شرۆڤە

پێوەری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ داهاتووی هەژاریی، برسێتی، خۆشگوزەرانی و رەوشی ئابووریی لە عێراق

29-06-2025


بەرایی

رۆژی 24ی حوزەیرانی 2025 دەیەمین راپۆرتی ساڵانەی ئامانجەکانی گەشەپێدانێکی بەردەوام SDG لە 190 وڵاتی جیهان بڵاوکرایەوە، کە بەپێی راپۆرتەکە تراکی پێشکەوتنی وڵاتانی جیهان بۆ بەدیهێنانی 17 ئامانجەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان تاوەکو 2030 خراوەتەڕوو، کەچی هیچ ئاماژەیەکی تێدا نییە کەوا عێراق بتوانێت یەک ئامانج لەو 17 ئامانجە بەدی بهینێت.

رەهەندە سەرەکییەکانی ئەو 17 پێوەرەی نەتەوەیەکگرتووەکان دایناون بریتین لە باشکردنی رەوشی ژیان و گوزەرانی دانیشتوان و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و کۆتایهێنان بە برسێتی، هەژاری و نایەکسانی لەنێو دانیشتوان بۆ هەموو جیهان، کەچی وڵاتانی وەک عێراق سەرەڕای دەوڵەمەندییەکی گەورەی سەرچاوەی نەوتی و داهاتی ساڵانە هێشتا لەخوارەوەی ریزبەندییەکەدان و چاوەڕوانیش ناکرێت تاوەکو 2030 بتوانێت یەکێک لەو 17 ئامانجە بەدی بهینێت.

عێراق بڕیاری داوە لە 1ی تەممووزەوە کۆتایی بەبەکارهێنانی کاش لە دامەزراوە حکومییەکان بهینێت، کەچی ژمارەی ئەوانەی تەمەنیان لەسەروو 15 ساڵییەوە و  کارتی بانکیان هەیە ناگاتە رێژەی سووریا و سێ بۆ جوار هێندەی ئێران و تورکیاش کەمترە.

لەروویەکی دیکەوە عێراق هەرچەندە بەجیاوازی دانیشتوان نزیکەی نیوەی هەریەکە لە وڵاتانی تورکیا و ئێرانە، بەڵام بەپێی پێوەرەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان هاوشێوەی ئەم دوو وڵاتە هیچ ئاماژەیەکی نییە بۆ تێپەڕاندنی هەژاری، برسیتی و دەستبەرکردنی خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتوانەکەی و رێژەکەشی لەمان زیاترە، ئەمەش سەرەڕای یەدەگێکی گەورەی نەوتی و گازی بە بەراورد بە تورکیا و هاوشێوەی ئێرانیش سزای ئابووری لەسەر نییە. 

یەکێک لە هۆکارەکانی دواکەوتوویی دەوڵەتی عێراق لە بەدیهێنانی 17 ئامانجەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتوانەکەی گەورەیی کەرتی گشتی و نەبوونی کەرتێکی کارای تایبەتە، بۆ نموونە لەکۆی سەروو 4 ملیۆن هێزی کاری دەوڵەت و  سەروو 2.5 ملیۆن خانەنشین بەبێ هەرێمی کوردستان هێشتا ژمارەی ئەوانەی رۆژانە خۆراکیان دەستناکەوێت و دەکەونە پیوەری برسیتییە یەک لەسەر شەشی کۆی دانیشتوانەکەی پێکدەهێنن.

هەروەها، لەساڵی 2013وە تاوەکو رۆژانی رابردوو وەزارەتی پلاندانانی عێراق و کابینە جیاوازەکان پلانی ستراتیژی و نیشتمانیان بۆ کوتایهێنان بە برسیتیو هەژاری خستووەتەڕوو، وەک پلانی پەرەپێدانی  نیشتمانی (2013-2017) پلانی پەرەپێدانی نیشتمانی (2018-2022) ستراتیژی کەمکردنەوەی هەژاری (2018-2022)، پلانی پەرەپێدانی نیشتمانی (2024-2028)، ئێشتاش ئامادەکاری بۆ پلانی نیشتمانی (2025-2030) دەکرێت، کەچی هێشتا ساڵ بە ساڵ ئاڕاستەی و بەپێی پێوەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە 2015وە تریندەکە بەرەو باشبوون نییە.

لەم راپۆرتەدا، تیشکێک دەخەینەسەر پێوەرەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و رەهەندە جیاوازەکانی بۆ داهاتووی عێراق و وڵاتانی دراوسێ، بەڵام فۆکووسی سەرەکی لەسەر پرسەکانی هەژاری، برسیتی و خۆشگوزەرانی و پێوەرە ئابوورییەکان دەبێت، چونکە بنەمای بەدیهێنانی پیوەرەکانی دیکەیە.

داهاتووی هەژاری، برسیتی و خۆشگوزەرانی لە عێراق دا

لەچارەکی یەکەمی ئەمساڵدا دەوڵەتی فیدراڵی بەبێ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بڕی 7 تریلیۆن و 247 ملیار دینار و ساڵی رابردووش بڕی 26 تریلیۆن و 692 ملیار دیناری وەک هاوکاری و چاودێری کۆمەڵایەتی دابەشکردووە، کەچی هێشتاش رۆژانە ئەوانەی بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن رێژەکەیان لە تورکیا و ئێران زیاترە.

بەپێی دوایین راپۆرتی نەتەوەیکگرتووەکان بۆ بەدیهینانی ئامانجەکانی گەشەپێدانێکی بەردەوام SDG17 رێژەی ئەو کەسانەی لە عێراق دا بە هەژار دادەنرێن و رۆژانە بڕی 3.65 دۆلارییان دەستدەکەوێت یترە لە 1 ملیۆن و 729 هەزار کەس و ژمارەی ئەوانەشی رۆژانە کەمتر لە 2.15 دۆلارییان دەستدەکەوێت دەگاتە نیو ملیۆن کەس.  ئەگەریش بەپێی پیوەرەکە لێکدانەوەی رێژەی هەژاری بکەین ئەوا عێراق رێژەکەی لەم ناوچەیەدا بەتەنیا لە سووریا باشترە و بگرە دوو هێندە و سێ هێندەی ئێران و تورکیایە.

ئێستا، حکومەتی عێراق لەرێگەی وەزارەتی بازرگانییەوە خەریکی رێکخستنەوەی بەشە خۆراکی مانگانەیە بەسەر دانیشتوان و بە ئەلیکترۆنی کردنی پسوڵەی فۆڕمی دابەشکردنی خۆراکە، مانگانەش بەشە خۆراک بەسەر هەموو عێراقییەکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە بەبێ جیاوازی سەرچاوەی داهاتی تاکەکان دابەشدەکات، کەچی بەپێی پێوەری نەتەوە یەکگرتووەکان هێشتاش ئەوانەی رۆژانە لە عێراق بڕی خۆراکی پیویستیان دەستناکەوێت بۆ تەندرووستییەکی باش و چالاک رێژەیان لە 2025دا 16.1%، واتە لە عێراق سەروو 7 ملیۆن و 425 هەزار کەس رۆژانە خۆراکی پێویستیان بۆ تەندرووستییەکی باش و چالاک نییە.

لەڕووی پەروەردەییەوە، بەپێی دوایین سەرژمێری رێژەی ئەو منداڵانەی تەمەنیان لەنیوان 4-6 ساڵ لە عێراق  11.16% ی دانیشتوان پێکدەهێنن، واتە بەژمارە  5 ملیۆن و 146 هەزار و 857 منداڵن، کەچی ئەوانەی دەخرینە بەردەم پرۆسەیەکی خوێندنی رێکخراوە وەک باخچەی ساوایان ژمارەیان نزیکەی 895 هەزارە.

تەندرووستییەکی باش و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و دەستڕاگەیشتن یاخود ئاسان بەردەستبوونی خزمەتگوزارییەکانی وەک گواستنەوەی گشتی، ئاوی خاوین،، وزەی هەرزان و بنیاتنانی ژێرخانی کەرتە جیاوازەکان یەکێکی دیکەیە لەو بنامایانەی هەم پێناسەی حکومڕانییەکی باش دەکات و هەم دەرخەری خۆشگوزەرانی دانیشتوان.

بەپێی پێوەری نەتەوەیەکگرتووەکان هەر عێراقییەک کەمتر لە 6 ساڵ بە بەراورد بە هەریەکە لە دانیشتوانی تورکیا و ئێران دەژین و ژمارەی ئەوانەشی بەهۆی هەوای پیسەوە سالانە گیان لەدەستدەدەن دوو هێندەی تورکیا و ئێرانە.

نزیکەی چەند ساڵیکە لە عێراق دا بانگەشەی بە بانکیکردنی دامەزراوە داراییەکان و رۆژانی رابردووش حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی رایگەیاند کەوا لە دامەزراوەکانی حکومەتدا پارەی کاش وەرناگرێت و هەمووی دەبێت بەکارتی بانکی لە تەمموزی 2025وە، بەڵام بەپێی پێوەری نەتەوەیەکگرتووەکان عێراق لەنیو وڵاتانی دراوسێدا و تەنانەت لە سووریاش نزمترین ئاست و بەجیاوازییەکی گەورە لەدوای هەر چوار وڵاتەکەوەیە، بەشێوەیەک رێژەی

ئەوانەی تەمەنیان لەسەروو 15 ساڵەوەیە و لەکۆی دانیشتوان و کارتی بانکیان هەیە  لە عێراق رێژەکە 18.6%، لە سووریا 23%، لە ئێران 90% و لە تورکیا 74.1%.

پێوەرەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان 17 دانەیە و دەیان لایەنی جیاوازی بۆ هەریەکە لەوڵاتان بەپیی داتا بەردەستەکان هەیە، بەڵام لێرەدا بەکورتی هەندێک لەخاڵە سەرەکییەکانی هەریەکە لەو 17 ئامانجەی کەوا دایناوە بۆ دانیشتوانی هەریەک لە وڵاتان بەدی بێت تاوەکو 2030 لە عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا دەخەینەڕوو.

خشتەی 1: رێژە و خاڵبەندی عێراق بۆ 17 پێوەرەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە 2025

سەرچاوە: راپۆرتی ئامانجەکانی گەشەپێدانێکی بەردەوام، 24ی حوزەێران 2025.

[1]  دەبێت رەچاوی ئەوە بکەین لە بەراوردی وڵاتان کە داتاکان هێی هەمان ساڵ نین بۆ هەر چوار وڵاتەکە، بەڵکوو لە هەندێک پیوەرە داتا بەردەست نەبووە یاخود داتای ساڵی ثێشووتر بەکارهاتووە.

کۆتایی

ئەم راپۆرتە رەهەندی دیکەی لەبارەی هەریەکە لەو ئامانجەوە خستووەتەڕوو بۆ هەریەکە لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ، بەڵام ئەم چوار تەوەری هەژاریی، برسێتی و خۆشگوزەرانی و پێوەرە داراییەکان لەو بنەما سەرەکییانەن بۆ گەیشتن بە بەدیهێنانی ئامانجەکانی دیکە لە پێشەوەن. هەرچەندە دەوڵەتی فیدراڵی ساڵانە پلانی ستراتیژی و نیشتمانی و تەنانەت خەرجییەکی گەورەش دەکات بۆ نەهیشتنیان و باشکردنی رەوشی ئابووری،  بەڵام بەپێی داتاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان تاوەکو 2030 بەدی نایەت.

رەوشی دانیشتوان و ئاستی حکومڕانییەکەی ئەم چوار وڵاتەی لە خشتەکەدا هاتووە ئاماژەیەکی روونە بەوەی کە تریندی بەرەو باشبوون نییە و عێراق لەریزبەندییەکەدا لەنیو 190 وڵاتدا پلەی 113مینی گرتووە، واتە تۆزیک رەوشی لە سووریا باشترە کە سووریا پلەکەی 131مین لەنیو 190 وڵاتدا. 

خاڵیکی گرنگیش لێرەدا ئاماژەی بۆ بکەین  ئەوەیە کە ئەو وڵاتانەی داتاکانیان زیاتر بەردەستە و ستراکچەری حکومرانییەکەی بەهێزە لەهەر 17 ئامانجەکەوە نزیکترن بۆ بەدیهێنانی تاوەکو وڵاتانی لاواز و نەبوونی داتا وەکو لە کۆی داتابەیسی 190 وڵاتەکەدا هاتووە و لە داتای ئەم چوار وڵاتەشدا بەروونیدەردەکەوێت، بۆ نموونە لەنیو ئەم چوار وڵاتەدا عێراق و سووریا بەرێژەی 11% و ئێران بەرێژەی 3% و تورکیا 1% داتا بەردەست نییە، هەروەکو چۆن تورکیا لە هەر 17 رووەکەوە لەم سێ وڵاتەی دیکە باشتر بوو.

هەروەها، ساڵی رابردووش لەکاتی راگەیاندنی خەڵاتەکانی نۆبڵی 2024دا، نۆبڵی ئابووری بۆ دوو مامۆستای زانکۆ و ئابووریناسی پەیمانگەی تەکنەلۆژی ماسوچوست MIT بوو کە لە لێکۆڵینەوەکانیاندا یەکێک لەو خاڵانەی دۆزییانەوە ئەوەبوو کە ئەو وڵاتانەی دامەزراوەی بەهێزییان نییە ئەوا دواکەوتوون و شکست دەهێنن.

لەکۆتاییدا، لە عێراق لەنیو ئەم 17 ئامانجەدا 9 ئامانجیان ئاڵینگاری سەرەکی و 4 ئامانجیان بەربەستی گرنگ و 3 دانەشیان بەربەستی جیاوازییان دێتەڕی بۆ بەدیهێنانی تاوەکو 2030، بەتایبەتیش ئاڕاستەی هیچکامیان بەرەو ئەوە نییە بەدی بێت.

سەرچاوە:

Sachs, J.D., Lafortune, G., Fuller, G., Iablonovski, G. (2025). Financing Sustainable Development to 2030 and Mid-Century. Sustainable Development Report 2025. Paris: SDSN, Dublin: Dublin University Press. DOI: https://doi.org/10.25546/111909

Share this Post

شرۆڤە