بەرایی
حکوومەتی سووریا چاوەڕێی لێکدانەوەی شارەزایان بۆ باسکردنی کاریگەریی شەڕی رووسیا – ئۆکراینا لەسەر ناوخۆی سووریای نەکرد و، لە رۆژی پاش دەستپێکی هێرشەکەی رووسیاوە کەمکردنەوەی خەرجیی راگەیاند وەک هەنگاوێکی پێشوەختە بۆ رووبەڕووبوونەوەی رەنگدانەوەی شەڕەکە. هەروەها، سەرۆکی سووریا دوانەکەوت لە راگەیاندنی پشتیوانیی تەواوی خۆی بەبێ دوودڵی بۆ رووسیا لە شەڕەکەی دژ بە ئۆکراینا دا، ئەویش لە رێی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کە لەگەڵ ڤلادیمێر پووتنی سەرۆکی رووسیا لە ڕۆژی ٢٦ی شوبات، واتە کەمتر لە ٤٨ کاژێر لە سەرەتای شەڕەکەوە، ئەنجامی دا. ئەوەی لە هەڵوێستی سەرۆکی سووریادا سەیر بوو ئەوە بوو کە لە کاتێکدا خەریک بوو تەواوی جیهان ئەو شەڕە رەت بکاتەوە، سەرۆکی سووریا پێیوابوو رووسیا (بەم شەڕەی “تەنیا بەرگری لە خۆی ناکات، بەڵکو لە جیهان و لە بنەماکانی دادوەری مرۆڤایەتییش” دەکات).لە لایەکی دیکەوە، ئۆپۆزسیۆنی سووریا، کە بارەگاکەی لە تورکیایە، بە هەردوو باڵی سیاسی و سەربازییەوە، پشتیوانیی رەهای خۆی بۆ ئۆکراینا دەربڕی.ئەم جەمسەرگیرییە توندە مایەی سەرسامی نییە، بەڵکو دەربڕینێکی واقعییانەیە لە قەبارەی رۆڵی رووسیا لە سووریا و قووڵیی تێوەگلانی لە شەڕی ئەو وڵاتەدا کە خەریکە دەبێتە شەڕی رووسیا خۆی.
کاریگەریی شەڕەکە لە سەر هەندێک لایەنی بنەڕەتی لە سووریادا
کاریگەریی ئابووری:
سووریا لە کاڵا و بابەتگەلێکی بنەڕەتیدا پشتبەستووە بە رووسیا، لە پێشەوەی ئەو کاڵایانەیش گەنم و بەرهەمە نەوتییەکان دێن کە سووریا بە دەست کەمییەکی زۆریانەوە دەناڵێت. بە هۆی ئەو وشکەساڵییەوە کە پار لە سووریای دابوو، کە ماوەی زیاتر لە ٧٠ ساڵ بوو بە خۆیەوە نەیدیتبوو. هەروەها، هەڵکەوتەی ناوچە بە پیتەکانی بەرهەمهێنی گەنم لە ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتەوەیە، بۆیە سووریا بە دەست کەمییەکی زۆری گەنمی ئەمبارکراوەوە دەناڵێت، هەربۆیەش ناچارە ساڵانە 1.5 ملیۆن تۆن هاوردە بکات، لە کرمیا و بێلاڕووس و رووسیاوە کە یەکەمین وڵاتی جیهانە لە ڕووی هەناردەکردنەوە و ساڵانە زیاتر لە 37 ملیۆن تۆن هەناردە دەکات. ئەمە پاش ئەوە بوو کە سووریا پێش شەڕ، ساڵانە زیاتر لە 2.5 ملیۆن تۆنی بەرهەم دەهێنا، ئەو بڕەیش وایدەکرد خۆی بەڕێوەببات و توانای هەناردەکردنی بڕێکیشی بۆ دەرەوە هەبێت. لە بواری بەرهەمە نەوتییەکان، سووریا بەنزین و گازوایل لە رووسیا هاوردە دەکات. لە سەرەتای شوباتی 2021دا، سووریا چەند گرێبەستێکی لەگەڵ رووسیا واژوو کرد بۆ هاوردەکردنی بەنزین و گازوایل، کە لە ڕێگەیانەوە رووسیا لە ماوەی شەش مانگدا 180 هەزار تۆن گازوایل بۆ سووریا دابین دەکات، بە تێکڕای 30 هەزار تۆن لە مانگێکدا، بەڵام ئەم بڕە تەنیا 35%ی پێویستیی سووریای دابینکرد و کورتهێنانەکە 429 هەزار تۆن بوو، وەک وەزیری نەوتی سووریا بە پەرلەمانی وڵاتەکەی راگەیاند و ئەوەیشی ئاشکرا کرد کە وڵاتەکەی لە ساڵی 2020دا تەنیا 9 هەزار بەرمیل نەوتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بەرهەم هێناوە لەکاتێکدا ناوچەکانی رێڤەبەریی خۆسەر لە هەمن ساڵدا رۆژانە نزیکەی 80 هەزار بەرمیلی رۆژانەی بەرهەم هێناوە. جگە لەم کاڵا بنەڕەتییانەیش، سووریا بۆ زۆر لە ماددە خۆراکییەکان پشت بە رووسیا دەبەستێت کە بەشێکیانی وەک یارمەتی پێشکەشدەکات. لەبەر ئەمە کاریگەرییەکە راستەوخۆ دەرکەوت بە نەمانی هەندێک ماددە لە بازاڕەکان و بەرزبوونەوەی نرخی ئەوانی دیکە و دابەزینی بەهای لیرە، کە لە ماوەی 20 رۆژی شەڕەکە 35%ی بەهای خۆی لەدەست دا.
کاریگەریی مەیدانی:
لەڕاستیدا، هەر لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی رووسیا – ئۆکراینا، هەندێک دەنگ لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەرزبوونەوە داوای قۆستنەوەی سەرقاڵیی رووسیا و هەڵگیرساندنی شەڕ لەگەڵ هێزەکانی حکوومەتی سووریا و رووسیا دەکەن. بەڵام بەدوور دەزانرێت ئۆپۆزسیۆنی سووریا هیچ هەنگاوێک بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی سەربازی بنێت، چونکە ئەم بابەتە بە بڕیاری تورکیاوە بەندە و، ئۆپۆزسیۆن بە هەردوو باڵە سیاسی و سەربازییەکەیەوە ناتوانێت لە قسەی دەرچێت. لەم دۆخەیشدا نە تورکیا و نە رووسیا بەرژەوەندییان لە چالاککرددنی کاری سەربازی لە سووریادا نییە. تورکیا بە وریاییەکی زۆرەوە هەڵسوکەوت دەکات و، هەوڵدەدات تاوەکو پێیبکرێت رووسیا نەورووژێنێت، چونکە باش دەزانێت تاوەکو چەند رووسیا توانای زیانگەیاندنی بەو چ لە ناوەوە و چ لە سووریا هەیە، بە تایبەتیش ئەگەر رووسیا دەستی هێزەکانی حکوومەتی سووریا و ئێران بە هێرشکردنە سەر ئیدلیب واڵا بکات کە تەنیا 12 کیلۆمەتر لەمەوە دوورە و، ئەو جۆرە هێرشەیش دەبێتە هۆی کۆڕەو بەرەو خاکی تورکیا و، ئەمەیش حکوومەتی تورکیا لێی تۆقیوە و هەلی بردنەوەی حزبی حوکمڕان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا لە هیچ نزیک دەکاتەوە. هەروەها، چاوەڕواندەکرێت رووسیایش خۆی لە گرژی لەگەڵ تورکیا بەدوور بگرێت و نەیەوێت ئێستا گرژییەکی دیکە لەگەڵ رۆژئاوا لە سووریا و لەم قۆناخەدا دروست ببێت. یوری بیلیبسۆن، بەڕێوەبەری بازنەی چوارەمی ئەوروپا لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئاژانسی “نۆڤۆستی”ی رووسیا، کە چوارشەممە 16ی ئادار بڵاو کراوەتەوە، رایگەیاند “هاوکاری لەگەڵ تورکیا لە بارەی سووریاوە بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت و، هەستمان بە هیچ گۆڕانکارییەک نەکردووە کە بە هۆی فاکتەری دەرەکیی وەک رووداوەکانی ئۆکراینا دروست بووبێت”.
هەروەها، لەبەرەی باکوری رۆژهەڵاتی سووریایش، بە دوور دەزانرێت ئەمەریکا رێگە بە هیچ هەوڵێک بۆ گۆڕینی هاوکێشەکەی ئێستا بدات کە لە بەرژەوەنی خۆی هاوپەیمانانی کە “هەسەدە” نەبێت.
بەڵام ئەمە لە ماوەی کورتدا دەمێنێت و، ئەگەر شەڕەکە درێژە بکێشێت و لایەنە تێکچڕژاوەکانی شەڕی سووریا، بەتایبەتی تورکیا، ناچار ببن خۆیان یەکلا بکەنەوە، رەنگە سووریا گەرمییەکی سەربازی لە زیاتر لە یەک بەرەدا بە خۆیەوە ببینێت، بە تایبەتیش کاتێک هەلی بەردەم تورکیا، کە هاوسەنگی لە نێوان رووسیا و ئۆکراینادا پێشان دەدات بەهۆی ترس لە لێکەوتەکانی لایەنگریی هەر لایەک، بەرتەسکە. ئەگەر رۆڵی رووسیا لە سووریا بەشێوەیەکی دراماتیک پاشەکشەی کرد و لێکتێگەیشتنی رێژەیی نێوان ئەمەریکا و رووسیا لە سووریا لەنگ بوو، ئەوە رۆڵی هێزەکانی ناوچەکە، وەک تورکیا و ئێران و ئیسرائیل، زیاد دەبێت و رەنگە پێکدادانی ئێران – ئیسرائیل لە سەر خاکی سووریا توند ببێت، بگرە لەوانەیە رووبەڕووبوونەوەی تورکی – ئێرانیش بەرپا ببێت، بە تایبەتیش کە پەیوەندی نێوان ئەو دوو دەوڵەتە بە هۆی ململانی نێو گۆڕەپانی عێراق گرژیی تێکەوتووە.
لێرەدا، ئێران وەک کاراکتەرێک ئامادە دەبێت کە رۆڵەکەی شانبەشانی داکشانی هەژموونی رووسیا لە سووریا دەگۆڕدرێت. چونکە بەردەوام لە سووریا ململانێ لە سەر هەژموون لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا هەبووە و، ئەوە رووسیا بوو ئێرانی لە گەلێک گۆڕەپانی سووریادا لغاو کردبوو و، هەر کاتێک ئەم هێزە لغاوکەرە نەمێنێت، رەنگە ئێران دەست بە جموجۆڵ لە باکووری رۆژئاوای سووریادا بکات، بە تایبەتیش لە ژێر ناڕەحەتییەکانی ئەم دواییەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ تورکیادا بە خۆیانەوە بینیوە. هەروەها، رەنگە هەوڵی جووڵە لە رۆژهەڵاتی سووریایش بدات. ئەگەریش رێککەوتنە ئەتۆمییەکە واژۆ بکرێت، ئێران سەرچاوەی زیاتری لە بەردەست دەبێت بۆ بەهێزکردنی رۆڵ و هەژموونی خۆی لە سووریادا لەسەر حسابی رووسیا کە لەوانەیە کێشە دارایی و ئابوورییەکانی بە هۆی سزاکانی سەری زیاتر ببن.
وێنەی بەشێکی زۆری ئەم دۆخە بە دیداری ترۆیکای چاوەڕوانکراوی ئەستاناوە بەندە، کە سێرگیێ لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوی رووسیا گوتی بڕیارە لەم نزیکانە ئەنجام بدرێت.
کاریگەریی سیاسی:
چاوەڕواندەکرێت ئەو پشتیوانییە تەواوەی سەرۆکی سووریا بۆ بڕیارەکەی هەڵگیرساندنی شەڕ لەلایەن رووسیاوە دژ بە ئۆکراینا رایگەیاند، ببێتە هۆی تووندبوونی هەڵوێستی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە دژی رژیمی سووریا، بەتایبەت کە ئەم رایگەیان پاڵپشتیی رووسیا لەپێناو زاڵبوون بە سەر سزاکانی سەری دەکات، ئەمەیش لە لێدوانێکی لوونا ئەلشبل راوێژکار لە سەرۆکایەتیی سووریا لە 28ی شوباتدا هات. بۆیە رەنگە ئەو نەرمییەی ئەمەریکا بەرامبەر هەوڵی هەندێک وڵاتی عەرەب و تەنانەت ئەوروپایش، بۆ پەیوەندیگرتن لەگەڵ حکوومەتی سووریا و ئاساییکردنەوە لەگەڵی دەینواند پاشەکشە بکات. هەروەها چاوەڕواندەکرێت ئەمەریکا پشتیوانیی خۆی بۆ کارگێڕییەکانی ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی سووریا چڕ بکات. بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە 15 ئاداردا، سەبارەت بە رەتکردنەوەی هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ رژیمی ئەسەد و جەختکردن لە هێشتنەوەی سزاکانی سەر، رەنگە بچێتە ئەم جوارچێوەیە.
چالاکبوونی ئەمریکا و سستیی رووسیا لە سووریا
چالاکیی ئەمەریکا:
جووڵەی ئەمریکا پەیوەست بە سووریاوە بەم دواییە چالاک بوو، ئەوەش تاوەکو ئەوەی زانیاری هەن جەخت دەکەنەوە لەوەی ئیدارەی ئەمەریکا بەنیازە ناوچەکانی رێڤەبەریی خۆسەر و هەندێ ناوچەی ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لەو سزایانە ببەخشێت کە بە پێی یاسای سیزار بەسەر سووریادا سەپێنراون، جگە لە ناوچەکانی دەسەڵاتی دەستەی تەحریرولشام (کە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریست لەقەڵەم دراوە) و ناوچەی عەفرینی کوردستانی کە تورکیا داگیریکردووە، شانبەشانی ژمارەیەکی زۆر گرووپی چەکداری ئیسلامی کە راپۆرتەکانی لیژنە نێودەوڵەتییە سەربەخۆیەکانی لێکۆڵینەوە لە دۆخی سووریا جەختیان کردووە سێ لەو گرووپانەی تاوانی شەڕیان دژی کورد لە ناوچە داگیرکراوەکاندا ئەنجامداوە. لە هەفتەی یەکەمی مانگی ئادار ئەمساڵدا، شاندێکی باڵای ئەمەریکا سەردانی رۆژئاوای کوردستان و باکوری رۆژهەڵاتی سووریای کرد و، پێداویستییەکانی ناوچەکە و کەمییەتییەکانی دابینکردنیانی هەڵسەنگاند، بەبێ ئەوەی چاوی بە دەسەڵاتە خۆجێیەکان بکەوێت. لە رۆژی دووشەممە، 14ی ئادار، شاندێکی باڵای ئەمەریکا، لە وەزارەتی دەرەوە و ئاسایشی نەتەوەیی، سەردانی رۆژئاوای کوردستان و باکوری رۆژهەڵاتی سووریای کرد و چاوی بە هەردوو سەرکردایەتیی سەربازی و سیاسیی ئەوێ کەوت. شاندەکە پێکهاتبوو لە ئیسان گۆڵدریچ- جێگری یاردەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و جێنیفەر چاڤیتۆ – جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق و. زارا بێڵ- بەڕێوەبەری دۆسێی سووریا و عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و ماتیۆ پێرل – نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە باکوری رۆژهەڵاتی سووریا و، کۆبوونەوەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی- فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەنجام دا و دواتر لەگەڵ شاندی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات بە سەرۆکایەتیی ئیلهام ئەحمەد- سەرۆکی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات و، شاندەکە لەگەڵ خانەخوێیەکان دا تاوتوێی بابەتەکانی پەیوەست بە بەردەوامیی شەڕ لە دژی داعش و پووچەڵکردنی چالاکییەکانی لە ناوچەکان رێڤەبەرییەکە و باشکردنی رێکارە ئەمنییەکانی پەیوەست بەو گرتووخانانەی ئەندامانی داعشیان تێدایە و ئەو کەمپانەی خێزان و لایەنگرانیانیان تێدایە، هەروەها بابەتە خزمەتگوزاری و ئابوورییە پێویستەکانی ناوچەکە و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەری سیاسییانەی تەنگژەی سووریا و پێویستیی بەشداریپێکردنی هەموو لایەنەکانی سووریا تیایاندا کراوە. هەروەها، باسی هەبوونی بەخشینی ئەمەریکاییش هەن بۆ چاککردنی کەرتەکانی کارەبا و ئاو و سووتەنی و نان لە ناوچەکانی رێڤەبەریی خۆسەریش هەیە.
هەروەها، رۆژی پێنجشەم 17ی ئادار، ماتیۆ پیرل ئەندامی شاندی ئەمەریکا چاوی بە شاندێکی ئەنەکەسە کەوت، کە بەشێکە لە هاوپەیمانییەکەی لایەنگری تورکیا و، لەگەڵیاندا باسی ئەگەری بەردەوامیدانی بە گفتوگۆی نێوان ئەنەکەسە و حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کرد.
سستیی رووسیا:
رووسیا بانگهێشتنی ئاراستەی ژمارەیەکی زۆری بەرهەڵستانی سووریا بە ئاراستە جیاجیاکانیانەوە کردبوو، لەوانە سێ لە سەرکردەکانی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە نێویاندا هەردوو سەرۆکە هاوبەشەکەی، ئیلهام ئەحمەد و نیداڵ دەردار و، ئەحمەد عەسراوی و سەفوان عەکاش لە دەستەی هاوئاهەنگیی نیشتمانی و، قەدری جەمیل لە سەکۆی مۆسکۆ و، هەروەها خالید ئەلمەحامید و عوبەیدە نەححاس و، بەسمە قەدمانیی کەسایەتیی سەربەخۆ لە لیژنەی دەستووری، بۆ ئەوەی سەردانی مۆسکۆ بکەن و چاویان بە نێردەی سەرۆکی رووسیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئەفریقیا و جێگری وەزیری دەرەوە، میخائیل بوگدانۆڤ، بکەوێت وەک هەوڵێک بۆ پێکهێنانی دەستەیەکی نوێی ئۆپۆزسیۆن کە ببێتە جێگرەوەی ئەو هاوپەیمانییەی پاڵپشتیی راستەقینەی نێودەوڵەتیی لەدەست داوە. بڕیار بوو سەردانەکە لە 7ی شوبات ئەنجامبدرێت، بەڵام رووسیا دوای خست و، وادەیەکی دیکەی کۆتایی شوبات کە 27ی ئەو مانگەی بۆ دیاریکرا، بەڵام ئەمجارەش رووسیا هەڵیوەشاندەوە بە بیانیووی هۆکاری لۆجیستی، بەڵام ئەمانەش لەدوای دەستپێکردنی شەڕ لە ئۆکراینا و کاریگەرییەکانی تەنگژەی ئۆکراینا لەسەر ئەم هەوڵەی رووسیا کە ناتوانرێت بشاردرێتەوە.
هەروەها، تووندبوونی گرژیی نێوان ئەمەریکا و هاوپەیمانانی لە لایەک و رووسیا لە لایەکی دیکەوە، دەبێتە مایەی پاشەکشەی رۆڵی رووسیا لە پاڵنانی رێڤەبەریی خۆسەر بەرەو نزیکبوونەوە لە حکوومەتی سووریا و دروستکردنی لێکتێگەیشتن لەگەڵی دا، چونکە دڵەڕاوکەی رێڤەبەرییەکە لە رۆیشتن بەو ئاراستەیە لە ترسی تووڕەکردنی ئەمەریکا زیاتر دەبێت. هەروەها، رەنگە هەلی گەورەتر بە ئەمەریکا بدات لە هەوڵەکانی بۆ نزیککردنەوەی باکوری رۆژهەڵاتی سووریا و باکوری رۆژئاوایەکەی، لە رێی کەناڵی تورکیاوە، کە هەوڵێکە لە مێژە ئەمەریکا دەیدات، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە. ئەوەی لەم چوارچێوەیەدا مایەی سەرنج بوو، یادکردنەوەی دەستپێکی (شۆڕشی سووریا) بوو لەلایەن ئەنجومەنی سووریای دیموکراتەوە کە پێشتر ئەمەی نەکردووە!
ئەنجام
– تێکچوونی دۆخی ئابووریی لە رووسیا کاریگەریی قووڵی لە سەر دۆخی ئابووری و ژیان لە سووریا دەبێت و، ئەنجامەکانی کاریگەرییان لە سەر پشتیوانیی میللی بۆ رژیم، یان ئەوانەی ناچارن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا بژین، دەبێت.
– لەڕووی مەیدانییەوە، رەنگە ئەو بەستەڵەکە بەردەوامببێت، بەڵام ئەگەر شەڕەکە درێژە بکێشێت لەوانەیە شەپۆلێکی دیکەی توندوتیژی باڵ بە سەر سووریادا بکێشێت و تیایدا هەندێک لایەن شەڕی یەکدی بکەن کە پێشتر شەڕیان دژ بە یەکدی نەکردووە.
– لەڕووی سیاسییەوە، گرژبوونی پەیوەنیی نێوان یاریکەرە نێودەوڵەتییە سەرەکییەکان، rەنگە ئاسۆی چارەسەری سیاسیی نێودەوڵەتی بزر بکات و رۆڵ بە هێزە هەرێمایەتییەکان بدات کە خۆیان لە خۆیاندا کارانین.