خۆرهەڵاتی فورات….واقیعێکی نوێ

 

حوسێن عومەر * |

 

بەرایی

رۆژی چوارشەممە ٢٢ی ئاب یەکینەکانی پاراستنی گەل بە چەکە قورسەکانیانەوە لە سەرێکانی کشانەوە، هەروەها رۆژی شەممە ٢٤ ی ئابیش یەکەم گروپی یەکینەکانی پاراستنی گەل و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە گوندی عدوانیە (٣٥ کیلۆمەتر لە خۆرئاوای سەرێکانی) کشانەوە کە لەو ناوچە سنورییە کەوا رێککەوتنی ئەمریکی –تورکی سەبارەت بە دانانی  میکانیزمێکی هاوبەش لە ناوچەکە دەیگرێتەوە. دوای ئەوەش ئەم هێزانە بە چاودێری مەیدانیی ئەمریکی و چاودێری ئاسمانی هاوبەشی ئەمریکی-تورکی، خەندەقەکانیان پڕکردەوەوبەربەستە ئەمنیەکانیان لادا. رۆژی ٢٥ ئابیش هێزی ئەمریکی و تورکی یەکەم دەوریاتی ووشکانی هاوبەشیان لە ناوچەی دیاریکراوی نێوان سەرێکانی و گرێسپی بە درێژی ٨٨ کیلۆمەترو قوڵایی ٥-١٤کیلۆمەتر ئەنجامدا.

ئەم پێشکەوتنە مەیدانیانە لە خۆرهەڵاتی فورات هاوکاتە لەگەڵ پێشکەوتنی مەیدانیی لە ناوچەکانی باکوری حەماو باشووری ئیدلب کە ئەمانە بەچوارەم ناوچەی ئارامکردنەوە   ناودەبرێت کە هە رسێ وڵاتی رووسیا-تورکیا-ئیران لە گفتوگۆو رێکكەوتنەکانی ئەستانا لەسەری رێککەوتوون. ئەگەر هێزەکانی سوریا کە لەلایەن هێزەکانی روسیاوە پشتگیری دەکرێن دەست بگرن بەسەر شاری خان شیخۆنی ستراتیژی لە باشوری ئیدلب (٧٠کیلۆمەتر) لەسەر رێگەی نێودەوڵەتی ((M5 کە شاری حەلەب بە حەماوە دەبەستێتەوە، ئەگەری فراوانکردنی ئەمە بۆ دەست بەسەراگرتنی تەواوی ناوچەکانی دەوروبەری باکوری پارێزگای حەما هەیە کە پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی تەحریری شام (بەرەی نوسرەی جاران) و هاوپەیمانەکانیان لە گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوری بوون.

ئەم  دوو پێشکەوتنە کە هاوکاتن واقیعێكی نوێ سەبارەی بە قەیرانی سوریا بە گشتی و رۆژهەڵاتی فورات بە تایبەتی دروستدەکەن.هەندێک لە ئەنجامەکانیشیان بەیەکداچوون و بە یەکەوە پەیوەستن.

لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی فورات:

ئەگەر لە نێوان ئەمریکاو تورکیا رێکەوتن لەسەر میکانیزمی ئەمنی بکرێت ( کەئەمە ناولێنانی ئەمریکییە کە تورکیا بە رێرەوی ئاشتی یان ناوچەی ئارام ناوی دەبات.) ئەمە دەبێتە هۆی رێگە گرتن لە داگیرکاری تورکیا بۆ سەرناوچەکانی خۆرهەڵای فورات، ئەمە لە هەمانکاتدا هەڵوێستی ئیدارەی خۆجێیی و هێزە سەربازییەکانی سوریای دیموکرات (بەشە کوردیەکەی) لاواز دەکات. لەگەڵ دورخستنەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە ناوچە سنورییەکان، هەڵوێستیان لە بەرژەوەندی یەکە عەرەبیەکان لەناو هێزەکانی سوریای دیموکرات لاوازتردەبێت کە لە ئێستادا ژمارەیان لەزیادبووندایە و لەلایەن ئەمریکاوە باشتر چەکدار دەکرێن و زیاتر دەعمی هەندێك وڵاتی کەنداویش لەپێش هەمووشیانەوە عەرەبستانی سعودییان پێدەگات. هەروەها نەمانیان لە ناوچەکانی سنووری سوریا لەگەڵ تورکیا، لە هەر دانوستانێکدا کە ئەگەر بکرێت لەگەڵیاندا( ئەگەر ئیدارەی زاتی خیاری رێکەوتنی لەگەڵ حکومەتی سوریا تەبەنی کرد) هەڵوێستیان لە بەرامبەر حکومەتی سووری لاواز دەکات. بۆیە دەشێت کە ئیدارەی زاتی یاری بەم کارتە بکات بۆ هەندێک دەستکەوت لە حکوومەتی سووریا سەبارەت بە دەسەڵاتەکانی ئیدارەکەی.

لەلایەکی ترەوە لێکتێگەیشتنی ئەمریکی-تورکی و راگەیاندنی ئەمریکا بەوەی کە بەردەوام دەبێت لەسەر هاوکارییەکانی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات وهەوڵە ئەمریکی و ئەوروپیەکان لە پێناوبەرپاکردنی پرۆسەیەکی سیاسی کە ببێتە هۆی داڕشتنەوەی ئەو ئیدارەیەی لە خۆرهەڵاتی فورات هەیە، دەبێتە هۆی تەسککردنەوەی ئەو پەراوێزەی هەیە لەبەردەم حکومەتی سوریا کە جورئەتی نەدەکرد بە هۆی بوونی هێزەکانی نەمریکاوە پەلاماری خۆرهەڵاتی فورات بدات.

 هەندێک زانیاری هەیە کە یەکێک لە بەندەکانی رێکكەوتنی ئەمریکا-تورکیا ئەوە لەخۆدەگرێت کە ئەمریکا پەیمانی داوە بەدەرکردنی کادرە غەیرە سورییەکانی پەکەکە لە خۆرئاوای کوردستان. ئەمریکا ئیدارەو قیادەی سەربازی  ئیدارەی زاتی ئاگادار کردۆتەوە لەسەر ئەوبڕیارە کە دەبێت لە فەترەیەکی زەمەنیدا کە ٢٠١٩ تێنەپەڕێنێت پێوەی پابەندبێت. هەروەها پرۆژەی ئەمریکی-ئەورووپی هەیە بۆ گواستنەوەی ئەو ئیدارەیەی کە هەیە بۆ ئیدارەیەکی شامل کە هەموو پێکهاتە سیاسی وکۆمەڵایەتیەکان لە خۆبگرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی کۆتایهێنان بە مۆنۆپۆڵی پارتی یەکێتی دیموکرات لەسەر یەکەکانی ئەم ئیدارەیە لەڕووی سیاسی و سەربازی و ئیدارییەوە. دەستپێشخەری فەرەنسی وهەوڵی بەریتانی هەیە بۆ لەیەک نزیککردنەوەی لایەنە کوردییەکان لە هەمان سیاقدایە و بە لێکتێگەیشتنی ئەمریکی-ئەوروپیە.

ئەگەر بڕیاری دەرکردنی کادرەکانی پەکەکە (غەیرەسوریەکان) جێبەجێبکرێت، دەکرێت رەنگدانەوەی ئەمنی لەسەر هەرێمی کوردستان هەبێت، بەتایبەتی ئەگەر پەیوەندی ناکۆک لەگەڵ پەکەکە هەبێت، دەکرێت ئەوان ئەوهێزە بەکاربێنن (کە لەساڵانی رابردوودا لە سوریا لەڕێگەی راهێنانی عەمەلی ئەمریکییەکان شارەزاییان بەدەستهێناوە)بۆ بەهێزکردنی  پەکەکە لە ناوچەکانی باشوری کوردستان و بەتایبەتی ناوچە جێناکۆکەکان لەگەڵ بەغدا. ئەمەش دەتوانێت گرفت بۆ هەریمی كوردستان درووستبكات.

مەترسیە ئەمنیەکان لە خۆرهەڵاتی فورات

 جگە لە رێکەوتنی ئەمریکی-تورکی سەبارەت بە ئاسایشی سنوور، پێشکەوتنی ئەمنی لە ناوچەکانی کوردستانی سووریا و رۆژهەڵاتی فورات هەن کە دەبنە هۆی هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر ئیستیقراری ناوچەکە. زانیاری هەیە لەسەر ئەوەی کە هەندێک لە شانە خەوتووەکانی داعش لە ناوچەی شەدادی (٦٠ کیلۆمەتر باشوری حەسەکە) و ناوچەی هۆل هەن ( کە کامپێکە زیاتر لە حەفتا هەزارکەس لەخۆ دەگرێت کە زۆربەیان خێزانی چەکدارەکانی داعشن و ژینگەیەکی هاوسۆزە لەگەڵ رێکخراوەکەدا) وئەمەش وایکردووە ببێتە هێزێکی رێکخراوی چەکدارکراو. هەروەها ئێرانیش هێزی هاوشێوەی حەشدی شەعبی لە هەندێک گوندەکانی دەوروبەری شاری قامیشلۆ، شارە گەورەکانی کوردستانی سوریا و رۆژهەڵاتی فورات دروستکردووە.

لە قووڵایی عەرەبی ناوچەی رۆژهەڵاتی فورات هەستی دژەکورد لە ناوڕیزەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات گەشەدەکات. لەلایەکی دیكەشەوە ،ژمارەی پەلامارەکان کە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەنە ئامانج لە زیادبووندایە کە لەوانەیە هەندێکیان لەلایەن شانەکانی سەربەحکومەتی سوریا بکرێن. ئەمە جگە لەوەی کە شانەکانی داعش لەناوچەکدا گەشەیان کردووە. هەموو ئەم پێدراوانە مەترسی تێکچونی ئەمنی فراوانی لە ناوچەکەدا لێدەکرێت کە  لەوانەیە بۆ جەنگێكی عیرقی سەر بکێشێت کە کورد بکرێتە ئامانجی سەرەکی.

گومان نیە لەوەدا کە پێشهاتەکان لە سوریا بەگشتی و لە رۆژهەڵاتی فوراتیش بە تایبەتی، کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت، هەربۆیە لەسەر ئاستی ناوخۆی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی، کرانەوەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو لایەنانە کە پەیوەستن بە قەیرانی سوریاوە پێویستە.

 لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، پێویستە پەیوەندی لەگەل یاریکەرە سەرەکیەکانی پەیوەست بە مەلەفی سوریی  چڕبکرێنەوە بۆ دورخستنەوەی ئەوهەنگاوانەی کە زەرەر بە هەرێم دەگەیەنن(بۆ نموونە: گەیشتنی هێزەکانی تورکیا لە چوارچێوەی ناوچەی ئارام بۆ خاڵەکانی پەڕینەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و لەگەڵ کوردستانی سوریا و ناوچە عەرەبیەکانی عیراق). هەروەها پێویستە بچینە ناو هەوڵە ئەمریکی و ئەوروپیەکان لە پێناو نزیکردنەوەی لایەنە کوردیەکان لە یەکتری بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ئیدارەی ئێستا وکارکردن لەسەر بەشداریپێکردنی ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردی و لایەنەکانیتر. ئەمە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی تاکحزبی و دروستکردنی ئیدارەیەکی فرەلایەن. بێگومان بەم شێوەیە پەیوەندی باشتری لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەبێت وەک لەو پەیوەندییەی كە ئێستا هەیە. درووستکردنی ئیستیقراری سیاسی وئابووری دەبێتە هۆی گەڕانەوەی لانیكەم بەشێك لە ئاوارە کوردەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ رۆژئاوا و دەبێتە هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی مەترسیەکانی گۆڕینی دیموگرافی  لەدژی کورد. ناکۆکی هەرێم لەگەڵ ئیدارە و پارتەکانی رۆژئاوا دەرفەتی بەکارهێنانیان  بۆ دژایەتیکردنی بەرژەوەندیەکانی هەرێم زیاتر دەکات و دەبێتە هۆی پاڵپێوەنانی قاعیدەی جەماوەری لە رۆژئاوای کوردستان دژ بە سەرکردایەتی هەرێم. ئەو قاعیدە جەماوەرەییەی کە تائێستاش دەعمێکی مێژوویی بۆ هەرێمی کوردستان وسەرکردایەتیەکەی هەبووە و هەیە. ئەم ئیدارەیەی ئیستای رۆژئاوا نوێنەرایەتی یاخود (حوکمڕانی) ئیرادەی نیوەی دانیشتوانی کۆمەڵگەی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان دەکات. لەبەر ئەوە هەڵەیە کە بكرێن بەدوژمن.

وا دەردەکەوێت کە دەوڵەتی سووریاش دەبێتە بەشێک لە چارەسەری قەیرانی سوریا. هیچ ئیرادەیەکی نێودەوڵەتی راستەقینەش بۆ لابردنی نەبووە. چونکە ئەمە دەبێتە هۆی تەسلیمکردنی دەسەڵات بە زۆرینەیەکی سوننی کە لەژێر کاریگەری بیرکردنەوەیەکی ئاینیدایە. هەروەها دەبێتە هۆی درووستکردنی سیستەمێکی لایەنگری توركیا. هەروەک چۆن تەسلیم کردنی دەسەڵات بە زۆرینەیەکی شیعە لە عیراقدا کە تەوەجوهی ئایینی هەیە، بووە هۆی درووستکردنی دەسەڵاتێکی لایەنگری ئیران. بۆیە ئەمە مایەی رەزامەندی لایەنە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان نییە کە نفوزی بە‌هێزیان لە سووریا هەیە. بۆیە کردنەوەی کەناڵی پەیوەندی لەگەڵ رژێمی سوریا، دەرفەت بە هەرێمی كوردستان دەدات کە لە هەوڵەکانی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا بەتایبەتیش لە مەلەفی پەیوەندیەکانی سوریا دوای قەیران و کێشەی کورد لە سوریا کە لەدواجاردا لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندا چارەسەر دەبێت، ئامادەیی و كاریگەریی هەبێت. شێوەی ئەم چارەسەرەش بەتەئکید کاریگەری لەسەر هەرێم دەبێت. هەروەها دەبێتە هۆی باشتربوونی پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی سووریا کە هاوپەیمانی عیراق وئێرانە ئەمەش لەهەندێک مەلەفدا لەگەڵ ئەم دوو ووڵاتەدا، یارمەتیدەری هەرێم دەبێت.

* پسپۆڕی کاروباری سوریا

Leave a Reply

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *