شرۆڤە

سیناریۆکانی دانوستاندنە ئەتۆمییەكەی ئێران و کاریگەرییەكانی لە سەر پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ هەولێر و بەغدا

02-02-2022


 

RRC|

کاردۆ بینەر|

دانووستاندنەکانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران، بێوچان بەڵام بە ئەسپایی و خێرایی زۆر کەم بەردەوامن. وێڕای ئەمە، هێشتا هیوای گەیشتن بە رێککەوتن لە ئەگەری رێکنەکەوتن بەهێزترە. لەم نووسراوەدا کاردانەوەکانی چوار سیناریۆی گریمانەیی دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران لەسەر پەیوەندیی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گەڵ دەوڵەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لێک دەدەینەوە.

 

چوار سیناریۆی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران

سەبارەت بە ئاکامی کۆتایی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و هێزە جیهانییەکان ئێران چەندین سیناریۆی جیاواز پێشبینی کراون:

١- رێککەوتن: باشترین بژاردە کە هەم لە تاران و هەم لە واشنتن و پایتەختی زۆربەی وڵاتانی ئەورووپایی پێشوازی لێ بکرێت، کاراکردنەوە و وەگەڕخستنەوەی تەواوەتی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەیە.  ئەوەش بە گەڕانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ رێککەوتنەکە و جێىەجێکردنی بەڵێنەکان لە لایەن ئێرانەوە دەكرێت. بەڵام ئەم پرسە لە گەڵ کۆمەڵیک ئاڵۆزیی فرەچەشندا دەستەوەیەخەیە. لە لایەکەوە ئەمریکا دەیەوێت بێجگە لە بەرنامەی ئەتۆمی، سەبارەت بە هێزی مووشەکی و سیاسەتی ناوچەیی  ئێرانیش دانوستاندن بکات و لە لایەکی دیکەشەوە ئێران وێڕای دژایەتیکردنی داواکارییەكانی ئەمریکا، داوای وەرگرتنی گەرەنتی دەكات بەو مەرجەی کە دەوڵەتی داهاتووی ئەمریکا لە رێککەوتنەكە دەرنەچێتەوە. وەك ئەوە كارەی کە دۆناڵد ترامپ لە گەڵ رێککەوتنەكەی ئۆباما لەگەڵ ئێران ئەنجامی دابوو. ئەم داواکارییە قورس و فرەلایەنانە بوونەتە هۆی  ئالۆزی و ناخێرایی  رەوتی دانوستاندنەکان.

٢- رێککەوتنی کاتی: لە سەروبەندی سەردانی ئیبراهیم رەیسی بۆ مۆسکۆ، ئەم پێشنیارە لە لایەن ڤیلادیمیر پووتین‌ بە ئێران دراوە تاوەکوو لە کاتێکدا کە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی دژوار و کەمە، لە رێگایەکی کورتترەوە، لانیکەم رێککەوتنێکی کاتی دەستەبەر بکرێت. هێشتا بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دژی رێککەوتنێکی لەوجۆرەن.

٣- نە رێککەوتن، نە شکست: سیناریۆی سێهەم لە لایەن ستراتیژیستە ئەمریکایی_ ئەورووپاییەکانەوە گەڵاڵە کراوە؛ بەو پێیە کاتێک لایەنەکان دەرفەتی گەیشتن بە رێککەوتنیان نییە، کاتی دانووستاندنەکان لانیکەم بۆ ماوەیەكی کاتیی ٢-٣ ساڵە درێژ بکرێتەوە و بێ واژۆکردنی هیچ بەڵگە و دەقی رێککەوتنێک، لایەنەکان بەشێک لە بەڵێنەکانی لایەنی بەرانبەر جێبەجێ بکەن، وەک: چاوپۆشیی ئەمریکا لە گەمارۆی کڕینی نەوتی ئێران و ئازادکردنی هەندێ لە پارە بلۆک کراوەکانی ئێران و لە لایەنی دیکەشەوە، پێدانی مۆڵەتی پشکنین بە چاودێرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی ڕیکخراوی وزەی ئەتۆمی لە لایەن ئێرانەوە.

٤- شکستی دانوستاندنەکان: کۆتا سیناریۆش بە واتای سەرنەکەوتن و شکستی کۆتایی دانوستاندنەکانە. ئەم ئەگەرە، دەرهاوێشتەی نەگونجانی ئێران و ئەمریکا وەک لایەنە سەرەکییەکانە، هەروەها دەرئەنجامی هەوڵی ناتەواوی رووسیا و وڵاتانی ئەورووپییە بۆ دروستکردنی گوشاری پێویست لە سەر ئێران و ئەمریکا. ئەم دۆخە لە ئاکامدا دەبێتە هۆی گەڕانەوەی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران بۆ ئەنجومەنی ئاسایش و بەندی حەوتەمی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ بابەتێک کە ئێران بە توندی هەوڵی خۆپاریزیی لێ دەدات!

 

کاریگەریی چوار سیناریۆی بەرجام لە سەر پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ هەولێر و بەغدادا

هەر یەک لە سیناریۆکانی سەرەوە کاریگەریی راستەوخۆی لە سەر پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئێران لە گەڵ وڵاتان و لایەنە جیاوازەكان، لەوانەش عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.

لە سیناریۆی رێککەوتندا، یەکێک لە سەرەتاییترین دەرهاوێشتەکان لە پەیوەندیی دوو لایەنەدا، داکشانی کێشە و گەمارۆ و بەربەستە ئیداری و بانکییەکانە بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییە دوو لایەنەییەکان. ئەمەش بابەتێکە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران  پێداگری لەسەر دەكەن.  هاوکات لە روانگەی سیاسی و پێگەی دیپلۆماتیک و ئاسایشەوە قورسایی ناوچەیی ئێران بەرز دەكاتەوە و ئەم بابەتە کاریگەری راستەوخۆی لە سەر پەیوەندییە سیاسییەکانی تاران لە بەغدا و هەرێمی كوردستان دەبێت. لە سیناریۆی رێککەوتنی کاتیدا، کرانەوەی ئابووری لە ئەولەوییاتی زۆربەی بەرپرسانی تاراندا دەبێت و لەم دەرفەتەش بۆ وەرگرتنی قەرز و پارەکانیان لە بەغدا و هەروەها بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندیی ئابووری و تەنانەت وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان کەڵک وەردەگرن. بەڵام لە ئەگەری روودانی سیناریۆی سێیەم و چوارەمدا، پەیوەندیی لایەنەکان بە پێی دۆخی هەنووکەیی، گۆرانکاریەکی وەها بە خۆیەوە نابینێت. لەم حاڵەتەدا لە بەر قووڵبوونەوەی کێشە و گوشارە سیاسی و ئابوورییەکانی سەر ئێران، دابەزینی ئاستی دەستڕۆیشتوویی و کاریگەریی ئێران لە عێراقدا، کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ٢٠٢١دا خۆی دەرخست، زیاتر دەبێت. هاوکات دۆخی سیاسی ناوچەكە، لەوانەش عێراق و هەرێمی کوردستانیش زێدەتر ئاسایشی دەبێت.

 

Share this Post

شرۆڤە