ئەم باباتە هەڵبگرە
هەڵبژاردنە جەنجاڵەکەی 2025ی عێراق، لە سایەی ناکۆکیی نێوخۆیی گرووپە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان و، لە نێو دەقی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکەدا بەڕێوەچوو. ئەنجامە بەراییەکانی هاوسەنگییە سیاسییەکان بەرەو ژمارەیەکی نوێ وەرگێڕا کە دەشێ خاڵە گرنگەکانی ئەمانە بن:
لەنێو سیاسەتی شیعی دا، لەلایەک سێبەری سەدر و، لە لایەکەی دیکەش دۆخێکی پڕ لە رکابەریی نێوخۆیی شیعە، رێگەی سەرۆکوەزیرانی بۆ مانەوە لە پۆستەکەی لە جاران سەختتر کردووە. سوودانی براوەی ژمارەیی هەڵبژاردنە، بەڵام براوەی ستراتیژیی نێو شیعەکان قەیس خەزعەلییە. بێجگە لەوە، زیادبوونی دەنگی گرووپە چەکدارییەکان، گەڕانەوەی حەکیم بە شیوەیەکی بەهێزتر لە ٢٠٢١، کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر ئاراستەی سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوەی عێراق دادەنێت.
هەردوو پارتی سەرەکیی هەرێمی کوردستان پێگەی خۆیان وەکو حیزب قایمتر کرد. ئەمەش دەتوانێت کاریگەری لەسەر هاوسەنگی و هابەشییە ناچارییەکەیان بۆ پێکهێنانی حکومەت دابنێت. لایەنە کوردستانییەکان لە ماڵەوە بەهێز بوون، بەڵام مەرج نییە ئەمە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و پێگەیان لە بەغدا وابێت ئەگەر درزەکانی دابەشبوونی نێوخۆییان هەروا بەردەوام بن.
لە نێو سوننەکانیش دا، حەلبووسی بە هێزێکی زیاترەوە گەڕایەوە. زیادکردنی دەنگەکانی لە بەغدا پێگەی لەلای شیعەکان بەهێزتر دەکات و گەورەبوونی قەبارەکەیشی لە کەرکووک وادەکات کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و، مشتومڕەکانی دابەشکردنی پۆستەکان دابنێت.
براوەی ژمارەیی و براوەی ستراتیژی لە نێو کەمپی شیعی دا
سوودانی ژمارەکانی بردەوە و هێزی یەکەمە، بەڵام هێشتا دوورە لەوەی کە داهاتووە سیاسییەکەی وەک سەرۆکوەزیران مسۆگەر بکات. دوای هەڵبژاردن، بە رووخسارێکەوە کە پێدەچێ یان زۆر ماندووبووبێ و نەخەوتبێ، یان نیگەران بووبێ، پیرۆزبایی کرد و گوتی هاوپەیمانییەکەی ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پێکهێنانی حکومەت. ئەمە ئاماژەیەک بوو بەوەی کە دەیەوێ بمێنێتەوە، بەڵام پێدەچێ پێشتر هادی عامری سەرۆکی رێکخراوی بەدر ئاوێکی ساردی بەسەردا کردبێت کاتێک پێشی ئەو کەوت و گوتی سوودانی داوای ویلایەتی دووەمی نەکردووە!
لە راستی دا کاری سوودانی ئەوەندە ئاسان نییە، چونکە هاوپەیمانییە ٨ حیزبییەکەی ناچارە لەنێو پێکهاتەی شیعەدا حیساب بۆ چەند لایەنێکی سەرەکی بکات:
- گرووپە چەکدارییەکان: چ ئەوانەی پێشتر لەنێو سیاسەت دا بوون وەکو: بەدر، عەسائیب و کەتائیبی حیزبوڵلا ، یان ئەوانەی کە لەم هەڵبژاردنەدا بە لیستی جیا یان بە هاوپەیمانی بەشدارییان کردووە.
- گرووپە نەریتییەکانی شیعە: سوودانی بۆ مانەوە ناچارە گرووپە نەریتییەکانی شیعە رازی بکات، لە نێویاندا حەکیم و مالیکی. پێدەچێت رازیکردنی حەکیم بۆی ئاسانتربێت کە لەم هەڵبژاردنەدا بە هاپەیمانییەکەوە ٤.٢٧٪ی دەنگەکانی بردووە، بەڵام ئەمە لەوانەیە بۆ مالیکی دروست نەبێت.
- سەدر و ماڵی ئایەتوڵڵا سیستانی: ئەو ناچارە چاوێکی لە هەریەک لە سەدر و ماڵی ئایەتوڵڵا سیستانیش بێت، هەرچەندە هەردووکیان ئێستا بە رەسمی دوورن لە سیاسەت.

بایکۆتەکەی سەدر و قازانجی سوودانی
لیستەکەی سوودانی لە 12 پارێزگا بە شێوەی رێژەیی نزیکەی 9%ی دەنگەکانی هەریەک لە پارێزگاکانی برد، کە زۆرترینیان لە واست، میسان، کەربەلا، و زیقاڕ بووە. لیستەکەی سوودانی لە 6 پارێزگا لەو 8 پارێزگایەی کە سەدرییەکان لە هەڵبژاردنی 2021دا تێیاندا یەکەم بوون، بووەتە یەکەم. هەرچەندە سەدر رەتیکردووەتەوە کە بە نهێنی پاڵپشتی لیستەکەی سوودانی کردبێت، بەڵام ئەمە دەریدەخات کە لانیکەم بایکۆتەکەی سەدر بە قازانجی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدانی سوودانی شکاوەتەوە.
ئەم هەڵبژاردنە چەندەی بۆ سوودانی سەنگی مەحەک بووبێت، ئەوەندەش بۆ سەدر و داواکەی بۆ بایکۆت وابوو. بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ئەو داوایە لانیکەم لە هەموو شوێنێک سەری نەگرتووە. نیگەرانی وەزیرەکەی سەدریش لە ڤیدیۆیەکی شێخ مەهدی کەربەلایی کە داوای کردبوو خەڵک بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن، دەشێت دیوێکی دیکەی رکابەریی کەمپینی بەشداریکردن و بەشدارینەکردن بووبێت. هەرچۆنێک بێت، ناوچە شیعەنشینەکانی عێراق بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە، کەمترین ئاستی بەشدارییان لە هەڵبژاردن دا هەبووە، کە هەر حکومەتێکی گریمانەیی داهاتوو ناچارە حیسابی بۆ بکات.
بەهێزبوونی پێگەی گرووپە چەکدارییەکان
گرووپە چەکدارییەکانی شیعە بێجگە لە گرووپی (مونتەسیرون) ی کەتائیبی سەیدوشوهەدا کە لە هاوپەیمانییەکەی نووری مالیکی دا بەشدار بوو، هەروەها بەدەر لە فالح فەیاز کە لەگەڵ هاوپەیمانییەکەی سوودانی دایە، بە گشتی ١.٧٢٩.٥٦٦ دەنگیان لە ١٢ پارێزگادا هێناوە. بەپێی ئەنجامەکان و دوای بایکۆتەکەی سەدر، باشووری عێراق وەک هارتلاندی گرووپە چەکدارییەکان ماوەتەوە. لە شوێنێکی وەک بەسرە، ٤ گرووپی سادیقون، بەدر، حقوق( نزیک لە حیزبوڵلا) و خەدەمات( کەتائیبی ئیمام عەلی) ٢٥٨.٨٢٣ دەنگ واتە نزیکەی ١٦٪ ی دەنگەکانی ئەو پارێزگایەیان بردووە کە تێیدا سادیقون بە سەرووی ١٥٠ هەزار دەنگەوە لە پێشی هەموویانەوە بووە. لە شوێنێکی وەک دیالە کە بایەخێکی رێڕەوی بۆ جموجۆڵی سەربازییانەی گرووپە چەکدارییەکان هەیە، بەدر و سادیقون پێکەوە ١٥.٣٨٪ی دەنگەکانی ئەو پارێزگایەیان بردووە. سومەریونی نزیک لە کەتائیبی جوندولئیمام لە زیقاڕ و بابل پێگەی خۆی نیشانداوە، بەڵام حقوق لە هەر ١٠ پارێزگاکەی باشووردا پێگەیەکی بە هێزتری بۆ خۆی دەستەبەر کردووە.

سادیقون لەنێو ئەو ١٢ پارێزگایەدا، لە ٩دانەیاندا لە پێشەوەی گرووپە چەکدارییەکانی دیکەوەیە و ئەمەش سەرەداوی گرنگ دەدات سەبارەت بە داهاتووی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق. ئەگەر سوودانی براوەی ژمارەیی هەڵبژاردن بێت لە نێو لیستە شیعییەکاندا، ئەوا دەشێ بێژین کە براوەی ستراتیژی ئەم هەڵبژاردنە خەزعەلییە کە خەریکە پێگەی خۆی وەک سەرکردەی داهاتووی شیعی بەهێز دەکات. نووری مالیکی تەمەنی ٧٥ ساڵە، هادی عامری ٧١ساڵ و فالح فەییازیش ٦٩ساڵە ، بەڵام قەیس خەزعلەی تازە پێی ناوەتە ٥٠ کان. موقتەدا سەدر لە نێوان سیاسەتمەداری و ئایینداریدا دێت و دەڕوات و ئەو دۆخە بەرزەخییەش دەرفەتێکی بێ وێنەیە بۆ ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق کە رەنگە بە تۆزێ چاوڕەوانی دەستی بکەوێت، دیارە ئەگەر دۆخەکە هەروا بەردەوام بێت.
لیستی دەوڵەتی یاسا بەپێی بەرواردکردنی ئەنجامی سێ هەڵبژاردنی ٢٠٢١، ٢٠٢٣ و ٢٠٢٥، پێگەی نەریتیی خۆی لە پارێزگاکانی زیقاڕ، بابل، واست و کەربەلا پاراستووە و، لە زۆربەی شوێنەکانی باشووری عێراق بێجگە لە موسەننا دەنگەکانی زیاد کردووە. بۆیە دەکرێ ئەویش خۆی بە براوە بزانێت، بەڵام گەورەترین تەگەرەی ئەو زیادبوونی رکابەرەکانیەتی. لە ٢٠٢١ دا سەدرییەکان و فەتح رکابەری بوون، لە ٢٠٢٣ دا هاوپەیمانی نەبنی، ئێستاش هەر لە هاوپەیمانییەکەی سوودانییەوە بگرە تاوەکو عەسائیبی ئەهلی حەق، لە زۆربەی شوێنەکان رکابەری هەیەو لە زۆربەی پارێزگاکانی باشووردا لانیکەم لەگەڵ سێ گرووپ کێبڕکێی نزیکیان لەگەڵ کردووە.

پێدەچێت ئەنجامەکانی ئێستا بەربەستی گەورەبن بۆ مالیکی بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ببێتەوە سەرۆکوەزیران، بەڵام بە ئەگەری زۆر یەکێک دەبێت لەوانەی کە لە دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتوودا قسەی دەبێت.
پێکهێنانی حکومەت لە نێو داینامیکە دەرەکی و نێوخۆییەکاندا
بەهۆی گرێدراوبوونی بابەتی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دۆخی حکومەت لە بەغدا و دابەشبوونی سوننەکان، ئەگەری پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی سەروو- تایفی بۆ سوودانی و دووبارەکردنەوەی سیناریۆی ٢٠٢١ لەڕووی سیاسییەوە کارێکی ئەستەم دیارە. بە ژمارەش، زەحمەتە بەبێ رازیکردنی شیعەکان ئەو دوو لەسەر سێیەی پێ کۆببێتەوە تاوەکو دانیشتنی پەرلەمان بکرێت.
شیکردنەوەکان لەسەر ململانێی ئەمریکا و ئێران لەسەر ئەوەی سوودانی بمێنێتەوە یان نەمێنێتەوە تۆزێک لە خەیاڵی دەچن. بێگومان هەرلایەک حەزدەکات کەسێک بە دڵی ئەو حوکم بکات، بەڵام رەنگە ئەوەندەی بۆ ئێران گرنگ بێت کە کێ دەبێتە سەرۆکوەزیران، ئەمە بەو رادەیە بۆ ئەمریکای تڕەمپ گرنگ نەبێت. بێجگە لەوە بایی ئەوەندە هێزی هەیە کە هەرکەسێک لە بەغدا بوو بتوانێت" هەر بە زۆر" داواکارییەکانی بسەپێنێت. بۆ ئێرانیش گرفتەکە ئەوەیە کە هەڵبژارانی ئەم جارە زیاتر رکابەری نێوخۆیی گرووپەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بوو لە باشوور کە خۆی رۆڵی لە پێکەوەنانی چوارچێوەکەدا هەبوو. پەیوەندی لەگەڵ زۆر لە هێزە رکابەرەکانی هەڵبژاردنی ئەم جارەدا هەیە کە لەو چوارچێوەیەدان و رەنگە پێی باش بێ کە هەر بەو میکانیزمەش یەکلا ببێتەوە.
بەشێوەی رێژەیی حکومەتەکانی عێراقی دوای سەدام ٦ تاوەکو ٧ مانگ دوای هەڵبژاردن پێکهاتوون، کەمترینەکەی لە ٢٠١٤ بوو کە زیاتر لە ٤ مانگی خایاند و زۆرترینەکەیشی لە ٢٠٢١ بوو کە ١٣ مانگی پێچوو تاوەکو دامەزرا. ئاماژەکان وای پیشاندەدەن کە لەوانەیە پێکهێنانی حکومەتی ئەم جارە ئاسانتربێت لە جاران. چونکە زۆربەی لایەنە رکابەرەکان بەشداری حکومەتی ئێستان و سەبارەت بە شیعەکانیش ئێستا میکانیزمێکی بە ناوی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت کە کارەکەیانی ئاسانتر کردووە، هەرچەند لەوانەیە مشتومڕە نێوخۆییەکان لە سەر پشکەکانی حکومەت زیاتربن چونکە خوازیارەکانی هێزداری زیادیان کردووە.
دۆخی کورد و سوننە
لە نێو سوننەکان دا حەلبوسی گەڕانەوەیەکی بەهێزی کردووە ئەویش دوای ئەوەی کە لە سەرۆکایەتی پەرلەمان لادرا. ئەو توانیویەتی خۆی وەک سەرکردەیەکی سووننی دەربخات و سنوورەکانی ئەنبار تێپەڕێنێت، ئەمەش دەتوانێت دەستی بۆ گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت ئاوەڵاتر بکات، بەتایبەتی کە لە شوێنێکی ستراتیژی و پڕ لە ململانێی وەک کەرکووک دا بە رێژەی زیاتر لە ١٥٠٪ دەنگەکانی خۆی بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ زیاد کردووە.

لە لای کوردیش بەهێزبوونی پارتی کاریگەری لەسەر گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەنێت. ئەوە نهێنییەکی ئاشکرا بوو کە پێکنەهاتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای هەڵبژاردن پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە هەڵبژاردنی عێراقەوە هەبوو.
ئەنجامەکانی ئێستا پێگەی پارتی بەهێزکردووە و رەنگە دەنگەکەی بەرامبەر یەکێتی دلێرتر بکات، بەڵام دەنگ و کاریگەری یەکێتی و هاوپەیمانەکانی لە بەغدا زیادیان کردووە و بەوجۆرەش دەشێ یەکتر هاوسەنگ بکەن.کاتی خۆی قەیس خەزعەلی لە کۆنگرەی یەکێتی دا لە سلێمانی هیوای خواست بافڵ تاڵەبانی ببێتە سەرۆککۆماری عێراق و بەوجۆرەش خۆی وەک کڕیارێکی ئامادەی دەستوەردان لە هاوسەنگییە نێوخۆییەکانی کورد دا پیشانداوە. بێجگە لە شیعەکان رەنگە ئەم جارە عەرەبی سووننەش کاریگەری لەسەر ئەم هاوسەنگییە دابنێن. حەلبوسی ماوەیەکە باسی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ سوننە دەکات و لە دژی هەولێر قسە دەکات. بە ئەگەری زۆر بۆ ئەوەش گرەو لەسەر هاوپەیمانی لەگەڵ بەشێک لە شیعەکان و ناکۆکی نێوخۆیی کورد دەکات. بێگومان بەرزبوونەوەی دەنگەکانیشی لە کەرکووک دەرفەتی زیاتری بۆ دەڕەخسێنێ.
بە هەبوونی کابینەیەکی فرەسەری حکومەتەوە کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە لایەنە جۆراوجۆرەکانی سەرۆکایەتی بکات، چاوەڕێ دەکرێت پرسەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بەردەوام بن. بێجگە لەبابەتی مووچە، بودجە و نەوت، پرسەکانی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ئەگەری هێرشێکی گریمانەیی ئەمریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارییەکان لەسەر سنووری عێراق و سووریا لە ریزی ئەو بابەتانەدا دەبن کە دەتوانن هەمیشە کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دابنێن.
خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە ئەنجامی هەڵبژاردن دۆخی کوردی لە هەندێک شوێنی جێی ناکۆکی بە تایبەتی کەرکووک بەرەو نادیارییەکی زیاتر بردووە و بۆ یەکەم جار ژمارەی کورسییەکانی بۆ کەمتر لە نیوەی کۆی کورسییەکنی پاریزگاکە دابەزی. هەرچەندە کە زۆرجار بابەتی وەک پرسی خاک نەک بە هەڵبژاردن بەڵکو بە رادەی هێزداری یەکلا دەبنەوە، بەڵام گۆڕانکارییەکی سیاسی لەو ناوچانەدا کە پشت بە رەوایی هەڵبژاردن ببەستێت کاریگەری درێژخایەنتری دەبێت. ئەگەر هەموو کورد لە کەرکووک یەک لیستی هەبووایە دەیتوانی ٢٥٢٧٣٦ دەنگی ببردایە و رێژەی کورسییەکانیشی بەرزتر دەبوو. ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەپێی هەڵبژاردنی رابردوو دەنگەکانیشی کەمی کردووە. لە ٢٠٢٣ دا دەنگی هەموو لایەن کوردستانییەکان پێکەوە ٢٩٠٦٣٥ دەنگ بووە و ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە لیستە کوردستانییەکان سەرکەوتوو نەبوون لەوەی کە لە ٢٠٢٥دا هەموو دەنگدەارنی کورد ببەنە سەر سندوق.

تووندبوونی ناکۆکی و جەمسەربەندییە نێوخۆییەکان وایکرد کە لیستە کوردستانییەکان لەم هەڵبژاردنەدا روو لە هاوپەیمانی نەکەن و پیچەوانەی شەپۆلی باو لە عێراق مەلە بکەن. بە جۆرێک کە نزیک لە هەموو هێزە گەورەکانی شیعە وسوننە بێجگە لە چەند دانەیەکی کەمی نێو گرووپە چەکدارییەکانی شیعە، هەر هەموویان بە هاوپەیمانی بەشدارییان لە هەڵبژاردن دا کرد. لە شوێنە گرنگەکانیشدا وەک بەغدا، کەرکووک، نەینەوا هاوپەیمانییان کردووە تەنانەت ئەگەر لە شوێنی دیکەش رکابەری یەکتریان کردبێت.
پرسی بەشداریکردن وەک تەگەرە درێژخایەنەکەی سیستەم
کۆمیسیوۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان رێژەی بەشداریکردنی بە 56.11% هەژمار کردووە و گوتوویەتی کە 12,009,453کەس دەنگیان داوە. بێگومان ئەمە لە کۆی ئەو 21,404,291 کەسەی کە مافی دەنگدانیان هەبووە راستە، بەڵام ئەمە تەنیا نوێنەرایەتی 41.13% ی کۆی 29,200,000 کەسە دەکات کە هەموویان دەیانتوانی بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن. ئەوەش واتای ئەوەیە کە لە 10 کەس، 6 کەس بەشدارییان لە هەڵبژاردن دا نەکردووە. ئەمەش لە درێژخایەندا دەتوانێت تەگەرەیەکی نادیاردی بەردەم پرۆسەی سیاسی بێت لە عێراق.

بەگوێرەی ئەو ئەنجامانەی کە راگەێیندران، بە بەراورد بە هەڵبژردانی ساڵی ٢٠٢٣ی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و ٢٠٢٤ی پەرلەمانی کوردستان، بە گشتی رێژەی دەنگدان ٨.٣٩٪ بەرز بووەتەوە و بە گوێرەی هەلىژاردنی ٢٠٢١یش ئەو رێژەیە لە سەرتاسەری عێراق ٪١١.٦٠ بووە.
بە گوێرەی ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤، رێژەی بەشداریکردن لە پارێزگاکانی بەغدا، نەینەوا، دیالە، ئەنبار و سەلاحەدین لە ئەوانی دیکە زیاتر بووە. هەرچەند کەرکووک و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە نێو ئەو پارێزگایانەدان کە زۆرترین بەشدارییان تێدا کراوە، بەڵام بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی رابردوو، رێژەی بەشداری کردن لەو شوێنانە دابەزیوە کە بەرزترین رێژەی دابەزینەکە لە سلێمانی بووە. بەگشتی دەتوانین بێژین کە لە پارێزگا سوننەنشینەکاندا هەستانەوەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ بەشداری هەیە. لە ناوچە شیعەنشینەکانیشدا ئاستی بەشداری زیادی کردووە، بەڵام دیسان کەمترینی عێراقن و لە ئاستیکی زۆر گەورەدا نییە و پارێزگاکانی وەک نەجەف و میسان لە خوارەوەی لیستەکەدا ماونەتەوە.
بێکاری، هەژاری، ژینگەی ژیان یان هۆکاری دیکە
رەنگە تاکە هۆکارێک بە تەنیا بەس نەبێت بۆ شیکردنەوەی جیاوازیی ئاستی بەشدرایکردنی خەڵک لە هەڵبژاردن دا.

لە پارێزگاکانی وەک ئەنبار، موسەننا، دهۆک ، میسان، کەرکووک و بەغدا، زۆرترین ریژەی بێکاری گەنجان هەیە ، بەڵام بەشداریکردن بێجگە لە میسان کە لە سنووری ٤٠ کاندا ماوەتەوە، لەهەموو ئەوانی دیکەدا لە ئاستێکی بەرزدا بووە. لە بابل، دیالە، قادسیە و کەربەلاش کەمترین رێژەی بێکاری گەنجان هەیە، بەڵام بێجگە لە دیالە، لەوانی دیکەدا رێژەی بەشداری لە خوار ٥٠٪ ماوەتەوە.
لەڕووی رێژەی هەژاریشەوە دهۆک بەرزترین رێژەی هەیە و هەولێریش کەمترین، بەڵام هەردووکیان لە ریزی ئەو پارێزگایانەن کە زۆرترین کەس بەشدارییان لە هەڵبژرادن دا کردووە. بەگشتی ١٠ پارێزگا کە رێژەی هەژاری تێیاندا لە خوار رێژەی هاوبەشی هەژارییەوەن لە سەرتاسەری عێراق کە ٢٠٪ بووە، ئاستی بەشداری بێجگە لە هەولێر، کەرکووک و نەینەوا، لە هەموو ئەوانی دیکەدا لە خوار ٥٠٪ ەوە بووە. بە پێچەوانەوە، لەو شوێناش کە هەژاری تێیاندا زیاترە، بێجگە لە نەجەف، لە ٧ پارێزگای دیکەدا رێژەی بەشداری لە سەرووی ٥٠٪ بووە.
لە ٩ پارێزگادا کە رێژەی شارنشینی تێیاندا کەمترە لە رێژەی هاوبەشی شارنشینی لە سەرتاسەری عێراق(٦٩٪) و رێژەی ژیانی لادێنشینی تێیاندا بەرزترە، دیسان ئەنجامی ناڕێک و جیاواز هەیە. لە پارێزگا سوننەکاندا رێژەی بەشداری بەرزە ، بەڵام لە پارێزگا شیعییەکاندا کە ئەو تایبەتمەندییەیان هەیە، رێژەی بەشداری بە کەمی ماوەتەوە. ئەمەش واتای ئەوەیە کە سیاسییەکانی سوننە لە هاندانی خەڵكی لادێنشین دا لە سیاسییە شیعیەکان سەرکەوتووتر بوون. بۆ ئەو پارێزگایانەش کە لەسەرووی رێژەی هاوبەشی شارنشنییەوەن، رێژەی بەشداری لە شارە کوردستانییەکان دا زۆرە، بەڵام دیسان لە شارە شعییەکاندا کەمتر بووە.
ئاستی رکابەری سیاسیش کە پێدەچی لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا هۆکارێکی زیادکردنی بەشداری بووبێت ئەم جارەیان کاریگەرییەکی یەکسانی نەبووە. بۆ نموونە لە دهۆک کەمترین ژمارەی بەربژێر هەبووە کە ٥٩ کەس بوون ، بەڵام رێژەی بەشداری لە ئاستێکی بەرزدا بووە، بەڵام لە بەغدا ٢٢٩٩ بەربژێر لە ٤٩ لیستی حیزبی، هاوپەیمانی و تاک دا رکابەرییان کرد کەچی رێژەی بەشداری لە خوار ٥٠ مایەوە.

دروست لێرەدایە کە دیار دەبیت کە بابەتی بەشداریکردنی ئەوانەی کە بەشدارییان کردووە تەنیا بە هۆکارە ئابوورییەکان روون ناکرێتەوە. هەرچەند کە دەکرێ ئەوانە بۆ تێگەیشتن لە رێژەی راستەقینەی بەشدارینەکردن کە دەوری ٦٠٪ دەکات بە کەڵک بن ، بەڵام دەشێ هۆکاری سەرەکی لە هاتنی ئەو بەشەی کە دەنگیان داوە بۆ بابەتی دیکەی وەک سیاسی وەک ئاستی جەمسەربەندی سیاسی، توانای حیزبەکان بۆ جوڵاندنی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی خێڵ- ئایدۆلۆژیا و سیاسەت بگەڕێتەوە.