شرۆڤە

کورد لە سووریا و ئاڵنگارییە کۆن ونوێیەکان

28-07-2020


 

RRC |

حوسێن عومەر |

هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی سوریا

هیچ کات هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانی سووریا لە هیچ یەکێک لە خولەکانیدا گرنگیەکی راستەقینەی نەبووە. لە کودەتای بەعس لە ٨ ئاداری ١٩٦٣دا پەرلەمان هەڵوەشێندرایەوە و کرا بەئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش، دواتریش  لەکودەتای حافز ئەسەددا، لە١٩٧١پەرلەمان بە ناوی ئەنجومەنی گەل گەڕێندرایەوە و ئەندامەکانیشی بە بێ هەڵبژاردن دامەزرێندران. پاشانیش پرۆسەی هەڵبژاردن لە ساڵی ١٩٧٣ دەستی پێکردەوە. دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە سووریادا ئەنجومەنی گەلی لە ناوەڕۆکەکەی بەتاڵکردەووەو کردی بە ئامرازێكی وەزیفی کە کارەکەی بەیاساییکردن وشەرعیەت دان بوو بە ئاراستە و بڕیارەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن کە بەرەهایی لەژێردەسەڵاتی ئەسەددا بوو. بەڵام هەڵبژاردنەکانی ئەمدواییە کە لە ٩ تەمووز بەڕێووە چوو، دوو ئاماژەی تێدا بوو کە هەقە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت: لەلایەکەوە ئەوە روون بووەوە کە ناکۆکی نێوخۆیی نوخبەی دەوڵەمەندی جەنگ بە دەوری دەسەڵاتدا چڕبۆتەوە، کە وایکرد هەندێکیان رەمزەکانیان ببەنە ئەنجومەنی گەل و هەندێکی دیكەش دووربخرێنەوە. بۆ نموونە لە حەلەبدا فارس شەهابی سەرۆکی ژووری بازرگانی حەلەب كە یەکێک لە رەمزە ئابووری و پیشەسازییە دیارەکانی بازنەی ئابووری کە پشتی دەسەڵاتی دەگرت دوورخرایەوە. شەهابی ئەوەی نەشاردەوە کە تووڕەیە لە دەرکردنی لە ئەنجومەن و هێرشی کردە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، شکستی خۆیشی بە هاوپەیمانی ” گەندەڵکاران و لۆردەکانی جەنگ و داعشەکانی نێوخۆ” بەستەوە. لە بەرامبەریشدا حسام قاترجی بازرگانی تۆمەتباربە قاچاغبردنی نەوت دەرچووە كە لە چەندین ناوچەی جیاجیای سووریا بازرگانی كردووەو سزاکانی ئەمریکاش دەیگرێتەوە و تۆمەتباریشە بەوەی كە لەگەڵ داعشدا بازرگانی كردووە، بە تایبەت ئەو كاتەی كە ناوچە نەوتیەکانی رۆژهەڵاتی سوریا لەژێردەستی داعشدا بوو.

لەم چەند ساڵەی دوایی جەنگی سووریادا، دوای ئەوەی بانکی مەرکەزی سووری دراوە قورسەکانی کەمبوو، حکومەت زیاتر پشتی بە بەشکردنی رەمزە ئابوورییەکانی سێبەرو چالاکییە ئابوورییە ناڕەواكان دەبەست بۆ ئەوەی لە دابین کردنی پارەی جەنگ و مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت بەردەوام بێت. لەگەڵ ئەمانەشدا پاڵپشتی دارایی میلیشیاکانی پێ كرد کە بوونە هێزی هاوتای سوپای سووریا.

وادەردەکەوێت لە قۆناخی دوای جێبەجێکردنی یاسای قەیسەر بۆ سزاکان، کە حکومەتی سووریا زیاتر پشت بە چالاکی ئابووری ناڕەوا ببەستێت بۆ ئەوەی لە سزاکانی یاسای قەیسەر دەربازی بێت. ئەمەش دەبێتە هۆی دابینکردنی حەسانەی نێوخۆیی بۆ رەمزەکانی ئەم چالاکیە ئابوورییانە.

ئاماژەیەکی دیكە هەیە کە لەهەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا دەرکەوت، ئەویش دوورخستنەوەی ئەو کەسایەتییە کوردانەیە کە چەندین ساڵە وەفادارییان بۆ دەسەڵات دەربڕیووە. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر بیرکردنەوەی دەسەڵات بەرامبەر کورد، کە نکۆڵیکردن و دوورخستنەوەی کورد لە رێبازیدا نەگۆڕاوە. ئەگەری ئەوەش هەیە دەسەڵات بچێتە هەندێک رێككەوتنی نوێی ناوچەییەوە کە بەئامانجگرتنی ناوچە کوردییەکانە.

دانووستاندنە نوێیەکان

هەندێک زانیاری هەیە کە باس لە بەردەوامی هەوڵەکانی تورکیا دەکات بۆئەوەی تەنازولاتی زیاتر بە رووسیا بکات سەبارەت بە ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر کە رووسیا، سەربازی لەوێ هەیە. لەلایەکی دیكەشەوە، رووسیا دیداری لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات هەیە و هەوڵدەدات وەبەرهێنان لەسەر تموحەکانی تورکیا بکات و وە کو کارتی فشار لەسەر هێزەکانی سوریای دیموکرات بەکاریان بهێنێت بۆ ئەوەی ناچاری بکات، نەک تەنها هەندێک ناوچە لە رووی سەربازیی وئەمنیەوە چۆڵبکات بەڵکو، لەڕووی ئیدارەی مەدەنیشەوە، بەتەواوەتی بۆ حکومەتی سووریای بیگەڕێنێتەوە، بەبێئەوەی لەبەرامبەردا هیچ بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات پێشکەش بکات. فشارەکەش بەشێوەیەکی سەرەکی لەسەر ناوچەی عەین عیسای سەربە رەققەیە کە ناوچەی کۆبانی و تەواوی ناچەکانی دیكەی ئیدارەی خۆسەر بەیەکەوە گرێدەدات. لە حاڵەتێکدا ئەم فشارانە وەبەرهێنانیان لەسەرکرا، جا بەتەسلیمکردنی عەین عیسا بێت بە حکومەتی سووریا، یاخود دەستی تورکیای بگاتێ، ئەوا ناوچەی کۆبانی بەتەواوی گەمارۆدەدرێت و دەرگای بۆ رەققە دەکرێتەوە. چوونكە لە تەواوی ناوچەکانی تری پارێزگای رەققەدا ئەمریکا حوزرووێكی سەربازیی نیە.

گەڕی دووەمی دانووستاندنەکانی کورد

زۆربەی کورد پێیانوایە کە پەلەکردن لە بەدەستهێنانی هەنگاوەکانی یەکریزی کورد هەڕەشەو مەترسیەکانی سەر ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر کەمدەکاتەوە، یان لانیکەم بۆ سەر ناوچەکوردییەکان کەمدەکاتەوە. قۆناخی دووەم دەستی پێنەکردووە و لەمەش گرنگتر، هەردوولا پەلەیان نەکردووە لەو رێککەوتنەی کە پەیمانیانداوە بیكەن. رۆژی دووشەمەی رابردوو (٢٠ تەمووز) هەردوولایەنی چاودێری کاری دانووستاندنەکان، وەزارەتی دەروەی ئەمریکا، بەنوێنەرایەتی زەهرا بیللی کە جێگەی ولیام روباکی گرتەوە کە کارەکەی تەواو بوو لە ناوچەکەدا ( مەگەر وەزارەتی دەرەوە رۆڵەکەی درێژکاتەوە)، و هێزەکانی سوریای دیموکرات بەنوێنەرایەتی مەزڵوم عەبدی لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد بۆ تاوتوێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی گفتوگۆ لەگەڵ پارتە نیشتیمانیەکان کۆبوونەوە. ئەمە مانای وایە کە ئەم قۆناخە بەشیوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەستی پێکردووە. وەکو سەرەتایەک بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ کە چاوەڕوان دەکرێت یەکەم دانیشتنی، لە دوای جەژنی قوربان دەست پێبکات.

ئاڵنگاری گەورەی بەردەم ئەم گفتوگۆیانە، گۆڕینی ئیدارەی خۆسەری ئێستایە لە ناوچە کوردیەکاندا بە ئیدارەیەکی نیشتیمانی کوردی سووری یەکگرتوو لە رووی سیاسی، سەربازی و ئابووریەوە. سەرکەوتن بەسەر ئەم ئاڵنگاریەدا ئاسان نیە، چونکە لە قۆناخی شەڕ لەگەڵ گروپە ئیسلامیە توند ئاژۆکان لە ئۆپۆزسیۆنی سووری و دواتریش لەگەڵ داعشدا، سەرکردەو جەنگاوەرە کوردە ناسووریەکان رۆڵێکی گەورەیان لە شەڕەکاندا هەبووە، بۆیە بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو رۆڵە نابن كە لەدوای شەڕەکان دەستیان خستوە. ئەمریکاش مەرجی ئەوەیە کە ئەمانە لە رۆژئاوای کوردستان دەربچن. بەڵام دانانی گوشاری راستەقینە بۆ جێبەجێکردنی ئەم مەرجانە بەبێ کێشەو وهۆشیاریدانی زۆر، لەوانەیە مەترسیدارتر لەمە گۆڕینی نەخشەی هاوپەیمانێتیەکان و بژاردەکان بن، چونکە ئەمریکا ترسی لەوەهەیە بەلەدەست دەرچوونی کورد لەناو هێزەکانی سوریای دیموکراتدا هێزە عەرەبەکانی ناو هاوپەیمانێتیەکە بەرەو هاوپەیمانێتی لەگەڵ رژێمی سوریا وروسیا ئیران بڕۆن.

 

Share this Post

شرۆڤە