شرۆڤە

کورد و راگەیاندنی دەستووری نوێی سووریا

08-05-2025


بەشداربووان[1]

کامەران حاجۆ

د. ئازاد عەلی

سەردار عەبدوڵلا

فاروق حاجی مستەفا

د. کاوە ئازیزی

بەرایی

دوابەدوای گۆڕینی رژێمی بەعس لە سووریا، لەلایەک ئەحمەد شەرع و هەتەشە دەیانویست ئەو پەیامە بدەن کە سیستەمێکی سیاسی جیاوازتر لەوەی پێشوو بینایت دەنێن. نەک هەر ئەوە بەڵكو رەفتارەکانی پێشووی هەتەشە دەگۆڕدرێن. جۆلانی  ناوەکەی خۆی لادا و بەڵینی هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکەیشی دا. زۆرینەی خەڵكیش دڵخۆش بوون بە کۆتایهێننان بە حکومی بنەماڵە و دیکتاتۆریانەی چەند دەیەی حکومەتی بەعس و رژێمی ئەسەد. دۆخی تازە هیوایەکەی دروست کرد کە ئەم گۆڕانکارییە کۆتایی بە ململانێ وپاوانخوازی و شەڕی 13 ساڵەی نێوخۆیی بهێنێت، بە تایبەتی گرووپە کەمینەکان بە لەبەرچاوگرتنی ریتۆریکی چاکسازیخوازانە و بەڵێنەکانی  سەرکردایەتی نوێ لەسەردەستی ئەحمەد شەرع، پۆتانسێلی فرەیی و سەقامگیری سیاسییان لەوی بە دوور نەدەزانی. زۆرێک لە دەوڵەتانی دنیاش بەتایبەتی وڵاتانی رۆژئاوایی، سەرەڕای وریایی پێشوازییان لە ئەگەری گۆڕانی سووریا کرد. پێشهاتە سەرەتاییەکانی وەک هەوڵدان بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخان و کردنەوەی قوتابخانەکان و دانوستاندنی لایەنەکان لە سەرەتادا هیواکانی بینینی سووریایەکی جیاوازی بەهێزترکرد، بەڵام هەر زوو ئەم گەشبینییە دامرکایەوە، چونکە  ناتەبایییەکی تووند لە نێوان لێدوانە گشتییەکانی شەرع و پراکتیزە راستەقینەکانی حوکمڕانییەکەیدا سەریهەڵدا. رووداوەکانی کەناراوەکانی سووریا و پێکدادانەکانی حکومەت لەگەڵ دروزەکان دەرکەوت و سەرەڕای بەڵێنەکان بۆ چاکسازی، و ریزگرتن لەمافی کەمینە و پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا و پەیڕەوکردنی بنەماکانی دەوڵەتداری، راگەیاندنی دەستووری نوێ- کە لە ژێر چاودێری شەرع داڕێژراوە- بەچەسپاندنی دەسەڵاتی بەرفراوان بۆ سەرۆک، لەوانەش کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی دادوەری، هێزە ئەمنییەکان، دیمەنێکی پێچەوانەی پیشاندا.

هەروەها لەبری ئەوەی ئیدارە محەلییەکان بەهێزتر بکرێت یان مافەکانی کەمینەکان مسۆگەر بکرێت، چوارچێوەی دەستووری دەوڵەتێکی زۆر ناوەندی چەسپاندووە کە پێدەچێ لە هەندێک شوێندا کۆپی کردنێکی هەندێک لە بڕگەکانی دەستووری تورکیا بێت کە سەبارەت بە یەکپارچەیی خاک و ناوەندێتی دەوڵەتەوە کەڵکی لێوەرگرتووە. لەبەشەکانی دەسەڵاتی سەرۆککۆماریشدا لە بەشێکی دەستووری ئێران دەچێت تەنانەت لەویش زیاترە. بۆیە بەگشتی ئەمەش نیگەرانییەکانی سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ حوکمڕانی دیکتاتۆری وروژاندووە. ئەم ناکۆکییەکی کە لە نێوان گوتاری ریفۆرمخوازانە و دیزاینی پاوانخوازانەی دامەزراوەکان دا هەیە کەمینە و پێکهاتە جیاوازەکانی سوریای نیگەران کردووە و ترسی چەقبەستوویی سیاسی لە ژێر پۆشاکێکی جیاوازدا هەڵگیرساندووەتەوە.

کرانەوەی رێگای شەرع بەرەو شام

 مشتومڕێک هەیە لەسەر ئەوەی کە ئەو گۆڕانکاری و پێشهاتە خێرایانەی کە ساڵی رابردوو لەسووریا روویاندا و رووخانی خێراو دۆمینەئاسای شارەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی پێشووی سووریای لێکەوتەوە بە هۆی رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی بووە یان لەبەر داینامیکە نێوخۆییەکانی سایسیەتی ئەوە وڵاتە روویانداوە، بەڵام لە راستیدا دەشێ ئەم شتێکی تێکەڵآوبێت لە هەردوو هۆکارەکە. هێشتا هۆکاری کەمبوونەوەی رۆڵی لایەن ودەوڵەتە هاوپەیمانەکانی سووریای پێشوو بەتایبەتی دەوڵەتانی وەکو رووسیا و ئێران و ئەکتەرەکانی دیکەی وەک حیزبوڵلای لوبنان، ئەویش  لە ئاستێکدا کە رێگا بۆ رووخانی ئەسەد بکاتەوە تەمومژێکی بە دەوردایە و بۆ زۆرێک، هێشتا ناروون و جێی پرسیارە. لەم بارەیەوە هەندێک پێیان وایە کە رووخانی رژێم و بوونی هەیئەی تەحریری شام- شەرع بە حاکمی نوێی سووریا و گەیشتنی ئاسان و کورتخایەنیان بە دیمەشق و دیارنەمانی لە پڕی رووسیا و ئێران، بە رێککەوتنی هێزە گەورەکانی دنیا بووە. هەندێکی دیکەش پێیانوایە کە هۆکاریتریش رۆڵی سەرەکییان لە ئەم رووخانە خێراییەی سوریادا هەبووە وەکو خراپی ژیان و گوزەرانی ئابووری و دارایی سەربازانی سوپا، بەجۆرێک کە ئەوبڕە پارەیەی مانگانە وەریاندەگرت بەشی ئەوەی نەدەکرد کە چارەکێکی مانگەکەی پێ ببەنەسەر. ئەمەلەلایەک و، لەلایەکی دیکەش ماندوبوونی خەڵک و سەربازانی سووریا بەجۆرێک کە بۆماوەی زیاتر لە سیانزە ساڵ لە شەڕو ماڵوێرانی دا بوون و سەربازەکان بەردەوام لەسەنگەرەکانی شەڕدا بوون، هەستێکی بێزاری و ماندووبوی قووڵی دروستکردبوو کە شەڕیان پێنەدەکرا. بۆیە کاتێک کە ناوچە و شارە سەرەتاییەکان یەک یەک بە ئاسانی کەوتنە ژێر دەستی هێزێکی ئیسلامی - سەربازی، یەکەم کاردانەوەی ئەوانیش چەکدانان و راکردن و خۆبەدەستەوەدان بوو.

راگەیاندنی دەستووری سووریای دوای ئەسەد

ئێستا وڵاتانی جیهان وەکو سەرۆکێکی شەرعی مامەڵە لەگەڵ ئەحمەد شەرع دەکەن، هەندێکیش هیواخوازن  بەوەی کە سووریای سەردەمی ئەو وڵاتیكی دیموکرات و ئازادیخوازبێت کە باوەش بۆ پێکهاتە و ئاینە جیاوازەکان بکاتەوە، بەڵام گومان و نیگەرانیەکی زۆریش لەسەر ئەوەی کە بەوجۆرە دەرچێت هەیە. لە ماوەی رابردوودا حکومەتی سووریا دەستووری کاتی راگەیاند، کە بۆ ماوەی راگوزەری حکومەتی سووریا نوسراوە کە وامەزەندە دەکرێت 5 ساڵ بێت. بەڵام هەر دوای بڵاوبوونەوەی دەقی دەستوورەکە و ماددەکانی، رەخنەی زۆری لێگیرا.

 کورد کە پێکهاتەی نەتەوەیی و ئیتنی دووەمی سووریایە هەرزوو دژی ئەم دەستوورە دەنگی هەڵبڕی و لە چەند لایەنێکەوە رەخنەی تووندی لە دەق و ماددەکانی دەستوورەکە و داڕێژەرەکانی گرت. بەشێکیان پێیانوایە کە راگەیاندنی دەستوور لەدوای رووخانی رژێمی پێشوو پێویستیەک بوو، بەڵام ئەم دەستوورە لەشکڵ و شێوە و وشەو داڕشتندا، هاوشێوەی راگەیاندنە دەستوورییەکانی دیکەی جیهان نییە، بەڵکو زیاتر لەبەیاننامەیەک دەچێت کە ئامانج لێی گەیەندنی ئەو پەیامەیە بەدنیای دەرەوە کە ئێمە دەستوور دادەڕێژین. بێجگە لەوە ناسنامەی ئەم دەستوورە روون نییە و نازاندریت کە ئایا دەستوورێکی کاتیە یان بە کردەوە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن هەروا دەمێنێتەوە. لەلایەکی دیکەوە، چاوەڕوانییەکانی پیش نووسینی دەستوور بەو جۆرەبوو کە دەشێ دەستوورێک بێت کە مافی هەموو پێکهاتە، کەمە نەتەوە و ئایینەکانی تیایدا پارێزراو بیت، و رێزی پێکهاتەی دیمۆگرافیایی هەمەجۆری سووریا بگرێت، بەڵام بەبەپێچەوانەوە دەستوورێکی یەک رەنگ و تاک ئایدۆلۆژی راگەیەندرا کە لەژێر هەژموونیی سەرانی هەیئەی تەحریر شام دایە. ئەتوانین بڵێن هەموو دەسەڵاتەکانی لەدەستی هەیئەی تەحریر شام دا چڕکردۆتەوە، وەک چۆن گرنگترین وەزیرەکانی حکومەتی ئێساتش سەر بەو رێکخراوەن. بابەتێکی دیکە ئەوەیە کە ئەم دەستوورە بەهیچ جۆرێک لە دەستووری کاتی ئەو وڵاتانە ناچێت کە بەشەڕدا تێپەڕیوون و رژیمەکانیان گۆڕاوە.

 لە راستیدا بڕوای ئایدۆلۆژییانەی دەسەڵاتدارانی ئێستای شام بە جۆرێکە کە لە بنەڕەتدا دەستوور وەک شتێکی رواڵەتی سەیر دەکات، چونکە ئەوان قورئان وەک دەستووری سەرەکی تەماشا دەکەن؛ ئەوەی لە قورئان دا لە بەرژەوەندییان بێت وەکو دەستوور ئیشی پێدەکەن. ئەم حکومەت و دەوڵەتە، دەوڵەتێکی جیهادییە، دەوڵەتی یاسایی نیە تا کار بەدەستووربکات، بۆیە ئەوان دەستووریان ناوێت و ئەوەی کە ناویان لێناوە دەستوور، تەنیا بۆئەوەیە بڵێن دەستوورمان هەیە. هەر لەبنەڕەتدا ئەوەی جێگەی هەڵوەستەکردنە ئەوەیە کە لیژنەی راگەیاندنی دەستووری کە بەرپرس بوون لە نووسین و داڕشتنەکەی، پسپۆڕی دەستوور نین و لێی شارەزا نین.

نائومێدییەکانی کورد بەرامبەر بە دەقی دەستوورەکە

یەکەم خاڵ کە بووەتە جێگای سەرنج و رەخنەی کوردەکان بریتییە لە دووبارە ناونانەوە و لەقاڵبدانی دەوڵەتی سووریا بە دەوڵەتیكی عەرەبی. وەکو دەزانین پێکهاتەی سووریا پێکهاتەیەکی فرەڕەنگە، بۆیە لە روانگەی ئەوانەوە پێویست بوو کە وشەی عەرەبی لە دەستەواژەی" کۆماری عەرەبی سووری" لابدرایە نەوەک وەکو پێشتر بهێڵدرێتەوە هەروەکو چۆن لەم دەستوورە نوێیەشدا دەوڵەتی سوریا بەشێوەی " کۆماری عەرەبی سووری" ئاماژەی پێکراوە. ئەمە هەمان گوزارشت و دووبارەکردنەوەی هەمان ئایدۆلۆژیای تاکلایەنەی حکومەتی پێشووی سووریایە. ئەگەرسەیرێکی شێوازی داڕشتن و وشەکاری و واتاسازی دەستوورەکەش بکەین، دەبینین لەو شوێنانەی کەباسی دەوڵەت دەکات، وشەی بەهێز( وەک یلتزم)بەکاردەهێنێت بەڵام کەدێتە سەرباسی ماف و ئازادییەکان، وشە و دەستەواژەی زۆر لاواز بەکاردەهێنێت( کەفالەتی ئازادییەکان دەکات). ئەم جۆرە وشەسازییەش هەروا لەخۆوە بەهەوانتە نەکراوە بەڵکو مەبەست و ئامانجی لەپشتە و تەنیا لەیەک مادەدا و لەماددەی 7 دا، ئەویش بە شێوەیەکی لاوەکی باسی فرەڕەنگی و مافی پێکهاتەکانی دیکەی سووریا دەکات کە دەوڵەت" کەفالەتی" دەکات. هەروەها گوتراوە زمانی رەسمی دەوڵەت بریتییە لەزمانی عەرەبی کە ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر ئازادی کەلتووری کورد. ئەگەرباسی مێژوو بکەین، ئەتوانین بڵێن لەمێژووی سوریادا 5 دەستوور نوسراوە لەهیچ کام لەو دەستوورانەدا باسی کورد نەکراوە، لەم دەستوورەشدا بەهەمان شێوە بووە. لەیەک مادەدا کە ئەویش ماددەی 7 ە باسی فرەرەنگی و جۆراوجۆریی پێکهاتەیی سووریا کراوە، بەڵام ناڕوونە و زۆر بە لاوەکی ئاماژەی بۆکراوە.

بابەتێکی دیکەی گرنگ بریتییە لە پرسی ناوەندگەرایی و شۆڕکردنەوەی دەسەڵات بۆ دەزگا، ناوچە و دامەزراوە حکومیەکان. ئەوەی کە چاوەڕواندەکرا ئەوەبوو کە هاوشێوەی حکومەتی پێشوو دەسەڵات لەدەستی یەک کەسدا چڕنەکرێتەوە، بەڵکو دەسەڵاتەکان بۆ دامودەزگا حکومیەکان شۆڕبکرێتەوە، بەڵام ئەو دەسەڵاتانەی کە ئێستا ئەحمەد شەرع هەیەتی ئەتوانین بڵێین زۆر لەدەسەڵاتەکانی بەشار ئەسەد زیاترە. بەم پێیە بە هەمان شێوەی پێشوو هەموو بڕیارەکان لەشامەوە دەدرێت و بەتایبەتیش لەلایەن خودی ئەحمەد شەرع، کە ئەمەش دووبارە ئاوکردنە ئاشی دەسەڵاتی مەرکەزی و دژایەتی کردنی لامەرکەزیەتە.

دەستوورەکە دەسەڵاتی رەهای بە سەرۆککۆمار بەخشیووە. بەنموونە سەرۆککۆمار دەتوانێت لە جیاتی پەرلەمان بڕیار بدات، هەروەها هەموو دەسەڵاتێکی سەربازی هەیە کە دەتوانێت وەکو سەرۆکی سوپا بڕیاربدات، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی تەواو قایم بکات و بۆماوەیەکی درێژ لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە.

خاڵی سێیەم بریتییە لە پرسی ئازادی ئاینی. دژیەکی لە نیوان خودی خاڵەکانی دەستوورەکە و گفت و رەفتارەکانی شەرع دا هەیە.  لەم دەستوورەدا ئاینی ئیسلام کراوەتە بنەما بۆ داڕشتنی یاسا تەشریعییەکان و، لەلایەکی دیکەوە بەرتەسککردنەوەی ئازادیی دینی لە زیادبووندایە. بەجۆرێک ئیستا دەچنە لای کریستیانەکان دەڵێن دەبێت ببن بە موسڵمان کە ئەمەش ناڕەزایی ئاینزاکانی دیکەی لێکەوتەوە چونکە پێیان وایە ماف و ئازادی دینی ئەوان لەدەستوورەکەدا بەرجەستەنەکراوە. گرنگە بگوترێت کە دەستوور وەکو زنجیرەیەکە کە هەموو دەق و خاڵەکانی پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە، بەڵام لەم دەستوورەدا ئەم جۆرە پەیوەندییە نیە بەڵکو دژیەکی لەنێوان ماددەکانیدا هەیە. بۆنمونە، لە خاڵێکدا جەخت لە پاراستنی مافی کەمینەکان و رێزگرتن لە بیرو ئایین و پێکهاتە جیاوازەکان دەکاتەوە، بەڵام لەخاڵێکی دیکەدا باسی ئەوە دەکات کە پێویستە ئاینی ئەو کەسەی کە دەبێتە سەرۆککۆمار ئیسلام بێت. ئەم خاڵە زۆر گرنگە، ئازادی دینی دایکی هەموو ئازادییەکانی دیکەیە، بەڵام بە پێی ئەم دەستوورە کەسی سەر بە ئاینزای دیکە ناتوانێت ببیتە سەرۆک کۆمار و خۆی بۆ پۆستێکی وەها بەربژێر بکات.

 هەرسەبارەت بەپرسی دژیەکی لە گوفتار و کرداردا، کاتێک هەتەشە هاتنە دەسەڵات، ئەحمەد شەرع لەچەندین چاوپێکەوتندا ئەوەی راگەیاند کە ئەوان نەهاتوون بە عەقڵیەتی شۆڕشگێری حوکم بکەن، بەڵکو ئەوان پەیڕەوی لە حوکمی مەدەنی و دەوڵەتداری دەکەن، کە تێدا بنەماکانی دەوڵەتداری و مەدەنیەت بچەسپێت. بەڵام هەرزوو دوای ئەم قسانە کاتێک عەلەوییەکان داوای چەند داواکاری و مافێکی ئاساییان کرد، رووداوەکانی ناوچە کەنارییەکان روویدا و دواتریش گرژی لەگەڵ دورزییەکان دەرکەوت. هەروەها کاتێک ئەحمەد شەرع و مەزلوم عەبدی ماوەیەک لەمەوبەر رێکەوتنیان کرد جەخت لەوە کرایەوە کە کورد پێکهاتەیەکی سەرەکی سووریایە و مافیان پارێزراوە، بەڵام لەراگەیاندنی ئەم دەستوورەدا، بە ئاشکرا دان بەمافی کورد و پێکهاتەکان دا نەنراوە. هەروەها، کاتێک کۆنفرانسی نیشتیمانی کوردی لەم چەند رۆژەی پێشوودا لەقامیشلۆ بەسترا و چەند بڕیارێک درا، هەموو ئەنجام و ىڕیارەکانی لەلایەن حکومەتەکەی شەرع-ەوە رەتکرانەوە و بە ناشەرعی لەقەڵەمدران.

خاڵێکی دیکە لەبارەی پرسی دیموکراسی وحکومی تەکنۆکراتی و دەوڵەتداریە. بەپێی ئەم دەستوورە ئافرەتان مافی بەشداریکردنی سیاسیان نیە، بەڵکو تەنیا مافی خوێندنیان هەیە. ئەگەر وردتر سەیری خاڵەکانی دەستوورەکە بکەین، دەبینین کە بەهیچ جۆرێک باسی دیموکراسی ناکرێت و بەهیچ جۆرێک مافەکانی ئافرەت تێدا نەپارێزراوە چوون لە روانگەی ئایدۆلۆژییەوە سەیری مافیان دەکرێت. هەروەها لەبارەی مافەکانی منداڵ و پێکهاتەکانیش بەهەمان شێوەیە.

لەبارەی بەشداریکردنی کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە حکومەتدا ئەتوانین بڵێین حکومەتەی کە درووستکرا نوێنەری هەموو پێکهاتەکانی تێدا نەبوو، بەڵکو هەموو ئەوکەسانەی کە دەسەڵاتیان وەرگرت و بەشداری پێکهێنانی حکومەتیان کرد، تەنانەت ئەگەر لە پێکهاتەی جیاوازیش بن ئەوا لە دارودەستەی خۆیان بوون. ئەگەر کوردێکێش بەشداربووبێت ئەوا تەنها نوێنەری خۆی بووە و نوێنەرایەتی هیچ لایەن و پێکهاتەیەکی سیاسی کوردی نەکردووە. هەروەها، لەهەموو کۆبوونەوە و کۆنگرەکانی حکومەتدا هیچ کوردێک بە نوێنەرایەتی لایەنە سیاسییەکان بەشداری تێدا نەکردووە. لە کۆنگرەی نیشتیمانی "نەسر"لەبارەی پاشەڕۆژی سووریا کە ماوەیەک پێش ئێستا لەلایەن حکومەتەوە رێکخرا، کەتێدا نزیکەی 800 کەس تێیدا بەشداربوون زۆربەیان خاوەنی یەک ئایدۆلۆژیابوون کە نزیکە لەئایدۆلۆژیای شەرع، تەنیا بۆماوەی 2 کاژێریش باسی پاشەڕۆژی سووریا کرابوو!

 لەماددەی 52 دا،  5 ساڵی وەکو " قۆناخی راگوزەر" دیاریکردووە، راگەیاندنی دەستووری بۆماوەی 5 ساڵە و لە راستیدا ئەم ماوەیە زۆرە و هێشتا نازاندرێت مەبەست و ئامانجی شەرع چیە و دەیەوێت لەماوەی ئەو 5 ساڵەدا چی بکات. لەوماوەیەدا کۆمیتەیەک درووست دەکریت ئەو کۆمیتەیەش لیژنەیەک درووست دەکات بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمان، کە ئەو لیژنەیە سەربە شەرع-ن و هەڵبەت دیارە ئەوکەسانەی نزیکن لە شەرع هەڵدەبژێردرێن و، بەم شێوەیە پەرلەمان درووست دەکرێت. هەروەها هەموارکردنەوە و گۆرانکاری لەم دەستوورەدا زۆر قورسە کەلەماددەی 50 دا باسی کردووە، لەسەر رەزامەندی سەرۆک کۆمار و پەرلەمان روودەدات.

هەنگاوی داهاتوو بۆ کورد

لەسەرەتادا ئەوەی گرنگە بگوترێت ئەوەیە کە کیشەی سەرەکی سووریا دووبەشە، بەشی یەکەم ونبوونی کولتوری دەستووری و یاساییە؛ دوای 3 ساڵ لە دامەزراندنی دەوڵەتی سووریا کودەتایەکی سەربازی کرا. هەروەها دوای 10 ساڵ لە کودەتا، بەعس یان پێش ئەوان جەمال عەبدولناسر کە سووریای کردە بەشێک لە دەوڵەتی یەکگرتووی عەرەبی، نەیانهێشت کە دەستوور رۆڵێکی هەبێت و ببێتە کلتوورێک، بەڵکو هەمیشە کودەتایان کردووە. لەبەرئەوە دەبێت خەباتی دەستووری سووریا بۆ بە کولتوورکردنی دەستوور و یاسا بێت. بۆیە گرنگە بۆ کورد لە کاتی هەبوونی هەردەرفەتێکدا سەرەڕای هەموو ئەوخاڵ و ناکۆکییانەی سەرەوە کە باسکران بەشداری پەرلەمان بکات، پێویستە بەشداری دانوستاندن بکات و خۆی لەدەسەڵاتی تەشریعی بەدوورنەگرێت و بەردەوام بێت لەسەر بەدەستهێنانی مافەکانی بەشێوەیەکی دیموکراسیانە.

بۆ کورد ئەم دۆخێکی سەختە بەڵام لە هەمانکاتیشدا هەندێک دەرفەت هەیە بۆ دانوستاندن کە نابێ لە کیسی بدات. کۆنفرانسی نیشتیمانی کوردی درەنگ بوو، بەڵام زۆر گرنگ بوو کە ئەنجام درا. زۆرگرنگە وەفدی کوردستانی زۆر بەپەلە پێکبهندرێت، مەرج نیە یەکسەر بڕوات بۆشام، بەڵکو بەرلەوەی بڕوات بۆشام داوای دیدار لە یەکێتی ئەورووپا، ئەمریکا، و هەروەها تورکیا بکات. سەردانی میسر، قەتەر، ئوردن، سعودیە، و ئیمارات بکات، ئەم هەنگاوانەش گرنگن بۆ پاراستنی مافەکانی لەدەستووردا.


[1]  تێبینی1، ئەم هەڵسەنگاندنە بەرئەنجامی کۆبوونەوەیەکی داخراوی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو، نووسینەوە و داڕشتنەوە بۆ گفتوگۆکان کراوە.

Share this Post

شرۆڤە