RRC |
دوو ساڵ پێش دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا(پێنتاگۆن) لە راپۆرتێكی 103 لاپەڕەییدا لەبارەی ئەگەری بڵابوونەوەی پەتایەكی هاوشێوەی كۆڤید-19ی نوێ و هەڕەشەكانی بۆ سەر ئەمریكا هۆشداری داوەتە كۆشكی سپی.
راپۆرتەكە بەشی زۆری ئەو كێشانە دەخاتەڕوو كە ئێستا ئەمریكا و زۆربەی وڵاتانی جیهان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە بەدەستیانەوە دەناڵێنن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە چەندین بۆنەدا جەختی لەوە كردووەتەوە كە هیچ كەسێك نەیدەتوانی پێشبینی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێكی هاوشێوەی كۆرۆنا بكات، بەڵام پنتاگۆن لە راپۆرتێكی ساڵی 2017دا هۆشداری داوەتە كۆشكی سپی و پێیگوتووە:”رووداوێكی بایۆلۆژی كارەساتبار دەتوانێ هەڕەشە لە خەڵك، ئاژەڵ، رووەك، ژینگە، تەندروستیی ئابووری و ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا بكات” و، پێویستی بە “كاردانەوەی خێرا و كاریگەر هەیە بۆ ئەوەی زیانە گیانییەكان و ئاكامە خراپەكانی كەمبكرێنەوە”.
راپۆرتەكە، كە كۆپییەكی دەست گۆڤاری (نەیشن)ی ئەمریكی كەوتووە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەگەری بڵاوبوونەوەی “نەخۆشیی كۆئەندامی هەناسە، بەتایبەتی نەخۆشیی ئەنفلوانزایەكی نوێ” لە هەموو ئەگەرەكانی دیكە “زیاتر رێی تێدەچێت و لەپێشترین ئەگەریشە”.
كۆڤیدـ19 نەخۆشییەكە بە خۆگۆڕین یان پەرەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا دروستبووە و یەكێك لەو كۆئەندامانەی كە دەیكاتە ئامانج كۆئەندامی هەناسەی مرۆڤە. راپۆرتەكە لە چەندین شوێن بەناو ئاماژە بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكات، وەك چۆن لە شوێنێكی راپۆرتەكدا هاتووە “نەخۆشیی گوازراوەی كۆرۆنا لە جیهاندا شتێكی باوە”.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا بەدووری نازانێت ئامرازەكانی دەستنیشانكردن و چارەسەریی ڤایرۆسە باوەكان بۆ ئەو ڤایرۆسە نوێیە كاریگەرییان نەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی ڤایرۆسەكە بە خێراییەكی زۆر بە هەموو جیهاندا بڵاوببێتەوە.
حكومەتی چین لە رۆژی 11ی كانوونی دووەم مردنی یەكەم تووشبووی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیاند. ئەوكات تەنیا 41 تووشبووی پشتڕاستكراوە لە چین هەبوون، لەكاتێكدا شاری وۆهان لە هەرێمی هوبەی بە سەنتەری سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە دادەنرێت. ڤایرۆسەكە كەمتر لە سێ مانگی پێویستبوو بۆئەوەی سنووری 1 ملیۆن و 200 هەزار تێپەڕێنێت.
لە بەشێك لە راپۆرتەكەدا هاتووە “بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە یەك كۆمەڵگە دەتوانێ بەخێرایی بۆ قەیرانێكی تەندرووستی بگۆڕێت كە چەندین وڵات دەگرێتەوە و ملیۆنان كەس بەدەستییەوە بناڵێنن، ئەوە جگە لەوەی گرفتی گەورە بۆ هەموو لایەنەكانی ژیانی كۆمەڵگە دروستدەكات. تایبەتمەندییە سەرەكییەكانی نەخۆشییەكە دەكرێ گواستنەوەی خێرا و سەختییەكەی بێت، ئەگەرێكی بەهێزیش ئەوەیە كاریگەری لەسەر پاراستنی هێزی تەندروستی دروستبكات”.
راپۆرتەكەی پێنتاگۆن بە ناونیشانی (پلانی لقی یوئێس نۆرس كۆم 3560: كاردانەوە بەرامبەر پەتای ئەنفلوانزا و نەخۆشیی گوازراوە) ئامادەكراوەو، تەنیا بۆ بەكارهێنانی فەرمییە و رێكەوتی 6ی كانوونی دووەمی 2017ی لەسەرە.
مانگی رابردوو ئەمریكا بەشێك لە ستافی دامەزراوە دیپلۆماسییەكانی لە بەغدا و هەولێر كشاندەوە، یەكێك لە هۆكارەكانی ئەو هەنگاوەشی بۆ هەڕەشەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا گەڕاندەوە. دوو ساڵ لەمەوبەر وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا پێشبینی ئەوەی كردبوو بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێكی هاوشێوەی كۆرۆنا دەتوانێ كاریگەری لەسەر “ئامادەیی و كاریگەری”ی هێزەكانی ئەمریكا دروستبكات.
بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڤید-19 لە قەیرانێكی تەندرووستییەوە بۆ قەیرانێكی هەمەلایەنەی جیهانی گۆڕاوە. پێنتاگۆن لە دێری 462ی راپۆرتەكە و لە بڕگەی (هەڕەشەی ستراتیژیی نیشتمانی) ئاماژە بۆ ئەوە دەكات پەتاكە “لێكەوتەی جیدیی بۆ ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا دەبێت”، لەوانەش “ئاكامە سەختە ئابووری، سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی”.
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا وڵاتانی جیهانی تووشی كێشەی كەمیی كەلوپەلەكانی رێگری، خۆپارێزی و یارمەتیدانی تووشبووان كردووە. زۆربەی ئەو وڵاتانەی ئێستا بە ناوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە دادەنرێن كێشەی ئامێری هەناسەدان و كەلوپەلەكانی خۆپارێزییان هەیە، ئەم كێشەیەش خەڵكی ئاسایی و ستافی تەندرووستی نەخۆشخانەكانی كۆرۆنای گرتووەتەوە.
هەفتەی رابردوو دوو بەرپرسی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا بە رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكییان راگەیاند كۆگای ستراتیژیی نیشتمانیی ئەمریكا خەریكە لەو كەلوپەلانە بەتاڵ دەبێت كە بۆ خۆپارێزی لە كۆڤید-19 پێویستن.
لە كۆی 1 ملیۆن و 236 هەزار كەیسی پشتڕاستكراوی تووشبووی كۆرۆنا و 67هەزار و 237 گیانلەدەستداوی ڤایرۆسەكە كە تاوەكو ئێوارەی یەكشەممە لە هەموو جیهان تۆماركراون، نزیكەی 25%ی تووشبووان و 11%ی گیانلەدەستداوانی ڤایرۆسەكە لە ئەمریكان. بەرزبوونەوەی خێرای ژمارەی تووشبووان گوشارێكی زۆری لەسەر كەرتی تەندروستی ئەمریكا و كۆگای نیشتمانیی كەلوپەلە پزیشكییە سەرەتاییەكان دروستكردووە.
دوو ساڵ لەمەوبەر پێنتاگۆن پێشبینی دۆخێكی وەك ئەوەی ئەمڕۆی كردووە و ئاماژە بۆ ئەوە كردووە كە بەهۆی كەمبوونەوەی كەلوپەلە پێویستەكان كێشە و كێبڕكێ بۆ بەدەستهێنان و گەرەنتیكردنی ئەو پێداویستییانە دروستدەبێت، لەوانەش ئامێری هەناسەدانی دەستكرد، دەمامك، دەستەوانە، كەرستەی لۆجستیكی، پێداویستی پزیشكی و هێزی كاری تەندروستی.
بەپێی راپۆرتێكی سەرەتای ئەم مانگەی سكوڵی تەندروستیی گشتیی بلومبێرگ لە زانكۆی جۆن هۆپكینز، ئەمریكا 64 هەزار ئامێری هەناسەدانی دەستكردنی هەیە، كە خاوەن هەموو تایبەتمەندییەكانی ئامێرێكی لەوشێوەیەن، جیا لەمە 98 هەزار ئامێری دیكەی هەناسەدانی دەستكردی هەیە كە هەموو تایبەتمەندییەكانیان نییە، بەڵام دەكرێت لە فریاكەوتن سوودیان لێوەبگیرێت.
قەیرانی كەمی دەمامك لە ئەمریكا گەیشتووەتە ئاستێك كە دەست لە دەمامكی وڵاتانی دیكەش ناپارێزێت. هەفتەی رابردوو حكومەتی ئەڵمانیا ئەمریكای بە “نموونەیەكی مۆدێرن لە چەتەیی” تۆماركرد، كاتێك 200 هەزار دەمامكی جۆری N95 كە بڕیاربوو بۆ ئەڵمانیا بگوازرێنەوە، لەكاتی گواستنەوەی نێوان فڕۆكەكان لە تایلەندەوە رەوانەی ئەمریكا كران.
كەمی تەختی نەخۆشخانەكان و ئامێری هەناسەدان دەستكرد كێشەی گەورەی بۆ هەردوو وڵاتی ئیسپانیا و ئیتاڵیا دروستكردووە، كە لەڕووی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆناوە لە پاش ئەمریكا لە پلەكانی دووەم و سێیەم دێن. وەك لە راپۆرتەكەی 2017دا هاتووە “تەنانەت پیشەسازیترین وڵاتەكانیش كێشەی كەمیی تەختی نەخۆشخانە و كەرستەی تایبەتی وەك ئامێری هەناسەدانی دەستكردیان دەبێت”.