شرۆڤە

شفرەی پەیامەکەی ئۆجەلان و پرسی چەکبەردانی پەکەکە

09-07-2025


 دوای 26 ساڵ، دواجار پەیامێکی ڤیدیۆیی عەبدوڵلا ئۆجەلان بڵاوکرایەوە کە تێیدا دەستەواژەی جوڵانەوەی کۆمینالیست بۆ پەکەکە بەکاردەهێنیت کە ماوەیەک لەمەوبەر داوای هەڵوەشاندنەوەی کردبوو. میدیاکانی نزیک لەو رێکخراوە، لەدوای کۆنگرەی 12وە زیاتر دەستەواژەی جوڵانەوەی ئازادیخوازی کوردییان بەکاردەبرد، هەرچەند لەوانەیە لەمەودوا زیاتر گوێمان لە بابەتی کۆمینالیستی بێت کە پێدەچێ لە ئایدیاکانی مۆرای بۆچکینەوە لەبارەی ئیکۆلۆژی ئازادی و دیموکراسی و بابەتی هاوشێوەی ئەوەوە ئیلهامی وەرگرتبێ. لەوانەیە دەستپێکردنەکەیشی بەو دەستەواژەیە بۆ جەختکردنەوە لە دوورکەوتنەوەی ئەو بێت لە بزاڤە مارکسیستی- لنینیستییەکان و بزاڤەکانی رزگاریخوازی نەتەوەیی کە بۆ ماوەی زیاتر لە 4 دەیە وەک بەشێکی کاریگەر لە بزاڤە کوردییەکاندا دەوری گێڕاوە!

 کات و تەمەن مرۆڤ و سیاسەتیش دەگۆڕن؛ لە ڤیدیۆکەدا ئەو باس لەوە دەکات بە گوڕو تین و وزەیەکی زۆرەوە کار بۆ سەرخستنی پرۆسەی" سیاسەتی دیموکراتیک" دەکات، بەڵام نیشانەی پیریی پێوەدیارە. هێمنتر لە جاران قسەدەکات. بەشێکی سەرەکی قسەکانی ئۆجەلان بۆ ئەوەبوو کە پاساوی بڕیارەکەی خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و راگرتنی شەڕ روونبکاتەوە تاوەکوو رەوایی هەبێت. لەدیمەنێکی ئەو رەواییەشدا کە دەیەوێ دروستی بکات، 6 بەندکراوی دیکەی پەکەکە هەن کە یان لەلای دانیشتوون یان لە پشتی وەستاون و بەوەش دەیەوێ بڵێ ئەمە تەنیا قسەی من نییە.  

 ئۆجەلان لە تەمەنی 30 ساڵییەوە بۆ ماوەی زیاتر لە 46 ساڵە کە سەرۆکایەتی پەکەکە دەکات و پێدەچێ ئەمەش یەکێک لەفاکتەرەکانی وەرچەرخانە سیاسییەکەی بێت. ئەزموونی ئۆجەلان تیۆری تەمەن لە ئەنجامی شەڕی نێوخۆییدا پشتڕاست دەکاتەوە کە دەڵێت، بە هەڵکشانی تەمەن سەرکردەی گرووپە چەکدارییەکان ئاشتیخوازتر دەبن و زیاتر لە بردنەوە، بیر لە جێهێشتنی میراتێک دەکەنەوە؛ رێک وەک ئەوەی کە یاسر عەرەفات لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا لەفەڵەستین کردی. لەڕاستیدا وەرچەرخانەکەی ئۆجەلانیش دەتوانێت هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕێکی درێژخایەن و قۆناخێکی نوێ لە سیاسەتی کوردیدا لە تورکیا، هەڵبەت هێشتا بە تەواوی روون نییە کە ئایا تەواو سەردەگرێت یان نا.

وەرچەرخانەکەی ئۆجەلان لەکاتێکدا  زیاتر رووندەبێتەوە کە بزانین، کاتی خۆی ئەو وەک سەرکردەیەکی چەپ رێکخراوێکی پێکەوەنا کە ئایدیاکانی مارکس، لونین و ماۆی لە کەسایەتی کوردستاندا پیادە دەکرد. بڕوایەکی پتەوەی بە رۆڵی "زۆر- هێز" لە گۆڕانی سیاسیدا هەبوو.پەکەکە و ئەرتەشی رزگاری نەتەوەیی دامەزراند و، بۆ یەکەمجار سەربازیکردنی ناچاری بۆ لاوانی کورد داهێنا و لە کۆنگرەی 3ی حیزبەکەیدا، نەریتی "کوردایەتی بە زۆر"ی داهێنا کە واتای ئەوە بوو کە هەموو تاکێکی کورد ناچارە یان بەشداری لە شەڕدا بکات یاخود یارمەتیی ئەوان بدات. ئەنجامی ئەمەش لە لایەک شەڕ لەگەڵ دەوڵەت و لەلاکەیتریش گرژی لەگەڵ رێکخراوە کوردییە رکابەرەکانی بوو. پێچەوانەی زۆرێک لە حیزبە نەریتییەکانی کومەڵگەی کوردی بە داواکارییەکی ئایدیالیستی- ماکسیمالیستانەی وەک یەکخستن و سەربەخۆکردنی هەر چوارپارچەی کوردستانەوە شەڕێکی درێژخایەنی دەستپیكرد کە بۆ ماوەی نزیکی 5 دەیە ئاڕاستەی بە بەشێک لە گۆڕانکارییەکانی مەیدانی سیاسی کوردستان دا. کاتی خۆی مام جەلال لە پەرلەمانی کوردستان"پەکەکەی بە جەستەیەکی نامۆ"ی نێو بزاڤە کوردییەکان وەسفکردبوو و ئۆجەلانیش بۆ خۆی جاران بە جوڵانەوەی سەرۆکایەتی و ئێستاش بە بزاڤی هاوڕێی کۆمینالسیتی ناوی دەبات. هەڵبەت هەرجۆرێک پێناسە بکرێت، کلیلی سەرەکی بۆ تێگەیشتن لێی، خودی ئۆجەلانە.

شفرەی پەیامەکەی ئۆجەلان

ماوەی پەیامەکە 7 خولەک و 8 چرکەیە و تێیدا ئۆجەلان، بەهێواشی قسە دەکات بۆیە لەو ماوەیەدا تەنیا 617 وشەی دەربڕیوە. ئەو زیاتر لە 17جار بەشێوەی جیاجیا گوزارشتی لە بایەخی کات کردووە. بەشێکی زۆریشی بۆ رەوایی پێدان بە بانگەواز و بڕیارەکانییەتی. بۆ نموونە  9 جار ئەوانە بە بڕیار یان هەنگاوی مێژوویی ناودەبات. ئەو بۆ تەواوکردنی ئەو باسەی خۆی جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەکەکە  ئامانجی خۆی لە دژی سیاسیەتی نکۆڵێکرن بەدەستهێناوە، بۆیە هەم ئامانجەکەی خۆی دەگۆڕێت هەمیش شێوازی کارکردنەکەی.

هەر لە سەرەتای قسەکانییەوە دەڵێ "هەرچەند کە دووبارەش بێ، بەڵام وەڵامی روونکەرەوە و خوڵقێنەر لەبارەی کێشەکە و رێگاکانی چارەسەرکردنیان بە ئەرکی ئەخلاقی خۆم دەزانم." ئەمەش دەریدەخات کە پێشتر وەڵامی هەندێک پرسیاری داوەتەوە بەڵام هێشتا بە پێویستی دەزانێت کە دووبارەی بکاتەوە و ئەوەش وەک بەرپرسیارییەک بۆ خۆی هەژمار دەکات؛ واتا هێشتا کەسانێک هەن کە لەبارەی ئەم پرسەوە نیشانەی پرسیاریان لە مێشکدایە. لە قسەکانی ئۆجەلانەوە وادەردەکەوێت کە لەوانەیە دوودڵییەکانی ناو پەکەکە لەسەر دووخاڵ بن: یەکامیان لەسەر پاساوە بنەڕەتییەکانی وەرچەرخانەکە و ئەوی دیکەشیان لەسەر ئەو گەرەنتییەی کە لە دەوڵەتەوە وەربگیردرێت.

ئۆجەلان لانیکەم دووجار ئەوە رووندەکاتەوە کە ئەمە شکست نییە و پەکەکە ئامانجی خۆی لە دژی سیاسەتی نکۆڵیکردن بەدەستهێناوە و ئێستا ئیدی پێداگریکردن واتای خولانەوە لە بازنەیەکی دووبارە دەدات. ئەو بۆ وەڵامدانەوەی نیگەرانییەکان لەبارەی داهاتووی ئەندامانی پەکەکە ئاماژە بە دوو خاڵ دەکات. یەکەمیان پرۆسەی یاسایی و ئەوی دیکەشیان دامەزراندنی بزاڤێکی سیاسی نوێ. ئەو  لانیکەم 23 جار ئەو دەستەواژانەی بەکارهێناوە کە گوزارشت لە گۆڕانی سیاسی دەکەن و  بەوەش تەقەلایەکی زۆر دەدات کە هۆکاری گۆڕانەکە بە چەمک و دەستەواژەی وەک کۆمینالیست، کۆمەڵگە و سیاسەتی دیموکراتی و ئاشتی و دیموکراسی و ... تاد روونبکاتەوە.

ئەو دەڵێ مانیفێستۆیەکی نوسیوە کە جێگەی "رێگای شۆڕشی کوردستان" دەگرێتەوە کە دەشێ بە زمانی پراکتیکی واتای حیزبێکی نوێ لە جیاتی پەکەکە بدات. بەئەگەری زۆر لەڕووی پراکتیکییەوە ئەمە واتای گۆڕانی رێکخراوەکانی سەر بە پەکەکەیە و لەوانەیە هەر لەوچوراچێوەیەدا، دەم پارتی لە پاییزی ئەمساڵدا بگۆڕدرێت و بەوەش شوێنی هەندێک لە ئەندامانی پەکەکەی تێدا ببێتەوە. هەروەها ئەو ئەندامانەش کە ناتوانن بگەڕێنەوە، لە دامەزراوەکانی دیکەدا وەک رێکخراوەکانی سەربە ئەوە، لە ئەورورپا یان لە شوێنەکانی دیکەدا کاربکەن.

 ئۆجەلان بایەخی بە کاریگەری لایەنی دەروونی لەسەر ئەم پرۆسەیە داوە. دووجار باسی لەوە کردووە کە ئەمە چەکبەردانێکی ئارەزوومەندایە و ئەوەش زیاتر لە شکست بە وەرچەرخان ناودەبات. دووجاریش پەیامی دۆستایەتی بۆ هاوڕێکانی ناردووە. لەسەرەتاوە جوڵانەوەکەی بە جۆوڵانەوەی هاوڕێیانەی کۆمینالیستی ناوبردووە و لەکۆتاییشدا باسی دۆستایەتی هەمیشەیی کردووە. پێدەچێ ئۆجەلان ئاگاداربێت لەوەی کە هەڵوێستی جیاوازی هەر تاکێکی سەرکردایەتی پەکەکە دەتوانێت کاریگەر بێت، بۆیە ئەو لایەنە سایکۆلۆژییانەشی لە پێش چاوگرتووە. ئەمەشی نەک تەنیا بۆ پەکەکە، بەڵکو بۆ رای گشتیش گوتووە و باسی ئەوەی کردووە کە پێویستە نیگەرانییەکانیان بڕەوێندرێنەوە. بە ئەگەری زۆر ئەوەشی بەهەنگاوی کردەنی بۆ چەکبەردان بەستۆتەوە.، بۆ ئەوەی رای گشتی متمانە بکات.

 ئەو لەبارەی گەرەنتییەکانی دەوڵەتەوە باس لە دامەزراندنی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان دەکات و جەخت لەوەش دەکات کە ئەو متمانەی بە دەوڵەت هەیە. بۆیە چەندجارێک داوا لە پەکەکە دەکات کە پێداویستییەکانی ئەم قۆناخە جێببەجێ بکات و لانیکەم 6جار باسی قۆناخی نوێی کردووە. باسی ئەوە دەکات کە دوور لە بیرکردنەوەی "سەرەتا تۆ ئەوسا من" دەبێ هەنگاوی پێویست بنرێن و بە ئەگەری زۆر لەمەشدا هەر مەبەستی پەکەکەیە، چونکە لە قسەکانی دوای ئەوەدا دەڵێ "من هەست دەکەم ئەو هەنگاوانە بەفیڕۆ ناچن، دەزانم نیازپاکییەک هەیە و متمانەم پێیەتی." هەروەها ئەو هەوڵەشی داوە کە پرۆسەی چەکدانانەکە خێراتر بێت و گوتوویەتی نابێ پرسی ئازادکردنی من وەک مەرج باس بکرێت و ئازادبوونی خۆی بە ئازادبوونی کۆمەڵگە دەبەستێتەوە.

ئۆجەلان لێرەدا دەڵێت کە بە ئیرادەی ئازادی خۆمەوە ئەمە دەکەم و ئەوەی کە دەیڵێم ئەنجامی دیدارەکانی منن لە ئیمرالی. واتا سەرەڕای ئەوەی کە هێشتا پرسی چەکبەردانی پەکەکە نەبووەتە ڕیککەوتنێکی نوسراو، بە رەسمی دەڵێت کە گفتوگۆیەکی لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەت هەیە. لە دوای شەڕی جیهانی دووەمەوە تا ئێستا 309 دانە رێککەوتنی ئاشتی لەنێوان دەوڵەت و گرووپە جەکدارە راپەڕیوەکاندا کراوە کە ئەوەی پەکەکە لەوانە نییە چونکە رێککەوتنی رەسمی نییە بەڵکو ناڕەسمییە. ئەزموونیش دەریخستووە کە سەرگرتنی ئەوجۆرە پرۆسانە جا چی رەمسی بن یان ناڕەسمی بابەتێکی گەلێک هەستیارە. لە کۆی 309 دانە رێککەوتنی ئاشتی، بەشێوەی رێژەیی لە ماوەی 471 رۆژدا 110دانەیان تێکچوون و سەریاننەگرتووە بەڵام زیاتر لە 64٪ی سەری گرتووە.

 هێشتا دیار نییە کە ئایا ئەم پرۆسەیەی نێوان ئۆجەلان-پەکەکە/ دەوڵەتیش سەردەگرێت یان نا بەڵام ئەوە دیارە کە چەندەی ئاستەنگی لەبەردەمدایە ئەوەندەش دەرفەتی سەرگرتنی هەیە کە رەنگە لێرەدا شوێنی نەبێتەوە باسی هەمووی بکرێت، بەڵام کات جێی هەمووی دەکاتەوە.

Share this Post

شرۆڤە