RRC |
یاسین تەها|
دەستلەكاركێشانەوەی كتوپڕی پارێزگارەكانی زیقار و نەجەف لە كۆتاییەكانی 2021 و، راگەیاندنی پشووی ناوچەیی لە 14 پارێزگای عێراق بە بۆنەی ساڵیادی كوژرانی قاسمی سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، نوێترین پەرەسەندنی كێشمەكێشی ڕوو لە هەڵكشانی هەردوو بەرە ركابەرە شیعەكەی موقتەدا سەدر و لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگین.
سەدر كە پاش پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، زۆرینەی بۆ خۆی مسۆگەركرد، چاوی لەسەر گواستنەوەی ئەم باڵادەستییەیە لە پەرلەمانەوە بۆ جومگەو ئاستەكانی دیكەی بڕیار كە پارێزگاكان دیارترین و گرنگترینیانن. نەخشەی سیاسی دابەشبوونی پارێزگارەكان كۆنە و هی ساڵی 2013 یە كە تێیدا مالیكی و لیستەكەی (دەوڵەتی یاسا) باڵادەست بوون لە عێراق، لەو كاتەدا لە هەڵبژاردنی 12 پارێزگادا، لەژمارەی دەنگ و كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا، زۆینەیان لە هەشت پارێزگا مسۆگەركرد، بەدوای ئەویشدا مەجلیسی ئەعلا و پاشان لیستەكەی سەدر هات، ئەم هاوكێشەیەش لەگەڵ ئێستا نایەتەوە كە سەدر بەتەنها دەوروبەری 40%ی كورسییەكانی شیعە و 22%ی كورسییەكانی هەموو پەرلەمانی بەدەستەوەیە.
پلانی سەدر بۆ كۆنترۆڵكردنی پارێزگاكان لە زیقار (ناسریە) وە دەستیپێكرد كە بە “پایتەختی شۆڕش” ناسراوە و، لە دوای 2019 تشرینییەكان كردیانە نمونەی خۆیان بۆ دوورخستنەوەی حیزبەكان لە شار. ئەحمەد خەفاجی، پارێزگاری زیقار كە پزیشكێكی پسپۆڕی دڵ و هەڵسوڕاوێكی كەرتی تەندروستییە، شەش مانگ پێش ئێستا پۆستەكەی وەرگرت، لەماوەی دوو ساڵدا ئەو چوارەم پارێزگارێك بوو كە بۆ زیقار دیاریبكرێت. هەموو پشتیوانییەكی سەرۆكوەزیرانی عێراق و خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی حەبوبیی ناسریەشی هەبوو كە خۆیان بە نوێنەری دەیان قوربانی تشرین دەزانن، بەڵام لە پڕێكدا بەپاساوی قبوڵنەكردنی سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكانی پارێزگاكە دەستلەكاركێشانەوەی پێشكێشی سەرۆكوەزیران كرد و ئەویش قبوڵی كرد. بەمەش رێگای بۆ جێگری یەكەمی خۆی كردەوە كە كادرێكی سەدرییە، تاوەكوو جێگەی بگرێتەوە. زیقار لەلایەك پێگەیەكی تایبەتی هەیەو ماوەیەكی زۆرە لەدەستی حزبەكان دەرچووە، لەلاكەی تر بودجەی سندوقی ئاوەدانكردنەوەی ئەم پارێزگا وێرانە، زیاتر لە 805 ملیار دینارە و تێكڕای پارەی تەرخانكراو بۆ گێڕانەوەی ژیان تێیدا، دەگاتە دەوروبەری ترلیۆنێك دینار و باوەڕی زاڵیش ئەوەیە چاوبڕینە ئەو بودجەیە هاندەری سەدرییەكان بووە بۆ دەرپەڕاندنی پارێزگار.
بەدوای كشانەوەی پارێزگاری زیقار، لوئەی یاسری پارێزگاری نەجەف داوای بەخشینی لە پۆستەكەی كرد و، بەر لەوەی بەفەرمی دەستلەكاركێشانەوە رەوانەی سەرۆكوەزیران بكات لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا بڕیارە كتوپڕەكەی ئاشكرای كرد. یاسری، كە ماوەی شەش ساڵە پارێزگاری پایتەختی رۆحی شیعەكانە، پێشتر یەكێك بووە لە كادرە دەركەوتووەكانی حیزبی دەعوەی مالیكی، كشانەوەكەشی چەند رۆژێكی كەم پاش ئەوە هات كە سەدر لە بینای شارەوانی شارەكەوە هەڕەشەی ئەوەی كرد “كار لەسەر لادانی پارێزگار دەكەن”، بەم جۆرەش دەرگای نەجەف ئاوەڵابوو بۆ ئەوەی سەدر كاندیدێكی خۆی لە پۆستەكە دابنێت، بەتایبەت پاش ئەوەی پێشوازی لە هەنگاوەكەی یاسری كرد و دەستخۆشی لێكرد بۆ وازهێنانەكەی و، بە دڵنیاكردنەوەی لە پارێزراو بوونی پادداشتی دایەوە.
گوشاری سەر پارێزگارەكانی عێراق بۆ كشانەوە لەلایەن سەدرەوە، لایەنەكانی “چوارچێوەی هاوئاهەنگی” بێتاقەت كردووە. بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆكانی زیقار و نەجەفیش، بەفەرمی داوایان لە كازمی كردووە: دەستلەكاركێشانەوەی هیچ پارێزگارێكی دیكە پەسەند نەكات بەوپێیەی لەژێر گوشاردان، بەڵام وادیارە كابینەی پاش هەڵبژاردن جگە لە ڕاییكردنی كاروباری ڕۆژانە، دەسەڵاتی دەستوەردان لە پرسێكی هەستیاری وەهادا نییە. بۆ سەرلەنوێ دانانەوەشی لە ویلایەتی نوێ، كازمی چاوی لە پاڵپشتی سەدرە، ئەگەرنا دەمێكە لایەنە شیعەكانی “چوارچێوەی هاوئاهەنگی” پێداگرن لەسەر گۆڕینی سەرۆكایەتییەكان و هەر هیچ نەبێت سەرۆكایەتی وەزیران و پەرلەمان، لەبەر ئەمەش هیچ ئەگەرێكی ئەوە نییە كە لەم كاتەدا كازمی بەگژی سەدردا بچێت.
ساڵانی بەرهەڵستیكردنی ئەمەریكا و راڕایی سەدر لە شێوازی بەشداریكردنی لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا، دەرفەتی ئەوەیان بە مالیكی سەرۆكوەزیرانی پێشووتر دا (2005_2014)، شێوەیەك لە “دەوڵەتی قووڵ” لە ناو دەوڵەتی عێراقدا دروست بكات، ئەویش لە رێگای پڕكردنەوەی هەزاران پلەی تایبەت و پۆستی گرنگی بەتاڵ بە كادرانی حزبی دەعوە و، دواتریش بە دەستوپێوەندی نزیكی خۆی كە ئامۆزا و زاواكانی سەرپەرشتییان دەكردن، بەڵام دووركەوتنەوەی مالیكی لە دەسەڵات لە حەوت ساڵی رابردوودا و، ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 10ی تشرینی 2021، دەرفەتی ئەوەیان بۆ سەدر رەخساندووە كە هەوڵی قڵپكردنەوەی هاوكێشەكە بدات بەتایبەت پاش ئەوەی لە خولی پێشوودا (2018_2021) پۆستی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگاری بانكی ناوەندیی خستەژێر ركێفی رەوتەكەیەوە. یەكەمیان (حەمید غزی) وەك وەزیری سەرجەم وەزارەتەكان كاردەكات و دووەمیش (مستەفا مخیف) بڕیاربەدەست و بەرپرسە لە سیاسەتی نەختینەیی و كاروباری دراو و یەدەگی وڵات و راوێژكاری یەكەمی دەوڵەتە لەسەرجەم كاروبارە داراییەكان.
لەپاش ئەوەی سەدر پارێزگارەكانی بە نیشانە گرتووە، لایەنە شیعەكانی ركابەری ئەو، لە دووەم ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسدا (3ـ1ـ 2020)، پشووی ناوچەییان بەسەر 14 پارێزگا لە كۆی 15 پارێزگاردا سەپاند. پارێزگاری میسانیش (عەلی دوای) كە تەنها پارێزگارە كە پشووەكەی رانەگەیاند لە عەممارە، چووە ژێرباری ئەوەی لە قوتابخانەكاندا ئاڵا هەڵبكرێت و سرودی نیشتمانی بگوترێتەوە و گردبوونەوەیەكی بیرهێنانەوەش بۆ ساڵیادەكە رێكبخرێت. هەندێك لە پارێزگاكانیش (كەركوك بەنمونە) دوای نیوەشەوی 2_1، لە بەرەبەیانی رۆژی دوو شەممە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە پشووەكەیان راگەیاند. پارێزگاری بەغداش پێشتر پشووەكەی جاڕدابوو. حكومەتیش لەناوچەی سەوز كاری خۆی دەكرد و پشووەكە نەگەیشتە وەزارەتەكان. سەرجەم ئەمانەش نیشانەن بۆ قەبارەی گوشارەكان و ئەو شپرزەییەی لە بەرداشی ململانێی شیعە حوكمڕانەكاندا بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتدا دروستبووە.
گواستنەوەی كێشمەكێش بۆ پارێزگاكان لەنێوان بەرەی سەدر و بەرەی حەشد، لەكاتێكدایە كە دەرگاكانی چارەسەر لەبارەی حكومەت و پەرلەمان بەداخراوی ماونەتەوە و پێداگری زۆری سەدر بۆ حكومەتی زۆرینە رێگرە لە ئەگەری هاتنەدی سازانی ناوخۆیی شیعەكان. هەندێك بۆچوونیش پێیانوایە پشووە تۆپزییەكەی پارێزگاكان گوزرێكی گەورەیە لە سەركەوتنی ئەگەری “حكومەتی زۆرینە”، چونكە چەكدارەكان لە دەرەوەی پەرلەمانیش هەمووكات دەتوانن مەرجی خۆیان بسەپێنن، بەهۆی ئەوەش كە پارێزگارەكانیش ئەڵقەیەكی لاوازن لە سیستمەكە و هەریەكەشیان كۆمەڵێك دۆسییەی گەندەڵی و بەهەدەردانیان لەسەرە، زیاتر گوێڕایەڵی گروپەكان دەبن هەتا پەرلەمان و لۆژیكی یاسایی و زۆرینەی سیاسی، ئەویش لە وڵاتێكدا كە چەك و مەزهەب زیاتر ئاراستەی رووداوەكانی دەكات.