شرۆڤە

شێوازەکانی خۆگونجاندنی کۆمەڵایەتی و ئابووریی خێزانەکانی ناوچەکانی کوردانی سووریا لە پاش رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد

11-11-2025


ماوەی زیاتر لە دەیەیەکە، ناوچەکانی کوردانی سووریا رووبەڕووی زنجیرەیەک گۆڕانکاریی قووڵ بوونەتەوە کە کاریگەرییان لە سەر بنیادی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی هەبووە. سەرباری سیاسەتی هەژارکردن و نەزانکردنی حیزبی بەعس بە درێژایی سەردەمی دەسەڵاتداریی، ئەم گۆڕانکارییانە رەوتێکی نوێیان گرتەبەر پاش دەستپێکردنی راپەڕینی سووریا لە 2011دا و، گۆڕانکاری لە شێوازی دەسەڵاتداری دا و، لە کۆتایی 2024دا  و لەگەڵ رووخانی رژێمی سووریا قووڵتر بوون. لەکاتێکدا، لە جیاتی ئەوەی ناوچەکە بچێتە قۆناخێکی جێگیری و بووژانەوەی ئابووری، چووە ناو شەپۆلێکی نوێی داڕمانی ئابووری و پاشەکشەی ئاستی بژیوی ژیان. ئەمەش خێزانە کوردەکانی خستە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی راستەقینە بۆ مانەوە و خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخێکی لەرزۆک کە دەرگەی بەرووی چەندین ئەگەردا کراوەیە.

لە سایەی نەبوونی سیاسەتێکی ئابووریی روون و، بەرزبوونی ئاستی بێکاری و هەژاری و، داڕمانی بەهای دراوی لیرەی سووری، خێزانەکان پەنایان بردووەتە بەر رێگەی نوێ بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم کەتوارەدا. هەندێک لەو رێگەیانە بریتییە لە گۆڕینی شێوازی کارکردن یان پشتبەستن بە تۆڕەکانی پشتیوانیی خێزان، هەندێکیشیان کۆچیان کرد یان رۆڵی ئەندامانی خێزانیان دابەش کردەوە. هەربۆیەش ئەم گۆڕانکارییانە تەنیا لە لایەنی بژێویدا نەبوون، بەڵکو کاریگەرییان لە سەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسیش و، پێگەی حیزبە کوردییەکان و توانایان لە بەدەستهێنانی پشتیوانی خەڵک لە قۆناغی داهاتوو دا دەبێت.

یەکەم: گۆڕانکارییەکان لە دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری پاش کۆتاییەکانی 2024

لە کۆتاییەکانی 2024وە، ئابووریی ناوخۆیی شڵەژانێکی گەورەی بە خۆیەوە بینی. بەهای راستەقینەی مووچە دابەزی لەکاتێکدا نرخەکان بەرەو بەرزبوون چوون و، لەبەر کەمبوونی کەلوپەلە سەرەکییەکان و نەمانی پشتیوانیی حکوومەتی ناوەند توانای کڕین داڕما و، لیرەی سووری بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی کەوتە هەڵبەز و دابەز. وشکەساڵی و کەمبوونەوەی بەرهەمی گەنم دۆخەکەی خراپتر کرد، ئەمەش وای کرد خێزانەکان نەتوانن وەک جاران پشت بە کشتوکاڵ ببەستن و، هەزاران خێزان کە پشتیان بە کشتوکاڵ دەبەست سەرچاوەی سەرەکیی داهاتیان لەدەست دا، بەشێکی زۆریشیان زەوییە کشتوکاڵییەکانیان پارچەپارچەکرد و فرۆشتیان، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان.

ئەم دۆخە پشتبەستنی خێزانەکانی بە یارمەتیدەرییە مرۆییەکان و ئەو پارەیەی لە دەرەوە دەنێردرێت زیاتر کرد. بەتایبەتیش کە دەیان هەزار گەنج دوای جێگیربوونێکی کاتی لە هەرێمی کوردستان و تورکیا، روویان لە ئەورووپا کرد بە ئومێدی دابینکردنی داهاتێک کە بۆ بەردەوامبوون یارمەتیی خێزانەکانیان بدات. بەڵام ئەم پارە نێردراوانەش جێگیر نین و، جیاوازیی نێوان خێزانەکانیان قووڵتر کرد – لە نێوان ئەوانەی کەسێکیان لە دەرەوەیە و ئەوانەی ئەمەیان نییە، یان منداڵەکانیان ناتوانن بە بەردەوامی پارەیان بۆ بنێرن.

لەگەڵ ئەمەشدا، بڕیاری سەرۆک "ترەمپ" بە راگرتنی پارەدارکردنی کارە مرۆییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، زیانی لە دەیان هەزار کارمەندی هەمیشەیی و رۆژانە و رێکخەرانی چالاکییەکان و رێکخراوە ناحکوومییە ناوخۆییەکان دا... کە هەموویان پشتیان بە ئەم پارەدارکردنە دەبەست بۆ دابینکردنی خەرجیی چالاکی و پرۆژەکان و مووچەی کارمەندەکانیان.

دووەم: سەرچاوەکانی داهات و شێوازە نوێیەکانی کار

دوای ساڵی 2024، خێزانەکان ستراتیجی جۆراوجۆریان بۆ دابینکردنی داهات تاقی کردەوە، بەڵام زۆربەیان لەرزۆک و کورتخایەن بوو، وەک ئەمانەی خوارەوە:

١- کاری نافەرمی: لەم بوارەدا کرێکارانی رۆژانە و ئەوانەی لە کاری کاتی و دوکانە بچووکەکان و بیناسازیدا کار دەکەن، بێ ئەوەی هیچ گرێبەستێک یان دڵنیاییەکیان بۆ کارەکەیان هەبێت.

٢- پارەی حەواڵەکراو لە دەرەوە: ئەمە شادەماری ژیانە، بەڵام بەش ناکات و دڵنیایی بەردەوامبوونی نییە، هەموو خێزانە دەستکورتەکان ناگرێتەوە.

٣- کارکردن لە کەرتی کشتوکاڵی دا: ئەم بوارە بە دەستی کێشەی ژێرخانی لاواز و سیستەمی سەرەتایی ئاودێرییەوە دەناڵێت، هەروەها تێچووی کشتوکاڵ زۆر بەرز بووە و بەرهەمەکانیش داهاتیان کەمە، ئەمەش وای کرد خەڵکی وردەوردە لە کەرتی کشتوکاڵ بکشێنەوە.

٤- کاری ئافرەتان لە ماڵەوە: بۆ دابینکردنی بەشێک لە پێداویستییەکانی خێزان، کارە بچووکەکان لە ماڵەوە (دروستکردنی خواردنی نەریتی، مەرەبا، دروومان، فرۆشتنی ئۆنڵاین، کاری دەستی، گەیاندن - دیلیڤەری) زیاتربوون.

دەتوانین بڵێین لە ڕووی ئابوورییەوە ئەوەی رووی دا ، تەنیا گواستنەوەیەک بوو لە ئابوورییەکی رێکخراوەوە بۆ ئابووریی مانەوە.

سێیەم: پشتیوانیی خێزانی و کۆمەڵایەتی وەک تۆڕێکی ئارامبەخش

لەگەڵ پاشەکشەی دامەزراوە فەرمییەکاندا، خێزانە کوردەکان پشتیان بە شێوازە نەریتییەکانی پشتیوانیی کۆمەڵایەتی بەست. بۆ نموونە ئەو خێزانانەی خاوەن موڵک و سەرچاوەی دارایی بەردەوامن لە کار و بازرگانی، یان ئەوانەی لە دامەزراوە فەرمییەکان کاردەکەن و سوودی لێ دەبینن، وەک چوارچێوەیەکی سەرەکی لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە رۆڵ دەگێڕن. یان خێزانەکان شێوازی تر هەڵدەبژێرن وەک ئەوەی کوڕە خێزاندارەکان هەموویان لە ماڵێکدا کۆ دەبنەوە بۆ کەمکردنەوەی خەرجی و، لە خواردن و شوێنی نیشتەجێبوون لەگەڵ یەکتردا هاوبەش دەبن. هەروەها رێکخراوە ناوخۆییەکان و لیژنە خێرخوازە بچووکەکان هەوڵی یارمەتیدانیان داوە، بەڵام لە ناوچەگەلێکی سنوورداردا کە ناتوانن وەڵامی پێداویستییە گشتییەکان بدەنەوە. ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانە گرنگترین هۆکارن بۆ رێگری لە رووخانی تەواوی کۆمەڵگە، بەڵام ئەوەش دەردەخەن کە کۆمەڵگەی خۆجێی تا چەند دەتوانێت شوێنی نەبوونی سیاسەتە گشتییەکان پڕ بکاتەوە.

چوارەم: گۆڕانکاری لە ناو خێزان و رۆڵی لاوان و ئافرەتان

لاوان خۆیان لە نێوان دوو رێگەدا بینییەوە: یان بێکار بمێننەوە، یان کۆچ و ریسک بکەن. کۆچکردنی ژمارەیەکی زۆری نێرینە، بۆشاییەکی گەورەی لە کۆمەڵگەی ناوخۆیی درووست کرد و، بارێکی قورستری خستە سەر شانی ئافرەتان و بەتەمەنەکان لە بەڕێوەبردنی کاروباری خێزاندا. ئەمە واتەی ئەوەیە کە رۆڵی ئافرەتان و شێوازی کارکردنیان لە ساڵی رابردوودا بە روونی گۆڕا. قەیرانی ئابووری ئافرەتانی ناردە بازاڕی کار، بۆ ئەوەی بەشداری لە داهاتی خێزاندا بکەن، جا لە بە بزنسی بچووکەوە بێت یان کاری ماڵەوە، ئەمەش سەربەخۆییەکی نوێی ئابووریی بۆیان فەراهەم کرد، بەڵام هێشتا بە سنوورە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەستراونەتەوە.

پێنجەم: کۆچکردن وەک رێگەیەک بۆ خۆگونجاندن

دۆخی ئابووری و بژێوی و، ناکۆکییە سیاسییەکان و، ترسی شەڕێکی نوێ، وایان کرد کۆچکردن ببێتە یەکەم بژاردە بۆ زۆر لە خێزانەکان. هەندێکیان روویان لە شارە گەورەکانی سووریا کرد، هەندێکی دیکەیان روویان لە هەرێمی کوردستان و ئەورووپا و تورکیا کرد. ئەم جووڵە بەردەوامە وای کرد ئابووریی ناوخۆیی پشت بە حەواڵەکردنی پارە لە دەرەوە ببەستێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دانیشتووانی بەرهەمهێنی لاواز کرد و، سامانی کۆمەڵایەتیی ناوخۆیی کەم کرد. ئەنجامەکەشی ئەوە بوو کە وردەوردە توانای کۆمەڵگەکانی ناوخۆیی بۆ کاری کۆمەڵایەتی کەم بوو و، خەڵکی زیاتر بیریان لە بەرژەوەندی خۆیان و خێزانی خۆیان کردەوە.

شەشەم: کاریگەریی سیاسیی کۆچکردن و دۆخی ئابووری لەسەر حیزبە کوردییەکان

خیزبە کوردەکان ئێستا لە بەردەم دۆخێکی تەواو جیاوازن لە ساڵانی پێشوو. بنکە کۆمەڵایەتییە نەریتییەکانیان چی دیکە جێگیر نین و، وەلائی سیاسی بە شێوەیەکی راستەوخۆ بە دۆخی گوزەران کاریگەر بووە. ئەو خێزانانەی بۆ دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیان تێدەکۆشن، چی دیکە گرنگی بە وتاری ئایدۆلۆجیایی نادەن، بگرە زیاتر پشتیوانی ئەوانەن کە چارەسەری ئابووریی بەرچاویان بۆ دابین دەکەن.

زیادبوونی ئاستی هەژاری و کۆچ مەترسین لەسەر بەشداریی سیاسی و، توانای حیزبەکان بۆ کۆکردنەوەی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا کەم دەکات. هەروەها ئەو جیاوازییە کۆمەڵایەتییە نوێیە رەنگە نەخشەی هەڵبژاردن لە ناو کۆمەڵگەی کورد دا بگۆڕێت، بۆ بەرژەوەندی ئەوانەی دەتوانن پشتیوانی و خزمەتگوزاریی راستەوخۆ پێشکیش بکەن.

حەوتەم   و کۆتایی

ئەزموونی خێزانە کوردەکان لە سووریا، لە رووی ئابوورییەوە، نموونەیەکی روونە لەسەر توانای کۆمەڵگەکان بۆ داهێنانی ئامرازی مانەوە لە سایەی داڕمانی ئابووری و دامەزراوەییدا. بەڵام لە هەمان کاتدا لەرزۆکیی ئەم رێگەیانە دەردەخات کاتێک پشتیوانیی سیستماتیک و سیاسەتی درێژخایەنیان لە پشت نەبن. پشتبەستن بە پشتیوانی خێزانی و کۆچ ناتوانن هەمیشە شوێنی گەشەپێدانی ئابووری و چاکسازی کارگێڕی بگرنەوە.

بۆیەش داهاتووی ناوچەکانی کوردان بە رێژەی سەرکەوتنیان لە گۆڕینی ئەم رێگە کاتییانە بۆ رێڕەوی گەشەپێدانی بەردەوام دیاری دەکرێت، کە دووبارە متمانە لە نێوان کۆمەڵگە و لایەنە سیاسییەکاندا بنیاد بنێت و، دڵنیایی بەشداریی فراوانتری ئافرەتان و لاوان لە دروستکردنی داهاتوو دا.

لەکۆتاییدا، گرنگترین ئەو خاڵانەی پێویستە رەچاو بکرێت بۆ باشکردنی رەوشی گوزەران ئەمانەن:

١- دەستپێکردنی پڕۆگرامی پشتیوانیی ئابووری بۆ ناوچە کشتوکاڵییەکان، بە دابینکردنی بنەتۆو و پەیین و قەرزی بچووک.

٢- هاندانی پرۆژە بچووکەکانی ئافرەتان: لە ڕێگەی مینحە و پارەدارکردنی زۆر بچووک و راهێنانی کارگێڕییەوە.

٣- دامەزراندنی تۆڕی خۆجێی پاراستنی کۆمەڵایەتی: بە هاوکاری لە نێوان ئەنجومەنە خۆجێیەکان و رێکخراوە مەدەنییە ناحکوومییەکاندا.

٤- باشکردنی ژینگەی کار بۆ لاوان: لە رێگەی پڕۆگرامی راهێنانی پیشەیی و بەستنەوەیان بە دەرفەتی کاری راستەقینەوە.

٥- پەیڕەوکردنی سیاسەتی نوێی حیزبی: بە جۆرێک کە گرنگی بە ئەولەویەتەکانی ژیانی رۆژانەی خەڵک بدات و، پڕۆگرامە ئابوورییەکان و بەشداریی سیاسی بە یەکەوە گرێ بدات.

٦- هاندانی لێکۆڵینەوەی مەیدانیی بەردەوام: بە مەبەستی چاودێریکردنی گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگە و  باشکردنی رەوشی ئابووری دانیشتوان لە هەموو ناوچەکان.

Share this Post

شرۆڤە