کێڵگەیەکی گازی دورا لە کەنداو کە ئێرانییەکان بە کێڵگەی گازی ئارش و عێراقییەکان بە کێڵگەی گازی جەمال ناوی دەبەن بووەتە هۆی گەرمبوونی دانوستاندنەکان بۆ داڕشتنەوە یاخود دیاریکردنەوەی سنوورە ئاوییەکان لەنێوان وڵاتانی هاوبەش لەم ناوچەیەدا.
سەردان و گفتوگۆکان لەنێوان وەزیرانی دەرەوەی ئەم چوار وڵاتە بەردەوامە، بەڵام لێدوانی دووبارەی سعودیە و کوەیت لەبارەی ئەوەی کە کێڵگەی گازی دورا مافی تایبەتی سعودیە و کوەیتە، وایکرد وەزیری دەرەوەی ئێران هەمان رۆژ بانگهیشتی هاوتا کوەیتییەکەی بکات بۆ تاران.
هەروەها، رۆژی 30ی تەممووز 2023 دوای سەردانەکەی، وەزیری دەرەوەی کوەیت لێدوانێکی لەبارەی سنوورە ئاوییەکان لەنێوان عێراق و کوەیت دا، کە شەقامی عێراقیی تووڕەکرد و جێگری یەکەمی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانتارانیش پرۆپۆزەڵی پێشنیازکراوی رێککەوتنی ئاوییان لەگەڵ کوەیت رەتکردووە، کە بەپێی ئەوە عێراق نەک مافی بە کێڵگەی گازی دوراوە نییە، بەڵکو ئوم قەسر دەبێتە بەشیک لە کوەیت و خانووەکانی ئەو بەندەرە تێکدەدرێن.
بڕیارە لە رۆژی 10ی ئاب 2023 دا شاندی تەکنیکیی وەزارەتی نەوتی کوەیت سەردانی عێراق بکات و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لەبارەی کێڵگە نەوتییە هاوبەشەکان دانوستاندن بکات و رۆژی 14ی ئابی 2023 ش دووبارە تیمێکی تەکنیکی و یاسایی کوەیت سەردانی عێراق بکەن و سەبارەت بەچۆنیەتی دیاریکردنی سنوورە ئاوییەکان گفتوگۆ بکەن. کوەیت ئاماژە بە رێککەوتنی 1993ی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات، بەڵام عێراق رەتیدەکاتەوە، هەربۆیەش لەدوایین پەرەسەندندا، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئێوارەی 6ی ئابی 2023 رەتیکردەوە کە لەدوای 2003وە هیچ حکومەتێک سازشی لەسەر خاکی عێراق کردبێت، ئەمەش بەواتای ئەوەدێت رێککەوتنی پێشووتر قبوڵکراو نییە.
لەڕاستیدا کێڵگەی گازی دورا تەنیا کێڵگە نییە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە کێشەی خاوەنداریی و مافی بەکارهێنانی لەسەرە، بەڵکو کێڵگەی نەوتی فەککا لە باشووری پارێزگای میسان و خوزستانی ئێران، کێڵگەی نەوتی مێگد لە کەناری رۆژئاوای فەڵەستین، کێڵگەی نەوتی هێگلیک لەنێوان سودان و سودانی باشوور و کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک و پارێزگاکانی دیکە لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ناکۆکییان لەسەرە.
لێرەدا، بە پشتبەستن بە سەرچاوەکان هەوڵدەدەین تیشک بخەینەر سەر پرسی خاوەنداریی کێڵگەی گازی دورا. ئایا عێراق هیچ مافێکی بەسەر ئەم کێڵگەوە هەیە؟ ئەی ئێران؟ هەروەها باس لە گرنگی کێڵگەی گازی دورا – ئارش – جەمال لە سیستەمی نوێی هێڵی دابینکردنی وزە بۆ نیوخۆی وڵاتان و جیهان دەکەین و ئەگەری پچڕانی پەیوەندییەکانی سعودیە و ئێران بەهۆی کێڵگەی گازی دورا – ئارش دەخەینە بەرباس، چونکە باس لە یەدەگی 60 تریلیۆن پێی سێجا گاز لەوێ دەکرێت!
کێڵگەی گازی دورا – ئارش – جەمال
کێلگەی گازی دورا لەساڵی 1960 دۆزراوەتەوە، کە ئەوکات سنوورەکان بەتەواوی دەستنیشان نەکراون و گازی سرووشتی وەک ئێستا بایەخی نەبووە. کێڵگەکەش دەکەوێتە ناوچەیەک کەوا کوەیت و سعودیە کە وەک ناوچەیەکی بێلایەنی دابەشکراو PNZ ناساندوویانە و رووبەڕەکەی 5770 کیلۆمەتر دووجایە و سنورەکەشی دیارینەکراوە، بەڵام لە رێککەوتنامەی ئۆقەیر کە لە 2ی کانوونی یەکەمی 1922 کە سنوورەکانی نێوان عێراق، سوڵتانی نەجد[1] و شێخدۆمی کوەیتی تێدا دەستنیشانکرا، حکومەتی نەجد و کوەیت مافی یەکسانیان هەیە تاوەکو ئەو کاتەی نووسینگەی حکومەتی بەریتانیا رێککەوتنی دیکە لەنێوان نەجد و کوەیت لەو بارەیەوە ئەنجامدەدات. بڕوانە نەخشەی خوارەوە لەبارەی شوێنی کێڵگەی گازی دورا.
سەرچاوە: رووپێوی ئابووری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست میس MEES
بەپێی هەندێک لە پێشبینییەکان، یەدەگی کێڵگە گازییەکە 60 تریلیۆن پێی سێجایە ، کە لەنێوان 10-13 تریلیۆن پێ سێجا و 300 ملیۆن بەرمیل نەوت دەتوانرێت لەڕووی ئابوورییەوە وەبەرهێنانی تێدا بکرێت[2]، واتە لەڕووی ئابوورییەوە قازانجی هەبێت و توانای ئاستی بەرهەمهێنانی بگاتە 800 ملیۆن بۆ 1 ملیار پێی سێجا گاز لە رۆژێکدا، لەکاتێکدا هەموو یەکێتی ئەورووپا ساڵانە پێویستی بە 400 ملیار پێی سێجا گازی سرووشتییە، هەروەها ئەو هەرایەی لەنێوان یەکێتی ئەورووپا و رووسیا لەدوای جەنگی ئۆکرایناوە پەیوەست بە گازی سرووشتی هاتە ئاراوە، ساڵانە دەگاتە نیوەی ئەو بڕەی لە کێڵگەی دورا بەرهەمبهێنرێت، هەربۆیەش گرنگی کێلگەی گازی دورا بۆ داهاتوویە نەوەکو ئێستا، هەربۆیە ئێرانیش دەیەوێت پشکداری ئەو کێڵگە گازییە بێت.
دەربارەی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکان لەو زۆنەی کە سعودیە و کوەیت بانگەشەی خاوەنداریی دەکەن و ئێران و عێراق ناوی جیاوازیان بۆی هەیە بەردەوام قورس بووە بەهۆی جیاوازی بەکارهێنانی سەرچاوەکان، لەکاتێکدا فۆکووسی زیاتری حکومەتەکان لەسەر کێڵگەی نەوتی وشکانی بووە، بەتایبەتیش سعودیە و کوەیت کە ئێستا کار لە پەرەپێدانی کێڵگەی وەفرە و کێڵگەی دەریایی هۆت و خەفاجی دەکەن.
لەڕاستیدا، تاوەکو ئەم دواییە پەرەپێدان لە کێڵگەی گازی دورا هیچ باسێکی لەبارەوە نەکرا و لەساڵی 2013دا سعودیە و کوەیت گفتوگۆکانیان راگرت بەهۆی جیاوازی رێگاکانی بۆرییەکان و هاوبەشی بەرهەمهێنانی گاز، کە ئەویش خۆی دەبینییەوە لەوەی گازی بەرهەمهێنراو بڕواتە ژێر دەسەڵاتی ئەو ناوچە هاوبەشەی لەلایەن سعودیەوە کۆنترۆڵکراوە و کوەیت ئەمەی رەتکردەوە. هەروەها لەماوەی ساڵانی 2014-2015دا بەهۆی ناکۆکی نێوانیانەوە ئەم دوو وڵاتە بەرهەمهێنانی کێڵگەی نەوتی هاوبەشیان راگرت و پرۆژەی گازی دورا بەتەواوی راگیرا، بەڵام لەمدواییەدا بەتایبەتیش لە 2019دا هەردوولا رازی بوون کەوا دەستبکەنەوە بە بەرهەمهێنان لەو کێڵگانەی دەکەوێتە ناوچەی بێلایەن یاخود هاوبەشی هەردوولاوە، لە کۆتایی 2020 هەردوولا تیمێکی هاوبەشیان بۆ پێداچوونەوە و ئامادەکردنی پلانی پەرەپێدانی کێلگەی گازی دورا پێکهێنا، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەڕووی تەکنیکی و بازرگانییەوە بتوانرێت لەلایەن سعودیە و کوەیت پەرەپێبدرێت.
لەساڵی رابردووەوە بەهۆی دووبارە زۆربوونی خواست بۆ گازی سرووشتی و بوون بەکاڵایەکی گرنگی جیۆسیاسی لە پەیوەندییە نیوخۆیی، هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان، پرسی پەرەپێدان بەم کێڵگە هاتە ئاراوە و وایکرد سعودیە و کوەیت ناکۆکییەکان بەلاوە بنێن و بەرەو پەرەپێدانی کێلگە گازییەکە هەنگاو بنێنن کە نەک هەر پێداویستی نێوخۆ بۆ کوەیت لە داهاتوودا پڕ دەکاتەوە بەڵکو گۆڕانکاری لە هێڵەکانی گواستنەوەی گاز دەهێنێتە ئاراوە.
لەڕووی کردارییەوە پرسی پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی گاز و نەوت لە کێڵگە گازی دورا لە مانگی کانوونی یەکەمی 2022 هاتە ئاراوە، ئەویش لەدوای رێککەوتنی کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی و کۆمپانیای نەوتی گۆڵفی کوەیتی، کە بەپێی رێککەوتنەکە ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە کێلگەکەدا رۆژانە دەگەیەننە 1 ملێار پێ سێجا گاز و 84 هەزار بەرمیل گازی شلکراوە!
لە ئەگەری پەرەپێدانی کێڵگەی گازی دورا ئەوا پێنج بۆ شەش پلاتفۆڕمی پێکەوەی دەبێت کە بە بۆری 30 ئینجی بە درێژایی 200 کیلۆمەتر و ئامێری جیاواز بەیەکەوە دەبەسترێتەوە، ئەمە جگە لە 100 کیلۆمەتر کێبڵی ژێر دەریایی، لەسەروو هەمووشیانەوە جگە لە دانانی دامەزراوە و ئامێری جیاواز بۆ پرۆسەکانی پاڵاوتنی گاز لەگەل دوو پلاتفۆڕمی نەوتی کە هەموو ئەمانە بەیەکەوە کار و کردارێکی گەورەیە لەڕووی تەکنیکییەوە.
عێراق؛ ئوم قەسر و کێڵگەی گازی دورا - جەمال؟
بڕیارە رۆژی 10ی ئەم مانگە شاندێکی وەزارەتی نەوتی کوەیت سەردانی عێراق بکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتی مامەڵکردن لەگەڵ کێڵگە نەوتییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات، هەروەها رۆژی 14ی مانگیش لیژنەیەکی یاسایی پەیوەندیدار بە وتوویژەکان بۆ دیاریکردنی وردەکاری سنووری ئاوی سەردانی عێراق دەکات.
لەڕاستیدا، بەپێی گفتوگۆکان دیاریکردنی سنووری ئاوی نێوان عێراق و کوەیت کە بڕیارە لە نێوەڕاستی ئەم مانگەدا یەکلابکرێتەوە هێندەی پەیوەندی بە ئوم قەسر و تێکدانی ئەو خانووانەوە هەیە کە لەو بەندەرە دروستکراون، پەیوەندی بە کێڵگەی گازی دورا نییە. ئەگەر عێراق لەو پرۆپۆزەڵەی پێشکیشکراوە و ئەو رێککەوتنەی لەساڵی 1993وە لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکان دانراوە، بەڵام عێراق دەیەوێت لەو رێککەوتنەی پێشووتری کە لەگەڵ کوەیت کردوویەتی پاشگەز بێتەوە، چونکە بەپێی پرۆپۆزەڵی پێشنیازکراو کە پارێزگاری بەسرە بەشداربووە لە ئامادەکردنیدا، رێڕەوی ئاوی ئوم قەسر بەر کوەیت دەکەوێت و دەبێت ئەوەی لە ئوم قەسر دروستکراون بڕۆخیندرێن، هەربۆیەش ئەمە بووەتە هۆی نیگەرانیی شەقامی بەسرە و رۆژی 1ی ئاب خۆپێشاندانیان ئەنجامدا و پەرلەمانتارانی توڕەکردووە.
هەروەها، جەمال حەلبووسی، شارەزای سنوورە نێودەوڵەتییەکان و سەرۆکی پێشووی شاندی عێراق بۆ دانوستاندن لەگەڵ کوەیت، داوای لە عێراقییەکان کرد کە رێگە نەدەن بەرپرسانی عێراق ئەو لێکتێگەیشتنانەی ئێستا لەگەڵ کوەیت واژۆ بکەن، هەروەها گوتی "واژۆکردنی رێککەوتنەکە بەفیڕۆدانی مافەکانی عێراق لە وشکانی و ئاوی". لەدوای ئەم لێدوانانە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سودانی، جەمال حەلبووسیی لەکارەکەی دوورخستەوە و محەممەد بەحرلعلوم، نوێنەری عێراقی لە نەتەوەیەکگرتووەکان و جێگری وەزیری دەرەوەی لەشوێنی ئەو دانا.
لەڕاستیدا، پابەندبوونی عێراق بەرێککەوتنەکانەوە قورسە بەتایبەتیش ئەو رێککەوتنەی 1993ی نەتەوەیەکگرتووەکان، کە بەشیکی زۆر لەمافی عێراق بە کوەیت داوە، کە عێراقییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە دەرەوەی رێیکەوتنامە نێودەوڵەتییەکان بۆ سنوورە ئاوییەکان و پێویستە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.
هەروەها، ناشبێت ئەوەمان لەبیربچێت کە کێڵگەی گازی دورا یاخود جەمال تەنیا سەنتەری کێشەکان نییە، بەڵکوو کێڵگە نەوتییە هاوبەشەکانیش لەو ناوچەیە و شوێنی دیکەش لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە، هەربۆیەش شاندێکی وەزارەتی نەوتی کوەیتی پێش تەکنیکی و یاسایی دیاریکردنی سنوور سەردانی عێراق دەکەن. ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر ئەنجامی گفتوگۆکانی تیمە تەکنییەکانی کوەیت و عێراقن، بەتایبەتیش لیژنە یاساییەکان بۆ ئەوەی بزاندرێت کە ئایا دەگەنە ئەنجامێک بۆ دەستنیشانکردنی سنوورە ئاوییەکان یاخود بەبێ ئەنجام دێنە دەرەوە.
کێڵگەی گازی دورا – ئارش؛ چارەنووسی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی تاران و ریاز
ئێران خۆی بە بەشێک لەو ناوچەیە دەزانێت، بەدڵنیاییەوە ئەگەر خۆی بە خاوەنی هەموو کەنداو نەزانێت. هەروەها، ئێرانییەکان دەڵین هەوڵیی گفتوگۆ دەدەن، بەڵام ئەگەر لایەنەکانی دیکە ئامادەی دانوساندن نەبن لەسەر سنوورە ئاوییەکان و پشکەکەی ئێران دیارینەکرێت ئەوا بۆ خۆی سەربەخۆیانە دەستدەکات بە گەڕان و وەبەرهێنان لەو کێڵگە گازی و نەوتیانەدا، بەتایبەتیش لە کێلگەی گازی دورا کە ناوی لێناوە ئارش و بانگەشەی رێژەی 40% خاوەندارێتی کێڵگە دەکات.
لەڕاستیدا هێشتا سنوورە ئاوییەکان و دەریاییەکان دەستنیشانەکراوە لەنێوان لایەنەکان، بەتایبەتیش هەر سێ وڵاتی هاوبەش لە کەنداو ، هەرچەندە سعودیە و کوەیت گەیشتوون بە رێککەوتنی هاوبەش، بەڵام رێککەوتنی هاوبەشی دوو لایەنە لەنێوان ئێران و لایەنەکانی دیکە بەتەنیا یاخود ئێران –سعودیە –کوەیت نەکراوە.
هەرچەندە بەمدواییە بەپێی چەند راگەیاندنێکی رۆژنامەوانی سعودیە و کوەیت بەنیازن لە پەرەپێدانی کێڵگەی دۆرا بەردەوام بن. هەردوو وڵات، کە وەک یەک قەوارە دانوستاندن کاردەکەن، بانگهێشتنامەکانیان بۆ ئێرانییەکان ناردووە بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکاندا. تا ئێستا ئێرانییەکان ئەو پێشنیارەیان ڕەتکردەوە. پێشبینی ناکرێت گفتوگۆی بنچینەیی ئەنجام بدرێت ئەگەر کۆمپانیای سعودیە و کوەیت بەردەوام بن لە گەشەپێدانی ناوچەکە. دەکرێت چاوەڕوانی ئەوە بکرێت کە ئێرانییەکان بەردەوام بن لە پلانەکانی گەشەپێدانی خۆیان لە کاتێکدا ئەوان هەوڵ دەدەن ئەوە بەدەست بهێنن کە ئەوان بڕیار دەدەن ببنە بەشێک لە یەدەگەکانیان. ئێران خێراتر بەرەوپێش دەچێت، وەک یەک قەوارە، لە هاوبەشی سعودیە و کوەیت، چونکە هێشتا لەسەر ڕێککەوتنێکی هاوبەش و پلانی گەشەپێدان ڕێکنەکەوتوون. گەشەپێدانی دۆرا لەوانەیە بە هەمان هێڵی پارس و کێڵگەی باکوور بەرەوپێش بچێت، کە تێیدا ئێران و قەتەر بە سەربەخۆیی ناوچەکە بەکاردەهێنن بۆ بەرژەوەندی خاوەن پێداویستییەکان نەک بۆ زیادکردنی چاکبوونەوەی ناوچەکە.
هەروەها، بەپێی (Ackerman 2022) زانیارییەکان ئاماژە بەهەبوونی گفتوگۆی نێوان ئەم سێ لایەنە دەکەن، بەپێی چەند راگەیاندراوێکیش سعودیە و کوەیت داوایان لە ئێران کردووە کە بەشداریی گفوگۆکان بکات، بەڵام ئێران رەتی کردووەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە هەردوو لایەن لە هەوڵەکانی خۆیان بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکان بەردەوامن. پێشبینی ناکرێت گفتوگۆکان ئەنجامێکی ئەوتۆیان هەبێت ئەگەر کۆمپانیای سعودی و کوەیتییەکان بەردەوام بن لە گەشەپێدانی ناوچەکە، ئەوکات ئێرانییەکان بەردەوام دەبن لە پلانی گەشەپێدانی خۆیان، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت پلانی ئێرانییەکان خێراتر لە سعودیە و کوەیتییەکان بڕواتە پێش، چونکە ئەم دوو لایەنە هێشتا لەسەر پلانی گەشەپێدان بەهاوبەشی رێکنەکەوتوون. لەم سیناریۆیەدا چاوەڕواندەکرێت پەرەپێدانی کێلگەی گازی دورا هەمان چارەنووسی کێلگەی باکوور و پارسی هەبێت، کاتێک ئێران و قەتەر بەسەربەخۆیی ناوچەکە بەکاردەهێنن بۆ بەرژەوەندی خۆیان نەوەکو بۆ زیادکردن و پاراستنی کێڵگەکان.
کەمتر لە چوار مانگ بەسەر رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعودیە و ئێران بەنێوەندگیری چین تێپەڕیوە، بەڵام ئێستا داهاتووی پەیوەندییەکانی سعودیە و ئێران بەهۆی کێڵگەی گازی دوراوە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە، ئەویش بەهۆی مشتومڕی خاوەندارێتی گازی دورا و زیادبوونی لێدوانە دژ بەیەکەکان لەنێوان بەرپرسانی هەردوولا، بەتایبەتیش بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە لەسەر ماف و خاوەنداریی کێلگەی گازی دورا.
پەرەپێدانی کێڵگە گازییەکە دەتوانێت کاریگەری تەواو لەسەر بازاڕەکانی هەردوو جۆری گاز دابنێت( گازی سرووشتی و گازی سرووشتی شلکراوە LPG )، لەسەروو ئەمانەشەوە گازی سرووشتی بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و جەنگی ئۆکرایناوە پێناوەتە قۆناخێکی نوێ. وڵاتان نەک هەر دەیانەوێت پێداویستی داهاتووی خۆیان و ئاسایشی وزەیان جێگیر بکەن و پێی پڕبکەنەوە بەڵکوو دەیانەوێت لەتۆڕی نوێی وزە و بەتایبەتیش لە بەستنەوەی هێڵی نوێی گازی سرووشتی بەرهەمهێنەر - بەکاربەردا بەشداربن!
کۆتایی
ئێستا لەنێوخۆی ئێران و عێراق دەنگێک لەئارادایە کە هەر چۆنێک بووە نابێت لە ماف و خاوەنداریی وڵاتەکانیان لە سامانی سرووشتی و بەتایبەتیش کێڵگەی گازی دورا کە یەدەگ و توانای بەرهەمهێنانی بێ وێنەیە بێبەش بن، بەڵام تاوەکو چەند ئەم دەنگە نیوخۆییە دەگاتە ئاستی فشار بەتایبەتیش بۆ عێراق، دەبێت چاوەڕوان بین، چونکە ئێران ئەزموونی هەیە و تواناشی هەیە، بەڵام عێراق لەنێوخۆشدا توانای نییە چجای ئەوەی لەدەرەوە بەتایبەتیش لە هەمبەر سعودیە ململانێ بکات.
رۆژانە، سعودیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە کێڵگەی گازی دورا مافی تایبەتی سعودیە و کوەیتە و داوا لە ئێران دەکات بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بۆ دەستنیشانکردنی سنوورەکان لە رۆژئاوای ئەو ناوچە هاوبەشەی نێوان سعودیە و کوەیت بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کوەیت داوای هەمان گفتوگۆی کردووە، کە بەهاوبەشی بێت نەوەکو بەتەنیا، هەموو ئەمانەش لەدوای لێداونەکەی ئێرانەوە هات لەمبارەیەوە کە 40% کێڵگەکەی بەهی خۆی داناوە.
لەڕوویەکی دیکەوە جیاوازی نێوان سعودیە و کوەیت لەسەر ئەوەیە کە ئێران دەیەوێت بەجیا دانوستاندن لەگەڵ هەر لایەنێک بکات، بەڵام سعودیە و کوەیت بەیەکەوە و بەیەک لایەن دەیانەوێت گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران لەبارەی دیاریکردنی سنووری ئاوی لە باکووری کەنداو بکەن.
پەرەپێدان و گەڕان لە کێڵگەی گازی دورا بەردەم دواکەوتووە، هەر جارەی بەهۆی کێشەیەکەوە، بەڵام ئەمجارە لە لێدوانی بەرپرسانی سعودیە و کوەیتەوە وادەدەکەوێت کە پرسەکە جیدییە، هەرچەندە ئێران جیدییەتی خۆی لە خاوەندارێتی کێڵگەکە و دەستکردن بە کارکردن لە کێڵگە گازییەکە بەناوەکەی خۆی راگەیاندووە، بەڵام بۆ سەرکەوتنی ستراتیژی هەرلایەنە و چۆنیەتی یەکلاکردنەوەی شێوازی پەرەپێدانی کێڵگە گازییەکە و ئاسۆی پەیوەندییەکانی سعودیە و ئێران لەم نێوەندەدا کاریگەرییان دەبێت.
لەکۆتاییدا، لەم رۆژانەدا و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ سنوورە ئاوییەکان نەخشەی جیاواز بڵاودەکرێتەوە، کە بەو شێوەش بێت هەم ئێران و هەم عێراق خاوەنداریی بەشێکی گەورەی کێڵگەی گازی دورا دەکەن، هەربۆیەش هەرلایەنە ناوی خۆی بەکاردەهێنێت، بەڵام دەبێت چاوەڕوانی ئەنجامی گفتوگۆکان بێت کە ئایا ئێران کەیسەکە وەک ئەوەی لەگەڵ قەتەر کردی لێدەکات؟ ئەی عێراق چ دەکات، پابەند دەبێت بەرێککەوتنەکەی 1993وە یاخود داوای داڕشتنەوەی سنوورێکی نوێ دەکات کە کێڵگەی گازی جەمالی تێدەکەوێت؟