RRC |
یاسین تەها*|
نزیکەی دوو هەفتە بەسەر ئەو وادە 40 رۆژییە تێپەڕی كە موقتەدا سەدر دای بە رکابەرەکانی لە “چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە”، تا ئەوان حکومەتی زۆرینە پێک بهێنن، بەڵام دانوستاندنە نێوخۆیییەکانی شیعە هێشتا بەبێ رووگەیەکی روون هەر لەناو بازنەیەکی بۆشدا دێن و دەچن. لەو ماوەیەدا لایەنە شیعەکان هەر سەرقاڵی دیداری نێوخۆیی خۆیان بوون و سەدریش چووە خەڵوەت و رۆژوویەکی سیاسی “مریەم” ییەوە. هەندێک لەو دەستپێشخەرییانەشی لە چوارچێوەکە و لە عەممار حەکیمەوە خرانەڕوو لە جێگای خۆیاندا کپ بوونەوە.
مۆڵەت دانەکەی سەدر کەوتە رەمەزانەوە کە وەرزی میوانداری شەوان و بەربانگ و دەرکەوتنە لە پرۆگرامە تەلەفزیۆنییە جۆربەجۆرەکانە. لەم ماوەیەشدا کەسی یەکەمی زۆربەی هێزە شیعەکان دەرکەوتن و دیداریان هەبوو، بەڵام لە تێکڕای دیمانە درێژەکانیاندا هیچ دیدێکی سیاسی نوێ و چارەسەر و پێشنیارێکی جیاوازیان نە خستەڕوو بۆ کردنەوەی بنبەستی سیاسی، لە کاتێکدا ئەوە حەوت مانگە هەڵبژاردن كراوەو سێ مانگیشە پەرلەمان بێ کار و بێ ئەرکە و تێچوونی بودجە و خەرجییەکانیشی لەو ماوەیەدا 57 ملیار دینار بووە.
لە سەروبەندی ساڵیادی 9ی نیساندا، مالیکی و سەرکردەکانی حیزبی دەعوە لەسەر نوێکردنەوەی پۆستێکی 10 ساڵ بەر لە ئێستای میدیاکارێکی عێراقی (ساڵح حەمدانی) هەرایەکی گەورەیان دروست کرد. پۆستەکە رەخنە لە مەراسیمی ساڵیادەکانی لەسێدارەدانی محەممەد باقر سەدر و ئامینە (بنت الهدی) ی خوشکی دەگرێت لە کاتێکدا خەڵکی هەژاری شیعە لەسەر زبڵەکان خۆیان دەژێنن. بەهۆی ئەم هەرایەی مالیکیشەوە تۆڕی میدیایی فەرمی ناچاربوو گرێبەستی میدیاکارەکەی ئەلعێراقییە (پێشکەشکاری بەرنامە) هەڵبوەشێنێتەوە، ئەمەش وەک هەوڵێکی مالیکی تەماشا کرا بۆ جووڵاندنی سەدر یان موجامەلەکردنی بنەماڵەکەی پاش ئەوەی بەرەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کاندیدبوونی جەعفەر سەدریان بۆ سەرۆکایەتی وەزیران بە پاساوی جۆراوجۆر پەکخست، بەڵام بنەماڵە بە چاک و خراپ هیچیان لەسەر ئەم هەڵایە نەگوت و چەند رۆژێک پاش ئەوە، لە نامەیەکی تایبەتدا بۆ کەسایەتییەکی عێراقی، جەعفەر سەدر داوای لێبوردنی میدیاکارەکەی بە ژێر لێوەوە قبووڵ کرد و بەمەش، کۆتایی بە کەیسەکە هات کە خرایە قاڵبی بێڕێزیکردن بە پیاوە ئایینییە قوربانیدەرەکان.
لە خەڵوەتەکەیدا سەدر زیاتر خۆی یەکلایی کردووەتەوە بۆ رێنمایی ئایینی و مەزهەبی شوێنکەوتەکانی، لەو نێوانەشدا بەتوندی بەگژ هەندێک لە شوێنکەوتەکانی (سورخی) دا چوویەوە کە پێشتر خوێندکاری باوکی بووە و ئێستا خۆی بە مەرجەعێکی سەربەخۆ دەزانێت. هاتنە دەنگیشی بە پاساوی ئەوەیە یەکێک لە گوتاربێژەکانی (سورخی) لە بابل “داوای رووخاندنی هەندێک لە مەزارەکانی شیعەی کردووە” و لەسەر ئەمەش لایەنگرەکانی سەدر چوونە سەر ئەو حوسەینیەیەی کە گوتارەکەی تێدا خوێنراوەتەوە. جگە لەوەش سەدر خۆی بێبەری کرد لەوانەی ئەو بە ئیمام (محەممەدی مەهدی) دەزانن و پاش بە نەفرەت کردنیان داوای سزادان و لێپێچینەوەی لێکردن. هەر لە پەنا ئەمانەشدا “بەپەلە”داوای دەرکردنی یاسای تاوانبارکردنی بانگەشە بەعسییەکانی کرد. ئەمەش پاش ئەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو بوو یەوە کە کەسێک بەبۆنەی یادی دامەزراندنی بەعسەوە (7ی نیسان) لەسەر جادەیەکی گشتی کە دەگوترێت گەڕەکێکی باکووری بەغدایە، بە ئاشکرا چوکلێت بەسەر رێبواراندا دەبەخشێتەوە.
خۆ خواردنەوە و بنبەستی ماڵی شیعە لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەش لە بێدەنگی و کەنار گیرییەکی قووڵدایە. سەکۆ و ماڵپەڕە فەرمییەکانی مەرجەعییەت تەنانەت لەربارەی رەمەزانیش هیچ پەیامێکی نوێیان لا نییە و ناچار لە ئەرشیف، فەتوا کۆنەکان دووبارە دەکەنەوە. یەکێک لە بریکارەکانی سیستانیش (ئەحمەد سافی) شوێنکەوتەکانی مەرجەعی باڵای لە گەڕانەوەی گوتاری هەینی کەربەلا بێهیوا کرد کە بەشی دووەمی گوتارەكە گوزارشت لە هەڵوێستی مەرجەعیەتی نەجەف دەکات و لە سەردەمی کەرەنتینی کۆرۆناوە وەستاوە (ئازاری 2020). لەبارەی پاساوی ئەمەش، بریکارەکەی مەرجەع باسی لەوە کردووە كە ئەگەر ئامۆژگاری و رێنمایی نەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە سوودی نییە، بەهۆی ئەوەشی زۆر لە لایەنەکان پابەندی رێنمایییەکانی سیستانی نین، گوتارەکان تا کاتێکی نادیار راگیراون !
گەیشتنە بنبەستی ئەگەری پێکهاتنی ناوخۆیی شیعە لە رەمەزاندا دەرگای بۆ جموجۆڵ بە ئاراستەی پێکهاتەکانی تر کردووەتەوە، لەو ماوەیە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکێتی و باڵی جیابوونەوەی عەزمی سوننە زیاتر چوونەتە ناو وردەکاری و نزیک بوونەوە. بە گەرمیش باسی سەردانێکی چاوەڕوانکراوی چوارچێوەی شیعی هەیە بۆ هەولێر لە رۆژانی داهاتوو، بەڵام جموجۆڵەکانی شیعە بە گەرمی زیاتر لەسەر پێکهاتەی سوننەن کە پێگەی وەستانیان زۆر بتەو نییە و زیاتر لە پێگەی وەستانی شیعە و کورد شڵۆق و فشەڵترە، یەکێک لە سیاسییەکانیشیان (قاسم فەهداوی) ئەوەی درکاند كە “حکومەت مەرجەعیەتی سوننەیە، هەر لایەنێک حکومەت پێک بهێنێت ئێمە دەچینە لای ئەوە”.
تا دێت گومانەکانیش زیاتر دەبن لەسەر ئەوەی گۆڕاوە کتوپڕەکانی ناو شەقامی سوننە بە کاریگەری هێزە شیعەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگین، لەو نێوانەشدا گوشارەکان بۆسەر پرۆگرامەکانی کەناڵی UTV زیاتربوون کە هی سەرمەدی خەمیس خەنجەرە. جگە لەوەش نیشانەی پرسیاری زۆر هەن لەبارەی کات و ئامانجی پشت ئازادکردنی رافیع عیساوی سەرکردەی سوننەی فەللوجەیی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا. ناوبراو کە چەندین دۆسیەی رووبەڕوو کرابوویەوە، پاش ئازادکردنی “بە کەفالەت” وەک جەمسەرێکی سیاسی بەهێز و ناسراو دەرکەوت کە ئەگەر هەیە لەسەر حیسابی درەوشانەوەی ئەستێرەی خەمیس خەنجەر و محەممەد حەلبوسی بێت کە دوو جەمسەری هاوپەیمانییە زۆرینەکەی سەدرن. هەر لەو نێوانەشدا شیعەکان لە ئەنبار دژبەرێکی نەوعییان بۆ حەلبوسی دروست کردووە؛ (ستام ئەبو ریشە) کە لە بنەماڵەیەکی ناسراوی قوربانیدەرە لە دژی ئەلقاعیدە و ئێستا لە شەڕێکی دەستە و یەخەدان. قسە و باسیش هەیە كە لە رۆژانی داهاتوودا ئەو رکابەرانە زیاتر قیت بكرێنەوە جا چی بە ئاسانکارییە قەزاییەکان بێت بۆ ئەوانەی فەرمانی گرتنیان هەیە، یان بە هێنانە پێشەوەی سیاسییەكانی وەک مەشهەدانی بێت. هەموو ئەمەش لە کاتێکدایە کە دادگایەکی بەغدا لەسەر کەیسێکی هەشت ساڵ بەر لە ئێستادا و لە سەردەمی شەڕی داعشدا، ئەسیل نوجێفیی کە لەسەر نفوزی ئەنكەرە لە عێراق هەژمارە، بە حەوت ساڵ زیندانی حوکم دا بە پاساوی ئەوەی كە ” بەدەر لە رێنمایییەکانی بودجە پارەی بۆ حەشدی وەتەنی خەرج کردووە”!
*یاسین تەها، شارەزای کاروباری عێراقە و ئەم وتارەی بەتایبەت بۆ ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو نووسیوە.