شرۆڤە

کۆپ 28 و دابەشبوونێکی دیکەی بەرهەمهێنەران و بەکارهێنەرانی نەوت

30-11-2023


ئەم رۆژانە، هەموو جیهان چاوی لە یەکێک لە گەورەترین کۆبوونەوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئیمارات دەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوە، خۆگونجاندن و تەرخانکردنی پارە بۆ رێگریکردن لە زیادبوونی کارەساتە سرووشتییەکان و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی کاریگەییەکانی ئەو گۆڕانکارییانە لەسەر هەسارەی زەوی، کە بە کۆپ 28 ناسراوە، لەهەمان کاتیشدا بازاڕەکانی جیهان و نەوت بەتایبەت، چاوەڕوانی بڕیارەکانی کۆبوونەوە دواخراوەکەی ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس دەکەن. 

کۆپ یاخۆد کۆنگرەی پارتەکان Conference of the Parties (COP) لە ساڵانی نەوەدەکانەوە لە ژاپۆن کە بە cop3 ناسراوە بەڕێوەچووە، بڕیاریشە لە رۆژانی داهاتوودا لە ئەبوزەبی لە ئیمارات بەڕێوەبچێت. 

بەپێی داتا بەردەستەکان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 70 هەزار کەس، لەنێویاندا سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی 198 دەوڵەت و حکومەتی جیهان بەتەنیشت هەزاران بڕیاربەدەست، زانا، شارەزای بوارە جیاوازەکان، سەرۆک و ئەندامانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و گرووپە جیاوازەکانی گەنجان بەشداریی لە گفتوگۆکاندا دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و چۆنیەتی تەرخانکردنی پارە بۆ پرۆژەکانی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لافاو، وشکەساڵی، سووتانی دارستانەکان و کەمبوونەوەی رووبەری سەوزایی لە وڵاتان، بەتایبەتیش وڵاتانی جیهانی سێیەم یاخود تازەگەشەکردوو، بەڵام ئەوەی لەم مانگەدا بینرا، دەریدەخات کە لەوانەیە هەموو ئاڕاستەکان بەمشیوەیە نەبێت، بۆ نموونە ئەم رۆژانە کار گەیشتە ئەوەی ئۆپێک راگەیێندراوێک لەبارەی دوایین راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لەبارەی داهاتووی نەوت و گۆڕانی کەشوهەوا دەربکات، چونکە راپۆرتە نوێیەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ئاماژە بەوەدەکات ''بەرهەمهێنەرانی نەوت و گاز رووبەڕووی هەڵبژاردنێکی گرنگ بوونەتەوە سەبارەت بە رۆڵیان لە سیستەمی وزەی جیهانی، ئەویش لەنێوان خراپتربوونی قەیرانی کەشوهەوا یاخود باشکردنی کە بەشێکی زۆری بەهۆی بەرهەمەکانی ئەوانەوەیە". لە هەمان کاتدا هەیسەم ئەلغەیس، سکرتێری گشتی ئۆپێک رایگەیاند "ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس تەنیا نرخی نەوت ناکەنە ئامانج، بەڵکوو فۆکەسی لەسەر بنەماکانی بازاڕ و رۆڵی دەگمەنی وەبەرهێنان لە نەوت دەبێت، کە جیهان پێویستی پێیەتی."

هەروەها، یەکێکی دیکە لە جیاوازییەکان پەیوەستە بە پێشبینییەکان بۆ نەوت لە ساڵانی داهاتوودا، بۆ نموونە ئۆپێک پێشبینی دەکات؛ لەماوەی 2022 بۆ 2028 خستنەڕوو بە بڕی 6.98 ملیۆن بەرمیل زیاد بکات، بەڵام IEA پێشبینی دەکات لەو ماوەیەدا تەنیا 3.96 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد بکات.

بە بەراورد بە ساڵی رابردوو، راپۆرتەکەی ئەمساڵی ئۆپێک 6 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی زیادکردووە بۆ خواستی جیهان بۆ نەوت، لەکاتێکدا بەپێی ئاسۆی نەوت 2022، خواست بۆ نەوت لە 2045ـدا دەگاتە 110 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، بەڵام لە ئەمساڵدا هاتووە کە لە 2045ـدا دەگاتە 116 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، چوار بنەمای سەرەکیشی بۆ ئەم خواستە زۆرە بەستووەتەوە: زیادبوونی دانیشتووان، گۆڕینی دیمۆگرافیای ژیان، گەشەکردنی ئابووری و بەتایبەتیش دەرکەوتنی خێرایی وڵاتە تازە گەشەکردووەکانی وەک هیندستان، سیاسەتی وزە و تەکنەلۆژیا و داهێنانەکان، بەتایبەتیش زیادبوونی خواست لەنێوخۆ و دەرەوەی  وڵاتانی رێکخراوی هاریکاری و گەشەپێدانی ئابووری (OECD)ـوە. لەهەمان کاتدا ئاژانسی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکات؛ لە 2050 خواست بۆ نەوت دەگاتە 54.8 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا"، کە نیوەی ئەوەیە کە ئۆپێک پێشبینی دەکات بۆ خواست لە جیهاندا لە 2045ـدا.

لە بەرامبەردا و لە دێڕی یەکەمی راپۆرتەکەی IEAـدا هاتووە "ئەمڕۆ دوای 50 ساڵ لەو  شۆکەی نەوت کە بووە هۆی دامەزراندنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، جیهان جارێکی دیکە رووبەڕووی ساتەوەختێکی بەرزیی گرژی جیۆپۆڵەتیک و نادڵنیایی کەرتی وزە بووەتەوە". بەپێی راپۆرتەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، لە ئەم ساڵەوە تاوەکو 2030 بەرێژەی 7% خواست بۆ هەر سێ جۆرەکەی وزە؛ نەوت، گاز و خەڵووز کەمدەبێتەوە، ئەویش لەکاتێکدا نەوت، گاز و خەڵووز بۆ دەیان ساڵە نزیکەی 80% کۆی وزەی بەکارهێنراو یاخود سەرچاوەی دابینکردنی وزە بوون، بەڵام لە ئێستاوە، روو لە دابەزین و تاوەکو 2030 دەگاتە رێژەی 73%. 

هەروەها، یەکێکی دیکە لە جیاوازییەکان وایکردووە پێشبینییەکان بۆ داهاتووی نەوت لەنێوان بەکارهێنەران و بەرهەمهێنەران بەمشێوەیە بێت، پەیوەست بە هۆکارەکانی گواستنەوە، چونکە نزیکەی نیوەی نەوتی بەکارهێنراو بۆ کەرتی گواستنەوەیە. هەربۆیەش لەرووی جۆری بەکارهێنانی نەوتیشەوە، کەرتی گواستنەوە بەپێی ئۆپێک لەماوەی پێشبینییەکاندا واتە 2022-2045، بە بڕی 4.6 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا زیاد دەکات و، چاوەڕواندەکرێت بگاتە ئاستی بەکارهێنانی 49 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بۆ گواستنەوە. 

لەبەرامبەردا، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ئاماژە بەوە دەکات "لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا خواست لەسەر نەوت بە بڕی 18 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا زیادیکردووە، کە بەشێکی زۆری ئەم بەرزبوونەوە بەهۆی زیادبوونی هۆکارەکانی گواستنەوە و ئۆتۆمبێل بووە، کە خۆی لە 600 ملیۆن ئۆتۆمبیل دەبینێتەوە و، رێژەی 45% خواست بۆ نەوت پێکدەهێنێت، بەڵام لەکۆتاییەکانی ئەم دەیەدا هیچ زیادبوونێک بۆ نەوت لە هۆکارەکانی گواستنەوە نایەت، چونکە لە 2020 ئۆتۆمبێلی کارەبایی رێژەی 4% فرۆشتنی ئۆتۆمبیل بوو لە جیهان، بەڵام لە 2023ـذا گەیشتووەتە رێژەی 18%، واتە رێژەی 14% لەماوەی کەمتر لە سێ ساڵ زیادیکردووە.

ئێستا، ئەوەی بەڕوونی دەردەکەوێت تای هەردوولایە بە پرۆسەکەیە. نە باشکردنی گوزەرانی ئەوانەیە کە وزەی پێویستیان نییە وەک ئەوەی کە ئۆپێک دەیڵێت، هەروەها وەک ئەوەش نییە کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە هۆشداریی لەبارەیەوە دەدات، بەتایبەتیش گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، چونکە پرسەکە پارەیە و پرسی بردنەوەی شەڕێکی گەورەی مێژووییە لە بواری وزە، کاتێک وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە سێپتەمبەری 1960ـدا ئۆپێکیان راگەیاند و ویستیان کۆنترۆڵی ئاسایشی وزە، بەتایبەتیش نرخی نەوت بکەن، لە بەرامبەردا وڵاتانی بەکارهێنەرانی وزە لە نۆڤمبەری 1974ـدا ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەیان دامەزراند بۆ زامنکردنی ئاسایشی وزە و هاریکاری یەکتری بەتایبەتیش لەسەردەمی قەیرانی وزەی 1973 و ئابڵۆقەی نەوتی وڵاتانی ئۆپێک بۆ سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.

هەر بۆیە ئێستا جیاوازییەکە بەشێوەیەکە کە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکردنی نەوت (ئۆپێک) دەڵێت "بەکارهێنانی نەوت نەک کەمنابێتەوە بەڵکو فریای وەبەرهێنان لەم کەرتەدا نەکەوین، بە بڕی 14 تریلیۆن دۆلار یاخود 610 ملیار دۆلار ساڵانە لە کەرتی نەوت، ئەوا تووشی کەمیی خستنەڕوو و ناجێگیریی بازاڕ دەبینەوە"، بەڵام ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) پێچەوانەی ئۆپێکە و ئاماژە بە قۆناخی کۆتاییهاتنی بەکارهێنانی نەوت دەکات پێش ئەوەی ماوەیەی تەنانەت خۆیشی پێشبینی کردبوو.

ئۆپێک و IEA پێشبینییەکانیان بۆ مامەڵەی نزیکمەودای نەوتیش جیاوازە، بەجۆرێک ئۆپێک دەڵێ "لە 2024ـدا خواست بۆ نەوت بە بڕی سەروو دوو  ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد دەکات"، لەبەرامبەردا IEA دەڵێت "خواست بۆ نەوت لە 2024ـدا تەنیا بە بڕی 800 هەزار بەرمیل زیاد دەکات"، لەکاتێکدا جیاوازییەکە 1 ملیۆن و 450 هەزار بەرمیل نەوتە. با چاوەڕوانی رۆژانی داهاتوو بکەین، بزانین لێکەوتەکانی کۆپ 28 و بڕیارەکەی ئۆپێک لەسەر نەوت چی دەبن، کە کار دەکەنە سەر هەردوو بەرەی بەکارهێنان و بەرهەمهێنەرانی نەوت. 

سەرچاوەکان:

IEA (2023), World Energy Outlook 2023, IEA, Paris https://www.iea.org/reports/world-energy-outlook-2023, License: CC BY 4.0 (report); CC BY NC SA 4.0 (Annex A)

IEA (2023), The Oil and Gas Industry in Net Zero Transitions, IEA, Paris https://www.iea.org/reports/the-oil-and-gas-industry-in-net-zero-transitions, License: CC BY 4.0

The WOO 2023 is available for download on the OPEC website and via two digital interfaces, the OPEC WOO App and a comprehensive interactive version, which can be accessed at woo.opec.org

Share this Post

شرۆڤە