RRC |
مامەند رۆژە
دۆخی سوریا خەریکە دەبێتە گرێکوێرەیەکی ناودەوڵەتی. لە ئیدلب فڕۆکەیەکی رووسی دەخرێتەخوارەوە. لە جۆلان فڕۆکەیەکی ئێف ١٦ی ئیسرائیلی بەمووشەکی بەرگری ئاسمانی سوری دەخرێتەخوارەوە. لە عەفرین هەلیکۆپتەرێکی تورکی بەدەستی شەڕڤانانی کورد دەخرێتەخوارەوە. ئیسرائیل ئێران تۆمەتباردەکات و ئێران هەڕەشە دەکات. تورکیا لە لێواری هێرشکردنەسەر منبجدایە. رووسیا ئەمریکا تۆمەتباردەکا بەتێسرەواندنی هێزەکانی سوریا لە دێرەزوور و ئەمریکاش پەلامارەکە لەئەستۆدەگرێت.
پرسیار: ئایا ئەم هاوکێشە تازەیەی سوریا جیهان بەرەو جەمسەربەندییەکی نوێ دەبات؟
گریمانە: دەتوانین بڵێین دۆخی سوریا گرێکویرەی جیۆسیاسی و جیۆستراتیژی دەخاتەوە کە ئەگەری هەیە سەرلە نوێ جیهان بەسەر چەند جەمسەرێکی نوێدا دابەشبکاتەوە.
گرێکوێرە: سوریا بەکردەوە پارچەدەبێت
لەوەتی لە جنێڤ ئەمریکا دەستی بەسەر رۆژهەڵاتی سوریا و رووسیاش دەستی بەسەر رۆژئاوای ئەم وڵاتەدا گرتووە، بەقسەی پسپۆڕانی ستراتیژی، سوریا بەکردەوە بەسەر دوو کەرتی سەرەکیدا دابەشبووە. ئا لەمەوە ململانێکانی ئەم وڵاتە پێی ناوەتە دۆخێکی جیاوازەوە.
بەمجۆرە هەر ئێستا لە گۆڕەپانی سوریا چەندین دەوڵەتی زلهێزی جیهانی، کیشوەری و ناوچەیی خەریکی تەراتێنن. ئەمریکا بە پشتیوانی هێزەکانی سوریای دیموکراتی، دەستی بەسەر باکووری رۆژهەڵاتی ئەم وڵاتەدا گرتووە. هەروەها چەندین بنکەی سەربازی زەمینی و ئاسمانی نۆژەن کردووەتەوە و تێیدا هێزی جێگیرکردووە.
رووسیا لە دوو بنکەی ئاسمانی هێزەکانی زیادکردوون. هەروەها لە چەندین بنکەی زەمینیش خەریکی جێگیرکردنی هێزەکانییەتی. رووسیا بەتەمایە ئاسمانی سوریا بە سیستەمی بەرگری مووشەکی ئێس ٣٠٠ دابپۆشێت.
ئێران بەپێی جاڕی فەرمی خۆی رایگەیاندووە بوونی هێزەکانیان لەسەر داوای دەوڵەتی سوریایە و زیاتر بەمەبەستی راوێژکارییە. ئەمە لەکاتێکدایە چەندین میلیشیای ئێرانی، لوبنانی و عێراقی لەسەر خواستی سوپای قودس لەناو سوریا بنکە و بارەگایان هەیە و لە جەنگەکاندا بەشدارن. تەنانەت سوپای جیهانی شیعە بەقسەی هەندێک لە شارەزایان لە سوریاوە بنیاتدەنرێت.
تورکیا ماوەی دووساڵە بۆ ئەوەی لە کاروان جێنەمێنێ، بەکردەوە دەستی داوەتە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی. ئەقڵی ستراتیژی دەوڵەت لە ئەنکەرە بەو قەناعەتە گەیشتووە کەوا سوریا بەکردەوە خەریکە پارچەدەکرێ و ئەگەر فریانەکەون ئەوە هیچ پێگەیەکی لەناو سوریا نامێنێت. بۆیە بە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فرات دەستی پێکردووە و سێگۆشەی جەرابلۆس – عەزاز – بابی لێ دابڕیوە. ئێستاش خەریکە ئۆپەراسیۆنی عەفرین جێبەجێدەکا و بەتەماشە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئۆپەراسیۆنی ئیدلب پیادەبکات. تورکیا دەیەوێ ئەو شوێنانەی داگیریاندەکا، بەناوی ئۆپۆزیسیۆنی سوننەوە سیستەمی حوکمیان تێدا جێگیربکات.
ئیسرائیل لەوەتی بەهاری عەرەبی دەستی پێکردووە، بەبیانووی پاراستنی ئەمنی ستراتیژی خۆی، بەردەوام هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بارەگاکانی رژێمی ئەسەد و هێزەکانی حزبوڵلا و بەمدواییانەش ئێران ئەنجامدەدات. لەم رۆژانەشدا ئیسرائیل ئیدیعادەکات کەوا رێگە بە جێگیربوونی ئێران لەتەنیشت سنوورەکانی نادات. هەروەها لەسەر خاکی لوبنان دیواری بتۆن بنیادەنێ کە خەریکە دەرگا لەبەردەم قەیرانێکی نوێدا دەکاتەوە. لەولاش دەیەوێ بە بەشیک لە ئۆپۆزیسیۆنی سوریا هەندێک ناوچەی سویدا بکاتە ناوچەی پەرژینی ئەمنی.
فەرنسا و ئەڵمانیاش لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نەهێشتنی داعشدا ژمارەیەک هێزی خۆیان لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریادا جێگیرکردووە و بەکردەوە هاوکاری هێزەکانی سوریای دیموکراتی دەکەن. ئەم دوو وڵاتەش دەیانەوێ لەرێی هەسەدەوە کاریگەریان لەسەر دۆخی سوریا هەبێ و نایانەوێ لە پرسەکان جێبمێنن.
ئوردن بەپشتیوانی عەرەبستان، ئیمارات و ئەمریکا خەریکە لە باشوور و باشووری رۆژئاوای سوریا هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن پێکەودەنێ و ئەم هێزەش خەریکە دەست بەسەر خاکدا دەگرێ و بەتەماشە ئەم هێزە بە قەلەمڕەوی هێزەکانی سوریای دیموکراتی بگەیەنێت.
گریکوێرە: چارەنووسی هێزە کوردستانییەکان
لەم هەنگامەیەی سوریادا خەریکە جۆرێک لە جەمسەربەندی نوێ لە جیهاندا دێتەکایەوە. لەلایەک هێزە ئەتڵەسییەکان خەریکن پێگەی خۆیان جێگیردەکەن. بۆیە دەیانەوێ ستراتیژیەتی خۆیان لە نەهێشتنی داعشەوە بۆ رووبەرووبوونەوەی نفوزی ئێران (لەراستیدا نفوزی ئۆراسیا) بگۆڕن. بۆیە پێگە و ستراتیژییەتی هێزە ئەتڵەسییەکان بۆ مانەوەی درێژخایەن گۆڕانی بەسەردا دێت.
هەروەها هێزە ئۆراسیاییەکان بەسەرکردایەتی رووسیا و کازاخستان، دەیانەوێ لە سوریادا خاوەن پێگەی یەکەم بن. جگە لەوە بە پێشەنگ خستنی کازاخستان دەیانەوێ بە تیرێک دوو نیشان بپێکن: یەکەم – مۆدێلێکی ئۆراسیایی ئیسلام لەدایکدەبێ کە رۆڵێکی ئیسلام – ئۆراسیا بەم وڵاتە دەبەخشێت. دووەم – لەرێی کازاخستانەوە دەرگاکان بەرووی تورکیادا دەکرێتەوە کە دەیانەوێ لە ناتۆی دووربخەنەوە و بۆ ناو ئەم هاوپەیمانییە رایبکێشن.
هێزە کوردییەکان هێزی زەمینی سەرەکی هاوپەیمانی ئەتڵەسین. ئەمە پێگەی جزیرە – کۆبانی بەهێزدەکات بەڵام پێگەی عەفرین دەخاتە مەترسییەوە، چونکە رووسەکان بەئاسانی دەتوانن عەفرین بە تورکەکان بفرۆشن. لەلایەکیش ئەمریکا جەخت لەسەر مانەوە لە منبج دەکاتەوە، ئەمەش تورکیای دەهری کردووە. بۆیە تورکیا بەردەوام هەڕەشەی دوورکەوتنەوە لە ناتۆ دەکات. لەولاش روووسیا لەدوای گەمارۆکانی ئەرووپا سەبارەت بە قەیرانی ئۆکراینا، پرۆژەی هەناردەکردنی گازی سروشتی بەسەر ئۆکراینا بۆ ئەورووپای راگرتووە و دەیەوێ لەرێی تورکیا و بولغارستانەوە ئەمە ئەنجامبدات.
لەدوای واژۆکردنی پرۆژەی تورک ستریم، رووسیا بەفەرمی دەیەوێ گازی سروشتی بەسەر تورکیا بۆ ئەورووپا بنێرێت. تورکیا کە گیرۆدەی دەستی کەمی هایدرۆکاربۆنە،٦٠% گازی سروشتی خۆی لە رووسیا و ٣٠% لە ئێران و ١٠% لە ئازەربایجان هاوردەدەکات. بۆ ئەمەش لەدوای نەهێشتنی قەیرانی فڕۆکە رووسییەکە و لەدوای کوودەتا شکستخواردووەکە، ئەردۆغان بە جێتێکی تایبەتی سەردانی سان پیتەرزبۆرگی کرد و سوپاسی پووتینی کرد کە لەدژی کوودەتاکە پشتیوانی لێکردووە!
ئەم شەترەنجە فۆرموولێکی ئاوا دەخاتە بەردەست: کوردستان ناوجەرگەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە. خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش هارتلاندی تازەی جیهانە. بەقسەیەکیش سوریا کەرتی خۆرئاوای ئەم هارتلاندەیە. لەبەر ئەمە گەمە جیۆسیاسی و جیۆستراتیژییەکانی جیهان خەریکە لە سوریاوە یەکلایی دەکرێنەوە.
ئەگەر کورد باش پێگەی جیۆسیاسی خۆیان وەخوێنن، ئەگەر باش تانوپۆی هاوپەیمانییە ستراتیژییەکانیان بهۆننەوە، ئەگەر هەڵەی ستراتیژی نەکەن و بەوردی بۆشاییە جیۆسیاسییەکانی سوریا پڕبکەنەوە، ئەوە پێگەی ناوکیشوەری کوردستان لە هارتلاندی تازەی جیهانیدا بەروسەمەری خۆی دەدات و لە سەرەتای ئەم سەدە تازەیەدا، هاوکێشە ستراتیژییەکانی سوریا دەرگای سەردەمێکی نوێ بەرووی کورددا دەکەنەوە.