شرۆڤە

هەڵبژاردنی پێشوەختەو دڵەڕاوکێی حزبە کوردییەکان

08-05-2021


 

RRC|

ئارام جەمال – پسپۆڕی هەڵبژاردن|

سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەگەر جیاوازی گەورەی نێوان هەموو هەڵبژاردنەکانی پێشووی عێراق لەگەڵ هەڵبژاردنی داهاتووی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ ، لە یاسای هەڵبژاردنی نوێنەرانی عێراق، ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠دا بێت، ئەوا خاڵی جیاکەرەوەی یاساکەش، سیستمی هەڵبژاردنەکەیەتی. چونکە لەو یاسایەدا سیستمی هەڵبژاردنەکە لە ئەندامێکی ناو خێزانی سیستمێکی هەڵبژاردنەوە، گۆڕاوە بۆ ئەندامی خێزانی سیستمێکی دیكەی هەڵبژاردنی، كە لەڕووی هەریەک لە داڕشتەی حسابکردنی دەنگەکان، خۆبەربژێرکردن، ژمارەی بازنەکانی هەڵبژاردن و قەبارەی هەریەک لە بازنەکان تەواو جیاوازە.  واتە سیستمی هەڵبژاردنەکە لە (لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی PRL)ەوە گۆڕاوە بۆ (زۆرینەی یەکدەنگی نەگوێزراوە SNTV).

لە دیارترین ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر سیستمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا هاتوون، بریتین لەوەی کە:

١. داڕشتەی حسابیی سیستمی هەڵبژاردنی تازە پێماندەڵێت:”ئەو بەربژێرانەی زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنن کورسییەکانی ناو بازنەی هەڵبژاردنەکەیان دەبەنەوە.”، بەڵام هیچکام لەو بەربژێرانە کورسی نابەنەوە کە ژمارەی دەنگەکانیان ناگاتە دەنگی پێویست بۆ بردنەوەی کورسییەک لە کورسییەکانی بازنەی هەڵبژاردن. لەوەش جیاوازتر ئەوەیە كە ئەو بەربژێرانەی کورسی نابەنەوە، دەنگەکانیان جێناکەوێت و ناگوێزرێتەوە بۆ هیچ بەربژێرێکی دیکەی ناو بازنەی هەڵبژاردنەکە. هەر لەبەر ئەوەشە سیستمەکە ناونراوە (زۆرینەی یەکدەنگی نەگوێزراوە)، بەڵام لە سیستمی هەڵبژاردنی پێشووی عێراقدا (لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی)، هەموو دەنگەکانی ناو لیستەکە کۆدەکرایەوەو دواتر بە پێی ژمارەی ئەو کورسییانەی هەر قەوارەیەکی سیاسی بەدەستی هێناون، دەنگەکان لە بەربژێری کەم دەنگەوە بۆ بەربژێری زۆردەنگ دەگوێزرانەوە.

٢.خۆبەربژێرکردن لە لیستەوە گۆڕاوە بۆ بەربژێری تاکەکەسی سەربەخۆ یان بەربژێری حزبی/ هاوپەیمانی. واتە حزب لە رێگەی بەربژێرەوە دەچێتە ناو کێبڕکێی هەڵبژاردنەوەو، بەربژێر وەک تاکەکەس لەبەردەم دەنگدەردایە. هەربۆیە دەرچونی بەربژێر لەم دۆخە نوێیەدا، بە پلەی سەرەکی کەوتۆتە سەر تواناو لێهاتووییەکانی بەربژێر خۆی لەلایەک و هۆشیاری دەنگدەرانیش لەلایەکی ترەوە. بە پێچەوانەی لیستەوە کە تێیدا بەربژێر لەڕێگەی حزبەوە دەچێتە ناو هەڵبژاردن و بە پلەی سەرەکیش پشت بە حزب دەبەستێت. جگەلەوە، بەربژێری تاکەکەسی ناتوانێت لە سیستمی هەڵبژاردنی لیستی نوێنەرایەتیی ریژەییدا کورسی لە بەربژێری ناو لیستی حزب و هاوپەیمانییەکان بباتەوە.

٣.هەموو ئەندامانی خێزانی سیستمی زۆرینە/ فرەیی بەوە دەناسرێنەوە کە ژمارەی بازنەکانی هەڵبژاردنی زۆرەو، بە گشتی ژمارەیان زێدەترە لە ژمارەی بازنەکانی هەڵبژاردنی لیستی سیستمی رێژەیی. هەربۆیە ئەم سیستمی هەڵبژاردنە تازەیە، ژمارەی بازنەکانی هەڵبژاردنی لە (١٨) بازنە ( پارێزگا)ی عێراقەوە زیادکرد بۆ (٨٣) بازنەی هەڵبژاردنی بچووکتر لە پارێزگا، ئەمەش ئەرکی سەرشانی  حزب قورسدەکات بەوەی کە دەبێت لە هەر بازنەیەکدا بانگەشەی تایبەت بەو بازنەیە ئەنجامبدات و بەمەش گوتاری سەرتاسەری کاڵدەبێتەوە.

٤.دیارە پەیوەندییەکی پێچەوانە لەنیوان ژمارەی بازنەکانی هەڵبژاردن و قەبارەیاندا هەیە. هەربۆیە چەندێک بازنەکانی هەڵبژاردن ژمارەیان زۆرتر بێت، بەو ئەندازەیەش قەبارەیان بچوکتر دەبێتەوە. مەبەست لە قەبارەی بازنەی هەڵبژاردن ژمارەی ئەو کورسی/نوێنەرانەیە کە بۆ هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن تەرخاندەکرێت. ئەگەر قەبارەی هەر بازنەیەک لە بازنەکانی هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زیاتر لە (١٠) کورسی نوێنەرایەتی بووبێت، ئەوا قەبارەی بازنەکان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا لەنێوان (٣-٥) کورسی/نوێنەردایە. دیارە ئەمەش حزبە بەشدارەکانی هەڵبژاردنی داهاتوو ناچاردەکات لەباشترین حاڵەتدا (٣) بەربژێریان لە بازنەیەکدا هەبێت.

دڵەڕاوکێی حزبە کوردییەکان لە هەڵبژاردنی داهاتوو

لە ساڵی (١٩٩٢)ەوە هەتا ئێستا، حزبە کودییەکان تەنیا بە سیستمی “لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی”ەوە چوونەتە نێو هەریەک لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. هەربۆیە گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردنەکە بۆ “یەکدەنگی نەگوێزراوە” حزبەکان دووچاری دڵەڕاوکێ و راوەشاندن دەکات، بەهۆی:

1.دەقگرتنی حزبەکان لەسەر پیادەکردنی سیستمی هەڵبژاردنی لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی و راهاتنیان لەسەری.

2.قورسی و دروستكردنی سەرئێشەی زیاتر بۆ حزبەکان لە بژاردنی بەربژێرانی زۆری ناوخۆی حزبەکان و کەمکردنەوەیان بۆ یەک یان دوو بەربژێر و لە پاڵ ئەوەشدا، دابینکردنی بەربژێری بەهێزو دڵخوازی زۆرینەی حزب یان هاوپەیمانی.

3.کاڵبوونەوەی رۆڵی حزبەکان لە بردنەوەی کورسییە کەمەکانی ناو بازنەی هەڵبژاردنەکان بەهۆی سەنتەربوونی رۆڵی بەربژێر لە هەڵبژاردنەکەو، ئامادەبوونی (بەربژێری تاکەکەسی و سەربەخۆ) وەک بکەرێکی نوێ لەناو پرۆسەکەدا بە ژمارەیەکی بەرچاو.

4.کاڵبوونەوەی کاریگەریی کەناڵی ئاسمانی و دەزگای میدیایی سەرتاسەری حزبەکان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەهۆی زۆریی بازنەکانی هەڵبژاردن و، دابەشبوونی بەربژێرەکانی حزبە کوردییەکان بەسەر ١٢ بازنەی هەڵبژاردندا.

5.کەمی ژمارەی کورسییەکانی بازنەی هەڵبژاردن دەبێتە کۆسپ لەبەردەم تێرکردنی بەربژێرانی باڵە جیاوازەکانی یەک حزب و، لە بارێکدا ئەگەر خواستی هەموو باڵەکان تێر نەکرا، ئەوا ساردی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و لە رۆژی دەنگداندا رەنگدانەوەی خراپی بۆ ئەو حزبە دەبێت.

گومبوونی سەرۆکی لیست

ئەگەر وەبیر خۆمانی بهێنینەوە، دەبینین لە هەڵبژاردنەکانی رابردوی پەرلەمانی کوردستاندا زۆربەی دەنگەکان بۆ سەرۆک لیستەکان چوون. هەندێکجار جیاوازی نێوان  دەنگەكانی سەرۆکی لیستەکە و دووەمین براوەی هەمان لیست یان دواهەمین بەربژێری براوەی ناو لیستەکە بە سەدان هەزار دەنگ بووە (بۆ زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە سەیری خشتەی ژمارە -١- بکە)

خشتەی ژمارە -١-

هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان

ليستى یەكێتی نيشتمانى كوردستان
جياوازى نێوانیان ژ.دەنگی بە دەستهاتوو ناوى كانديدى براوە‌ ژ
182,551 قوباد جەلال تالەبانى یەكەمین براوەی ليست
174,454 8,097 بێگەرد شكرالله دووەمین براوەی لیست
180,832 1,719 سەلمە فاتيح تۆفيق دواهەمین باروەی لیست

 

ليستى بزووتنەوەی گۆڕان
جياوازى نێوانیان ژ.دەنگی بە دەستهاتوو ناوى كانديدى براوە‌ ژ
91,934 عەلى حەمە سالَح یەكەمین براوەی ليست
78,015 13,919 شيرين ئەمين دووەمین براوەی لیست
91,109 825 گولَستان سەعيد دواهەمین باروەی لیست

 

ليستى جوڵانەوەی نەوەی نوێ
جياوازى نێوانیان ژ.دەنگی بە دەستهاتوو ناوى كانديدى براوە‌ ژ
105,728 106,289 شاسوار عبدالواحيد یەكەمین براوەی ليست
104,082 2,207 كازم فاروق نامق دووەمین براوەی لیست
105,728 561 شادى نةوزاد دواهەمین باروەی لیست

 

ليستى كۆمەڵى ئيسلامى
جياوازى نێوانیان ژ.دەنگی بە دەستهاتوو ناوى كانديدى براوە‌ ژ
42459 سۆران عومەر یەكەمین براوەی ليست
23316 19143 ستار عبدالمجيد دووەمین براوەی لیست
41454 1005 روپاك ئەحمەد دواهەمین باروەی لیست

 

ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین کە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە سیستمی “یەکدەنگی نەگوێزراوە” ئەنجامبدرایە، ئەوا تەنها کەسی یەکەمی ئەو حزبانە کورسییان دەبردەوە و، دەرفەت لەبەردەم ژمارەیەک بەربژێری سەربەخۆشدا دەبوو کە کورسی نوێنەرایەتی ببەنەوە. لەوانەش گرنگتر ئەوەیە، کاتێک سەرۆکی لیست ناچێتە پەرلەمان ئەوا مەرج نییە بەربژێرێکی ناو هەمان فراکسیۆن بچیتە جێگەی، بەڵکو ئەو بەربژێرە جێگەی دەگرێتەوە کە ژمارەی دەنگەکانی لە بازنەی هەڵبژاردنەکەدا بەدوای کۆتا بەربژێری براوەدا دێت. ئەمەش رێگرییەک دەبێت بۆ ئەوەی بەربژێری بەهێز تەنیا دەنگ کۆبکاتەوەو دواتر خۆشی نەچێتە ناو هۆڵی پەرلەمان. سیستمی نوێی هەڵبژاردن”یەکدەنگی نەگوێزراوە” ناچاری دەکات، یان هەر لە سەرەتاوە خۆی بەربژێر نەکات یان کە دەرچوو ناچارە سوێندی یاسایی بخوات و ببێتە ئەندامی پەرلەمان.

Share this Post

شرۆڤە