شرۆڤە

رەهەند و کاریگەرییەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان

28-09-2025


کاژێرەکانی بەرەبەیانی رۆژی 27ی ئەیلوول 2025 نەوتی هەرێمی کوردستان  بە بۆری و بۆ بەندەری جەیهان هەناردە کرایەوە، ئەم رێککەوتنە سێقۆڵییە لێکەوتەی راستەوخۆی لەسەر کۆی کەرتی وزە لەهەموو عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت سەرەڕای مانەوەی سێ دۆسیە بەهەڵپەسێردراوی بۆ ساڵی 2026

ئێستا هەرێمی کوردستان لە هەموو کێڵگە نەوتییەکان رۆژانە بڕی 285 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، باس لە هەناردەکردنەوەی 190 هەزار بەرمیل  دەکرێت لە رۆژانی سەرەتا، چونکە هەرچەندە کۆمپانیای دی ئین ئۆ و گەنەل ئینرجی پشکەکانی خۆیان لەکێڵگەی تاوکی پێشابوور بە بازاڕی نێوخۆ دەفرۆشن، بەڵام ئەو بڕەش جارێکی دیکە دەخرێتە بۆرییەوە بۆ هەناردەکردن، وەکو لە راگەیاندراوەکەی رۆژی هەینی 26-09-2025 دی ئین ئۆدا هاتووە.  

 زیانەکانی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان لەماوەی دوو ساڵ و شەش مانگدا  تەنیا بڕی 28 ملیار دۆلار لە هەر سێ لایەنی پەیوەست بەم کەرتەوە نەبووە بەڵکو راگرتنی ملیاران دۆلاری دیکەی وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانیش بووە لەم کێڵگانەدا ، لەوانە هەڵکۆڵینی بیری نەوتی نوێ، کڕینی تەکنەلۆژیای نوێ و نوێکردنەوەی ئامێرەکان، راگرتنی خەرجی پەرەپێدانی کێڵگەکان بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی زیاتر و کەمکردنەوەی خەرجی بەکارخستن، ئەمانە دەبێ  بخرێنە سەر ئەم زیانانەی لەماوەی رابردوودا بەر ئەم کەرتە کەوتووە. 

کاتێک نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێتەوە، لێکەوتەی راستەوخۆی لەسەر خەرجی سەرمایە CAPEX و خەرجی بەکارخستن OPEX ـی کۆمپانیا نەوتەییەکان بۆ چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوو دەبێت، بۆ نموونە ئەگەر تەماشای راپۆرتی دارایی و کارکردنی کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان لەدوای ئاداری 2023ـەوە بکەین، بەروونی دەبینین نەک بەراگرتنی خەرجی وەبەرهێنان نەوەستا بەڵکو کار گەیشتە بەرهەمهێنانی نەوت بەکەمترین تێچوو، ئێستا، رێککەوتن کراوە لەیەکەمین راگەیێنراوی کۆمپانیایەکی وەکو دی ئین ئۆ ئاماژە بەهەڵکۆڵینی 8 بیری نەوتی نوێ و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەکێڵگەی تاوکی و پێشابوور بۆ 100 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەساڵی داهاتوودا دەکات.

رۆژانی 7 و 8ی ئەم مانگە لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی نێودەوڵەتی  وزەی بەغدا یەکێک لە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا گەورەکانی کەرتی خزمەتگوزاری نەوت ئاماژەی بەوەکرد چۆن راگرتنی هەناردەی نەوت کاری کردووەتە سەر راگرتنی کارەکانیان و گواستنەوەی کارمەندەکانیان کە نزیکەی 100 کارمەند بووە لە هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانی باشووری عێراق، هۆکاری سەرەکیش کەمبوونەوەی خەرجی کۆمپانیاکان و نەبوونی کاری نوێ بۆ هەڵکۆڵینی بیری نوی نەوتی لەو کێڵگانەدا کەوا پێش ئاداری 2023، کارییان بۆ چەند کۆمپانیای جیاواز دەکرد، کە هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێدەکاتەوە واتە گەڕانەوەی ئەو کۆمپانیا خزمەتگوزارییانەی نەوت و کەوتنەوە کاری دەیان کۆمپانیای خزمەتگوزاری دیکەی نیوخۆی لەم کەرتەدا.

لێکەوتەیەکی دیکەی راستەوخۆ پەیوەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتەوە پشکی کۆمپانیاکان، بۆ نموونە پشکی کۆمپانیای گەڵف کیستۆن بەریتانی لە 20ی ئەیلوول تاوەکو بەرەبەیانی 26 ئەیلوول لە 174 سەنتی پاوەنەوە زیادیکردووە بۆ 208 سەنت پاوەن. هەروەها، پشکی کۆمپانیای دی ئین ئۆ لە 15ی ئەیلوولەوە تاوەکو ئێستا لە 14 کرۆنەوە بۆ هەر پشکیک زیادیکردووە بۆ 16 کرۆن. راستە ئەم بەرزبوونەوە پەیوەستە بە قازانجی هاوبەشەکانی ئەو کۆمپانیانەوە، بەڵام کاریگەری راستەوخۆ و درێژخایەنی لەسەر نرخ و بەهای کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت. 

هەناردەکردنەوەی نەوت بە بۆری بۆ بەندەری جەیهان واتە دوو هێندەبوونی نرخی بەرمیلێک نەوت و فرۆشتنی بەپێی کوالیەتییەکەی لە نرخی برێنت، ئەگەر کوالیتییەکەی باشتر بێت ئەوا بەسەروو نرخی برێنت دەفرۆشرێت ، بەڵام ئەگەر کوالیتیەکەشی نزمتر بێت ئەوا بەو نرخەی ساڵانی 2014 تاوەکو 2023 نابێت کە نزیکەی 10 بۆ 12 دۆلار کەمتر بەڵکوو نزیک یان بە یەک تا دۆلار دۆلار کەمتر لەنرخی ئەمڕۆ برێنت کە 68 دۆلارە دەبێت، چونکە بەفەرمییە و کەس داوای یاسای لە دادگە نیوبژیوانەکانی لەندەن و پاریس لەسەر تۆمار ناکات.

هەروەها، لەماوەی دوو ساڵ و شەش مانگی رابردوودا وەک لە راپۆرتی کۆمپانیاکان هاتووە بەرمیلێک نەوت بە نرخی 27-28  دۆلار بۆ کێڵگەی شێحان، بەنرخی  خوار 30 دۆلار بۆ نەوتی تاوکی پێشخابوور و بەنرخی    33-34 دۆلار بۆ نەوتی ئەتروش و سەرسەنگ، بەڵام ئێستا نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بەنزیکەیی دەگاتە دوو هێندە و زیاتر بۆ رۆژەکانی چارەکی چوارەمی ئەمساڵی هەر کۆمپانیایەک.

رەهەندەکانی رێککەوتنی سێ قۆڵی بۆ ئێستا و داهاتوو

ئەگەر تەماشای بڵاوکراوەکانی ئەم سێ لایەنەی نێو رێککەوتنەکە بکەێن ئەوا دەبینین وەزارەتی نەوت و حکومەتی عێراق بەگەڕانەوەی سەروەری بۆ سامانی گشتی وڵات و چارەسەرکردنی دوای هەژدە ساڵ باسی لێوەدەکات، لەبەرامبەردا هەرێمی کوردستان بە بەستنەوەی کێڵگە نەوتیێەکانی هەرێمی کوردستان بە بازاڕەکانی جیهان و کۆمپانیاکانیش بە پاراستنی ماف و شایستەکانیان  ئاماژەی بۆ کردووە، هەرچۆنێک لێکدانەوەی بۆ بکرێت ئەم رێککەوتنە چوار رەهەندی نیوخۆی لێدەکەویتەوە:

یەکەمیان، گەڕانەوەی متمانەیە بە وەبەرهێنان لە ژینگەی وزەی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی وزە لەم ناوچەیەی جیهان، ئەویش دوای ئەوەی کە  ئاژانسی نێودەوڵەتێ وزە IEA لەنوێترین راپۆرتیدا مەترسی لە دابەزینی وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتی و گازییەکانی جیهان خستەڕوو بەهۆی دابەزینی ئاستی وەبەرهێنان لەو کێڵگانەی نەوتی لێوە بەرهەدێت ئاسایشی وزەی جیهان دەکەوێتە بەر مەترسییەوە، کە هەموو کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەوماوەیەدا دەکەوێتە ئەم چوارچێوە. ئەم رێککەوتنە و گەڕاندنەوەی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان و فرۆشتنی بەنرخی بازاڕەکان وادەکات دووبارە وەک ساڵانی پێش ئادار 2023 وەبەرهێنان تێدا چالاک بێتەوە و کۆمپانیا گەورەکان بگەڕێنەوە بۆ وەبەرهێنان لەم کەرتەدا. 

دووەمیان، داننان بە گرێبەستە نەوتییەکان و  پاراستنی ماف و خاڵی نیو ئەم گرێبەستانە کەوا هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکانی نەوتدا ئەنجامیداوە، کە  ئەمەش سەرەڕای هاندانی ژینگەی وەبەرهێنان لە کەرتی وزەی عێراق و هەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی متمانە بۆ وەبەرهێنەران، چونکە ماف و شایستە داراییەکانیان بەپێی گرێبەستی واژۆکراو پارێزراو دەبێت.

سێیەمیان،  دەرخەری ئەو راستیەش کە هەوڵەکانی پێشووی عێراق بۆ ناساندنی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەنایاسی پووچەڵدەکاتەوە، چونکە بەپێی گرێبەستەکانیان شایستە داراییەکانیان پێدەدرێت دوای تەواوبوونی کارەکانی کۆمپانیای راوێژکاری بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیل نەوت و مافی قازانجیان لەو کێڵگانەوە.

چوارەمییان،  پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە لەسەر پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەرووی نەوتەوە، کە ئێستا نەوتی هەرێمی کوردستان سۆمۆ بفرۆشێت، ئایا بەغدا بەتەنیا مووچە دەنێریت یان پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان لە دەوڵەتی فیدراڵ؟ چونکە دەیەی رابردوو ئەم پەیوەندییە ئابوورییە وەک ئەوەی لە بودجەی ساڵانە بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە لەگەڵ ئەوەی نێردراوە وەک ئەو خشتەی خوارەیە، ئایا ئەمە دەگۆڕێت یان چی لێدێت باچاوەڕوانی مانگەکانی دوای هەڵبژاردنی 11ی 11ی 2025 پەرلەمانی عێراق بین، ئەگەر بکرێت.

 خشتەی 1: پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق و خەرجییەکانی لە وەزارەتی دارییەوە 2015-2024

سەرچاوە: راپۆرتە داراییەکانی وەزارەتی دارایی، بودجەی ساڵانەی عێراق 2015-2025. داشبۆردی دارایی عێراق 2015-2025.

لەکۆتاییدا، ئەگەر هەموو شتەکان وەک ئەم رێککەوتنە سێقۆڵییەی ئێستا بێت لەسەری پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان، هێشتاش سێ دۆسیەی زۆر گەورە و گرنگ بۆ رۆژ و مانگەکانی داهاتوو پەیوەست بەنەوتی هەرێمی کوردستان  لەئارادایە، ئەوانیش مانەوەی قەرزی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت بەچارەسەرنەکراوی کەوا لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن کە بۆ پێنج کۆمپانیا بەپێی راپۆرتەکانیان دەگاتە سەروو 885 ملیۆن دۆلارە وەک ئەم خشتەی خوارەوە. 

 خشتەی 2: قەرزی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت IOC لەلای هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی چارەکی کۆتایی 2022 و چارەکی یەکەمی 2023

دۆسیەی دووەمیان گفتوگۆکانی نێوان ئەنقەرە و بەغدایە لەبارەی رێککەوتنێکی نوێ بۆ بەکارهێنانی بۆری هەناردەکردنی نەوت لەدیوی تورکیا و، تەواوبوونی کاتی رێککەوتنەکە لە تەممووزی ساڵی داهاتوودا.

دۆسیەی سێیەمیان ئەگەرەکانی هاتنەئارای حکومەتی نوێ لە هەرێمی کوردستان کەلەوانەیە گۆڕانکارییەکی گەورە لەم پرسە نەبێت، بەڵام بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ لەعێراق هەر گۆڕانکارییەک لە نەخشەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بهینێتە ئاراوە ئەوا  ئاستەنگیش لەم پرسەدا دێتەپێشەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئەم رێککەوتنە بۆ ئەم سێ مانگەی کۆتایی ساڵە و هەربۆیەش پێویستە چاومان لەسەر گۆڕانکارییەکانی رۆژانی داهاتوو بێت بۆ ساڵی نوێ.

Share this Post

شرۆڤە