرێت. هه‌ر له سۆنگه و بنه‌مای جیهادی ئایینی و باوه‌ڕی سێوی سوور و هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌رییه‌وه، هه‌وڵه‌كان چڕكراونه‌ته‌وه بۆ دژایه‌تیكردنی سه‌ربازیی و دیپلۆماسیی بۆ له‌ناوبردنی كانتۆنه‌كانی باكووری سووریا و فیدرالیزمی رۆژئاڤا و به‌ده‌رخستنی یهكجارهكییان له پرۆسه‌ی دانوستانه‌كانی سۆچی و جنێڤ.
سیاسه‌تی ئه‌مریكا ئه‌وه‌ی ده‌رخستووه، مانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له سووریا كاتی نییه و هه‌میشه‌ییه و دوو هه‌زار سه‌ربازییان له‌م وڵاته‌دا هه‌یه و له داهاتوویه‌كی نزیكدا قه‌باره‌ی سه‌ربازیی و دیپلۆماسیی له سووریا زیاتر و فراوانتر ده‌كات. توركیا، ئێران و رووسیا نیگه‌ران و ناره‌حه‌تن له مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له سووریا و بۆ وه‌ده‌رخستنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له رۆژهه‌ڵاتی فرات، توركیا، ئێران و رووسیا هاوپه‌یمانێتییان پێكهێناوه.
ئامانجی ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین، په‌یوه‌ندی به ئه‌نجامی رێككه‌وتنی ئاستانه نه‌بووه كه ناوچه‌ی داماڵدراو له شه‌ڕ پێكبهێندرێت. به‌ڵكوو ئامانجی ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین، له‌ناوبردنی كانتۆنی عه‌فرین و رێگریكردن بووه له لكاندنی كانتۆنی عه‌فرین به رۆژئاڤا و داخستنی ئه‌و رێڕه‌وه‌ی كه بۆ ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست ده‌كرێته‌وه. به سه‌ركه‌وتنی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی له عه‌فرین، درێژه به ئۆپه‌راسیۆنه‌كه ده‌درێت و هه‌نگاوی داهاتوو خۆشتردهكات بۆ چوون به‌ره‌و منبج و ته‌واوكردنی ئه‌و ستراتیژییه‌ی كه توركیا له ناوچه‌كه‌دا دایڕشتووه.
توركیا ده‌خوازێ به كۆنترۆڵكردنی عه‌فرین، ته‌واوی ئه‌و ناوچه سنوورییانه بخاته ژێر ركێفی خۆیه‌وه. ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین، به‌رهه‌می تاكتیك و پلانێكی بژارده‌ی ستراتیژییه. عه‌فرین بنچینه‌یه‌كی به‌هێزی رێكخراوه‌یی و ئایدیۆلۆژی په‌كه‌كه و په‌یه‌ده‌یه. توركیا پێیوایه به‌م ئۆپه‌راسیۆنه رێگری ته‌واو له تهشهننهكردنی پێكهاته‌ی ئایدیۆلۆژیای په‌كه‌كه له سووریا ده‌كات. به ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ڵغانی فرات، توركیا جوگرافیایه‌كی زۆری كۆنترۆڵكرد و توانی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو عه‌فرین گه‌مارۆ بدات. عه‌فرین نزیكترین خاڵه بۆ گه‌یشتن به سنووری ده‌ریا. به دیوێكی دیكه، خه‌ونی جیۆستراتیژی گه‌یشتنی كورد بۆ سه‌ر ده‌ریا لهگۆڕدهنێت. وه‌ك چۆن كه‌ركووك بۆ باشوورییه‌كان بایه‌خێكی تایبه‌تی هه‌یه، عه‌فرینیش بۆ رۆژئاڤا بایه‌خێكی بێسنووری هه‌یه. جیاكردنه‌وه‌ی كه‌ركووك له باشوور وه‌ك چۆن له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی بهسیستهماتیكی به‌رنامه‌ی بۆ داڕێژرا و هه‌ماهه‌نگی بۆ كرا، بۆ عه‌فرینیش له‌سه‌ر هه‌مان ئاست به‌شێوه‌یه‌كی سیسته‌ماتیكی و به‌رنامه بۆ داڕێژراو هه‌ماهه‌نگی بۆ ده‌كرێت و خراوه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
بۆ رێگریكردن له گه‌یشتنی كورد بە ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست و جیاكردنه‌وه‌ی عه‌فرین له رۆژئاڤا، ئۆپه‌راسیۆنی چڵه زه‌یتوون ئه‌نجامدرا. له سه‌ره‌تای ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا توركیا بانگه‌شه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌كرد كه به‌مه‌به‌ستی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی و سنووره‌كانی، پێویسته گورز بوه‌شێنێت. به‌ڵام پاساو و گوتاره‌كه گۆڕدرا. ئێستا توركیا ده‌ڵێت تا هه‌تایه میوانداری له په‌نابه‌ره سوورییه‌كان ناكه‌ین، پێویسته په‌نابه‌ره سوورییه‌كان بگه‌ڕێنینه‌وه شوێنه‌كانی خۆیان و له سووریا دوباره نیشته‌جێیان بكه‌ینه‌وه. له‌رێگه‌ی ئه‌م ئۆپهراسیۆنهوە، خه‌ڵكی ناوچه‌كه زێدی خۆیان چۆڵده‌كه‌ن و عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانیش له‌م ناوچه‌یه نیشتهجێدهكهن. له‌راستیدا مه‌به‌ست و ئامانجی سه‌ره‌كی ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین، ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی گۆڕانكاری دیموگرافی له‌م ناوچهیهدایە.
ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین ده‌رخسته‌ی ئه‌وه‌یه كه بۆ توركیا كێشه‌ی سه‌ره‌كی كورد و كوردستانه هه‌م له ناوخۆی توركیا هه‌م له ده‌ره‌وه. ماوه‌ی 35 ساڵه توركیا له‌دژی په‌كه‌كه ده‌جه‌نگێت. به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌كه‌ی بۆ باكووری عێراق و سووریاش فراوان كردووه‌ته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی كورد له عێراق و سووریا نه‌بنه خاوه‌ن پێگه و قه‌واره‌یه‌كی تایبه‌ت به‌خۆیان، توركیا هه‌موو توانا، ده‌سه‌ڵات و هێزه‌كانی خۆی به‌كارهێناوه و ده‌هێنێت. توركیا له سه‌ره‌تاوه راشكاوانه رایگه‌یاند كه رێگری له پێكهاتنی هه‌موو جۆره قه‌واره‌یه‌كی كوردی ده‌كات و به ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ڵغانی فرات و ئێستاش به ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین، نیازه‌كه‌ی به‌كردار جێبهجێكردووە.
رووسیا ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به هه‌ل و ده‌رفه‌تێكی گه‌وره هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت. هێرشی هاوبه‌شی سوپای توركیا و سوپای سووریای ئازاد بۆ سه‌ر عه‌فرین رووسیای دڵخۆشكردووه. چونكه توركیا و هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌دژی هێزه‌كانی هه‌سه‌ده ده‌جه‌نگن، ئه‌و هێزه‌ی كه ئه‌مریكا ساڵانێكه مه‌شق و راهێنانیان پێده‌كات و كردوویه‌تییه گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانی خۆی له ناوچه‌كه‌دا. هاوكات رێگه‌خۆشكه‌ر ده‌بێت بۆ دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و ئه‌مریكا و دواتر ده‌گاته ئاستی قه‌یرانێكی گه‌وره. توركیا هه‌ڕه‌شه له ئه‌مریكا ده‌كات به ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازیی بۆ سه‌ر منبج و جه‌ختیش له‌وه ده‌كاته‌وه ئه‌و سه‌ربازه ئه‌مریكیانه‌ی به‌رگی سه‌ربازیی یه‌په‌گه‌یان پۆشیووه ده‌كاته ئامانج.
به‌مه‌ش دۆخێكی ناهه‌موار سه‌رهه‌ڵده‌دات كه دوو ئه‌ندامی ناتۆ رووبه‌ڕووی یه‌كدی ده‌بنه‌وه كه توركیا و ئه‌مریكایه و لەنێوانیان كه‌لێنێكی گه‌وره دروسده‌بێت به ئه‌ندازه‌یه‌كی وا کە پڕكردنه‌وه‌ی سه‌خت ده‌بێت. بۆ ئه‌وه‌ی هیچ پێكهاته‌یه‌كی نوێ له سنووری باكووری سووریا دروسنهبێت، توركیا ئاماده‌یه خۆی بخاته نێو گه‌وره‌ترین مه‌ترسییه‌وه، بهراددهیهك لاری نییه به‌رامبه‌ر ئه‌مریكاش بوهستێتەوە. رووسیا پشتیوانی له توركیایه‌ك ده‌كات كه له ئه‌مریكا و ناتۆ دووربكه‌وێته‌وه و قه‌یران له نێوانیان سه‌رهه‌ڵبدات كه سەره‌نجام توركیا به‌هۆی ئه‌م قه‌یرانانه‌وه له رووسیا نزیكده‌بێته‌وه. رووسیا رێگه‌ی بهتوركیا دا ئۆپه‌راسیۆن بۆ سه‌ر عه‌فرین ئه‌نجام بدات بۆ ئه‌وه‌ی ستراتیژییه‌تی ژێرخانی تێكدانی په‌یوه‌ندیی توركیا و ئه‌مریكا و ناتۆ دروست ببێت.
كاتێك توركیا ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرینی ده‌سپێكرد، ئه‌مریكا ماوه‌یه‌ك بێده‌نگ بوو، دواتر رایگه‌یاند كه ناوچه‌كه له‌ژێر هه‌ژموونی ئه‌ودا نییه، به واتایه‌كی دیكه تیشكی سه‌وزی هه‌ڵكرد بۆ ئه‌وه‌ی ئۆپه‌راسیۆن ئه‌نجامبدرێت. به‌ڵام ئه‌مریكا ده‌یه‌وێ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه سنووردار بێت و له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا كۆتایی پێبێت و به‌عه‌فرین ته‌واو ببێت. ئه‌مریكا نایه‌وێ توركیا بڕه‌نجێنێ و له هه‌مان كاتیش‌دا نایه‌وێ هه‌سه‌ده له ده‌ستبدات، بۆیه هه‌وڵده‌دات هاوسه‌نگی بپارێزێت. توركیا به‌رده‌وام پێداگری له‌وه ده‌كات دوای عه‌فرین هه‌نگاو به‌ره‌و منبج ده‌نێ و ده‌یه‌وێ ئه‌مریكا ناچار بكات كه به‌پێی ستراتیژییه‌تی خۆی له باكووری سووریا سیاسه‌ت بكات و ده‌ستبه‌رداری هاوپه‌یمانه‌كه‌ی بێت كه هه‌سه‌ده‌یه.
له ئه‌گه‌ری ئۆپه‌راسیۆنی سوپای توركیا بۆ سه‌ر منبج و رۆژهه‌ڵاتی فرات، قه‌یرانێكی گه‌وره له‌نێوان توركیا و ئه‌مریكا سه‌رهه‌ڵده‌دات. چونكه منبج و رۆژهه‌ڵاتی فرات، هێڵی سووری ئه‌مریكایه. ئه‌مریكا ناتوانێ سیاسه‌تی هاوسه‌نگی له‌نێوان توركیا و هه‌سه‌ده بپارێزێت، ئه‌گه‌ر بێت‌و توركیا لە منبج ئۆپه‌راسیۆن بكات. توركیا ده‌یه‌وێ گوشار بخاته سه‌ر ئه‌مریكا له منبج یان رۆژهه‌ڵاتی فرات و نایه‌وێ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا بجه‌نگێت. توركیا نایه‌وێ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكایه‌ك كه تاكه زڵهێزی جیهانه بجه‌نگێ و سه‌ربازی ئه‌مریكی بكوژێت، بۆیه هه‌وڵده‌دات خۆی له‌م دۆخه به‌دووربگرێت. ئامانجی سه‌ره‌كیی توركیا وه‌شاندنی گورزه له هه‌سه‌ده و یه‌په‌گه، بۆیه به‌رده‌وام په‌یام ئاراسته‌ی ئه‌مریكا ده‌كات كه خۆی له‌م هێزانه به‌دووربگرێت و له ریزیاندا نه‌وه‌ستێت.
ئه‌مریكا سیاسه‌تی مانه‌وه‌ی درێژخایه‌ن له خاكی سووریا په‌یڕه‌وده‌كات. پێویسته ئه‌مریكا روونی بكاته‌وه كه سیاسه‌تی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان له سووریا و عێراق پهیڕهوناكات. ئه‌مریكا ده‌یه‌وێ كوردی رۆژئاڤا له چوارچێوه‌ی سووریادا مافی زیاتر وه‌ربگرێت. به‌ڵام تاوه‌كوو ئێستاش وه‌ك چۆن ئه‌مریكا سیاسه‌تێكی روونی له‌باره‌ی داهاتووی سووریا نییه كه چی جۆره سیسته‌مێكی به‌ڕێوه‌بردن ده‌خوازێ، به‌هه‌مان شێوه روون نییه كه ده‌یه‌وێ كورد چ پێگه و ده‌سه‌ڵاتێكی پێبدرێت. هه‌روه‌ها وه‌ك چۆن ئه‌مریكا خاوه‌ن بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی كانتۆنه‌كانی كوردی نییه، به‌هه‌مان شێوه‌ش پشتیوانیان نه‌بووه. ئه‌مریكا له‌به‌رامبه‌ر بلۆكی دیمه‌شق، ئێران، مۆسكۆ و به‌پاساوی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش كه پێیوایه پێكهاته‌یه‌كی ئیسلامی سوننی توندڕه‌وه، هاوپه‌یمانی هه‌سه‌ده، یه‌په‌گه، په‌یه‌ده‌ی دامه‌زراندووه و له‌گه‌ڵیانه. ئه‌و پشتیوانییه‌ی ئه‌مریكا بۆ هه‌سه‌ده، یه‌په‌گه، په‌یه‌ده دابینیده‌كات، سنوورداره. ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین باشترین به‌ڵگه‌یه له سنوورداربوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده و په‌یه‌ده. ئه‌مریكا له‌سه‌ر حیسابی عه‌فرین، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ توركیا ده‌كات. ده‌توانین به‌م شێوه‌یه هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكه‌ین كه له‌به‌رامبه‌ر هەڵکردنی چرای سه‌وز بۆ توركیا، ئه‌مریكا ده‌خوازێ توركیا له به‌ره‌ی ئێران و رووسیا دووربكه‌وێته‌وه.
ئه‌مریكا و رووسیا له‌باره‌ی ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرینه‌وه خاوه‌ن هه‌ڵوێستی هاوبه‌شن. سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا داوایكردووه ئۆپه‌راسیۆنه‌كه سنووردار بكرێت، له هه‌مان كاتدا ده‌سوه‌ردانی بۆ نێو عه‌فرین به‌شێوه‌یه‌كی راشكاوانه ره‌تكردووه‌ته‌وه. رۆژئاڤاییهكان پێیانوابوو له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر دهسوهردانێكی ده‌ره‌كیدا، ئه‌مریكا پشتیوانی‌یان لێده‌كات و له‌گه‌ڵیان ده‌وه‌ستێت، به‌ڵام ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین ئه‌وه‌ی بۆ كورد سه‌لماند كه نابێت متمانه به ئه‌مریكا بكرێت و رایگشتیش له‌سه‌ر هه‌مان بۆچوونن. رووسیا له سه‌ره‌تاوه رایگه‌یاند كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قه‌رزداری كورده‌كان نییه، بۆ ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرینیش كایه‌ی ئاسمانی خۆی بۆ فڕۆكه‌كانی توركیا كرده‌وه. رووسیا ویستی جۆرێك له نه‌بوونی بێمتمانه‌یی له‌نێوان توركیا و ئه‌مریكا هه‌روه‌ها له‌نێوان ئه‌مریكا و كوردیش دروسبكات. رووسیا و ئێران به‌رده‌وام ئه‌وه‌یان به‌گوێی كورده‌كانیان ده‌چرپاند كه هه‌رگیز متمانه به سیاسه‌تی ئه‌مریكا نه‌كه‌ن و پشتی پێ نه‌به‌ستن و به خه‌یاڵی ئۆتۆنۆمی و فیدراڵی كه ئه‌مریكا به‌ڵێنی پێداون هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێن و باشترین شت بۆ كورد، مافه‌كانیان له چوارچێوه‌ی سووریا دەستەبەربكهن و وه‌ك جاران ئاشتببنه‌وه و له‌م سۆنگه‌یه‌دا، سیاسه‌ت بكه‌ن. ئه‌وه‌ی توركیای هاندا و رێگه‌ی بۆ خۆشكرد بۆ هێرشكردنه سه‌ر عه‌فرین، رووسیا بوو. رووسیا وه‌ك چۆن نایه‌وێ شه‌ڕ له سووریا كۆتایی پێبێت، هاوكات نایه‌وێ پرۆسه‌ی ئاشته‌واییش سه‌ربگرێت. رووسیا له‌رێگه‌ی خوڵقاندنی ئاژاوه‌گێڕی له سووریا، به‌ره‌كانی جه‌نگ و ناكۆكییه‌كانی فراوانتر و قووڵتر كردووەوە.
ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین هه‌ستی متمانهپێنهكردن به ئه‌مریكا و رووسیای زیندووكرده‌وه. له‌نێو كوردانی رۆژئاڤا نه‌مانی متمانه به‌م دوو وڵاته زڵهێزه باو بووه. چونكه سیاسه‌تی ئه‌م دوو زڵهێزه له‌بری خۆشگوزه‌رانی، بووه مایه‌ی تراژیدیا و شۆكی قورس بۆ سه‌ر خه‌یاڵی تاكی كورد و ئه‌زموونی زۆر تاڵیان به‌ڕێكرد. هه‌روه‌ها به‌شێكی زۆری كوردانی رۆژئاڤا، وای بۆ ده‌چن، ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین دیوێكی دیكه‌ی پشت لێكردنی ئه‌مریكا و رووسیا و رۆژئاواییه‌كانه به‌هۆی ریفراندۆمی 25ی ئهیلوول كه له باشوور به‌ڕێوه‌چووە. ئه‌مه‌ش هێنده‌ی دیكه كورده‌كانی به‌رامبه‌ر ئه‌م دوو وڵاته زڵهێزه بێهیواكرد.
ئه‌مریكا پێیوایه هاوئاهه‌نگیكردنی له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده، یه‌په‌گه و په‌یه‌ده ناچارییه. ئه‌و ئه‌مریكایه‌ی كه پشتیوانی له هه‌سه‌ده ده‌كات، ده‌یان ساڵه پشتیوانی له توركیا ده‌كات و به‌هۆی توركیاوه په‌كه‌كه‌ی خستووه‌ته نێو لیستی تیرۆرەوە. ئه‌مریكا جیاوازی له‌نێوان په‌كه‌كه و هه‌سه‌ده ده‌كات. هه‌رچی توركیایه ده‌ڵێت هه‌سه‌ده، په‌یه‌ده، یه‌په‌گه سه‌رجه‌میان باڵی سووریای په‌كه‌كه‌ن. به‌هۆی بایه‌خی جیۆستراتیژی و جیۆپۆلیتیكه‌وه، هه‌روه‌ها له‌سۆنگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانییه‌وه، ئه‌مریكا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستبه‌رداری توركیای هاوپه‌یمانی نابێت. بۆ هێشتنه‌وه‌ی عه‌بادی له جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات، ئه‌مریكا رۆڵی كوردستانی بێبایهخكرد و ناچالاكی كرد. هه‌مان شت بۆ توركیاش ده‌كرێت، رۆژێك ده‌ستبه‌رداری هه‌سه‌ده ده‌بێت له‌به‌ر خاتری توركیا. په‌یوه‌ندی ئه‌مریكا به ههسهدهوە به‌هۆی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعشه‌وه سنوورداره. واته شه‌ڕكردنی كورده‌كانی له ریزی به‌ره‌ی ئه‌مریكا دژبه داعش واتای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت له داهاتووی سووریادا پێگه‌یه‌كی به‌هێز به‌كورد بدرێت و له كایه‌ی سیاسی‌دا رۆڵی باڵایان پێ بدات و ئه‌مریكا بیانپارێزێت. ئه‌مریكا و رووسیا دووپاتیان كردووه‌ته‌وه كه هیچ به‌ڵێنێكیان به كورد نه‌داوه و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ست به پێدانی به‌ڵێن له‌سه‌ر هیچ پرسێك و بابه‌تێكه‌وه نه‌بوون.
هیچ هۆكارێك نییه، په‌یوه‌ندییه‌كانی كوردی سووریا و ئه‌مریكا درێژخایه‌ن بكات. په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و هه‌سه‌ده تایبه‌ته به تاكتیكی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش و له‌ناوبردنی له ناوچه‌كه‌دا. جگه له‌م تاكتیكه، هیچ په‌یوه‌ستییه‌كی ئه‌مریكا به كورد و هه‌سه‌ده‌وه نییه تاوه‌كوو گرێدراوی دۆزه‌كه‌یان ببێت یان زێده‌ڕۆیی بكات له پارێزگاریكردن و پشتیوانیكردنیان. پێویسته ئه‌مریكا راشكاوانه جه‌خت بكاته‌وه له‌وه‌ی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سیاسه‌تێكی نییه كه خۆسه‌ری به كورد ببه‌خشێت له باكووری سووریا. توركیا به پشتیوانی زیاتر له 20 هه‌زار چه‌كداری سوپای سووریای ئازاد، هێرشیکردووەته سه‌ر عه‌فرین. پێشتر ئه‌م سوپایه بۆ شه‌ڕكردن دژ به‌رژێمی ئه‌سه‌د دامه‌زرابوو، كه‌چی به‌شداری پێكردنیان له ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ڵغانی فرات و ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین، ئامانجی سه‌ره‌كی دامه‌زراندنی ئه‌م سوپایه بهلاڕێداچووه و كه‌وته دۆخی به‌كارهێنه‌ر بۆ دژایه‌تیكردنی رۆژئاڤا كه له‌لایه‌ن توركیاوه مه‌شق و راهێنانی سه‌ربازی پێده‌كرێت و پڕچهكدهكرێت و پشتیوانیی دارایی لێده‌كرێت.
وه‌ك چۆن ئێران، حزبوڵلای لوبنانی به‌كارده‌هێنێت، توركیاش به‌هه‌مان شێوه سوپای سووریای ئازاد له سووریا به‌كارده‌هێنێت و پلانیشی هه‌یه له عێراقیش به‌كاریان بهێنێت. ئامانجی ئێستای سوپای سووریای ئازاد دژایه‌تیكردنی رۆژئاڤا و له‌ناوبردنی كانتۆنه‌كان و فیدراڵی باكووری سووریا و به‌شداریكردن له‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌ی سوپای توركیا ئه‌نجامیده‌دات و پشتیوانی سیاسیی كۆماری توركیا ده‌كات. له ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین، چه‌كدارانی سوپای سووریای ئازاد پێشڕه‌ویده‌كه‌ن و سه‌ربازانی سوپای توركیاش وه‌ك هێزی پشتیوانیی به‌دوایاندا ده‌ڕۆن. به‌مه‌ش، ده‌رده‌كه‌وێت سوپای سووریای ئازاد بۆ دژایه‌تیكردنی كانتۆنه‌كان و فیدرالیزمی كوردانی باكووری سووریا ئەندازیاری كراوه. سوپای سووریای ئازاد له چه‌ند گرووپێكی چه‌كداری پێكهاتووه. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا و ئیسرائیل ئه‌م گرووپه چه‌كدارییانه نه‌خه‌نه ژێر هه‌ژموونی خۆیانه‌وه، توركیا سه‌رجه‌میانی له‌ژێر چه‌تری سوپای سووریای ئازاد كۆكردووەتەوە و خستوونییه ژێر فه‌رمانی فه‌رمانده‌یی سوپای توركیا و هه‌موو پێداویستییه‌كانیان بۆ فه‌راهه‌مده‌كات.
ئێستا، سوپای سووریای ئازاد به‌ته‌واوه‌تی له‌ژێر فه‌رمانی توركیادان. توركیا ده‌زانێت، به كۆنترۆڵكردنی عه‌فرینیش ناتوانێ كۆتایی به یه‌په‌گه و هه‌سه‌ده بهێنێت. به‌ڵام توركیا به هه‌وڵی كۆنترۆڵكردنی عه‌فرین، ئامانجێكی ستراتیژی گرنگ ده‌سته‌به‌رده‌كات. توركیا به‌نیازه دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی عه‌فرین، ناوچه‌كه راده‌ستی سوپای سووریای ئازاد بكات بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ناوچه‌یه دڵنیاببێت كه چیدی نابێته سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه بۆ سنووره‌كانی. هه‌روه‌ها هه‌ر كاتێك بیه‌وێ، ئه‌م پێكهاته‌یه له‌دژی یه‌په‌گه و هه‌سه‌ده له ناوچه‌كانی دیكه‌ی باكووری سووریاش به‌كارده‌هێنێت. هه‌روه‌ها ده‌بێته كارتێكی به‌هێز له ده‌ستی ئه‌نکه‌ره بۆ دژایه‌تیكردنی رژێمی سووریا. توركیا، سوپای سووریای ئازاد به “قوای میللییە” ناوده‌بات. ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه بۆ سوپاكه‌ی كه‌مال ئه‌تاتورك به‌كارده‌هات به‌ر له دامه‌زراندنی سوپای توركیا كه له شه‌ڕی رزگاریخوازی توركیا به‌شدارییان كردبوو. ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌وه دێت كه ئه‌م هێزه به هه‌میشه‌یی له‌م ناوچانه جێگیرده‌كرێن و ده‌سه‌ڵاتی ته‌واویان پێده‌درێت.
رووسیا، سوپای سووریای ئازاد و دەستەی ته‌حریری شام به‌گرووپی تیرۆریستی ده‌ناسێنێت، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا، چاوپۆشی له چالاكییه سه‌ربازییه‌كانیان له ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین و ناوچه‌كه‌دا ده‌كات. رووسیا مۆڵه‌تی بهتوركیا دا، ئۆپه‌راسیۆن لە سه‌ر عه‌فرین بكات بۆ ئه‌وه‌ی له رۆژئاڤا قه‌یرانێكی قووڵ و شه‌ڕێكی ئاڵۆز له ناوچه‌كه‌دا سه‌رهه‌ڵبدات. رووسیا به‌مشێوه‌یه ده‌یه‌وێ كورد ناچاربكات له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی مۆسكۆ بگونجێن و هاوكات رێگه خۆشبكات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ژموونی زیاتری به‌سه‌ر رژێمی سووریادا بمێنێته‌وه. رووسیا ده‌زانێت بهقووڵكردنی شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌كان و سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یران له رۆژئاڤا، په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا، ئه‌مریكا و كورد درزی تێده‌كه‌وێته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی خۆی له سووریا فراوانتر بكات، رووسیا پێویستی به‌دۆخێكی ئاڵۆز له‌م ناوچه‌یه‌دا هه‌یه.
رووسیا به رێگه‌دانی به ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆن بۆ سه‌ر عه‌فرین، ده‌یه‌وێ رێگری له كورد بكات بۆ ئەوەی به‌شداری له كۆنفرانسیی سۆچی و سینۆڤا نەکات و نایه‌وێ كورد نوێنه‌ری له‌م كۆبوونه‌وانه‌دا هه‌بێت. ئه‌مریكاش به‌هه‌مان شێوه ناخوازێ كورد نوێنه‌ری له‌م دانوستانانه‌دا هه‌بێت. ئه‌م دوو وڵاته زڵهێزه نایانه‌وێ، كورد له‌رێگه‌ی به‌شداریكردنیان له دانوستانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ربكرێت. ئه‌م دوو وڵاته زڵهێزه له رێگریكردن له كوردانی رۆژئاڤا هاوهه‌ڵوێستن.
توركیا ده‌خوازێ، له گۆڕه‌پانی سووریادا پێكه‌وه كاربكه‌ن. توركیا له‌رێگه‌ی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین، ده‌یه‌وێ ئه‌مریكا هه‌ست به‌وه بكات كه كاتی هاتووه ده‌سبه‌رداری پشتیوانیكردنی یه‌په‌گه و هه‌سه‌ده ببێت. ده‌یه‌وێ ناچاری بكات ده‌ست له‌م دوو هێزه به‌ربدات. ئه‌م گوشاره‌ی توركیا بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌مریكا هاوسه‌نگییه‌كه‌ی خۆی بگۆڕێت و پێچه‌وانه‌ی بكات بۆ پشتیوانیكردنی توركیا. توركیا، ئه‌مریكا به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كات كه پشتیوانی له دوو گرووپ ده‌كات كه توركیا به گرووپی تیرۆریستی ده‌زانێت و بۆیه هه‌ڕه‌شه له ئه‌مریكا ده‌كات به‌هێرشكردنه سه‌ر منبج. هێرش بۆ سه‌ر منبج واته رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توركیا و ئه‌مریكا. هیچكات رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م دوو هێزه له پێشبینییه‌كان و شیمانهكاندا شوێنی نه‌كراوه‌ته‌وه. پێده‌چێت ئه‌مریكا له‌باره‌ی منبج له‌رێگه‌ی كه‌ناڵی دیپلۆماسییه‌وه هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردن و هێوركردنه‌وه‌ی توركیا بدات. ده‌زاندرێ ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین به ره‌زامه‌ندی ئه‌مریكا و رووسیا بووه.
دوای ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین، ئه‌مریكا و رووسیا له به‌شداریكردنی كورد له دانووستانه‌كانی جنێڤ مكوڕ ده‌بن. دوای ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین هه‌ردوو زڵهێزهكه سوورده‌بن له‌وه‌ی كوردانی رۆژئاڤا له دانوستانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌شداربن و ئه‌مه‌ش بۆ رایگشتیی دهردەخن و ده‌یكه‌نه مژاری گه‌رم.
ئێران تاكه وڵاته ده‌توانێت له شاده‌ماره‌كانی سووریا و عێراق به‌ویستی خۆی هاوشێوه‌ی خوێن بسوڕێته‌وه و هه‌ژموونی خۆی به‌ئاسانی بسه‌پێنێت. بۆ ئێران گرنگه رژێمی ئه‌سه‌د بمێنێته‌وه. ئێران پێیوایه ده‌بێ رێكه‌وتنێكی سیاسی له‌نێوان رژێمی ئه‌سه‌د و كوردانی رۆژئاڤا له‌دژی زۆرینه‌ی سوننه مه‌زهه‌به‌كاندا بكرێت. ئێران هێنده‌ی هه‌ولێر نیگه‌ران نییه له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی په‌یه‌ده له رۆژئاڤا پێكیهێناوه. ئێران و رژێمی ئه‌سه‌د، له‌دژی هه‌ژموونی سوننه‌گه‌ری توركیا، ده‌یانه‌وێ كانتۆنه‌كانی كورد له‌ناونه‌چن و بمێننه‌وه. ئێران نایه‌وێ له سووریا رووبه‌ڕووی هێزێكی هاوشێوه‌ی توركیا ببێته‌وه، بۆیه له ئاستی ئۆپه‌راسیۆنی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین بێده‌نگی نواند. وێڕای ره‌خنه‌گرتن و سه‌ركۆنه‌كردنی، به‌ڵام به‌ره‌نگاریشی نه‌بوویه‌وه و پشتیوانیشی له هه‌سه‌ده نه‌كرد. ئێران هه‌وڵده‌دات، شه‌ڕی توركیا – رۆژئاڤا بقۆزێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كورده‌كان له رژێمی ئه‌سه‌د نزیكبكاته‌وه و له‌دژی سوننهگهرێتی توركیا له ناوچه‌كه به‌كاریان بهێنێت.
یه‌كێك له ئاماژه سه‌ره‌تاییه‌كانی هه‌وڵی نزیككردنه‌وه‌ی ئه‌سه‌د و په‌یه‌ده، بانگهێشتی یه‌په‌گه بۆ سوپای رژێمی سووریایە بۆ ئه‌وه‌ی بچنه عه‌فرین به پاساوی پاراستنی سه‌روه‌ری و ئاسایشی سنووره‌كانی. یه‌كێك له گرنگترین ده‌ره‌نجامه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین، قوڵبوونه‌وه‌ی زیاتری دوژمنایه‌تی نێوان توركیا و سووریایه. له ئه‌گه‌ری قوڵبوونه‌وه‌ی زیاتری قه‌یرانی توركیا و سووریا و ئه‌گه‌ری رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازیی نێوانیان، رووسیاش ئه‌سته‌مه بتوانێت دۆخه‌كه كۆنترۆڵبكات. خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی ئیسرائیلی، ویستێكی ده‌سه‌ڵاتی دیمه‌شق ده‌رده‌خات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ته‌نیا ره‌فتار بكات به‌بێ ئه‌وه‌ی فه‌رمانی پێبكرێت. ده‌سه‌ڵاتدارانی دیمه‌شق پێیانوایه، ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین، ههلودهرفهتێكی گرنگه بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه‌كانی رۆژئاڤا له‌سه‌ر سینییه‌كی زێڕین پێشكه‌شیان بكرێته‌وه و دوباره بخرێنه‌وه ژێر ههژموونیانەوە.
توركیا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناخوازێ رووبه‌ڕووی زڵهێزه‌كان ببێتەوە. باشترین نموونه، كاتێك توركیا فڕۆكه جه‌نگییه‌كه‌ی رووسیای له سنووری سووریا خسته‌خواره‌وه، پێی باش بوو خۆی ببێته خاوه‌ن رۆڵێكی به‌هێز له سووریا و كارتی به‌كارهێنانی هه‌بێ، بۆیه ده‌ستی به دانوستان و ئاشتبوونه‌وه له‌گه‌ڵ مۆسكۆ كرد نه‌وه‌ك رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی. توركیا سیاسه‌تی به‌هاوسه‌نگ به‌ڕێوه‌بردنی په‌یوه‌ندییه‌كان جێبه‌جێده‌كات له‌گه‌ڵ رووسیا، ئه‌مریكا، چین و ئێران. توركیا به‌خۆ نزیككردنه‌وه‌ی له رووسیا ده‌یه‌وێ ئه‌مریكا له خۆی نزیكبكاته‌وه. توركیا ده‌زانێ ئه‌مریكا به‌نیازی ئه‌وه‌یه ئێران به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رۆڵی له سووریا نه‌مێنێت، له‌م سۆنگه‌یه‌وه توركیا هه‌وڵده‌دات مه‌رجه‌كانی خۆی به‌سه‌ر ئه‌مریكادا بسه‌پێنێت بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاری بێت له پێكانی ئامانجه‌كه‌ی و له‌م نێوه‌نده‌شدا ده‌یه‌وێ له باكووری سووریا پشكی خۆی وه‌ربگرێت.
به‌بۆچوونی رووسیا، وه‌ك چۆن ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین ده‌بێته هۆكاری دوورخستنه‌وه‌ی توركیا له ئه‌مریكا و كورد، به‌بۆچوونی توركیاش ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه ئه‌مریكا ملكه‌چ به سیاسه‌تی توركیا له ناوچه‌كه‌دا ده‌كات. وه‌ك چۆن ئێستا توركیا له رووسیا نزیكه، به‌ڵام به‌نزیكبوونه‌وه‌ی ئه‌مریكا له توركیا له‌ناو گۆڕه‌پانی سووریادا، رووسیا له توركیا دوورده‌كه‌وێته‌وه. هۆكاری مۆڵه‌ت پێدانی رووسیا بۆ هێرشكردنه سه‌ر عه‌فرین، بۆ ئه‌وه‌یه كه نێوانی توركیا و ئه‌مریكا گرژی زیاتری تێبكه‌وێت و قه‌یرانه‌كانی نێوانیان فراوانتر ببێت. له‌رێگه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرینه‌وه، رووسیا توركیا ده‌كاته دیلی به‌رده‌ستی خۆی. به‌ڵام توركیا كارتی رووسیا له‌دژی ئه‌مریكا و ناتۆ، هه‌روه‌ها كارتی ئه‌مریكاش له دژی رووسیا و كارتی سوپای سووریای ئازاد و گرووپه‌كانی دیكه‌ی ئۆپۆزیسیۆن له‌دژی رۆژئاڤا به‌كارده‌هێنێت. توركیا له رێگه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرینه‌وه هه‌وڵده‌دات ئه‌وه بسه‌لمێنێ كه به‌بێ توركیا ناكرێت هیچ سیناریۆیه‌ك له سووریا بكرێت یان تێكبدرێت.
له‌وه‌ته‌ی قه‌یرانی سووریا هەیە، رووسیا هه‌موو هه‌وڵ و توانا سه‌ربازیی و دیپلۆماسییه‌كانی خسته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی رژێمی سووریا له‌سه‌ر پێ بمێنێته‌وه و كۆتایی به‌و رژێمه نه‌یه‌ت. به‌ڵام له ئاست ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین هه‌م بێده‌نگی نواند هه‌م رۆڵی نێوه‌ندگیری ده‌دات. رووسیا سزای كوردانی رۆژئاڤا ده‌دات چونكه عه‌فرینیان راده‌ستی دیمه‌شق نه‌كرد و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كان هاوپه‌یمانی و دۆستایه‌تییان پێكهێنا و هاوكات ده‌یه‌وێ كه‌لێنه‌كانی نێوان توركیا و ئه‌مریكاش فراوانتر بكات. رووسیا گه‌مه‌یه‌كی فره‌ره‌هه‌ند ئه‌نجامده‌دات. گه‌مه‌یه‌كی سیاسی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موولایه‌ك دیلی ده‌ستی رووسیا بێت و خۆیشی پابه‌ند و په‌یوه‌ست به‌هیچ هێز، لایه‌ن و وڵاتێكه‌وه نه‌بێت. هه‌ر بۆیه رێگه‌ی به توركیا دا ئۆپه‌راسیۆن لەسه‌ر عه‌فرین بكات.
مۆسكۆ، ئه‌نکه‌ره و دیمه‌شق به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا تاكه یاریكه‌ری گۆڕه‌پانی سووریایه كه رۆڵی نێوه‌ندگیری بۆ كورد ده‌گێڕێت، دڵگرانن. ده‌یانه‌وێ به‌پێی ئه‌م پێشهاته‌وه سیاسه‌تێكی گونجاو بخه‌نه‌گه‌ڕ و له یه‌كدی نزیك ببنه‌وه. رووسیا وای بۆ ده‌چێت، به سه‌رهه‌ڵدانی ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین، هه‌لێكی دیپلۆماسی بۆ ره‌خساوه. ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین رێگری له په‌یه‌ده كردووه خۆی له یه‌كێك له‌م سه‌نته‌رانه نزیك بكاته‌وه. په‌یه‌ده هه‌وڵده‌دات له‌رێگه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی چڕ، له داهاتوودا بگاته ئامانجێك كه له دانوستان و گفتوگۆیه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا به‌شداریبكات و قه‌باره‌ی نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی زیاتر بكات. ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین وا له رژێمی سووریا ده‌كات ئه‌م ناوچه‌یه به چاوی بیانی سه‌یربكات. به‌رپرسانی په‌یه‌ده رووسیایان به خیانه‌تكار و رژێمی سووریاش به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه هه‌وڵی نه‌دا سه‌روه‌ری و یه‌كپارچه‌یی خاكه‌كه‌ی بپارێزێت.
له قۆناخه‌كانی داهاتوودا ره‌نگه دیمه‌شق و مۆسكۆ هه‌وڵه‌كانییان چڕبكه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له درێژه‌دان به ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی توركیا بكه‌ن و هه‌وڵبده‌ن په‌یه‌ده بخه‌نه نێو بهرهكهیانهوه. به‌مه‌ش ئه‌مریكای زڵهێز به‌ده‌ست به‌تاڵی ده‌مێنێته‌وه له گۆڕه‌پانی سیاسی كوردانی رۆژئاڤا. توركیاش بۆ ئه‌وه‌ی كوردانی رۆژئاڤا له‌ده‌ره‌وه‌ی هاوسه‌نگی سووریا بهێڵێته‌وه، هه‌موو هه‌وڵه‌كانی ده‌خاته‌گه‌ڕ. توركیا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له رێگریكردن له كوردانی رۆژئاڤا به‌رده‌وامده‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی له گفتوگۆ و دانوستانه‌كانی جنێڤ، ئاستانه و سۆچی به‌شدارنه‌بن. هه‌رچی رووسیا و ئه‌مریكایه، بۆ ئه‌وه‌ی توركیا به‌رەو لای خۆیان رابكێشن، ئه‌وانیش یاری سیاسیی خۆیان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ناچاری بكه‌ن ویسته‌كانی خۆیان به‌سه‌ریدا بسه‌پێنن.
توركیا ده‌یه‌وێ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هێرش بكاته سه‌ر هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی په‌یه‌ده ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ردا ده‌شكێته‌وه. توركیا ده‌یه‌وێ پشتیوانی رووسیا و ئه‌مریكا به‌ده‌ست بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی هێرش بكاته سه‌ر یه‌په‌گه و په‌یه‌ده. له‌وه‌ته‌ی ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین، ئه‌مریكا به‌رده‌وام په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان په‌یه‌ده و رووسیا تاقیده‌كاته‌وه، چونكه به‌رده‌وام گومانی هه‌یه. بۆیه ئه‌مریكا وه‌ك دینامیكێكی سه‌ره‌كیی، دوای ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین سیاسه‌تی نوێی خۆی دادهڕێژێتەوە و ئاراسته‌یده‌كات بۆ مانه‌وه یان نه‌مانه‌وه‌ی له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا. رووسیاش دوای ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتوو بوو له به‌هێزكردنه‌وه‌ی سووریا و گه‌یشته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه ده‌توانێ سوپای رژێمی سووریا دۆخه‌كه یه‌كلاییبكاته‌وه، ئه‌وسا سه‌ركه‌وتنی به‌ره‌كه‌ی خۆی و كۆتایی هاتنی قه‌یرانی ناوخۆی سووریای راگه‌یاند.
ئیسرائیل، هێشتا پێیوایه قه‌یرانی سووریا كۆتایی پێنه‌هاتووه، چونكه نه‌یتوانییوه هه‌ژموونی ئێرانی له ناوچه‌كه‌دا بشكێنێت و كۆتایی پێبهێنێت. ئه‌مریكا پێیوایه هێشتا پێگه‌ی لاوازه له سووریا و نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه ببێته تاكه لایه‌نی به‌هێز له‌م گۆڕه‌پانه‌دا. توركیاش پێیوایه هێشتا زۆر شت ماوه له گۆڕه‌پانی سووریا ئه‌نجامیبدا، بۆیه سوپاكه‌ی خستووه‌ته ئامادهباشیەوە بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واوی سنووره‌كانی خۆی له سووریا تا ده‌گاته عێراق بپارێزێ و درێژه به ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی بدات. قه‌یران و شه‌ڕی سووریا بووه‌ته شه‌ڕی رۆژئاڤا. هه‌موو یاریكه‌ره سه‌ره‌كییه‌كان ده‌زانن ئه‌گه‌ر له شه‌ڕی رۆژئاڤا سه‌ركه‌وتوو نه‌بن له شه‌ڕی سووریا سه‌ركه‌وتوو نابن. ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین قۆناخێكی نوێی به‌ره‌ی شه‌ڕ له سووریا كردووه‌ته‌وه. هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌پێی پێشهاته‌كانی ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه، به سیاسه‌تی خۆیاندا ده‌چنه‌وه. بۆیه له ئێستاوه هه‌وڵه‌كان چڕ كراونه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تییانه دیاریبكرێن كه له كۆبوونه‌وه‌كانی سۆچی به‌شدارییان پێده‌كرێت. به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانرێت باس له سه‌قامگیری و ئاسایشی سووریا بكرێت ئه‌گه‌ر شه‌ڕی عه‌فرین و رۆژئاڤا یهكلایینهكرێتهوه و كۆتایی پێنه‌هێندرێت.
هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌پشتیوانی هێزه هه‌رێمییه‌كان و گرووپه چه‌كداره نێوخۆییه‌كانی سووریا راسته‌وخۆ له شه‌ڕ و قه‌یرانی سووریا به‌شدارن. خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌ی ئیسرائیلی له‌لایه‌ن ئێرانەوە، خستنه خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی ئێرانی و بۆردومانكردنی بنكه‌ی سه‌ربازیی رژێمی سووریا له‌لایه‌ن ئیسرائیل، بۆردومانكردنی رژێمی سووریا له‌لایه‌ن ئه‌مریكا به‌هۆی بۆردومانكردنی هێزه‌كانی هه‌سه‌ده و ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین له‌لایه‌ن توركیاوه، ئاماژه‌یه‌كی روون و ئاشكرایه بۆ ئەوه‌ی قه‌یران و شه‌ڕی ناوخۆیی سووریا درێژه‌ده‌خایه‌نێت، به‌ڵام به‌دیوێكی دیكه كه ئه‌ویش دیوی رۆژئاڤایه.
هه‌ڵه‌یه بیر له‌وه بكه‌یته‌وه ئه‌مریكا و رووسیا كێبڕكێی یه‌كدی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی پشتیوانی كورده‌كان به‌ده‌ستبهێنن. ئه‌م دوو وڵاته زڵهێزه تارادده‌یه‌ك پشتیوانی كورد ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان به‌جێبگه‌یێنن. كێبڕكێی راسته‌قینه و سه‌ره‌كی ئه‌م دوو زڵهێزه، بۆ ئه‌وه‌یه كامه‌یان هه‌ژموونی خۆیان به‌سه‌ر ده‌ریای سپی‌دا بسه‌پێنن. كورد و رۆژئاڤا هیچ هاوپه‌یمان و دۆستێكی نییه. به‌ڕاشكاوی ده‌یڵێم، زڵهێزه‌كان و هێزه هه‌رێمییه‌كان پاساو و بیانوو ده‌دۆزنه‌وه كه چۆن دژایه‌تیی هه‌میشه‌یی كورد بكه‌ن. ئه‌وان ده‌خوازن له‌رێگه‌ی شه‌ڕ و كوشتاره‌وه بۆ چه‌ندین ساڵی داهاتوو درێژه به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بده‌ن. ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین ئاماژه‌یه‌كی راسته‌وخۆیه كه له رۆژئاڤا شه‌ڕ درێژه‌ی پێده‌درێت و بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر ده‌خایه‌نێت.
لینکی لێکۆڵینەوەکە:
عه‌فرین له شه‌ڕی سووریاوه بۆ شه‌ڕی رۆژئاڤا