شرۆڤە

گرنگی سەرۆكایەتی كۆمار بۆ شیعەكان

03-02-2022


 

RRC |

یاسین تەها|

بۆچوونێكی باو هەیە پێیوایە لە رژێمە پەرلەمانییەكاندا سەرۆكایەتی كۆمار زیاتر پۆستێكی تەشریفاتییە، ئەم لێكدانەوەیە لە شرۆڤەكانی پەیوەست بە رژێمی سیاسی عێراقدا زەقترە، بەتایبەت كە دەستور هیچ جۆرە ڤیتۆیەكی لەسەر یاساكان بە سەرۆككۆمار نەبەخشیوە. هەروەها رۆڵێكی بچوك و لاوەكیشی لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەماندا هەیە (مادەی 64ی دەستور)، لەڕووی كرداریشەوە لە خولی پێشووتردا پەرلەمان هەندێ یاسای دەردەكرد كە لەڕۆژی دەرچوونییەوە دەچووە بواری جێبەجێكردن، ئەمەش دەرگای كردەوە بۆ ئەوەی واژۆ ڕۆتینییەكەی سەرۆ كۆمار لەسەر یاساكان پێویست نەبێت و ئەگەر تا 15 رۆژیش نەیكات، ئەوە یاساكە ئۆتۆماتیكی هەر بەدەرچوو دادەنرێت (مادەی 73ی دەستور بڕگەی دوو)، بەڵام لەپاش ساڵی 2010، كە شیعەكان لە بەرامبەر لیستەكەی عەلاوی (العراقیة) بۆ دوو بەرە دابەشبوون، مشتومڕێكی گەرمی یاسایی و سیاسی لەسەر دیاریكردنی “گەورەترین لیست” هاتە كایەوە كە دەستور كردوویەتی بە خاوەن مافی پێكهێنانی حكومەت (مادەی 76)، ئەمەش وایكرد پێگەی سەرۆكایەتی كۆمار لە دەستپێكی خولە پەرلەمانییەكاندا گرنگییەكی تایبەتی لای پێكهاتەی شیعە پەیدا بكات، چونكە واژۆی راسپاردن و مامەڵەكردن لەگەڵ “گەورەترین لیست” بەدەستی ئەوە، هەروەها جارێكی دیكە زەمینەی ئەوە نەما هەموو لایەنە شیعەكان هاوپەیمانییەكی یەكگرتووی گشتگیر پێكبهێنن وەك ئەوەی لە 2005 كردیان (ليستى 169).

لە 2014 كە نوری مالیكی ليستەكەی 92 كورسی و خۆیشی بەتەنیا لە بەغدا 721 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، پێداگربوو لەسەر ئەوەی سەرۆكی پێشووتر د. فوئاد مەعسوم رایبسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت لە خولی سێیەمی سەرۆكایەتی وەزیران، بەڵام سەرۆككۆمار لەبەر رۆشنایی پێكهاتنی لایەنە شیعەكان لەسەر گۆڕینی مالیكی و ئامۆژگاری سیستانی بۆ گۆڕینی سەرۆكوەزیران، راسپاردنەكەی دواخست تا جێگرەوە ئامادەكرا و لە بری مالیكی حەیدەر عەبادیی راسپارد كە دواتر زۆرینەی شیعەكان و زۆرینەی پەرلەمانیش متمانەیان پێ بەخشی، بەمەش سەرۆكایەتی كۆمار رۆلێكی سەرەكی هەبوو لەو گۆڕانكارییە سیاسییە و لەسەر ئەمەش، كەوتە بەر هێرش و هەڕەشەی سكاڵا تۆماركردنی مالیكی لە دادگای فیدراڵی بەر لەوەی دواتر ملكەچ بكات بۆ “كودەتای سپی” ی ناو حیزبی دەعوە.

بایەخی پێگەی سەرۆككۆمار لە خولی رابردوودا (چوارەم) زیاتر لە هی پێش خۆی دەركەوت. لەم خولەدا كۆی سیستمی سیاسی عێراق كەوتە بەر مەترسییەكی گەورە بەهۆی خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019، بۆ یەكەمجاریش لە مێژووی پرۆسەی سیاسی سەرۆكوەزیران ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرا (عادل عەبدولمەهدی)، جێگرەوە پێشنیاركراوەكەشی محەمەد عەلاوی نەیتوانی لە ماوەی 30 رۆژی دەستوریدا حكومەت پێكبهێنێت، لەم كاتەشەدا سەرۆككۆمار پشت ئەستوور بە بریارێكی یاسایی دادگای فیدراڵی (29 / 2020) مافی ئەوەی وەرگرت كە خۆی سەرپشك بێت لە راسپاردنی كەسایەتییەك بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەمەش سەری گوریسەكەی لە دەستی هێزە شیعەكان دەركرد و دەرگای كردەوە بۆ راسپاردنی عەدنان زورفی و دواتر مستەفا كازمی كە دوو كەسایەتیی بە رەگەز شیعەی بە ئاراستە مەدەنی بوون و، دووەمیان كە ئێستا دەستبەكارە، بوو بە یەكەم سەرۆكوەزیرانی عێراقی پاش 2003 لەدەرەوەی بازنەی “ئیسلامی سیاسی شیعە”. بەشێك لە هۆكاری راسپاردنیشی لەپاش لێكەوتەی خۆپیشاندانەكانی تشرین بۆ دەسەڵات و یاریی سەرۆككۆماری ئێستا د. بەرهەم ساڵح دەگەڕێتەوە، لە كاتێكدا لایەنە شیعەكان لەسەر راسپاردنی ئەسعەد ئەلعیدانی پارێزگاری بەسرە پێداگربوون، ئەوكاتیش باوەڕێكی زاڵ هەبوو كە ناوبراو وەلائی و میلیشیاییە.

لەخولی نوێی ئێستا (پێنجەم) كە هێشتا مشتومڕەكان لەبارەی “گەورەترین لیست” یەكلایی نەبوونەتەوە و كێشەكە لە بێنەو بەردەی دادگای فیدراڵییە، جارێكیتر سەرۆكایەتی كۆمار بۆ دووبەرە ركابەرەكەی شیعە (سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی) گرنگییەكی زۆری هەیە، چونكە دەركردنی فەرمانی راسپاردنی سەرۆكوەزیرانی لەدەستدایە بەمەرجێك لە “گەورەترین لیست” ی ناو پەرلەمان بێت (مادەی 76 ی دەستور). سەرۆكوەزیرانی راسپێردراویش 30 رۆژی لەبەردەستە بۆ پێكهێنانی كابینەكەی، ئەگەر لەو ماوەیەش نەیتوانی، ئەوە بەگوێرەی بڕیاری دادگا دیاریكردنی راسپێردراوی دووەمیش مافی سەرۆك كۆمارە. ئەمە هەموو لە كاتێكدا چەقی ناكۆكییەكانی شیعە لەسەر حكومەتی داهاتوو لەسەر كەسایەتی سەرۆكوەزیرانە.

لە هەفتەی داهاتوو (7 شوبات) كە بڕیارە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەڕێوەبچێت، ئەگەر سەرۆككۆمار لەو زۆرینەیە بێت كە سەدرییەكان و هاوپەیمانی سیادە (سوننە) و پارتی كۆدەكاتەوە، ئەوا رۆڵی سەرەكی دەبێت لە پەسەندكردنی “گەورەترین لیستی” سەدرییەكان و دواتریش راسپاردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، بەڵام ئەگەر سەرۆكوەزیران لە بەرەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە دەربچێت ئەوا سەدرییەكان و هاوپەیمانییەكەیان كاریگەریی گەورە لەدەست دەدەن لە راسپاردنی سەرۆك وەزیران. ئەم كاریگەرییەی سەرۆكایەتی كۆماریش لە پرۆسەی ڕاسپاردنی سەرۆكوەزیران وەها دەكات مشتومڕەكانی پەیوەست بە سەرۆكایەتی كۆمار لە كێشەیەكی ناوخۆیی كوردییەوە كە خۆی بەخاوەنی پۆستەكە دەزانێت، بكاتە بەشێك لە ناكۆكیی شیعەكان لەبارەی شێواز و شوناسی سەرۆكوەزیرانی داهاتوو، هەر ئەمەش وادەكات پرسەكە رەهەندێكی گەورەتر لە پارتی و یەكێتی هەبێت و لایەنە شیعە و سوننە هاوپەیمانەكانیشیان پەیوەندیداربن بە ئینتیماو ئاراستە و كەسایەتی سەرۆك كۆماری داهاتوو. هەروەها رۆڵی سەرەكیشیان هەبێت لە یەكلاییكردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار لە بەرژەوەندی ئەو ئاراستەیەی كە نوێنەرایەتی دەكەن.

Share this Post

شرۆڤە