شرۆڤە

گرانترین پەرلەمانی جیهان؛ تێچووی خولێکی پەرلەمانی عێراق چەندە؟

14-10-2025


بڕیارە 11ی 11ی 2025 هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان بچنە سەر سندووقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمان ، کە تێچووی ئەم پەرلەمانە ساڵانە نزیکبووەتەوە لە نیو ملیار دۆلاری ئەمریکی.

بەپێی داتاکانی کۆمیسۆن لەم خولەی هەڵبژاردن 7768 بەربژێر لە 18 پارێزگادا پێشبڕکێ دەکەن بۆ بردنەوەی 329 کورسی ئەنجومەنی نوێنەران. سەرەڕای جیاوازی گەورە لە ژمارەی بەربژێرەکان لەڕووی دیمۆگرافیای دانیشووان لەپارێزگاکان دا، ئەوا دەتوانین بیژین گرانترین پەرلەمان و پەرلەمانتار لەئاستی ئەو وڵاتانەی پەرلەمانیان تێدایە و دەوڵەتەکانیان فیدراڵییە، عێراق یەکەمە و بەجیاوازییەکی گەورە وڵاتی دووەم دێت.  

بەپێی داتاکانی کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ساڵ بە ساڵ ژمارەی هاوپەیمانی و پارتە سیاسییەکان لە عێراق روو لە هەڵکشانە و ژمارەی ئەوانەی خۆیان وەک بەربژێر تۆمار دەکەن زیاتر دەبێت، بۆ نموونە لە یەکەم خولی پەرلەمان ژمارەی بەربژێرەکان 6 هەزار و 655 کەس بووە، بەڵام بۆ بۆ هەڵبژاردنەکەی مانگی داهاتوو 7768 بەربژێرە، واتە بەرێژەی 16٪ زیادیکردووە.

 هاوشێوەی بەربژێرەکان، پەرلەمانی عێراق خەرجییەکانیشی روو لە زیادبوون بووە؛ بۆ نموونە بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی بۆ خەرجییەکان، ساڵ بە ساڵ خەرجی پەرلەمان و دامەزراوەکانی بەتێکڕا بەرێژەی 3.1٪  زیاد دەکات و لەماوەی دە ساڵی رابردوودا 2015-2024دا کۆی گشتی خەرجییەکان بەرێژەی 30٪ زیاد بووە، لەکاتێکدا کۆی خەرجییەکان لە 2015دا 470 ملیار دینار بووە، بەڵام لە 2024دا گەشتووەتە 612 ملیار دینار وەکو لە گرافیکی یەکەمدا هاتووە.

لەو رێژەی 30٪ زیادبوونەی دەیەی رابردوو زۆربەی زیادبوونەکەی خەرجییەکان بۆ بەکارخستن بووە بەمجۆرە؛ خەرجی مووچە بەرێژەی 18٪ بووە، کە کۆی خەرجییەکان بەتەنیا بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ئەنجومەنی نوێنەران و دامەزراوە سەربەخۆکانی سەر بە پەرلەمانی عێراق لە 469 ملیار دینار گەشتووەتە 607 ملیار دینار بۆ ساڵیک.

گرافیک 1: خەرجییەکانی پەرلەمانی عێراق و دامەزراوە سەربەخۆکانی سەر بە ئەنجومەنی نوێنەران 2015-2024

سەرچاوە: راپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی  عێراق، داهات و خەرجییەکانی ساڵانە 2015-2024.

بەپێی داتاکانی IPU و راپۆرتی پەرلەمانی ویڵز لە بەریتانیا بۆ بەراوردی مووچەی پەرلەمانتاران لەنێو پەرلەمانەکانی 16 وڵاتی جیهان دا، پەرلەمانتاری عێراق گرانترینیانە کە ساڵانە دەگاتە 216 ملیۆن دینارە و ئەمەش سێ هێندەی مووچەی پەرلەمانتارێکی وەک وڵاتانی سوید، ئیرلەندا، فەرەنسا، نویزلەندا و فینلەندا. هەروەها، دوو هێندەی وڵاتانی وەک بەریتانیا، ئەمریکا و ئەڵمانیا.

ئەم دابەشبوونەی سامانی نەوت بەسەر ئەم دامەزراوەیەدا وایکردووە، کەوا پەرلەمانتارانی عێراق گرانترین پەرلەمانتار بن لەئاستی ناوچەکە و وڵاتانی ئەورووپا و بگرە دوو گەورە وڵاتی دیموکراسی جیهان ئەوانیش بەریتانیا و ئەمریکا، بەشێوەیەک ساڵانە پەرلەمانتارێکی عێراق مووچەی بنەڕەتییەکەی 96 ملیۆن دینارە بەبێ مووچەی پاسەوانان کە 16 پاسەوانی بۆ دانراوە لەم خولانەدا و پێشووتر 40 پاسەوان بووە!

لەراستیدا ژمارەکان لە عێراق بەهۆی ناکۆکییەوە زیاتر دەردەکەوێت تاوەکو بڵاوکراوە فەرمییەکان، بۆ نموونە ماوەکانی رابردوودا پەرلەمانتارێکی عێراق رایگەیاند کەوا مانگانە نیوەی مووچەکەی کە 9 ملیۆن دینار بووە داوە بە پارتەکەی، بەمشێوەیەش بێت پەرلەمانتارەکە 18 ملیۆن دیناری مانگانەی وەک مووچە وەرگرتووە، کەوا ئەگەر مووچەی پاسەوانەکان لەسەر خەرجی پەرلەمانتار لە عێراق هەژمار بکەین ئەوا کۆی گشتییەکەی دەگاتە 288 ملیۆن دینار لە ساڵیکدا و بەجیاوازییەکی گەورەش دەکەوێتە پێش مووچەی هەموو پەرلەمانتاران لەو وڵاتانەی لە خشتەی یەکەمدا هاتووە.  

خشتەی 1: مووچەی پەرلەمانتاران لە پەرلەمانی عێراق و وڵاتان بۆ 2024-2025 لەساڵیکدا

سەرچاوەکان: لیژنەی سەربەخۆی کرێ و موچەی وێڵز، ، ئای پی یو، IPU داتای جیهانی لەسەر پەرلەمانە نیشتمانییەکان، کۆنگریسی ئەمریکا، مووچەی پەرلەمانتار لە عێراق. 

تێبینی 1، یەک پاوەند بە 1.34 دۆلار و بە 0.00085 دینار دانراوە

تێبینی 2، ئەم مووچە بنەڕەتییە زیاد دەکات بەپێی بڕوانامە، ئەگەر پەرلەمانتار ماستەر یان دکتۆرا هەبێت. 

تێبینی 3، داتاکانی "عێراق مووچەی پەرلەمانتارێک لەسەر بنەمای بڵاوکراوەی پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری لەم خوولەی ئێستا پەرلەمان وەرگیراوە.

تێبینی 4، ژمارەی پاسەوانەکان لە خوولەکانی پێشووتردا 40 پاسەوان بووە و ئێستا 16 پاسەوانە، بەڵام لە پەرلەمانتارێکەوە بۆ یەکێکی دیکە شێوازی ئەم 16 پاسەوان دەگۆرێت،

لەکاتێکدا پەرلەمان و پەرلەمانتارانی عێراق گرانترینن لەئاستی وڵاتانی جیهان، بەڵام بەپێی ئیندێکسی فریدۆم هاوس بۆ ئازادی و دیموکراسی ئەوا عێراق نەوەکو ئازاد نییە بەڵکو لەریزبەندییەکەدا پلەی 31/100 گرتووە. لە راپۆرتی 2024ی دامەزراوەکەدا لەبارەی پرۆسەی دیموکراسی لە عێراقدا هاتووە " عێراق هەڵبژاردنی رێکخراو و کێبڕکێیانە بەڕێوە دەبات، و گرووپە جیاوازەکانی حیزبی و ئایینی و نەتەوەیی لە وڵات بەگشتی بەشداریی و نوێنەرایەتی دەکرێن لە سیستەمی سیاسیدا؛ بەڵام لەراستیدا حوکمڕانی دیموکراسی لەعێراقدا بە هۆی گەندەڵی و میلیشیاکانی کە لە دەرەوەی سنووری یاسا کاردەکەن و لاوازی دامەزراوە فەرمییەکانەوە رێگری لێدەکرێت و ئاستەنگی بۆ درووست دەکرێت. بەرپرسانی دەوڵەت و میلیشیا بەهێزەکان بە ڕێکوپێکی پێشێلکاری لە مافەکانی هاووڵاتیان دەکەن لەڕێگای یاسایی و دەرەوەی یاساوە".

هەروەها، ئەگەر بەربژێرەکانیش بەرێژەی دانیشتووان و دیمۆگرافیا لێکبدەینەوە، ئەوا بەنزیکەی هەر 80  خێزانێک لە عێراق بەربژێریکی بۆ پەرلەمان هەیە، ئەمە لەکاتێکدا لەرووی رەگەزییەوە نایەکسانییەکی گەورە لە بەربژێرەکان بەدیدەکرێت چونکە بەپێی دوایین سەرژمێری دیمۆگرافیای دانیشتووانی عێراق رێژەی نێرینە 50.1٪ و مێنە 49.9٪، بەڵام رێژەی بەربژێری نێرینە بۆ پەرلەمان 69.8٪ و مینە 30.2٪ کە زۆربەشی ئەو ئافرەتانەی دانراون بۆ بردنەوەی کورسی کۆتای ژنانە لە بازنەکانی هەڵبژاردن.

لەکۆتاییدا، ئەم خەرجییە 2 ملیار دۆلارییەی هەر خولێکی پەرلەمان و دامەزراوە سەربەخۆکانی عێراق لەکاتێکدایە وڵاتەکە هێشتا بۆ زۆربەی یاساکان دەگەڕێتەوە بۆ یاساکانی پێش 2005 و نەیتوانیوە یاسای نەوت و گاز دەربکات کە رێژەی 91٪ داهاتی دەوڵەت و 85٪ گەشەی بەرهەمی نێوخۆی پێکدەهینێت.

Share this Post

شرۆڤە