شرۆڤە

ناسەقامگیری نرخی نەوت و عێراق لە 2025دا

16-09-2024


لە کانوونی یەکەمی 2021وە یەکەمجارە نرخی نەوت هێندە دابەزێت و تەنانەت بێتەخوار 70 دۆلار کە ئەمەش نیگەرانی گەورە بۆ چارەکی کۆتایی ئەمساڵ و بودجەی 2025ی عێراق  دروستدەکات. ئەم گۆڕانکارییە خێرایە لەنرخی نەوتدا لەماوەی هەفتەکانی رابردوودا کۆی بازاڕ و داهاتی ئەو وڵاتانەی پشت بە نەوت دەبەستن دەخاتە بەردەم ئاڵینگارییەکی گەورەوە، چونکە مانگانە نەوت دەفرۆشن و پارەکەی دابەش دەکەنەوە.

 باس لەهۆکاری جیاواز بۆ ناسەقامگیری و دابەزینی نرخی نەوت دەکرێت بەڵام لەسەروو هەموویانەوە خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری چین، بەڵام لەراستیدا تەنیا خاوبوونەوەی ئابووری بەکارهێنەرێکی گەورەی وەک چین نییە کەوا  رێژەی 10% کۆی خواست بۆ نەوت لە جیهاندا پێکدەهێنێت بەڵکوو  چەندین هۆکاری دیکەش کاریگەری لەسەر نرخی نەوت هەیە.

لەڕاستیدا، ئەم ناسەقامگیرییە و دابەزینی نرخی نەوت بەوشێوەیە و لەم دۆخە ئاڵۆزەی ئێستادا دەرکەوتنی راستەوخۆی کاریگەرییەکانی وزە نوێبووەکان و دوورکەوتنەوەی بەکارهێنەرانی وزەیە لە وزە باوەکان.هەروەها، لەوانەشە لەم مانگ و ساڵانەی داهاتوودا نرخی نەوت هەڵبەز و دابەزێکی گەورە بەخۆوە ببینێت، بەڵام دواجار نەخشەی بەکارهێنەرانی نەوت لە جیهان گۆڕانکاری بەسەردا دێت کە کاریگەری گەورە دەخاتە سەر نرخی نەوت لە داهاتوودا و تاڕادەیەک ناسەقامگیر دەبێت، هەربۆیەش پێشبینییەکانی بەکارهێنەرانی وزە لە پێشبینییەکانی بەرهەمهێنەرانی وزە راستر وەردەگەڕێت.

لەساڵی 2023دا بەپێی راپۆرتی داهات و خەرجییەکانی عێراق رێژەی 93% کۆی داهاتی دەوڵەتی عێراق لە نەوتەوە هاتووە کە 125.8 تریلیۆن دینار بووە، لە بەرامبەردا داهاتی نانەوتی 9.7 تریلیۆن دینار کە رێژەی 7% پێکهێناوە، ئەمەش تەواو پێچەوانەی ئەوە بوو کە لەبودجەکەدا بۆ ئەو ساڵە بۆ داهاتی نەوتی و نانەوتی دانرابوو.

ئەم داهاتە بە بەراورد بەو خەرجیانەی ساڵانە لە بودجەدا دادەنرێت تەواو پێچەوانەی یەکترە، بەشێوەیەک ساڵ بەساڵ خەرجییەکان روو لەزیادبوون و داهاتەکان گرێدراوی زیاتری نرخی نەوت دەبێت؛ لەماوەی دوو ساڵی رابردوو جەنگ و پێکدادانەکان و هەوڵەکانی ئۆپێک وایکرد عێراق نەک کورتهێنانی لەو بڕەی بۆ داهاتی نەوت داینابوو نەبێت بەڵکوو سەررێژی ساڵانەی داهات بەسەر خەرجییەکان هەبوو، بەڵام زیادبوونی خەرجییەکان لەماوەی یەک ساڵدا بە 11 تریلیۆن دینار و دابەزینی تێکڕای نرخی نەوت بە 10 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لەهەمان ساڵدا وادەکات ئەوەی لە بودجەی 2024دا هاتووە لە داهات و خەرجییەکانی وەزارەتی دارایی دووبارە نەبێتەوە.

بەپێی خشتەکانی بودجەی پەسەندکراوی 2024 کۆی خەرجییەکان بە بەراورد بەساڵی 2023 لە  199 تریلیۆن دینار (153 ملیار دۆلار)وە زیادیکردووە بۆ 211 تریلیۆن دینار (161 ملیار دۆلار) لە 2024دا، کە ئەمەش بەهۆی خەرجی وەبەرهێنانەوە نەبووە بەڵکو بەشێکی گەورەی بەهۆی خەرجی بەکارخستنەوە بووە. بەتەنیا لەماوەی ساڵی رابردوودا نزیکەی نیو ملیۆن کارمەندی نوێ بۆ کەرتی گشتی لە عێراق دامەزرینراوە، کە سەروو 370 هەزاریان گرێبەست بوون کراون بەدامەزراوی هەمیشەیی ئەمەش سەرەڕای دانانی بودجەیەکی گەورە بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابووری و بنیاتنانی پرۆژەی ستراتیژی لەنێوەڕاست و باشووری عێراق.

لەو وڵاتانەی کە بە وڵاتانی کرێخۆری (Rentier State) دادەنرێن، دابەشکردنی مووچە بەواتای دابەشکردنەوەی سامانی دەوڵەت و  جوڵەی بازرگانی و سەقامیگیری کۆمەڵایەتی دێت، کە عێراق نموونەیەکی هەرە پێشەنگی ئەو وڵاتانەیە سەرەڕای هەموو جیاوازەکان لەڕووی دابەشکردنەوەی ئەم سامانەوە. هەربۆیەش بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی بۆ داهات و خەرجییەکان، مووچەی فەرمانبەران و مووچەی خانەنشینی لە عێراق رێژەی نزیکەی 50% کۆی خەرجییەکان پێکدەهێنێت؛ لەکاتیکدا بەتەنیا لەماوەی شەش مانگدا رێژەی 4% ئەم خەرجییە زیادیکردووە. بۆ نموونە لەساڵی 2023دا کۆی خەرجی فەرمانبەران رێژەی 45% بووە، بەڵام لە نیوەی یەکەمی 2024دا کۆی خەرجییەکان بۆ مووچە گەیشتووەتە 49%، واتە لەکۆی خەرجی شەش مانگی یەکەمی 2024 کە 58.2 تریلیۆن دینار بووە، بڕی خەرجی مووچە بریتیی بووە لە 28.1 تریلیۆن دینار.

دابەزینی خێرای لەمشێوەیەی نرخی نەوت و ناسەقامگیری بازاڕی نەوت کاریگەری گەورەی لەسەر کەمبوونەوەی داهات بۆ وڵاتێکی وەک عێراق دەبێت، بۆ نموونە لەماوەی نێوان مانگەکانی (تەمموز بۆ ئاب) داهاتی نەوتی عێراق لە 9 ملیار دۆلارەوە کەمیکردووە بۆ 8.4 ملیار دۆلار،، لەکاتێکدا  نرخی نەوت بەمشێوەیەی ئیستا دانەبەزی بوو، زیانی 600 ملیۆن دۆلاری لەکۆی داهاتی عێراق هەبووە.   ئاژانسەکانی وزە باس لەکەمبوونەوەی زیاتری خواست بۆ نەوت لەجیهاندا دەکەن، کە هۆکاری سەرەکی ئەم خاوبوونەوەیەش چین ە؛ لەکاتیکدا، عێراق رێژەی یەک لەسەر سێ کۆی هەناردەی نەوتەکەی بۆ وڵاتی چین ە. ئەگەر نرخی نەوت بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوامبێت، ئەوا عێراق رووبەڕووی دوو ئاڵینگاری گەورە دەبێتەوە: یەکەمیان ناسەقامگیری نرخی نەوت و نزیکی لە 70 دۆلارەوە، دووەمیان بڕی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن بۆ بازاڕەکانی جیهان بەهۆی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەسەوە. بۆ نموونە  ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەوت کەمتر بێت لەوەی لە بودجەکەدا دانراوە ئەوا بەمانای کەمبوونەوەی داهاتی عێراق بە بڕی 1.2 ملیار دۆلار لەساڵیکدا دێت ئەمەش ئەگەر جیاوازییەکە تەنیا 1 دۆلار کەمتر بێت. هەروەها، سنووردارکردنی بڕی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لەلایەن عێراقەوە بەگوێرەی ئۆپێک  بڕی 200 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی کەمترە لەوەی لە بودجە سێ ساڵییەکەدا دانراوە، ئەمەش سەرەڕای قەرەبووکردنەوەی ئەو زیادەیەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو مانگی تەممووز بەرهەمی هێناوە.

لەڕاستیدا، بەتەنیشت خاوبوونەوەی ئابووری چین و کەمبوونەوەی خواستی رۆژانەی بە 280 هەزار بەرمیل نەوت لەگەڵ هۆکارەکانی وەک گۆڕینی ئاڕاستەی رێژەی 30% خواستی گازوایلی تانکەر و بارهەڵگرەکانی چین لە گازوایلەوە بۆ گازی سرووشتی شلکراوە LNG لەنیوەی دووەمی ئەمساڵدا، زیادبوونی نەوتی ئەمبارکراوی ئەمریکا، پابەندنەبوونی وڵاتان بەکەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی خۆبەخشانە لەچوارچێوەی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس لەنیویاندا عێراق و مەکسیک هەروەها،  زیادبوونی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ دەرەوە لە ئەمساڵدا بە بڕی 1.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە، هەموو ئەمانە پێکەوە باشتر وێنای هۆکارەکانی پشت ناسەقامگیری و دابەزینی نرخی نەوت رووندەکاتەوە و ئاڕاستەی نرخەکان لە داهاتوودا دیاریدەکات، هەربۆیەش ئۆپێک بۆ دووەم مانگ لەسەر یەک پێداچوونەوەی بە پێشبینییەکان بۆ خواست تاوەکو خستنەڕووی نەوت لە 2025دا کردووە.

ئەگەر نرخی نەوت بەمشێوەیە  بێت یان نەگەڕێتەوە بۆ سەروو 70 دۆلار ئەوا عێراق بۆ بودجەی 2025 دەبێت پێداچوونەوە بە نرخ و بڕی بەرهەمهێنانی نەوت و خشتەی خەرجی و داهەتەکان بەئاڕاستەی کەمکردنەوە نەوەکوو زیادکردن بکات وەک ئەوەی بۆ 2024 دەنگی لەسەردا. لەکۆتاییدا، ئایا عێراق رێگەی رێکخستنەوە فرەچەشنکردنی ئابووری دەگرێتەبەر کەهەمووان باس لەوەدەکەن چیدیکە کەرتی گشتی ناتوانێت ئەو هەموو مووچە خورە لەخۆبگرێت یان راگرتنی خەرجی پرۆژەکان دەبێت وەک لەرابردوودا بینراوە، هەرچەندەش راوێژکارێکی سەرۆکوەزیران لەئێستاوە ئاماژە بە بەردەوامی خەرجی مووچە و پێداچوونەوەی خەرجی پرۆژەکان کردووە.

Share this Post

شرۆڤە