RRC |
عومەر ئەحمەد، پسپۆڕی ئابووری |
بەرایی
مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەدوای هاتنەسەرکاری رایگەیاند کە بەنیازە چاکسازییەکی بەرفراوانی ئابووری و دارایی ئەنجامبدات و رووبەڕووی گەندەڵی دەبێتەوە. لە 13 بڕگەی سەرەکی کارنامەی حکومەتی نوێی هەرێمی کورستان، 10 برگەیان راستەوخۆ تایبەتبوون بە کەرتی دارایی و ئابووری و ئەو ٣ برگەکەی دیکەش ناراستەوخۆ پەیوەستبوون بە چاکسازییە ئابوورییەکان. پرسیار لێرەدا ئەوەیە كە تەگەرەكانی بەردەم بەرنامە ئابوورییەكانی حكوومەت چین و كابینەی نوێ دەتوانێت چیبكات هەتا ئەو بەرنامەیە سەربخات؟
كارنامەی حكوومەت بۆ چاكسازیی ئابووری
توندوتۆڵکردنی کەرتی گشتی، ناوەڕۆکی کارنامەکەی مەسروور بارزانییە کە ئەگەر سەرکەوتووانە جێبەجیبکرێت، دەتوانێت ببێتە هۆکاری کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت. بەتایبەتی لە خاڵی یەکەمی کارنامەکەی، جەخت لەوەکراوەتەوە ” لەڕێگەی چەسپاندنی یاسا و دروستکردنی ئەنجومەنی راژە و ئامادەکردنەوەی پرۆژە یاسای چاکسازی و ناردنەوەی بۆ پەرلەمان بە فۆرمێکی تازە و گونجاو، کار بۆ ئەوە دەکەن چاکسازی لە کەرتی وەزیفەی گشتی، لە موچەخۆر و خانەنشین بەدیبهێنن.”
کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر چاکسازی لە کەرتی گشتیدا کرد و هەرچەندە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان پەسەندیکرد، بەڵام بەهۆی نارەزایی لە ناوەرۆکی ئەو چاکسازییانە، پرۆژە یاساکە گەڕێندرایەوە پەرلەمان و لەبەرئەوەش جێبەجێنەکرا. حکومەتی نوێ جەخت لە باشترکردنی ئەو پرۆژە یاسایە دەکاتەوەو بریارە تاوەکو ناوەراستی مانگی ئەیلول رەوانەی پەرلەمانی بکات. لەهەر حاڵەتێکدا، بەپێی لێدوانی بەرپرسانی حکومەتی هەشتەم و هەندێ لە پەرلەمانتارانی خولی پێشووی پەرلەمان کە داکۆکیان لە پرۆژە یاساکەی پێشتر دەکرد، جێبەجێکردنی ئەو چاکسازییانە کە کارێکی وەها ئاسان نیە، دەبێتە هۆکار بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار کە بۆ مووچەی مووچەخۆران تەرخانی دەکات.
حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کەمکردنەوەی خەرجییەکانیدا هەنگاوێکی دیکەی ناوە. وەک ئەوەی لە خاڵی چوارەمی کارنامەکەیدا هاتووە، “ئەنجامدانی ئیفاد و سەفەر و بەستنی کۆنگرە و کۆنفراس، بەپێی پێویستی دەبێت و رێگە لە بەهەدەردانی سامان و خراپ بەکارهێنان و بەلاڕێدابردنێک لەم بوارانەدا دەگرین.”
هەموو ئامانە هەنگاوی ئەرێنین بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت، بەڵام لە کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە زیادکردنی داهاتەکان، ئاماژە بە رێکخستنەوەی سیستمی باج لە هەرێمی کوردستان دراوە و دەڵێت، هەوڵدەدەن لەڕێگەی رێکخستنی باج و رێگریکردن لە خۆدزینەوە لە پێدانی باج، داهاتەکانی ناوخۆ بەرزبکەنەوە.
تەگەرەكانی بەردەم حكوومەت
لە راستیدا کەمکردنەوەی خەرجییەکان و هەوڵدان بۆ زیادکردنی داهاتەکان پێویستن بۆ ئەوەی کە حکومەت سامان و سەرچاوەی زیاتری دارایی بەردەستبێت بۆ ئەوەی کە درووشمە سەرەکییەکانی جێبەجێبکات کە بریتین لە باشترکردنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان، باشترکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان وەک ژێرخانی کارەبا و ئاو و رێگاوبان و باشترکردنی بازاری کار و دۆزینەوەی هەلیکار کە پێویستی بە سەرمایەیەکی زۆر هەیە. حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت ئەو سەرمایە دەستبخات، ئەگەر پشکێکی دادوەرانەی لە بودجەی عیراقدا نەبێت. بەهیوای وەرگرتنی پشکێکی زیاتر لە بودجەی فیدراڵی، بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایانگەیاندووە کە ئامادەن نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان رادەستی بەغدا بکەن. هەرچەندە بەپێی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی حکومەتی عێراق بێت لێکنزیکبوونەوەی باش هەیە لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە بودجە و نەوت، بەڵام هێشتا بەکرداری ئەم دانووستاندنانە دەستیانپێنەکردووە. لەگەڵ ئەوەشدا دوو حکومەت رایانگەیاندووە کە بۆ دەستپێکردنی دانووستاندنەکان لێژنەی تایبەتیان پێکهێناوە.
سەرکەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەندە بەوەی کە تاچەند لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر پرسە داراییەکان و پرسی نەوت دەتوانێت بگاتە رێککەوتن. ئەگەر هاتوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق نەتوانن تاوەکوو پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2020 رێکبکەون، ئەوا بەردەوامی پەیوەندییە داراییەکانی هەرێم و ناوەند بەشێوازی ئێستا ئەستەم دەبێت. ناڕەزایەتییەکان لە ئاستی پەرلەمانی عێراق و لەلایەن پارتە عێراقییەکان بەردەوامە لەسەرئەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرچەندە نەوتەکەی خۆی رادەستی بەغدا نەکردووە، بەڵام بەشێک لە پارەی بۆ دەڕوات بۆ تەواوکردنی مووچەی فەرمانبەرانی.
حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە 880 ملیار دینار دەداتە مووچەی فەرمانبەران، ئەمە جگە لەو بودجەیەی كە پێویستە دابینی بکات بۆ بەڕێوەبردنی حکومەت و فەرمانگەکان و پرۆژە خزمەتگوزارییەکان. بەڵام ئەو پارەیەی بەغدا رەوانەی دەکات، نیوەی مووچەی مووچەخۆرانە کە بڕی 450 ملیار دینارە.
لەکاتێکدا کە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران گەورەترین تەحەددای حکومەتی هەرێمی کوردستانە و ناچارە داهاتی فرۆشتنی نەوت و ئەو پارەیەی کە لە بەغداوە بۆی دێت کۆیبکاتەوە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی پێبدات، سەقامگیری ئابووری هەرێمی کوردستان بەندە بە رێککەوتنێکی دادوەرانە لەگەڵ حکومەتی ناوەند. ئەگەر ئەمە روونەدات، نەك تەنیا حکومەت ناتوانێت هیچ خاڵێک لە کارنامەکەی جێبەجێبکات، بەڵكوو مەترسی هەیە کە سەقامگیری ئابووری و سیاسی لە هەرێمی کوردستان تێکبچێت و دووبارە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەتوانێت مووچەی فەرمانبەران بە تەواوەتی دابینبکات. ئەمە ئەگەری هەیە شکستێکی گەورە بۆ کابینەی مەسرور بارزانی بەدوای خۆیدا بهێنێت، جگە لەوەی کە دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی ناکۆکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان زیاتر بێت.
تەنانەت لە باشترین حاڵەتدا ئەگەر هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر پشکێکی دادوەرانە بۆ بودجەی هەرێمی کوردستان رێککەوتن، بۆ نموونە ئەگەر پشکی هەرێمی کوردستان بەرزبکرێتەوە بۆ 17% ی راستەقینە، ئەوا هێشتا زۆربەی بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران دەڕوات و رێژەیەکی کەمی دەمێنیتەوە بۆ وەبەرهێنان و پەرەپیدانی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کورستان.
ئەنجام
یەکێک لە بژاردەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە جگە لە زیادکردنی پشکی ئێستای خۆی لە بودجەی عێراق لە ساڵی داهاتوو، دەتوانێت داوای پشکێکی دادوەرانە بکات لەو قەرز و یارمەتییە داراییە دەیان ملیاردۆلارییەی کە وڵاتانی بیانی لە ئەمریکا و ئەوروپا بەریتانیاوە بگرە تاوەکو وڵاتە ئاسیاییەکانی وەک چین و ژاپۆن پێی دەدەن. ئەوە جگە لە قەرزی چەند ملیار دۆلاریی بانکی جیهانی و سندووقی نێودەوڵەتی دراو کە تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو سەرچاوە داراییانە بێ بەشبووە.
بژاردەیەکی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە كە هاوکات لەگەڵ چاکسازییە داراییەکان لە کەرتی گشتیدا، بە شێوازێکی راستەقینە هەوڵی پێشخستنی کەرتی تایبەت و راکێشانی سەرمایەی بیانی بدات. بۆئەمەش هانی بێوێنەی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی بدات و گۆڕانکاری لە یاساورێساکانی پەیوەست بەو بوارەدا بكات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەتا پیویستە لەرووی داراییەوە سەقامگیربێت ولانیکەم مووچەی فەرمانبەران لە کاتی خۆیدا دابەشبکات و پاشان، هەوڵی گەڕاندنەوەی متمانە بە بازاڕی ناوخۆ بدات و لەگەڵ ئەوانەش، بەشێوازی جیددی چاکسازییە ئابووری و داراییەکانی جێبەجێبکات.